من کێم تا ئەوەتان پێ بڵێم
کە پێتان دەڵێم؟
من بەردێک نەبووم ئاو زاخاوی دابێت
و ببێت بە ڕوویەک
قامیشێک نەبووم “با” کوونی کردبێت
و ببێت نەی…
من یاریزانی زارم،
دەم دەبەمەوە و، دەم دەدۆڕێم
من وەکوو ئێوەم یاخود شتێکیش کەمتر…
لە پەنای بیر و
سێ درەختە تەنیاکەی وەک ڕەبەن لەدایک بووم
بەبێ داوەت و، بەبێ مامان لەدایک بووم.
بەهەڵکەوت ناوی خۆمم لێنراوە
و بە هەڵکەوت سەر بە خێزانێکم
و سەر و سیما و سیفەتەکانیانم بە میرات بۆ مایەوە
نەخۆشییەکانیشیان هەروا:
یەکەم: خەوشێک لە دەمارەکانیان
و پەستانی خوێنی بەرز.
دووەم: شەرم، لە دواندنی دایک و باوک
و داپیرە گەورە.
سێیەم: هیوایەک، بۆ چاکبوونەوە لە ئەنفەلەوەنزا
بە فنجانە بەیبوونێکی گەرم.
چوارەم: تەمبەڵی، لە قسەکردن دەربارەی ئاسک و کڵاوکوڕە.
پێنجەم: بێزاری: لە شەوانی زستاندا.
شەشەم: شکستێکی کوشندە لە گۆرانی گووتندا
من هیچ ڕۆڵێکم لەوانەدا نەبوو کە تێیدا بووم
هەر بە هەڵکەوت بوو
کە نێرم و
هەڵکەوتیش بوو کە
مانگێکی زەردهەڵگەڕاوی وەک لیمۆ ببینم کێچەل بە شەونخوونان بکات
هیچ هەوڵێکیشم نەدا
تا لە هەستیارترین شوێنی جەستەمدا
خاڵێک بدۆزمەوە!
دەکرا هەر نەبم
دەکرا باوکم بە هەڵکەوت هاوسەرگیریی لەگەڵ دایکمدا نەکردبا
یاخود وەک ئەو خوشکەم بام
کە هاواری کرد و مرد
بێئاگا لەوەی
بۆ کاتژمێرێک لەدایک بوو و دایکی نەناسی…
یان وەک ئەو هێلکە کۆترە بام کە شکا
بەر لەوەی جووجکەکان سەر لە قسڵ دەربێنن.
بە هەڵکەوت بوو کە من
زیندووی ڕووداوی پاسەکە بم
دوای ئەوەی لە گەشتی قوتابخانە دواکەوتم
لەبەر ئەوەی بوون و بارەکانییم بیر چووبووەوە
کە شەو چیرۆکێکی ئەڤینم دەخوێندەوە
ڕۆڵی نووسەر
و دڵدارە-قوربانییەکەم بەرجەستە کرد
بۆیە شەهیدی خۆشەویستی بووم لە ڕۆمانەکەدا
و زیندووی ڕووداوی هاتوچۆکە بووم
من هیچ ڕۆڵێکم لە گاڵتەکردن لەگەڵ دەریادا نییە
وەلێ من کوڕێکی سەرشێتم
لە خوازیارانی پیاسەم لەنێو کێشکردنی ئەو ئاوەی
بانگ دەکات: بۆ من وەرە!
هیچ ڕۆڵێکیشم لە قورتاربوون لە دەریادا نییە
بەڵکوو نەورەسێکی ئادەمی ڕزگاری کردم
کە بینی شەپۆل ڕاوم دەنێت و دەستم ڕادەکێشێت
دەکرا من تووشبووی جنۆکەی
هەڵواسراوی جاهیلی نەبم
ئەگەر دەرگای ماڵ ڕووەو باکوور بوایە
و نەیڕوانیبایە سەر دەریا
ئەگەر ئێشکگرانی سووپا لادێیان نەدیبا
کە شەو دەبرژێنن
ئەگەر پازدە شەهید
تەگەرەکانیان بنیاد نابەیەوە
ئەگەر ئەو جێگە کشتوکاڵییە نەشکابا
لەوانەیە بووبام بە دار زەیتوونێک
یان مامۆستایەکی جوگرافیا
یان شارەزای مەملەکەتی مێروو
یاخود پاسەوانێک بۆ زایەڵە
من کێم تا ئەوەتان پێ بڵێم
کە پێتان دەڵێم
لای دەرگای کڵێسا
لە کاتێکدا من جگە لە زارهەڵدانێک هیچی دیکە نیم
لەنێوان ڕاوچی و نێچیردا
ئاگاییی زیاترم بردەوە
بۆ ئەوە نا کە بە مانگەشەوەکەم دڵخۆش بم
بەڵکوو بۆ ئەوەی گەواهی ڕەشەکوژییەکە بدەم
بە هەڵکەوت ڕزگارم بوو: لە ئامانجێکی سەربازی بچووکتر بووم
گەورەتریش لە هەنگێک کە لەنێو گوڵی پەرژیندا دەفرێت
ترسی براکانم و باوکمم هەبوو
ترسی زەمەنێکم هەبوو لە شووشە
ترسی پشیلە و کەروێشکەکەم
و مانگێکی جادوویانەی سەر منارەی بەرزی مزگەوتم بوو
ترسی ترێی دالیم بوو
کە وەک گوانی سەگەکەمان شۆڕ دەبێتەوە
ترس منی گەڕیاند و منیش ترسم گەڕیاند
بە پێخواسی، ئەو یادەوەرییە بچووکانەم بیر چووبووەوە
کە لە سبەی دەمویستن -هیچ کاتێک نییە بۆ سبەی-
دەڕۆم/ هەروەلە دەکەم/ غاردەدەم/ بەرز دەبمەوە/ دادەبەزم/هاوار دەکەم/ دەوەڕم/ دەلوورێنم/ بانگ دەکەم/ واوەیلا دەکەم/ خێرا دەبم/ خاو دەبم/ بەر دەبمەوە/ بارسووک دەبم/ وشک دەبم/ پیاسە دەکەم/ دەفڕم/ دەبینم/ نابینم/ هەڵدەنوتێم/ زەرد هەڵدەگەرێم/ شین هەڵدەگەڕێم/ سەوز هەڵدەگەڕێم/ درز دەبەم/ هەنسک دەدەم/ تینوو دەبم/ ماندوو دەبم/ برسی دەبم/ دەکەوم/ ڕادەبم/ غاردەدەم/ لەبیر دەکەم/ دەبینم/ نابینم/ بەبیرم دێتەوە/ دەبیستم/ دەبینم/ وڕێنە دەکەم/ شپەستان دەکەم/ دەچرپێنم/ هاوار دەکەم/ ناتوانم/ دەناڵێنم/ شێت دەبم/ گومڕا دەبم/ کەم دەبم/ زۆر دەبم/ دەکەوم/ بەرز دەبمەوە/ دادەبەزم/ خوێناوی دەبم/و دەبوورێمەوە
لە بەختیاریشم، گورگەکان لەوێ نەماون
جا بەهەڵکەوتە یان لە ترسی سوپا ڕایان کردووە
هیچ ڕۆڵێکم لە ژیانی خۆمدا نییە
جگە لەوەی؛
کە فێری سترانەکانی کردم
گووتم: هێشتا ماوە؟
چراکەیم داگیرساند و ئینجا هەوڵمدا ڕێکی بخەم
دەکرا پەڕەسێلکە نەبم
ئەگەر با ئەوەی بۆ من ویستبا
“با”ش بەختی ڕێبوارە
بۆ باکوور چووم، بۆ خۆرهەڵات چووم، بۆ خۆرئاوا چووم
وەلێ باشوور دوور و لاسار بوو لەگەڵم
لەبەر ئەوەی باشوور نیشتمانمە
بۆیە بووم بە خوازەی پەڕەسێلکە
تا وەک بەهارێک یان پاییزێک بەسەر کەلاوەی خۆمدا هەڵفڕم
پەڕەکانم لە هەوری دەریاکە هەڵدەکێشم
و سڵاوم درێژ دەکەمەوە بەسەر ئەو ناسڕییەی نامرێت
لەبەر ئەوەی هەناسەی خودای تێدایە
خوداش بەختی پێغەمبەرە
لە بەختیاریم، کە من دراوسێی خواوەندەکانم
لە بەدبەختیم، کە خاچ
پلیکانەی تاهەتاییە بۆ سبەمان
من کێم تا ئەوەتان پێ بڵێم
کە پێتان دەڵێم
من کێم؟
دەکرا سرووش هەڤکاری نەکردبام
سرووشیش بەختی تەنیاکانە
“قەسیدە زارهەڵدانە”
لەسەر پەڵەیەک تاریکی
دەدرەوشێتەوە و دەشکرێت نەدرەوشێتەوە
و پەیڤیش وەک پەڕ
بەسەر لمدا بەردەبێتەوە/
هیچ ڕۆڵێکم لە قەسیدەدا نییە
جگە لە ملکەچ بوونم بۆ ڕیتمەکەی:
جوڵەی هەستەکان، هەستێک هەستێکی دیکە ڕێک دەخات
و مەزەندەش مانایەک دادەبەزێنێت
و بێهیوایەک لە زایەڵەی وشەکاندا
و وێنەیەکی خۆم کە لە “خۆم”ێک
گواستراوەتەوە بۆ یەکێکی دیکە
و پشتبەستنم بە خۆم و سۆزم بۆ کانی/
هیچ ڕۆڵێکم لە قەسیدەدا نییە
تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە سرووش دەوەستێت
سرووشیش بەختی کارامەیە کە هەوڵ دەدات
دەکرا ئەو کچەم خۆش نەوێت
کە لێی پرسیم: کاتژمێر چەندە؟
ئەگەر لە ڕێگا نەبوومایە بەرەو سینەما
دەکرا دووڕەگ نەبێت وەک ئەوەی هەیە
یاخود ڕازێکی ئاڵۆزی تۆخ بووایە
ئاوها وشەکان لەدایک دەبن. مەشق بە دڵم دەکەم
لەسەر خۆشەویستی تا شوێنی گوڵ و دڕکی تێدا ببێتەوە
زاراوەکانم سۆفیانەن، ویستەکانیشم هەستیانەن
منیش ئەوە نیم کە ئێستا هەم
تەنێ ئەو کاتە نەبێت کە ئەو دووە بە یەک دەگەن:
من و منی مێینە
ئەی ئەڤین! تۆ چیت؟ تۆ چەندە خۆتیت
و خۆشت نیت. ئەی ئەڤین! بەسەرماندا هەڵکە
وەک گەردەلوولێکی برووسکەیی تا ببین بەوەی تۆ دەیخوازیت
لە چارەسەری ئاسمانی لە جەستەی مندا
و بتوێوە لەو زارەی لە هەردوو لاوە دەڕژێت
چونکە تۆ؛ دەری بخەیت یان بیشاریتەوە
هیچ شێوەیەکت نییە
ئێمەش خۆشمان دەوێیت، کاتێک بە هەڵکەوت دەکەوینە ئەڤینەوە
تۆ بەختی بەلەنگازانی/
لە بەدبەختیم. چەندین جار
بە خۆشەویستی لە مردن ڕزگارم بووە
لە بەختیاریم، هێشتا توورتم
تا بچمەوە ئەو ئەزموونەوە
ئەڤینداری بە ئەزموون لە نهێنی خۆیدا دەڵێت:
ئەڤین درۆ ڕاستەکەی ئێمەیە
ئاشقەکە دەیبیستێت
و دەڵێت: خۆشەویستی دێت و دەڕوات
وەک بروسک و چەخماخە:
بە ژیان دەڵێم: هێواش بە، چاوەڕێم بکە
تا مەستی لە بادەکەم وشک دەبێت
لە باغچەکەدا گوڵێکی درەوشاوە هەیە، و هەواش ناتوانێت
لە گوڵەکە جیابێتەوە/
چاوەڕێم بکە، نەبادا گوڵەستێرەکان ڕابکەن
و هەڵە لە ئاوازەکەدا بکەم/
لە گۆڕەپاندا سترانڤانان تەلی ئامێرەکانیان تووند دەکەنەوە
بۆ سترانی ماڵئاوایی. هێواش کورتمکەوە
نەبادا سترانەکە درێژ بێتەوە و، دەنگ لە نێو سەرەتاکاندا بپچڕێت،
ئەو دووانەییە و، کۆتاییش یەکانە
بژی ژیان!
لەسەرخۆ لە باوەشم بگرە نەبادا “با” پەرتم بکات/
تەنانەت لەسەر “با”ش ناتوانم لە ئەلفبێ
جیاببمەوە
ئەگەر لەسەر چیایەک نەوەستابام
بە دێری هەڵۆ دڵخۆش دەبووم: هیچ ڕووناکییەک بەرزتر نییە
بەڵام شکۆیەکی ئەوها تاجێنراو بە زێڕی شینی ناکۆتا
سەرەدانی ئەستەمە: تەنیا، لەوێ بە تەنیایی دەمێنێتەوە
و ناتوانێت دابەزێتە سەر پێیەکانی
چونکە نە هەڵو بە پێ دەڕوات
نە مرۆش دەفڕێت
ئای چەندە لووتکەیەکی لە چاڵ دەچیت
تۆ ئەی گۆشەگیریی چیای بەرز!
هیچ ڕۆڵێکم لەوانەدا نەبوو کە تێیدا بووم
لەوەشی کە دەبم…
ئەوە بەختە و بەختیش ناوی نییە
لەوانەیە ناوی بنێین ئاسنگەری چارەنووسمان
یان ناوی بنێین پۆستەچیی ئاسمان
ناوی بنێین دارتاشی تەختی لەدایکبوو، و دارەمەیتی کۆچکردوو
ناوی بنێین خزمەتکاری خواوەندەکان لە ئەفسانەکاندا
ئەوە ئێمە بووین دەقەکانمان بۆ ئەوان نووسی
و خۆمان لە پشت ئۆڵۆمپ شاردەوە…
گڵین فرۆشە برسییەکان باوەڕیان پێکردین
و خانەدانانی زێریش بە درۆیان خستینەوە
لە بەدبەختی نووسەریش خەیاڵ
ڕاستەقینەیە لەسەر تەختەی شانۆ/
لە پشت پەردەکان، شتەکە جیاوازە
پرسیارەکە بریتی نییە لە: کەی؟
بەڵکوو: بۆچی؟ چۆن؟ کێ؟
من کێم تا ئەوەتان پێ بڵێم
کە پێتان دەڵێم؟
دەکرا نەبم
و کاروانەکە کەوتبایە بۆسەوە
و خێزانەکە کوڕێکی لێ کەم ببایەوە
ئەو کوڕە، هەمانە کە ئێستا ئەم قەسیدەیە دەنووسێت
پیت بە پیت و، خوێنپڕژان بە خوێنپڕژان
لەسەر ئەم قەنەفەیە
بە خوێنێکی ڕەنگڕەش، نە مەرەکەبی قەڵەڕەشە
نە دەنگی ئەویشە
بەڵکوو تەواوی شەوە بە هەڵگوشراوی
دڵۆپ بە دڵۆپ بە دەستی بەخت و توانا
دەکرا شیعر زیاتر بباتەوە
ئەگەر تەنێ ئەو، کەسی دیکە نا، پەپووسڵێمانەکە نەبووایە
لەسەر ڕۆخی چاڵەکە
لەوانەیە بیگووتبا: ئەگەر کەسێکی دیکە بوومایە
دووبارە دەبوومەوە بە خۆم
ئاوها خاپاندن دەکەم: نەرسیس وا جوان نەبوو
کە بیری لێ دەکردەوە. وەلێ دروستکەرانی
تووشی ئاوێنەکەیان کرد. ئەویش تێڕامانی درێژکردەوە
لە هەوای دڵۆپێنراو بە ئاو
ئەگەر توانیبای جگە لە خۆی کەسێکی دیکە ببینێت
کچێکی خۆش دەویست کە زەق لێی دەڕوانی،
و ئاسکەکان لەیاد دەکەیت کە لەنێو سەوسەن و بەیبووندا غاردەدەن
ئەگەر هەندێک ژیرتر بووایە
ئاوێنەکەی دەشکاند و
دەیبینی کە ئەو چەندە ئەوانی دیکەیە
خۆ ئەگەر ئازادیش بووایە نەدەبووە ئەفسانە…
سەرابیش کتێبی ڕێبوارە لە بیاباندا
خۆ گەر نەبووایە؛ ئەگەر سەراب نەبووایە، لە ڕۆیشتن بەردەوام نەدەبوو
لە گەڕان بەدوای ئاودا
ئەمە هەورێکە وادەڵێت-
کتری هیواکانی بەدەستەوە دەگرێت و
بە دەستەکەی دیکەی کەمەری دەگووشێت. و پێ لە لم دەنێت
تا هەور لەو کۆرتە کۆ بکاتەوە. و سەرابیش بانگی دەکات
لە خشتەی دەبات، فێڵی لێ دەکات، جا بەرزی دەکاتەوە و دەڵێت: بخوێنەوە
ئەگەر توانای خوێندنەوەت هەیە. بنووسە
ئەگەر توانای نووسینیت هەیە. دەخوێنێتەوە: ئاو و، ئاو و، ئاو.
لەسەر لمیش دێرێک دەنووسێت: ئەگەر سەراب نەبووایە
تا ئێستا لە ژیاندا نەدەمام/
لە بەختیاریی ڕێبوار، هیوا
جمکی بێهیواییە، یاخود شیعرێکی هەڤئانیەتی
کاتێک ئاسمان خۆڵەمێشییە
و دەبینم گوڵێک لەپڕ لە درزی دیوارەکەدا چەکەرەی کردووە
ناڵێم: ئاسمان خۆڵەمێشییە
بەڵکوو تێر لە گوڵەکە ڕادەمێنم و
پێی دەڵێم: چ ڕۆژێکە!
بۆ دوو هاورێشم لە دەروازەی شەودا دەڵێم:
ئەگەر هەر دەبێ خەون هەبێت
با وەک ئێمە بێت… و سادە بێت
وەک ئەو: دوای دوو ڕۆژ، ئێمە ئەو سێیەمان
ئێوارەخوان ساز بکەین
بە بۆنەی ڕاست دەرچوونی پێشبینیی خەونەکەمان
و ئەوەی کە سێ، دوو ڕۆژە
یەکیان لێ کەم نەبۆتەوە،
با بە بۆنەی سۆناتای مانگ
و بەخشندەییی مردن ئاهەنگ بگێڕین
کە بینی ئەو سێیەمان بەیەکەوە دڵخۆشین،
چاوپۆشی کرد!
ناڵێم: ژیان لەوێ لە دوور ڕاستەقینەیە
و شوێنەکانی خەیاڵین
بەڵکوو دەڵێم: ژیان، لێرە، دەکرێت
بە هەڵکەوت، زەوییەکە بوو بە زەوییەکی پیرۆز
لەبەر ئەوە نا کە دەریاچە و سەوزەگیا و درەختەکانی
ڕوونووسێکن لە فیردەوسە بەرزەکان
بەڵکوو لەبەر ئەوەی پێغەمبەرێک لەوێ ڕیشتووە
و لەسەر بەردێک نوێژی کردووە، و بەردەکە گریاوە
گردیش لە ترسی بەربۆتەوە
و بووراوەتەوە
بە هەڵکەوتیش لە وڵاتێک نشێوی کەندەکە
بوو بە مۆزەخانەیەکی تەمومژ
لەبەر ئەوەی هەزاران سەرباز لەوێ مردوون
لە هەر دوولا، دەمەو بەرگریکردن لەو دوو سەرکردەیەی
دەڵێن: یاڵا، و لەنێو چادرە دوولا ئاوریشمییەکانیان
چاوەڕێی دەستکەوتەکان دەکەن…
سەربازەکان چەندین جار دەمرن
و ئێستاش نازانن کێ براوە بوو!
بە هەڵکەوتیش هەندێک چیرۆکبێژ مانەوە و گووتیان:
ئەگەر ئەوان بەسەر ئەوانی دیکە سەرکەوتبان
مێژووی مرۆڤایەتیمان ناونیشانی دیکەی دەبوو
“بە سەوزی خۆشم دەوێی” ئەوی زەویی سەوز
وەک سێوێک لەنێو ڕووناکی و ئاودا لە شەپۆڵ دەدات. سەوزە.
شەوت سەوزە. کازیوەت سەوزە. بە هێواشی بمچێنە…
بە هێواشیی دەستی دایک، لەنێو هێشویەک هەوا
من دەنکێکم لە دەنکە سەوزەکانت…/
ئەو قەسیدەیە یەک شاعیری نییە
دەکرا سترانی نەبیت
من کێم تا ئەوەتان پێ بڵێم
کە پێتان دەڵیم؟
دەکرا من خۆم نەبم
دەکرا لێرە نەبم…
دەکرا بەیان فرۆکەکە بەرم بداتەوە
لە بەختیاریم، من بەربەیانان خەواڵووم
و لە کاتی هەڵفڕین دواکەوتم
دەکرا شام و قاهیرە نەبینم
مۆزەخانەی لۆڤەر، و شارە جادووییەکان نەبینم
دەکرا ئەگەر هێواشتر بوومایە
تفەنگەکە سێبەرمی لە دارئەرزە شیارەکان
جیاکردبایەوە
دەکرا ئەگەر خێراتر بوومایە
شەق ببام
و ببام بە ڕامانێکی دەرباز.
دەکرا ئەگەر زیاتر دەستبڵاویم لە خەون کردبا،
یادگەم لە دەستدابا.
لە بەختیاریمە، من بە تەنیا دەخەوم
و گوێ لە جەستەم دەگرم
و باوەڕم بە توانای خۆمە لە دۆزینەوەی ئازار
بۆیە دە خولەک، پێش مردن، بانگی پزیشک دەکەم
دە خولەکێک کە بەسە بۆ زیندوو کردنەوەی هەڵکەوتێک
و بێهیواکردنی نەبوون
من کێم تا نەبوون بێهیوا بکەم؟
من کێم؟ من کێم؟