سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌ی گۆڤاری ڕه‌هه‌ند
تەوەرێک دەربارەی «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی»
ئەم وتارەی ڕۆشنبیر و ڕۆماننووس (ماردین ئیبراهیم) وەڵامی تەوەرێکی ماڵپەڕی ژنەفتنە دەربارەی «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی».
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین مه‌عریفه‌یه‌کی بێلایه‌ن و ئۆبجێکتیڤ بنیاد بنێین پێویستمان به‌وه‌یه له کاتی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر دیارده‌یه‌ک یان بزاوتێکدا خۆمان له دوو گرفت ڕزگار بکه‌ین. گرفتێکیان په‌یوه‌ندی به خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌کانه‌وه هه‌یه له گۆشه‌نیگایه‌کی سه‌بجێکتیڤه‌وه، سه‌یرکردنی دیارده‌کانه له په‌نجه‌ره‌ی خودیه‌وه، زاڵکردنی دید و خولیا و پاڵنه‌ره که‌سی و سایکۆلۆجییهکانه به‌سه‌ر شرۆڤهکانمانهوه، بینینی دیارده‌کانه به‌و شێوه‌یه‌ی که خۆمان حه‌ز ده‌که‌ین بیبینین. له‌م دۆخه‌دا خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌که هێنده‌ی دروستکردنی واقیعێکی ئیفتیرازییه به‌و شێوه‌یه‌ی خۆمان ده‌مانه‌وێت هێنده شرۆڤه‌یه‌کی بابه‌تی نییه، لێره‌وه ئه‌نجامگیرییه‌کان هیچ مه‌عریفه‌یه‌کیان لێ سه‌وز نابێت؛ به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م دێت کۆمه‌ڵێک هه‌ڵه‌ی لۆژیکیین و له باشترین دۆخیشدا کۆمه‌ڵێک ڕا و بۆچوونن که به فیلته‌ری عه‌قڵ و تاقیکردنه‌وه‌ی لۆژیکی و عه‌قڵیدا نه‌ڕۆیشتوون. ئه‌کادیمیا وه‌ک چوارچێوه‌یه‌ک بۆ فێربوون و ڕاهێنانی فیکری و زانستی فێرمان ده‌کات که ئه‌و ئه‌نجامگیرییانه‌ی بنیادی ده‌نێین سنووری خواست و خولیا و بۆچوونی شه‌خسی تێپه‌راندبێت، لە ده‌ره‌وه‌ی پاڵنه‌ری سایکۆلۆجی که‌سیی بێت و دواجار مه‌عریفه‌یه‌ک به‌رهه‌م بێت که بابه‌تی بێت. گرفتی دووه‌م کێشه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌کانه له ده‌ره‌وه‌ی کۆنتێکست، له ده‌ره‌وه‌ی سیاقی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه کولتوورییه‌ی دیارده‌که‌ی به‌رهه‌م هێناوه، به‌ڵکوو خوێندنه‌وه‌یه‌تی به ئامراز و که‌ره‌سه و ئه‌نجامگیرییه فیکرییه‌کانی ئێستا که ته‌واو جیاوازه له هه‌لومه‌رجی مێژوویی دیارده‌که، زاڵکردنی به‌هاکانی ئێستایه به‌سه‌ر دیارده‌که‌دا، شرۆڤهکردنییهتی له گۆشه‌نیگای هه‌لومه‌رجی مه‌عریفی ئێستاوه. لێره‌وه، ده‌رهێنانی دیارده‌که له سیاقه مێژوویی و هه‌لومه‌رجه کولتوورییه‌که‌ی خۆی و خوێندنه‌وه‌ی و پێوانه‌کردنی به به‌ها و پێوه‌ره‌کانی ئێستا جۆرێک ئیسقاتات دێنێته کایه‌وه که که‌مترین شتمان له‌سه‌ر دیارده و بزاوته‌که پێ ده‌ڵێت. کێشه‌ی سه‌له‌فیزم چییه جگه له به‌هه‌ندنه‌گرتنی سیاق و کۆنتێکستی مێژوویی؟ سه‌له‌فیزم جا ئاینی بێت، سیاسی یان کولتووری به‌هاکان وه‌ک به‌های بانمێژوویی و بانکولتووری ده‌بینێت، به‌هاکان وا ده‌بینێت که به ستوونی و ئاسۆیی ڕاستن یان هه‌ڵه‌ن، توانای بڕینی کاتیان هه‌یه له ڕابردووه بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو، هه‌روه‌ها توانای بڕینی شوێن و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافیان هه‌یه له‌مسه‌ری دنیاوه بۆ ئه‌وسه‌ری و له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکانیشدا. هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که مرۆڤ بتوانێت به‌ته‌واوی خۆی له هه‌موو جۆره پاڵنه‌رێکی سایکۆلۆجی داببڕێت و به شێوه‌یه‌کی بابه‌تی ته‌واو بێگه‌رد دیارده‌کان بخوێنێته‌وه که ئه‌مه‌یان ڕه‌نگه ئه‌سته‌م بێت، چونکه ئایدیا و شوێنگه فیکرییه‌کانی ئێمه به‌شێکی زۆری په‌یوه‌ندی به هه‌لومه‌رجی کۆمه‌لایه‌تی و که‌سی و شێوازی بارهێنانی ئێمه‌وه هه‌یه؛ به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه که ئه‌کادیمیاش هه‌ر ئامانجه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که مه‌عریفه‌یه‌ک به‌رهه‌م بێت لایه‌نی که‌می بابه‌تیبوونی تێدا بێت. له هه‌مان کاتدا کارێکی ئه‌سته‌میشه به‌ته‌واوی و سه‌داسه‌د له شرۆڤه‌ی دیارده‌یه‌کی مێژوویی‌دا بتوانین خۆمان بخه‌ینه ناو سیاقی مێژوویی و کو‌لتووریی دیارده‌که چونکه به حوکمی زۆر فاکته‌ر ئه‌وه‌ش مومکین نییه، به‌لام دیسانه‌وه ده‌بێت به هه‌موو توانای عه‌قڵی و بابهتیمانهوه ئه‌و هه‌وڵه‌مان دابێت. له هه‌مووی گرنگتر دواجار ئه‌و مه‌عریفه‌یه دروسته که له‌ناو فه‌زای گشتیدا، له هه‌لومه‌رجێکی ئازاد و دوور له توندوتیژی کرداری و فیکریدا، له دۆخێکی یه‌کسان و دادپه‌روه‌رانه‌دا وتووێژی عه‌قڵی له‌سه‌ر کرابێت، ئه‌رگومێنته‌کان خرابنه ڕوو و دژه‌کانیان مافیان هه‌بووبێت خۆیان مانیفێست بکه‌ن، گوتارێک به‌هەر هۆیه‌ک بووبێت زاڵ نه‌بووبێت و به ناڕه‌وا و به هۆی پێگه‌ی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌لایه‌تی و فیکرییه‌وه هه‌ژموون بکات گوتاره‌کانی تر بخاته په‌راوێزه‌وه.
له واقیعی ئێمه‌دا به‌و پێیه‌ی ئه‌کادیمیا ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی پته‌وی نییه، بیرکردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه نه‌بووەته مۆدێلێکی زاڵی ئه‌رگومێنتکردن و وتووێژ و تاقیکردنه‌وه‌ی فیکری، بۆیه به‌شی زۆری ئه‌و قسانه‌ی ده‌رباره‌ی دیارده‌کان ده‌کرێن جا چی سیاسی بن، فیکری یان ئایینی به‌ئاسانی قسه‌کان ده‌که‌ونه ناو ته‌ڵه‌ی هه‌ردوو گرفتی ئۆبجێکتیڤیتی و سه‌له‌فیزم، ده‌که‌ونه ناو جۆرێک ته‌مومژ و که‌یۆس که تیایدا جیاوازییه‌کان و هاوبۆچوونییهکان تێکه‌ڵ ده‌بن و رایه‌ڵه و تانوپۆی زۆربه‌ی ئه‌و مژارانه‌ی قسه‌یان له‌باره‌وه ده‌کرێت ون ده‌بن.
گۆڤاری ڕه‌هه‌ند درێژه‌پێده‌ری ئه‌و هه‌وڵانه بوو که پێشتر له نیوه‌ی دووه‌می ساڵانی هه‌شتادا هه‌ر دوو ڕۆشنبیر به‌ختیار عه‌لی و مه‌ریوان وریا قانیع له ڕۆژنامه‌کانی عێراقدا ده‌ستیان پێ کردبوو
به درێژاییی سه‌ده‌ی بیست که نووسین و گۆڤار و بزاوتی سیاسی و ڕۆشنبیری له وڵاتی ئێمه‌دا له گه‌شه‌کردن و جووڵه‌دا بووه، پاشان له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاوه که جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کوردی ده‌چێته قۆناغێکی تازه‌وه و کۆڕی زانیاری کوردی دروست ده‌بێت و پاشان هه‌موو جووڵه ڕوناکبیری و سیاسییه‌کانی تر به‌م شێوه‌یه یان به‌شێوه‌یه‌کی تر لەژێر هه‌ژموونی یه‌کێک له ڕه‌وته فیکری و مۆدێله سیاسییه‌کانی جیهاندا بوون، یان مارکسی بوون (که لای ئێمه زیاتر له‌ناو ئینتلجنسیای کوردی‌دا مۆدێلی مارکسیزم زاڵ بوو) یان ناسیونالیست بوون که هه‌ر خودی ناسیونالیزمهکهش بۆن و به‌رامه‌یه‌کی مارکسییانه‌ی هه‌بوو. له کۆتاییی سالانی هه‌شتادا دوو ڕووداوی گرنگ له جیهاندا ڕوو ده‌ده‌ن که که‌موزۆر په‌یوه‌ندییان به یه‌که‌وه هه‌یه، ڕووداوی یه‌که‌م شکستی بلۆکی سۆشیالیستی و له‌گه‌ڵیدا داڕمانی مارکسیزم وه‌کوو ئایدیۆلۆژیا و نه‌مانی سه‌رنجڕاکێشی و ڕه‌ونه‌قه‌که‌ی، دووه‌م شکستی ناسیونالیزم و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه به مۆدێله کلاسیکییه‌که‌ی و بره‌وسه‌ندنی بیرۆکه‌ی باننهتهوهیی و په‌ره‌سه‌ندن و گه‌وره‌بوونی بلۆکی ترانسناشناڵی له بابه‌تی یه‌کێتیی ئه‌وروپا. له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانه‌وه هه‌م له زمانی فارسی‌دا و هه‌م له زمانی عه‌ره‌بیدا که ڕۆشنبیرانی ئێمه ده‌ستیان به‌و دوو زمانه‌دا ڕاده‌گه‌یشت چه‌ندان بابه‌تی فیکری هاوچه‌رخ وه‌رگێڕدران که ناوه‌رۆکه‌کانیان ڕه‌خنه‌گرتن بوو له ئایدیۆلۆژیا و ورووژاندنی چه‌ندان بابه‌تی تازه بوو له بواره‌کانی سایکۆلۆجیا، کۆمه‌ڵناسی، سیاسه‌ت و کو‌لتوور و ڕۆشنبیرانی نوێباوی ئێمه که‌وتنه ژێر کاریگه‌ری و هه‌ژموونی ئه‌و نووسینانه. هاوکات ڕووداوێکی گرنگی سیاسی گه‌وره له کوردستان ڕووی دا که ڕاپه‌ڕین بوو و ده‌روازه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کرده‌وه که نه‌وه‌ی خوێنده‌واری تازه‌ی ئێمه به شێوه‌یه‌کی تر سه‌یری دنیا و ده‌وروبه‌ری خۆی بکات. له ده‌ره‌وه‌ی وڵات گۆڤاری یه‌کگرتن و له‌ناوه‌وه گۆڤاری ئازادی گوزارشتیان له‌و هه‌لومه‌رجه کولتوورییه تازه‌یه ده‌کرد. که‌واته به ڕای من گۆڤاری ڕه‌هه‌ند درێژه‌پێده‌ری ئه‌و هه‌وڵانه بوو که پێشتر له نیوه‌ی دووه‌می ساڵانی هه‌شتادا هه‌ر دوو ڕۆشنبیر به‌ختیار عه‌لی و مه‌ریوان وریا قانیع له ڕۆژنامه‌کانی عێراقدا ده‌ستیان پێ کردبوو و پاشان له هه‌ر دوو گۆڤاری یه‌کگرتن و ئازادی‌دا فۆرموله بووبوو، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی گۆڤاری یه‌کگرتن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌رده‌چوو و ئه‌و کاته هاتوچۆ که‌متر بوو؛ که‌متر به خوێنه‌رانی ناوه‌وه ده‌گه‌یشت، گۆڤاری ئازادیش ڕاسته‌وخۆ له‌ناو ژاوه‌ژاو و هه‌یه‌جانی راپه‌ڕین و کۆڕه‌ودا ده‌رچوو و کوژایه‌وه، بۆیه له سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆدا که خوێنه‌رانی ئێمه داوای شتێکی تازه‌یان ده‌کرد له ده‌ره‌وه‌ی ناره‌یشن و گێڕانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی که ده‌رگیری خۆوێرانکردن بووبووه‌وه. گۆڤاری ڕه‌هه‌ند وه‌ک دره‌وشانه‌وه‌یه‌ک ده‌رکه‌وت که کاریگه‌رییه‌کانی زۆر زیاتر بوو له توانا ناوه‌کییه‌کانی گۆڤاره‌که، کات و هه‌لومه‌رجی ده‌رچوونه‌که‌ی هاوکار بوون به‌وه‌ی ئیکۆ و ده‌نگدانه‌وه‌که‌ی زیاتر کاریگه‌ری هه‌بێت له خودی توانای گۆڤاره‌که و ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ی که له‌سه‌ری هه‌ڵچنرابوون و ئه‌و قورساییه‌ی ئێستاکه‌ش پێی ده‌درێت. ته‌نانه‌ت ئه‌و دیده گشتگیره‌ی له‌سه‌ر گۆڤاره‌که دروست بووه وای کردووه ئه‌و هه‌موو جیاوازییانه نه‌بینرێن که نووسه‌رانی گۆڤاره‌که له‌نیوان یه‌کتردا هه‌یانه و شوێنگه‌ی فیکری و مه‌عریفی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی گۆڤاره‌که نه‌بینرێت و هه‌موویان له‌ژێر یه‌ک تایتڵی ‘جه‌ماعه‌تی ڕه‌هه‌ند’ کۆ بکرێنه‌وه، له‌وه‌ش واوه‌تر به‌شی زۆری به‌شداری و به‌خششی فیکری و ئه‌ده‌بیی نووسه‌رانی ڕه‌هه‌ند له ڕۆشنبیریی کوردی‌دا له دوای نه‌مانی گۆڤاره‌که‌وه ده‌ست پێ ده‌کات به‌ڵام هێشتا نووسه‌ره‌کانی هه‌ر به گروپی ڕه‌هه‌ند ده‌ناسرێن.
خاڵی گرنگ و دره‌وشانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ند ئەو بازدان و تێپه‌راندنه‌ی بوو به‌سه‌ر ئایدیۆلۆژیادا، به‌سه‌ر مارکسیزمدا که سه‌ره‌ڕای لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌کانی مارکسیزم له جیهانی ئێمه‌دا
من وا هه‌ست ده‌که‌م گرنگی گۆڤاری ڕه‌هه‌ند جگه له ورووژاندنی هه‌ندێک بابه‌تی نوێباو و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز بۆ دیارده‌کان و پشت به‌ستن به هه‌ندێک چه‌مک و میتۆدی نوێ که ڕابردوویان له‌ناو ڕۆشنبیری ئێمه‌دا که‌م بوو، زمانه تاڕاده‌یه‌ک تازه‌که‌ی و ئه‌و مژارانه‌ی پێیانه‌وه سه‌رقاڵ بوو، خاڵی گرنگ و دره‌وشانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ند ئەو بازدان و تێپه‌راندنه‌ی بوو به‌سه‌ر ئایدیۆلۆژیادا، به‌سه‌ر مارکسیزمدا که سه‌ره‌ڕای لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌کانی مارکسیزم له جیهانی ئێمه‌دا به‌ڵام توانای ڕه‌خنه‌یی مرۆڤی ئێمه‌ی سڕ کردبوو، هه‌روه‌ها بازدان به‌سه‌ر ئایدیۆلۆژیا و ناره‌یشنی کوردایه‌تیدا و خۆشکردنی زه‌مینه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی گوتارێکی تاکگه‌را، دوور له خه‌ون و ته‌ماح و خواستی کۆلێکتیڤی ئێمه، ڕه‌نگڕێژکردنی ڕێگا بۆ خستنه‌سه‌ر پێی گوتارێک که ڕێز له خواست و خه‌ون و مافه‌کانی تاک بگرێت به‌ده‌ر له گروپ. گۆڤاری ڕه‌هه‌ند که زیاتر لای من گۆڤارێکه نه‌ک پرۆژه‌یه‌کی گشتگیر ده‌بێت به چاوێکی بابه‌تی سه‌یر بکرێت و پرۆژه و به‌رنامه و جیهانبینییه‌کی زۆری لێ بار نه‌کرێت که له توانای گۆڤاره‌که زیاتر بێت و هاوکات پێچه‌وانه‌ی خواستی نووسه‌ره‌کانیشی بێت که هه‌ر یه‌که‌یان به‌پێی توانا و قورسایی خۆی به‌شداری گرنگ و پۆزه‌تیڤیان له جیهانی ئێمه‌دا کردووه.