ڕۆسۆ لە دەلاقەیەکی ترەوە

(گەڕانەوە بۆ سروشتی مرۆیی، ئێمیل وەک نموونە)

دڵڕەقی و چاوچنۆکی و کوشتوبڕ و یەکترشکاندن، هەڵپەی ناوبانگ و هێز و دەسەڵات، زادەی بە کۆمەڵایەتیبوونی تاک و دروستبوونی کۆمەڵگاکانن. ئەگەر مرۆڤ بە تەنها ژیابا، هیچێک لەمانە بەو ڕادەیە بوونیان نەدەبوو. سروشتی مرۆیی، خۆی لە خۆیدا دژی ئەو سیفاتانەیە، لێ دواتر ژینگە و دەوروبەر بە مانا بوونخوازییەکەی ڕەگی دزێوی تێدا دەچێنن. کەواتە چارەسەر چییە؟ ئایا هیچ هیوایەک هەیە بۆ بنبڕکردنی خراپەکاری و ڕەگی دزێوی لە مرۆدا؟

″ژان ژاک ڕۆسۆ”1ژان ژاک ڕۆسۆ (١٧١٢-١٧٧٨)، فەیلەسوف و ڕۆماننووس و نووسەرێکی دیاری چاخی ڕۆشنگەرییە، لە جنێف لەدایک بووە و بە فەرەنسی نووسیویەتی. جگە لە کتێب و نووسینە ناسراو و کاریگەرەکانی لە بواری فەلسەفەی سیاسی و پەروەردەدا، لێکۆڵەرێکی دیاری میوزیک و ئاوازدانەر و ئوستادی سەماکردن بووە. خوێنەر بۆ ئاشنابوون و ناسینی زیاتری ڕۆسۆ، ناچار نییە بگەڕێتەوە سەر ئەو نووسینانەی کە باسی ژیانی ڕۆسۆ دەکەن، چونکە ڕۆسۆ خۆی لە (دانپێدانانەکان)دا، هەموو شتێکی لەبارەی ژیانی خۆیەوە درکاندووە. بڕوانە: (ژان ژاک ڕۆسۆ، دانپێدانانەکان، وەرگێڕانی: هەژار جوانڕۆیی، سلێمانی، چاپی یەکەم، سلێمانی، ۲۰۰۷)لە ساڵی ١٧٦٢ بۆ چارەسەرکردنی ئەو خووە دزێوانەی مرۆ و گەڕاندنەوەی بۆ سروشتی بەرایی خۆی، کتێبێکی گەورە دەنووسێت بە ناونیشانی: “دەربارەی پەروەردە: ئێمیل وەک نموونە”.2جان جاک روسو: امیل آو التربية، ترجمة: عادل زعيتر، موُسسة هنداوي للطباعة والنشر، طبعة جديدة، ‌‌‌‌۲۰۱۹. هەروەها بڕوانە: ( ژان ژاک ڕۆسۆ: ئێمیل، وەرگێڕانی بۆ کوردی: ڕەسول سوڵتانی، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ۲۰۲۰)لەم کتێبەدا ڕۆسۆ زۆر بە ڕاشکاوانە و بێ هیچ سڵەمینەوەیەک ڕێگای پەروەردەیەکی دروست دەخاتە بەردەستی پەروەردەکاران و هانیان دەدا شێوازێکی نوێی پەروەردەیی بۆ منداڵەکانیان تاقی بکەنەوە و دوور بکەونەوە لە شێوازە کۆن و نەریتییە سواوەکان.
شێوازی پێشنیارکراوی ڕۆسۆ، پەروەردەی منداڵ هەر لە کۆرپەلەییەوە هەتا دەگاتە تەمەنی ٢٥ ساڵی دەگرێتەوە . ئەو پێی وایە تازە درەنگە بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکان هەڵبوەشێنەوە و تاک بکرێتەوە بە خۆیەکی تەواو دابڕاو لە ژینگە ناڕێک و زیانبەخشەکەی، بەڵام  دەتوانرێت هەوڵ بدرێت لە ڕێی پەروەردەیەکی تایبەتەوە مرۆ لە سروشتی ڕاستەقینەی خۆی نزیک بکرێتەوە و هەوڵ بدرێت سروشتییانە گەورە ببێ و هیچ یاسا و ڕێسایەکی دیاریکراو لە فێربوون و پێگەیاندنیدا، بەسەریا نەسەپێنرێ و خۆویستانە لەو پێکەوەبوونەی لەگەڵ کۆمەڵگادا بەشداربێت.
خاڵی هەرە گرنگی ئەم کتێبەی ڕۆسۆ، جەختکردنەوەیە لەوەی  دەبێ پەروەردە و فێرکردن لە شێوازی (بەخشەر و وەرگر) خۆی دەرباز بکا و لەبری ئەوە فێرکاران هەوڵ بدەن لەگەڵ فێرخوازاندا بیر بکەنەوە و بپرسن و پێکەوە ڕێیەک بۆ فێربوون بدۆزنەوە. بە واتایەکی دیکە لەبری سەپاندنی شێوازێکی دیاریکراوی بیرکردنەوە و پرسیارکردن، دەبێ فێرخواز خودی خۆی فێری پرۆسەی بیرکردنەوە و پرسیارکردن بکرێت. لەبری کەڵەکەکردنی یاسا و ڕێسا و نەریتە باوەکان، هانی منداڵ بدرێ خۆی لایەنە باش و سوودبەخشە سروشتییەکانی خۆی پەرە پێ بدا و هیچ بیرۆکەیەکی زیانبەخش و هیچ نەریتێکی کۆن نەخزێنرێتە هۆشییەوە. فێربوونی ڕاستەقینە ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە فێرخواز هەست بکات فێربوونەکەی ئازادانە و سەرپشکانەیە، هەروەک چۆن پەروەردەی ڕاستەقینەش ئەو کاتە دەست پێ دەکا کە ئینسان ئازادانە پەرە بە سروشتی مرۆییانەی خۆی بدا و بە ویستی خۆی بچێتە نێو کۆمەڵەوە و ببێتە بەشێکی گرنگ لێیان.
ئەم بۆچوونانە لە “ئێمیل”دا ئەوەندە بە زەقی و ڕوونی نووسراون، کە هیچ بوارێکی نەهێشتۆتەوە بۆ لێکدانەوەی دی. ئەوە بۆیە سەروەختێک پەرلەمان لە پاریس دوای تەنها بیست ڕۆژ لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکە، بڕیاری کۆکردنەوە و سووتاندنی کتێبەکە دەردەکات و داوا دەکات نووسەرەکەیشی بخرێتە زیندانەوە و سزا بدرێت، ڕۆسۆیش بێ هیچ ڕوونکردنەوە و بەرەنگارییەک بەرەو سویسرا هەڵدێت، چونکە هەم پەرلەمان و دادگای ئایینیی ئەو سەردەمە بەڵگەی تەواویان بۆ سزادانی لە بەردەستدا بوو، هەمیش ڕۆسۆ بەوپەڕی ڕاشکاوی و بێ هیچ خاترگیرییەک بۆچوونەکانی خۆی دەربڕیبوو، بە شێوەیەک لە بەرامبەر یاساکانی دەوڵەت و ئاییندا کەس نەیدەتوانی بچووکترین بەرگرییان لێ بکات!
ئەم کتێبەی ڕۆسۆ هەرچەندە وا بۆ سێ سەدە دەچێت بۆتە بنەمایەکی سەرەکیی پەروەردەی نوێ لە خۆراوا و لە سیستەمی پەروەردەدا زۆر بەوردی جێی بۆ کراوەتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە بیزانین ئەوەیە کە ئەم کتێبە بەدەر نییە لە هەڵە و کەموکووڕی زۆر و تەنانەت لە چەندین جێدا بۆچوونەکانی بۆ ئەمڕۆی جیهان مەترسیدار و خراپن و قابیلی ڕەخنەی قووڵن. بۆ نموونە لەبارەی خوێندنەوەوە ڕۆسۆ پێی وایە کە منداڵ لە پێنج ساڵییەوە تا دوانزە ساڵی نابێت هیچ زمانێک جگە لە زمانی دایکی فێرببێ و نابێت بە هیچ جۆرێک لەو تەمەنەدا کتێب بخوێنێتەوە، دەبێ بەتەواوی بێئاگا بێت لە بابەتەکانی ئەدەب و مێژوو و جوگرافیا. بە بڕوای ڕۆسۆ منداڵ هەتا تەمەنی دوانزە ساڵی دەبێت تەنها یەک کتێب بخوێنێتەوە ئەویش کتێبی سروشتە و خۆی دادوەری لەنێوان شتەکاندا بکات، چونکە کتێب بۆ ئەو تەمەنە کەمەی منداڵ هیچی پێ نییە جگە لە ئازار و ناڕەحەتی. هەروەها بیروڕاکانی دەربارەی ژنان و قەدەغەکردنی خوێندن لێیان، بەو پێیەی سروشتی ژنانە سروشتێکی دژ و ناکۆکە لەگەڵ خوێندنەوە و تێگەیشتنی قووڵدا.
لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین “ئێمیل” کۆنترین مانیفێستی فەلسەفییە کە بەو شێوە تایبەتمەند و عەقڵانی و نوێگەرییە دەربارەی پەروەردە و سروشتی مرۆیی نووسرابێت و تا ڕادەیەکی زۆریش دوورکەوتبێتەوە لە شێوە ڕوانینی ئایینیانەی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرەتاکانی ڕێنسانس بۆ پەروەردەکردنی مرۆ لە منداڵییەوە. ئەمە سەرباری ئەو ڕاستییەی کە پەروەردە لەم کتێبەی ڕۆسۆوە، دەچێتە قۆناغێکی بەرزتر و باشتر، کە نەک بۆ ئەو سەردەمە، بەڵکوو تا ئێستاش لە سیستەمی پەروەردە نموونەییەکانی جیهاندا، جێی تایبەتی بۆ کراوەتەوە و بە بەردەوامی ئەزموون دەکرێت.

ژان ژاک ڕۆسۆ (١٧١٢-١٧٧٨) فەیلەسووف و نووسەری ژنێڤی سەدەی هەژدەیەم


                      ئێمیل باسی چی دەکا؟
ئەم کتێبە دابەشکراوەتە سەر پێنج بەشی سەرەکی، لە بەشی یەکەمدا باس لە قۆناغی کۆرپەیی منداڵ کراوە و زۆر بەڕوونی ئاماژە بە ڕۆڵی دایەنەکان دەکات لە پەروەردەکردنی منداڵدا و ئاماژە بە گرنگی ئازادبوونی تەواوەتی منداڵ دەکات لە هەمبەر سروشت و داواکارییەکانیدا. ئەمە پاکترین ماوەی تەمەنی مرۆیە، کە تێیدا ژینگە و سەپێنراوە دەرەکییەکان هێشتا زەفەریان پێ نەبردووە و داگیریان نەکردووە. لەم قۆناغەدا منداڵ لە بەخێوکارەوە سیفەت و زمان و بەشێکی نەریت و خەسڵەتە گشتییەکان، بە شێوەیەکی سەرەتایی وەردەگرێت.
بەشی دووهەمی کتێبەکە تایبەتە بە قۆناغی پێنج ساڵی هەتا دوانزە ساڵی، کە نابێت منداڵ تێیدا کتێب بخوێنێتەوە و دەبێت هان بدرێت خۆی ڕاستەوخۆ لە سروشتەوە شتەکان وەربگرێت و لێکیان جیا بکاتەوە و تێیان بگات. خاڵی هەرە گرنگی ئەم بەشە کە تا ئێستایش بۆ پەروەردە بایەخی گەورەی هەیە دانەدانی وانەی ئەخلاقی و نەریتییە بە منداڵ، بەڵکوو لەبری ئەوە تەنها پێویستە لە سەرمان بە کردار لە خراپەکاری دووری بخەینەوە و هانی بدەین بەرەو چاکەکاری و هەڵسوکەوتی مرۆیانە ڕێنوێنی بکەین.
لە بەشی سێیەمدا کە تەمەنی هەرزەکارییە و لە ١٢ ساڵی بۆ ١٥ ساڵی دەگرێتەوە، ئیدی کاتی ئەوەیە منداڵ فێری زانست و زانیاری بکەین و لەمەشدا پێویستە منداڵەکە پشت بە خۆی ببەستێ و ڕاستەوخۆ لە سروشت و ژینگەی دەوروبەرەوە دەست بکات بە گەڕان و زانیاری. بۆ ئەم تەمەنەی منداڵ ڕۆسۆ پێشنیاری تەنها یەک کتێب دەکا، ئەویش (چیرۆکی ڕۆبنسۆن کرۆسۆ)یە کە بە شێوەیەکی سروشتی ژیاوە و لە ڕێی ئەزمونکردنی ژیانەوە فێری ژیانکردن و بەرگەگرتنی ناخۆشی و سەختییەکان بووە و لە کۆکردنەوەی زانیاریدا پشتی بە خۆی بەستووه. هاوکات فێرکردنی پیشەیەکی نوێ و بەسوود و جووڵاندنی جەستە و دەرخستنی وزە و توانا زۆر و زەوەندەکانی منداڵ.
لە بەشی چوارەمدا کە تەمەنی ( ١٥ بۆ ٢٠) ساڵی دەگرێتەوە، ڕۆسۆ داوا دەکات منداڵ فێری خۆشەویستیی ڕاستەقینە بکرێت و وای لێ بکرێت هەموو کەسێکی خۆشبوێ و ڕقی لە هیچ کەس و گروپێکی مرۆیی نەبێتەوە. هاوکات ڕێز لە بۆچوون و بیروڕای جیاواز بگرێت و هەموو کەس و بۆچوونێکی لە لا بەڕێز بێت. هەر لەم تەمەنەدا ئیدی دەبێت فێری خوێندنەوەی کتێب ببێت و زۆرتر بخوێنێتەوە، بەتایبەتی بابەتەکانی ئەدەبیات و مێژوو، ئەمەش لە پێناوی بەهێزکردنی یادەوەری و فراوانکردنی ئاسۆی خەیاڵ و بیرکردنەوە بە واتا فەلسەفییە قووڵەکەی.

بەشی پێنجەم و کۆتاییی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ باسکردن لە شێوازی پەروەردەکردنی کچ و گەورەکردنی، تا لە داهاتوودا ژنێکی سەنگین و ناوداری لێ دەربچێت و بەدەم داخوازی و پێویستییەکانی خێزانەکەیەوە بچێت و گرنگی بە لەشڕێکی و جوانی خۆی بدات و شیاوێتی ئەوەی تێدا بێت ببێتە دایکێکی باش و پەروەرەیەکی گونجاو و پێشکەوتووی منداڵەکانی بکات، چونکە دواجار کۆی ئەم کتێبە و جێبەجێکاری یەکەمیشی خانمانن و ئەوان دەتوانن بە باشترین شێواز پەروەردە ببەنە پێش و ئاڕاستەی بکەن بەرەو شکۆداری.
 بە شێوەیەکی گشتی هێڵی سەرەکی ئیشکردنی ڕۆسۆ لەسەر پەروەردە، پشت بەستنە بە سروشتی مرۆیی. پشت بەستنە بە توانستی فێربوون لە ڕێی هەستەکانەوە نەک عەقڵ و هۆش. وەک چۆن لە لای “هایدیگەر”3مارتن هایدیگەر: بوون و کات، وەرگێڕانی: دکتۆر محەمەد کەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی، ۲۰۱۳)مرۆ دەتوانێت بە گەڕانەوە بۆ “بانگی ویژدان” ڕەسەنێتی خۆی لەدەست نەدات، لای ″ڕۆسۆ″یش بە گەڕاندنەوە بۆ “هێزی هەستەکی و بانگی سروشت” مرۆ دەتوانێت چاکەکاری لەدەست نەدات و لە خراپەکاری دووربکەوێتەوە.

      ئایا مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی خۆی؟
بیرکردنەوە و ڕوانینەکانی “ڕۆسۆ” دەربارەی سروشتی مرۆیی، هەمیشە جێی مشتومڕ و گفتوگۆی توند بووە، نەک بە تەنها لە نێوەندە فیکری و فەلسەفییەکاندا، بەڵکوو لە ناوەندە زانستی و پەروەردەیی و ئاینییەکانیشدا، بۆتە مژارێکی سەرەکی. خاڵی هەرە گرنگی نێو ئەو مشتومڕانەش، زۆربەی جار بەرمەبنای بەدحاڵیبوون بووە لە فەلسەفە و فیکری ڕۆسۆ. بەوەی کە زۆرێک لەوانەی لێکۆڵەر و تایبەتمەندی فەلسەفەکەی ڕۆسۆن، ئەویان بە شێوەیەک گرێداوەتە سروشتی مرۆییەوە، نەک هەر خوێنەری ئاسایی بەڵکوو زۆر جار توێژەر و خوێنەرە جدییەکانیشی بە هەڵەدا بردووە و وای تێگەیاندوون کە ڕۆسۆ تەرەفگیری تەواوەتیی دابڕانی تاکە لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و لە هەوڵی گەڕانەوەیەتی بۆ سروشتە ڕاستەقینەکەی خۆی و ژیانکردنێتی بە تەنیایی!

بە لای “ڕۆسۆ”وە سروشتی مرۆیی هەڵگری خەسڵەتە نەرم و نیان و باشەکانی مرۆڤە، کە لە ڕێیەوە چاکەکاری و دادپەروەری و بەخشندەیی و لێبوردەیی دێتە دەرێ، لێ ژینگەی کۆمەڵایەتی و دەوروبەر ناهێڵن ئەم خەسڵەتانە تێیدا بە زەقی بمێننەوە و لەبری ئەوەوە تۆوی چاوچنۆکی و ڕکابەری و خۆپەرستی و ستەمکاری تیا دەچێنن

بەڵام ئایا ئەمە بەو شێوەیەیە؟ بێگومان نەخێر، خودی ڕۆسۆ لە چەندین شوێندا و لە بەشێکی زۆری کتێبەکانیشیدا ڕێک پێچەوانەی ئەو تەرزە ڕوانینە ئیشی کردووە. بە لای “ڕۆسۆ”وە سروشتی مرۆیی هەڵگری خەسڵەتە نەرم و نیان و باشەکانی مرۆڤە، کە لە ڕێیەوە چاکەکاری و دادپەروەری و بەخشندەیی و لێبوردەیی دێتە دەرێ، لێ ژینگەی کۆمەڵایەتی و دەوروبەر ناهێڵن ئەم خەسڵەتانە تێیدا بە زەقی بمێننەوە و لەبری ئەوەوە تۆوی چاوچنۆکی و ڕکابەری و خۆپەرستی و ستەمکاری تیا دەچێنن. ڕۆسۆ بۆ ئەوەی مرۆ لە سیفاتە خراپ و شەڕەنگێزییەکان دوور بکەوێتەوە، هانی دەدات بگەڕێتەوە بۆ ئەو زەخیرە چاکەکارییەی کە هەیەتی، هەوڵ دەدات ئەمە بیری مرۆ بخاتەوە تاکوو لە ژینگە کۆمەڵایەتییە خراپەکەدا نقوم نەبێت و هەقیقەتی خۆی لەبیر نەچێتەوە. بە واتایەکی تر ڕۆسۆ هەوڵ دەدات ئێمە لە چاکەکاری و ڕەسەنێتی نزیک بخاتەوە و لە سەپێنراوی دەرەکی و دژە مرۆیانە بمانپارێزێت. ئەو دەزانێت کە ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ دۆخی سروشتی خۆمان، بەڵام ئەم پێداگری کردنەی لەسەر بە باڵا زانینی ئەو دۆخە، لە پێناوی هێشتنەوەی تۆوی خۆبوونە لەنێو ژینگەیەکدا کە ڕقی لەو تۆوەیە و دەیەوێ بە هەر جۆرێک بووە نەیهێڵێت.

      ڕوونکردنەوەی چەند لێڵی و ناڕوونییەک

کاتێک کۆی نووسینەکانی ڕۆسۆ دەخوێنینەوە، هەر لە نامەکەیەوە دەربارەی زانست و هونەر، تا دەگاتە کتێبە سەرەکی و گرنگەکانی، بە تایبەتی هەردوو کتێبی: (پەیمانی کۆمەڵایەتی)4جان جاك روسو، العقد الاجتماعي، ترجمة: عادل زعيتر، صدرت هذه النسخة عن مٶسسة هنداوي عام 2013. “لەم کتێبەدا ڕۆسۆ زۆر بە ڕوونی ئەوە شی دەکاتەوە کە چۆن تاک دەستبەرداری بەشێک لە ماف و ئیمتیازاتەکانی خۆی دەبێت بۆ زۆرینە، تاکوو ئەوانیش لە بەرامبەردا مافەکانی دیکەی بپارێزن و ڕێزی لێبگرن.”و (ئێمیل)، درک بەوە دەکەین کە لای ڕۆسۆ سروشتی مرۆیی و دۆخە سروشتییەکە کراونەتە سێ بەشی سەرەکییەوە، ئەم سێ بەشەش سێ ڕەهەندی جیاواز و لەگەڵ ئەوەشدا بەیەکەوەبەستراویان هەیە، ئەوانیش:

یەک/ جیهانی دەرەکی (سروشتی دەرە مرۆیی):

هەموو ئەو کارکرد و وێنا دەرە مرۆییانە دەگرێتەوە کە ‌لە گەردووندا هەن، بە ئاسمان و زەوییەوە، بە ژینگە و ئەستێرە و مانگ و خۆر و ئاو و هەواوە، بە شار و دێهات و بیابان و تاڤگە و ڕووبار و…. هتد. ئەوەی کە بە شێوەیەکی بابەتییانە و بە پشت بەستن بە هەستەکانی بیستن و بینین و بەرکەوتنەوە مرۆڤ لێیان تێدەگا و دەکەوێتە ژێر هەژموونیانەوە، دواجاریش ئەم سروشتە گەردوونییە دەرە مرۆییە ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت لە دیاریکردنی ڕوانین و ئایدیا و وێناکردنەکانی ئێمەدا بۆ جیهان و دەوروبەرمان.

دوو/ جیهانی ناوەکی (سروشتی ناوەکییانەی مرۆ):

بریتییە لە حەز و ئارەزوو و خولیا ناوەکییەکان و هەموو ئەو تێرمە چاکانەی کە لە ناخی مرۆڤدا هەن، وتمان چاک، ئاخر ڕۆسۆ پێی وایە مرۆڤ بە سروشت چاکەکارە و خواستی شەڕەنگێزی و خراپەکاری تیا نییە، کە ئەمە ڕێک پێچەوانەی ڕوانینەکانی “هۆبز”ە5تۆماس هۆبز: فەیلەسوف و مێژوونوس و ئابوریناسێکی گەورەی ئینگلیزە. بە داڕێژەر و بناغەدانەری بەشێکی گەورەی ماف و ئیمتیازاتە گەورەکانی بەشەرییەت لە سەردەمی ڕێنسانس دادەنرێت. بیرکردنەوەکانی کاریگەریی زۆریان لەسەر جیهانیی سیاسی و فیکریی خۆرئاوا داناوە. لە ژێر ڕۆشنایی بۆچوونەکانی (ئەرستۆ و ماکیاڤیللی و دیکارت)دا کاری کردووە. ڕۆسۆ لە زۆر بۆچووندا لەگەڵیدا ناکۆک بووە، لە هەمان کاتدا نەیتوانیوە بێ گەڕانەوە بۆ هۆبز و بازدان بە سەریدا بیروڕاکانی خۆی دەرببڕێت. هۆبز پێی وابوو مرۆڤ بە سروشت شەڕەنگێزە و خراپەخوازە، یاسا و سیستەمە ئاینی و کلتورییەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەم شەڕەنگێزی و خراپەخوازییە دانراون و دەبێت مرۆڤ ملکەچییان بێت. بڕوانە: ( د.امام عبدالفتاح امام، توماس هوبز فیلسوف العقلانية، دار الثقافة للنشر والتوزیع، ۱۹۸٥)، کە پێی وایە مرۆڤ بە سروشت شەڕەنگێزە و دەبێ لە ڕێی پەروەردە و سیستەمێکی توندەوە، بەرەو چاکەخوازی ئاڕاستە بکرێت. 

ئەم جیهانە ناوەکییەی کە ڕۆسۆ باسی دەکات، بنەمای سەرەکیی پەروەردەیەکی دروست و پێکەوەژیانێکی شایستەی مرۆڤەکانیشە لەگەڵ یەکدی. مکوڕبوونی ڕۆسۆ لەسەر زەرورییەتی پاراستنی ئەم جیهانە ناوەکییەوە و هێشتنەوەی بە باڵادەستی، هۆکاری سەرەکیی زۆرێک لە هەڵەتێگەیشتن و بەدحاڵیبوونەکانە سەبارەت بە فەلسەفە و دونیابینییەکەی.

سێ/ جیهانی کۆمەڵایەتی (سروشتی کۆمەڵایەتییانەی مرۆ):

بۆ شیکردنەوەی ئەم تێرمە ناڕوون و لێڵە، “ڕۆسۆ” پەنا دەباتە بەر مێژوو، مێژووی دێرین و مرۆی چاخە سەرەتاییەکان. لەوێوە نموونە و بەڵگە و پاڵپشتییەکانی دێنێتەوە و ئیشی لەسەر دەکات. ئەو لەو بڕوایەدایە گەلانی دێرین و مرۆی سەرەتایی کاتێک بەرکەوتن و پەیوەندییان لەگەڵ یەکدی زیادی کرد، ناچاربوون لە پێناوی پاراستنی گیانی یەکدیدا و بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنییەت و ئارامییەکی جوزئی، دەستبەرداری بەشێک لە تایبەتمەندی و خواستەکانی خۆیان بن و پێکەوە پەیمانێک ببەستن، کە ڕۆسۆ خۆی ناوی لێدەنێت: (پەیمانی کۆمەڵایەتی). بەمەش سروشتی مرۆیی ڕوخسارێکی کۆمەڵایەتییانەی لەخۆگرت. ئەم ڕوخسارە سەرەتاییە ڕوخسارێکی پاک و بێکێشە بوو، چونکە بەرمەبنای خواستێکی ئازاد و پەیمانێکی خۆویستانە بوو، لە پێناو گەشەدان بە ژیاری مرۆییدا، مرۆڤ لەم قۆناغەدا باشترین ساتەکانی ژیانی لە مێژووی خۆیدا ئەزموون دەکرد، تاکەکانی ئەو کۆمەڵگا سەرەتاییانە دووربوون لە چاوچنۆکی و ئیرەیی و ڕق لێبوونەوە، هەموویان دڵسۆزانە بەرگرییان لە یەکدی دەکرد و بەتەنگ غەمی گشتییەوە بوون؛ بەڵام دواتر و لە ڕێی گەشەسەندنی مێژووییەوە، زۆرێک لە خاڵەکان و بنەما سەرەکییەکانی نێو ئەو پەیمانە سروشتییە کۆمەڵایەتییە ژێرپێ خران. ئیدی خاوەندارێتی تایبەت و هێز و سامان بوون بە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئەم پەیمانە و تەنانەت بۆ سەر سروشتە پاکەکەی مرۆڤیش. ڕۆسۆ لە ڕێی گەڕاندنەوەی خوێنەرەوە بۆ سەرەتاکانی ئەم پەیمانە، دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە ئەو دژی کۆمەڵایەتیبوون نییە، بەڵکوو لە هەوڵی پاراستنی پەیمانە کۆمەڵایەتییه سەرەتاییەکەدایە. ئاخر بەلای ئەوەوە هۆکاری زۆرێک لە کێشەکانی دونیا، دوورکەوتنەوە و لادانە لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە. خاڵی هەرە گرنگی ئەو پەیمانەش (هاوبەشیی و هاوغەمیی)ە کە لێیەوە ئیدی تۆوی خۆپەرستی و تەقەلا بۆ خاوەندارێتی و خواست بۆ بە کۆیلەکردنی ئەوانی دی، لە ناودەبات. ئەم هزری هەرەوەزییە، ئەم هاوبەشی و هاوغەمییە دەبێتە هەوێنی زۆرێک لە فەلسەفە و ڕێبازەکانی دواتر، بەتایبەتی لای بیریار و توێژەر و فەیلەسوفانی ڕەوتی مارکسیزم، تەنانەت خودی مارکس خۆیشی لەمەدا گەڕاوەتەوە سەر ڕۆسۆ.

لەنێوان ئەو سێ بەشەدا کە ئاماژەمان پێکرد، ناکرێت بەشێکیان جیا بکەینەوە و تەعمیمی بکەینە سەر بەشەکانی دی. ئەم سێیە بۆ تەواوکردنی تێگەیشتنمان لە ڕۆسۆ یاریدەمان دەدەن و لە هەڵە خوێندنەوە و هەرزە ڕاڤەیی بە دوورمان دەگرن. چونکە هیچ کام لەم بەشانە بە تەنها زامنی تێگەیاندن ناکەن، بەڵکوو دەبنە زامنی بەدحاڵیبوون.

ئەوەی “ئێمیل” بە ئێمەی بەخشیوە، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و بنەڕەتییە لە سیستەمی پەروەردەکردندا، بەوەی کە تاک تێیدا هەم پەیوەست بێت بە بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکانییەوە و هەمیش پارێزگاری لە مانەوەی جیهانە ناوەکییەکەی خۆی بکات بە پاکێتی. لە یەککاتدا هەم بەخشەر بێت و هەمیش وەرگر

               ئێمیل چی بە ئێمە بەخشی؟

لە کۆتاییدا دەشێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، کە ئاخۆ ئێمیل چی بە ئێمە بەخشی و چی گۆڕانێکی لە بونیادی پەروەردەییی ئێمەدا دروست کرد؟ بۆ وەڵامی ئەمە، دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ مێژووی پەروەردە و دۆخی پەروەردە لە پێش “ڕۆسۆ” و بەراوردکردنی بە سەردەمی دوای ئەو. بێگومان ڕۆسۆ لە ڕێی “ئێمیل”ەوە دابڕانێکی ئەپستمۆلۆژی گەورەی دروست کرد لەگەڵ سەردەمە تاریکەکاندا، تانانەت لەگەڵ فەلسەفەی نوێی ئەوروپی و چاخی ڕێنسانیشدا. گرنگترین کارێک کە “ڕۆسۆ” هێنایە نێو پەروەردەوە، کەنارخستنی ئەو تێڕوانینە باوە بوو کە پێی وابوو مرۆڤ بە سروشت شەڕەنگێزە و دەبێت لە ڕێی هێزی پەروەردە و سەپاندنی سزاوە، ملکەچیی یاساکانی دەوڵەت و کۆمەڵگە و ئایین بکرێت و تۆوی چاکەکاری لە ناخیدا بچێنرێت. “ڕۆسۆ” هات و ئەمەی بەتەواوی ڕەتکردەوە، ڕوانینێکی نوێی بەرجەستە کرد و مرۆی کرد بە ناوەندی خێر و چاکە و کۆمەڵگەشی کرد بە هۆکاری دروستبوونی خراپەکاری. سیستەمی پەروەردەی ڕۆسۆ، دژی بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیا و بیرۆکە و نەریتە گشتییەکانە لە پرۆگرامی خوێندندا و بەلای ئەوەوە منداڵ دەبێت سەرپشک و ئازاد بکرێت لە هەڵبژاردنی ئەو بیروباوەڕ و ڕێبازانەی کە بەلایەوە پەسەندن، هەروەک چۆن سەرپشکشیش بکرێت لە ڕەتکردنەوە و نەخوێندنەوەیاندا. ئەمە جگە لە قەدەغەکردنی لێدان و سەپاندنی ئەزبەرکردن. لەمەوە تێدەگەین کە ئەوەی “ئێمیل” بە ئێمەی بەخشیوە، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و بنەڕەتییە لە سیستەمی پەروەردەکردندا، بەوەی کە تاک تێیدا هەم پەیوەست بێت بە بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکانییەوە و هەمیش پارێزگاری لە مانەوەی جیهانە ناوەکییەکەی خۆی بکات بە پاکێتی. لە یەککاتدا هەم بەخشەر بێت و هەمیش وەرگر، فێربوون و خوێندنەوە و تێهزرینی ئازدانەتر و کراوەتر بێت بە ڕووی خۆی و بە ڕووی جیهانیشدا. لە ڕێی ئێمیلەوە ئێمە دەتوانین گوێبیستی بانگەوازی ویژدان بین(بە دەربڕینە هایدیگەرییەکەی)، لە ئەمانەش گرنگتر گەیشتنە بە ئازادییەکی بێخەوش و ڕەسەن. ئازادییەک کە تەنها لە ڕێی گەڕانەوە بۆ جیهانی ناوەکیی خۆمان و ڕێکخستنی شێوازی پەیوەندیمان بە جیهانی دەرەکییەوە دێتە دی.

         ترس لە  ئێمیل، ترس لە سروشتی مرۆیی

نەک تەنها لە سەردەمی “ڕۆسۆ”دا ، بەڵکوو لە سەردەمەکانی دواتر و تا دەگاتە ئێستامان؛ بیرۆکەکانی نێو ئێمیل و پەیمانی کۆمەڵایەتی هەمیشە ڕووبەڕووی ڕەخنە و بە نەفرەتکردن بوونەتەوە، بەردەوامییش وەک مەترسییەکی گەورە تەماشای ئەم بیرۆکانە کراوه. بۆچی؟ چونکە مرۆڤ بە گوێگرتن لە ناخی خۆی و گەڕانەوە بۆ جیهانی ناوەکی، بە ناڕاستەوخۆ دەکەوێتە جەنگێکی گەورەوە لەگەڵ دونیای دەرەخۆییدا، لە کاتێکدا ئایین و کولتوور و نەریت و یاسا و دەسەڵات ئەمەیان ناوێ و  دەیانەوێ لەبری ئەوە جێی خۆیان بکەنەوە و ببنە نوێنەری جیهانە ناوەکییەی مرۆڤ. بێگومان دروستبوونی نەوەیەکی وەها، کە دژی سەپێنراوە دەرەکییەکان بێت و هەوڵی بەخۆبوون بدات؛ کە ببێتە خودسەنتەر و ئیعاز لە ویژدان و هزری خۆیەوە وەرگرێت، نەک بە تەنها دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر پێگەی ئێستای بتە سیاسی و ئایینی و فەرهەنگییەکان، بەڵکوو دەبێتە هەڕەشەیەکی جدیش بۆ سەر کەلەپوور و میتۆلۆژیا و مێژووی گۆڕدراوی هەزاران ساڵەش! لێرەوەیە کە ترس لە ئێمیل، ترس لە گەڕانەوە بۆ سروشتی مرۆیی دەبێتە ترسێکی دەستەجەمعی و بە کۆدەنگ ڕەت دەکرێتەوە، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە هێشتاش لە ناواخنیاندا قۆناغی میتۆلۆژیا و تەوتەمییان تێنەپەڕاندووە و بە تەواوی دژی کرانەوە و بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگەن.


پەراوێزەکان

  • 1
    ژان ژاک ڕۆسۆ (١٧١٢-١٧٧٨)، فەیلەسوف و ڕۆماننووس و نووسەرێکی دیاری چاخی ڕۆشنگەرییە، لە جنێف لەدایک بووە و بە فەرەنسی نووسیویەتی. جگە لە کتێب و نووسینە ناسراو و کاریگەرەکانی لە بواری فەلسەفەی سیاسی و پەروەردەدا، لێکۆڵەرێکی دیاری میوزیک و ئاوازدانەر و ئوستادی سەماکردن بووە. خوێنەر بۆ ئاشنابوون و ناسینی زیاتری ڕۆسۆ، ناچار نییە بگەڕێتەوە سەر ئەو نووسینانەی کە باسی ژیانی ڕۆسۆ دەکەن، چونکە ڕۆسۆ خۆی لە (دانپێدانانەکان)دا، هەموو شتێکی لەبارەی ژیانی خۆیەوە درکاندووە. بڕوانە: (ژان ژاک ڕۆسۆ، دانپێدانانەکان، وەرگێڕانی: هەژار جوانڕۆیی، سلێمانی، چاپی یەکەم، سلێمانی، ۲۰۰۷)
  • 2
    جان جاک روسو: امیل آو التربية، ترجمة: عادل زعيتر، موُسسة هنداوي للطباعة والنشر، طبعة جديدة، ‌‌‌‌۲۰۱۹. هەروەها بڕوانە: ( ژان ژاک ڕۆسۆ: ئێمیل، وەرگێڕانی بۆ کوردی: ڕەسول سوڵتانی، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ۲۰۲۰)
  • 3
    مارتن هایدیگەر: بوون و کات، وەرگێڕانی: دکتۆر محەمەد کەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی، ۲۰۱۳)
  • 4
    جان جاك روسو، العقد الاجتماعي، ترجمة: عادل زعيتر، صدرت هذه النسخة عن مٶسسة هنداوي عام 2013. “لەم کتێبەدا ڕۆسۆ زۆر بە ڕوونی ئەوە شی دەکاتەوە کە چۆن تاک دەستبەرداری بەشێک لە ماف و ئیمتیازاتەکانی خۆی دەبێت بۆ زۆرینە، تاکوو ئەوانیش لە بەرامبەردا مافەکانی دیکەی بپارێزن و ڕێزی لێبگرن.”
  • 5
    تۆماس هۆبز: فەیلەسوف و مێژوونوس و ئابوریناسێکی گەورەی ئینگلیزە. بە داڕێژەر و بناغەدانەری بەشێکی گەورەی ماف و ئیمتیازاتە گەورەکانی بەشەرییەت لە سەردەمی ڕێنسانس دادەنرێت. بیرکردنەوەکانی کاریگەریی زۆریان لەسەر جیهانیی سیاسی و فیکریی خۆرئاوا داناوە. لە ژێر ڕۆشنایی بۆچوونەکانی (ئەرستۆ و ماکیاڤیللی و دیکارت)دا کاری کردووە. ڕۆسۆ لە زۆر بۆچووندا لەگەڵیدا ناکۆک بووە، لە هەمان کاتدا نەیتوانیوە بێ گەڕانەوە بۆ هۆبز و بازدان بە سەریدا بیروڕاکانی خۆی دەرببڕێت. هۆبز پێی وابوو مرۆڤ بە سروشت شەڕەنگێزە و خراپەخوازە، یاسا و سیستەمە ئاینی و کلتورییەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەم شەڕەنگێزی و خراپەخوازییە دانراون و دەبێت مرۆڤ ملکەچییان بێت. بڕوانە: ( د.امام عبدالفتاح امام، توماس هوبز فیلسوف العقلانية، دار الثقافة للنشر والتوزیع، ۱۹۸٥)