خەونبینینێکی کۆتایینەهاتوو

زەمەنی حوکمڕانیی شێخ مەحمود بە گێڕانەوەی جەمیل سائیب

لە زەمەنێکدا، کە هێشتا ئەم ناوچە کوردییەی ئەوێستا پێی دەگوترێ باشووری کوردستان، هاوشان بە بەشێک لە بەشەکانی دیکەی کوردستانی گەورە، لە لایەن میرنشینەکانەوە حوکمڕانی دەکرا. بە شەڕکردن، بە ڕاپەڕین، بە وەستانەوە دژی داگیرکاریی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی عوسمانی و سەفەوی، تیشکێک لە ئەدەبدا، یەکەمجار لە هەناوی بەیتەکانی نالییەوە پرشنگی خۆی لە سەردەمی حوکمڕانیی میرنشینەکاندا، وەدەرخست؛ وڕێنەی ئەدەب بوو بەرامبەر هێزەکانی چواردەوری کوردستان. وڕێنە بوو وەک بەشێک لە بەرەنگاری، وڕێنەی بوونی کورد و ئینسانی کوردی بوو، وڕێنە بە مانا باوەکەی نا، بەڵکە؛ “وڕێنە، کە بەر لەوەی بیکەینە میکانیزمێک بۆ پەراوێزخستن و پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتییانەی ئەوانەی لە واقیع دابڕاون یان بێئاگان، کاڵفامن یان بیرکۆڵن، دەشێ وەک دژێک بیبینین بۆ ڕووبەڕووبونەوە و بەرگری بەرامبەر بە دۆخ و هەلومەرجی زاڵ، دەشێ وەک سیاسەتێک بیبینین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە گوایە حەقیقەتە. جگە لە دژایەتییە ڕێشەییەکەی لەگەڵ “واقیع” و “ڕاستی”دا، ئەوەی لە وشەی “وڕێنە”دا سەرنجڕاکێشە نزیکییە قووڵەکەیەتی لەگەڵ وشەگەلێکی وەک “خەیاڵ” و “چەوت”دا. لە زمانی ئینگلیزیدا بە وڕێنە دەگوترێت(hallucination -شتێک کە ببینرێت و ببیسترێت بەڵام لە ڕاستیدا لەوێ نەبێت)، کە ئەمیش لە دژایەتییەکەیدا بۆ واقیع و ڕاستی دەچێتە ڕیزی وشەگەلێکی وەک (illusionوەهم،falsehood – چەوتێتی)ەوە، لە هەمووشی گرنگتر نزیکایەتییەکەیەتی لەگەڵ وشەی (fiction – شتانێک کە داهێنراون یان وێناکراون بەڵام ڕاستی نین، یان ئەدەبی خەیاڵی)، بەڵام چی ڕاستییە و چی فیکشن، وڕێنە یان خەیاڵە؟ چییە ئەمە دیاری دەکات؟ یەکێک لە گرنگترین ئەو بیرمەندانەی کاری لەسەر ئەم پرسە کردووە، میشێل فوکۆیە. بۆ فوکۆ حەقیقەت خاوەنی بوونێکی ڕەها و جێگیر نییە، بەڵکوو بەرهەمێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە، “ڕژێمەکانی حەقیقەت”ی ناو کۆمەڵگایەکە، بەرهەمی کار و کاردانەوەکانی نێوان پەیوەندییەکانی مەعریفە و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە.1زاموا محەمەد. سیاسەتەکانی وڕێنەکردن. ئەوها نالی، کە هەرزەنوویسە گەپ دەکات، وڕێنە دەکاتە جۆرێک لە سیاسەت بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمن. دواتر، ئەدیبانی دوای نالی، بە هەمان شێواز ئەو وڕێنەیە دەکەن.

 زەمەنی دواتر، ئەو زەمەنەی دوا میرنشینی کوردی، کە ئەردەڵانییە، بە نزیک لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدە، لەناودەبرێ؛ چیدی ئەدەب لە وڕێنەکردنەکەی خۆی بەو فۆڕمە ڕاستەوخۆیە، دەکەوێت. دوای کەوتنی میرنشینەکان و تێکەڵبوونی ئایینی ئیسلام لەگەڵ ئایینە کوردییەکان، لە باشووری کوردستاندا، دەبێتە هۆی دروستبوونی دوو تەریقەتی جیاواز، قادری و نەقشبەندی و دواجار شێخ و بنەماڵەکانیان، بە خۆیان و خێڵیانەوە، بوونە دەمڕاستی کوردان.2MehrdadIzady. The Kurds.Routledge, 1992 دوابەدوای چەند ڕووداوێک لە هەنگاونانی زەمەنەوە، لەنێوان کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، شێخ مەحموودی حەفید، بە چەند ڕۆڵ و جارێکی جیاواز، حوکمی سلێمانی دەکات.3هەمان سەرچاوە لەم کاتەوە، چیدی ئەدەب لەم سیاقە مێژووییەدا، وڕێنە وەک جۆرێک لە سیاسەتکردن ناگرێتە خۆی، بەڵکە وەک جۆرێک لە خەونبینین خۆی مانیفێست دەکات. چیدی خەونبینینیش، لەپاڵ فۆڕمەکانی تری وڕێنەی نێو ئەدەبەکەماندا، دەخزێتە نێو باغی بەرهەمهێنانی دەق. گریمانەی ئەوەی کە بۆچی دەقەکان -بە کارەکتەر و فەزاکەی نێویانەوە- خەون دەبینن، ئەوەیە کە چیدی ئەدیبان -یاخوود دەقەکان بە مانا بارتییەکەی- زمانیان وەک جۆرێک لە بەرەنگاریی دژ بە دەسەڵاتی ئەوی تری ناکورد، بەکار نابەن؛ بەڵکە لەپاڵ وەرگرتنی ئیسلام و هاتنە کایەی دەسەڵاتی خێڵە کوردییەکان، هاوشان بە تەریقەتەکان، دژ بەوانیش دەوەستن و «خەون دەبینن». ئیدی لێرەوەڕا، ئەدەب فۆڕمی وڕێنەی پێش دەسەڵاتی شێخ و خێڵەکان، دەگۆڕێ بۆ فۆڕمێکی تر لە وڕێنە، ئەویش بەرامبەر شێخ و خێڵەکان.

چیرۆکی “لە خەوما” وەک زۆرێک لەسەری ڕێککەوتوون کە یەکەم چیرۆکی مۆدێرنی کوردییە، بەڵام ئەم ڕیزبەندییە کێشەدارە و “سەرەتای چیرۆکی کوردی، دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکێکی تەواونەکراوی “فوادی تەمۆ“، چیرۆکەکەی فوادی تەمۆ بێناونیشانە و بە سەرناوی “چیرۆک”، لە ساڵی ١٩١٣ بە دوو بەش، لە ژمارە “١” و “٢”ـی گۆڤاری “ڕۆژی کورد“ـی کۆمەڵەی “هێڤی”، کە لە ئەستەمبووڵ دەرچووە، بڵاو کراوەتەوە…”،4بەختیار حەمەسوور.ڕیزبەندییەکی نوێ بۆ مێژووی چیرۆکی کوردی. سایتی ژنەفتن، ٢٠٢١پاش ئەویش “چوار مانگ و دە ڕۆژ بەر لە چیرۆکی “لە خەوما”ـی جەمیل سائیب، چیرۆکی “بۆچی جلخوارم؟“، لە نووسینی مامۆستا کەریم سەعید زانستی بڵاو کراوەتەوە،5هەمان سەرچاوە دەورانی حوکمڕانیی شێخ مەحموودمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەوەی لێرەدا ئێمە سەرنجی دەخەینە سەر و لێوەی دەدوێین، چیرۆکی لە خەومایە و هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی چیرۆکەکەوە، باشتر و ڕوونتر، هەم لە دەورانی شێخ مەحمود، هەمیش دواتری وەک درێژکراوەی خەونە کۆتایینەهاتووەکەی چیرۆکەکە، تێبگەین.

لێرە و لەوێ، لە هەموو ئەو مێژووە نووسراوەی مێژوونووسانی کوردەوە و، ئەوانەیشی لەسەری نووسراون، ستایشی شێخ مەحموود کراوە، هەر بە ناساندنی بە شێخ مەحموودی مەلیک، شێخ مەحموودی نەمر، یان پەیکەرتاشین و وێنە هەڵواسینی لە شارە کوردییەکان و بەتایبەتیش سلێمانیدا، یاخود بەوەی کە خۆی دەیگوت و دوابەدواکان خۆی پێدەناساند: بەرجەستەکەری گیانیی گەردوون، شێخ مەحموود ستایش کراوە وەک کاریزمایەکی سیاسی و نیشتیمانپەروەر و دەیان نازناوی پاڵەوانانە. سەرەتای ئەم ستایشەش لە زمانحاڵی مێژوونووس و شاعیرێکی کوردەوە، وەها دەگێڕدرێتەوە: “شێخ مەحموود دوای ئەوەی بوو بە حوکمداری کوردستان، کەوتە وەستاوێکی گرنگەوە، لە کاروباری حکومەتدا کەمتەجروبە و لە مەیدانی سیاسەتدا بێکەس بوو..” 6ڕەفیق حیلمی. یاداشت. بەرگی یەکەم

وەک لە سەرەتادا باسمان لێوە کرد، دوای کۆتاییهاتنی میرنشینەکان، سەرۆک خێڵ و ڕابەرە ئایینییەکان (شێخ و مەلا)، مانەوە بۆ داکۆکی کردن لە کورد و کوردستان، ئیدی عەقڵیەتی خێڵ، حوکمی کوردستانی کرد. لێرەوە خێڵ بە سیما نێگەتیڤەکانییەوە، بۆ نموونە: “پارێزگەری لە خێڵ، خزمایەتی، عەشیرەتگەری و ناوچەگەرێتیدا”7MehrdadIzady. The Kurds. Routledge, 1992خۆی دەردەخات. لە نموونەی ئەو دەمڕاست و سەرۆکانە، بە گێڕانەوەی مێژوویی میهرداد ئێزەدی، کە خۆی دەنووسێت: “هیچ یەکێک لەم سەرکردانەی خێڵەکان، لە دووریشەوە پا بە پای گەیشتن بە کاروانی تیژڕەوی گۆڕانکارییەکان جیهان نەیانتوانی لە جێگەی پیاوانی وەکو شەڕەففەدینی بەدلیسی بڕۆن. دەمڕاست و داواکەری کوردستانی سەربەخۆ، لە کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، هەندێک سەرۆک هۆزی پاشەڵپیسی وشک و نەزان بوون، وەک سمکۆ کە بە پیاوخۆر بەناوبانگ بوو، یان مەلای وەکو شێخ سەعید، کە بە سەختگیری و بیرتەسکی، کوردە عەلەوییەکانی لە خۆی و بزووتنەوەکەی کردبوو بە دوژمن، نەیانتوانی لە دەرفەتە زێڕینەکاندا، کە نەتەوەکانی دیکە بە ژیری و کارامەیی و ئاسۆی فراوانی دیدی سیاسیی سەرکردەکانیان، سەربەخۆییی بۆ کوردستان مسۆگەر بکەن.”8هەمان سەرچاوەتا دواجار لە ساڵی ١٩٢٢دا، شێخ مەحموود، کە نەدەچووەوە سەر هیچ میرێکی کوردی، بەڵکوو ئەو بەرزنجەیی بوو و بنەماڵەکەیشی پەیڕەوکەرێکی سەرەکیی ڕێبازی قادرین. بۆیە شێخ مەحموود، بە پشتبەستن بە خێڵەکەی و توانا ئایینییەکەی، حوکمی ناوچەیەکی بەرینی کوردانی دەکرد. ئا لێرەدایە، دەقێکی گرنگی کوردی و سەرەتایی لەدایک دەبێ بەناوی “لە خەوما”. چیرۆکەکە، باس لە پیاوێکی هەژار دەکات کە بارگەی هەڵدەگرێ و دەچێت بۆ “وڵاتی موسڵمانان”، تا بەشکێکوم نان و بژێوی، لە شارەکەدا، پەیدا بکات و بیباتەوە بۆ ماڵ و منداڵەکانی. دیارە بەپێی مێژووی نووسراو بێ، پاش بۆردومانکردنی سلێمانی، “جەمیل سائیب”یش لە سلێمانی ڕادەکات بۆ کەرکووک و لەوێ ماوەیەک نیشتەجێ دەبێ. چیرۆکەکە بە سەرەتاییەکی زێڕین دەست پێ دەکات: “خوا بەخێری بگێڕێ: لە خەوما…”9جەمیل سائیب. لە خەوما. چاپخانەی مادیار، ٢٠٢٠. هەموو نموونەکانی کە دەنێو چیرۆکەکەوە دامناوەتەوە، هیی ئەم چاپەی مادیارە.چیرۆکەکە، بە ستایلێکی ڕێکەوە دەڕواتە پێشەوە، سەرەتای هەیە، ناوەراستیشی هەیە، ڕووداویش تیایدا ڕوودەدات، کۆتایییەکیشی هەیە، لێ بە کۆتاییهاتنی خەوەکە نییە، بەڵکوو خەوەکە بەردەوام دەبێ. گێڕەرەوەی چیرۆکەکە، کەسی یەکەمی تاکە، واتە گێڕەرەوەی (من)ـە. سیما دیارەکانی چیرۆکەکە، ئەوەیە کە نووسەر تەکنیکی مەنەلۆگ بەکار دەبات. دواتر، کابرای هەژاری نێو چیرۆکەکە، لەگەڵ کاروانچییاندا وەڕێ دەکەوێ بەرەو شار، لە ڕێدا، چەتە و ڕێگر بەرامبەریان دەوەستنەوە، لێ کاروانچییانیش تفەنگ و چەکیان پێیە، بۆیە ناتوانن زەفەریان پێبەرن. نووسەر زەمەن و شوێنی ڕووداوەکان، بە قۆرت ناو دەبا، قۆرتی یەکەم، هیی دووەم و هەتا کۆتایی. قۆرتی یەکەم، نزیکبوونەوەیە لە شار و تفەنگبەدەستانی دەسەڵاتداری شارەکە، باج لە کاروانچییان دەستێنن، لێ داماوەی هەژار، هیچی پێ نییە، بۆیە ئەزیەتی دەدەن و داوای باجی لێ دەکەن و بە جاسووسیشی ناو دەبەن. لێرەدا سیمای دەسەڵاتەکەی شێخ، کە خێڵەکییەکی نیمچەخوێندەوارە، دەردەکەوێ، بە گوتەی میهرداد، دەسەڵاتی چەتەگەری. پاشان لە لایەن سەرۆکی کاروانچییانەوە، کە پیرەمێردێکە، داوا دەکرێ بیبەن بۆ شار لەگەڵ خۆیان و لە لای خاندا بن و سبەی لێی بپرسنەوە و بزانن جاسووسە یان نا. دەگەنە لای خان و قۆرتی دووەم دەست پێ دەکات، هەژاری داماو، بە کزۆڵە دادەنیشێ و گوێی لە دەنگی گریانی ژن و منداڵ دەبێ، دواتر پێی دەڵێن: هیچی وانییە، ئەو ژن و منداڵانە، مێرد و باوکیان کوژراوە. هەژار دەبێتە شاهێدی ئەمە و پاشان چەندانی دی، بۆ نموونە، گوێی لە دەنگی تەقە دەبێ، گوایە پیاوانی سەرۆک بە تۆمەتی جاسووسی چەند ڕۆژێ لەوەوبەر، پیاوێکیان گرتووە و وا ماڵەکەیشی کاول دەکەن. قۆرتی سێیەم ڕۆژەوەبوونە، کە تیایدا پیاوانی تفەنگچی لە خانەکە دێنە ژوورەوە و دەڵێن کابرای جاسووس کوا؟ کاروانچییان بۆی دەپاڕێنەوە و بەڵام بێفایدەیە، دەیگرن و دەیبەن لەگەڵ خۆیان. بەنێو بازاڕدا، دەیبەن و داماوەی هەژاریش، لە نزیکەوە زیاتر خەڵکی وڵاتەکە دەبینێ و بەم شێوەیە وێنای دەکات: “هەر یەکە دە دوانزە چەفتە و مشکى و جامانەى ڕەنگاوڕەنگیان تێک ئاڵاندووە و بە سەریانەوە بەستوە هەر یەکە بەقەدەر بەرداشێ، چوار ڕیز و پێنج ڕیز فیشەکیان لە خۆیان دابوو، خەنجەر و دەمانچەیان کردبوو بە قەدیانا، هەروا خوێن لە ناوچەوانیان دەبارى” دووبارە، لێرەدا سیمای خێڵ و حوکمڕانیی خێڵ دەردەکەوێ، جۆرێک وێناکردنە بۆ سەردەمی هاوشانی چیرۆکەکە. چیرۆکەکە بەردەوام دەبێت و هەژارەکە خۆی لە ماڵی حکومداری وڵاتەکە دەبینێتەوە، لێ لەبەر بەزم و سەفای خۆیان، نایانپەرژێتە سەر هەژاری داماو و لێپرسینەوەی لە تەکدا بکەن. دواتر لە ژوورێکی دەنێن، دوو پەنجەرەی تێدایە، کە لە قۆرتانی داهاتووی چیرۆکەکەدا، دەبنە هۆی شاهیدی هەژارەی داماو بە ڕوواداوگەلێک، کە یارمەتیمان دەدات باشتر تێبگەین لە کەسایەتی و لاوازی هۆشیاریی خان و سەرۆکی وڵات و، هەروەها دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵی خەڵکی لە لایەن ئەوەوە، وەک ڕابەرێکی خێڵەکی و خەمخۆر و دەمڕاستی کوردان. لە دیمەنێکی یەکەم پەنجەرەدا، خانمگەلێ دەبینێ، پێدەچێ سەر بە بنەماڵەی دەسەڵات بن. کە گوێبیست دەبێ، شایەتی چەندان ستەمکاریی ژنانی ماڵی حوکمکەری وڵات دەبێ، لە چەتەیی و ڕفاندنی موڵک و ماڵی خەڵکەوە بگرە، تا دەگاتە ئازاردانی هەموو مرۆیەکی چواردەوریان. لە دیمەنی دووەم پەنجەرەدا، ژووری سەرۆک دەبینێ. لەبیرم نەچێ، وشەیەکی سەرنجکێش کە جەمیل سائیب لە زاری هەژارەکەوە بەکاری دەبا، بریتییە لەوەی کە دەڵێ: پەتای جاسووسی لە وڵاتەکەدا بڵاو بووەتەوە. ئەوەی دەیبینێ لەم پەنجەرەوە، هاتنی چەند وەفدێکە بۆ لای، سەرەتا سەبارەت بە چەند جاسووسێکە، دواتر کۆمەڵێکن کە دێن داوا لە حوکمدەری وڵات دەکەن، لەگەڵ تورکەکان ڕێبکەوێ، ئەوی خۆشباوەڕیش، دەڵێ باشە و وەفدێ دەنێرێ بۆ لای تورکان. لە دواتردا، کۆمەڵێکی دی دێن و داوا دەکەن کە لەگەڵ ئینگلیزاندا ڕێبکەوێ، دووبارە بڕوا بەمانیش دەکات و وەفدێ دەنێرێت بۆ بەغدادی ئەو سەردەم، بۆ دانووستان لەگەڵ ئینگلیزدا. ئەوجا کۆمەڵێکی سەیرتر دێن کە تفەنگبەشان و خەنجەرلەکەمەرن، کە دەڵێن نە حوکمی ئینگلیزیان دەوێت، نە هیی تورک، خۆیان دەبێ خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەویش قایل دەبێت و دەڵێت: “ئەم قسانە هەموو بە لامەوە پەشمن و گاڵتەم پێیان دێت، من بۆچى خۆم بۆ ئەم خەڵکە تووشى ئەزێت و دەردى سەرى بکەم، ئەوى قازانج و خێرى خۆمى تیا نەبێ نایکەم، من هەتا پارەیەکى زۆر نەخەمە سەر یەک و لە بابەت ئیشوکارى خۆمەوە دڵم رەحەت نەبێ، ئەمانە هیچیان ناکەم، هەر کەسێک بێت بە هەوەسى خۆى، بۆ قازانج و کاروبارى خۆى قسەیەک بکات، بۆچى من شێتم، مناڵم، هەروا شوێنیان بکەوم و بە قسەیان بکەم. ئەگەر لێم بگەرێن هەتا ئیشى خۆم، وەک خۆم ئەیزانم جێبەجێ بکەم، ئەوا باشە، ئەگینا من خۆم ئەزانم چى ئەکەم” لێرەدا، بە تێگەیشتنی میهرداد وێنەی ئەم دەسەڵاتدارییە، ئەوەندەی لە باوکێکی خەمخۆر دەچێ، کە هەر هەڵەیەک بکا خەڵکەکە قبوڵی دەکەن، ئەوەندە لە سیاسەتمەدارێکی ژیر ناچێ، کە بیر لە ستراتیژییەت بکاتەوە. عەقڵیەتی خاوەن بڕیار، عەقڵیەتێک بووە تژی لە شکست، خۆشباوەڕی و نەزانی، هەتا ئەو ڕادەیەی کە هەژارەی نێو چیرۆکەکە، دەهێنێتە قاقای پێکەنین. لێرەدا چیرۆکەکە بە تێهەڵدانی هەژارەکە کۆتایی دێ و، هیچ کاتێک، خەوەکە کۆتایی نایەت؛ بەڵکە ئەوەندەی قاقا لێیان و شەقوهوڕی تفەنگچییانی خان لە گوێی خوێنەردا دەزرینگێتەوە، بیر لە وەخەبەر هاتنەوەی ناکات. باسی هەرە گرنگی چیرۆکەکە، ئەوەیە ئەم خەونە کۆتایی نایەت، پێچەوانەی جەمال بابان بیر دەکەمەوە، وەختێک پێی وایە چیرۆکەکە کۆتایی نەهاتووە، چونکە هەژارە بەخەبەر نەهاتووەتەوە.10بڕوانە وتارەکەی جەمال بابان، ئەیلولی ١٩٧٥تێمای بەخەبەرنەهاتنەوەکە، تێمای کۆتایینەهاتنی ستەمە “وەک ئەوەی کە نووسەری چیرۆکەکە بیەوێت پێمان بڵێت کە ئەو کابووسە هەمیشەییە و بەپێی لۆژیکی چیرۆکەکە بێت، خەون‌بینەکە، لە چرکەی دەستپێکی چیرۆکەکە و دانانی دوایین خاڵی نووسینیەوە تا ئێستە هیشتا لێی دەدرێت و چیرۆکی دەسەڵاتی حوکمڕانی گێلۆکە و ستەمی بەردەوام و شەقی داربەدەستەکانی سەرۆک، هیشتا و تا ئێستەش بەردەوامە. خەونێک کە بە جۆرێک لە ئەدەبیاتدا چارەنووسی داهاتووی نەتەوەیەک دیاری دەکات، کابووسێک کە هیشتا نە ئەو و نە نەتەوەیەک لێی بەخەبەر نەهاتووە لە چیرۆکەکە و لە ڕاستیشدا هیشتا خەون‌بینەکە لەژێر پێ‌لەقە و لێداندایە.”11مەنسوور تەیفووری. خەونبینەکان بەرامبەر هۆمۆ-فەرمانبەر. گۆڤاری ناوەخت، ٢٠٢٠. تێبینی: کاک مەنسوور لە وتارەکەدا نووسیویە ڕۆمان، من لە کۆوتی وتارەکەی خۆمدا، نووسیومە چیرۆک

   خەوەکە چۆن بەردەوام دەبێ و بۆچی، چۆن فۆڕمی ستەمکردن لە دەورانی دەسەڵاتداری نێو چیرۆکەکەوە دەگۆڕێت و دەمڕاستی کوردەکە چ ڕۆڵێک دەبینێ، لەوەی کە وا بکات هەر خەونەکە بەردەوام بێ؟ لێرەدا، بۆ جوابدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە کەمێک بگەڕێمەوە دواوە، ئەوەی کە بە ئەنقەست دیمەنێکی چیرۆکەکەم باس نەکرد و دەمویست بە جودا، لەم بەشەدا لێوەی بدوێم.

   وەختێ هەژارەکە لە پەنجەرەی دووەمەوە، سەیری ژووری گەورەوی وڵات دەکات، دیمەنێک دەبینێت کە تێیدا کۆمەڵێک مەلا دەچنە خزمەتی دەسەڵاتدارەوە، لێرەدا کۆمەڵێک داوا ئاڕاستەی خانەکە دەکەن، کە لە هەناویدا هەڵگری بیری ئایدۆلۆجییە و ڕەتکردنەوەی مۆدێرنیزمە، بەوەی ئینگلیز بە کافر دادەنێن و ئەوانەی لەوێ و تەنانەت لێرەیش، خزمەتی فیکری ئەوان دەکەن، پێویستە سزا بدرێن و ژنان و منداڵیان بچنە ژێر سایەی حکوومەت. لە چیرۆکەکەوە، تێدەگەین لێرەدا، دەسەڵاتدارەکە، وەک کابرایەکی خێڵەکی و عەشایەر، پشتئەستوور بە دین، وردەوردە سیمای دەسەڵاتێکی ئایینی لە هەناوی خێڵدا تۆوی لەدایکبوونی خۆی دەڕێژێ بەسەر داهاتوودا، داهاتوویەک کە هێشتا هەژارەکە، لەژێر پێلەقەی ستەمدایە و خەونەکە بەکۆتا نەهاتووە. بەم جۆرە، چیرۆکی لە خەوما و خەون کۆتایینەهاتنەکەی بریتییە لە چارەنووسی نەتەوەیەک لە خەبەرنەبوونەوە و لەژێرپێلەقەبوونی داربەدەستی حکوومەت، کە دواتر فۆڕمی دەسەڵاتی ستەمکار لە دەسەڵاتی خێڵی کوردی و خێڵەکییەکانەوە دەگۆڕێت بۆ حیزبی مۆدێرن لەنێوان کوردستاندا، حیزب وەک سەنتێزی نێوان خێڵ و ئایین.12پاژی حیزبە کوردییەکان ، MehrdadIzady. The Kurds. Routledge, 1992

دوای کۆتاییهاتنی میرنشینەکان، پاش دەسەڵاتی خێڵ، بە تێپەڕین بە چەند ڕووداوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا، ئیدی حیزبی کوردی دروست دەبێت. حیزب، لە پێناسە هەرە جەوهەرییەکەی خۆیدا بریتییە لە پارتێکی سیاسی مۆدێرن، کە بەرگریکاری گەل و بەڕێوەبەرێتی دەنێو سیستەمێکی دیموکراسیدا. واتە حیزب وەک بوونێک، دەنێو مۆدێرنیتەدا دروست دەبێ. هاتنیشی بۆ ناوچە کوردییەکان و لە ڕۆژهەلاتدا، حیزبی دیموکراتی کوردستان، وەک یەکەم حیزبی مۆدێرنی کوردی لەسەر دەستی سەرۆککۆماری گەورەی کورد “قازی محەمەد” لەدایک دەبێ.13MehrdadIzady. The Kurds. Routledge, 1992لێرەدا جێی ئاماژەیە سەروەختی دروستبوونی، “مەلا مستەفای بارزانی” بە خۆیی و بەشێکی زۆر لە خێڵەکەیەوە لە باشووری کوردستانەوە دەچنە نێو حیزبەکەی قازییەوە. پاش ڕووخان و لە سێدارەدانی قازی، پاش چەندین ڕووداوی دیکە، مەلا مستەفای بارزانی دەبێتە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کوردستانی باشووردا. پاش چەندین ڕووداوی دیکە، لە هەناوی پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٦دا دادەمەزرێ. سیما هەرە دیارەکانی دەمڕاستێکی خێڵەکییانە، بە تێکەڵبوون لە سیما مۆدێرنەکانی وەکو حیزب، بەڕوونی لە هەردوو حیزبەکەدا وەک گەورەترین حیزبی باشووری کوردستاندا، دیارە. هەمیشە خێڵەکییانە گفتوگۆیان لەبارەی پرسە سیاسییەکانەوە کردووە، هەتا ئەو ئاستەی، میهرداد گوتەنی: “زۆربەی کەسایەتییە سیاسییە کوردییەکان، هاوەڵناوێکی خێڵەکییانەیان خستووەتە سەر ناوەکەی خۆی، هەرچەندە بەشێکیشیان هەڵگری ناوی ئایینین، باشتر وایە لەم ڕووەوە ئاماژە بۆ هەندێ کەسی هەرە ناسراو بکەین کە ناوی هۆزەکانیشیان خستووەتە سەر ناوی خۆیان، لەوانە: جەلال تاڵەبانی، مەلا مستەفای بارزانی، مەسعوود بارزانی، عەبدولڕەحمانی قاسملو، ڕەسووڵ مامەند.”14هەمان سەرچاوەسیمای خێڵەکییانە، لە ناوەکانەوە دەست پێ دەکات و بە کردەوە و ڕەفتارەکانیان ئەنجامگیریی دەبێت. هەروەها حیزبەکانیشیان، شەرعییەتی خۆیان لە هەمبەر دەستتێکەڵکردن لە خێڵەکانەوە وەردەگرن، نەوەک لە ئایدیای ڕزگارییەوە، یاخود ئەوەی خۆیان دەیانەوێ پێی بناسرێنەوە: حیزبێکی سیاسیی مۆدێرن. ئەمە چی لێکەوتووەتەوە؟ میهرداد گوتەنی: “ئەوەی ئەوێستا کوردان هەیانە، تا ڕادەیەکی زۆر، سەرکردایەتی و کولتوورێکی خێڵەکییە.”15هەمان سەرچاوەخێڵەکی بوون و ڕەفتاری خێڵەکییانە، سیمای هەرە دیاری سەرکردە سیاسییەکان بووە، سیاسەتی خێڵ، زیاتر بەلای پارێگاری کردن لە خۆی، خزمخزمێنە، ناوچەگەرییەتی و عەشیرەتگەرییدا خۆی دەبینێتەوە. تەنانەت “سەرکردەگەلێکی سیاسیی کورد، وەک جەلال تاڵەبانی و عەبدولڕەحمانی قاسملو، کە لە ناوەندە ئەروپییەکان خوێندوویانە و ژیاون، نەیانتوانیوە لە بەندی ڕەگوڕیشاڵە خێڵەکییەکانیانەوە، خۆیان و حیزبەکانیان دەرباز بکەن.”16هەمان سەرچاوەمامەڵەیەکی دیکەی خێڵەکییانە، ئەو هەموو شەڕە لەنێوان هێزی حیزبە کوردییەکانەوە، کە لە شەڕی ١٩٧٨ی جەلالی و مەلاییەکانەوە، دەست پێ دەکات و تا دواتر دروستبوونی شەڕی خێلەکییانەی ناسراو بە شەڕی ناوخۆ و تا ئێستایش بەردەوامە. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە ڕەخنەکاری لە هەمبەر خێڵدا، پشتئەستوورە بەوەی لە بەرگێکی مۆدێرندا خۆی دەردەخا، یاخوود بەمانایەکی دیکە؛ بەرگێکی مۆدێرن و ناوکێکی خێڵەکییانە.

   میهرداد ئێزەدی، حیزبی کوردی بە سەنتێزی نێوان خێڵ/ئایین یاخوود شێخ/مەلا دادەنێت، ئەم تێزە، بە گێڕانەوەی جەمیل سائیب، لە شێخ مەحموود و ئەوانەی سەردەمانی نزیک ئەو بوون، دەست پێ دەکات، وەختێک لەو چوار تاقمەی دێنە لای دەمڕاستی کوردان و سەرۆکی وڵات، یەکێکیان ئینگلیزە و ئەوی دییان تورکە و یەکێکیان مەلاکانن و ئەوانی دیکە خێڵەکییەکانن. لێرەوە، خەونی هەژارەکەی نێو چیرۆکی لە خەوما، خەونێکە گەلێک تێی دەکەوێت، بە دەسەڵاتی ستەمئامێزی خێڵ دەست پێ دەکات و دواتریش حیزبی کوردی، وەک سەنتێزی نێوان خێڵ و ئایین دەست پێ دەکات. خەونی هەژارەی لە خەومای جەمیل سائیب، نەک تەواو نابێ، بەڵکوو دەچێتە نێو قوڵترین شوێنی نەستی خەونبین/کوردەکەوە، تا هێندە قوڵدەبێتەوە، تێکەڵبوونی ئایین و خێڵی کوردی، بە دروستبوونی حیزبی کوردی دەست پێ دەکات. لەبارەی کاریزما کوردییەکانەوە، مەلا مستەفای بارزانی بە نموونە، میهرداد بە سیاسەتی بڕیاری نەزانانە و خێڵەکییانە، تۆمەتباری دەکات، ئەو لە نمونەیەکدا، وا باسی دەکات کە: “ژەنەراڵ مستەفا بارزانی، لە ساڵی ١٩٧٥دا، پێشنیاری کرد کوردستان ببێ بە ویلایەتی پەنجا و یەکەمی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەم پێشنیارە گەر لە لایەن هەر سەرکردەیەکی سیاسی تری جیهانی سێیەمەوە بخرایەتە ڕوو، لەوانەیە لێڵی بخستایەتە نەک هەر کارامەیی سیاسی، بەڵکوو تەنانەت سەلامەتی بیرکردنەوەی خاوەنەکەیشی…” (١٦) دەقی لە خەوما، دەقێکە تێیدا پێیەکی گەورەی لە داهاتوودایە، بە چەندان ئاماژەی نێو دەقەکە، دەگەین بە خاڵی جەوهەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سیماکانی دەسەڵاتداران، هەم هاوسەردەمی خۆی، هەم داهاتووش. دەقەکە، هەڵگری ئەو سەرجەمێتییە پتەوەیە، کە نەک بە تەنها دەقێکە و بەس، بەڵکە وەک خەونێک، سیاقی سەردەمی خۆی بەرهەمی نەهێناوە، بەڵکوو ئەم هەڵگری سیاقەکەی خۆیەتی. جیاوازی ئەوەی کە بۆچی سیاقی خۆی بەرهەمی نەهێناوە ئەوەیە کە ئەم دەقە، وەک چیرۆک و وەک جۆرێک لە پەخشان، سۆزداری باوکانەی بۆ ئاغا دەمڕاستەکانی سیاقی خۆی نییە –وەک چۆن چیرۆکنووسان و وتارنووسانی ئەوسا و ئێستایش تێی دەکەون- بەڵکوو ئەم پایەبڵندانەتر، وەک ئەوەی سیاقەکە دەشتاییەک بووبێ و دەقەکە لە شاخێکی بەرزەوە لێی بڕوانێ، دەنێو دەقێتیی خۆیدا سیاقەکە چێ دەکات.

پرسیارە هەرە سەرەکییەکە لە ئەدەب ئەوەیە، ئەدەب کە لە وڕێنەوە دەگات بە خەونبینینەکەی جەمیل سائیب، ئایا کەی دەتوانێ لەو خەوەی جەمیل سائیب خەبەری ببێتەوە و چیدی دونیایەکی نوێ، لەدوای دونیای خێڵ و حیزبی کوردییەوە دەست پێ بکات؟

تێبینی: ئەم وتارە، بە پشتبەستن بە چەند تێزێکی نووسەر و لێکۆڵەر: میهرداد ئێزەدی، سەبارەت بە میرنشینی کوردی، خێڵ، شێخ و مەلا، حیزبی کوردی وەک سەنتێزی نێوان خێڵ و ئایین و بوونی کاریزمای کوردییەوە، نووسراوە.

پەراوێزەکان

  • 1
    زاموا محەمەد. سیاسەتەکانی وڕێنەکردن.
  • 2
    MehrdadIzady. The Kurds.Routledge, 1992
  • 3
    هەمان سەرچاوە
  • 4
    بەختیار حەمەسوور.ڕیزبەندییەکی نوێ بۆ مێژووی چیرۆکی کوردی. سایتی ژنەفتن، ٢٠٢١
  • 5
    هەمان سەرچاوە
  • 6
    ڕەفیق حیلمی. یاداشت. بەرگی یەکەم
  • 7
    MehrdadIzady. The Kurds. Routledge, 1992
  • 8
    هەمان سەرچاوە
  • 9
    جەمیل سائیب. لە خەوما. چاپخانەی مادیار، ٢٠٢٠. هەموو نموونەکانی کە دەنێو چیرۆکەکەوە دامناوەتەوە، هیی ئەم چاپەی مادیارە.
  • 10
    بڕوانە وتارەکەی جەمال بابان، ئەیلولی ١٩٧٥
  • 11
    مەنسوور تەیفووری. خەونبینەکان بەرامبەر هۆمۆ-فەرمانبەر. گۆڤاری ناوەخت، ٢٠٢٠. تێبینی: کاک مەنسوور لە وتارەکەدا نووسیویە ڕۆمان، من لە کۆوتی وتارەکەی خۆمدا، نووسیومە چیرۆک
  • 12
    پاژی حیزبە کوردییەکان ، MehrdadIzady. The Kurds. Routledge, 1992
  • 13
    MehrdadIzady. The Kurds. Routledge, 1992
  • 14
    هەمان سەرچاوە
  • 15
    هەمان سەرچاوە
  • 16
    هەمان سەرچاوە