ژمارە (سێ)ی گۆڤارەی ژنەفتن بڵاو کرایەوە

بەرگی ژمارە سێێ گۆڤاری ژنەفتن

ژمارە (سێ)ی گۆڤاری ژنەفتن؛ کە گۆڤارێکی هزری و کولتووریی وەرزییە، تایبەتە بە وەرگێڕانی بابەتی تیۆری و هزری و ڕەخنەیی لە زمانی یەکەمەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.

تەوەری ئەم ژمارە (٣) لەبارەی (سینەما)وەیە. تەوەری ژمارەی داهاتوو (٤) لەبارەی (فاشیزم و ڕاسیزم)ەوەیە و دوایین کات بۆ وەرگرتنی بابەتی ژمارە (چوار)، سەرەتای مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ـە.

گۆڤاری ژنەفتن تاکە بڵاوکراوەی کاغەزی ماڵپەڕێ ژنەفتنە و بە هیچ شێوەک بابەتەکانی لە ئەنتەرنێت بڵاو ناکرێنەوە.

ستافی ئەم ژمارەیە:

سەرنووسیار: دلاوەر ڕەحیمی

بەرێوەبەری هونەری: گەیلان عەبدوڵا

دەستەی نووسیاران: (پێشڕەو محەمەد، سۆران عومەر، شادیار شۆڕش، فازڵ مەحموود، کازیوە. ک، مسلم ئەحمەدی، هەڵگورد سەمەد).

ئەم ژمارەیە بە پشتگیریی زۆر بەڕێز (دکتۆر هەڤین کەمال شامحەمەد) چاپ کراوە.

لەم هەفتەیەدا دەگاتە کتێبفرۆشییەکانی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی وڵات. لە ڕێگەی ماڵپەڕی ژنەفتن و پەیج و کەناڵەکانی ژنەفتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، زانیاریی لەبارەی دابەش کردن و ناوی کتێبفرۆشییەکان بڵاو دەکەینەوە.

وتارەکانی ئەم ژمارەیە:

گرتە لە سینەمادا

کریستۆفەر گیۆیۆن

لە فرەنسییەوە: فازڵ مەحموود

گه‌ر له‌ ڕۆماندا گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ بێت، ئه‌وا له‌ سینه‌مادا كامێرا ڕۆڵی گێڕه‌ره‌وه‌ له‌خۆ ده‌گرێت. ته‌كنیكی گرته‌كانیش لێره‌دا‌ شوێنی وشه‌كان‌ ده‌گرنه‌وه‌. له‌ سینه‌ماشدا هیچ گرته‌یه‌كی بێ ده‌لاله‌ت نییه‌ و، ئه‌ركی گرتنه‌كانیش به‌ گشتی پیشاندانی كۆی هه‌موو ئه‌و مه‌به‌ستانه‌یه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر ده‌یه‌وێت بیگوازێته‌وه‌ بۆ بینه‌ر و كاریگه‌رییان له سه‌ر دروست بكات. بۆیە جووڵه‌ی كامێرا و تۆماركردنی گرته‌یه‌كیش ده‌بێت هۆكارێكی له‌پشته‌وه‌ بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش گرته‌كان به‌پێی ژانری فیلمیش گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، واته‌ ڕێژه‌ی به‌كارهێنانی هه‌ر گرته‌یه‌ك له‌ گرته‌ جیاوازه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ جۆری ژانره‌كه‌ هه‌روه‌ها زه‌وق و سه‌لیقه‌ی ده‌رهێنه‌ریش. ئامانجی وه‌رگێڕانی ئه‌م وتاره‌یش لێره‌دا ناساندنی چه‌ند گرته‌یه‌كی به‌ناوبانگی سینه‌ماتۆگرافییه‌‌ بۆ‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی خولیای فیلمیان هه‌یه‌ و بینه‌ری جیدیی فیلمن. وه‌رگێڕانی ناوی گرته‌كان بۆ كوردی كه‌مێك ئه‌سته‌م بوو، چونكه‌ وه‌ك بزانم ئه‌م بواره‌ كه‌متر ئیشی تێدا كراوه‌ و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كیشم نه‌دۆزییه‌وه‌ كه‌ بزانم ئایا پێشتر ناوی ئه‌م گرتانه‌ كراون به‌ كوردی یاخود نه‌! ئینجا وه‌ك بزانم زیاتر ناوه‌‌ ئینگلیزییه‌كان به‌كار هاتووه‌، بۆیه‌ له‌ ته‌نیشت ناوی گرته‌كان به‌ فره‌نسی ، ناوه‌ ئینگلیزییه‌كانیشم نووسیووه‌ تاوه‌كوو خوێنه‌ر تووشی سه‌رلێشوان نەبێت.


فیلمی هاوچەرخ و بینەرانی، ١٩٢٨

زیگفرید کراکاوەر

لە ئەڵمانییەوە: پێشڕەو محەمەد

ئەم وتارە چڕ و کورتەی کراکاوەر کە بەگشتی لە جیهاندا بووە بە سەرچاوەی کلاسیک و سەرەکیی تیۆری فیلم، لەم تێزەدا پوخت دەکرێتەوە: فیلم ڕەنگدانەوەى كۆمەڵگایە، دەرهێنەرانی فیلم دەبێت چێژ و سەلیقەى گشتی ئاراستەیان بكات، چونكە فیلم بەرهەمێكی گرێدراوی پیشەسازییە و پێویستی بە كڕیاران (بینەران) هەیە. فیلم كۆمەڵگا بەو جۆرە پیشان دەدات كە دەیەوێت بیبینێت. فیلمەكان بریتین لە «ڕۆژانەخەون»ی كۆمەڵگا. لە فیلمدا ئارەزووە سەركوتكراو و كەبتكراوەكانی كۆمەڵگا پیشان دەدرێنەوە و بە شێوەیەكی خەیاڵیی بەدی دەهێنرێن.


پرسی چیرۆک لە فیلمدا

ڕۆبێرت مککی

لە ئینگلیزییەوە: مسلم ئەحمەدی

ئەمە یەکێ لە باسەکانی نێو کتێبێکی “ڕۆبێرت مککی”یە لەبارەی بونیادی ستایل و بنەماکانی فیلمنامەنووسی، کە لەم باسەدا دەپەرژێتە سەر هونەرەکانی چیرۆک کە بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی ئیلهامی ئێمەی مرۆڤ و چیرۆکی سەرەکی و لاوەکی و گرنگییان لە هونەری فیلمدا و بەشەکانی ئەم باسە بریتین لە: “داتەپینی چیرۆک”، “لەدەستچوونی پیشەی چیرۆک گێڕانەوە”، “پێویستبوونی چیرۆک”، “چیرۆک و گێڕانەوەی باش”، “چیرۆک و ژیان” و هێز و بەهرە” و…


شێوازە سینەماییەکان

ئێلن کەیسبیەر

لە ئینگلیزییەوە: مسلم ئەحمەدی

فیلم هەر لە سەرەتاوە خاوەنی شێوازە بەرچاوەکانی خۆی بووە. تێگەیشتن لە شێوازی فیلمسازێکش واتە تێگەیشتن لەو فۆرمانەی ئەو فیلمسازە بەکاریان دەهێنێت. لەم وتارەدا باس لە شیوازی فیلمە سەرەتاییەکان؛ ڕیالیزم و ئێکسپرێسیۆنیزم و گەشەکانی دوایی ئەو شیوازانە و ئەو شێوازانەی لە شیوازی ڕیالیستی جیابوونەتەوە و، هەروەها باسی هەر دوو دەستەی شیواز کە شیوازی قۆناخ و شێوازی جۆرە کراوە و ئینجا پەرژاوەتە سەر چۆنیەتی کارکردنی چەمکەکانی شێواز. هەروەها شیکاری بۆ دوو فیلم و جیاوازیی نێوان هەردوو شێوازی ڕیالیزم و ئێکسپرێسیۆنیزم خراوەتە ڕوو.


یادکردنەوەی پییەر پاولۆ پازۆلینی

لوکا پێرێتی

لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

ڕوانینێک لە ژیان و سیاسەتی سینەماکاری ئیتالی پییەر پاولۆ پازۆلینی وەک کۆمۆنیستێکی دژەباو. هەرچەندە حزبی کۆمۆنیست بە هۆی هۆمۆسێکسوالیتەی پازۆلینییەوە، ناوبراوی لە حزب وەدەرنا، بەڵام ئەو کۆمۆنیستێکی دژەباو بوو و لە هەموو تەمەنیدا وەک ڕێبوار و یارێکی پارتی کۆمۆنیست مایەوە.


گفتوگۆیەکی کورت سەبارەت بە سینەما و شانۆ

پییەر پاولۆ پازۆلینی

لە فڕەنسییەوە: فازڵ مەحموود

ئەم گفتوگۆیەی پازۆلینی بریتییە لە سێ گفتوگۆی کورتی ناوبرا لەگەڵ سێ ئەکتەری فیلمی “ئاخۆری بەرازە” ناوبراودا کە لە ساڵی ١٩٦٨ لە کاتی تۆمارکردنی فیمەکەدا کراون.


ئێرنست بلۆخ: نیوەشەو لە پاریسەکەی ودی ئالن

یان بریسەر

لە ئیمگلیزییەوە: شادیار شۆڕش

لەم نووسینەدا، خوێندنەوەیەکی قووڵ و فرەڕەهەندە بۆ فیلمە بەنێوبانگەکەی ودی ئالن؛ نیوەشەو لە پاریس، ئەمەش بە پشتبەستن بە تێزەکانی فەیلەسووفی مارکسیستی ئێرنست بلۆخ. لەگەڵ ئاشنابوون بە تێڕوانینەکانی بلۆخ لەمەڕ چەمکەکانی هیوا، خەونەشەو، خەونەڕۆژ، خەونی بەدیهاتوو و بەدینەهاتوو دەتوانین لەوە تێبگەین، کە ناواخنی ئەم فیلمە هەڵگری پەیامێکی ڕادیکاڵە بەرانبەر بە سەرمایەداری و هەوڵی خوێندنەوەی مرۆڤی ئێستا دەدات. هەر لە ڕێی خوێندنەوەی ئەم فیلمەوە پەیوەندییە دیالەکتیکییەکانی نێوان زەمەنی ڕابردوو و ئێستامان بۆ دەخاتە ڕوو.


خوێندنه‌وه‌یەك بۆ فیلمی “با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌مانبا”ـی كیاڕۆسته‌می

ڤەنسەن ئامیەل

لە فرەنسییەوە: فازڵ مەحموود

فیلمی “با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌مانبا” كه‌ ناونیشانه‌كه‌ی له‌ دێڕه‌ شیعرێكی فروغی فه‌ڕوخزاد وه‌رگیراوه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شاكاره‌ گرنگه‌كانی عه‌باسی كیاڕۆسته‌می كه‌ چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ گروپێك ده‌كه‌ن كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌رهێنه‌رێكی ته‌له‌ڤزیۆن سه‌ردانی گوندێكی كوردنشینی سه‌ر به‌ پارێزگای كرماشان به‌ناوی سیا ده‌ڕه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی مه‌راسیمی پرسه‌گێڕانی پیره‌ژنێك تۆمار بكه‌ن كه‌ له‌سه‌ره‌مه‌رگدایه‌. ئه‌م فیلمه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانی وه‌رگرتووه‌ و ڕه‌خنه‌گران زۆریان له‌سه‌ر نووسیووه‌. ئەم وتارە خوێندنەوەیەکی “ڤەنسەن ئامیەل”ی ڕەخنەگری فەڕەنسییە بۆ ئەم فیلمە.


ڕۆحی سینەما فەڕەنسایییە

کۆستا گاڤراس

لە فرەنسییەوە: هەڵگورد سەمەد

لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا، کۆستا گاڤراس دوایین فیلمی خۆی دەرهێنا بە ناوی «پێگەیشتووان لە ژوورەکەدا» کە باس لە قەیرانی نێوان یۆنان و ئەوروپا دەکات. فیلمەکە لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٩ لە سینەماکانی فەڕەنسا نمایش کرا. گاڤراس کە لە هەموو دنیادا ناوبانگی دەنگی داوەتەوە، هەنووکە هەست دەکا زیاتر فەڕەنسییە تا یۆنانی. ئەو بە هۆی دوو فیلمەوە بوو کە ناوبانگی گەیشتە هەموو دنیا؛ فیلمی Z کە ساڵی ١٩٦٩ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی بیانی وەرگرت. پاشانیش فیلمی “ددانپێدانان”  لە ساڵی ١٩٧٠ دەرچوو، کە هێشتا بەشێکە لە یادەوەریی خەڵک. “بیاتریس گریێ”ی ڕۆژنامەنووس ئەم دیمانەیەی لەگەل سازداوە بۆ رۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی.


کریستۆف کیشلۆڤسکی؛ دە پارچە نان، دە ڕێنیشاندەر

پیۆتەر فلۆرچک

لە ئینگلیزییەوە: کازیوە. ک

لێکۆڵەڕی پۆڵەندی ” پیۆتەر فلۆرچک” لە گەڕانەوەیدا بۆ زێدی خۆی و سەردانکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئیفلانکا (شوێنی ڕوودانی بەشێکی زۆری فیلمەکانی “دە فەرمایشت”ی کریستۆف کیشلۆڤسکیی پۆڵەندی) بە دوای پرسیاری نهێنییەکانی زیندوویەتی ئەم دە فیلمەدا دەگەڕێ. فلۆرچک ئەم نووسینەی بە چەندین جۆر بڵاو کردووەتەوە، کە ئەمەیان کورتترینەکەیانە.

   


چەمکە بنەڕەتییەکانی مێتافیزیک

مارتن هایدێگەر

لە ئەڵمانییەوە: سۆران عومەر

ئەم وەرگێرانه، بەشی سێیەمە لە پێشنمایشی کتێبی چەمکە بنەڕەتییەکانی مێتافیزک لە نووسینی فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدێگەر.

کتێبی چەمکە بنەڕەتییەکانی مێتافیزیک یەکێکە لە کتێبە بناغەییەکانی بیری مارتن هایدێگەر، تەنانەت وەک هاوکارێکی بەهێزیش دادەنرێت بۆ تێگەیشتن لە کتێبی بوون و کات لە کاتێکدا کە دوو ساڵ بەر پێشکەشکردنی ئەم وانەیە نووسراوە. لەم کتێبەدا هایدێگەر بۆ یەکەم جار قسە لەسەر کێشەی بوون هەبوون دەکات و تێیدا  ئەو باسە دەخاتە روو کە فەلسەفە لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا و تەنانەت لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا، دوای  گواستنەوەی فەلسەفە لە یۆنانەوە، مانای چەمکی  بوون- و هەبوون تێکەڵکراوە. ئەمەش بووەتە گرێیەکی گەورەی فەلسەفە لە تێگەیشتن لە بنەماکەی خۆی کە مێتافیزیکەوە و بە گوتەی ئەو واتە پرسیارکردنە لە بوونی مرۆیی. بەشی یەکەمی لە ژمارە (سفر)دا  و بەشی دووەمی لە ژمارە (یەک و دوو)دا بڵاو کراوەتەوە و لە ژمارەکانی دیکەشدا بەشەکانی دیکەی ئەم پێشنمایشە بڵاو دەکەینەوە.