فیلمی دارگوێز و
دیسان بەکارهێنانی کورد بۆ سینەمای بەرگریی پیرۆز

فیلمی ئێرانیی “دارگوێز” یان داری گوێز، لە دەرهێنانی دەرهێنەری ئێرانی “محەمەد حسێن مەهدەویان” و سینارۆیی “ئیبراهیم ئەمینی و حوسێن حوسێنی”، لە ساڵی ٢٠١٩ بەرهەم هێنراوە.  لەبەر ئەوەی چیرۆکی فیلمەکە دەربارەی نەهامەتی و کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشتی ڕۆژهەلاتی کوردستانە لە ڕۆژانی ڕابردوو لە سینەماکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان نمایش کرا. فیلمەکە لە سێ کاتی جیاواز (١٩٨٧)، (٢٠٠٥) و (٢٠١٧) بەسەرهاتی پیاوێکی کورد بە ناوی قادر مەولان پور (لە ڕۆڵگێڕانی پەیمانی مەعادی) دەگێڕێتەوە.

پۆستەری فیلمی “دارگوێز”

کاتێک تەماشای فیلمەکە دەکەیت بەتەواوی دەتوانی لەوە تێبگەی و بیبینی کە ئەم فیلمە، دەچێتە خانەی سینەمای بەرگری (کە لە ئێران پێی دەڵێن سینەمای بەرگریی پیرۆز، کە زۆرینەیان باس لە شەڕی ئێران و عێراقە ١٩٨٠-١٩٨٨)، لەم فیلمەشدا جارێکی تر کورد وەکوو ماتریاڵێک بۆ خزمەتی پێناسەکردنی تاکی فارس و دەسەڵاتی فارس(کۆماری ئیسلامی) بەکار هێنراوە. بۆیە بینەری کوردیش بەهۆی نەبوونی فیلمێکی شایستە بە کارەسات و نەهامەتییەکان و هەروەها جینۆسایدەکانی کورد و، ئیش نەکردنی کورد لەسەر دۆزی خۆی و پشتگوێ خستنی سینەما و نەبوونی هۆشیاریی بەرامبەر گەورەیی و گرنگی سینەما وای کردووە کە فیلمێکی بەتەواویی بەرگریی فارسی بە فیلمێکی کوردی ببینن و، پەسنی فیلمەکە بکەین بەوەی کە ئازارەکانی کورد دەگێڕێتەوە. (وەک ئێستا کەڕۆژانە دوای بینینی ئەم فیلمەوە لە لایەن بینەرانی کوردەوە دەیبینین)

هەموو ئەو فیلمانە دەچنە خانەی ئەم سینەمایەوە ناتوانن بەرگێکی باش بەبەر کەسایەتیی کوردیدا بکات، یان کورد دڕندەیە و شایەنی لەناوبردنە یاخود کۆمەڵگەیەکی نەخوێنەواری فیوداڵییە و هتد.

هەر چەندە لەو سینەمایە (واتە لە سینەمای بەرگریی پیرۆز)دا، کورد هەمیشە ماتریاڵێک بووە وەک شوێنی بەزەیی و قوربانی، بەڵام هەندێک جار هەر لە سینەمای بەرگریی پیرۆزدا، کورد دوژمنێکی پیس و شایەنی جینۆسایدە وەک لە فیلمی (چ) ۲۰۱٤ لە دەرهێنانی (ئیبراهیم حاتمی کیایە). بۆیە هەم ئەم فیلمە و هەم هەموو ئەو فیلمانە دەچنە خانەی ئەم سینەمایەوە ناتوانن بەرگێکی باش بەبەر کەسایەتیی کوردیدا بکات، یان کورد دڕندەیە و شایەنی لەناوبردنە یاخود کۆمەڵگەیەکی نەخوێنەواری فیوداڵییە و هتد.

لە دەسپێکی فیلمی (دارگوێز)دا کۆمەڵێک چیرۆک بە خێرایی بەسەر یەکدا پیشان دەدات کە زۆربەیان هیچ گرنگییەکیان نییە لەوێدا بینەر تووشی شپرزەیی دەکەن، دواتر کرێکارەکان دەبینین کە خەریكی کارکردنن بە جل و بەرگێک کە هی ساڵی ( ٢٠١٨ و ٢٠١٩)ی کاتی بەرهەمهێنانی فیلمەکەیە نەک ساڵانی هەشتاکان، هەڵبەت لەو ڕووەوە سینەمای ئێران لەوە پێشکەوتووترە کە کێشەی جل وبەرگی هەبێت، بەڵام لێرەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە هێند گرنگی بە بابەتی بەرگرییەکە دراوە لایەنە هونەرییەکانی پشتگوێخراون و گرنگ نەبووە بۆیان.

پیشاندانی ئەو خزمەتگوزارییە خێرایانەی کە بۆ نەخۆشەکان دەکرا گواستنەوەیان بۆ تاران لە ڕێگای فڕۆکە و بەکارهێنانی ئەمبوڵانس بۆ گواستنەوەی تەرم، پیشاندانی تاکی فارسی ئێرانی وەکوو مامۆستایەکی میهرەبان وەکوو پزیشکێکی دڵسۆز و پەرەستاری میهرەبان و پاسەوانی بە هەڵویست، لە کاتێکدا پاڵەوانی فیلمەکە کە ناوی “قادر”ە و پیاوێکی کوردە نەیدەزانی بەسەر شەقامەکاندا بڕوا بە ناو گوڵ و درەختەکانی سەر شەقامەکەدا دەڕۆشت چاوەڕوانی گەیشتن بە وێستگەی پاسەکەی نەدەکرد، دادەبەزی… لەناو هۆڵی نەخۆشخانەکەدا جگەرەی دەکێشا، بە هۆی لەدەستدانی خێزانەکەی گرنگی بە نەخۆشەکانی دی نەداو زیانی لە کەلوپەلی نەخۆشخانەکە دەگەیاند.

 کاراکتەری کورد لەم فیلمەدا کاراکتەریکی پاسیڤە و هیچ ناکات بەڵکوو کاری لەسەر دەکرێ، قادر تەنها باوکێکی باشە ئەوەی قادر وەکوو باوکێک دەیکات بۆ خانەوادەکەی مامۆستا فارسەکەش هەمان شتی دەکات بۆ خانەوادەی قادر، کەواتە ئەو سۆز و میهرەبانییەی لە باوکێکی کوردیدا پیشانی دەدا بە چەن ئەوەندە زیاتر لە تاکی فارسدا پیشانی دەدا بەرامبەر کورد، لە کاتێکدا ئێمە باش دەزانین هیچ کات فارس نەتەوەیەکی هاوسۆز نیە بۆ کورد و دیاردەی لە سێدارەدانی تاکی کورد لە ئێراندا ڕەنگە ساناترین کار بێت کە کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە کوردەکان دەیکات، دروستکردنی بارودۆخێکی ئابووری سەخت کە زۆربەی گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد بە کۆڵبەر و لەو ڕێگایەدا تووشی جۆرەها شێوازی مردن بوونەوە (هەر لە ڕەق بوونەوە لە سەرمادا و مین پێدا تەقینەوە و تا دەستڕێژی گولەکانی سوپای پاسداران)، دەسەڵاتێک کە ئەم گوزەرانەی بۆ کۆمەڵگایەک دروست کردبێت ناکرێت ئەوەندە میهرەبان بێت وەک لە فیلمی دارگوێزدا دەیبینین،

ئەمە جگە لەوەی خودی کورد لەناو جەنگی (عێراق- ئێراندا) بووە بە قوربانی و هیچ لایەک گرنگی نەداوە بە کوشتنی خەڵکی نەتەوە کورد لەو نێوەندەدا، بەڵام ئێستا لە ڕێگای سینەماوە، وەکو نەتەوەیەکی هاوسۆز و بە هەوڵ لەو دۆخەدا خۆیان نیشاندەدەن ئەمەش ئەو مەعریفەیەیە کە سیاسەتی فارسی  درکی پێ کردووە لە سینەمادا و کاری لەسەر دەکات و هێزی سینەما بەکار دەهێنێت. هەمان ئەو داواکارییەی کە چەندەها ساڵە سینەماکارە کوردەکان بە تکاوە لە دەسەڵاتی کوردی داوا دەکەن لە گرنگی ئەم هونەرە تێبگات و دەرفەتی کار کردنیان پێ بدات، بەڵام دەسەڵاتی کوردی نەک کارئاسانی ناکات  بۆ دروست کردنی فیلم و سینەمای کوردی، بەڵکوو لە پاڵ هونەرەکانی دیکەشدا ئەرزشی فیلم و سینەمایشی نەهێشت، کەرامەتی هونەرمەندی شکاند، ئەوەندە بە حیزبی کردوون و خۆیان و کارەکانیانی خستۆتە خزمەتی حیزبەوە. بە مانایەک هەموو ستراتیژ و خەون و سیاست و کولتووریی نەتەوەیی و نیشتمانی کورت کراوەتەوە بۆ ڕوانگەیەکی زۆر تەسکی حیزبی و لەوێشدا کورتتر کراوەتەوە بۆ شەڕی لۆکاڵییانەی حیزبی.

دەگەڕێمەوە سەر فیلمی دارگوێز، فیلمەکە جگە لە پێشاندانی ڕوویەکی جوانی ئێران و دەسەڵاتەکەی ئەبێت بە سەرچاوەیەکی داهاتی باش کاتێک خەمی کورد و جینۆسایدکردنی دەکات بە بابەتی خۆی بینەرێکی زۆری کوردی و جیهانی دروست دەکات، چونکە چیرۆکە ئێرانییەکان سواون ئەوەندە خۆیان جویوەتەوە و کاریان لەسەر کردوون، ئەو فیلمە فارسییانەش کە خەڵاتی باشیان بەدەست هێناوەوە پێگەیان لە سینەمای جیهانیدا گرتووە ناتوانن خزمەت بە دەسەڵاتی فارسی بکەن چونکە ئەو فیلمانە خۆیان دژە دەسەڵاتن.

کەواتە کۆماری ئیسلامی جارێکی تر هەڵدەستێت بە بەکارهێنانی کورد لە خزمەتی دەسەڵاتی ئێرانیدا.

 لە کۆتاییی فیلمەکەدا بە دروستکردنی (ژینە)ی کورد و (ژینە)ی فارس دەیەوێت پێمان بڵێت فارس بوون چ خۆشبەختیەکە!

 بۆ ژینەیەکی ون بوو کە لە خانەوادەیەکی کورد ون بووە و ئەشێ لە خێزانێکی فارسدا گەورە بووبێت، هەموو ڕێگاکانی خۆشبەختی ژینە، دەبەستێتەوە بە فارس بوونیەوە ئەگەر ژینە بگەڕایەتەوە سەردەشت دەبوو بە کچێکی نەخوێنەوار یان نەخۆش یان هەر دۆخێکی خراپی دی، بەڵام لە خۆشبەختی ژینە شەرەفی فارس بوونی پێبڕا و بوو بە کچێکی دڵ خۆش کە دەشێت میوزیسیانێک یان پزیشکێک یان مامۆستایەکی فارس بیت و ئاسودە بێت!

ئەی چی دەربارەی ئازادییە بەر تەسکەکەی ژینە ئەگەر فارس بێت؟ ژینە کچێکە کە ڕەنگی جلەکانیشی سیستەم و دەسەڵات دیاری دەکات، هیچ کات ناتوانیت ببێت بە گۆرانیبێژێک و گۆرانییەک بە باڵای کوڕێکدا هەڵبات، ژینە و هاوڕێکانی ناتوانن ئاهەنگێک بگێڕن ناتوانن بچن بۆ سەیری یاری! ژینە ئەشی ئەندازیاری بیناسازی تەواو کردبێت و لە هۆتیلێکی تاران کاری ئوتوکردنی جلوبەرگ بکات… دوور نییە سیستەمی ئێرانی و دەسەڵاتەکەی ژینەیان کردبێت بە کیژێکی ئاڵودە، ئەشێ خراپی گوزەران و دۆخی ئابووری کردبێتیان بە بازرگانێکی مادەی هۆشبەر، ئەمڕۆ نا سبەی بگیرێت و لە سێدارە بدرێت.

بۆیە دەبێ لەگەڵ هەر فیلمێکی لەم چەشنە لە خۆمان بپرسین ئایا ئەم سینەما یان فیلمە لەگەڵ بەکارهێنانی خۆمان کارەساتەکانماندا چ خزمەتێکی بە دۆزی نەتەوە و نیشتمانەکەمان دەکات.