چارەی دڵی بریندار

نامەگۆڕینەوەی ئیمانوێل کانت و ماریا هێربێرت

لە عەرەبییەوە: کوردۆ شابان

ساڵی ١٧٩١ز ئیمانوێل کانت، فەیلەسووفی مەزنی ئەڵمانی، نامەیەکی لە “ماریا ڤۆن هێربێرت” پێ گەیشت، تێیدا داوای ئامۆژگاری لێ دەکات بۆ ئەو دۆخەی بەهۆی دڵی بریندارییەوە بەو دوایییە تووشی بووە. هیندە لەسەر دڵی گران بووە، ویستوویەتی خۆی بکوژێت. دواتر بیری کردووەتەوە، ئەمە لەگەڵ فەلسەفەی کانت ناگونجێت.

ماریا، کچێکی نەمسایی گەنج بووە، خوێنەرێکی جددیی فەلسەفە بووە و ئالوودەی هەموو نووسین و بەرهەمێکی کانت بووە، بە شێوەیەک لە ڕێی ئاڵوگۆڕی نامەوە پێوەندییەکی قوتابی و مامۆستا لە نێوانیاندا هەبووە.

ماریا ڤۆن هێربێرت ئیمانوێل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) فەیلەسووفی ئەلمانی

“کانتی مەزن؛

بۆ داوای هاوکاری نامەت بۆ دەنێرم، وەک چۆن بڕوادار داوا لە خوای خۆی دەکات تا بگات بە حەسانەوە یان ئامۆژگارییەک، بۆ مردن ئامادەم بکەیت. لە نووسینەکانتدا، ژیانێکی دیکەت سەلماندووە، بەڵام من لەم ژیانەدا هیچم نەبینیوە، هیچ شتێک جێی ئەوە ناگرێتەوە کە لەدەستم داوە. کەسێکم خۆش دەویست، لە چاوانمدا تەواوی بایەخەكانمی كۆ كردبووەوە، هەر بۆیە تەنیا لەبۆ وی ژیام. هەموو شتێکم لە بەراوردی ئەودا، پووچ و بێنرخ دەبینی. بەهەرحاڵ، درۆیەکی گەورەی كۆن هەبوو كە بێڕێزی بوو بەرانبەری، ئێستە بۆیم ئاشکرا کرد، بەبێ ئەوەی بەرژەوەندییەکی کەسیی خۆمی تێدا بێت. هیچ تاوانێکم لە ژیانمدا نەکردووە تا لێی بشارمەوە، بەڵام درۆکە بەشی ئەوەی کرد، چیدی خۆشەویستیی بۆم نەمێنێت. چونكە پیاوێکی مەردە، هاوڕێیەتی لەگەڵمدا نەپچڕاند، بەڵام ئەو هەستەی لە ناخماندا بۆ یەکی ڕادەکێشاین، نەماوە: داخ بۆ ئەم دڵەم کە بووە بە هەزاران پارچەوە!

ئەگەر بەرهەمی تۆم زۆر نەخوێندایەتەوە، بەدڵنیایییەوە ئێستە کۆتاییم بە ژیانم هێنابوو، ئاخر ژینم بریتییە لە ئەشکەنجەدانی خۆم. خۆت بهێنە جێگەی من، یان نەفرەتم لێ بکە، یان دڵم بە شتێک بدەوە، پشووم بداتێ. کتێبی “بناغەی میتافیزیکیای ئەخلاق”ـم خوێندەوە و لەبارەی هەبوونی بنەبڕییش زۆرم خوێندووەتەوە و هیچ هاوکاری نەکردم. لەو کاتەی پێویستیم بە ئاوەزم بوو، بەجێی هێشتم؛ ئێستە هانام بۆ تۆ هێناوە، تا وەڵامم بدەیتەوە.”


کانت لە وەڵامی ماریادا نووسی:

“وا دیارە ئەم نامەیەت هەستێکی قووڵی تێدایە و دەراویشتەی دڵێکە لەپێناو چاکەکاری و ڕاستگۆییدا دروست بووە؛ چونکە بەرانبەر ئەو تایبەتمەندییانەدا، بەتەواوی کراوەیە. داوات کردووە بە دیاریکراوی خۆم بێنمە جێت. من تەنیا هێورکەرەوەیەکی ئەخلاقیی پوختت پێ دەدەم. من نازانم پێوەندییەکەت، پێوەندیی هاوڕێیەتی بووە یان هاوسەرگیری، بەڵام دیارە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبووە. خۆشەویستی، ئیدی بۆ هاوبەشی ژیان بێت یان هاوڕێ، گریمانەی پێشینە بۆ ڕێزگرتنێکی هاوبەشی یەکتری، تەنیا وەهمێکی جەستەیییە و خێرا دەشکێت.

ئەم جۆرە خۆشەویستییە کە دەیەوێت هەموو خۆی بۆ ئەوی دیکە بۆ ئاشکرا بکات و هەمان چاوەڕوانی لە بەرانبەریش هەیە، ناتوانرێت بشاردرێتەوە. ئەمە باشترین نموونەیە بۆ داوای هاوڕێیەتی، کەچی شتێک لە ناخماندا لەبەردەم ئاشکرابێژیدا سنوورمان بۆ دادەنێت و دەبێتە بەربەست بۆ هەڵڕژانی تەواوی ئەوەی لە هەناوماندا هەیە. ئەمەیە وای کردووە، هەر یەکەمان شتێک لە بیرکردنەوەکانمان لە ناخماندا زیندان دەکەین. دانا کۆنەکان لەسەر ئەم دڵشاردنەوەیە گازاندەیان هەبووە، تەنانەت ئەرستۆ دەڵێت: هاوڕێ ئازیزەکانم، شتێک نییە بە ناوی هاوڕێیەتی.

ناتوانین چاوەڕێی ئاشکرابێژی لە خەڵکی بکەین، چونکە هەموو کەس لە ڕووتبوونەوەی خۆی و ئاشکرابوونی تەواو دەترسێت، نەبادا ئیدی کەمنرخ بكەوێتە بەر چاوان. لەگەڵ ئەوەشدا، نەبوونی ئەم ئاشکرابێژییە، ئەو بەرگرییەی ناخ دروست دەکات کە جیاوازە لە فێڵکردن. ڕاستگۆیی، هیچی دیكە نییە جگە لە گوتنی حەقیقەت، بەڵام بە ناتەواوی. فێڵباز کەسێکە شتێک دەڵێت کە خۆیشی دەزانێت ڕاست نییە. ئەم جۆرە گوتانە لە دیدی چاکەکاریدا، پێی دەگوترێت درۆ. ڕەنگە زیانی نەبێت، بەڵام بێتاوانیش نییە. درۆ، پێشێلکردنێکی گەورەی ئەرکی هەرکەسێکە بەرانبەر خۆی: لێدانە لە شکۆی مرۆڤبوونی کەسەکە و هێرشیشە بۆ سەر ڕیشەی بیرکردنەوەکانمان. وەک دەبینیت، داوات کردووە وەک پزیشکێککە فێڵت لێ ناکات، ئامۆژگاریت بکەم. بە ناوی خۆشەویستەکەتەوە دەدوێم و دەمەوێت بیانوو بۆ هەڵوێستی ئەو بهێنمەوە کە سۆزەکانی بەرانبەرت گۆڕاون. لە خۆت بپرسە، داخۆ لەسەر کامیان دەبێت گلەیی لێ بکەیت، لەوەی بە هەڵەشەیی ددانی پێدا ناوە، یان مۆڕاڵی ڕیشەیی سەبارەت بە درۆ؟ ئەگەر لەبەر هۆی یەکەمە، ئەوە تۆ بۆ تەوابوونی ئەرکەکەت پەشیمانیت. بەڵام بۆ؟ چونکە بووەتە هۆی لەدەستدانی متمانەی هاوڕێکەت. ئەم پەشیمانییە، هیچ شتێکی ئەخلاقی ناجوڵێنێت، چونکە لە نەست و هۆشیارییەوە دروست بووە، نەوەک کارەکە خۆی، بەڵکوو بەرەنجامەکەیەتی. لە بەرانبەردا، ئەگەر ئەم خۆلۆمەکردنەت لەسەر بنەمای بڕیارێکی ئەخلاقیی هەڵسوکەوتەکەت بێت، ئەوا نەوەک من، هەر پزیشکێک ئامۆژگاریت بکات لە مێشکتی دەربکەیت، لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەژارە.

کاتێک گۆڕانکاریی هەڵوێستت لەسەر خۆشەویستەکەت دەردەکەوێت، تەنیا پێویستی بە کاتە تا کاریگەرییەکانی لەسەر ئەو تووڕەیییەی، وردە وردە دەربکەوێت، لە کاتێکدا دیارە توڕەیییەکەی بێ بیانوو نییە. ئیدی پاشان ئەو ساردییە دەگۆڕێت بۆ خۆشەویستییەکی توندتر و سەقامگیرتر. خۆ ئەگەر لە بەرەنجامدا ئەمە ڕووی نەدا، ئەوە دیارە هەر لە بنەڕەتەوە سۆزەکەی زیاتر هەستێکی غەریزەیی هەڵقوڵاوی هەوەس بووە لەوەی ئەخلاقی بێت. بەهەرحاڵ وا دیارە نەماوە. بەدبەختی لە ژیاندا ڕوومان تێ دەکات و دەبێت بە بەرگەکرتنەوە ڕووبەڕووی ببینەوە. بەشێکی ئەو بەهایەی بۆ ژیانمان داناوە، بەهۆی ئەو چێژەی لە خەڵکییەوە پێی دەگەین، زێدەڕۆیی زۆری تێدایە.

کەواتە هاوڕێی ئازیز، بۆ ئامۆژگارییەکە، سێ ڕەهەندە کلاسیکەکە دەبینیت: ڕوانگە، بەرەنجام و حەسانەوە. خۆت بۆ یەکەم و دووەم تەرخان بکە، کاریگەرییەکەیان لە سێیەمدا دەردەکەوێت و حەسانەوە خۆی دەردەکەوێت.


ماریا ڤۆن هێربێرت، وەڵامێکی درێژی کانت دەداتەوە، ئەمە کورتەیەکێتی:

ئێستە باشتر لە بابەتەکە دەڕوانم. هەست بە بۆشایییەکی فرەوان لە ناخم و چواردەورم دەکەم، خۆم بە زیادە و ناگرینگ دەبینم. هیچ شتێک بۆ لای خۆی ڕامناکێشێت. سەرکۆنە و لەخۆبێزارییەکەم وای کردووە بەرگەی ژیان نەگرم. بە لەخۆبایی لێم تێ مەگە، بەڵام ئەو ویستە ئەخلاقییانەی باسی دەکەیت، بۆ من زۆر ئاسانە. بەگوێی ویستی لاوازیم دەکەم، بەو شێوەیەی دەیەوێت. ترسی ئەخلاقی، تەنیا لەو کاتەدا هەڵدەقوڵێت کە بۆ تاوان ڕات دەکێشێت، من بۆ بەرگریکردنی، هیچ کۆششێکم پیویست نییە… چیتر زانستی سروشتی و هونەر ناخوێنم؛ چونکە خۆم هێندە بە بلیمەت نابینم تا فرەوانتریان بکەم، سەبارەت بە خۆشم  چیتر نامەوێت زیاتریان لەسەر بزانم. ڕەنگە تۆ بتوانیت ویستەکانی من بۆ یەک شتی دیاریکراو وێنا بکەیت، ئەمەش بەهۆی کورتیی ئەم ژیانە بێنایە کە پێم وایە قەت نە لەوە باشتر دەبێت نە خراپتر. ئەگەر وا دەزانیت هێشتا گەنجم و هەموو ڕۆژێک تەنیا هێندەی لە مردن نزیکم دەکاتەوە بەلامەوە جێی بایەخە، ئەوا دەتوانیت بڕیار لەسەر ڕێژەی ئەو چاکەیە بدەیت ئەگەر بتوانیت هەمان ئەو پرسیارە لە خۆت بکەیت. من لێت دەپرسم، چونکە ڕوانگەی من بۆ ئەخلاق ئیدی لێرەدا بێدەنگ دەبێت، لە کاتێکدا لەسەر هەموو شتێکی دیکە دەتوانێت بدویت. ئەگەر ناشتوانی ئەو وەڵامەم بدەیتەوە کە دەمەوێت پێی بگەم، تکات لێ دەکەم، شتێکم پێ ببەخشە تا لەم بەتاڵییەی هەستی پێ دەکەم دەرم بهینێت، چونکە ڕۆحم بەرگەی ناگرێت.

کانت، وەڵامی نامەکەی نەدایەوە و ماریا خۆی کوشت.