دە ئایدیای مارکسیستی کە سەدەی ٢١ پێناسە دەکەن

گرنگ نییە ماشینی پڕوپاگەندەی سەرمایەداری چەند سەخت هەوڵ بدا کە نکۆڵی لە شرۆڤە و ئەنالیزەکانی مارکس بکات، بەڵام ئایدیاکانی ئەو بۆ ماوەیەکی درێژ بەسوود، پایەدار ماونەتەوە و دەمێننەوە.

هەر جارێک کە زەنگی مەترسیی قەیرانێکی ئابووریی دیکە لێدەدرێ، فرۆشی کتێبەکانی کارل مارکس بەخێرایی بەرز دەبێتەوە. کەسانی دەگمەنی وەک ئەم بیرمەندە ئەڵمانییەی سەدەی ١٩ تێدەگەن کە سەرمایەداری چۆن کار دەکات و ئاکامەکانی بۆ مرۆڤایەتی چییە.

گرنگ نییە کە ماشینی بانگەشە و پڕوپاگەندەی زاڵ و هەژمونیک چەند هەوڵی داوە کە شرۆڤە و ئەنالیزەکانی مارکس ڕەت بکاتەوە و فەرمانی مەرگی ئەو ئایدیانە دەربکات کە ئەو ژیانی خۆی بۆ تەرخان کردوون، بەڵام مارکسیزم بەرگریی لە ئەزموونی زەمەن و ڕەوایەتی خۆی کرد- نەک تەنیا وەک شێوازێک بۆ تێگەیشتن لە جیهان- بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی جیهان سەلمێنراوە.

دوو سەدە پاش لەدایکبوونی مارکس، گرانما ئەنتەرناسیۆناڵ، دە پێشبینی مارکس کە دەرخەری شێوەی سەدەی ٢١ـە بۆ ئێوە دەخاتە ڕوو.

سەرمایەداری هەسارەکەی ئێمەی گەیاندووەتە لێواری داڕووخان

١. کۆکردنەوە و بەناوەندکردنی سەرمایە

مارکس لە شاکارەکەیدا “کاپیتاڵ”، بەرهەمهێنانەوەی ئابووریی لە سەرمایەداریدا پێناسە کرد و ویست و مەیل بە کۆکردنەوە و بەناوەندکردنی سەرمایەی پێشبینی کرد.

لە کاتێکدا لە لایەنی یەکەمدا ئاماژە بۆ کؤکردنەوە(کەڵەکەکردن)ی زێدەبایی دەکات- بەهایەک کە لە لایەن هێزی کاری کرێکارانەوە (زێدەکاری) دروست کراوە و، لە لایەن سەرمایەدارەوە وەک سوود دەستی بەسەردا دەگیرێ- قۆناغی دووەم زیادبوونی سەرمایە لە ئاکامی لێکدانی چەندین سەرمایەدار لە خۆ دەگرێ، کە تاڕادەیەک هەمیشە بە هۆی مایەپووچی یان قەیرانی ئابووری ئامێتە دەبن. ئاکامەکانی شرۆڤە و ئەنالیزانە بۆ بەرگریکارانی توانایی “دەستی کورتی بازار” لە دابەشکردنی ساماندا، ڕووخێنەرە.

بەو شێوەیەی کە مارکس پێشبینی کرد، یەكێ لە تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری لە سەدەی ٢١دا گەشەی کەلێنی نێوانی هەژار و دەوڵەمەندە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئۆکسفام ٨٢٪ لە سامانی بەرهەمهاتوو لە سەراسەری جیهان لە ساڵی ٢٠١٧ چووەتە گیرفانی ١٪ی دەوڵەمەندترین دانیشتوانی جیهان، لە کاتێکدا کە ٣.٧ ملیارد کەس، نێوەی هەژارترین دانیشتوانی جیهان، هیچ گەشەیەکیان لە سامانەکەیاندا نەبووە.


٢. ناسەقامی سەرمایەداری و قەیرانی خولی

فەیلەسوفە ئەڵمانییەکە یەکێ لە یەکەمین کەسانێک بوو کە پەی بەوە برد کە قەیرانە ئابوورییەکان لە سیستەمی سەرمایەداری هەڵە نەبوون، بەڵکوو یەكێکە لە تایبەتمەندییە جەوهەرییەکانیەتی.

تەنانەت ئەمڕۆ هەوڵ دەدرێ ئایدیای جیاواز بخرێتە ڕوو.

لەگەڵ ئەمەشدا، لە داتەپینی بازاڕی پشکەکانی ساڵی ١٩٢٩ بگرە، تا قەیرانی ساڵەکانی ٢٠٠٧-٢٠٠٨، بنەما و ڕێڕەوگەلێکی ئاشکرا هەن و پەیڕەوی لەو گەڵاڵانە دەکەن کە لە لایەن مارکسەوە داڕێژراوە. لەم ڕووەوە تەنانەت دەستڕۆیشتووەکانی “واڵ سترێت” بۆ دۆزینەوەی هەندێ وەڵام دەگەڕینەوە بۆ لاپەڕەکانی “کاپیتاڵ“.


٣. ملمڵانێی چینایەتی

بەو شێوەیەی کە ئێمە لە مانیفێستی کۆمۆنیست کە لە لایەن مارکس و فریدریش ئەنگلسەوە نووسراوە، دەخوێنینەوە؛ ڕەنگە یەکێ لە شۆڕشگێرانەترین ئایدیاکانی مارکسیستی ئەم تێگەیشتنە بوو کە “مێژووی هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی تا هەنووکە هەبووە مێژووی ململانێی چینایەتییە.”

ئەو تێزە هزری لیبراڵی خستە قەیرانەوە. بۆ مارکس، دەوڵەتی سەرمایەداری ئامرازێکی تری چینی سەردەستە کە لەسەر ئەوانی تر زاڵ بێت، لە کاتێکدا کە بەهاکانی خۆی و چینی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە.

سەدە و نیوێک پاشتر، ململانێ کۆمەڵایەتییەکان لە جەنگی نێوان ١٪ زاڵ و سەردەستە و ٩٩٪ ئەوانی تر ڕووی دا.


٤. سوپای پاشەکەوتی پیشەسازی

بەگوێرەی وتەی مارکس، سەرمایەدار پێویستیەتی حەقدەستی کرێکارەکان لە کەمترین ئاستدا بهێڵێتەوە تا بتوانێ زۆرترین سوود و قازانج بکات. ئەمەش تا کاتێ دەتوانێ سەرکەوتوو بێت کە کرێکارێکی تر چاوەڕێیە جێی کەسێک بگرێت کە ئامادەی قبوڵکردنی وەها هەلومەرجێک نییە. ئەمە ئەو شتەیەکە مارکس ناوی ناوە “سوپای پاشکەوتی پیشەسازی”.

ئەگەرچی ملململانێ و تێکۆشانی یەکێتییە کۆمەڵایەتی و کرێکارییەکان لە سەدەی ١٩ تا ئەمڕۆ توخمگەلێک لەم هەلومەرجانەیان گۆڕیوە، بەتایبەت لە وڵاتە گەشەکردووەکان، بەڵام هەوڵ بۆ حەقدەست و کڕێی کەم هەروا لە بەشی بازرگانیدا بەردەوام و پایەدارە.

بە درێژایی سەدەی بیست، کۆمپانیا بەرهەمهێنانە گەورەکان لە ئەوروپا ویلایەتە یەکگرتووەکان لە گەڕان بەدوای هێزی کاری شارەزا کە هەرزان بێت گوێستیانەوە بۆ ئاسیا.

ئەگەرچی دەوڵەتەکانی دوایی، ئاماژە بە لەدەست دانی کارەکان لە ڕیگەی ئەم پرۆسەیە دەکەن، بەو جۆرەی کە دەوڵەتی ترەمپ لە ئەمریکا کردوویەتی، بەڵام واقیعیەت ئەوەیە کە ئەم کۆمپانیایانە بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی کاری هەرزان، توانیویانە نرخی بەرزی خۆیان بپارێزن.

بە سەرنجدان لە حەقدەست، توێژینەوە هەنووکەییەکان دەریدەخەن کە دەسەڵاتی کڕینی کرێکاران لەو ڕوانگەیەوە کە چی دەتوانێ بکڕێ و، نەک بەهای ناڕاستەقینە ئەوان، لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ نزیکەی سی ساڵی رابردووە، ڕوو لە دابەزین بووە. کەلێنی کڕێی بەینی هەڵسووڕێنەران و کارمەندانی ئاستی خوارەوە گەورەتر بووە.

بەپێی وتارێک لە ئێکۆنۆمیست، لە کاتێکدا کە لە دوو دەیەی ڕابردوو کرێی کرێکاران لە وڵاتانی وەک ئەمریکا نەگۆراوە، بەڵام مووچەی بەڕێوەبەران و هەڵسووڕێنەران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە: ئەوان بە شیوەیەکی مامناوەندی لە داهاتی ٤٠ هێندەوە بۆ ١١٠ جار زیاریان بردووە.


٥. ڕۆڵی نیگەتیڤی سەرمایەی دارایی

لە کاتێکدا کە مارکس میکانیزمەکانی چەوسانەوەی جەوهەری لە پرۆسەی کۆکردنەوەی سەرمایە دیاری دەکات، بەتایبەت ئەو ڕەخنەگری سەرمایەی داراییە، کە ڕۆڵی مادیی ڕاستەوخۆی لە ئابووریدا نییە، بەڵام بە شێوەی “ناڕاستەقینە” دروست کراوە، وەک بەڵێندەری و گرێبەست.

لە سەردەمی ئەودا، کەس نەیدەتوانی گەشەسەندنی مۆدێرنی ئەم بەشە لە ئابووری وێنا بکات، بەڵام ئەمڕۆ بە هۆی بەکارهێنانی کۆمپیوتەرەوەیە کە مامەڵە دارایییەکان بە خێرایی تیشک ئەنجام دەدرێن.

تێڕامان و وردەکاری میکانیزمە ئاڵۆزەکانی دارایی- وەکو “ساب پرایم” کە قەیرانی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ ی وەڕێ خست- هەنووکە جەخت کردنێکی تۆکمەیە لەسەر سەرنج و نیگەرانییەکانی مارکس.


٦. دروستکردنی پێداویستییە درۆینەکان

سەدەی نوزدەیەم هێشتا دەنگی برەوی ڕاگەیاندنی بازرگانیی لە ڕادیۆ نەبیستبوو و لە تەلەڤیزیۆن نەبینیبوو، چ بگا بە میکانیزمە دەگمەنە مۆدێرنەکان بۆ ریکلامی ئەنتەرنێتی، بەڵام مارکس پێشتر هۆشداری دابوو لەبارەی تواناکانی سیستەمی سەرمایەداری بۆ خوڵقاندنی لەخۆنامۆبوون و پێداویستییە درۆینەکان.

ئەو زیاد لە١٥٠ ساڵ پێش پێشبینی کرد کە: “گەشەی بەرهەمەکان و نیازەکان دادەهێنرێن و زیاتر لە پێشتر ملکەچی تامەزرۆی نامرۆڤانە، ئاڵۆز، ناسروشتی و خەیاڵییانەیە”.

لە دنیای ئەمڕۆدا، موبایل فۆن لە چەند مانگدا کۆن دەبێ و، پیشەسازی ڕیکلامیش بەرپرسیاری و ئەرکی ئەوەیە کە بەکارهێنەران ڕازی بکات کە دوایین مۆدیل بکڕن. هەروەها، بۆ شتومەکی ماڵەوە بە جۆرێک بە بەرنامەڕێژی کار لەسەر لەبرەوکەوتوویی دەکەن، تا دڵنیایی بدەن کە پاش چەند ساڵ لە کار دەکەون و لە ئاکامدا پێویست بە گۆڕێنیان، دێتە ئارا.


٧. گلۆبالیزیشن

مارکس و ئەنگلس لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا نووسیویانە کە: “بۆرژوازیی بۆ فراوانکردنی هەمیشەیی بازار بۆ بەرهەمەکانی، پێویستیەتی بۆ سەراسەری جیهان بڕوات. دەبێ لە هەموو شوێنێ لانە دروست بکات، نیشتەجێ بێ و، پێوەندیی دروست بکات”.

وێنای ئەوان لە بەجیهانی بوونی بازاڕەکان، هاوشان لەگەڵ سەپاندنی کولتوورێکی دیاریکراو لە لایەن بەکارهێنان، ناتوانێ وردتر بێت.


٨. سەرێتیی مۆنۆپۆلەکان

هەر ئەو کاتە، ئەم ڕێڕەوە لەگەڵ هاتنەئارای مۆنۆپۆلە فرەوڵاتییەکان هاوشان بووە. لە کاتێکدا تیۆری ئابووریی لیبڕالی کلاسیک وێنای دەکرد کێبەرکێ دەبێتە هۆی پارستنی فرەیی خاوەنداریەتی، مارکس هەنگاوێک زۆرتر چوو و خواستی بازاڕی بۆ تێکەڵ کردن لەسەر بنەمای یاسای بەهێزترینەکان، دەستنیشان کرد.

کۆمپانیا گەورەکانی میدیا، تەلەفون و، گروپەکانی بەرهەمهێنان/گەورە کۆمپانیاکانی نەوت تەنیا هەندێ لە نموونە هەنووکەییەکانی پرۆسەیەکە کە لە لایەن مارکسەوە باسکراوە.


٩. سەرمایەداری ڕوو لە مەرگ

مانیفێستی کۆمۆنیست یەکێ لە ڕۆشنگەرانترین کاردانەوەکانی هزرەکانی مارکس و ئەنگلس لەبارەی سەرمایەداری: “هەرچی کە ڕەقە، لە هەوادا دەبێتە هەڵم”.

مارکس و ئەنگلس ماهیەتی داهێنەرانە و لە هەمان کاتدا خۆوێرانگەریی سەرمایەدارییان دەرک کرد، کە بۆ دەستکەوتنی قازانج بەهەر نرخێک، بنەمای نامرۆڤانە لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی بی سەقام دەسەپێنێ.

رێک ئەمە ڕەوەندێکە کە ئێستا هەسارەکەی ئێمەی گەیاندووەتە لێواری داڕووخان.

لە ڕوانگەی زانستییەوە کاریگەریی مرۆڤەکان لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان سەلمێنراوە، گەرچی هەندێ سەرۆککۆمار، وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا، هێشتا ڕەتی دەکاتەوە.


١٠. پۆتانسیەلی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار

گەورەترین کاریگەریی مارکس لەسەر مێژوو، شرۆڤە و ئەنالیزە قووڵەکانی لەسەر هاودژییەکانی سەرمایەداری نەبوو، بەڵکوو بانگهێشتی ئەو بۆ پێکهێنانی جۆرێک لە کۆمەڵگەیەکی نوێ لەسەر بنەمای کۆمۆنیزم بوو.

ڕاسپاردەی ئەو کە پرۆلیتاریا خودان پۆتانسیەلێکن بۆ ئازادیی خۆیان لە ستەم و نابەرابەری، بۆ هەمیشە سەدەی بیستەمی گۆڕی و سەرۆدەری شۆڕشەکانی ڕوسیا، چین، ڤیتنام و کوبا، لەنێو وڵاتانی تریش بوو. بانگهێشتەکەی بۆ یەکێتیی کرێکاران لە سەدەی ٢١ بە شێوەکەی تەواوەتی جێی باوەڕ و ڕەوا دەمێنێتەوە.