وەرگێران ئەم جارە شانۆکەمان دەناسێنێ
دەربارەی وەرگێرانی شانۆنامەی "بۆ دۆزەخ، ئەی بێگۆناهان"
هەر کاتێک بە خوێندنەوەی یەکێک لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلییەوە سەرقاڵ دەبم، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ کەش و هەوای ڕۆمانەکەدا پەیوەندی دەگرم یا خۆمیان تێدا دەبینمەوە، بۆ منێک کە زیاتر لە بواری شانۆدا دەخوێنمەوە خوێندنەوەکە قووڵتر دەبێتەوە و بابەتی زیاتری تێدا دەبینمەوە. دەڵێی لە هۆڵی شانۆ یا سینەمادا دانیشتووم و سەیری: جەمشیدخانی مامم، موزەفەری سوبحدەم و سریاس، دەریاس و ، پەروانە و میدیای عەمگین و … دەکەم کە چۆن ژیاون و چۆن کاتەکانیان بەسەر دەبەن. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمە بێ کە جاروبار نووسەران، شانۆکاران و فیلمنامەنووسەکان ویستوویانە ئەم ڕۆمانانە بکەنە هەوێنی بەرهەمێکی شانۆیی یا سینەمایی.
شانۆنامەی “بۆ دۆزەخ، ئەی بێگۆناهان” وەکوو ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی، ڕووداوێکی جێی سەرنج و خاڵێکی درەوشاوە لە ئەدەبیاتی شانۆییدایە و بە دڵنیاییەوە سەرنجێ زۆرێک لە هونەرمەندانی شانۆ و ڕەخنەگرەکان بەرەولای خۆێ ڕادەکێشێت. بەدەر لە نووسەر و بەرهەمەکەی، ئەوەی لەم نووسراوەدا دەمەوێ ئاوڕی لێ بدەمەوە مژارێکە کە وەکوو ئەدەبیاتی شانۆییی کوردی، گرنگی پێ نەدراوە و لەبیر کراوە: ئەویش بریتییە لە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی بەختیار عەلی بۆ سەر زمانی فارسییە. وەرگێڕانی بە پەلە لە بەرهەمەکانی بەختیار عەلی بەداخەوە بۆ زۆربەی بەردەنگە فارسەکان، ناکارامە و تەنانەت وەڕزکەرە. بە دڵنیایەوە دەکرێ بوترێ کە بەختیار عەلی وەکوو هەندێک نووسەری دیکەی وەک میلان کۆندێرا و بێرتۆلت برێشت و … بە شێوەیەکی دیکە بە خوێنەری فارسیزمان ناسێندراوە، بەڵام بە دڵخۆشییەوە، شانۆنامەی “بۆ دۆزەخ، ئەی بێگۆناهان”ی بەختیار عەلی، کە لەلایەن عەباس (ئاراکۆ) مەحموودییەوە وەرگێڕانی بۆ کراوە و لە چاپەمەنیی ئەفراز بڵاو کراوەتەوە، وەرگێڕانەکە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی دۆزیوەتەوە و لە ئاکامدا وەرگێڕانێکی ورد و سەرنجڕاکێش پێشکەش بە بەردەنگی فارسزمان کراوە.
ئەگەر بمانەوێ وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە لەگەڵ یەکێک لە گرنگترین سەرمەشقەکانی وەرگێڕان واتە “سەرمەشقی هەڵسەنگاندنی چۆنیەتی وەرگێڕانی هاوس” لێک بدەینەوە کە لەسەر بنەمای تیۆریی سیستەماتیکی دەورباوەڕیی هالیدەی دامەزراوە، ئەو کات بۆمان دەردەکەوێ کە وەرگێڕێکی توانا و ئاگادار لە تەکنیکەکانی وەرگێڕان دەستی داوەتە کارەکە و دەکرێ بوترێ کە وەرگێڕ بە کەڵک وەرگرتن لە زانینی وردەکارییەکانی ناو زمان و ئەوپەڕی زمانەوە (وەکوو بۆچوونی زانستی سەبارەت بە کارکردی زمان و، زانیاری لە بواری ئەدەبیات و کولتوور) توانیویەتی وەرگێڕانێکی جێی پەسەند بەدەستەوە بدات. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە جیا لە تیۆریی هاوس کە لەسەر بنەمای وەرگێڕانی ئاشکرا و شاراوەیە، وەرگێڕانی ئەم دەقە بۆ خۆی شانۆنامەیە. لەبەر ئەوەی وەرگێڕەکانی بواری شانۆ، زۆربەی جار جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان تەکنیکەکانی وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبی و دەقێکی شانۆیی دانانێن و بە هەمان گریمانەکانی وەرگێڕانی دەقی ئەدەبییەوە، دەقێکی شانۆییش وەردەگێڕن؛ و هەر ئەم شێوازە هەندێک خەساری بەم بوارە گەیاندووە.
ئەگەر ئەم بۆچوونە پەسەند بکەین کە دەقی شانۆیی بۆ خۆی لە بنەڕەتدا لایەنێکی نواندنەوەی هەیە و هەمیشە بەستێنی دەقیش لەگەڵ خۆی پەلکێش دەکا و، پێشکەشکردنی شانۆیەکی سەرکەوتوو بۆ دۆزینەوە و توانای پەرەپێدان بەم بەستێنە دەگەڕێتەوە. هەر لێرەدایە کە جیاوازیی گرنگی شانۆ لەگەڵ دەقێکی ئەدەبی دەردەکەوێ و هەر بە هەمان شێوەش کە لە کاتی نواندنی شانۆدا ئەرکی دۆزینەوە و پەرەپێدانی ئەم بەستێنی دەقە دەکەوێتە سەر شانی دراماتورژ یا دەرهێنەر، لە کاتی وەرگێڕانی دەقێکی شانۆییدا وەرگێڕ دەبێتە بەرپرسی گواستنەوە و دەبێ لێهاتووانە بەستێنی دەق بۆ خوێنەر بگوازێتەوە. چەند گریمانەیەکی هەڵە سەبارەت بە وەرگێڕانی شانۆنامەی نەتەوەکانی دیکە بۆ سەر زمانی فارسی وەکوو: جیاکردنەوە دەقی شانۆیی لە پێشکەشکردن و نواندنەوە، بەرزکردنەوەی ئاستی زمانی قسەکردنی ڕۆژانە بەسەر ئاستەکانی دیکە زمان، ڕاڤە و وەرگێڕانی دەق لەسەر بنەمای حەز و سەلیقەی وەرگێڕ و… هەندێک ئالێنگاری بۆ بەرهەمی شانۆیی کلاسیک هەتاکوو مۆدێرن، ساز کردووە و، هەر ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی کە هەندێک ڕەخنەی جیددی و جاروبار توند لەم وەرگێڕانانە بگیرێت. بەڵام بە دڵخۆشییەوە، وەرگێڕانی ئەم شانۆنامەیە لەلایەن “ئاراکۆ مەحموودی”یەوە بە شێوەیەکی شارەزایانە ئەم گریمانانەی وەلا ناوە و بە تێگەیشتن و زانست لەسەر هەر دوو زمانی کوردی و فارسی و دەرکێکی دروست لە جۆری وەرگێڕان (لێرەدا شانۆیی) ئەوەی کە لە بەستێنی ئەم شانۆ فەلسەفییەدایە دەدۆزێتەوە و بە وردەکارییەکی تەواوە توانیویەتی بە شێوەیەک بەرهەمی بهێنێتەوە کە وەک شانۆ پێشکەش بکرێ و تایبەتمەندی پێرفێرماتیڤی بمێنێتەوە و لەم ڕێگەیەوە یارمەتی خوێنەری شانۆنامەکە و تەنانەت بینەری شانۆکەش بێ.
دەوری بنەڕەتیی دیالۆگەکان لەم بەرهەمەدا (شانۆی دیالۆگتەوەر) ئەوەمان بۆ دەردەخا کە وەرگێڕ زمانێکی شیاوی بۆ دەقەکە هەڵبژاردووە کە بتوانێ ئاستەکانی دیکەی زمانی تێدا بدۆزێتەوە. بە ئاوڕدانەوە لەوەی چەندین کاراکتەر لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە شانۆنامەکدا دەور دەبینن، گەیشتن بە زمانێکی یەکدەست و گونجاو ئەرکی وەرگێڕ و تەنانەت نووسەر بۆ خۆیشی ئەستەم دەکا. هەڵبەت جێی دڵخۆشییە کە وەرگێڕ سەرەڕای ئەوەی ئەم زمانە شیاو و یەکدەستەی ساز کردووە، شارەزایانە کەلێنی نێوان زمانی ئاخافتن و نووسینی پڕ کردووەتەوە تا زمان لە ئاست سازکردنی کەسایەتییەکاندا کورت نەهێنێ و بتوانێ بەرەوڕووی زمانێکی شانۆیی بکرێتەوە. ئەگەر بۆ پێناسەی پیراندلۆ لە دیالۆگی دراماتیک بگەڕێینەوە کە ئەو وەکوو “کردەوەی ئاخاوتن” ناوی لێ دەبا، ئەو کات بۆمان دەردەکەوێ کە دیالۆگ لە شانۆنامەدا وەکوو دەقێکی ئەدەبی لەسەر بنەمای ناوەڕۆکێکی بابەتییانە نییە، بەڵکوو خۆی لە خۆیدا نواندنەوەی جۆرێک لە کردەوەیە و لێرەدایە کە وەسفی جۆری نواندنەوەی دیالۆگی شانۆیی لە ئاخاوتنی ئەدەبی جیا دەبێتەوە؛ یا بە بۆچوونی جەی. ئێڵ. ئاستین دەبێتە “شتێک لە ئارادایە کە لە کاتی ئاخاوتنی ئەو کەسەی قسە دەکا بە کردەوە خۆی دەنوێنێ.”
ئاراکۆ مەحموودی بە تێگەیشتن لەم کردەوەی ئاخاوتنییە، جۆری ڕەهای درام دەدۆزێتەوە و شێوەیەکی پێرفۆرماتیڤ بە شانۆنامەکە دەبەخشێ کە توانای نواندنەوەی هەبێ. خاڵی جێی سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە بە داخەوە بەشێک لە وەرگێڕەکان کاتێک دەقێکی کلاسیک یا مۆدێڕن بۆ سەر زمانی فارسی وەردەگێڕن، لە کردەوەی ئاخاوتنی تێناگەن و هەر بۆیە سەر لە خوێنەری شانۆنامەکە و بینەری شانۆکە دەشێوێنن. لە وەرگێڕانی ئەم شانۆنامەیەدا، تایبەتمەندییە پێکهاتەییەکانی دەق کە دەبنە هۆی ئەوەی بکرێ دەق وەک شانۆ پێشکەش بکرێ، لێهاتووانە فام کراون و زمانی ستەیجی شانۆ ساز کراوەتەوە و، دیالۆگەکانی شانۆ کە دەرخەری: ڕیتم، تۆن و ڕاوێژ، کردەوەکان و هەموو کردەوە نائاخاوتنییەکانن بە باشی بۆ خوێنەر و تەنانەت بینەر گواستراونەتەوە. بە واتایەکی سادەتر، وەرگێڕ ڕێزی بۆ ئاستی بەرزی تێگەیشتنی بەردەنگەکانی داناوە. بڕیا خوێنەری فارسیزمان هەر لە سەرەتاوە بۆ وەرگێڕانەکانی ئاراکۆ لەگەڵ بەختیار عەلی ئاشنا دەبوو.