تۆ! دەتزانی خوا نی، کەچی دەتگوت گەردوونێکم هەیە. ئەو گەردوونە گۆشتی هەبوو، دەمار و دەماخ و خوێن. بە ڕێڕەوی پەرەسەندنی تۆدا گەیشتبوو. چاوی هەبوو، لووت، گوێ، دەم. گەردوونەکە هێند کشا هێند کشا هێند کشا تەقی. ئینجا بوو بە پەیکەرێک. ئەوسا یادگەت هەرچی هەبوو و نەبوو سڕییەوە سەبارەت بەو. لەوانەیە ئەمە سەلماندنێ بێ کە تۆ لە توخمی مرۆڤی. چونکە مرۆڤ، یادگەی هەیە بۆ ئەوەی ئەو گەردوونانە لە بیر کا کە هەستی خوایەتیی دەدەنێ و قۆڕترین یادەوەرییەکانی بۆ بهێڵێتەوە تاکو لە دۆزەخیاندا تەپاوتل بدا.
تاوێ دادەنیشم مێشکە ئیسفەنجییەکەت دەگوشم. جا گەر ڕەشاوی لێ بچۆڕێ، گلەیی مەکە، مەترسە، ئەمە ئێمەین -مرۆڤ- کەواتە دڵگیر مەبە، گوێ بدێ.
پێت گوت «جوانە!» ئەو کەسەی بە تەنیا، بۆ چەند سەعاتێک لەسەر کەرەوێتە یا لە ڕۆخی شۆستەیەک دانیشت لە ڕۆمانەکەدا. کە لە فیلمێکیش دەرکەوتەوە، لە دڵەوە خۆزگەت خواست ژیانت بڕێ تاڵتر بووایە هاوتای وی- لە کەشێکی سارد و، کەلوپەلی ڕەنگمردوو لە دەوروبەر و، قاوەیەکی ساردبووەوە لەناو جەزوەیەکی کۆن و، باڕەش قۆڵی کراسێ بە تەنافەوە بگرێ و بە ئەرزی دادا و، پاشان بێدەنگی و، پاشانی دواتر فڕینی پۆلێ کوکوختی و، پاشانەکانی دواتر سۆڵۆی پیانۆیەکی خەمناک، کە لات وایە پڕ بە پێستی وێنەکەیە. هەمان کەس، ئێستا وا لەناو ماڵەکەتە. پەیکەرێکی تۆزاوی. پەیکەر ئیتر ناتوانێ لەناویدا ئەستێرە هەڵگرێ و لەناویدا بکشێ.
گڵۆپ دەکوژێنیتەوە. چاوت دادەپۆشی. کە دەکەوێ، ڕووگرژی و چیڕکردنەوەی ددانت. لە کەلێنی دوو پەنجەی ناوەڕاستەوە دزەنیگا دەکەی و دەچرپێنی: «پیاح! لەو ژیانە بێزەوەرەی.» حەز دەکەی سەراپای لەشت لاق بێ، بۆ ئەوەی تێی هەڵدەی، لێی هەڵبێی.
بەدیار گرتە درێژەکانی تار و تارکۆڤسکی و ئاکەرمان دانیشتی. لەو جۆرانەی جگەرەیەک یەک قوومی ماوە بگاتە ئاغزەکەی و بە دەست کەسایەتییەکەوەیە و ئەو بە نیو سەعات مژی لێ دەدا. لەو نێوەندەدا مێشێکی سەرگەردان ناتوانێ دەرچەیەک بدۆزێتەوە، سەرلەئەخیر بە کپی لەسەر سۆتەک وڕ دەکەوێ.
تۆ نەتتوانی بێدەنگیی پەیکەرەکە هەزم بکەی. کە دیتت کڕ و ماتومەلوولە، بە توانجەوە قسەت فڕێ دا. لەسەر مێز کردتە نوکتە، تا سەرسەرییەکان بە پێکەنین بێنی یا بۆ ئەوەی مارئاسا سەعاتێ بخزێیە نێو نوێنی یەکێکەوە.
سەرنجت دا کارەکتەرە دەمبەبۆڵەکانی ناو ڕۆمانەکان. گفتوگۆی هەرچیوپەرچیی ژن و پیاو و ئاژەڵانی ناو شانۆگەرییەکان بە سەعات گوێیان پێ کوڵ کردی. چامە بێسەروبەرەکانت لە دووەم لاپەڕەوە جێ نەهێشت و تا کۆتایی دەسیانت گرت.
بۆ نەتتوانی قسە هەلەقوپەلەقەکانی پەیکەرەکە قبووڵ بکەی؟ کە باش دەتزانی وەختێ کردوویە…
دادەنیشت. زەردەپەڕ توابووەوە لە چاوی. ئێسکی کرمێ ببوو. مێشکی دەجوویی خەمۆکی. لە شاڕێ لایدابوو. خەڕەکەشکاوێک؛ کەوتبووە سەر خۆڵەکە.
دوایە ئەو قسانەت لەسەری کردە ماڵ.
یەکەم جار کە ناوی فەیلەسووفێکت بیست چۆڕێ ژاری خواردۆتەوە و ملی لار بووەتەوە، سەرسامی بە یەک بە یەکی خانەکانتدا گەڕا. سەربردەکەی مووڕەپی کردی. گوتت من لێی تێدەگەم. لە تارماییی هەڵکوڕماوی سەر دڵت پرسی: ژیان چییە جگە لە کارلێکی کیمیایییانەی تاڵاوی حەقیقەت و ترس و پەرێشانی، کە دەتگەیەنێتە تەقینەوەی مێشک؟
کەچی پەیکەرەکەت دیت، بەرامبەرت دانیشتبوو. نان نەبوو دەیخوارد، خەمۆکی بوو بە گەرووی هەڵپەنماویدا دەچووە خوار و دەبووە بۆمبێکی پووچەڵەوەبوو. ئاوی نەدەخواردەوە، ژار بوو لە خوێنیدا پەلەقاژەی بوو. بۆ دەستیت نەگرت؟ بۆ هێشتت بخوا و بخواتەوە، هێشتت بخورێ و بخورێتەوە؟ بۆ تەماشای نیگاکانیت نەکرد؟ جارێک چاوی هەڵنەبڕی، ئەو ئەسپە پێشترشێتەی ناو گلێنەی ببینی وا لە ئاویلکەدا بوو؟ فیشەکێک (ماچێک)ی لێت نەویست؟ هەر هێندەت پێ کرا بڕوانیتە گۆڕەکانی ناو چاوی. سەرڕێژ بوو لە گۆڕ. وەخت بوو بزنمژۆک و مێروو لە کونەلووتیەوە بڕژێن. لەوێش بارتەقای دارزەیتوونەکەی ژوورسەری سوودت نەبوو سایەیەک بۆ حەوانەوەی دروست بکەی. هێندەت پێ کرا؟
دوای بیردۆزی چاڵە ڕەشەکان کەوتی. بردتییە ئەودیوی ئاسمان. گەشتت کرد بەنێو ڕەنگەکانی گەلەستێرەکان. چاڵێکی ڕەش لەناو ژوورەکەت بوو. چاڵێک؛ خۆی هەڵدەلووشی. بستێک لێت دوور بوو. کردت بە دوو، دە. ببووە چەندین کیلۆ بۆشایی. گۆشت و خوێنێک بۆشایی. نانی دەستی بۆشاییت دەخوارد. لەسەر جێخەوەکەت هەناسەی تەپی بۆشایی بوو. نەفەستەنگ هەڵدەستا، ڕێی دەکرد، گڵۆپی دادەگیرساند، خەریک بوو دەخنکا. دەستی دۆڵکەی نەگرت و لێی کەوت و شکا. شکا بۆشایییەکە. گوێت لێ نەبوو. نەتبینی.
تۆ حەجاج بووی- بۆ زامی دۆستەکەت خوێ
تۆ سەگە ڕەشەکەی نوگرە سەلمان بووی- بە زیندوویی گۆشتیت دەجنی
تۆ ئەنفال بووی- دۆستەکەتت زیندەنێژ کرد
تۆ تۆ تۆ
حەجاجی سەگە نوگرە ئەنفالی
ڕەشەکەی سەلمانی
١/٧/٢٠٢٦