قەڵشین


ئەو قەلەڕەشەی ڕۆی

هەر ئێستا

لە نیوەشەودا؛

وا دەڕوا بەنێو ئەو دەریچەیەی

کە زەمەنێ لە ژوورەکەدا

لەگەڵ خۆی ئەمبەر بۆ ئەوبەر

ئەم دیوار بۆ ئەو دیوار

ئەم وێنە بۆ ئەو وێنە

ئەم خەیاڵ بۆ ئەو خەیاڵ

ئەم پیت بۆ ئەو پیت

ئەم زیندان بۆ ئەو زیندانی دەبرد و

تا لە کەشەنگییان وەک گەڵاڕێز

پەڕوباڵی دنک دنک

هەڵوەرین.

هەر ئاوا

ڕووت      ڕووت

ڕۆی.

(دەڵێن، بۆ جارێکیش ئاوڕی نەدایەوە.)



ئەو قەلەڕەشەی ڕۆی

هەر ئێستا

لە نیوەشەودا؛

وا دەڕوا بەسەر پیاسەی

شەقامە تاریکەکان و

لە هەر ڕێگەیە کە دەیبینێ

بۆنی مرۆڤ یان

بۆنی ژوور و، دیوار و، وێنە و، خەیاڵ و، پیت و زیندانی لێ بێ

خول دەخوا و لا دەدا؛

ئەو ڕێگەیە نا

ڕێگەیەکی دی دەگرێتە بەر.

(دەڵێن، سەتان ساڵ هاموشۆی بوو.)



ئەو قەلەڕەشەی ڕۆی

هەر ئێستا

لە نیوەشەودا؛

وا دەڕوا بەرەو دوورەپەرێزترین

زنجیرەچیای بەفرین

بۆ ئەو نیشتمانەی

بەفر و بەرد

هەمان مێژوویان هەیە.

دەڕوا تا گۆرانیی غەمینی

تەنیایی یان

ژوور و، دیوار و، وێنە و، خەیاڵ و، پیت و زیندان

لەسەر بەفری خۆگرتووی لەمێژساڵ

بکێشێ.

(دەڵێن، هەرگیز نەگەیشت.)

photo_2022-02-12_22-39-42

سەرنجێک بنوسن