هه‌واڵێک له ئه‌فغانستانه‌وه!
ڕووی کردبووه ته‌له‌ڤیزیۆنه‌که، له‌سه‌ر موبڵهکه پاڵکه‌وتبوو و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یوت: دووباره ئه‌وه، له ئه‌و ئه‌چێ! فره له ئه‌و ئه‌چێ! هه‌موو جارێ له‌و ئه‌چێ! هه‌میشه‌ش دیکۆراسیۆنی ستۆدیۆ به جۆرێکه ئه‌و چته‌ی وا ئه‌شێ ئیشانی بدات، به‌رده‌وام ئه‌یشارێتۆ! جیاوازی نییه چ جۆر ته‌له‌ڤیزیۆنێک وێت; گه‌وره وێت یان بچووک، 40 بێت یان په‌نجا ئینج!
:- من شایه‌تی ده‌ده‌م کۆنترۆڵه‌که له‌وێیه نه‌ک لێره! ته‌له‌ڤیزیۆن که هیچ، تۆ بڵێ په‌رده‌ی سینه‌ماش، هه‌میشه شته ڕاسته‌قینه‌کان پیشان ناده‌ن!
ده‌یزانی قه‌ت ناتوانێ شوێنی خوازراو ببینێت دڵنیا بوو ژنه بێژه‌ره‌که له‌ناو ئه‌و چوارچێوه شووشه‌ییه‌دا دونیای به‌ره‌و کوفر و شیرک و بێئهمریی خوا ده‌برد! به‌ڵام ئه‌گه‌ر به خاتری ئه‌ویش نه‌بایه هه‌رگیز نهدەهات چاو له ئه‌م بکات!
کورته‌ی هه‌واڵه‌کان:
پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌مڕۆ له ئه‌فغانستان کچه‌کان به که‌نیزه‌ک ده‌گیرێن بۆ موجاهیده‌کانی تاڵیبان! جێگه‌ی ئاماژه‌یه…
ختووکه‌یه‌ک به هه‌موو له‌شیدا هات، نه‌ء، له ڕاستیدا ته‌زوویه‌ک به هه‌موو له‌شیدا هات! ئه‌گه‌ر دروستتر بیڵێم، ته‌زوویه‌ک له ناوک به‌ره‌و ژووری داگیر کرد و ختووکه‌یه‌ک له ناوک به‌ره‌وخواری ته‌نی! بۆ ساتێکی که‌م ڕاما که ئایا له‌وه‌ی که حوکمی خودا خه‌ریکه له وڵاتێک که به‌روبوومه‌که‌ی جگه له تلیاق و حه‌شیش هیچی دیکه نییه، ته‌زوو به ناوک به‌ره‌و ژووری‌دا گه‌ڕاوه یان به هۆی ئه‌وه‌ی که وشه‌ی که‌نیزه‌کی بیست، خوارووی له‌شی ختووکه‌ی ده‌هاتێ! نه‌فره‌تێکی له شه‌یتان کرد و دووباره سه‌رنجی ڕۆشته‌وه سه‌ر بێژه‌ره‌که‌ی ناو شووشه‌که و هه‌واڵه‌که‌ی!
:- زۆر له ئه‌و ئه‌چێت، ئه‌شێ ناوه‌که‌ی نهیهرم! خوایه ته‌وبه! ئه‌و ئیسه شووی کردگه و حه‌ڵالێ باوه‌شی پیاگی خۆیه‌سی! به‌ڵام شووی کردووه به کێ؟! مولحیدێکی کورد!
یه‌که‌مجار که حوکوومه‌تی ئیسلامیی شام و عێراق دامه‌زرا، له جوانڕۆوه تا سنووری باشماخ دوای ئه‌وه‌ی که له هاوڕێ و برا دینییه‌کانی جودا بووه‌وه، یه‌کسه‌ر زیکری خودای کردبوو، له‌گه‌ڵ داروده‌وه‌ن و دوند و چیا و گه‌ڵا و دره‌خت، به‌رد و و هه‌رد و ده‌شته‌کان زیکری کردبوو! شوکری خودای کردبوو که ئیسلام دیسان خه‌ریکه سه‌رده‌که‌وێت! ڕۆحی له خۆشیا خه‌ریک بوو له لووتییه‌وه ده‌رچێت و بچێته‌وه بۆ لای باریته‌عالا! به‌ڵام ئه‌و ئه‌مه‌ی نه‌ده‌ویست.
:- یا ڕه‌بی مه‌قامی شههادهتم به نسیب که‌ی!
له باشماخ به‌و لاوه تا گه‌یشته ڕه‌قه به‌رده‌وام هه‌ناسه‌ی سوار ده‌بوو، کاتێ ماشێنه‌که به جاده‌کاندا تێده‌په‌ڕی، له هه‌ندێ شوێن و جێگا،له نێزیک شاره‌کان و سه‌یرانگاکان ئه‌و کچ و ژنانه‌ی کوردستانی ئازادی! ده‌بینی که دژی فه‌رمانه‌کانی خودا و به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی دایکه عایشه هه‌موو جه‌سته‌یان ئاڵۆشی به‌رده‌دایه گیانی!
:-خواگیان تۆ ئاگاداری من چه‌نێ گونابارم! ئیسهم له پێشووم شهیتانیتره! خوایه بۆ خاتری ناوه جوانه‌کانت ڕه‌حمم پێ بکه‌ی! له فیتنه‌ی شه‌یتان و ئه‌و ژن و کچه کافره قن زلانه لام ده‌ی!
بێژه‌ره‌که درێژه‌ی به هه‌واڵه‌که‌دا: جێی ئاماژه‌یه هه‌موو هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی غه‌نیی هه‌ڵهاتوون یان ته‌سلیم به تاڵیبان بوون، و بڕیار دراوه کچه‌کان نه‌چنه مه‌کته‌ب و ته‌نها…
بێژه‌ره‌که له‌و دیو شووشه‌وه چاوی ده‌پرتاند و شه‌پۆلێکی قاوه‌یی ده‌دا له گیانی و دهیختووکاند!
یه‌که‌م جار که هه‌ستی کرد شه‌هید ده‌بێت له به‌ره‌ی شنگاڵدا بوو! له به‌ره‌ی شنگاڵ حه‌وته‌یه‌کی نهخایاندبوو، چوار فیشه‌کی کچه شه‌ڕڤانێکی به‌رکه‌وتبوو! دوانیان له ناوک به‌ره‌وخوار و نه‌رمه‌ی ڕانی پێکابوو! دوانیشیان به‌ر شانی ڕاستی که‌وتبوو! به‌و حاڵه‌شیه‌وه هیچ شنه‌یه‌ک له شه‌ماڵی شه‌هاده‌ت به‌ر گیان و لووتی نه‌که‌وتن!
:-خوایه تۆ ئه‌زانی شه‌هوه‌تی من بۆ شه‌هاده‌ت بێبنه!
کاتێک یه‌که‌م جار له هۆش خۆی چووبوو و به پشتا که‌وتبوو، دڵی خۆش‌بوو که گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ لای خودا و حۆرییه‌کانی! به‌ڵام که هۆشی هاته‌وه، تێگه‌یشتبوو ئه‌وه‌نده پاک نییه پله‌ی شه‌هاده‌تی پێ ببه‌خشرێت! کاتێک دواجار له نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له هه‌ولێر چاوی کردبووه‌وه، سه‌عه قه‌ل به ڕاسهرییهوه بوو تاکوو به‌پێی به‌ڵێنێک که به دایکی دابوو بیباته‌وه جوانڕۆ، هه‌موو حه‌سره‌تی دونیا، ئاڵۆشاوییانه به‌ر ببووه زامه‌کانی، شه‌یتانی شه‌هوه‌ت چووبووه کڵێشهیهوه و له به‌رخۆیه‌وه ده‌یوت بۆچی ده‌ستی به‌و کچه ناسکیله و سه‌وزه‌ڵانه شهیتانپهرهستانهی ئیزه‌دییه‌کان نه‌گه‌یشتووه؟! خۆ ئه‌و له شه‌هوه‌تی بۆ شه‌هاده‌ت هیچی که‌م نه‌بووه و ئێسته خودا شه‌هاده‌تی به نسیب نه‌کردووه! ئیتر چی بۆ ماوه‌ته‌وه؟! لانیکه‌م ده‌یتوانی ئاڵای ڕه‌شی خه‌لافه‌ت له‌سه‌ر چه‌ند دوند و دۆڵی جه‌سته‌ی نیشتمانی که‌نیزه‌که‌کان بشهکێنێت!
:- بچه‌قێنێت!
:- نا، بشهقێنێت!
:- نه‌ء! بشڵه‌قێنێت!
بێژه‌ره لێوئاڵهکه درێژه‌ی دایه و وتی: و ته‌نها بۆ خزمه‌تی پیاوان و منداڵهێنان ده‌بێت له ماڵه‌وه بمێننه‌وه و…
ئه‌و له‌ناو شووشه‌که وه‌کوو موگناتیس چاوی به‌ره‌و خۆی ڕاده‌کێشا! ویستی بچێته خواره‌وه به‌ره‌و ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌بێ ختووکه‌یان بدات! و ختووکه‌ی ئه‌م ده‌ده‌ن! شووشه نه‌فره‌تییه‌که نه‌یده‌هێشت! دیکۆراسیۆنهکه وای کردبوو! کۆنترۆڵ له‌وێ بوو!
بێژه‌ره‌که وتی: بینه‌رانی به‌ڕێز با بچین بۆ ناوبڕێکی کورت!
ناوبڕهکه: ژنێکی لێوئاڵی نێوچاوگرژ که ده‌ستی به زگییه‌وه گرتووه و دیاره قیژه‌کانی کپ بوونه‌ته‌وه چه‌ماوه‌ته‌وه و ژنێکی دیکه به‌سته‌یه‌ک سانتیjessaی به ده‌سته‌وه‌یه و بۆی ڕاداشتووه و ژنه‌ی لێوئاڵ، گرژیی نێوچاوانی ده‌ڕه‌وێته‌وه و ده‌سته‌کانی له‌سه‌ر زگی لا ده‌بات!
خۆیشی نه‌یده‌زانی به ڕاستی ئه‌میش له‌و ده‌چوو یان نا؟!
زامی لای ڕانی ڕاستی ختووکه و ئاڵۆشێکی به‌ژانی پێداهات، له دواجاردا بیری شه‌وبۆ که‌وته‌وه!
:-خوایه تۆبه! نهئهشیا ئه‌و ناوه بێنمه زوانا! من ڕێگه‌ی موحه‌مه‌دم(د.خ) گرتگه به‌ر و له‌و شه‌یتانه دوورکهوتوومهسۆ!
پێده‌چێت به‌هۆی زامهکانییهوه وا خۆی دۆڕاندبێت و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ باری ته‌عالا پچڕا بێت! و هه‌ر خه‌یاڵی حۆرییه‌کانی لامابێت! بیری شه‌وانی شه‌وبۆ که‌وته‌وه! تا به‌یانی له باوه‌شی بوو و له پاشه‌ڵی ورووکا بوو! کچێنی وه‌کوو خۆی مابووه‌وه تا شووی کرد! له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یوت: شووی به یه‌کێک له‌و مولحیدانه کرد که هه‌ر ڕۆژ پیلانێک بۆ دینه پیرۆز و پاکه‌که‌یان داده‌نێن! هه‌ر ئه‌وانیش ئاوا پێکاویانه! و له خودا و مه‌قامی شه‌هاده‌ت دووریان خستووهوهته!
:-ئاخر بڵێ ناپیاو گه‌ر تۆ شه‌ڕڤانی! شه‌ڕڤانی چی؟! ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌وه‌نده دهستومشتت بۆ نیشانه‌پێکان ته‌واوه بۆ توێڵ یان دڵمت نه‌پێکا، کارت به‌وێوه چییه! من ته‌نها خوام ده‌وێ نه‌ک خورما!
ئێسته‌ش دڵنیا نه‌بوو بۆچی یه‌که‌م جار له پاش شه‌وبۆ به‌ره‌و لای خودا گه‌ڕاوه‌ته‌وه؟! گومانی له‌سه‌ر ئیمانی خۆی بۆ دروست بوو!
:-باشه من له‌و وه‌خته‌وه به دڵ ئهشههدم وتووه هیچ گوناهێکم نه‌کردووه! ئه‌گه‌رچی خوا خۆی باشتر ئه‌زانێت!
دووباره ڕۆشته‌وه دواتره‌وه… زۆر پێش کات و ساتی ئهشههدوتن… شه‌وانه له‌گه‌ڵ شه‌وبۆ ده‌خه‌وت! وه‌کوو به‌رازێک قه‌پۆسی له پاشه‌ڵی ده‌سوو و تا به‌یانی نه‌یده‌هێشت بخه‌وێت! نه‌یده‌هێشت تا سپێده که‌سیان بخه‌ون! بۆنی سپێده له هیی شه‌و مهعنهویتر نه‌بوو بۆی! دواجار …دوای سه‌دان جار…پاشه‌ڵ و شه‌وبۆ و بۆنی سپێده…دوای سه‌دان که‌ڕه‌ت… دڵ و چێژ و ختووکه و بۆنی شه‌و و گزینگی سپێده…شه‌وبۆ و سپێدهبۆ…تووشی وه‌ڕه‌زییه‌کی سه‌یر بوو! بێزار بوو له هه‌رچی شتی نه‌رم و نارینه! ته‌نها چاوی ده‌بڕییه ئاوێنه! دوای چوار مانگ یه‌که‌م جار شه‌یتانی تێدا ده‌رکه‌وت!
پێی ده‌گوت: تۆ به دوو مه‌تر باڵا و دوو چاوی شین و ڕیشی زه‌رده‌وه جگه له شه‌یتانێک هیچی دیکه نیت! شه‌یتانێک و هیچی تر!
هه‌ر له ڕێگه‌ی ئاوێنهشهوه ئێسته گیرۆده‌ی ئه‌م بێژه‌ره‌ی ناو شووشه‌که بووه! هێڵه‌کانی خۆی له ئاوێنه و هه‌واڵه‌کانی ناو شووشه تێکه‌ڵ کردبوو، به‌رده‌وام شه‌وبۆ بێژه‌ری له‌پێش چاو بوو! شه‌وان نه‌ده‌خه‌وت، سپێده ده‌چووه ده‌ره‌وه و گوێی له بێده‌نگی ده‌گرت، به‌ڵام نیوه‌ڕۆیان هه‌ستی ده‌کرد سێبه‌ره‌که‌ی له خۆی درێژتره و له مرۆڤیش ناچێ! سێبه‌ره‌که‌ی سمی هه‌یه و قه‌پۆسی درێژ و پانی له به‌رده‌م کۆگای که‌لوپه‌لی ژنانه و عهترفرۆشییهکان ده‌کاته‌وه! و مۆڕه‌یه‌ک ده‌کات! شه‌وانه دره‌ختێک له ژێریدا سه‌وز ده‌بوو و تا ئه‌و له ترسان ڕاده‌په‌ڕی، دره‌خت چه‌ندین مه‌تری به‌ره ژوور بۆ لای خوا تێپه‌ڕاندبوو و ئه‌و به هاوارێکه‌وه له لقی داره‌که به‌رده‌بووه‌وه! ده‌که‌وته‌وه جێگاکه‌ی خۆی و شه‌یتان و شه‌وبۆ ده‌هاته‌وه یادی!
:- شه‌وه بوو یان شه‌وبۆ؟!
له‌ناو ئاوێنه‌که! به دوو مه‌تر باڵا و ڕێشێکی زه‌رد و چاوێکی شینه‌وه! ده‌یزانی چه‌نده دێز و نه‌گریسه!
-: خۆی یان شه‌یتان؟!
دوای ناوبڕهکه بێژه‌ره‌که تۆزێک زیاتر مه‌مکه‌کانی قنج بووبوونه‌وه، لێوانه‌که‌ی به‌رده‌میشی نه‌مابوو و لۆچێکی ناسکیلهش زیاد کرابووه سه‌ر ته‌وێڵ و نێوان برۆکانی! به‌ڵام لێوی هه‌ر خۆی بوو و خواره‌وه‌ی له‌شیشی نادیار بوو!
له‌و نادیارییه‌دا بۆ ساتێک هه‌موو دونیا تاریک داده‌هات و ڕه‌شایی، چاوانی داگیر ده‌کرد! شه‌وانه، بۆنیک ده‌هات! هه‌زاران جار شوکری خودای کرد ئه‌و ڕۆژه که نوێژکه‌ران له مزگه‌وت ده‌هاتنه‌وه، سه‌عه قه‌لی کۆنه هاوڕێی بینی، له چاوانی ئه‌مدا ڕیشه درێژه‌که‌ی تۆپه‌ڵێک نوور لێی ئاڵابوو! لای پرسیار بوو ئایا به هه‌ڵکه‌وت هات بۆ لای یان دایکی به هۆی قیڕه‌کانی شه‌وانه‌وه ڕایسپاردبوو سه‌عه سه‌ردانی بکات؟! ئێسته‌یش نه‌یزانی!
:-الله اعلم!
ئه‌و یه‌که‌مین کڵاوڕۆژنه‌ی ڕزگاریی ئه‌م بوو له شه‌و! شه‌وبۆ له‌م ماوه‌یه چه‌ندین که‌ڕه‌ت زه‌نگی دابوو! په‌یامی ناردبوو که :
بیرت ئه‌که‌م! تاسهتم کردووه! له بیرته وه‌ک مار لێم دهئاڵای؟!
:-خوایه ته‌وبه، مار جگه له هاودهسی شه‌یتان هیچی تر نییه!
شه‌وبۆ هه‌ندێ هه‌واڵی دیکه‌ی خوێنده‌وه که ئه‌م لێیان تێنه‌ده‌گه‌یشت! یانی ده‌یبیستن به‌ڵام گوێی لێ نه‌بوون! ئه‌وه! یان له‌و ده‌چێت؟!
به مشووری سه‌عه ژماره مۆبایله‌که‌ی گۆڕی! وای بینی خۆی له شه‌یتان ڕزگار کردووه و شه‌وانه ده‌چووه گۆڕستانه‌کانی ده‌وروبه‌ری شار تاکوو سام و جه‌به‌رووتی ئیلاهی، نووری ئیمانی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه! سه‌عه ده‌یوت ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت بگه‌ڕێیته‌وه بۆ لای خودا ده‌بێ له گۆڕستانه‌کانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ی! له‌وێ له بۆنی شه‌و مه‌ست ده‌بوو و له شه‌وبۆ به‌تاڵ ده‌بووه‌وه! ئێسته‌ش دوای ئه‌و هه‌موو ئیماندارێتییه شه‌هید نه‌بووه و شه‌یتان و شه‌و و بۆکانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه!
چاوێکی به په‌نجه‌ره‌که‌دا هێنا، شه‌و بوو، ته‌له‌ڤیزیۆنه‌که باسی هه‌واڵێکی کردبوو و ئێستا له گیانیدا ده‌زرینگایه‌وه، له‌و شوێنه‌ی وا ختووکه ده‌درێت! شه‌و بوو، شه‌وبۆ نه‌بوو، بۆنێکی نه‌ناسراوی دڕ، ڕه‌ش و شه‌یتانی له ڕارهوهکه ده‌هات! له به‌ر ده‌رگا و به‌رده‌م ئاسانسۆره‌که ژن و مێردێک باسی په‌ڵه‌دانیان ده‌کرد! هه‌واڵی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌که و ده‌نگی بێژه‌ره‌که وه‌کوو ڕادیۆ بی بی سی گیان و ڕۆحی بردبوو!
دیسان چاوی له لێو و سینگی کرد، هه‌واڵه‌که به به‌رچاویدا هاته‌وه، هه‌واڵه‌که لاڵتر بوو له‌و وێنانه‌ی په‌خش ده‌کران، وێنه‌کان پیشانیان ده‌دا بنه‌ماڵه‌ی کچه‌کان ده‌پاڕێنه‌وه…ئاڵیی لێوی بردییه‌وه بۆ لای شه‌وبۆ…هه‌زاران جار لێویان له لێوی یه‌ک ئاڵاندبوو…وایه یانی؟! هه‌زاران جار لێوی له لێوی ئاڵاندووه! تامی میوه‌ی به‌هه‌شتیی جۆراوجۆری هه‌بووه! ئه‌و میوانه‌ی که به‌وردی له قورئاندا ناویان نه‌هاتووه به‌ڵام هه‌ر که خه‌یاڵت کرد ئان‌وسات لاته و چێژه‌که‌ی بێ سنووره…تازه ئه‌مه ته‌نها میوه‌یه‌کی ئاڵه نه‌ک زیاتر! شته‌کانی دیکه چی؟
درێژه‌ی هه‌واڵه‌که وتبووی: ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی کچه‌کانیان به حوسن و ڕه‌زای خۆیان نانێرن، تووشی سزا ده‌بنه‌وه…
چاوه‌کانی له پشت شووشه‌که‌وه ده‌بینی و ده‌یوت:
خوا بۆ خۆی ڕهشتوونی! نا،”بۆ خۆی” کوفره! زمانی کوردیش پڕه له‌م ئیلحادانه: خوای په‌روه‌ردگار خۆی دانیشتووه و ڕهشتوویهتی! ئهستهخفیرهڵلا…ئه‌مانه عیفریتن و تووشی شیرکمان ئه‌که‌ن…وه‌ک ئێژن عیفریت و ئافره‌ت یه‌ک ڕیشه‌یان هه‌س! خدا که‌ی مادییه تاکوو دانیشێ…و ئوتوبو ئیلهیک…به‌ڵام ئه‌و قژانه‌ی که ئاوا ڕێک و پێک کریاون و له ڕه‌نگێکه که من ناوه‌که‌ی نازانم و ئه‌و چاوانه‌ی وا موگناتیسئاسا چاو و ڕۆح و گیان ده‌دزن و…فتبارک الله احسن الخالقین…ئه‌توانم هه‌ر ئه‌وه‌نده بێژم…شه‌وبۆ قژی له هینی ئه‌م درێژتر بوو…ڕه‌نگه کورتی کردوێتهوه! ئه‌گه‌رچی ئه‌وکات جاهیل بووم به‌ڵام خوای باری ته‌عالا تۆ خۆت ئه‌زانی ئێسته جگه له‌م یادکردنه‌وانه هیچ شتێک جگه له شه‌هاده‌ت به خه‌یاڵما نه‌هاتووه… ته‌نها شه‌هوه‌تی من شه‌هاده‌ته! شه‌وبۆ قژه‌کانی تا سه‌ر لاکڵوکی شۆڕ ده‌بوونه‌وه…وه‌ختێ به شانه بروسهکه دایئههێنا و له به‌رده‌م ئاوێنه قهدییهکه ئهوێسا و گره‌وی ئه‌وه‌ست له‌ته‌کیا که تا خواری نه‌رمایی و گۆشتایی کڵۆکی تێت، ئه‌و شێت‌تر ئه‌بوو، ئه‌گه‌رچی تازه لێ بووه‌وه!
:- ڕه‌نگه ئه‌م ته‌له‌ڤیزیۆنه مهلعوونهش سه‌ر به یه‌هوود بێت بۆیه خواره‌وه‌ی له‌شی بێژهرهکهنیشان نادا! تا زیاتر تووشی گوناحم کات! خۆی ئه‌یزانی هه‌ر تۆزێک پیشانی بدات چۆن خه‌یاڵی بکات و بیهێنێته به‌رده‌ست و چاوی خۆی! و ڕزگاری بێت!
له کۆتاییی هه‌واڵه‌که‌دا بێژه‌ره‌که وتی: کچه وه‌رزشوانی ئه‌فغانیی پاش بڵاوکردنه‌وه‌ی ڤیدیۆک به گریان و پاڕانه‌وه‌وه و…
ئهشههدێکی وت و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌که‌ی کوژانده‌وه و وتی: هه‌زاران جار تۆبه! خواگیان ته‌نها تۆم خۆش ئه‌وێی!
ژنه‌که‌ی به ده‌نگێکی هێواشه‌وه بانگی کرد وتی: مه‌لا بانگی دا و ڕۆشت ده‌ستنوێژ بشوات!
بۆنی شه‌و زیاتر داهاتبوو و نوێژی شێوان بوو!