بۆچی ڕۆژاوا لە جەنگەکاندا سەر دەکەوێت؟

وەرگێڕانی: ساماڵ ئەحمەدی

[i]

لە ئۆکتۆبری ٢٠٠١ شرۆڤەکارانی لیبراڵ لە ڕاگەیاندنەکاندا پێشبینییان دەکرد کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستانیش دەکەونە زەلکاوێکی دیکەی وەک ئەوەی ڤێتنامەوە و تێی دەچەقن. بەڵام باشتر بوو پێش ئەو پێشگۆییانە کەمێک لەو ئامارە ورد بوایەتنەوە کە ڤیکتۆر دەیڤیس هەنسن[ii] لە جەنگەکانی ڕابردووی ڕۆژاوا لەگەڵ دەسەڵاتە ئیسلامییەکان کۆی کردوونەتەوە.

هەنسن لە کتێبەکەیدا، کوشتار و فەرهەنگ[iii]، ڕۆژی ١٧ی جانیوەریی ١٩٩١ وەبیر دێنێتەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرەنگاری سپای کارکوشتەی عێراق بوونەوە. سپای عێراق یەک‌ملیۆن و دووسەدهەزار کەس هێزی زەمینی، ٣٨٥٠ تۆپ، ٥٨٠٠ تانک و ٥١٠٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی هەبوو. عێراقییەکان لە خاکی خۆیاندا سەنگەریان گرتبوو، لە جادەی زەمینییەوە بە ئاسانی لە بەغداوە پێداویستییان پێ دەگەیشت. بە باشترین چەکوچۆڵی جەنگی، لە گازی ژەهراوییەوە بگرە تا تانک و مین، کە بە دۆلاری داهاتی نەوت دەیانتوانی بیانکڕن، پۆشتە بوون؛ سەرباری هەمووی ئەوانە لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە بەرانبەر هاوپەیمانەکانی ڕۆژاوادا تێک شکان و دەیان‌هەزار کەسیان لێ کوژرا، لە بەرانبەردا لە هێزەکانی ئەمریکا بە ژن و پیاوەوە ١٥٠ کەس کوژران، کە ئەویش زۆرینەیان بە هەڵەی هێزەکانی خۆیان، یان لادانی مووشەکەکانی خۆیان، یان زۆر پێشهاتی دیکە کوژرابوون.

کیت ویندشتڵ (١٩٤٢- ) نووسەر و مێژوونووسی ئوسترالیایی

بێ لەوەش، باشتر وابوو شرۆڤەکارە دڕدۆنگەکانی ڕاگەیاندنەکان لە ئەنجامی خاڵێکی دیکەش لەو خاڵانە ورد بوایەتنەوە کە هەنسن سرنجی پێ داوە. سپاکەی عێراق لە شوێنێکدا لەنێو چوو کە زۆر دوور نییە لە شوێنی جەنگەکانی کوناکسا[iv] و گۆگەمێلا[v] کە لە یەکەمیاندا سپا دەهەزار کەسییەکەی گزنفۆن لە ساڵی ٤٠١ی پێش زایین و لە دووەمیاندا ئەسکەندەری مەکدۆنی لە ساڵی ٣٣١ی پێش زایین، سپا خۆجییەکانی ئاسیایان تەرتوتوونا کردبوو.

هەنسن ناوی دووەمی کتێبەکەی ناوە ”نەبەردە دەورانسازەکان لە سەرهەڵدانی دەسەڵاتی ڕۆژاوادا” کە تێیدا بە خستنە ڕووی وردەکاریی زۆر ورد، ٩ جەنگی گەورە لە ساڵی ٤٨٠ی پێش زایینەوە تا ١٩٦٨ وەسف دەکات. کتێبەکە پێکهاتەیەکی هاوشێوەی بەرهەمە کلاسیکەکەی ئیدوارد کریسی، واتا ”پازدە جەنگی چارەنووسسازی جیهان”ی[vi]هەیە کە لە سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریا لە ساڵی ١٨٥١ چاپ کرا و ڕمێنێکی زۆری پەیدا کرد، دەشکرێ بڵێین بەهەق جێگرەوەیەکی باشی ئەوە، هەرچەند زۆر زۆر لەو گرینگترە. کوشتار و فەرهەنگ گێڕانەوەی زنجیرەیەک جەنگە، بەڵام ئەو باسەی تێیدا هاتووە لە ڕاستیدا دەرباری فەرهەنگێکە پێی دەڵێین ”ڕۆژاوا” و، دەچێتە نێو مشتومڕێکەوە کە لە کۆتاییی جەنگی ساردەوە لەوەی کۆڵیوەتەوە کە چ وێنایەکمان لە ڕۆژاوا هەبێت و ڕۆژاوا چۆن ئاوا بەسەر دنیادا زاڵ بووە.

مێژوونووسانی لایەنگری ڕۆژاوا هۆکاری سەرکەوتنەکەی زیاتر لە چوارچێوەی ئەو نەریتە ٢٥٠٠ ساڵەیەی هۆش و یاسا (ئەقڵ و قانوون)دا دەردەبڕن کە لە یۆنان و ڕۆمی کەوناراوە بە میرات گەیشتووە و لەژێر کاریگەریی ئایینگەلی جوو-مەسیحیدا هەموار بووە.عەیبدۆز و ڕەخنەگرانیش (کە زۆرینەیان ڕۆژاوایین، یان لە ڕۆژاوا خوێندوویانە) هۆکار دێننەوە بۆ ئەوەی کە ئەم هۆکارهێنانەوە ئەفسانەییە تێکەڵاوی خۆشخەیاڵی بووە و داتاشراوی زانستدۆزانی ئەوروپاییی پاش ڕێنیسانسە کە ویستوویانە قووڵاییەکی نەشیاو بە فەرهەنگی خۆیان ببەخشن. ئەم دەستەیە پتر سرنج دەخەنە سەر دەسەڵاتی ئابووری و سەربازی و ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەوروپا ناوچەیەکی بچووکی پەڕاوێزخراو و دواکەوتوو بە تەنیشت کیشوەرە (ویشکارۆ) گەورەکەی ئاسیا-ئەوروپاوە بوو کە کتوپڕ لە سەدەی شازدەدا هاتە نێو گۆڕەپانەکەوە و بە زەبری چەک و تاڵانی و داگیرکردنی سامانی دیتران بەرەبەرە تا سەدەی نۆزدە بەو پێگە زاڵە گەیشت.

هەنسن ئەم مشتومڕەی وەرگرتووە و بە لێزیادکردنی ڕەهەندێکی نوێ کە لەلایەنی هیچکام لەو دوو دەستەیەوە نەخراوەتە بەر هەڵسەنگاندنی ڕژدەوە، بە تەواوەتی هەڵیگێراوەتەوە. جا بۆیە کتێبەکەی ئەو، نەک هەر بووە بە یەکێک لە گرینگترین بەرهەمەکانی سەردەمی ئێمە لە بواری مێژووی سەربازیدا، بگرە خوێندنەوەیەکی شارستانییەتیی ڕۆژاواشە لە دوورەدیمەنێکی فرە ڕۆشنگەرتر لە هەر نووسراوەیەکی کە لەم ١٠ ساڵەی دواییدا نووسراوە.

***
پیشتر ئەو دەستەیەی مێژوونووسانی سەربازی کە پێیان دەنایە هەردەی فەرهەنگەوە، زیاتر لە دیدگایەکی سنووردارەوە تێیان دەڕوانی و، بۆ باسی هۆکاری وەفاداریی سەربازان بۆ هاوسەنگەرەکانیان لە مەیدانی شەڕدا، یان بۆ باسی هەندێک هەڵسوکەوتی سەیروسەمەرەی سەربازی؛ لەوانە ئیمپراتۆرپەرستیی فڕۆکەوانە خۆکوژەکانی ژاپۆن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، زیاتر سرنجیان دەخستە سەر فەرهەنگی جەنگاوەرەکان. لە بەرانبەر ئەوەدا، هەنسن دیدگایەکی تا ڕادەیەک بەرفرەهی گرتەبەر و دەڵێت، شێوەی هەڵسوکەوتی جەنگاوەرەکانی ڕۆژاوا دەبێ بە پشتبەستن بە فەرهەنگی شارستانییەتیی ڕۆژاوا ڕوون بکرێتەوە.

لە وەڵامی ئەوانەیدا کە دەڵێن زاڵبوونی سەربازیی ئەوروپا هەر لە پێنجسەد ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە، هەنسن دەڵێت، بنەما سەرەکییەکانی جەنگاوەری لە ڕۆژاوا زۆر پێشتر و لە سەردەمی کلاسیکی کەوناراوە جێ کەوتبوو. بە گوتەی ئەو، ڕۆژاوا لە سەدەی پێنجەمی پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە خاوەنی فەرهەنگی شارستانییەتیی سپاداری بووە کە بەپێی ئەو فەرهەنگە خەڵک (شارمەندان / هاووڵاتییان) خۆیان لە دۆڕان و سەرکەوتنی وڵاتەکەیاندا بە هاوبەش زانیوە و ئامادە بوون لەپێناویدا بجەنگن. ئەم فەرهەنگی شارستانییەتییە لە مەیدانی جەنگدا  هەماهەنگییەکی بێوێنەی لە دیسیپلینی گرووپی و خێراییی بڕیارداندا بەدی هێناوە. جەنگاوەرانی ڕۆژاوا لە جەنگە چارەنووسسازەکاندا ئامادە بوون تا دواهەناسە بجەنگن و دژمن لەنێو ببەن. هەموو سەربازێک ئەوەی زانیوە کە خزمەتە سەربازییەکەی بەپێی سیستەمێکی یاسایی ڕێک خراوە کە بە شێوەی یەکسان ئەو و فەرماندەرەکانی دەگرێتەوە.

دەبێ ئەوەیشی لێ زیاد بکەین کە نەریتی دوورودرێژی پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی زانست و زانیاری کە دواتر شۆڕشی زانستی و شۆڕشی پیشەسازیی لێ کەوتەوە، دەزگای سەربازیی ڕۆژاوای بە کۆمەڵێک چەکی باشتر پۆشتە کرد و تەکنۆلۆژییەکی سەربازیی تازەداهێنراوی خستە بەردەستییەوە کە باشتر بوو لەوەی بە دەست دژمنانییەوە بوو. بێجگە لەوانەش، ئابوورییبازاڕەکی[vii] توانیویەتی خێراتر و هەرزانتر لە ئابووریی پلانداری[viii]خەنیمەکانیان پێداویستییە سەربازییەکان بۆ سپاکانی ڕۆژاوا دابین بکات.

ڕۆژاوا خاوەنی فەرهەنگێکی ناسەربازییش بووە کە بەردەوام ئامادە بووە ڕەخنە لە ستراتیژییەکان و بەرزەفڕییە سەربازییەکان بگرێت و، تەنانەت بۆ ئەوەش ئامادە بووە کە لە کاتی پێویستدا فەرماندەرانی سەربازی بگۆڕدرێن. لە هەندێک بابەتدا، لەوانە لە ڤێنتام کە لە هەموان بەناوبانگترە ئەو جۆرە ڕەخنانە دەستشتنەوە لە بەشێک لەو سەرکەوتنانەی لێ کەوتووەتەوە کە زۆر بەزەحمەت وەدەست هاتبوون. بەڵام لە درێژماوەدا و لە مێژووی دوورودرێژی ڕۆژاوادا ڕەخنە ڕەچاوکردنی کۆمەڵێک سیاسەتی سەربازیی لێ کەوتووەتەوە کە سەرەنجام ڕۆژاوای سەر خستووە. لە هەمووی گرینگتریش ئەوەیە کە ئەم فەرهەنگە بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک یەکپارچە خەڵکی سڤیلی بۆ پشتیوانی لە تێکۆشانە سەربازییەکان هان داوە. بە کورتییەکەی، بەپێی هۆکارهێنانەوەکەی هەنسن، زاڵبوونی سەربازیی ڕۆژاوا لە نەریتی دێمۆکراسی و یاسا و ئازادی و ئابووریی ئازادەوە سەری هەڵداوە و، هەمووی لە چۆنایەتیی فەرهەنگییەوە پەیدا بووە.

***
هەنسن ئەم هۆکارهێنانەوە بوێرانەیەی سەرەتا لە ساڵی ١٩٨٩ و لە کتێبێکدا بە ناوی ”شێوازە ڕۆژاواییەکی جەنگ”دا[ix]هێنایە گۆڕێ، باسەکەی ئەو لەسەر ئەوە بوو کە چەمکی ڕۆژاواییی ”جەنگی چارەنووسساز” لە فەرهەنگی دەوڵەتشارە کلاسیکەکانی یۆنانەوە سەرچاوەی گرتووە. دەوڵەتشارەکان کە لە چنگ شەڕ و پێکدادانە دوورودرێژ و سنووردارەکان لەگەڵ دژمنان لە ڕۆژهەڵاتەوە ماندوو ببوون هێزی سەربازیی پیادەی خاوەن چەکی تایبەتیان بە ناوی ”هۆپلیتەکان”[x] دامەزراند و ئەندامەکانی ئەو هێزەیان لە ڕیزی پاڵوێکدراو و رێتێنەبراوی ناسراو بە ”فاڵانکس”[xi] لە بەرانبەر خەنیم و دژمناندا ڕێک خست. سەربازەکان لە جووتیارانی سڤیلی زۆر بەدیسیپلین پێک هاتبوون کە خاوەنی خاک و ئاوی خۆیان بوون و لە بڕیارەکانی شارەکەیاندا مافی دەنگدانی دێمۆکراتیکیان هەبوو، لەبەر ئەوە ئامادە بوون لە جەنگدا تا دوایین هەناسە بجەنگن. ئەگەر لە شەڕەکەدا سەرکەوتوو بوایەتن، ئەوە دژمن بە یەکجارەکی تێک دەشکا و ئەوانیش دەگەڕانەوە سەر ئاو و مڵکی خۆیان و بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئارامیدا دەژیان. هۆپلیتەکانی یونان شارمەندی ئەو دەوڵەتانە بوون کە لە خەنیمەکانیان بچووکتر و لە باری ئیمکاناتیشەوە لەوان هەژارتر بوون، بەڵام سەربازانی دژمنیان دەبەزاند؛ ئەو سەربازانەی کە سەرکەوتن و شکستی دەوڵەتەکانیان بەلایانەوە گرینگ نەبوو، چونکە یان بەکرێگیراو بوون، یان بە زەبری قامچی و بە زۆرداری دەیانبردن بۆ شەڕ، لەبەر ئەوەیشی کە سیستەمێکی شارستانییەتیی وەها نەبوو تا ڕێز لە فیداکارییەکان و گیانبازییەکانیان بگرێت، ئەوان زیاتر وەفایان بۆ خێڵ و دۆستانی خۆیان هەبوو.

بە لێکدانەوەیەکی ڕاستتر دەبوو کتێبەکەی پێشووی هەنسن ناوی ”شێوازە یۆناییەکەی جەنگ” بوایە، چونکە سەرباری ئەوەی کە پڕە لە لێکۆڵینەوەی بەرفرەوان و ڕاپۆرتی واقعبینانەی کارەساتبار لەمەڕ شێوازە جەنگییەکانی هێزی سەربازیی پیادەی خاوەن چەکی تایبەت(هۆپلیتەکان)ی یۆنان، لێکدانەوەی دەربارەی هیچ جۆر و شێوە تێکهەڵچوونێکی ڕۆژاوایی تێدا نییە. هەنسن لە کاتی نووسینی ئەو کتێبەدا مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی یۆنان و لاتین لە زانستگەی ویلایەتیی کالیفۆرنیا لە شاری فرێزنۆ بوو و لە بواری پسپۆڕییەکەی خۆیدا کاری دەکرد. بەڵام لە دەیەی ڕابردوودا زیاتر گەشەی کردبوو و گەیشتبووە ئاستێک کە وەکوو مێژوونووسێکی سەربازی بەسەر سەرلەبەری شارستانییەتی ڕۆژاوادا تا دەگاتە ئەمڕۆ بە تەواوەتی زاڵ ببوو. بەرهەمی کارەکەیشی کتێبێکی وایە کە لە ڕوانگەی بەرینایی و قووڵاییەوە بە هیچ شیوەیەک لە لێکۆڵینەوە مامۆستایانەکەی جۆن کیگان، مێژووی جەنگ[xii] کەمتر نییە.

هەنسن کوشتار و فەرهەنگی بە شێوەیەک داڕشتووە کە هەرکام لە ٩ جەنگەکە نیشاندەری یەکێک لە چۆنایەتییەکانی فەرهەنگی ڕۆژاوایی بێت؛ ئەو چۆنایەتییەی کە بنەمای بەرگرییەکەی ئەو لە ئیدیعای کتێبەکەیەتی. بەشێک لەو جەنگانە لە دیاریکردنی چارەنووسی بانەڕۆژی شارستانییەتیی ڕۆژاوادا کاریگەریی دەورانسازیان هەبوو، لەوانە جەنگی دەریاییی سالامیس لە ساڵی ٤٨٠ی پێش زایین کە لەو جەنگەدا ئەسینا و سپارتا (آتن و اسپارت) یەکیان گرت و پێکەوە هێزی دەریاییی ئیمپراتۆری هەخامەنشی، واتە بەهیزترین فەرمانڕەوای ئەو سەردەمەی جیهان، ”خەشایار شا”یان تێک شکاند و، ئەو مەترسییەیان ڕەواندەوە کە ئیمپراتۆری هەخامەنشی، دەوڵەتشارەکانی یۆنان بکات بە ساتراپ (هەرێم)ی ئاسیاییی خۆی و دامەزراوەکانی ئازادیی سیاسیی ئەو دەوڵەتشارانە بڕووخێنێت. جەنگی پۆئاتێرس[xiii] لە ساڵی ٧٣٢ی زایینیشدا کە تێیدا شارڵێس مارتێڵ[xiv] هێزە پیادەکانی سپاکەی خۆی بە شێوەی کلاسیکی کەونارا لە ڕیز و دەستەی ڕێکوپێکدا ڕێک خست و هێزی سوارەی عەبدولڕەحمانی تێک شکاند کە تا ئەوکاتە تامی تێکشکانی نەچەشتبوو، ئیدی بۆ هەمیشە پێشی بە پێشڕەویی سپای ئیسلام لە ئەوروپادا گرت.

بەڵام بەشێکی دیکە لە جەنگەکان تەنانەت لە ناوچەی شوێنی ڕوودانەکەشیان نەیانتوانیوە ڕەوتی ڕووداوەکان بگۆڕن؛ لەوانە جەنگی کاننای[xv] لە ساڵی ٢١٦ی پێش زایین کە لەو جەنگەدا هانیباڵ، سەرداری گەورەی کارتاژ، سپای ڕۆمی تێک شکاند و سپای ڕۆم لەو کاتەدا فەرماندەرێکی شیاوی نەبوو، بەڵام خاڵی جێی سرنج لەو جەنگەدا ئەوە نەبوو کە هەنسن گوتەنی هەزاران ڕۆمی بە ئاسانی قەڵتوبڕ کران، بەڵکەو ئەوە بوو کە ئەو کوشتارە هیچ کاریگەرییەکی ستراتیژیکی لە پاش خۆی بەجێ نەهێشت. لە ماوەی ساڵێکدا ڕۆم کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتەکەی دەنگ دا و هەرکەسێکی توانای جەستەییی هەبوو کرایە سەرباز و هێزی نوێی وەکوو هێزەکانی پێشوو بەهێزی ناردەوە مەیدانی جەنگ. هەنسن نووسیویەتی کە دڵخۆشیی سەرکەوتنەکەی هانیباڵ لە کاننای وەکوو هێرشە ناخافڵانەکەی ژاپۆن بۆ سەر پرل هاربر وا بوو: سەرکەوتنێکی تاکتیکیی درەوشاوە کە هیچ ئەنجامێکی ستراتیژیکی لێ نەکەوتەوە و تەنیا لایەنی تێکشکاوی هەڵخڕاند و بزاوتی. ”پارلمانەکانی ڕۆم و ئەمریکا پاش چەشتنی ئەو دۆڕانە، هێزی گەورەیان ڕێک خست و، لە کاتێکدا کە ئیمپراتۆرییەکانی کارتاژ و ژاپۆن لە سووروساتی چێژی سەرکەوتندا بوون، تامی سەرکەوتنەکەیان لێ نیوەچڵ کرا.”  

blank
ڤیکیۆر داڤیس هەسن (١٩٥٣- ) ڕۆژنامەنووس و مێژوونووسی ئەمریکایی

کتێبەکەی هەنسن هەر بەتەنیا باسێکی ئەکادیمی دەربارەی فەرهەنگی سەربازیی ڕۆژاوا نییە. ئەو، هەر بەشێکی کتێبەکەی بە وەسفی تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە و تاکتیکە جەنگییەکانی بەرەکانی جەنگەکە و چۆنایەتیی جێبەجێکردنیان دەست پێ دەکات و ”ڕواڵەتی جەنگەکە”، واتاهەستی جەنگاوەری و مردن لەو هەنگەمەیەدا نیشان دەدات. لە نووسراوەکەی ئەودا بەشێک لەو ڕوونترین وەسفانەی تا ئێستا لەمەڕ ئەو ڕووداوانەوە نووسراون بەرچاو دەکەوێت، بەتایبەت لە ڕاپۆرتی نوقمبوونی ٤٠ هەزار سەربازی هەخامەنشی لە جەنگی دەریاییی سالامیس و لەنێوچوونی چوارهەزار هیزی زولو (ناوچەیەک لە ئەفریقای باشوور) بە دەستی تەنیا ١٣٩ سەربازی ئینگلیس لە ساڵی ١٨٧٩ و، ئەوەی کە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە جەنگی دەریایی ”میدوێی”[xvi] لە ساڵی ١٩٤٢ چۆن گەلەکەشتیی فڕۆکەهەڵگری ژاپۆنیان کرد بە جەهەننەمێکی مەلەوان.

***
وەشانخانە ئینگلیزییەکانی کتێبەکەی هەنسن سەرناوی کتێبەکەیان گۆڕیوە و کردوویانە بە ”بۆچی ڕۆژاوا سەر کەوتووە”؛ بەڵام ئەو، خۆی ئیدیعای وای نەکردووە کە ڕۆژاوا بەردەوام دژمنەکانی تێک شکاندووە. لە بەشێک لەو ٩ جەنگەدا، وەکو ”کاننای” لە ئیتاڵیا و ”تێت”لە ڤێتنام ڕۆژاوا تێک شکاوە و پاشەکشەی کردووە. هەروەها هەنسن ددانی بەوەشدا ناوە کە لە دەورەیەکی هەزار ساڵەدا، لە سەدەی پێنجەم تا پازدەیەمی زایینی، دەسەڵاتی ڕۆژاوا پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریای ڕۆمی ڕۆژاوا بەرەو هەرەسهێنان ڕۆیشت. بەڵام هۆکار بۆ ئەوە دێنێتەوە کە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی لە سەرانسەری ئەو ماوەیەدا توانییان نەریتە فەرهەنگییەکانی سەردەمی کلاسیکی کەونارا بپارێزن و بەو شێوەیە ببنە خاوەنی دەسەڵاتێکی زیاتر لەوەی کە ژمارەی هاووڵاتییان (شارمەندان) و بەریناییی خاکی وڵاتەکەیان بواری وەدەستهێنانی بۆ دەڕەخساندن.

***
لەگەڵ هەمووی ئەوانە پێم وایە بەشێکی زۆری خوێنەران دەیانویست وردەکاریی زیاتر دەربارەی چۆنایەتیی یەکگرتنەوەی ئیدیعای نووسەر لەگەڵ ڕەوتی ئەو داڕووخانە، بەتایبەت لە کاتی جەنگی ڕژدی ئیسلام لەگەڵ بەشی هەرەگەورەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بزانن. لەو دەورەیەدا ئەوروپا لە باری چەکەوە لەپێشتر نەبوو. ئەو سوارانە لە مێرگەکانی ئاسیا فێری تیرهاویشتن بەسەر زینی ئەسپەوە ببوون و ڕێساکانی هێزی سەربازیی سوارەیان گۆڕی. هۆکارەکانی هەنسن سەبارەت بە ڕۆڵی تەوەرەییی دیسیپلینی هێزی پیادەی ڕۆژاوا جێی باوەڕن؛ بەڵام ئەو، خۆی لە باسی تێروتەسەل لەبارەی شێوەی جەنگی گەمارۆدرانو گەمارۆوە دەبوێرێت کە لە سەرانسەری ئەو دەورەیەدا لەگەڕدا بوو.

لە سەدەکانی نێوەڕاستدا ئیسلام دوو هێزی سەربازیی دامەزراند، یەکیان مەمالیکەکانی میسر و ئەوی دووەمیش یەنیچێرییەکانی عوسمانی کە سەلماندیان ئەگەر سپایەک لەسەر بنەمای هێزی باڵادەستی و بنەماگەلی بۆرۆکراتیک ڕێک بخرێت دەتوانێت بەسەر سیستەمی سپاداریی سەدەکانی نێوەڕاستی ڕۆژاوادا سەر کەوێت. ئیسلام لەو دەورانەدا لە خاکی پیرۆز و لە بیزانس بەسەر مەسیحییەکاندا سەر کەوت و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەدەرنان، زۆر سەرزەمینیشی تا نێو دڵی ئیمپراتۆریاکانی هابسبۆرگ و ڕووس خستە بن دەستی خۆیەوە. یەکێک لە بەشە زۆر بەپێزەکانی کتێبەکەی هەنسن دەربارەی جەنگی ”لێبانتۆ”یە[xvii] لە ساڵی ١٥٧١ کە کۆتاییی بەو ڕەوتە هێنا و پاش ئەوە سوڵتانی عوسمانیی کرد بە ”پیاوە نەخۆشەکەی ئەوروپا”. بەڵام تێزەکەی ئەو زۆر بەهێزتر دەبوو ئەگەر لەبارەی تێکهەڵچوونی ئیسلام و ئەوروپای سەدەکانی نێوەڕاستی ئەو ڕۆژگارەی کە هەڵوێستی ئەوروپا  بەرگریکارانە بوو، باسێکی بورووژاندایە.

بەشێک لە ڕەخنەگرانی ئیسلامی لەوانەیە ئیدیعا بکەن کە خۆبواردن لەم بابەتە بۆشاییەکی گەورەی لە هۆکارهێنانەوەکانی ”هەنسن”دا پێک هێناوە. بەڵام لە ڕاستیدا پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئاسانە. لە ٢٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا ڕۆژاوا چەند جارێک بنەما بنەڕەتییەکانی خۆی، واتا ئازادی و دێموکراسی و حکوومەتی یاسای وەلا ناوە و خۆی بەدەست حکوومەتی ڕەهاوە داوە. بە باوەڕی من، ئەمە هۆشپەسندترین هۆکارە بۆ ئەوەی کە بۆچی ڕۆمییەکان، چ لە ڕۆژاوا و چ لە ڕۆژهەڵات، هۆگریی سەربازییان لەدەست دا و ئیمپراتۆرییەکانی خۆیان بە دەست خێڵە دارستانییەکانی ئەڵمانیا و خێڵە مێرگ و لەوەڕگەنشینەکانی ئاسیاوە دا. ئەنجامی حکوومەتی ڕەها لە ڕۆژاوا، ڕووخانی ڕۆژاوا بوو. بەڵام لە ڕێنیسانس بەملاوە کە ڕۆژاوا فەرهەنگی سیاسیی ڕەسەنی یۆنان و ڕۆمی سەرلەنوێ زیندوو کردەوە، هەمووانی لەسەر ڕێی خۆی ڕاماڵی. ئەم بابەتە زۆر لەوە گەورەترە کە هەر بە هەڵکەتێکی ڕووت دابنرێت و، خۆی تەئیدێکی ترە بۆ تێزە دلێرانە و دڵڕفێنەکەی هەنسن. 

***
سەرچاوە: کتێبی (فلسفە و جامعە و سیاست، مجموعەمقالە، گزیدە و نوشتە و ترجمە عزت‌اللە فولادوند، چاپ اول پاییز ١٣٨٧، تهران، نشرماهی.)


[i].Keith Windschuttle, ‘’Why the West Wins Wars?’’ The New Criterion, Vol. 20, No. 8, April 2002.

[ii]. Victor Davis Hanson

[iii]. Carnage and Culture

[iv]. Cunaxa. شارێکی بچووک لە بابلی کۆن، نێزیکی فورات، شوێنی تێکهەڵچوونی سپاکانی گزنفۆنی یۆنانی و  ئەردەشیری دووەمی هەخامەنشی کە تێیدا سپای هەخامەنشی تێک شکا.

[v]. Gaugamela. لە  باکووری مووسڵ و نێزیک هەولێر. شوێنی جەنگی داریووشی سێیەمی هەخامەنشی و ئەسکەندەری مەکدۆنی کە تێیدا سپای هەخامەنشی تێک شکا.

[vi]. Edward Creasy, the Fifteen Decisive Battles of the World

[vii]. Market economy‎

[viii]. Planned economy

[ix]. The Western Way of war 

[x]. hoplite troops

[xi]. phalanx

[xii]. John Keegan, A History of Warfare (1993).

[xiii]. Poiteiers. شارێکە لە ڕۆژاوای فەرەنسا.

[xiv]. Charles Martel (٧٤١-٦٨٨ی زایینی). پادشای فرانکەکان.

[xv]. Cannae. لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئیتاڵیا.

[xvi]. Midway. لەم جەنگە دەریاییەی نێو ئۆکیانووسی ئارامدا فڕۆکەکانی ئەمریکا حەوت گەلەکەشتیی فڕۆکەهەڵگر و گەلەکەشتییەکی شەڕکەری ژاپۆنیان نوقم کرد.

[xvii]. Lebanto. لە یۆنان شوێنی جەنگی هێزی دەریاییی ڤێنیز و پاپ پیوسی پێنجەم و فیلیپی دووەم پادشای ئیسپانیا لەگەڵ هێزی دەریاییی سوڵتان سەلیمی دووەم کە لەو جەنگە سپاکەی سوڵتان سەلیم تێک شکا.