سەبارەت بە نۆستالژیا

وەرگێڕانی: نارین سەلاحی سەنەندەج

ژەنەڕاڵ سەرکەوتنەکانی ئێستای بەهەند وەرنەدەگرت و بەردەوام دڵی لای شەڕڤانەکانی پەنجا ساڵی پێش ئێستا بوو.

ویلیام تێکری؛ بازاڕی خۆفرۆشی


سەدان ساڵە لە لادێیەکانی ئێمەدا گوێدرێژ، هەمان ئاژەڵی هێمن و بەتاقەت، تەنیا ئامێری گواستنەوە بووە و تەنانەت جارێک بینیومە کە پیاوێک لە هەمان کاتدا کە سواری گوێدرێژێکە ، سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبێکە و ئەم هەلەش لە کاتی لێخوڕینی سەیارەدا ناڕەخسێ. هەرچەند دڵگرانم لەوەی تا دێ ژمارەی گوێدرێژەکانی سەر مەزراکانی ئێمە کەمتر دەبێتەوە، بەڵام ئەوڕۆکە گوندنشینان بوونەتە هۆگری ئوتۆمبێلی جیپ.

محەمەدڕەزا پاڵەوی؛ ڕاسپاردەیەک بۆ نیشتمانەکەم


لە چاوپێکەوتنێکی دووبارەی ماڵی سەردەمی منداڵیمان، یەکەم هەستەکانی ئێمە ئەمانەن :ئایا ئەم ماڵە بەڕاستی ئەوەندە بچووک بو؟ لە پڕێکدا تێدەگەین کە ئەستێرکی ئەو کۆنەماڵە لە حەوزێکی چکۆلەش ئێجگار چکۆلەترە و سەری دارکاژەکەی پەنا دەستیشی ناگاتە ئاسمان و تەنیا تۆزێ لە سەربانی ماڵەکە بەرزترە. کە گەورە بووین تێدەگەین گچکە بوونی بەژنی منداڵانەی ئێمە، گەورەیی بە دار و دیواری ماڵێکی ئاسایی دەبەخشێ، ئەگینا ماڵی منداڵیشمان کەم تا کورت هەر شوێنێک بوو لە قەبارەی هەموو ئەو خانووانەی دواتر بینیومانن.

بە وەها هەستێک کە دڵ یاد لە بەهرەیەکی لەدەستچوو بکا، ئاخ بۆ ڕابردوویەکی دڵخواز و تێپەڕیو هەڵکێشێ یان بە هۆی دوورکەوتنەوە لە نیشتمان یان شوێنێکی ڕاستەقینە یان گریمانکراو کە تاک لێی بێبەش کراوە دەڵێن نۆستالژیا.

“مەلەکولشوعەرای بەهار” لە وەسفی ڕۆژگاری خۆشی لە دەستچووی پێش خۆیدا بە پەژارەوە دەڵێ:

سەرەتا پاناییی کاکۆڵەکان ئەوەندە بەرین نەبوو/دواتریش بیری لاوان ئەوەندە لاواز نەبوو.

بەهار لەم قەسیدە نۆستالژیکەدا بە نیازی گاڵتەبێژی نییە، بەڵام مەبەستی لە ڕۆژگاری خۆشی، بەرینی بیر و بەهێزبوونی بیری لاوان، سەردەمێک بوو کە لەوانەیە جگە لە دیوانی شیعری پێشینیان، هیچ کتێبێکی تر نەبوو، خەڵک شکاتی جەوری دەسەڵاتدارانی خوێنڕێژی بۆ بەر دەرگانەی خوا دەبرد، قاتوقڕی و پەتای کۆلێرا بەکۆمەڵ خەڵکی لە ناو دەبرد و لەسەر فەرمانی شا تاوانبارەکانیان لە سێدارە دەدا، یان لە پێش چاوی هەموواندا ملیان دەپەڕاندن. ڕەنگە ئێمەمانان بە چاوی ترس و سووکایەتییەوە لەو شتەی بۆ بەهار بووەتە  هەوێنی پەژارە و نۆستالژیا بڕوانین. لە ڕووی پانی و درێژبوونی کاکۆڵەوە، هاوردەکردنی هزر و بیری لاوان هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدان و ڕۆژباوبوونی جلی ڕۆژاواییدا. ئەوڕۆ کە سەیری وێنە کۆنەکان دەکەین دەبینین پیاوان تەنانەت لە دەشت و دەر و لە ڕۆژی سەیرانی نێو باخانیشدا، بۆینباخ بە ملیانەوە بوو و قژیان هەمیشە بریانتینی لێ درابوو، ڕوومەتە کۆنەکان، چ بە کاکۆڵ و بریانتین و چ بێ ئەوانەوە نۆستالژیا دەخولقێنن. قووڵتر بوونەوەی شوێن پێی کات بە ڕوومەتی بینەر و ڕەنگ دۆڕان یان بەگشتی لە دەستچوونی پرچی ڕەش هەست بە نۆستالژیا پەرە بێ دەدا.

لە ڕوانین بۆ دوور و تا ئەو کاتەی لە بابەتەکە نزیک نەبووینەتەوە، زۆر شت وەکوو ماڵە کۆنەکەمان گەورە دێنە پێش چاو. وێناکردنی خەڵکی ئەمڕۆ لە سترانبێژەکانی شایی دەرباری کۆشکەکانی سەردەمی کۆنی ئێران و ڕۆم و شوێنەکانی تر زیاتر خولیاییە: کۆمەڵێ ژەنیاری لێزان کە دەنگی ئەفسووناوی ئامێرەکەیان، بەردەنگ دەخاتە گێژی خەیاڵ و کەیف خۆشییەوە. بەڵگە مێژینەناسییەکان لە بابەتی مۆسیقادا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بە وەها ئامێر و وا زانیاریگەلێک لە مۆسیقادا دەرئەنجامی ئیشەکە زۆر کرچوکاڵتر بووە لەوەی ئێمە ئەوڕۆ بیری لێ دەکەینەوە. هەرچەند لە ئامێرە کۆنەکان جگە لە واڵەی بایی، برنجەیی و پاقری شتێک بەجێ نەماوە. لانی زۆر تەنیا دەنگێک کە توانیویانە لەو واڵە سەرەکی و بۆق ئاسایە دەریبێنن بۆ بیسەری ئاسایی خەیاڵاوی نییە تەنانەت بە زەحمەت دەبیسرێت. کاتێ گوێ لە بەرهەمهێنانەوەی مۆسیقای دەرباری ڕۆم دەگرین، ڕەنگە وا هەست بکەین کە کەواتە ژەنیاری باربود و نەکیساش شتێ بووە لە ئاستی مووسیقای دووتارژەنەکانی ئەوڕۆی لادێیەکانی خوراسان: بۆ موسافیر و تووریستی ناوخۆ یەک دوو چرکەیەک سەرەنجڕاکێشە بەڵام بە خێرایی ماندووی دەکا. ئەگەر شا و شاعیر و عاریفی سەردەمی کۆن بۆ چەند کاتژمێر و لە ڕاستیدا بە درێژاییی تەمەنیان گوێگری ئەم چەشنە مۆسیقایە بوون، کەواتە مرۆڤێکی بێبەش بوون کە هیچ کات نەیانزانیوە مۆسیقا چ واتایەکی هەیە.

 تەنانەت لە ئەورووپای سەدەی حەڤدەدا ئاراستەکردنی مۆسیقا لەگەڵ شێوەی باوی ئەوڕۆدا هیچ هاوشێوەییەکی نەبووە. لەو سەردەمەدا ڕێبەری ئۆرکێسترا -وەک کەسێکی جیا لە ژەنیارەکان کە دیاردەیەکی نوێ بوو- بە چێوێکی درێژەوە لە تەختی هۆڵەکەی دەکوتا .ڕێبەری کردنی ئۆڕکێسترا بە چێوێکی کورت و بێدەنگەوە لە دەستی ڕێبەردا دواتر داهات و ساڵگارێک دوای ئەوە بە کۆمەڵێ ئاماژەی سەرەتایی بۆ ژەنیارەکان کورت کرایەوە. سەبارەت بە بێتهۆڤن نووسیویانە: زۆر خراپ ڕێبەری دەکرد لەوانەیە کپ بوونەوەی گوێچکەی و پاشان کەڕ بوونی لە دوایین ساڵەکانی تەمەنیدا تا ڕادەیەک بەرگری لە ئیشەکەی دەکرد بەڵام لە ڕاستیدا شێوەی باوی ڕێبەری کردنی ئۆرکێسترا، بەم شێوازە پسپۆڕانەی ئەمڕۆ ساڵگارێک پاش مەرگی ئەو کامڵ بوو. گرووپێک لە ئەورووپادا لەسەر ئەو بڕوایەن کە هاوکات لەگەڵ مەرگی مۆتزارت سەرچاوەی هەموو جوانییەکانی جیهان وشک هەڵگەڕا و ئەمە بۆ مرۆڤایەتی کارەساتێکی ناخهەژێن و ئاوابوونێکی تاهەتایی بوو. ئەگەر بمانتوانیبا بە ماشێنی کات “ئێچ جی وێلز” بگەڕێینەوە بۆ سەردەمانی کۆن، شێوەی ئاراستەکردن و پرۆڤەی مۆسیقا لەو سەردەمەدا نە تەنیا بۆ ئێمە خولیایی نەدەبوو، بەڵکوو نائومێدکەر و تەنانەت بێزارکەریش دەبوو. لەسەر ئیزنی لایەنگرانی نوستالژیا و ئەندامانی ئەو جەماوەرە دەکرێ بڵێین بەرهەمەکانی مۆتزارت لە ڕۆژگاری ئێمەدا جوانتر و دڵخوازتر لە سەردەمی خۆی ئاراستە دەکرێ.

لەسەر ئیزنی لایەنگرانی نوستالژیا و ئەندامانی ئەو جەماوەرە دەکرێ بڵێین بەرهەمەکانی مۆتزارت لە ڕۆژگاری ئێمەدا جوانتر و دڵخوازتر لە سەردەمی خۆی ئاراستە دەکرێ.

لای هاووڵاتیی ئاساییی ئەمڕۆ کە بە چەشنێکی تر لە کەشێکی پڕ لە  ئاسوودەیی ڕاهاتووە ، هەندێ شوێنی وەک عالی قاپوو یان تەنانەت کۆشکی گوڵستان تەنیا چەند ڤیترینێکن بۆ سەیرکردن نە شوێنێک بۆ کار و ژیان. گۆڕانی کەرەستە ماتریاڵییەکانی ژیان بە چەشنێک گۆڕانکاری بەسەر شێوە بیرکردنەوەی مرۆڤدا دێنێ کە تەنانەت کۆشکی پاشا کۆنەکانیش وەکوو ماڵ سەیر ناکات. چەند کارخانەیەک تاک و تەرا هێشتا کاتژمێری میکانیکی چێ دەکەن و کەسانێک کاتژمێری کۆکدار بە باشترین کاتژمێر دەزانن. لێرەوە تەنانەت ناکرێ باس لە ڕاهاتن بکرێ، بە وەلانانی عادەتێک وەک کۆککردنی کاتژمێر لە ڕاستیدا نابێ هێندە دژوار بێ کە ببێتە هۆی خوماری یان خاوێر بوون. تەنانەت هەندێک لە لایەنگرانی کاتژمێری کۆکدار ڕەنگە نەکرێ لە ڕووی ڕواڵەتی کاتژمێرکەوە پەی بە چۆنییەتی شێوازی کارکردنی پشتی میلەکانی ئەو کاتژمێرە ببەن، بەڵام کاتێ لەم خاڵە تێگەیشتن، ڕەنگە لە بەرانبەر کاتژمێری دیجیتاڵیدا کاتژمێری کۆکی بە باشتر بزانن، تەنانەت کەسانێک بەبێ ئەوەی بڕوایان بە عیبایەت کردن لە کاتێکی دیاریکراودا هەبێ کاتی نوێ بە دەستکرد و ساختە دەزانن و بڕوایان بە پاپەندبوون بە هەمان کاتی کۆنە.

ڤلادیمر نابۆکۆڤ” هونەر وەک حەسرەتێک بۆ لە دەستچوونی جوانی دەبینێ. ئەی ئەو هەموو وێنەیەی کە پەیوەندییان بە ڕابردووەوە هەیە هونەرین؟ چوون وەبیرهێنەری کۆمەڵێ جوانی لە دەستچوون؟ لانی کەم لە زۆر شوێندا یادەوەریی ئێمە دەورووژێنن. بەڵام لە وەبیرهێنانی ڕۆژگاری ڕابردوودا چ شتێک شاردراوەتەوە کە فرمێسک بە چاوماندا دێنێ؟ له بابەتێکدا وەکوو سەیرکردنی تێپەڕبوونی ڕۆژگاری لاوێتی، دەکرێ هۆکاری ئەم حەسرەت و پەژارە ڕوونتر ببینرێ، بەڵام جیا لە ئاخ و داخ بۆ جوانی لە دەستچوو، تەنانەت ئەو کەسانەی بە تێپەڕبوونی کات لە ڕووی ڕواڵەتەوە پێش کەوتوون بە وتەی سەعدی: بە حەسرەتەوە ئاوڕ لە دوا دەدەنەوە. دەکرێ بەشێک لە هۆکاری پەژارە بۆ ڕابردوو لەم خاڵەدا بدۆزرێتەوە کە تاک توانای ئەمڕۆکەی خۆی لەگەڵ بێبەش بوون لە ڕابردووی خۆیدا هەڵدەسەنگێنێ و ئاخ هەڵدەکێشێ کە ئەگەر ئەو دەرفەت و تواناییەی ئەمڕۆ هەیەتی لە ڕابردوودا هەیبا، دەکرا چ کەڵکێکی لێ وەربگرێ .تەمەن بۆی هەیە ببێتە هۆی شکۆمەندی و زۆر شت بە تێپەڕبوونی کات بەدەست دێن: لەوانەیە گەیشتن بە ماڵ و سامان و متمانەبەخۆبوون، کۆکردنەوەی ئەزموون و زانیاری و وانەوەرگرتن لە هەڵەکانی پێشوو، بەدەستهێنانی ڕادەیەکی کەم لە هەرشتێکی دڵخواز دەبێتە هۆی تامەزرۆییەکی بێسنوور بۆ وەدەستهێنانی هەمان ئەو شتە بە ڕادەیەکی زۆرتر. بەبێ شیانی بەراوردکردن، هەست کردن بە کەموکۆڕییەکانیش لای مرۆڤ سەر هەڵنادا و ڕەنجەڕۆییش مانایەکی نامێنێ جگە لە نەگەیشتن بە ئامانج یان مەبەستێکی دیاریکراو. حەسرەت و خەفەتی ڕابردوو، لە هەندێک شوێندا هاوشێوەکردنی توانای ئەمڕۆیە لەگەڵ هیواکانی دوێنێدا. ئەگەر ئەو زانیاری و توانایییەی ئەمڕۆمان لە ساڵانی ڕابردوودا هەبوایە، دەرکە داخراوەکان لە ڕووماندا دەکرانەوە و بەسەر کۆسپ و تەنگژە و لەمپەرەکانیشدا زاڵ دەبووین.

 نۆستالژیا ئەگەرچی لە ناخی خۆیدا هەڵگری کۆمەڵێک ڕەگەزی سۆزدارانەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا لایەنی عەقڵانیش بوونی هەیە، ئەو عەقڵەی کە بە تێپەڕبوونی کات بەدیهاتووە و لە ئاوڕدانەوەیەکدا ئەو کێشە و گرفتانەی کە پێشتر وەک بابەتێکی دژوار دەیاننواند، چارەسەری کردوون. لای ئەو کەسانەی کە درێژە بە شێوە ژیانی ساکاری باوکانی خۆیان دەدەن، هەستی پەژارە بۆ ڕابردوو و خەمخۆری لە سەرهەڵدانی ئێش و ژانی جەستەیی و ڕەنجی بەساڵا چوون سنووردار دەبێتەوە، تەنانەت لەم هەستەشدا کەسانی ئاساییتر بە بازنەیەکی بەرتەسکتر لە ئەزمووندارێتی، لە ڕووی فەلسەفییەوە سەر بە ڕێبازی ڕەواقیگەرین و دڵیان سپاردۆتە جەبری ژیان و چارەنووسی ڕەها و ڕاشکاوانەی مرۆڤەوە. ئەو شتەی وا نۆستالژیا دەکا بە هەستێکی ئازاردەر و هەمیشەیی لە ڕاستیدا جۆرێک حەسرەتە بۆ نەبوونی پێداویستییەکانی ئەمڕۆ لە بارودۆخی دوێنێدا، نە تەنیا هەر بۆ ئەو شتەی کە دوێنێ هەبووە و ئەمڕۆ لە دەست چووە .کاتێ  بۆ ویستی بێئاکام یان هیوای وەدینەهاتووی دوێنێ پەژارەیەکی وامان نییە، بێگومان دەستمان بە زۆرێک لە ویست و داخوازییەکانی دوێنمان ڕادەگات. هەندێک شت کە ڕۆژگارێ بە هیوابووین بە دەستی بێنین ئەمڕۆ وەک شتێکی زۆر ئاسایی دێنە پێش چاو. بەڵام لە هەمان کاتدا ئازارمان دەدەن: ئەوەی ئەمڕۆ بە ئاسانی دەکرێ هەمانبێ و دوێنێ پێمان خۆش بوو ببینە خاوەنی، بەڵام بۆمان نەبوو. هەر لەم ڕووەوە، هەستی نۆستالژیایەکی درێژخایەن و هەرە قووڵ بڕێجار دەگاتە ئەو شوێنەی حەسرەتی ئەو شتانە بخۆین کە قەت بوونیان نەبووە.

داڕووخانی کۆشکی ئاواتەکان ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بەگشتی وەهم نییە. چ لە ژیانی تاکەکەسی و چ لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا کەسانێک بەخت لە گەڵیان یار نەبووە و لەسەر ئەسپ  کەوتوونەتە خورارەوە و خۆیان خاوەنی ئەو مافە دەزانن کە لە چەرخی گەردوون گلە و گازندە بکەن و بە یادی ڕۆژانی پڕ لە خۆشی ڕابردوودا تازیەتباربن. دیاریکردنی سنوورێک لەنێوان ڕۆژانی خۆشی ڕابردوو و ڕۆژگاری ناحەزی ئەمڕۆدا ئیشی بیر و هزری تاکە . بڕێ کەسیش لە ڕوواڵەتدا بە تێپەڕبوونی کات هیچ شتێک لە دەست نادەن ، بەڵام لە گۆڕانکاریی بەسەر باروودۆخی ژیاندا و بە تێکچوون یان ترازانی پێوەندیی داب و نەریتیش قەت خۆشحاڵ نین. حاجی مەهدیقولی هیدایەت [موخبێرولسەلتەنە] سەرۆکوەزیری ئێران لە ساڵەکانی ١٣٠٦- ١٣١٢ حەسرەتی ئەو ڕۆژگارە خۆشەی هەبوو کە هەموو کەس بەو شتەی کە هەیبوو دڵخۆش بوو :

“ئێمە خاوەن ژیانێک بووین سادە، ئارام، دوور لە کەڵکەڵە و ڕق و قین و خۆخستنە ژێر باری ئەرک و زەحمەتەوە. تاقە ژوورێک بۆ ژیان بەس بوو، لەوێ دەژیاین، دەنووستین، خواردنمان دەخوارد. ئەمڕۆ ژووری نووستنی جیاواز، قەرەوێڵە، ژووری خواردنی جیاواز، کەلوپەلی خواردن، ژووری کار، ژووری میوان و تەنانەت ژووری قوماریش بە پێویست دەزانن… دەبدەبەی فەڕ و شکۆیەکیش ئەگەر لە خانووەکاندا هەبا شاراوە بوو، بەپێچەوانەی ئەو شتەی ئەمڕۆ لە سینەما، هۆتێل، چێشتخانە، کافتریا و تەنانەت لە شیرینی فرۆشییەکانیشدا بە ئاشکرا دەیبینین. هەموویان بوونەتە هۆی ئیرەیی بردن و ڕکابەریی و لە هەمووشیان خراپتر بۆتە هۆی داڕووخانی بنەماڵە و پەرەسەندنی بێ ئەخلاقی و لەشفرۆشی.”

Nostalgia لە ڕیشەی وشەی nostosی یۆنانی وەرگیراوە، بە مانای گەڕانەوە بۆ ماڵ یان زێد دێت

 لە باسەکەی موخبێرولسەڵتەنەدا سەبارەت بە ڕۆژانی خۆشی لە دەستچوو، ئەگەر لەبری “ئێمە ژیانێکی سادەمان هەبوو” بخوێنینەوە: “ئەوان ژیانێکی سادەیان هەبوو بەڵام فێربوون کە زێدەخوازی بکەن” ئەودەم مەبەستی سەرەکیی باسەکەی ڕوونتر دەبێتەوە.  ئەو شێوازی ژیانی شکۆمەند و شاهانەی خۆی سروشتی و ئیلاهی چاو لێ دەکا و باسەکەی لەسەر هەڵسوکەوتی ئەو کەسانەیە کە پارووی گەورەتر لە زاریان هەڵدەگرن و چوارچێوە و سنوورەکانی چینایەتی تێک دەدەن.

کاکڵی باسەکەی ئەو، بەرزبوونەوەی ئاستی چینایەتییە نە ستایشی ژیانی شکۆمەند و شاهانە یان ئیدانەی ماڵ و ژیانێکی بێکەموکۆڕی. هێشتا کەسانێک هەن کە هەر ئێستەش بە دەست هەمان شتەوە دەناڵێنن کە سەردەمانێک موخبێرولسەڵتەنە دەیناڵاند، ئەم گلەیی و گازندەیەش کۆتایی پێ نایەت لەبەر ئەوەی  گۆڕانکاری لە ئاست کۆمەڵگا و جیهاندا بەردەوامە. کەسانێک جیهانی هاوچەرخ وەک جیهانێکی دۆڕاو و بێ بەها چاو لێ دەکەن لەبەر ئەوەی پێیان وایە ئەمڕۆ وەک ڕۆژگاری ڕابردوو مرۆڤ و شتەکانی دەوروبەری بایەخێکی ئەوتۆیان پێنادرێ. کەسانێک خەمی دابەزینی کوالیتی شتەکان دەخۆن: ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە پلاستیکی گووشراو بەرهەم هاتوون و فەرشگەلێک کە بە ڕەنگ و هەودای دەستکرد چنراون. فەرشی گران بەها و ئۆتۆمبێلی شاز و دانسقە ئێستاش بوونی هەیە، بەڵام بە نرخێکی زۆرترە  دەخرێتە بازاڕەوە. کەواتە هیچ شتێ تیا نەچووە بەڵکوو ئاست یان ڕادەی جیاوازییەکان ڕووی لە هەڵکشان کردووە. ئەوەی سەردەمانێ تەنیا ڕێژەیەکی کەم دەستیان پێ دەگەیشت ئەمڕۆ کۆمەڵێ کەس دەتوانن بە دەستی بێنن بەڵام دیسان ڕێژەیەکی کەم ئەو شتانەیان هەیە کە بۆ هەموو کەسێ خەون و خولیایە.

کەسانێکیش هەن کە خەمی ئەو شتانە دەخۆن کە هیچ کاتێک پێوەندیی بەوانەوە نەبووە. هەندێ کەسیش خەمی ئەوە دەخۆن کە بۆچی تەمەنیان بەفێڕۆ داوە و بەدوای کار و بیزنێسی پڕقازانجدا نەڕۆیشتوون، وەها کەسانێک کە هاوکات هەست بە پەژیوانی دەکەن هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنیان، کەمتەرخەمی بەرانبەر بە ماڵی دنیا دەزانن. بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ پارە یان نەختینەیەک لە کیسە و جانتادا هەبێ، دەرفەت بۆ بازرگانی و قازانج کردن زۆرتر لە هەموو کاتێکی تر بۆ کەسەکان ڕەخساوە. وەها پەژارەیەک بۆ دەرفەتەتێکی وەهمی و خەیاڵاوی نە سۆزدارانەیە و نە عەقڵیشە، بەڵکوو تەنیا خەون و خەیاڵێکی خاو و نۆستالژیایەک لە جۆری هەرە قووڵیەتی. محەمەدڕەزا پاڵەوی لە جیهانی شاهانەی خۆیدا بەداخ بوو کە لە کاتی سوار بوونی گوێدرێژدا دەکرێ کتێب بخوێنیتەوە بەڵام کاتێ ئۆتۆمبیلی جیپ لێدەخوڕی ئەم هەلەت بۆ ناڕەخسێ. دەکرێ ئەو نۆستالژیایەی ئەو لە جۆری سووکەڵە دابنێین، چوون لە هەمان کاتدا کە بیری گوێدرێژە دێرینەکانی دەکرد بە جیپیش دڵخۆش بوو.

نۆستالژیا هەستی ئامادەبوون و وەبیرهێنانەوەی ڕابردووە، تەنانەت گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو وەک ئەوەی کە بوونی هەیە و هەمیشە لە بەردەستدایە.

نۆستالژیا هەستی ئامادەبوون و وەبیرهێنانەوەی ڕابردووە، تەنانەت گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو وەک ئەوەی کە بوونی هەیە و هەمیشە لە بەردەستدایە. کەسانێک وتوویانە ڕابردوو ڕۆیشتووە و هیچ شتێک جگە لە ئێستا بوونی نییە و تێگەیشتنی ئێمەش لە بوونی خۆمان کۆمەڵێک ئەزموونی ئێمەیە لە ڕابردوو لەگەڵ وێنا کردنمان لە داهاتوو. لایەنگرانی فەلسەفە بە باس‌ کردن لەسەر لایەنگری لە یەکێ لەم دوو بۆچوونە درێژە بەم بابەتە دەدەن، لەم نێوانەدا کۆمەڵێک بیرۆکەی ناسینی کارکردی مێشک پشتگیری لە بۆچوونی دووهەم دەکەن: ئەم هەستەی کە ئەم ساتە و ئەم دیمەنەم پێشتر بینیوە و ژیان یا چارەنووسی من سێناریۆیەکی لە پێشدا نووسراوە لەسەر لەوحێکی پارێزراو لە ڕۆژی ئەزەلەوە. کۆمەڵێک ئەزموونی وەها کاتی و تێپەڕ دەبنە هۆی ئەوەی ڕابردوو به هەمان ڕادە لە زەیندا ئامادەیی هەبێ کە چرکەساتی ئێستا و هەنووکە لە بەردەستدایە.

هەڵاتن بەرەو ڕابردوو وەک بەهەشتی لە دەستچوو یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە لە ڕێژەی ناڕەزایی لە دۆزەخی ئێستامان کەم دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا چارەسەر و ساڕێژه بۆ ئێش و ژانی عەوداڵ بوون لە بەرزەخی جیهانی ڕاستەقینەدا. لە سینەما و ئەدەبیاتی نۆستالژیکدا کەسەکان هەر هەموو جلوبەرگی نوێ و بریقەداریان لە بەرە و ڕێک و پێک قسە دەکەن. بەڵام محەمەد مەسعوود بەرپرسی کوژراوی ڕۆژنامەی “مرد امروز” لە بیستەکاندا لە کتێبی “بەهاری تەمەن”دا لە بیرەوەرییەکانی ڕابردوویدا لە شاری قوم و سەبارەت بە  کارەساتی شەڕی جیهانیی یەکەم لە دەیەی بیستی هەتاویدا وا باس لەو یادەوەرییە دەکات کە مردووەکانیان بەبێ شتن پۆل پۆل لە چاڵ دەناشت و بە بەرد و خاک دەیانپۆشین. لە قاتوقڕی ناخهەژێنی ئەو ساڵانەدا کە بە هۆی ئەوەوە خواردنی گۆشتی سەگ و پشیلە ببووە خواردەمەنی ئاساییی خەڵک و ئاڵفەکانی بیابان و ڕەگی درەختەکان لە لایەن برسییەکانەوە پەلامار دەدران و،  خواردنی مرۆڤ بە هۆی برسییەتی زۆرەوە منداڵەکان یەکە یەکە لە کۆڵاندا دەڕفێندران و ون دەبوون، ئەو بەهارە لە کوێ و ئەم بەهارەش لە کوێ.

لە نووسراوەکانی هاوچەرخی تافی لاویەتی “محەمەدتەقی بەهار”یشدا ، سەرەڕای هەڵەی ڕێنووسی  لەگەڵ گلەیی و بناشتی زۆر لە جەوری خەڵکی و ڕۆژگار بەرەوڕوو دەبینەوە. بەڵام لایەنگرانی نوستالژیا بەگشتی هەندێ شت لەوانی تر و لە خۆشیان ناشارنەوە و ڕۆژانی ڕابردوو ئایا لە ڕاستیدا بە هەمان ڕادە کە بڕێ کەس بیری لێ دەکەنەوە و تێدەکۆشن بەوی تری بیسەلمێنن، دڵخواز بوو؟ وڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە دنیابینیی کەسی چاودێرەوە و ئاستی ڕەزامەندی ئەو کەسە و ئەوەی کە لە ڕابردوودا چ ئاواتێکی بووبێ و چ کەموکۆڕییەکی لە ژیانیدا هەست پێ کردبێ و ئێستاش لە خەمی چ شتێکدا بێ. نوستالژیا دۆخێکە زۆر جار سۆزدارانە و تۆزێکیش عاقڵانە. هەم پەیوەستە بە شێوازی ڕوانینی ئەو بۆ جیهانی بگۆڕ و ژیانی ناسەقامگیری خۆی. لە نەبوونی هاندەرێکی دەروونی لە ئێستادا و ئامانجێک بۆ داهاتوو، لەگەڵ ڕابردوودا دەکرێ بژیت، بەڵام ئەوەی لە خودی ڕابردووشدا بکرێ بژیت، خۆی جێی گومانە.

سەرچاوە: بەشێک لە کتێبی: دفترچە خاطرات و فراموشی، محمد قائد، چاپ دوم. انتشارات طرح نو ١٣٨٤