بەرگریکردن لە مرۆڤی سەرەتایی


ئەگەر بمانەوێت ئامارێکی تەواوی ئەو نووسینانە بخەینە ڕوو، کە بە خراپی لەبارەی مرۆڤە سەرەتاییەکانەوە نووسراون، دەبێت بزانین ئێمە خەریکین مەحاڵ ئەنجام دەدەین. ئەم هاوتەباییە مێژووییە لە چییەوە هاتووە؟ ڕەگی ئەم خراپ دیتنە دەکەوێتە کوێی مێژووی جیهانەوە؟ بۆ دەستخستنی وەڵامێکی گونجاو و لۆژیکی ئەم پرسیارە، دەبێت لە پاڵنەرەکانی پشت ئەم شێوە دید و تێڕوانینە تێبگەین و بەوردی لێکیان بدەینەوە. ئایدۆلۆژیا و ڕێبازە هزرییەکانی مرۆڤی نوێ، خۆ بە سوپەر زانین و شانازیکردنی بە گەشەی بەرچاوی مێژوویی و ژیاری، نەزانینی زمانانی دێرینی جیهان بەتایبەتی زمانە بەراییەکان و بە کەم ڕوانین لە دەستکەوت و داهێنانەکانی مرۆڤی سەرەتایی، ئاشنانەبوونی زۆرێک لەوانەی باسی مرۆڤی سەرەتاییان کردووە بە شوێنەوارە دوورە دەست و پەراوێزخراوەکان، کەڵەکەبوونی زانیارییە هەڵەکانی پێشین، هەموو ئەمانە پێکەوە وەهمی ئەوەیان خوڵقاندووە کە مرۆڤی سەرەتایی مرۆڤگەلێکی هیچ نەزان و داماو بوون و وەک تەواوی گیانلەبەرانی دیکە هاتوونەتە دونیاوە و بێ هیچ بیرکردنەوە و داهێنان و تێڕامانێکی قووڵ لە شتەکانی دەوروبەر ژیاون و مردوون.

بە درێژاییی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست، تەواوی ئەو لێکۆڵینەوە و دیراساتانەی باسیان لە مرۆڤە سەرەتایییەکان دەکرد، تەرخان کرابوون بۆ باس کردن لە خەسڵەتە دزێو و ترسناکەکانی جۆرێک لە جۆرەکانی مرۆڤی کۆن، کە دواتر ناویان لێنان “مرۆڤی نیاندەرتاڵ”. ئەم ناونانە بەو وەسفە دزێوانەوە، ناونانێکی تەواو فاشیستانە بوو. کە ئامانج لێی لەمرۆڤخستنی مرۆڤی سەرەتایی و جیاکردنەوەی بوو لە مرۆڤی نوێ و هۆشمەند. مرۆڤی نوێ هێندە لە ناشیرین پیشاندانی مرۆڤی نیاندەرتاڵدا زێدەڕەوی کردبوو، کە خودی ئەم وەسفە بۆ خۆی بووبووە بابەتێکی کۆمیدی و لە زۆر شانۆنامە و فیلم و نووسینی ئەدەبیشدا ئەم وێنا کۆمیدییەی نیاندەرتاڵ جێی بۆ کرابووەوە. تەنانەت لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، سەروەختێک توێژەر و شوێنەوارناسە ئەمریکایییەکان پاشماوە و ئاسەواری مرۆڤی نیاندەرتاڵیان لە “ئەشکەوتی شانەدەر” دۆزییەوە، جارێکی دی جاڕی ئەوەیان دا کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ کەسانی ئەشکەوتنشین بوون و لە چەند کەرەستەیەکی زۆر سەرەتایی زیاتر هیچی تریان پێ نەبووە و خەریکی لەناوبردن و کوشتنی یەکتر بوون. دواتریش کە بردنیانە نێو تاقیگەکانەوە، پێیان گوتین ئەمانە شێوەیان زیاتر لە مەیمونەوە نزیکە و تووکدار و پشت چەماوەن و زۆر دوورن لە خاسیەتەکانی مرۆڤی هۆشمەندەوە! هەڵبەت لەمەدا بە ڕادەیەکی زۆر، پشتیان بە “بیردۆزی پەرەسەندن”ی “چارڵس داروین” و توێژینەوەکانی پێش خۆیان بەستبوو.

بۆچی دەبێت وا پیشان بدرێت کە سیفاتی مرۆیی لە ڕووی جەستە و ڕوخسارەوە، ملکەچی قۆناغبەندی مێژووییە و بە ڕێچکەی پلەبەندیدا گوزەری کردووە و گەیشتووەتە مرۆڤی نوێ؟ چونکە ئێمە دەمانەوێت بانگەشەی خۆ بەسوپەرزانین بکەین و بڵێین ئێمە کامڵترین بەشی نێو نەسلی مرۆیین و لە هیچ قۆناغێکدا مرۆڤ نەگەیشتووەتە ئاستی ئەم کامڵییەی ئێمە! ئەو خاسیەتانەی دراونەتە پاڵ مرۆڤی نیاندەرتاڵ، بە نزیکەیی هەمان خاسیەتگلەن کە مەیمون و بڕێک لە گیانەوەرانی دی پێ دەناسرێنەوە. واتا بە شێوەیەک لە شێوەکان نیاندەرتاڵ گوزارەیەکە بۆ لە مرۆڤخستنی مرۆڤی سەرەتایی. ئەم لە مرۆڤخستنە پرۆسەیەکی دوورودرێژی مێژووییە و به سەدان زانا و توێژەر و شوێنەوارناس، بە دەیان دەزگا و ڕێکخراوی بەناوبانگی جیهانی هەوڵی سەپاندن و جێگیرکردنیان داوە وەک ڕاستییەکی مێژووییی نەگۆڕ. ئەوە ڕاستە کە مرۆڤی نوێ نایەوێت بیر لە باپیرانی خۆی بکاتەوە لە وێنای نەزانێکی پشت چەماوەدا و هاوتەریبیان بکات بە خۆی، چونکە خۆی پێ لەوان بەرزتر و فرەزانترە و بەدووی هاوتایەکی ناپێگەییودا ناگەڕێت؛ بەڵام ئایا کارێکی ڕەوایە زانین و پێشکەوتنی مادییانە و ژیاریانەی مرۆڤی نوێ  بەراورد بکرێت بە ژیاری مرۆڤی سەرەتایی؟ لە کاتێکدا خودی ئەم بەراوردکارییە بەرهەمی ڕاستەوخۆی تەڵخبینیی و کورتبینییە و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕاستییە مێژووییەکاندا یەک ناگرێتەوە!

یولیۆس لیپس” کە پسپۆڕی ئەنسرۆپۆلۆژیا و لێکۆڵەرێکی تایبەتمەندی ژیانی مرۆڤە سەرەتاییەکانە. بۆ ماوەیەکی زۆر لە زانکۆ گەورەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا وانەی وتووەتەوە. لە سەردەمی نازییەکاندا، بە هۆی ئەو کۆتوبەندە فیکرییانەی کە هەبوون و دژبوونی ئەم بە ڕەگەزپەرستی نازییەکان، ناچار دەبێت زانکۆکەی خۆی لە ئەڵمانیا جێبهێڵێت و بچێتە ئەمریکا و لە زانکۆی هارڤارد وانە بڵێتەوە، بەڵام لەوێش ڕووبەڕووی گرفتی ڕەگەزپەرستی سپیپێستەکان دەبێتەوە و ناچار دەبێت بچێتە فەرەنسا. لیپس بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە ژیانی گەل و هۆزە سەرەتاییەکان ماوەیەک دەچێتە ئەفریقیا و لەگەڵیان دەژی، دواتر دەچێتە نێو هیندییە سوورەکان و لە نزیکەوە زانیارییان لەسەر کۆ دەکاتەوە. ئەو لەو بڕوایەدا بوو ئەوەی لە کتێبی لێکۆڵەرانی پێش خۆیدا هاتووە گوماناوین و ویستویانە ئەوان وەک گەلانێکی هیچ نەزان و ترسناک وێنا بکەن. لیپس چونکە پێی وابوو، تێڕوانینی ئێمە بۆ گەلانی سەرەتایی تێڕوانینێکی ڕەگەزپەرستانە و نازییانەیە، بۆیە بەشێکی زۆری ژیانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە  لە ژیان و ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیریی مرۆڤە سەرەتاییەکان تەرخان کرد.

گرنگترین کتێبی ئەم زانا ئەڵمانییە، کتێبێکە بە ناونیشانی “ڕەچەڵەکی شتەکان: سەرەتاکانی ڕۆشنبیریی مرۆڤایەتی” کە کاتی خۆی بە هۆی هەڕەشەی نازییەکان و دوورخستنەوەی لە ئەڵمانیا وەک سزایەک لە هەمبەر ڕازینەبوونیدا بە نایەکسانیی ڕەگەزی و ڕەتکردنەوەی باڵادەستی ڕەگەزی ئاری، لە ساڵی ۱۹٤٦ بە زمانی ئینگلیزی کتێبەکەی بڵاو کردەوە. لەم کتێبەدا بۆ یەکەمین جار هەموو ئەو بیرۆکە و تێڕوانینانە ڕەت کرایەوە کە تا ئەوکات لەبارەی گەلە سەرەتاییەکانەوە هەبوون. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە دابەش کراوەتە سەر پانزە بەشی سەرەکی و بەشێکیش بۆ وێنە و بەڵگەکان، هەر یەک لەو بەشانەش باس لە لایەنێکی گرنگی ژیانی ئەو گەلانە دەکات. ئەم کتێبەی لیپس مەرجەعێکی گەورەیە بۆ هەموو ئەوانەی لە بواری ئەنسرۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییدا کار دەکەن و دەیانەوێ لە ڕێی ناسینی جیهانی کۆنەوە، لە مێژووی گەشەکردنی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی جیهان تێبگەن.

ئەوەی لەم کتێبەدا سەرنجڕاکێشە، ڕاچەڵکینە زانستییە زۆرەکانێتی. لەم کتێبەدا بۆ یەکەمین جار بەر کۆمەڵێک ڕاستیی نەزانراو دەکەوین و شۆک دەبین. بە هۆی ئەم کتێبەوە دەزانین کە مرۆڤی سەرەتایی بە پێچەوانەی بۆچوونی باوەوە هەموویان لە ئەشکەوتەکاندا نەژیاون، بەڵکوو ئەشکەوت تەنها لە چەند ناوچەیەکی کەمدا بووەتە جێی ژیان و ئەوانی دی خانوویان بۆ خۆیان دروست کردووە. خانووەکانیشیان دوو جۆر بوون: (خانووی بازنەیی هاوشێوەی شانەی هەنگ، خانووی ڕاستەوڕاست و درێژکۆڵە)، لیپس لەم کتێبەدا باس لەوە دەکات کە مرۆڤە سەرەتایییەکان لە یەکەمین ئەو کەسانە بوون کە ئارایشتگایان داناوە و خۆیان ڕازاندووەتەوە. ئاهەنگیان گێڕاوە و لەو ئاهەنگانەدا  قاوە و مەشروب و چا خوراونەتەوە، بەڵام ئەوان بۆ هیچ بۆنەیەک کاتیان دانەناوە، بەڵکوو چ کات کۆبوونایەتەوە ئاهەنگیان دەگێڕا. مرۆڤی سەرەتایی ڕاگەیاندنی تایبەتی خۆیان هەبووە و لە ڕێیەوە ئاگاداری دەنگوباسی ناوچەکانی تر بوون. گەلانی سەرەتایی شانۆ و نمایشیان کردووە و بە تاسەوە ئامادەی بینینی بوون. ئەوان یەکەمین داهێنەرەکانی نێو مێژووی مرۆڤایەتین و بۆ یەکەمین جار چەندین ئالەت و ئامێری جیاجیایان دروست کردووە.  لیپس لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مرۆیانە و زانستییانەی خۆی، ویستوویەتی ئەو ڕاستییە ئاشکرا بکات کە مرۆڤایەتی لە سەردەمی ئێستاماندا و بەتایبەتی لە ئەوروپا، لەنێو درۆیەکی گەورەدا دەژی. درۆی ئەوەی کە گەلانی سەرەتایی هیچیان نەزانیوە و مرۆڤایەتی لە ئەوروپییەکان و ئینسانی نوێوە گەیشتووە بە شارستانیەت. ئەو خۆی بە بەرگریکار لە شکۆی گەلانی سەرەتایی دەزانێت و دژی هەموو ئەوانەشە کە ڕەگەزپەرستانە مێژوو دەنووسنەوە.

        
  ئایا مرۆڤی نوێ چاویلکەکەی دادەنێت؟

ئەوەی جێی سەرنجە لە دوای “لیپس”ەوە بە دەیان و سەدان لێکۆڵینەوەی مێژوویی و زانستی دیکە نووسراون. لەنێوان ئەو ژمارە زۆرەدا؛ چەند دانەیەکی کەمیان نەبێت، ئەو دواییەکەی بە هەمان ئاراستەی بیرکردنەوەی پێش “لیپس” دا چوون و دیسانەوە بەو بەدحاڵیبوونە مێژووییەوە، لەبارەی “مرۆڤی سەرەتایی”ەوە دواون! وا دیارە ئەم ناڕوونییە؛ ئەم تێگەیشتنە ناتەواوەی مرۆڤی نوێ بۆ جیهانی کەونارا و ژیارە داهێنەرەکەی؛ بەقووڵی لە نائاگاییماندا ڕەگی داکوتاوە و وا بەئاسانی جێی لەق ناکرێت. ئەو چاویلکەیەی مرۆڤی نوێ  پێی دەڕوانێتە دونیای کۆن، چاویلکەیەکی ئایدۆلۆژی و ماددییانەی ڕووتە و بەرئەنجامی بینینی پەڕگیرانەی ئێمەیە بۆ جیهان. ئەم چاویلکەیە لەبریی ئەوەی ئاسۆی بینین و بیرکردنەوە فراوانتر بکات و وا بکات ڕوونتر و لۆژیکانەتر لە شتەکان بڕوانین، کەچیی خۆی ڕێگرە لە ڕوونبینیی. لە ڕاستیشدا، پرۆسێسی بینینی مرۆڤی نوێ، هاوشانی کردە مادییەکانێتی لە داکەوتدا، ئەمە ئەو هەقیەتەیە کە مرۆڤی نوێ لێی هەڵدێت و نایەوێ وەکوو خۆی بیبینێت. چاویلکەکان ئەوەندە مەترسیدار وێنا ڕاستەقینەکەیان شێواندووە، کە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، ئەوە کارێکی فرە قورس و بە ئاستەم بێت تا بتوانرێت ئەم نیگایە ئاوەژوو بکرێتەوە و بەرەو دۆزینەوەی ڕاستییەکی مێژوویی ئاراستە بکرێت.  تاکە ڕێگەش بۆ گەڕاندنەوەی بیناییەکی ڕوون و دیار، لابردنی چاویلکەکانە، ئەو چاویلکە جۆراوجۆرانەی بوونەتە هۆکارێک بۆ پێشبڕیاریی و پێشبیرییەکانمان و تەمێکی خەست و لێڵن لە بەردەمی بینینماندا و بەرەو فاشیستیان بردووین.