کوشتن وەک کینایە؛ بۆ لەدایکبوونی سوبێکتی ژنانە

دەربارەی کورتە فیلمی "مردن لە باخی سێودا"

١ــ ناساندنی کورتە فیلمەکە

کورتە فیلمی “مردن لە باخی سێودا”، کارێکی نوێی سیناریست و دەرهێنەر “کامەران جەمال”ـە، کە بەم دواییانە لە فیستیڤاڵی ساڵانەی فیلمدا لە سلێمانی و لەسەر شاشەی سیتی سینەما نمایش کرا. ئەوەی لەم نووسینە کورتەدا دەمەوێت هەڵوەستەی لەسەر بکەم و لەبارەیەوە بدوێم، زیاتر وەستانە لەسەر مانا و تێماکانی کورتە فیلمەکە، لە ڕێگای ئاناتۆمی و کردنەوەی کۆدەکان و نیشاندانی ئەو مەدلولانەوە، کە لە کورتە فیلمەکەدا کاریان لەسەر کراوە، نەک خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ فۆڕمی کارەکە و هەڵسەنگاندنی لەڕووی تیۆری سینەما و دیوە هونەرییەکانی وەک دەنگ و تەسویر و ڕووناکی و میوزیک و …هتدەوە. هەڵبەت هەر کەسێک ئاشنایەتییەکی سەرەتایی بە ئەدەبیات هەبێت، لەگەڵ دەستپێکی فیلمەکەدا پەی بەوە دەبات کە فەزای فیلمەکە فەزایەکی ئێدگار ئالان پۆییانەی هەیە، ئەدەبیاتی پۆ، کە سەر بە ژانری ڕۆمانسیزمی ڕەشە، گرێدراوی مەرگئەندێشی و خۆکوژی و تاریکییەکی سامناکی پڕ لە زایەڵەی دەنگ و هاواری قوربانییەکانە. پۆ وەک سەرمەشقی خوڵقێنەری دوو-جیهانی کارەکتەرەکان، بەدەر لە دۆخی ئاگاییانە و ئاسایی، دۆخی یەغما و وەنەوز و خەوەنووچکە، دەکاتە زەمینەی بیرکردنەوەی کارەکتەرەکانی، ئەمەش وا دەکات وەرگر و خوێنەری چیرۆکەکانی پۆ، تا کۆتایی لەناو ترس و دڵەڕاوکێدا بژین و وەڵامێکی بنجبڕیان دەست نەکەوێت بۆ دۆزینەوەی ئارامش و گەیشتن بە سکونێکی دابڕاو لە مەترسی و خۆفناکی لە ژیاندا.

ئەگەر کەمێک بەوردی سەرنج بدەین، دەبینین هەمان فەزا و هەلومەرج لە کورتە فیلمی “مردن لە باخی سێودا” باڵادەستە. دەنگی وتاربێژێکی ئاینی لە بڵندگۆی مزگەوتێکەوە، کە باس لە چیرۆکی قوربانیکردنی ئیسماعیل دەکات لەلایەن ئیبراهیمەوە (بە گێڕانەوەی قورئان، چونکە بەپێی گێڕانەوەی تەوڕات ئیسحاق قوربانییە)، هەژموونێکی سەرتاسەری بەسەر فەزای فیلمەکەدا هەیە و وەک باکگراوندێکی میتافیزیکی دەکەوێتە پشت ڕووداوەکانی فیلمەکەوە، هاوکات دەلالەتێکی قووڵیشە بۆ فەرمانی قوربانیکردن لەپێناو ئەوی دی گەورەدا. ئەوەی ترس و بیمی فەزای فیلمەکە قووڵتر دەکاتەوە و لە فەزای چیرۆکەکانی پۆ تەواو نزیکی دەکاتەوە، دۆخی شیزۆفرینیایی کارەکتەری سەرەکییە؛ کە خاتوونێک بەرجەستەی دەکات. ڕۆیشتنی ژنەکە بە ناو چەند ڕاڕەوێکی تەنگەبەردا تا سەر جێگای خەوتنی مێردەکەی، بە دیوە ڕەمزییەکەیدا هەنگاونانە بە ناو پێچەڵپێچی نەریت و دەسەڵاتی نێرینەدا، بۆ خۆ ڕزگارکردن لە پاتریارکییەت و هەیمەنەی باوکسالاری. ئەو دیمەنە پڕ لە وەحشتەی کوشتن، کاتێک لەگەڵ وەشاندنی تەورەکان و فیچقەی خوێنپژاندا ئاوێتەی هاوار و قاقای پێکەنینە سادیستییەکەی ژنەی بکوژ دەبێت، دەنگدانەوەکەی سیستەم لە گەمەکردن دەوەستێنێت؛ کە دووانەی حەسحەس و  پاسەوانەکانی شار نوێنەرایەتی دەکەن. گەر لە نیگای دۆلوزەوە لەم دیمەنە بڕوانین، دۆخی شیزۆیی ژنەی بکوژ، دۆخێکی تەواو پەراوێزی و ڕادیکاڵە، لای ژیل دۆلوز دوو جۆر کارەکتەر هەیە، یەکەمیان کارەکتەری پاڕانۆیدییە، کە جووڵەکانی تەریبە بە جووڵەی سیستەم و تەبایە لەگەڵ گوتاری باڵادەستدا، دووەمیان کارەکتەری شیزۆییە و تەواو بەپێچەوانەی خواستی سیستەمەوە دەجووڵێت و هەر نەزم و ڕێسایەکی جێگیر و چەقبەستوو تێکدەشکێنێت؛ کە گەمارۆی فەردانییەت و خواستە ئیندیڤیجواڵیەکانی دەدەن. دۆخی شیزۆیی ژنەی بکوژ، جگە لەوەی نوێنەرەوەی دۆخی پەراوێزی ژنە، هاوکات هێمایە بۆ لەدایکبوونی جۆرە سوبێکتێکی ڕادیکاڵی ژنانە، کە بە شێوەیەکی ڤێرچواڵ و گریمانەیی هەیە و هەر هێندەی دەرفەتی بۆ ڕەخسا، دەشێت لە ناکاوێکدا ببێتە ئاکچواڵ و لە زەمینەی واقیعدا دەربکەوێت. 

پۆستەری فیلمی “مردن لە باخی سێودا”، دەرهێنانی کامەران جەمال

٢ــ لە فەرمانی کوشتنەوە بۆ ئاکتی کوشتن

دەنگێک لە ناوەوەمدا پێی دەوتم؛ بیکوژە..بیکوژە…ئیتر کوشتم!  ئەمە مۆتیڤی پشت ئاکتی کوشتنەکەیە، لە کاتێکدا هەموو فەزا و سپەیسی دەرەوە، سیخناخە بە هاواری وتاربێژێک کە باسی چیرۆکی ئیبراهیم و کردەی قوربانیکردن دەکات، لە ناویشەوە خەریکە ڕووداوی کوشتن ڕوو دەدات! هەرچی پەیوەندی بە چیرۆکەکەی ئیبراهیمەوە هەیە، بە بڕوای کیرکەگارد، هیچ پێوەرێک نییە ڕەوایەتی بەم ئاکتی قوربانیکردنە بدات، بەڵکوو بگرە بە هەموو مانایەک دژ بە پێوەری ئەخلاقی و ئینسانی و کۆمەڵایەتییە، بەڵام ئەوەی ئیبراهیم دەکاتە شۆڕەسواری ئیمان و لە دایلەما و تەڵزگە ڕزگاری دەکات، “بازی ئیمانە”، بازی ئیمان لای کیرکەگارد لەودیو سنوورەکانی عەقڵەوە دەست پێ دەکات. ئیبراهم فەرمانی خوداکەی بەجێ دەهێنێت و ئیمانەکەی وا دەکات کە ئیسماعیلیش لەدەست نەدات و دواجار بۆی بگەڕێتەوە. ئەو دەنگەی فەرمان بە ئیبراهیم دەکات دەنگێکی میتافیزیکی و موقەدەسە و لەدەرەوە دەسپێنرێت و بانگێکی ئیلاهییە و ملکەچی و خۆ بەدەستەوەدان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەڵام هاواری ژنەی بکوژ هاوار و فریادێکی سوبێکتیڤ و ناوەکییە و فریادێکی هالۆوەییانەیە، فریادی هالۆوەی فریادێکی ڕادیکاڵە و سەرەتای هەر ئاکتێکی شۆڕشگێرانەیە، بۆ ئەوەی سوبێکت لە ملکەچی دەربچێت، سەرەتا دەبێت هاوار بکات و بە گوتار و سیستەمی باڵادەست بڵێت “نا”. ئەوەی کارەکتەری ژنەی بکوژیش لە کورتە فیلمی “مردن لە باخی سێودا” دەیکات و ئەو ئاکتی کوشتنەی ئەنجامی دەدات، فریاد و گوتنی “نا”یەکی گەورەیە بۆ ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی پاتریارکییەت و مێردسالاری، کە پیاوێکی کەتەی ڕموزن، وەک هاوسەری ژنەی بکوژ بەرجەستەی دەکات و دەینوێنێت. بەم پێیە؛ کردەی کوشتن، ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو خواستە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییانەیە کە حەسحەس و پۆلیسەکانی ئەخلاق گەمارۆی ژنبوونی پێ دەدەن و دەیکەنە سوبێکتێکی ملکەچ. لێرەوە کینایەی کوشتن، گوزارشتە لە دروستبوونی کارەکتەری ژن و بونیادنانی سوبێکتیڤیتەی ژنانە. بە بڕوای ڕۆڵان بارت و دواتر ژیل دۆلوزیش یەکێک لە جیاوازییە قووڵەکانی نێوان ئەدەبیات و سینەما لەوەدایە، کە ئەدەب لە ڕێگای ئیستیعارە و خوازەوە دەدوێت و سینەما بە زمانی کینایە و وێنە و جووڵە، خۆی دەردەبڕێت. بۆیە کاتێک لە ئاکتی کوشتنەکە بەم مانایە ڕادەمێنین بۆمان دەردەکەوێت، کردەی کوشتن لە فیلمەکەدا، کوشتنێکی ڕەمزییە و لێدانە لە دەسەڵاتی نێرسالاری و گوتنی “نا”یە بە ڕووی خواستی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا و ڕەتکردنەوەی هەر کۆت و بەندێکە کە دەیەوێت ژنبوون لەناو پێوەرەکانی خۆیدا دیل بکات، ئەمەش تا دوا دیمەن و هەڵدانەوەی گۆڕەکە لە کۆتاییی فیلمەکەدا بەتەواوی دەرناکەوێت. تەنیا لە گرتەی کۆتاییدایە پەی بەوە دەبەین مەدلولی دالی کوشتن هەڵگری ئەم دەلالەتە ڕەمزییەیە، کاتێک پشکنەرەکان بۆ قەبری قوربانییەکە دەگەڕێن و دوای دۆزینەوەی دەست دەکەن بە هەڵدانەوەی، لەو ساتەدا دەبینین گۆڕەکە خاڵییە و هیچ لاشەیەکی تێدا نییە! لێرەوە بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کینایەی گۆڕی خاڵی، تەعبیرە لە کوشتنی ڕەمزی دەسەڵات و هەیمەنەی پاتریارکیەت و مێردسالاری و ڕەتکردنەوەی گوتاری ئەخلاقی و سیستەمی باڵادەست.

٣ــ کاتی کایرۆسی دژ بە کاتی کرۆنۆلۆژی

تەسویر و وێنەگرتنی کلاسیک لەسەر بنەمای دوو میحوەر پێناسە دەکرا: لە لایەکەوە تەسویر بەپێی ڕێساکانی پێکەوەبەستن و یەکپارچەیی و هاوشێوەیی و دژیەکی و بەرانبەرێتی پێکەوە پێناسە دەکرا و لە لایەکی دیکەشەوە، لەسەر بنەمای گەیشتن بە یەک مەفهوم و یەکپارچەیی لە ڕێگای کارکردن بە تەکنیکی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایییەوە دەناسێنرا. بەڵام تەسویری مۆدێرن بەو نیگا تازەیەوە کە بۆ هونەری هەیە؛ دەست دەبات بۆ چەند کەتێکی نامەعقول و چاوەڕواننەکراو و “کەت” وەک بەشێک لە تەسویر پێناسە دەکات. بەم پێیەش مانا حزوورێکی نوێ بەخۆیەوە دەگرێت لەناو سینەمادا. ئەم گۆڕانکارییە لە سینەمای مۆدێرندا و هەڵوەشاندنەوەی ڕێسا و پێوەری سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی، مانایەکی ناوەکی بە فیلم دەبەخشێت و نیگای بینەر لە سەتح و دەرەوە بەرەو قووڵایی و ناوەوە ئاڕاستە دەکات. کورتە فیلمی “مردن لە باخی سێودا” بە هەمان شێوازی مۆدێرن و بگرە پۆستمۆدێرنانە کاری تێداکراوە. دەرهێنەر زۆر ورد و بە دیقەتەوە قاڵبی کلاسیکی سێیینەی (سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی)، تێک دەشکێنێت و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سەرباری ئەو پانتایییە کورت و کەمەی کارکردن لەڕووی زەمەنەوە، چڕی دیمەنەکان و نەبوونی یەک هێڵی درامی گێڕانەوە وا بکات بەر تێماگەلێکی بە پێز و قووڵ بکەوین و بینەر دەخاتە ناو بیرکردنەوە و تێڕامانەوە بۆ دۆزینەوە و کەشفکردنی مانای نوێ. کارکردی سینەما و هەر فیلمێکی جوان و جیدیش هەر ئەوەیە کە ئاسۆی دیکەمان بداتێ بۆ بینینی کێشە و گرفتەکانمان و ڕەخنەکردن و دەستکاریکردنی واقیع.

یەکێکی دیکە لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی “مردن لە باخی سێودا”، ئەو چرکەساتەیە کە ژنەی بکوژ تەقە لە کاتژمێرەکەی بەرانبەری دەکات! دوای ئەوەی دووانەی حەسحەس و پاسەوانانی پاراستنی دۆخی باڵادەست، بەرەو سەرچاوەی هاوارەکەی ژنەی بکوژ دەکەونە ڕێ، بە پاساوی ئەرک و بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیانی خەڵک، لە دەرگا دەدەن و دەڕۆنە ناو حەرەمی ماڵەکەیەوە. پاش پرسیارکردن و لێکۆڵینەوەیەکی بەرایی، هەواڵی مێردەکەی لێ دەپرسن، ژنەکەش سادە و ساکار وەڵامیان دەداتەوە و پێیان دەڵێت لە ماڵ نییە. هەڵبەت سەرەتا ئێمە دوو مرۆڤ دەبینین کە خۆیان لەناو ماڵی ژنەکەدا ڕووت دەکەنەوە و وەک خاوەن ماڵ هەڵسوکەوت دەکەن و پشوو دەدەن، ژنەش وەک ئادابی میوانداری ڕێزیان لێ دەنێ و خوانیان بۆ ئامادە دەکات، بەڵام زۆری پێناچێت ئەم ئاشنایی و ئارامییە دەشێوێت، کاتێک دوو میوانەکە دەچنە ناو جلوبەرگی حەسحەس و پۆلیسییەوە، ئەم پۆشاکە یاساییە شوناس بە دوو میوانەکە دەبەخشێت و دەیانکات بە دوو پشکنەری ڕەزاگران و دزێو. دەرهێنەر لە ڕێگای ئەم دیمەنەوە دروستبوونی نەزم و دیسپلینمان بەوردی نیشان دەدات، کە چۆن جلوبەرگی دامودەزگایی مرۆڤەکان شوناسمەند دەکات و دایاندەبڕێت لە هاوچەشنەکانیان و دەیانکاتە کۆیلە و ئامرازی جێبەجێکردنی خواست و داواکارییەکانی سیستەم. کاتێک دوو پشکنەرەکە بە لێپرسینەوە و پرسیارەکانیان تەواو زۆر بۆ ژنەی بکوژ دەهێنن و بێزاری دەکەن، جارێکی دیکە ژنەکە ملکەچبوون ڕەت دەکاتەوە و ڕووبەڕووی پاسەوانەکانی شەرەف و دۆخی باڵادەست هاوار دەکات و تاو دەداتە چەکەکەی پەنای و پێیان دەڵێت مێردەکەم کوشت و لەگەڵ درکاندن و ئاشکراکردنی ڕاز و نهێنی کردەی کوشتنەکەدا، گوللەیەک دەنێت بە کاتژمێرەکەی بەرانبەرییەوە! هەموو شتێک بۆ چەند چرکەیەک دەوەستێت و بێدەنگییەکی سامناک باڵ بەسەر دۆخەکەدا دەکێشێت. دوو حەسحەسەکە زارەترەک دەبن و بە حەپەسانەوە لە یەکتری و لە ژنەکە دەڕوانن و دەکەونە گەڕان بە شوێن لاشەی کوژراوەکەدا. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەو مانا ڕادیکاڵەیە کە دەرهێنەر لە ڕێگای تەقەکردن لە زەمەن “کاتژمێر”ەکەوە، بەرهەمی دەهێنێت. ژنەی بکوژ لە ڕێگای کینایەی تەقەکردنەوە لە کاتژمێرەکە، زەمەنی سیستەم کە زەمەنێکی هێڵی و کرۆنۆلۆژیی یەکپارچەیە، دەشێوێنێت و کاتی کایرۆسی و دابڕاو لەناو کاتی تەقویمیدا دروست دەکات. ئەم پچڕان و هەڵوەشاندنەوەیەی کات هەڵگری ئاماژە و دەلالەتێکی قووڵە بۆ لێسەندنەوە و دەرهێنانی زەمەن لەژێر هەژموونی سیستەمدا و هاوکات خوڵقاندنی کاتێکی کایرۆسی نوێ و ڕادیکاڵیشە. ژنەکە دوای ئەوەی سوبێکتیڤیتەی خۆی بەرهەم دەهێنێت، کاتیش وێران دەکات و زەمەنێکی دیکەی شایستە بە ئازادییەکەی دروست دەکاتەوە.

لەدوا دیمەندا حەسحەسەکان گۆڕی قوربانییەکە دەدۆزنەوە و یەکێکیان دەست دەکات بە هەڵدانەوەی گۆڕەکە بۆ بینینی لاشەی قوربانییەکە، بەڵام ئەوەی شۆکهێنەر و مانادارە ئەوەیە کە  گۆڕەکە خاڵییە و هیچ لاشەیەکی تێدا نییە! لە ڕێگای خوڵقاندنی ئەم دیمەنە تەواو سوریالی و شیعرییەوە؛ دەرهێنەر پێمان دەڵێت، هەموو ئەوەی ڕووی داوە بۆ دەرخستن و نیشاندانی دۆخی پەراوێزیی ژنە، کە چۆن دەکرێت لە لەحزەیەکدا وشیار ببێتەوە و ڕادیکاڵانە بە گژ دۆخی باڵادەستدا بچێتەوە و بەرەنگاری بکات بۆ سەندن و بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانی. هەر بۆیە تێما و ناوەرۆکی ئاکتی کوشتن گۆڕانی بەسەردا دێت و دەبێتە هەڵگری دەلالەتێکی ڕەمزیی ڕادیکاڵ بۆ دروستبوونی سوبێکتی ژنانە. بە مانایەکی دیکە؛ ئەگەر تێپەڕاندنی گرێی ئۆدیب و کوشتنی باوک (سیستەم و دیسپلین) لە دەروونشیکاریدا هێما بێت بۆ کامڵبوونی کەسایەتی، ئەوا لە ئەدەبیات و دەتوانین بڵێین لە سینەماشدا؛ ئەم کردەیە ئاماژەیە بۆ لەدایکبوونی پاڵەوان و دروستبوونی سوبێکت.

ئەم کۆتایییە کراوەیە هێمایە بۆ بەردەوامی بەرەنگاریی و نیشاندەری وەفاداری سوبێکتە بۆ ڕاکێشان و درێژکردنەوەی چرکەساتی ڕووداو

سەرئەنجام، کاتێک کە حەسحەسەکە گۆڕە بەتاڵەکە دەبینێت، وەک ئەوەی بینینی ئەو بەتاڵی و چاڵە هاوکات بینینی ئەو درز و کەلێن و بۆشاییە بێت کە کارەکتەری ژنەکە لەناو سیستەم و دیسپلین و گوتاری باڵادەستدا دروستی کردووە، بۆیە خۆی پێ ناگیرێت و وەک پەلەقاژە و بۆ پارسەنگی ئەو زەبرەی بەر سیستەمی چاودێری و کۆنترۆڵکردنیان کەوتووە، شاڵاو بۆ ژنەکە دەبات و زللەیەکی لێ دەدات. بەم شێوەیە و لەناو کۆتایی و نیهایەتێکی کراوەدا کورتە فیلمەکە دەگاتە کۆتایی. هەڵبەت خودی ئەم کۆتایییە کراوەیەش هێمایە بۆ بەردەوامی بەرەنگاریی و نیشاندەری وەفاداری سوبێکتە بە مانا بادیۆیەکەی بۆ ڕاکێشان و درێژکردنەوەی چرکەساتی ڕووداو، تا دەگات بە تێپەڕاندنی دۆخی باو و باڵادەست و بونیادنانی ژیانێکی نوێ.

٤ــ لە پەراوێزی فیستیڤاڵی فیلمدا

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم؛ مایەی نیگەرانییەکی زۆرە کورتە فیلمێکی جوان و پڕ وردەکاریی وەک “مردن لە باخی سێودا”، لەناو فیستیڤاڵی فیلمدا ون دەکرێت و پشتگوێ دەخرێت. جێگای ڕەخنەکردن و هەڵوێست وەرگرتنی جیدییە، کە کۆی فیستیڤاڵ و سازدانی بۆنەکانی کێبڕکێ لە دونیای ئێمەدا، پێشوەختە و لەسەر بنەمای دۆستایەتی و ناسیاوی و وەلائی حزبی و داوەتکردنەوە بەهایان پێ دەدرێت و پلەبەندی دەکرێن، نەک بە پێودانگی نرخاندن و هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەییانەی کار و بەرهەمەکانی بەشداربووان. ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر مەترسیدارە و ئەرک و مانای فیستیڤاڵ و بۆنە هونەرییەکان لە پرۆسەیەکی ڕەخنەگرانەی جیاکردنەوەی کاری جیدی لە ناجیدی و زەمینەی دەرکەوتنی دەنگی جیاواز و دەستگیرۆیی و هاندان و پاداشتکردنی داهێنەرانەوە، دەگۆڕێت بۆ دیوەخانێکی بێزراو، کە شاسەنعەتی دەبێتە بەفیڕۆدانی کات و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی و پێشێلکردنی مافی کەسانی شایستە و داهێنەرانی ڕاستەقینە. بگرە زۆر جار ئەم بۆنە و کەرنەڤاڵانە دەبنە مایەی نیگەرانی و دڵشکانی داهێنەران و لەجیاتی پێشخستن و ڕێگاخۆشکردن بۆ کەسانی کارامە و لێهاتوو، خۆیان دەبنە بەربەست و هۆکاری دواکەوتن و پەکخستنی پرۆسەی داهێنان. فەرامۆشکردن و ونکردنی کارێکی گرنگ و پێویستی وەک “مردن لە باخی سێودا”، لەلایەن بەڕێوەبەران و لیژنەی ڕەخنەگرانی فیستیڤاڵی فیلمەوە لە سلێمانی، نمونەیەکی بەرچاو و خراپی کارکردن و ئەنجامدانی ئەم جۆرە فیستیڤاڵانەیە. لە کاتێکدا کورتە فیلمی “مردن لە باخی سێودا”، لێوانلێوە لە ئایدیای فەلسەفی قووڵ و ڕادیکاڵ، ئەمە جگە لەوەی بە شێوازێکی دیکە و بە زمانی سینەما تەعبیر لە دۆخی پەراوێزیی و پڕ مەرگەساتی ژنان دەکات و لە هەمان کاتدا، ئیمکان و ڕۆڵی سینەمامان نیشان دەدات، کە چۆن دەکرێت ببێتە کەرەستەیەکی ڕادیکاڵ بۆ لێدان لە بەها کۆنینەکان و دۆگما دینی و کولتوورییەکان و پاشان لە ڕێگای وێنە و جووڵەوە، توانای سینەمامان بۆ دەردەخات لە بەرهەمهێنانی گوتارێکی جیاوازدا کە تەریب نەبێت بە گوتاری سیستەم و بەرهەمهێنانەوەی دۆخی باڵادەست، بەڵکوو بە زمانی دۆلوز؛ بۆ خۆی وەک ژانرێکی هونەری ببێتە سەرمەشق و داهێنەری جووڵەی نوێ بۆ دۆزینەوەی هێڵەکانی هەڵهاتن. لە کۆتاییدا، هیوادارم کە چیتر بەبێ هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان، بە شێوازێکی پێشوەختە و لامسەلایی ئاست و شایستەیی بەرهەمەکان بڕیاریان لەسەر نەدرێت. ڕەوا نییە کورتە فیلمی “مردن لە باخی سێودا”، بەو هەموو مانا و دەلالەتە قووڵانەوە کە هەڵگرێتی، لە فیستیڤاڵی فیلمدا بازی بەسەردا بدرێت و بە بێدەنگی فەرامۆش بکرێت.