خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ئەلف/یا
پاش گەشەکردنی ژانری گێڕانەوە و ڕۆمانی کوردی، لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند ڕۆمان و هەوڵی جیدی بڵاو کراونەتەوە، کە ڕۆمانی کوردییان لە ڕاستەهێڵی و چەقبەستووی و ڕیالیزم دوور خستووتەوە کە هەیانبوو یەکەمین ئەزموونیان بوو لە ڕۆماندا؛ بەڵام بەرپرسیارانە. ڕۆمانی (ئەلف/یا)ی ڕەزا عەلی پووری شاعیر یەکێکە لەو هەوڵانە. پرسیارێک کە داهاتوو وەڵامەکەی وەردەگرین ئەوەیە، ئاخۆ ئەم ڕۆمانە جیدییە چەند ڕۆمانی جیدیتری ڕۆماننووسی دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنێ؟ چەند ڕۆماننووسی دیکە دەجووڵێنێ کە ئیدی بەرپرسیارانە دەست بۆ نووسینی ڕۆمان ببەن؟
(ئەلف/یا) لە لایەکەوە ڕۆمانێکە لەبارەی نووسین و پیت چنین و پەیڤ چنین و ڕستە هۆنینەوە. بەکورتی ڕۆمانێکە لەبارەی پەخشان و نەسر. لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆمانێکە لەبارەی تەنگەژە و نیگەڕانیی ئینسانی کورد لە دوو سەردەمی جیاوازدا. ڕۆمانی ئەلف/یا لە ساڵی ٢٠٢٠ لە دووتوێی سەد و حەفتا و نۆ لاپەڕەدا لەلایەن چاپەمەنیی مانگەوە، بڵاوی کراوەتەوە. ئەم یاداشتە خوێندنەوەیەکی بەلەزە لەبارەی ئەلف/یا.
چیرۆک
لە ڕۆمانێکدا گێڕانەوەی دوو چیرۆک کە پێوەندیدارن بە یەک، لە دوو سەردەمی جیاواز، بە دوو هەیکەلییەی جودا: دوو جۆری گێڕانەوە، دوو زمان، دوو تەکنیک، هەر یەکیان بە تایبەتمەندیی خۆی، هەم لەڕووی زمانی گێڕانەوە، هەمیش لە ڕووی ڕەگەزەکانی دیکەی وەک کارەکتەر، فەزا، شوێن و کات (جگە لە هەندێک خاسیەتی بنەڕەتیی هاوبەش، لە مانادا) قورسە. دەبێت بە ئاگاییەکی زۆرەوە ئەم تێکەڵکردنە بکرێت. چونکە ڕەنگە ئاڵۆزی لە ڕاناوەکان دروست ببێت.
لەم ڕۆمانەدا، کات چونکە بە شێوەیەکی سیستماتیکی، ڕاستەهێڵ نییە و لەنێو دوو زەمەنی تەواو لێککشاودایە، خوێنەر لەناو دوو کاتی جیاوازدا، دەبێ بێت و بڕوا، بخوێنێتەوە و بگەڕێتەوە. بخوێنێتەوە و زۆرتر بگەڕێتەوە.
ڕۆمانەکە دابەش دەبێ بەسەر دوو زەمەندا. یەکێکیان زەمەنی گێڕانەوەی نووسینی دەقەکەیە، کەسێک کە ناوی یووسفە، نووسەر و مامۆستایە و زیندانی کراوە (کەمتر باسی ئەمەیان کراوە!) لەلایەن کەسێک بە ناوی حافز، کە نوێنەری خانم و ئاغایەکی دوکتۆرە، داوای لێ دەکرێ لە پووشەیەک کە چەند زەرفێکی تێدایە، چەند پەڕاوێک کە دەستنووسی یاداشتی کەسێکن بە ناوی داوود ئامێدی ڕێکوپێک بکات و بنووسێتەوە. زەمەن و سەردەمەکەش دوو سەد ساڵ لەمەوپێشترە، ڕەبەنێک کە ناوی داوود ئامێدییە و خۆشنووسە، لە بێ جێ و پولی، لە جێیەک هەڵدێ، لە جێیەکی دیکە، ژوورێکی دیوان خانێی والی سنە دەحەوێندرێتەوە. لەلایەن میرمونشی والی، داوای لێ دەکرێ ببێتە کاتب و کتێبان کورت بکاتەوە و بۆ والی و خانەوادەکەی بیاننووسێتەوە. داوود بە دەستی ڕاستە بۆ میرمونش و بە دەستی چەپەش لە بەیازێکی تەقەڵ دراوی گچکۆکەشدا بۆ خۆی دەنووسێ. پاشانیش بە نهێنی نامە بۆ شانهەنشا دەنووسێ و دەینێرێ. بەمە هەرا دەنێتەوە. لە نامەکەدا نێوانی والی سنە و لەگەڵ کوڕ و جێگری شا لە تەبرێز تێک دەدا.
یووسف، کارەکتەری چیرۆکی یەکەم، داوود ئامێدی کارەکتەری چیرۆکی دووەم، بە خوێنەر دەناسێنێ. یانی چیرۆکێک لەنێو چیرۆکێکی دیکەوە سەر هەڵدێنێ. یووسف نووسیار(ئیدیتۆر)ە. داوود ئامێدی بە هەمان شێوە، مونشییە یانی ئەمیش ڕۆڵی (نووسیار)، یان ڕوونوسکار دەبینێت. بەم تەکنیکە چیرۆکەکان هەر یەک بۆ خۆیان تەواو سەربەخۆن و پێکەوەش تەواو پێوەندیدارن بە یەک. لێکچوونی نیگەرانی و گرفتارییەکانی یووسف: جوودابوونەوەی لە کەسێک بە ناوی لەیلا و ڕاکەڕاکە بەدووی نان و وەسوەسەی نووسین و گیرخواردنی بەدەست دەستنووسێک، هەروەها کێشەی لەگەڵ کەسێک کە ناوی حافزە و نایەوێ بچێتە ژێر باری داواکارییەکانی، ئەمانە بەگشتی خەم و ئارێشەی داوود ئامێدیشن، ئەویش ناچێتە ژێر فەرمایشتی میرمونشی، کە ڕایسپاردووە، دەقێک بنووسێتەوە بە مەیلی والی و بەڵام ئەم گەرەکیەتی مەرەکبی بە حەرام نەگەڕێ. لە وردەکاری تێکەڵکردنی چیرۆکەکان، نووسەر بە تەکینک، چیرۆکەکانی بە جۆرێک بە بەناویەکدا بردووە، هەر یەکیان بۆ خۆیان چیرۆکێکن، پێکەوەش چیرۆکێکی درێژن، لە ڕۆمانێکدا.
تەکنیک
هەندێکی لە پەڕەگراف و پاژەکانی ئەم ڕۆمانە، لە شوێن و جێی دیکەن. پارچەپارچە کراون. ئەگەر چی بۆ ئاسانکاری و ناسینەوە، چیرۆکی دووەم بە شێوە نووسینی لار (ئیتالیک) نووسراوە، بەڵام تەنانەت لەنێو ڕستە و پەڕەگرافە لار نووسراوەکان، تۆخ (بۆڵد) و کۆدی دیکە هەن. ئەمەش وای کردووە، هەم تێکشکان لە کات و زەمەن، هەم زیاد لە زەمەن و سەردەمێک تێکەڵی یەک بن. دایەلۆگ و مەنەلۆگی کارەکتەرەکان؛ تایبەت مەنەلۆگ، ئەوەندە بە لێزانییەوە کاری لەسەر کراوە، هەست دەکرێ، ئامێدی و یووسف، دوو کارەکتەری دیکەشن. ئامێدی بۆ خۆی کەسایەتییەکی دیکەیە. دەنگی هەیە. چەپ دەنووسێ. چەپ بیر دەکاتەوە. چەپ ڕادەکات. چەپ چەپ چەپ. هەموو شت چەپ و پێچەوانەی داوود کە سەرڕاستە، ڕاست تێدەفکرێ ودەنووسێ. لە چیرۆکی یەکەمیش، یووسف کەسێک دیکەیشە. هەر ئەوەندەیە ناوی نەهاتووە. بەڵام هەیە و زیندووە. پرسیار دەکات. تووڕە دەبێ. گومان دەکات. بەرهەڵستکارە. لەوە ڕازی نییە، کە ئەوی تریان لێی ڕازییە.
زمان
زمان هەر بریتیی نییە لە جۆرە ئامرازێکی دەربڕین و گەیاندنی مانا، بۆ نموونە نابێت ڕۆڵی ئیستاتیکیانەی زمان لە یاد بکرێت. لە ڕۆماندا ئیمکانەکانی گێڕانەوە، بە هۆی شێواز و شارەزایی لە زمان، شێوە وەردەگرن. بەگشتی مەرجە زمان دابڕاو نەبێت لەو تەکنیک و فۆڕمەی نووسەر بۆ نووسینی دەقەکەی، هەڵی بژاردووە. واتا زمان لە تەک ڕەگەزەکانی دیکەی گێڕانەوە، یەک دەست، یەک پاکێچ دەرکەوێت. کاتێ نووسەر لەناو مێژوودا ئیش دەکات، دەبێت ئاگای لە زمان بێت. زمانی یەکێک لە چیرۆکەکان، زمانێکە تەواو جیاوازە لەوەی دیکەیان و تەواو سەر بە زەمەنی ساڵی ڕووداوی خۆیەتی و هی دوو سەدە لەمەوبەرە. دەکرێ بڵێین، ئەم گێڕانەوەیە گەڕانەوەیە بۆ پارێزگاریکردن لە زمان، یان پاراستنی میرات، لە زەمەنی خۆیدا. ڕۆماننووس بایەخی بەم شێوەگووتن و وتووێژێکی ڕەسەن داوە، کە خەڵکی لە سەردەمێک بە ڕاستی گوتوویانە. بەڵام ڕێک گواستنەوە نا، لە بەرگێکی هونەری، کە هەست دەکرێ داهێنراوە. زمانی چیرۆکی دووەمی ئەلف/یا، بنیاتنانی زمانێکی تایبەتی گێڕانەوەیە.
بەم هەواڵانە: لە نووسیندا، نووسین و پیت و ڕیتمی قسەکان و لە گوتندا، گوتارەکان بە بەلاغی ئەوەندە بەرز درێژراون، پیت و وشەکان هیی سەردەمی خۆیانن، سەردەمێک بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە، داهێنراوەتەوە. بۆ نموونە لە پیشەییدا، مەلایەتی و فەقێتی و خۆشنووسی لە قاڵبی ئەو سەردەمەن. نیگەرانی، خەم، ئازار و ملکەچی کارەکتەری داوود، تایبەت و دیاریکراون بە هەمان سەردەم. بەپێچەوانەوە، لە چیرۆکی یەکەمدا، زمانی گێڕانەوە زمانی ئێستایە، ئەو زمانەی ڕۆژانە بەکاری دەهێنین. زمانێک زۆر ئیستاتیکیانە و ڕوون، هەڵبژاردنی وشەکان و شێوەی دەربڕینی یووسف تەواو سەرنجڕاکێشن. لەڕووی ماناوە، تەنگەژەکان، خەمەکان، گرفتی هاوچەرخ و سەردەمیانەن.