فێمینیزم؛ دونیابینییەکی ژنانە لە جیهانێکی پیاوانەدا

ئەم وتارەی دەیخوێننەوە، وەڵامی (هۆزان مەحموود)ـە بۆ (تەوەری فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد) لە ئامادەکردن و سەرپەرشتی کردنی (ڕۆزا شێخانی) بۆ ماڵپەڕی ژنەفتن.

ڕەوایە ئەگەر بڵێین کە ژنان بە هەمان ئەندازەی پیاوان ڕۆڵیان هەیە لە کۆمەڵگەدا و بەشدارن لە هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی شارستانیەتەکاندا. بەڵام مێژووی نووسراو زۆر کەم ئەم ئامادەییەی ژنان لە کایە جیاوازەکاندا تۆمار دەکات، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کۆی ئەو کایانە لە لایەن پیاوانەوە قۆرخکراون، تەنانەت نووسینەوەی مێژووش، زۆر جار چەواشەکارانە و شێواندراوە، چونکە لە قازانجی سەردەستەکان نووسراوە. مێژوونووس و فێمینیستی ئەمریکاییی “گێردە لێرنەر” لەو باوەڕەدایە کە مێژووی تۆمارکراو و وەرگێردراوی ڕابردوو تەنها بۆ نیوەی مرۆڤایەتی نووسراوە و ناتەواوە، چونکە مێژوو و ڕابردووی نیوەی مرۆڤایەتی کە ژنن شێواندووە.[1] بە هەمان شێوە، بەشێکی زۆر لە سەروەری و ئامادەییی پیاوان، لەسەر بنەمای خزاندنی ژنان بۆ ناو ماڵ بەدەست هاتووە. کە هەموو ئەرکی ماڵ و منداڵ دروستکردن و بەخێوکردنیان لە ئەستۆیە، لە کاتێکدا پیاوان کاتەکانیان لە کایەکانی ئابووری، جەنگ، کولتووری، سیاسەت و داهێناندا تەرخان دەکەن. هەر بۆیە لە هەموو کایەکاندا پیاوان دەرکەوتووترن، ئەمەش دەکەن بە ئیمتیاز و منەت و خۆبەگەورە زانین بەسەر ژناندا.

لێرەوە بەهای کاری دەرەوە و کرێگرتە فەزڵی دەدرێتێ بەسەر کاری ناوماڵ و بەخێوکردن و پەروەردەی منداڵدا. “سیلڤیا فرێدرێچی“ی فێمینیستی ئیتاڵیایی-ئەمریکایی کاری ناوماڵی ژنان وەک (کرێکاری بێ مووچە) هەژمار دەکات و لەو باوەڕەشدایە کە سیستمی پیاوسالاری بەمە دەڵێت؛ (خۆشەویستی)ی ژن بۆ ماڵ و منداڵ و هاوسەرەکەی، لە کاتێکدا ئەمە سەپێندراوە و لەسەر بنەمای جیاکاری ڕەگەزی بنیاتنراوە، نەک خۆشەویستی.[2] لێرەوە خۆشەویستی وەک خورافەیەک بەکار دێت بۆ گرێدانی ژن بەکاری تاقەتپڕوکێنی ماڵ و منداڵدارییەوە. ئەمەش زۆرێک لە ژنانی قەناعەت پێهێناوە کە ئەوە سروشتی ئەوانە کە میهرەبان و سۆزدار و پڕ لە خۆشەویستی بن، سەرەڕای ئەو زوڵم و توندوتیژییەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت. لە کاتێکدا ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییە دەکرا لەنێوان پیاو و ژندا دابەش بکرێت، بۆ ئەوەی هەردوو ڕەگەز ئامادەییان هەبێت لە بەرپرسیارێتیی ناوماڵ و لە کایە جیاوازەکاندا.

سیستمی پیاوسالاری بۆ هەموو شتێک خورافەیەک و قاڵبێک دروست دەکات کە ژن قەناعەت پێبهێنن کە ئەوە چارەنووسی ئەوە و سروشتی ژن وایە. خورافاتی جیاواز لە دژی ژن، چەندین سەدە لە میتۆلۆژی و ئاین و سیستمە حوکمڕانییە جیاوازەکاندا تاوەکو دەگاتە ئێستای سەرمایەداری درێژەی بە خۆی داوە. دیارە فۆرم و ماناکان و شێوازەکانی دەگۆڕێت بەپێی سەردەم. ئەم دابەشکردنی ڕۆڵە، ژنان بۆ ماڵەوە و پیاوان بۆ ناو فەزای گشتی، ناهاوسەنگییەکی گەورەی دروست کردووە لەوەی کە ژنان داهێنان و تواناکانیان بفەوتێت بە هۆی ئەوەی کاتی کەمتریان بۆ دەڕەخسێت کە گەشە بەخۆیان بدەن. بۆیەش دەبینین بە کەمترین دەرفەت کە بۆ ژنان دەڕەخسێت، زۆر زوو دەدرەوشێنەوە و لە هەموو بوارێکدا دەیسەلمێنن، کە هەموو ئەو خورافاتەی لەسەر لاوازی و ناعەقڵانیی بوونی ژن هەڵچنراوە هیچ بنەمای زانستی و لۆجیکی نییە.

لەدەستدانی پێگەی ژن

یەکێک لە تێزە کلاسیکە گرنگەکان سەبارەت بەوەی ژنان بۆ دەخرێنە پەراوێزەوە و بێدەسەڵات کراون، تێزێکی بیریاری ئەڵمانی کۆمۆنیست “فرێدریک ئەنگلس”ـە کە پێی وایە؛ ژنان لە بنەڕەتدا یەکسانن بە پیاو، ئەگەر بەهێزتریش نەبن لەو پیاوانەی کە لە کاری هەروەزیدا و لە فۆرمی (خێزانی ماتریلینیال) دایک سەروەریدا، کاری وەبەرهێنانیان پێکەوە کردووە. دواتر ژنان دەسەڵاتیان لەدەست دەدەن چونکە پیاوان کۆنترۆڵی موڵکی تایبەتی دەکەن و توانای قازانج کردن دێتە دەستیان. هەر بۆیەش ئەمە فۆرمی خێزان دەگۆڕێت بۆ باوکسالاری، کە ژنان و کۆیلەکان دەبنە موڵکی باوک یان هاوسەرە پیاوەکە.[3] کەواتە پەیبردنی پیاو بە خاوەندارێتی موڵک و ماڵ و بەرهەمهێنان بۆ قازانج، تەماحی داگیرکاری ژن و کۆنتڕۆلکردن و بەکاڵاکردنیشی دەکاتە پڕۆژە.

هەرچەند (باوکسالاری) بە مانا کلاسیکەکەی کە (باوک) سەروەرییە وەک گەورە و سەردەستەی خێزانێک، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بە هۆی تیۆریزەکردنی فێمینیستەکانەوە ئەم تێرمە چیتر ئەو مانا سنووردارە ناگرێتەوە. بۆ نموونە “سیلڤیا وەڵبی“ی فێمینیستی بەریتانیایی، باوکسالاری؛ وەکوو سیستمێک لە سترەکتوری کۆمەڵایەتی و چالاکی دادەنێت کە تیایدا پیاو باڵادەستە، ژن دەچەوسێنێتەوە و بەکاری دەهێنێت.[4] باوکسالاری، کە پێشتر تەنها هەژموونی فیگوری باوکی دەگرتەوە بەسەر خێزاندا، بەڵام دەکرێت ئێستا وەک (پیاوسالاری) بە گشتی هەژماری بکەین، وەک سیستمێک کە خۆی درێژ دەکاتەوە بۆ ناو هەموو جومگەکانی دەسەڵات و سترەکتوری کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری. هەروەها بەردەوام لە خۆتازەکردنەوەدایە بە جۆرێک کە بووەتە نۆرم. “کەیت میللێت“ی ڕادیکاڵ فێمینیستی ئەمریکایی دەڵێت؛ ئێمە ڕانەهێنراوین لەسەر ئەوەی پیاوسالاری گرێ بدەینەوە بە زەبرەوە-هێزەوە، چونکە پاتریارکی ئەوەندە بە کارامەیی مرۆڤی سۆسیالایزە کردووە و بەهاکانی خۆی وەکو جێگیر و یونیڤێرساڵ جێ کردۆتەوە لە کۆمەڵگەدا، کە چیتر پێویستی بە توندوتیژی نییە بۆ سەپاندنی خۆی.[5] بەو واتایەی؛ پیاوسالاری بە جۆرێک نۆرماڵ بووە، کە ژن و پیاویش وەک یەک، چوونەتە ئەو ڕۆڵانەوە کە بۆیان دیاری دەکرێت.

سیلڤیا وەڵبی (١٩٥٣- ) کۆمەڵناسی بەریتانیایی

فۆرمی دەوڵەتداری لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا کە کاپیتاڵیزمە، هۆکارە بۆ جیاکاری چینایەتی، هەروەک چۆن کارڵ مارکس دەڵێت (مێژوو، تا ئەم ساتەش، مێژووی کێشمە کێشی چینەکانە)[6]، لەم ناوەشدا ژنان کە سەر بە چین و توێژی جیاوازن، بەرژەوەندی و پێگەکانیان دابەشیان دەکات بەسەر چینەکاندا. بۆ نموونە؛ ئەوەی بۆ ژنێکی سەرمایەدار و چینی مامناوەند دەڕەخسێ، بۆ ژنێکی چینی کرێکار و هەژار و بێکار ناڕەخسێت. لێرەوە تەنانەت گەر بە خێرایی چاوێک بە مێژووی خودی خەباتی ژناندا بخشێنینەوە، کە هەر لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی مافی دەنگدانەوە کە لە بەریتانیا و ئەمریکا زۆر بەهێز بوو، لە ڕێگەی ئەو مێژووە نوسراوەی لەبەردەستە، زۆرتر نموونەی ژنانێکی سپی و سەر بە چینی باڵایان تۆمار کردووە. لە کاتێکدا بە دەیان ژنی کرێکار و ڕەش پێست لە شوێنە جیاوازەکاندا چالاکبوون و خەباتیان کردووە، بەڵام ناویان نەهێنراوە. لەم دواییانە کە ئەو مێژووە هەڵدراوەتەوە، هەوڵ و خەباتی ژنانی ڕەش پێست و ئاسیایی و کۆچبەرەکانی تر زیندوو کراونەتەوە.[7] کەواتە ڕژێمی سەرمایەداریش کە درێژەپێدەری سیستمی پیاوسالارییە، بە شێوازی جیاواز ژنان بەخۆیان نامۆ دەکات و تەنها ئەو ژنانەی سەر چینە دەسەڵاتدارەکانن پێگەیان دەبێت و مێژوویان بۆ دەنووسرێت. بە هۆی ئەم جیاکارییە چینایەتییەی کۆمەڵگەوە هەر لە کۆنەوە ژنان، خواست و داواکاری و خەباتیشیان فۆرمی جیاوازی وەرگرتووە.


فێمینیزمەکان و فۆبیای فێمینیزم

ڕای جیاواز زۆرە هەر لەسەر سەرەتای دەرکەوتنی فێمینیزم، وەک چەمک تا دەگاتە، ئەوەی ئایا دەکرێت فێمینیزم بەسەر سێ یان چوار شەپۆلدا دابەش بکرێت؟ کە باس لە فێمینیزم دەکەین، دەبێت باس لە (فێمینیزمەکان-Feminisms) بکەین. بە واتایەکی تر، فێمینیزم یەک ئایدیا و هزر و پراکتیک ناگرێتەوە، بەڵکوو جۆرە جیاوازەکانی فێمینیزم دەگرێتەوە کە سەر بە قوتابخانە و بنەمای هزریی جیاوازن کە هەڵقوڵاوی واقیعی ژیانی ژنان و دونیابینییانە سەبارەت بە ژن. ژنان بە سوود وەرگرتن لە ڕێبازی فیکریی (لیبراڵیزم، مارکسیزم، سۆسیالیزم، ڕادیکاڵ فێمینیزم، پۆست مۆدێرن، پۆست ستراکچەڵیست، پۆست کۆلۆنیال، فێمینیزمی ڕەش، ئیکۆفێمینیزم و هتد.) پرسی ژن تیۆریزە دەکەن.گرنگی ئەم تیۆریزەکردنە کە لە سیمۆن دو بۆڤوار و کتێبی ڕەگەزی دووهەمەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێستامان، لەوەدایە کە بۆ یەکەجار ژنان بوارەکانی خوێندن، مێژوو، فەلسەفە و تیۆلۆژی و میتۆلۆژی، هونەر و کولتووریان ڕەخنە کرد، هەروەها ژێردەستەیی ژنیان تیۆریزە کرد لە ڕوانگەی فێمینیستییەوە. پێشتر زۆربەی لە دونیابینی و ڕوانگەی پیاوانەوە نووسرابوو، ژیان و بەریەک کەوتنەکان و جیهانبینیی مرۆڤ، یەک لایەنە بوو، واتە پیاوانە بوو.

لە دونیادا تا ئەم ساتەش دژایەتی کردنی فێمینیزم و فێمینیستەکان بوونی هەیە چ لە لایەن پیاوەوە، چ لە لایەن هەندێک لە ژنان خۆشیانەوە. ئەمە بە بڕوای من هەڵەتێگەیشتن نییە، بە قەد ئەوەی ڕقە و لە هەمان کاتیشدا ترسە لە هەر هزر و فەلسەفەیەکی ڕزگاریخوازانە کە دەیەوێت ڕەگەزی مێ لە کۆی کۆتوبەندی سیستم و پیاوسالاری و سێکسیزم ڕزگار بکات.

پێناسەیەکی کلاسیک و باوی فێمینیزم ئەوەیە کە هەر کەس کار و چالاکی بکات لە بواری ژناندا ئەوە فێمینیستە. هەڵبەت ئەمە سادەخوازییە و بۆ ئەم دونیا ئاڵۆزەی ئەمڕۆ چیتر بڕ ناکات

فێمینیست کێیە و فێمینیزم چییە؟

فێمینیست بە کەسێک دەڵێن کە هەڵگری هزری فێمینیزمە (لە چوارچێوەی یەکێک لەو قوتابخانانەی کە لەسەرەوە باسم کردن)، هەروەها فێمینیزم، خودی هزر و تیۆر و سیاسەتی فێمینیزمەکە دەکرێت لە چوارچێوەی یەکێک لەم ئایدیۆلۆژیانەدا خۆی ببینێتەوە؛ (ڕادیکال، سۆسیالیست، ماتریاڵیست، مارکسیست، لیبراڵ، پۆستمۆدێرن ، فێمینیزمی ڕەش، فێمینیزمی پۆستکۆلۆنیال و ئیکۆ فێمینیزم و هتد).

پێناسەیەکی کلاسیک و باوی فێمینیزم ئەوەیە کە هەر کەس کار و چالاکی بکات لە بواری ژناندا ئەوە فێمینیستە. هەڵبەت ئەمە سادەخوازییە و بۆ ئەم دونیا ئاڵۆزەی ئەمڕۆ چیتر بڕ ناکات. ئێمە تەنها لەگەڵ دەسەڵاتدا بە تەنها بەرەوڕوو نین، بەڵکوو لەگەڵ بەهاکانی سەرمایەداریی جیهانی و نیۆلیبراڵی لە تایبەتکردنی کەرتی گشتی و هەموو سێکتەرەکاندا لە کوردستاندا بەرەوڕووین. هەر لە نەخۆشخانە، قوتابخانە، زانکۆ، دایەنگە، کەرتی خانووبەرە، ئاو و کارەبا و هەموو خزمەتگوازرییەکانی تر کە ژیانی زۆرینەی مرۆڤی ئێمەی کردۆتە دۆزەخ تا دەگاتە بەکاڵاکردنی ژنان لە ڕێگەی میدیاکان و کۆمپانیاکانی ڕیکڵام. ئەوەی زەرەری زۆری لێدەکەوێت ژنانن کە بەشی زۆریان دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. کەواتە جۆرێک لە فێمینیزم و دونیابینیی ژنانە گرنگە بۆ ئەم دۆخە، کە نەبێتە بەشێک لە سیاسەتی نیۆلیبراڵ، دژی سیستمی هایراکیەت و بیرۆکراسی و سیاسەتی پرایڤەتایزکردن بێت. فێمینیزمێک پێویستە کە هەڵگری هزرێکی ڕادیکاڵانە بێت و ئەڵتەرناتیڤەکەی بەگەرخستنی هێزی لەبن نەهاتووی ژنان خۆیان بێت. هەر بۆیەش گرنگە  ژنان یەکبگرن  و باوەڕیان بە هێز و توانای خۆیان هەبێت لەدەرەوەی ئەو دەسەڵاتخوازی و پێگە پەرستییەی ئێستا هەیە لە کوردستان.


شێواندنی هزری فێمینیزم؛ فێمۆکرات یان فێمینیست

کێشەیەکی سەرەکی هەیە، ئەوەیە کە ئەوانەی چەواشەکارن و ناڕۆشنی دروست دەکەن و (فێمۆکراتی سپۆنسۆر کراون)، زۆرترین پلاتفۆرم و دام و دەزگا و میدیایان لە بەردەستە.“ فیمۆکرات” بەو ژنانە دەڵێن کە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداراندا کار دەکەن و ئیدیعای فێمینیست بوون دەکەن. لە کاتێکدا بوونی ئەوان لەو دام و دەزگایانەدا لەسەر بنەمای پاسیڤبوونی فیکری و نەبوونی دونیابینیی فێمینیستییە، هەروەها پایەکانی پیاوسالاری بەهێزتر دەکەن. ئەم جۆرە ژنە هیچ هۆشیارییەکی نییە بەرامبەر بە پایەکانی چەوساندنەوەی ژنان، هەر بۆیەش توانای هیچ پلاندانان و بەرەنگاربوونەوەیەکی عەقڵانی نییە بۆ سازدانی ژنان، ئەو چینەی کە ئەوان پێیان وایە کاریان بۆ دەکەن. هەر بۆیەش دەنگە جیدی و سەربەخۆ و کاراکان نابیسترێن یان دەنگیان لاوازتر دەردەکەوێت لەچاو ژاوەژاوچییەکان و ئەوانەی کە کەمترین زانیارییان هەیە لەم بارەیەوە. لێرەوە وا دەردەکەوێت کە ئەم کۆنسێپتانە هەڵەن یان خراپن یان ئەوەیە پێویستە ڕاستکردنەوەی بۆ بکرێت. لە کاتێکدا بە بڕوای من، کێشەکە ئەوەندەی زاڵکردن و گەورەکردنی دەنگی فێمۆكراتەسپۆنسۆرکراوەکانە، نیو ئەوەندە کێشەکە لە ڕاستکردنەوەدا نییە.

دەتوانین بەرەو ئەوە بڕۆین بزانین کێن ئەوانەی دژایەتی دەکەن و کێن ئەوانەی خۆیان بەم پرسەدا هەڵواسیوە، کە ساڵانێکی زۆرە نەیانوێراوە بە خۆیان بڵێن فێمینیست

ئەزموونی کەسی

ڕاستە ئێمە ژمارەیەکی زۆر کەم لە ژنانی کوردستان و تاراوگە لێرە و لەوێ بە وتار و سیمینار و نووسین هەوڵمان داوە فێمینیزم ئاشنا بکەین بە خوێنەری کورد. بیرمە لە سەرەتای دووهەزارەکاندا بوو، لە هەولێر کۆڕێکم کرد لەسەر فێمینیزم و جێندەر، خانمێکی هاوڕێم کە لەناو ڕێکخراوی ژناندا بوو، پێی گووتم؛ هۆزان تۆ لەو باوەڕەدایت بتوانیت بە هزر و تیۆری فێمینیستی کار لەسەر پرسی ژن بکەیت لە کوردستان؟! وەک ئەوەی پێم بڵێت تۆ لە چ خەیاڵێکدا دەژیت؟ ئەمە لای من ئاسایی بوو، چونکە لەو کاتەدا باسکردن لە فێمینیزم وەک ئەوە وابوو نەوت بکەیت بە ئاگردا. ڕاستە دەیان و سەدان ڕێکخراوی ژنان هەبوون، تا ئێستاش هەن، هەروەها هەندێ لێکۆڵەر هەبوون لەسەر پرسی توندوتیژی و کوشتنی ناموسی کاریان دەکرد، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەمانە بە دەگمەن کاریان لەسەر ناساندنی فێمینیزم کردبێت یان وەکوو فێمینیستێک خۆیان نەدەناساند. بێگومان سەرەتا زۆر سەخت بوو کارکردن لەسەر ناساندنی فێمینیزم، هەڕەشە و سووکایەتی و جنێو و ڕێگریی زۆر دەکرا، بەڵام خۆشحاڵم کە ئێستا دەبینم کەسانی زۆرتر خۆیان بە فێمینیست دەزانن و بە چاک یان خراپ باسکردن لە فێمینیزم بووەتە پرسێکی گرنگ لە کۆمەڵگەدا. لەو کاتانەدا خەڵک پەنجەی بۆ ڕادەکێشاین کە ئەمە فێمینیستە، وەک جۆرێک لە سووکایەتی و گاڵتەپێکردن، چونکە ژمارەیەکی زۆر کەم بووین. تەنانەت لە لایەن هەندێک ژنانی حیزبییەوە لەسەریان دەنووسین و دژایەتی فێمینیزمیان ڕادەگەیاند بە پشتیوانی پیاوانی حیزبەکانیان… هەڵبەت لەمەوە دەتوانین بەرەو ئەوە بڕۆین بزانین کێن ئەوانەی دژایەتی دەکەن و کێن ئەوانەی خۆیان بەم پرسەدا هەڵواسیوە، کە ساڵانێکی زۆرە نەیانوێراوە بە خۆیان بڵێن فێمینیست، بەڵام ئێستا بۆ شێواندن و کەمڕەنگ کردنەوەی ئەم پرسە فیکرییە پەیدابوون و دۆزەکەش بە لاڕێدا دەبەن و دەیکەنە بوارێکی پیشەسازی و لەوێوە سێنتەر و ڕێکخراوەکانیان دەبێتە شوێنی فەند و کارمەند و سەرۆک و چایچی و سایەق و فەراش. ئەگەر وردتر سەیری دۆخی ئەمانە بکەین، دەبینین کە لە بنەڕەتدا ڕێگەپێدراوی دەسەڵاتن و تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە بۆیان دیاری کراوە، زۆر جاریش بۆ بەلاڕێدابردن و کۆنترۆڵکردنی دۆزی ژن بەکار دەهێنرێن.

blank
کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) فەیلەسوفی ئەڵمانی

شێواوی ئایدیۆلۆژی

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی کوردی وێران بوونێتی لە هەموو ڕوویەکەوە، وای لێهاتووە دەنگی (ڕاستڕەو و چەپ و لیبراڵ و ئیسلامی و عەلمانی) فەرقێکی زۆری نییە و، زۆر جار تێکەڵن لەگەڵ یەک. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەسانێک کە بەرژوەندیی کەسیی خۆیان لەسەروو هەموو پرەنسیپ و بەهایەکەوە دادەنێن. بۆ نموونە خەڵکت هەیە خۆی بە عەلمانی و فێمینیست دەزانێت لەو لاوە پێی وایە دەبێت سوود لە (فێمینیزمی ئیسلامی) وەرگرێت بۆ تەفسیر و تەحلیلی قورئان بۆ مافی ژن. ئەم دووفاقییە تەنها لەم جۆرە بەناو فێمینیستە کوردانەدا دەبینی کە بە خاتری پێگەی خۆیان دەیانەوێت دڵی کۆنەپارێز و عەلمانی و چەپ و لیبراڵ وەک یەک ڕاگرن. کەست هەیە خۆی پێ چەپ و کۆمۆنیستە بەڵام کۆی کار و چالاکییەکانی لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی نیولیبڕالیزمدایە و بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە گوایە ئەوان کار دەکەن لە دۆزی ژندا! ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆزی ژنیان کردۆتە پرسی خێرخوازی و کەیس و مەلەف و فۆڕم پڕکردنەوە. کاتێک خەڵک ئەم هەڵوێستە دژ بەیەکانە دەبینێت، پێت وایە دەبێت فێمینیزم چ واتایەکی هەبێت بۆی؟

لە کۆنەوە تا ئێستا کۆی ئایدیۆلۆژیاکانی وەکوو (لیبراڵیزم، سۆسیاڵیزم، ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم هتد) زۆرتر وەک لەیبڵ وەرگیراون، نەک وەک ئەوەی  کرۆکی هزر و دونیابینی بێت و ببێتە بەشێک لە بەها و پرەنسیپی تاک، ئەمەش جۆرێکە لە کۆپیکردنێکی کوێرانە. خراپترین نموونە لە مرۆڤی کوردیدا کە کۆی ئەم دیمەنەمان نیشان دەدات، سەنگەر گۆڕینی ئەندام حیزبەکانە، لەنێوان حیزبە جیاوازەکاندا بۆ دەستکەوتی کەسیی زیاتر. کارەساتە تۆ جیاوازی نەکەیت لەنێوان حیزبەکاندا و هەر ڕۆژە و ئەندامی لایەک بیت مادام نرخێکی زیاترت لەسەر دانێین. ئەمە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو هەموو کایەکان، بۆ نموونە تەرەف لە یەک کاتدا باسی تیۆری مارکس دەکات، و لەولاوە بۆ خۆی کۆلکە موسوڵمانە، لە هەمان کاتیشدا باس لە فێمینیزم دەکات. ئەم کۆکتێلە لە بیروڕای هەڵپڕوکاو تەنها پەیامی تێکەڵ و هەڵەتێگەیشتن دروست دەکات. هەڵبەت بە تێپەڕبوونی کات، ئەم ناڕۆشنییانە و ئەم کەسە هەلپەرستانە زیاتر ماهیەتیان بۆ خەڵک دەردەکەوێت. هەر بۆیەش بەشێک لەو فێمینیستانەی کە باوەڕی تەواویان بە تیۆر – هزر و پڕاکتیکە لەیەک کاتدا، لەو باوەڕەدان کە بەشێک لەو چالاکی و فێمینیزمەی لەژێر سایەی دامودەزگاکانی دەسەڵات و فەندی نیۆلیبراڵیدا بەرهەم دەهێندرێن ئەوەندەی بە سوودی دیسکۆرسی دەسەڵاتە، ئەوەندە لە بەرژەوەندەی دۆزی فێمینیزمدا نییە.


blank
هۆزان مەحموود؛ نووسەر و فێمینیستی کورد

ڕێکخراوەکانی ژنان وەک لەمپەر لە بەردەم دۆزی ژن و فێمینیزمدا

لە سەرەوە ئاماژەم بەوەدا کە کۆمەڵگە یەک ڕەنگ نییە و بەرژوەندی و دەسەڵاتی چینی باڵا هەیمەنەی کردووە بەسەر کۆی کایەکاندا. نزیکترین نموونە؛ ژنانی گەڕەکێکی هەولێر بوون کە چەند ڕۆژ لەوەپێش بە کوتەک و بەردەوە ئەو کارمەندانەیان ڕاونا، کە هاتبوون پێوەری زیرەکی كارەبا ببەستن بۆ ماڵەکان. ئەمە نیشانیداین، چ جیاوازی و مەودایەکی دوور هەیە لەنێوان ژیان و خواستە سەرەتاییەکانی زۆینەی ژنانی کورد. بە هەمان شێوەش بەرژەوەندیی ژنانێک کە لە سایەی حیزب و سەرکردەکاندا و لە ڕێگەی بردنی سامانی گشتی بوونە خاوەن کارەکەر و ڤیلا و سەیارە و کارەبا و ئاوی بیست و  چوار سەعاتە، هیچ شتێک گرێیان ناداتەوە لەگەڵ زۆرینەی ژنە هەژارەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا.

لێرەدا گرنگە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ڕێکخراوەکانی ژنان بێلایەن نین، هەر کامێکیان سەر بە حیزبێکی سیاسییە و لایەنگری و هەڵوێستیان دەبێت یەک بێت لەگەڵ ئەولەویاتی حیزبەکەیان. هەندێکی تر لە ڕێکخراوی ژنان، دروستکراوی وڵاتانی ئەمریکایی و ئەوروپایین و سەرچاوەی دارایی و موچە و پرۆگرام و کارەکانیان بەپێی ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانەیە کە دروستی کردوون. ئەمانە بەشێکن لە نێتۆرکێکی گڵۆبال، کە وڵاتانی سەرمایەداریی جیهانی ڕایگرتوون، بۆ لێدان لە دروست بوونی بزووتنەوەی ڕەسەنی سیاسی و ڕادیکاڵ و چەپ. لێرەوە بەشێکی زۆری ئەمانە خزمەت بە ئەجێندای ئیمپریالیزم دەکەن لەم ناوچەیەدا[8].. لە ڕێگەی فەندی زۆر و ملیۆنان دۆلارەوە ئەمانە مەشغوڵ دەکەن بە پڕۆگرامی وەکوو (ئاشتی و بەشداری ژنان لە بنیاتنانەوەدا، کۆتای ژنان و بەشداری سیاسی ژنان، ژنی سەرکردە و گەنجی سەرکردە،  ١٣٢٥، و پرۆژەی بچوکی ئابووریی بۆ تاکەکەس لێرە و لەوێ، هتد..).  کە لە ڕاستیدا ئەگەر سەیرێکی کوردستان بکەین زۆر بە ڕۆشنی دەبینین کە ئەم هەموو پرۆگرامە سوودێکی نەبووە لە دروستکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، ڕزگاریی ژنان، یان باشترکردنی دۆخی ژنان. بۆیەش ئێمە لێرەدا بەرەو ڕووین لەگەڵ کۆمەڵێک ژن کە هەرکامە و بە ئەجێندای لایەنێکەوە کار دەکات، جا خۆی بەمە بزانێت یان خۆی لە گێلی بدات، ئەوە واقیعی کوردستانە، پێم وابێت زۆریش ڕوون و ئاشکرایە، من شتێکی تازە ناڵێم لێرەدا. زۆرینەیان وەکوو کارمەند و موچەخۆر لەوێدا کار دەکەن، زۆر کەم خۆیان بە فێمینیست دەزانن و هەر لە بنەڕەتیشدا هەڵگری هزری فێمینیستی نین. تەنانەت گەر جار و بارە لەبەر عەیبەش بێت باسی فێمینیزم بکەن زۆر بە لاوازی و بێ ئاگاییەوە قسە دەکەن، کە نەیکەن باشترە، چونکە زەرەری زیاترە لە قازانجی. لێرەوە ئەمانە نەیانتوانیوە جوڵەیەکی فێمینیستی بەڕێخەن کە ژنانێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردیی بۆ ماف و خواستەکانی خۆیان ڕێک بخەن. هەر بۆیەش وەک لەمپەرێکن لە بەردەم دروستبوونی جوڵەیەکی ژنانەی کوردیدا کە سەربەخۆ و لە دەرەوەی دەسەڵاتخوازی و بەکارهێنانی دۆزی ژن بۆ دەستکەوتی کەسی، خەبات بکەن.


کوردستان؛ بزووتنەوەی فێمینیستی یان فێمۆکراسی و هایڕاکی؟

لە ساڵانی ١٩٩١ بە دواوە کە ڕێکخراوی ژنان دروست بوون، زۆرینە سەر بە حیزبە جیاوازەکان بوون تا ئەم ساتە، هەروەها هیچکات پەیڕەو و پڕۆگرامیان لەسەر بنەمای هزری فێمینیستی دانەمەزراوە. بەڵکوو زۆرینەی پەیڕوەکانیان پیاوی حیزبەکانیان نووسیوێتی، یان هەر پەیڕەوییان نییە، بەڵکو حیزب بودجەی بۆ تەرخان کردوون و ئەو ژنانەی پەسەندی پیاوە سەرکردەکانن، دەکرێنە سەرۆک و بەڕێوەبەر بەسەر ڕێکخراوەکاندا. سیستمێکی هایڕاکی دەسەڵاتخوازییان دروست کردووە و چالاکییەکانیان فۆرمێکی ڕۆتینی وەرگرتووە. هەڵبەت هەڵەیە بەم ڕێکخراوانە بڵێین فێمینیستی، یان بە کۆی ڕێکخراوەکان بووترێت، بزووتنەوەی فێمینیستی. دەکرێت وەکوو کۆمەڵێک دام و دەزگای تایبەت بە (مەلەفی ژنان) سەیریان بکەین کە لەژێر سایەی حیزبەکان و حکومەتەوە کاروچالاکی دەکەن. لەدەرەوەی ئەمانەش بەتایبەت لە ٢٠٠٣ بەدواوە، بە دەیان و سەدان ڕێکخراوی تر دروستبوون کە هەندێکیان تایبەت بە مەلەفی ژنن، ئەوانیش سپۆنسۆرکراوی دەوڵەتانی سەردەستەی ئەمریکایی و ئەوروپایین، پرۆگرام و چالاکییەکانیان بەپێی داواکاری فەندەر دەگۆڕێت. کەواتە هزر و فەلسەفەی فێمینیستی دەکەوێتە کوێی ئەم دوو جۆرە لە ڕێکخراوی ژنانەوە؟ من لەگەڵ ئەوەدا نیم بەم تێکەڵەیە بوترێت بزووتنەوەی فێمینیستی، ئەمە سەپاندنی شتێکە کە لە بنەڕەتەوە خۆی بوونی نییە. ناشکرێت لەسەر میراتی فێمینیزم هەژمار بکرێن چونکە لە بنەڕەتەوە هیچ کات کاریان بۆ نەکردوە.

بزووتنەوەی فێمینیستی ئامانجی هەیە، پێگەی کۆمەڵایەتی هەیە لەناو ژناندا، ئایدیا و دونیابینی هەیە، ستراتیژی درێژخایەنی هەیە و لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ کار دەکات، نەک ئەوەی هەر ڕۆژە و چەند کەسێک ناونووس بکەن بۆ کۆمەڵێک وۆرکشۆپی جیاواز و لە هۆتێلی پێنج ئەستێرەدا کۆمەڵێک وێنە بۆ فەندەر بگریت و پێتوابێت ئەمە فێمینیزمە. یان پێیان وایە فێمینیزم وۆرکشۆپ و ڕاهێنانە و ئیدی تەواو. دەکرێ وەهمی فێمینیزم دروست بکەن بەڵام لەسەر بنەمایەکی بەتاڵ و دوور لە ڕاستییەوە.

من تا ئێستا نەمدیوە لەناو ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بە بوێرییەوە کەسێک یان کەسانێکیان وەکوو فێمینیست و بە هزر و دونیابینیی فێمینیستانەوە کار و چالاکی بکەن و قسە بکەن. بەڵام وەکوو تاک لە دەرەوەی ڕێکخراوەکان و دامەزراوە حیزبی و حکومییەکان، چ لەناو گەنجاندا و چ لەناو ژناندا لە کوردستان و تاراوگە هەن و ڕاشکاوانە وەکو فێمینیستێک دەنووسن و قسە دەکەن و کار دەکەن.


فێمینیزم وەک بەها و پرەنسیپ

فێمینیزم بەر لەوەی هزر بێت، هەڵوێست و بەهایە. ناکرێ تۆ بەخۆت بڵێیت فێمینیست بەڵام لەناو حیزبێکی پیاوسالار و دژە ژندا پۆست و پێگەت هەبێت. ناکرێت بە خۆت بڵێیت فێمینیست و بەشێک بیت لە دامودەزگای دەسەڵات و حیزب و سەرکزانە و کۆنەپارێزانە لەسەر پرسی ژن کار بکەیت. ناکرێت بە خۆت بڵێیت فێمینیست و بە موچە و سەروەت و سامانی گشتی لەسەر دۆزی ژن، لە دەرەوەی شار، مەزرەعەت هەبێت، لەناو شار ڤیلات هەبێت، سەیارەی ئاخر مۆدێلت لە ژێردا بێت و جلوبەرگی مارکە لەبەرکەیت و لە ماڵیشەوە کارەکەرێکی فڕێندراوی ئەفریقایی یان نیپاڵیت هەبێت و خۆیشت لێ ببێتە شۆڕشگێڕ و فێمینیست. ئەمانە بەها و شێوە ژیانی ژنانێکی فێمینیست نین. لە ڕاستیدا پرسی ژن لە زۆر شوێنی دونیا ئێستا وەکوو پیشەسازی لێهاتووە، پێشبڕکێ لەسەر دەرامەت و سامان بۆتە سیمایەکی دیاری هەموویان نەک هاوپشتی و هاوسۆزی لەگەڵ ژناندا.


تێپەڕاندنی مێنتاڵیتی زەعیفە

بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستای دۆزی ژن، بە بڕوای من بە پلەی یەکەم هۆشیارکردنەوەی ژنان، باوەڕبەخۆبوون، خۆناسین و دونیابینیی ژنانە بنەمای دەرچوونی ژنی کوردە لە ژێردەستەیی و پیاوبێژی و بەکارهێنانیان لە لایەن حیزب، دام و دەزگاکان و کۆمپانیای ڕیکلامەکان و میدیاکانەوە. ژنی کورد گرنگە مێنتاڵیتی زەعیفە تێپەڕێنێت، بەو واتایەی هەست بە بوونی خۆی بکات و لە بڕیاردان و کارەکانیدا پشت بە هزر و تواناکانی خۆی ببەستێت. تا ئەم ساتەش زۆرێک لەو ژنانەی لە ڕێکخراوەکاندان، بۆ هەموو کار و چالاکیەک پەنا بۆ پیاو دەبەن، وەک ئەوەی دەبێت بەردەوام پیاوان دانیان پێدابنێن، ئەگەر نا، خۆیان و کارەکانیشیان شەرعیەتیان نییە. پاساویان ئەوەیە، پێویستە پیاو پشتیوانیان بکات لە کەمپینەکانیاندا. بە بڕوای من ئەوەندەی پێویستە ژن لە خۆیان کۆ بکەنەوە نیو ئەوەندە پێویست نییە پەنا بۆ پیاو بەرن بۆ دانپێدانان بە کار و کەمپینەکانیاندا. بە داخەوە ئەمە هەمان ئەقڵیەتی خۆ بە زەعیفە زانینەیە کە هێشتاش پێویستی بە دانپێدانان و پاڵپشتی هەیە، بۆ ئەوەی بوونی خۆی هەست پێ بکات. بەشێکیشی ترسە لەوەی پێیان بوترێت دژە پیاو.


پیاوان لە جیاتی ئەوەی ئامۆژگاری ژنان بکەن چۆن خەبات بکەن و باسی ئەوەمان بۆ بکەن فێمینیزم چییە و چی نییە، با بێن و قسە لەسەر (توندوتیژیی پیاوانە) بکەن.

ڕۆڵی پیاوانی ئازادیخواز لە دۆزی ژندا

لە ڕاستیدا ئێمە پێویستمان بەو پیاوانەیە کە هۆشیارن بەرامبەر بەو توندوتیژییەی کە پیاوان بە درێژایی مێژوو کردوویانە بەرامبەر بە ژنان، نەک ئەوەی ئەوان بێن و ببنە واعیز بەسەر ئێمەی ژنانەوە. ژن پێویستی بە پیاو نییە، باسی ماف و ئازادی ژنی بۆ بکات، پێویستی بەو پیاوەیە کە سەرەتا پیاوە توندوتیژ و پیاوسالارەکەی ناوخۆی فڕێدابێتە دەرەوە. زۆر گرنگە پیاوان لە جیاتی ئەوەی ئامۆژگاری ژنان بکەن چۆن خەبات بکەن و باسی ئەوەمان بۆ بکەن فێمینیزم چییە و چی نییە، با بێن و قسە لەسەر (توندوتیژیی پیاوانە) بکەن. با قسە بۆ پیاوانی هاوڕەگەزی خۆیان بکەن و هەوڵبدەن هەم خۆیان و هەم پیاوانی تریش لە پیاوبێژی، پیاوسالاری، توندوتیژی و کۆنترۆلکردن ڕزگار بکەن. ئەوە کارێکە کە هیچ پیاوێکی کورد بە خوێندەوار و ڕۆشنبیر و ئەکادیمی و نووسەرەوە ئامادەنین خۆیانی لێدەن، بەڵکو دێن و فەزای ئێمەش داگیر دەکەن بەوەی مافی ژن چییە و تەنانەت ئێستا دەیانەوێت فێمینیزم لە ڕوانگە و دونیابینیی ئەوانەوە فێربین. من خۆم ئەمە بە سوودبەخش نازانم بۆ دۆزی ژن، چونکە بە هۆی ئەو زوڵمە مێژووییەی بەرامبەر ژنی کورد کراوە، چ لە لایەن پیاوی کورد و چ لە لایەن پیاوی سەردەستەوە، وایکردووە ژنی کورد زۆر بە ئەستەم بتوانێت خۆی بناسێت و ببێتە خاوەن ڕوئیا و دونیابینیی خۆی، هەر بۆیەش زۆر جار دەبینین، پەنا دەبەنەوە بەر پیاو و تەنانەت لەسەر پرسی ژنیش ئەوەندەی قسەی پیاو دەچێت بەگوێیاندا ئەوەندە قسەی ژنانی تر ناچێت بە گوێیاندا. زۆر جار لە ژن بوون و بیرکردنەوە لە زوڵم و چەوسانەوەی خۆیان ڕادەکەن و لەژێر پاساوی ئەوەی ژنیش مرۆڤە، دەبێت خەبات بۆ مافی مرۆڤ بکرێت. ئەم پاساوانە ئەوەندەی ڕاکردنە لە ڕاستییەکی تاڵی ژن بوون و چەوسانەوە، ئەوەندەش ڕاکردنە لە بیرکردنەوە و قوڵبوونەوە لەم زوڵمە مێژووییە. دیارە من دەزانم ئاسان نییە بۆ هەموو ژنێک، ڕاشکاوانە بنووسێت و کار بکات و قسە بکات لەسەر ئەم پرسە، چونکە ئەوەندەی دوژمنی بۆ دروست دەبێت لەناو پیاوان و ژنانیش نیو ئەوەندە لایەنگری بۆ دروست نابێت، ئەمەش بە هەموو ژنێک تەحەمول ناکرێت. چونکە تێپەڕاندنی مێنتاڵیتی زەعیفە و کۆیلە، کاتی زۆر دەوێت.


بەرەو ئایندەیەک بۆ لەیەک تێگەیشتن و خەباتی سەرتاسەری

مێژووی توندوتیژی و سەرکوتی ژنان، نابێت ئێستا و ئایندەی ژیان و پەیوەندییەکانمان تاریک بکات، بەڵکوو بە ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە و پێشنیاری ئەڵتەرناتیڤی ڕادیکاڵانە، دەکرێت بەردی بناغەی ئایندەیەک دانێین کە لەسەر بنەمای تێگەیشتن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بێت لە لایەن هەردوو ڕەگەزەوە.

من لە دژی کردنەوەی بەرەیەکم لە دژی پیاو، یان بەرەیەکی ژنانە بە تەنها، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت هاوسەنگی دروست بکەین بۆ کار و خەباتی هاوبەش، ئەگەر نیوەکەی تری کۆمەڵگە کە پیاون، هیچ پرسیار لەسەر پیاوگەرایی و ئیمتیازاتی پیاوانەی خۆیان دانەنێن. خەباتی ئێمە نوقسان دەبێت ئەگەر بە ڕاشکاوی و ڕاستگۆیانە بە پیاوەکان نەڵێین کە کاتی ئەوەیە ئێوەش بە ئەرکی خۆتان هەڵستن و لەجیاتی ئەوەی لە کۆڕ و سیمینار و سۆشیال میدیادا نەسیحەتی ئێمە بکەن و باسی مافی ژن بکەن، تکایە باسی توندوتیژیی پیاوانە بکەن، باسی ژەهرەکانی پیاوسالاری بکەن بۆ هاوڕەگەزەکانتان. بۆ ئازادبوونی هەردوولا پێویستە پیاویش لەناو هاوپیشە و هاوبیر و هاوڕەگەزەکانی خۆیاندا بکەونە دیبەیتکردنی ئەو دەردانەی کە سەدان ساڵە ژن و پیاوی کردۆتە دوژمن لەیەک، کە ئیمتیازی پیاو بوون، پیاوگەرایی و توندوتیژیی پیاوانەیە کە زادەی ئاین و سیستمە ئابووری و سیاسییە یەک لەدوا یەکەکانن. لێرەوە هەڵبەت ئێمە خەباتێکی گەورەترمان لە پێشە کە ئەویش شەڕە لە دژی کۆی سیستم، خەبات لە دژی بەتایبەتیکردنی هەموو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری، لەناوبردنی جیاوازی چینایەتی و ڕەگەزی، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هەموو کەسێکە، هەموو ڕەگەزەکان.

ژنان و پیاوان بەتایبەت کاتێک کە پیاوانیش بە ئەرکی خۆیان هەڵسان و هۆشیارییان لای خۆیان و هاوڕەگەزەکانیشیان دروست کرد لە دژی ژن-ئازاری و توندوتیژی، ئەو کات ئەم دوو مرۆڤە دەتوانن لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و ئابووریی مەدەنییانەدا بە ئاشتییانە هەڵبکەن.


سەرچاوەکان:


[1] Lerner, Gerda. The Creation of Patriarchy. Oxford University Press, 1987.

[2] Federici, Silvia. Wages against Housework. London: Power of Women Collective, 1975. Print.

[3] Engels, Friedrich, 1972, The Origin of the Family, Private Property and the State, in the light of the researches of Lewis H. Morgan, New York: International Publishers [1942]

[4] Walby, S. 1990. Theorizing Patriarchy. Blackwell Publishers Ltd.: Oxford, UK and Cambridge USA

[5] Millett, Kate. Sexual Politics. Urbana: University of Illinois Press, 2000. Print.

[6] Marx, Karl, 1818-1883. The Communist Manifesto. London ; Chicago, Ill. :Pluto Press, 1996.

[7] Schuessler, Jennifer؛ The Complex History of the Women’s Suffrage Movement, 2019 The New York Times,:https://www.nytimes.com/2019/08/15/arts/design/the-complex-history-of-the-womens-suffrage-movement.html

[8] Petras, J (1999) NGO’s: In the Service of Imperialism; Journal of Contemporary Asia 29(4):429-40.