“سەمای تەرمێک”
هەوێنی لەدایکبوونی سینەمایەک لەنێوان بەرداشی ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی ئەخلاقدا
جەنگەکان هۆکارن بۆ شەپۆلی نوێی سینەما
جەنگەکان بە هەموو وێرانکارییەکانیانەوە هێشتا دەبن بە وێستگەی ڕاماڵینی قاڵبە کۆنەکان و لێدانی چەخماخەی داهێنان، کاتێک مرۆڤ لە لێواری مەرگدا دەژی، سینەما لە کات بەسەربردنەوە دەگۆڕێت بۆ پێویستییەکی مرۆیی و گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا، ئەم وەرچەرخانە لە مێژوودا بە ڕوونی دەبینرێت کاتێک کە نیوڕیالیزمی ئیتاڵی لەناو خۆڵەمێشی جەنگی جیهانیی دووەمدا بە کامێرای ڤیتۆریۆ دێسیکا و ڕۆبێرتۆ ڕۆسێلینی ڕۆیشتنە نێو شەقامە وێرانەکان بۆ گێڕانەوەی ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک و دروستبوونی سینەمایەکی نوێ لە دوایین وێستگەکانی ململانێی گەورە فاشیستی ئیتاڵی مۆسۆلینی.
له فەڕەنسا سینەمای شەپۆلی نوێی فەڕەنسی جان لوک گۆدار و فرانسۆ تڕۆفۆ وەک یاخیبوونێکی فیکری دژی پاشماوەی جەنگ و بۆ گەیشتن بە ئازادییە ڕەهاکان لە دەربڕیندا سەریان هەڵدا. هاوکات ئاندرێ تارکۆفسکی و سێرگی ئایزنشتنان لە ڕێگەی سینەمای سۆڤییەتەوە جەنگیان وەک تاقیگەیەک بەکار هێنا بۆ تێگەیشتن لە قووڵاییی دەروونی مرۆڤ و داهێنانی زمانێکی وێنەییی نوێ وەک مۆنتاژ و تێڕامانی شیعری.
بەهێزترین جەنگی ئێستا
لە ئێستادا بەهێزترین جەنگێک کە چاوی سەرجەم کامێراکان و پێنووسی هەموو ڕۆژنامەوان و سەرنجی گشت ڕوانەرانی ڕاکێشابێت، ململانێی دوو هێزی گەورەی بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە، لە هەناوی ئەم دوو جەمسەرەشدا هەر یەکێک لە ئەوان جڵەوگیری ئایدۆلۆژیایەکن و ڕەنگدانەوەی هەژموون و پاوانخوازییەکانیان لە چەندین جوگرافیای جیاوازدا هەست پێ دەکرێت، لە پاش شۆڕشی بەلشەفی ڤلادیمێر لینین لە ساڵی “1917” یەکەمین و بەهێزترین توخمی بەرەی ڕۆژهەڵات لەدایک بوو کە (یەکێتیی سۆڤیەت) گەورە دەوڵەتی ئەم بلۆکە بوو، هاوکات بوو بە بناغە و بیناسازی ڕووسیا و وڵاتانی ژێر هەژموونی بە ئێستاشەوە، ئەگەرچی سیستەمی کۆمۆنیزم-سۆسیالیزم بۆ ڕووسیا بە کۆتا هات بەڵام بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانەکانی ئێستای، گرێدراوی هاوپەیمانی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتن هەر بۆیە زۆر جار یەکێتیی سۆڤیەت لە بەرگێکی نوێدا و لە ژێر ناونیشانی ڕووسیا دەبینین کە خواست و ئامانجەکانی یەکانگیرە لەگەڵ سۆڤیەتی پێشوو، جگە لە ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور و هاوپەیمانانی تریان لە ڕۆژهەڵات وەک بیلاڕووس، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک سوریا و لیبیای پێشوو تەنانەت لە کیشوەری ئەمریکای لاتین وەک ڤەنزوێلا و کوبا هەمیشە خۆیان بە دژی سیستەمی تاک جەمسەری ئەمریکا زانیوە، بۆ ئێستاکە و لە پاش جەنگی ڕووس-ئۆکراین، وڵاتێک کە لە بەرەی پێشەوەی جەنگ و ئەم هاوپەیمانێتیەدا دژ بە ڕۆژئاوا و بەدیاریکراوی ئەمریکا و ئیسرائیل بجەنگێت ئێرانە. نها و بەکورتی وێنەیەکمان بینی پڕ لە کێشمەکێش و ململانێ، جەنگی جەمسەرەکان، هەژموون و سیستەمەکانیان.
ئەم تەنگژە ئایدۆلۆژییە لە ساڵی “2026”دا بە قووڵی لە خەڵاتەکانی ئۆسکاردا ڕەنگی دایەوە بە بردنەوەی 6 خەڵاتی ئۆسکار بۆ فیلمی ” one battle after another” کە چیرۆکی ئەم فیلمە باسی له دوو ئایدۆلۆژیا کرد کە لە جیهانی ئەمڕۆماندا دوو جەمسەری بەهێزیان پێک هێناوە، بلۆکی ڕاستڕەو، ڕاسیست و کەپیتالیست، حکومەت و ئیمپریالیزم، لە بەرانبەردا گرووپێک لە چەپی سۆشیاڵ دیموکرات، بێ پرۆگرام، شێواو، کەواتە ئەگەر بە وێنەیەکی گەورە تەماشای جەنگەکانی ئەمڕۆی جیهان بکەین بە سانایی هەست بە جەنگی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکەین بەوەی کە تەنانەت جێی سەرنجی فیلمە بڵند و گەورەکانی هۆڵیوودە و مشتومڕترینی فیلمەکانی ساڵ تەوەری ناوەڕۆکەکانیان خۆی بەم جەنگەدا هەڵدەواسێت.
ڕەخنە لە چاوی سینەماوە بۆ باوەشی ئایدۆلۆژیاکان
سلاڤۆی ژیژەک فەیلەسووفی سلۆڤینی کاتێک ڕانان بۆ فیلمێکی هۆڵیوود دەکات، بە سەرنجی ورد و درشت بازنەی هۆشی ئێمه لەسەر ئایدۆلۆژیا قەتیس و کۆ دەکاتەوە و گەلێک ڕوون و ناوازە تێماندەگەیەنێت کە چۆن فیکر و تیۆرییەی سەرمایەداری و لیبڕالیزم لە ناو چیرۆکەکانیانی هۆڵیووددا خۆیان حەشارداوە.
بێگومان ئەمە ڕوانینی فەیلەسووفێکی چەپگەرە و هاوکات ئەگەر بە چاوێکی بێلایەنییەوە تەماشای فیلمەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی باوکی کۆمۆنیزمیش بکەین دەبینین کە چاوەڕوانکراوە دەرهێنەرێکی وەک ئاندرێ تارکۆفسکی لە سیاقە ڕەخنەیییەکەدا تەنانەت سەرنجی قووڵ درووست بکات.
بە نموونە له فیلمی”ivans childhood” لە پاش ململانێیەکی وەڕسکەر بۆ ئیڤانی منداڵ لە دیمەنێکدا خەیاڵی سێو، باران، خاکی بە پیت و دیمەنی ئاشتی و ئارامی دەکات، دەکرێت بڵێین ئەمە ئەو ڕەخنەیەیە کە تارکۆفسکی پێی وتین ئەوەی کە کۆمۆنیزم داوای دەکات تەنیا لە خەون و خەیاڵدا بوونی هەیە نەوەک واقیع، کاتێک منداڵێک بۆ کاری سیخوڕی بەکار دەهێنرێت، جیا لە گێڕانەوەی جەنگ لە چاوی ئەم منداڵەدا و هاوکات پەلکێشکردنی ئەم منداڵەیە بۆ نێو دونیای جەنگ و بە قوربانیبوونەکەی دەبینین، تارکۆفسکی بەم جۆرە ڕەخنەی قووڵ و گەورەی لەسەر کۆمۆنیزمە، یاخود لە فیلمی “joker” دەبینین کە خودی کارەکتەری جۆکەر بەرهەمی ئەو بێباکیەیە کە سیستەمی سەرمایەداری بەرانبەر بە “مرۆڤی پەراوێزخراو” هەیەتی، ئەمە لێدانە لە سیستەمی کەپیتالیزمی ئەمریکی، ئەم دوو نموونەیەی سەرەوە دەرخستەی بوون بەقوربانی دوو تاکن لە نێو دوو سیستەمی جیاوازی وەک “کۆمۆنیزم، لیبراڵ-کەپیتاڵیزم” بەڵام چیرۆکە تازەکانی کورد پیشاندانی وێنەی یەک قوربانیی کوردە لە نێو بەرداشی دوو سیستەم و زیاتریش.
جەنگی جەمسەرەکان و هەوێنی دروستبوونی سینەمای کوردی
لە نێو تەپوتۆزی گەردەلوولی جەنگ و گێژاوی سیاسەتدا کاتێک کە پارتیزانێکی کورد شەهید دەکرێت، بێ شک دەرچەیەکی گەورە و فراوانە بۆ دروستبوونی سینەمایەکی تەواو هونەری وەک ئەو نموونانەی سەرەوە کە باسمان کرد.
لەمەڕ مێژووی ئێمەی کورد ئێستا پتر لە هەر کاتێکی ڕابردووی پیرۆزی لەدەستچوومان، هەلومەرج و بارودۆخ وەک پێویستییەک لە هاوکاری و پشگتیرییەکی واقیعی ئامادەیە بۆ دروستبوونی شەپۆلێک لە سینەمای فیکری کە بنیادی سینەمایەکی نیشتمانی و نێونەتەوەیی لێ بەرهەم بێت، دەکرێت ململانێی جەنگ و کێشمەکێشی ئایدۆلۆژیاکان چیرۆکی “غەزاڵ” بکەن بە هەوێنی شەپۆلێکی سینەمایی و هاوشانی سینەماکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لەسەرووبەندی ئەم جەنگانەدا بگەین بە کەناراوێکی سینەمایی کە پاشخانی فیکر و فەلسەفە بنیادنەری بن. چونکە داستانی غەزاڵ ڕووداوێکە کە دەکرێت کۆی تێزە فیکری و سیاسی و ئابوورییەکانی لەسەر بنەخشێنرێت و لەسەر سەکۆی فێستیڤاڵە جیهانییەکان دەنگی هەر چوار پارچەی کورد گەڵاڵە بکات، چیرۆکی سەرکەشێک کە باس لە شەڕڤانێکی کورد دەکات لەبەرەی چەپ کە لە بنەڕەتدا خودی چەپ دایکی کۆمۆنیزمە، ئەم شەڕڤانە بەرانبەر بە ڕژێمێک ڕاوەستاوە کە پێی وایە جەنگاوەری ئیسلامە و درووشمی ڕژێمەکەش مردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلە و بژاری ڕژێم جەنگە لە بەرانبەر هێزەکانی وەک سەهیۆنیزم و ئیمپریالیزم، هاوکات خودی هێزی ئیمپریالیزم وێنەی هاوپەیمانێکی لە هزری ئەم شەهیدەدا چاندووە کە هەردووک دژ بە سیستەمێکی دیکتاتۆرن. هاوکێشەکان قووڵ و ڕەهەندی جەنگەکە زۆر، تەرمی ئەم کچە پارتیزانە تەنانەت نەخۆشخانە و مەیتخانە و مزگەوتەکانیش کاتێک بەهەر هۆکارێک نایگرن لەخۆ، لێرەدا پرسی “ئەخلاق” دەوروژێت و دەگەڕێینەوە بۆ پێش (2500) ساڵ پێش ئێستا و سەرجەم تەواوکراوە فەلسەفییەکانی ئەم پرسەی سۆکرات و لە پاشانیش تێگەشتنی نوێی کانت و نیتچە و بە گشتی پرسی ئەخلاق هەڵدەتەکێنین، پرسی تاک بەرانبەر بە کۆمەڵگا لە دۆخی هەبوونی ئایدۆلۆژیای جیا لە کۆمەڵ، پرسی تاک بەرانبەر بە سیستەم، ورووژاندنی هاوکێشەی بوون بە قوربانی پارتیزانی لایەنێکی کورد کە هۆکاری دروستبوونی هزرە جیهانییەکەی لە دژایەتی ئیمپریالیزمەوە بنیادنراوە کە لە ئێستادا بە ئەرکی دەبینێت جەنگی نەتەوە و خاکی بکات، هاوکات شەهید بوونی لەلایەن هێزێکەوەیە کە سەنگەری پێشەوەی دژە ڕۆژئاوای گرتووە و بە قووڵیش پرسی دیکتاتۆرییەت دەوروژێنێت، جەنگی نێوان دوو بلۆکی گەورەی وەک لیبراڵیزمی کەپیتالیزم هاوشەن لەگەڵ کۆمۆنیزمی ژێر ئەجێندای یەکێتیی سۆڤییەت و بوون بەقوربانی شەڕڤانێکی کورد دەخرووشێت کە بستێک خاکی نییە هێشتان.
بە گشتیی لە بری چیرۆکە ساردوسڕ و بێ پاشخانە هزری و فیکری و فەلسەفییەکان چیرۆکی غەزاڵ جەنگی بلۆکە گەورەکانی لیبڕاڵیزم و کۆمۆنیزم هاوکات مێژووی فەلسەفەی ئەخلاق ڕادەتەکێنێت و لە چاوی داستانەکانی شەڕڤانێکی کوردەوە بۆ ڕوانەرانی جیهان دەکرێت فیلمێکی درووست سیاسی بگێڕدرێتەوە، چاوەڕوانکراوە کە ئەم جۆرە چیرۆکانە بۆ ئێمە نەک تەنیا فیلمێکە کە لە بڵندگۆی فێستیڤاڵەکانەوە گوێبیستی ناوی ببین، نا، ئەم جۆرە چیرۆکانە دەکرێت ببن بە هەوێنی بنیادێک بۆ شەپۆلی نوێی سینەما و له مێژوودا ناوێکی پرشنگدار تۆمار بکەن لە داڕشتنەوەی سینەمای نەتەوەیەک.