له مۆزه‌خانه‌دا
ڕێك كاتژمێر یه‌ك و نیوی پاشنیوه‌ڕۆ چاوپێكه‌وتنێكم له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری مۆزه‌خانه‌كه هه‌بوو. مۆزه‌خانه‌كه تۆزێك له سه‌نته‌ری شاره‌وه دوور بوو. كه‌وتبووه گه‌ڕه‌كێكی كپوكڕ. باڵاخانه‌یه‌كی زۆر گه‌وره بوو، به جامخانه‌یه‌كی چوارگۆشه‌ی گه‌وره‌ی دووباڵ ده‌كرایه‌وه، ڕاستییه‌كه‌ی سه‌رنجڕاكێش نه‌بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س گه‌یشتبوومه ئه‌وێ و ده‌رگا كرابووه‌وه، بڕیارم دا هۆڵی پێشانگاكان ببینم و بزانم له چی ده‌چێت. كه‌س له‌ودیو مێزی پێشوازی نه‌بوو، بۆیه هیچ سه‌ردانیكه‌رێكم نه‌بینی. بێگومان زستان وه‌رزێكی كپ و بێده‌نگه بۆ گه‌شتیاری.
چه‌ند چوارچێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر دیواری هۆڵی یه‌كه‌م له ڕێكی یه‌ك هه‌ڵواسرابوون، هه‌ر كامه‌یان پێكهاتبوون له په‌ڕاوێكی ئه‌یفۆر، به شێوه‌یه‌كی ستوونی هاوشانی یه‌ك دانرابوون، به پیتی زۆر ورد ده‌قێكیان له‌سه‌ر چاپ كرابوو. بۆ هه‌ر چوارچێوه‌یه‌ك، له دامێندا و له چوارچێوه‌یه‌كی ڕازاوه‌دا، زانیاریی له‌مه‌ڕ سروشتی دۆكۆمێنته‌كان درابوو. ئه‌م هۆڵه زۆر سه‌رنجڕاكێش نه‌بوو، بۆیه به‌ره‌و هۆڵه‌كانی تر چووم. هۆڵێكیان به شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌یر به په‌رده‌یه‌كی گه‌وره‌ی ڕه‌ش له هۆڵه‌كانی تر دابڕێندرابوو. لافیته‌یه‌ك له دیواره‌كه هه‌ڵواسرابوو، داوای له گه‌شتیاره‌كان ده‌كرد كاتی تێپه‌ڕین هێمنی خۆیان بپارێزن. لاپره‌سه‌نیی دایگرتم، په‌رده‌كه‌م لادا و له‌نێو تاریكوڕووندا ژوورێكی گه‌وره‌م دیت. پێویستم به چه‌ند چركه‌یه‌ك بوو تا چاوم به تاریكییه‌كه ڕابێت، به‌ره‌به‌ره شێوه‌ی چه‌ند مرۆڤێكم به قه‌باره‌یه‌كی مامناوه‌ند بۆ جیاكرایەوە، پانزه دانه‌یه‌ك بوو، له‌سه‌ر دنگه‌یه‌كی پێنج خشته‌كی بوون، ئه‌ستووریی لێواره‌كه‌ی مه‌ترێك ده‌بوو. هه‌وای ئێره زۆر سارد بوو و بۆگه‌نێك ده‌هات، زۆر ناخۆش، نازانم ڕێك بڵێم بۆنێكی چۆن بوو. ئه‌مانه په‌یكه‌ره ڕاسته‌قینه‌كانی ژن بوون، به ماده‌یه‌ك هه‌ڵكۆڵرابوون، كه جه‌سته‌یانی به شێوه‌یه‌كی قنج نه‌خشاندبوو؛ هه‌روه‌تر جلێكی ئاودامانی كه‌تانیان بۆ دروست كرابوو. قژیان هه‌ستێكی وه‌هایان پێ ده‌دایت كه ڕاسته‌قینه‌ن، ڕه‌نگه بڕوا به‌وه بكرایه ئه‌وان له‌سه‌رخۆ ده‌جووڵێن تا دنگه‌كانیان جێ بهێڵن و له‌نێو مۆزه‌خانه‌كه‌دا پیاسه بكه‌ن. پێڵووی هه‌موویان داخرابوو، وا ده‌نوێنن خه‌وتوون. به خۆمم گوت ڕه‌نگه هونه‌رمه‌نده‌كه بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستینه‌ییی ئه‌م په‌یكه‌رانه پیشان بدات، چاوێكی شووشه‌یی بۆ دانابێتن. خۆم به نووكی په‌نجه‌ی پێم هه‌ڵبڕی تا پێڵووی یه‌كه‌میان بكه‌مه‌وه، هاوارێكی تۆقێنه‌ر له پشته‌مه‌وه هه‌ڵایسا.
ــ ده‌ستیان لێ مه‌ده، شوومن!
ئاوڕم دایه‌وه، حه‌په‌سام، پیاوێكی گزگلی ورگنی كه‌چه‌ڵ بوو، له پێش ده‌رگه‌ی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی هۆڵه‌كه ده‌ستی كردبووه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ گوڵدانێكی خه‌یاڵی بگرێته‌وه كه من خه‌ریك بوو به‌رم ده‌دایه‌وه. ڕاسته‌وڕاست به‌ره‌و ڕووم هات و به‌ده‌ست منی گرت، بێ ئه‌وه‌ی ورته‌ی لێوه بێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه‌ی په‌لكێش كردم. هه‌ینێ چووینه ده‌رێ، ئاهێكی درێژی هه‌ڵكێشا و خۆی ناساند: پیه‌ر گۆڵد، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری مۆزه‌خانه.
پێم وت بڕیار بووه سه‌باره‌ت به پۆستی پاسه‌وان چاومان به یه‌كتر بكه‌وێ، داوای لێ كردم پاشه‌وپاش پێكڕا به‌ره‌و ژووره‌كه‌ی بڕۆین و تكای لێم كرد له‌و هه‌ڵچوون و تووڕه‌ییه‌ی یه‌كه‌م دیدار بیبوورم. وتی ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه نه‌یانبۆڵاندووه بۆیه نامه‌وێت خه‌به‌ریان بكه‌مه‌وه.
ــ به‌ڵێ؟
ـــ كه‌واته، ئه‌م ژنانه، ها!
ــ باسی په‌یكه‌ره‌كان ده‌كه‌ی؟
ــ به‌ڵێ.
ــ په‌یكه‌ری ئه‌م ژنانه زیندوون؟
له‌سه‌ر كورسییه‌ك داینیشاندم و كوپێك قاوه‌ی دامێ. ژووری ئیشه‌كه‌ی زۆر گه‌رم بوو، پڕ بوو له دۆسییه. له‌م دیمانه‌یه ده‌ترسام، چونكه یه‌كه‌م جارم بوو داواكارییم بۆ پاسه‌وانیی مۆزه‌خانه پێشكه‌ش ده‌كرد. نه بڕوانامه‌م هه‌بوو نه هیچ زانیارییه‌كی هونه‌ری، چاوه‌ڕێ بووم زۆر پیس بكه‌ومه به‌ر ڕێژنه‌ی پرسیار. یه‌كێك له سوپڕایزه گه‌وره‌كان بۆ من، یه‌كه‌م پرسیار بوو كه گۆڵد لێی كردم. له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی كه‌ی ده‌توانم ده‌ستبه‌كار بم. به په‌شۆكاوییه‌وه وه‌ڵامیم دایه‌وه. هه‌ر خانوویه‌كم له شاردا دۆزییه‌وه، له خزمه‌تدا ده‌بم.
ــ تۆ ئه‌مڕۆ گه‌یشتووی؟
ــ به‌ڵێ؟
ــ له پاریسه‌وه هاتووی، وایه؟
ـــ به‌ڵێ؟
ــ بڕوانه شارێكی بێده‌نگه، فره دڵڕفێنه. سه‌باره‌ت به شوێنی مانه‌وه‌شت، تا ئه‌پارتمانێك ده‌بینیته‌وه، مۆزه‌خانه پاره‌ی هۆتێلت بۆ ده‌دات. ها ئه‌مه بگره چه‌ند پێشنیارێكی تێدایه.
ڕۆژنامه‌یه‌كی ده‌رهێنا، ئاگادارییه‌كی زۆری له‌سه‌ر بوو، گوتیشی ژوورێكی بچو‌وكیش له مۆزه‌خانه‌كه‌دا هه‌یه، به‌ڵام پێی باش نییه له‌وێ نیشته‌جێ بم. داوام لێ نه‌كرد ڕوونكردنه‌وه‌م له‌مه‌ڕ ئه‌مه بداتێ و واژوومان له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه كرد. له ماوه‌ی ده خوله‌كدا بووم به پاسه‌وانی مۆزه‌خانه‌ی شاره‌وانی. كاره‌كه‌م چاودێری كۆلێكشنه‌كان بوو كاتێ مۆزه‌خانه‌كه به ڕووی هه‌موواندا ده‌كرایه‌وه، پاراستنی هه‌ندێك به‌شی ناسكیان به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی گۆڵد نوسخه‌یه‌كی بۆ ئاماده كردبووم. هه‌روه‌ها ده‌بوو ئیمێڵه‌كان بكه‌مه‌وه و وه‌ڵامی ئه‌وانه بده‌مه‌وه وا داوای زانیاری‌یان ده‌كرد. ئه‌م هه‌موو شته ده‌یترساندم، به‌ڵام ئه‌و دڵنیای كردمه‌وه گشت شتێ به باشی ده‌ڕواته پێشێ، به تایبه‌ت ئه‌م وه‌رزه‌ی ساڵ سه‌ردانكه‌ری موزه‌خانه زۆر كه‌مه. دواجار ئه‌و تۆپه‌ڵه كلیله‌ی له‌سه‌ر جله‌كانی بوو، دایمێ.
ــ ده‌ڕۆی؟
ـــ به‌ڵێ، ئێستا مادام تۆ لێره‌ی ده‌توانم زۆر به ئازادیی ئیش بكه‌م. كاتژمێر پێنج و نیوی ئێواره دایده‌خه‌ی و له نۆی به‌یانیش ده‌یكه‌یته‌وه. بۆ نانی نیوه‌ڕۆیش پشوویه‌ك وه‌رده‌گری، چێشتخانه‌یه‌كی زۆر باش له‌م نزیكانه‌یه. قه‌له‌قی زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌كه مه‌به چونكه نه‌مانبه‌ستووه.
به قه‌له‌قییه‌وه، كاتێ به‌ره‌و ده‌رگه‌ی چوونه‌ده‌ر گه‌ڵه‌گه‌ڵیی بوو، دوای كه‌وتم. ده‌یان پرسیار به زه‌ینمدا هات.
ـــ ئه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌ردانیكه‌رێك هات؟
ـــ پاره‌ی لێ وه‌رده‌گری و پسووله‌یه‌كی ده‌ده‌یتێ. هه‌مووی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌یه، لای ده‌رگه‌ی هاتنه‌ژووره‌وه.
ــ ئه‌ی بۆ خاوێنكردنه‌وه؟
ــ باجییه‌كه هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك ده‌یكا، وریابه خۆی له ئیش نه‌دزێته‌وه.
ـــ ئه‌ی گه‌ر هه‌ڵكووتانه‌سه‌ر و دزییه‌ك ڕووی دا، چی بكه‌م؟
ــ دزی؟ شتی وا نابێت، ترست نه‌بێت. بۆ ئه‌م ئێواره‌یه پێشنیاری هۆتێلێكی ئه‌م ده‌ورووبه‌ره‌ت بۆ ده‌كه‌م، گه‌ر ده‌ته‌وێت ده‌توانم كاتێ له‌وێو تێپه‌ڕێم ژوورێكت بۆ بگرم.
ماڵئاوایی لێ كردم و به‌په‌له‌پڕووسكێ به شه‌قامه چۆڵه‌كه‌دا داگه‌ڕا. داخۆ ده‌یویست خۆی له‌م مۆزه‌خانه‌یه‌دا ڕزگار بكات یان هیچ چاره‌یه‌كی تری نه‌بوو؟ من به ته‌نیا له باڵه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بێده‌نگدا بوو، كلیله‌كانم له‌ده‌ست بوو. ده‌سته‌وه‌ستان بوو. به‌شێكی باشی دامه‌زراوه‌یه‌ك ئێستا خرابووه ئه‌ستۆی من. ئه‌وه‌ی گۆڵد ئاوا زوو چه‌ند به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی خستبووه ده‌ستی كه‌سێكی بێئه‌زموونی وه‌ك من، زۆر شێلگیرم نه‌ده‌بینی. پاشنیوه‌ڕۆم به دانیشتن له پشته‌وه‌ی شوێنی پسووله‌فرۆشییه‌كه به‌سه‌ر برد. به دڵه‌ڕواكێیه‌وه نزام ده‌كرد هیچ سه‌ردانیكه‌رێكم نه‌یه‌ت. به سه‌رنجدان له‌و زانیارییانه‌ی به ده‌رگای هاتنه‌ژووره‌وه‌دا هه‌ڵواسرابوون، تێگه‌یشتم مۆزه‌خانه‌كه له ساڵانی شه‌ست كراوه‌ته‌وه. لێره‌دا كۆلێكشنێكی تایبه‌تی شته‌كان ده‌رباره‌ی بابه‌تی گله‌یی و گازه‌نده و پرسه‌گێڕان له‌ژێر هه‌موو ڕوڵه‌تێكیاندا كۆ كراوه‌ته‌وه. له‌نێوان ئه‌و هه‌موو ژووره جوانه‌دا، كتێبخانه‌یه‌كی ده‌نگی هه‌بوو، له‌وێ زریكه و گریان و لاڵانه‌وه له هه‌موو جیهان كۆ كرابووه‌وه. بریتی بوو له سكاڵای یاسایی، له ئه‌رشیفی دادگا جیاوازه‌كان كۆ كرابووه‌وه. به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كان، پیاوان و ژنانی چاوبه‌فرمێسك پیشان ده‌دات. به تایبه‌ت كۆلێكشنی هه‌ستبزێنی ژنه تازیه‌باره‌كان “ئه‌و ئاهوناڵه هیستریایانه‌ی به تایبه‌ت له لیستی زانیارییه‌كاندا باس كرابوون، ترسی تێده‌گه‌ڕاندی”. ڕێك له خواره‌وه‌یش چه‌ند وێنه‌یه‌كی ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی، وا من ده‌مویست خه‌به‌ریان بكه‌مه‌وه، هه‌ن. ئینجا كاتی كرانه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌كه و نرخی هاتنه ژووره‌وه.
بۆ ده‌ستپێكردنی ئیشه نوێیه‌كه‌م چه‌ند ڕۆژێكم پێویست بوو. شایه‌نی باسه مۆزه‌خانه‌كه به شێوه‌یه‌كی سه‌یر بێده‌نگ بوو: سێ هه‌فته‌ی یه‌كه‌م هیچ سه‌ردانیكه‌رێك نه‌هات. پیه‌ر گۆڵد، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بێته‌وه گشت شتێ باشه، دوو جار ته‌له‌فۆنی كرد، منیش توانیم دڵنیای بكه‌مه‌وه و پێی بڵێم هه‌موو شتێك به باشی ده‌كه‌م. له‌و كاته‌وه‌ی به‌و خێرایییه له مۆزه‌خانه‌كه ده‌رپه‌ڕی، ئیتر له‌وێ ده‌رنه‌كه‌وته‌وه، من ئه‌م شته‌م به پیشه‌یی نه‌ده‌بینی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش من شوێنێكم به كرێ گرت، ناوماڵیشی تێدابوو، هه‌مووی دوو شه‌قاو لێره دوور بوو، كه‌واته به‌ره‌به‌ره ڕه‌وتێكی جێگیر و ئاسایی ده‌سته‌به‌ر ده‌بوو. له ماوه‌ی ئه‌و ڕۆژه درێژانه‌ی من خه‌ریكی چاودێری بووم، هیچ شتێكی وا نه‌بوو، توانیم به شێوازێكی باشتر ئه‌و ئه‌ركه پاسه‌وانییه جیاوازانه‌ی له لیسته‌كه‌ی گۆڵدا بوون، ڕێك بخه‌م. ته‌نیا بێگاریی ڕاسته‌قینه پاككردنه‌وه‌ی پیكه‌ری ژنانی تازیه‌بار بوو، چونكه گۆڵد زۆر ئه‌مانه‌ی لا هه‌ستیار بوو: ده‌بوو گشت دووشه‌ممانێك به‌وپه‌ڕی وریاییه‌وه ئه‌مه ئه‌نجام بدرێ. ئه‌مه بۆ من ساتێكی زۆر ئه‌سته‌م بوو، چونكه ئه‌و پلان و به‌رنامانه‌ی وا بۆ ڕۆژانی پشووم دانابوون، تێك ده‌دا.
خاوێنكردنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری تازیه‌باره‌كان سێ بۆ چوار كاتژمێر كاتیان لێ ده‌گرتم. به كه‌ره‌سته‌كانمه‌وه ده‌چوومه نێو هۆڵه‌كه، په‌رده‌كانم لا ده‌دا و په‌نجه‌ره‌كانم ده‌كرده‌وه تا هه‌واگۆڕكێیه‌ك بكات. ژنه تازیه‌باره‌كان له خه‌و هه‌ڵده‌ستان، باوێشكیان ده‌دا و وه‌ك هه‌میشه شینوهاواریان ده‌كرد به‌و بیانووه‌ی سه‌رمایان بووه. هه‌ركامه‌یانم له دنگه‌كه‌یان داده‌گرت و جل و كه‌واكانیانم داده‌كه‌ند، له‌سه‌رخۆ به ده‌ستكێش و سابوونێكی بۆنخۆش سه‌ر تا پێم ده‌شۆردن. ئه‌وان به‌رده‌وام ئاهوناڵه‌یان بوو، گله‌ییان له ساردی ئاوه‌كه و بێئه‌زموونی ده‌ستوپلی من ده‌كرد، له كه‌مترین ده‌رفه‌تدا ده‌ستیان ده‌كرده نركوهووڕ: كاتێك خه‌ریكی خاوێنكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی لای ڕاست ده‌بووم، ژنه تازیه‌باره‌كانی لای چه‌پی دیواره‌كه ده‌ستیان ده‌كرده گریان، واته ئه‌و ژنه تازیابه‌رانه‌ی به‌و خاولییه وشكم كردبوونه‌وه كه پێشتر بۆ وشكردنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر به‌كارم هێنابوو، هه‌روه‌ها به دوای یه‌كدا بۆ ئه‌وانی تریش. ئه‌م شتانه شێتی ده‌كردیت. پێویست بوو پرچی هه‌ندێكیان بشۆیت، ئه‌وانی تر نینۆكیانم كردبوو. له بێبه‌ختیی خۆم گه‌ر په‌رچم بدایه‌ته‌وه، ده‌ستیان ده‌كرده گریان، ئه‌وانی تریش وه‌ك خوشكه‌كانیان لاسایییان ده‌كرده‌وه. ده‌بوو هه‌ندێ جار بیسه‌لمێنم ده‌توانم ڕكێفی خۆم بكه‌م تا لێیان نه‌ده‌م. نه‌مده‌توانی ڕی به خۆم بده‌م كۆلێكشنی ئه‌و گه‌وهه‌رانه‌ی وا بووبووم به به‌رپرسی، تێك بده‌م. پاش ئه‌وه‌ی له ئیشه‌كه‌م ده‌بوومه‌وه تازیه‌باره‌كان ده‌یانكرده گه‌له‌زه‌نگ، له شوێنی پێشوازییه‌كه‌وه گوێم له قیژه و گازه‌نده‌یان ده‌بوو، به‌ره‌به‌ره زۆر خێرا ده‌یدا له كه‌می، تا ته‌واو داده‌مركانه‌وه. هه‌ینێ ئێواره‌ی دووشه‌ممه مۆزه‌خانه‌كه‌م به‌جێهێشت. كاتژمێر پێنج و نیو جارێكی تر بێده‌نگی باڵی كێشا. ئه‌وان خه‌ویان لێ كه‌وت و تا هه‌فته‌ی داهاتوو له‌و خه‌و هه‌ڵنه‌ستان. هه‌وڵم ده‌دا لانیكه‌م كه‌مترین ده‌نگه‌ده‌نگ دروست بكه‌م نه‌كا خه‌وه‌كه‌یان بزڕێنم، بۆ شكاندنی ئه‌و بێده‌نگییه بانسروشتییه‌ی مۆزه‌خانه‌كه‌ی داگرتبوو، ته‌جیلێكم كڕی بوو. ته‌له‌فۆنه‌كان گوێكانیان ده‌كرده ئامانج، بێ ئه‌وه‌ی بترسم تازیه‌باره‌كان له خه‌و بكه‌م، به‌وپه‌ڕی ئارامییه‌وه، ده‌ستم كرد به نه‌ڕه‌نه‌ڕێكی ئۆركسترایی ڤاگنه‌ری و چه‌ند هه‌ڵایه‌كی جاز.
به‌م دۆخه‌وه ڕۆژێك ئه‌م قه‌یرانه درێژه‌ی كێشا. وه‌ك هه‌موو به‌یانیانێكی دووشه‌ممه، یه‌ك به یه‌كیانم بۆ ماوه‌ی زیاتر له سێ كاتژمێر شۆرد. پێچه‌وانه‌ی خووی خۆیان، ته‌واوی ئه‌و پاشنیوه‌ڕۆیه یه‌كپشوو گریان و نركه و هووڕیان بوو. له‌بریی ئه‌وه‌ش ده‌نگیان نزم بێته‌وه، بانگیان هه‌ڵ ده‌دا. دوودڵ له مۆزه‌خانه‌كه چوومه ده‌ره‌وه، به‌و هیوایه‌ی لای شه‌وێ هێور ببنه‌وه، به‌ڵام هه‌ینێ به‌یانی دواتر ده‌رگاكانم كرده‌وه، قیژه‌یه‌ك به گوێم‌دا شاخاندی. پێم باش بوو پێش ئه‌وه‌ی داوای یارمه‌تی له پیه‌ر گۆڵد بكه‌م جارێ چاوه‌ڕوان بم، ده‌نگی ته‌جیله‌كه‌م زیاد كرد تا ئه‌و نركه‌كه‌یان كپ كاته‌وه، ئه‌و ده‌نگه‌ی دیواره‌كانی بڕیبوو و هه‌موو بیناكه‌ی داگرتبوو. چه‌ند كاتژمێری سه‌ره‌تا قه‌له‌قی دایگرتم: بۆچی هه‌ڵقووڵانی ئه‌م فرمێسكانه هێنده درێژه ده‌كێشێت؟ زۆر به زه‌حمه‌ت تا كاتژمێر پێنجی پاشنیوه‌ڕۆ خۆم ڕاگرت، پاشان نیو كاتژمێر پێش واده‌ی خۆی مۆزه‌خانه‌كه‌م داخست، به خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی گه‌ر لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردم، بیانووی ئه‌وه بهێنمه‌وه باری ته‌ندرووستیم ناجێگیره.
ڕۆژی دواتر زۆر بێزاركه‌ر بوو. تا ده‌هات گریانه‌كان زۆرتر ده‌بوون، سوێندت ده‌خوارد له‌نێو كۆنسێرتی كۆمه‌ڵه شێتێكی كه له ده‌ست ڤیۆلۆن و كه‌ڕه‌ناكانیان ئازار ده‌كێشی. بارودۆخه‌كه به‌رگه نه‌ده‌گیرا، جگه له سازش نه‌مده‌توانی هیچ ئیشێكی تر بكه‌م. هه‌ر بۆیه له كاتێكدا كونی گوێیه‌كانم ئاخنیبوو، له هۆڵی ژنه تازیه‌باره‌كان ئاماده بووم. ئه‌و ده‌نگانه‌ی له ده‌میان ده‌رده‌چوو، هه‌ریه‌كه‌یان زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه و به‌ردی ئاش له كاتی تیژكردن و مشاری كاره‌بایی و ئه‌و به‌رازه‌ی بیر ده‌خسته‌وه وا سه‌رمان ده‌بڕی. دۆزه‌خێك بوو. كاتێك په‌رده ڕه‌شه‌كه‌م لادا، بینیم پانزه ژنی تازیه‌بار له‌سه‌ر دنگه‌كانیان شل و شۆڕ بوونه‌ته‌وه، تا ئه‌وپه‌ڕی مردن هاوار ده‌كه‌ن، هاوشێوه‌ی ده‌ڵه‌گورگه هاره‌كان، چاوه‌كانیان فرمێسكی تێ زابوو. هه‌ندێكیان بۆ نزا باڵیان بۆ ئاسمان هه‌ڵبڕیبوو، نه‌مده‌زانی بۆ كام خودا، ئه‌وانی تر چوارمشقی دانیشتبوون و وه‌ك ئۆتیست سه‌ریان به دنگه‌كانی خۆیاندا ده‌كێشا. من قیڕاندم، هه‌موویان حه‌په‌ساوانه ئاوڕیان لێ دامه‌وه. له‌پڕ بێده‌نگی گه‌ڕایه‌وه، ته‌نیا كه‌مێ مشه‌مشیان ده‌بیسترا.
ــ ئه‌وه چیتان لێ به‌سه‌ر هاتووه؟
كه‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه.
ــ بۆچی دوو ڕۆژه هه‌ر ده‌گرین؟
كه‌شه‌كه ئاڵۆز بوو. به چاوی دوژمنایه‌تییه‌وه لێیان ده‌ڕوانیم.
ــ ئێمه ماندوویان… ده‌ی واز له‌م بێشه‌رمییه زۆره بهێنه.
ــ به شێوه‌یه‌كی زۆر ترسناك چه‌پاندنی ئه‌وانم هه‌ست پێ ده‌كرد.
ــ خه‌ڵكی ئێمه‌یان ته‌رێز خستووه.
ـــ كه‌س خۆشی ناوێین. لانی كه‌م به وشه‌یه‌كی سۆزبه‌خشیش.
ــ چه‌په‌ڵی و خراپه گشت لایه‌كی داگرتووه.
ـــ چیتر به‌رگه‌ی ناگرین.
دیسان كه‌وتنه‌وه جووڵه. ئه‌میان پاش ئه‌و به ئاره‌زووی خۆی ده‌ستی ده‌كرده گله‌یی و سكاڵا. پێشنیاری ئه‌وه‌م بۆ كردن كه‌متر بیانشۆم، ئینجا جۆری سابوونه‌كه‌یان بگۆڕم و ده‌نگه‌ی زۆر باشیان بۆ دابین بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانده‌ویست هیچ ببیستن.
ــ هه‌موو شتێ خراپه، كه‌س له ئێمه تێناگا.
ــ كێشه‌كانمان چاره ناكرێن.
ــ به‌رده‌وام هه‌مان توندوتیژیی ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه.
ــ به‌رده‌وام گۆشه‌گیری و خه‌مۆكی هه‌یه.
ئه‌مه په‌تخستنه مل بوو. ده‌مبینی شێتانه ئه‌میان پاش ئه‌و بانگی گریانی هه‌ڵده‌دا، وه‌ك ڕیزكردنی دۆمینه یه‌كێكیان بكه‌وێت ئه‌وانی تریش ده‌كه‌وێنێت. لافاوی پاڕانه‌وە شێتانه‌كه‌یان به‌ره‌به‌ره زۆرتر ده‌بوو، تا منی نوقم كرد. من ده‌سته‌وه‌ستان ته‌نیا ده‌متوانی پاشه‌كشێ بكه‌م و به په‌له‌پرووزێ له هۆڵه‌كه تێی بقووچێنم.
ــ ئه‌لوو! مسیۆ گۆڵد؟
ــــ ئا ئه‌وه تۆی! چۆنی؟
ــ زۆر باش نیم.
ــ هه‌ندێ كێشه له مۆزه‌خانه هه‌یه.
ــ به‌ڕاست؟
ـــ به‌ڵێ، له‌گه‌ڵ ژنه تازیه‌باره‌كان.
ــ چی بووه؟
ـــ ئه‌وان ده‌گرین مۆسیۆ.
ــ ئه‌وه شتێكی خۆڕسك و ئاساییه.
ـــ به‌ڵێ، به‌ڵام كاتی ئاسایی ئه‌م شته چه‌ند كاتژمێر زیاتری نه‌ده‌خایاند.
ــ ئه‌ی ئێستا؟
ـــ سبه‌ی ده‌كاته هه‌شت ڕۆژ. یه‌كپشوو.
ــــ ناته‌وێت بێیت و سه‌یرێك بكه‌یت؟ ئه‌وان ده‌مێكه تۆ ده‌ناسن، ده‌زانی چۆن بیاندوێنی؟
ــ ده‌زانی، من و ئه‌وان هه‌رگیز زۆر لێك نزیك نه‌بووین.
ـــ نازانم چی بكه‌م، شێتیان كردووم.
ـــ نا ، نا ……
ـــ دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ش ده‌ڕۆمه‌وه ماڵ هێشتا قریشكوهوڕی قیژه‌یان له‌نێو سه‌رمه، وه‌ك ئه‌وه‌ی نیشتبنه شوێنم. به ڕاستی ئه‌مه ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه.
ــ تۆ ده‌بێت سه‌ردانی پزیشك بكه‌ی. دڵنیام ئه‌م شته خراپه تێده‌په‌ڕێت.
ـــ ده‌ترسێم ئه‌وان هه‌رگیز له‌م شته نه‌وه‌ستنه‌وه مۆسیۆ. من ناتوانم له‌مه زیاتر به‌رگه بگرم.
ـــ وره‌ت هه‌بێت، باش ده‌بێت. هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌فته‌ی داهاتوو بێم بۆ مۆزه‌خانه‌كه، باشه؟
ــ هه‌فته‌ی داهاتوو؟ به‌ڵام من ئێستا پێویستیم پێته!
ــ ماڵئاوا، ماڵئاوا، دێم، به‌ڵێن بێت.
به‌ڕێوه‌به‌ر نه هه‌فته‌ی داهاتوو و نه هه‌فته‌كانی تریش نه‌هات. منیش خه‌مۆكییه‌كی قووڵ دایگرتم، به‌ڵام هه‌وڵم ده‌دا پابه‌ندی پۆسته‌كه‌م بم و گشت به‌یانیانێك كاتژمێر نۆ مۆزه‌خانه‌كه بكه‌مه‌وه. ئێستا نزیكه‌ی شه‌ش مانگه لێره ئیش ده‌كه‌م، هه‌رگیز هیچ سه‌ردانیكه‌رێك به‌م ده‌رگایه‌دا ئامدیوو نه‌بووه. چۆڵوهۆڵی و ده‌نگی به‌رگه‌نه‌گیراوی ژنه تازیه‌باره‌كان وه‌همێكی سه‌یران لا ساز كردووم. ئه‌و قیژانه‌ی له هۆڵی په‌یكه‌ره‌كانه‌وه دێن ده‌گۆڕدرێن بۆ باڵنده‌یه‌كی ڕه‌شی زل و به چوارده‌وری سه‌ری مندا تیژڕۆ ده‌خولێننه‌وه و خۆیان به ئه‌رزدا ده‌كێشن. جاری وایه دیومه دیواره‌كان سكیان داوه كاشییه‌كانی ئه‌رد هه‌ڵتۆقیون و پاشان فس بوونه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ناسه بده‌ن. من خه‌ریك بوو ڕاپێچی شێتی ده‌بووم و تۆزقاڵێ ئه‌قڵم به به‌ره‌وه مابوو. جاروبار سه‌ردانم بۆ گروپێكی گه‌شتیاریی خه‌یاڵیی بۆ مۆزه‌خانه‌كه ڕێك ده‌خست و خۆ ڕینماییانم ده‌كرد. به ته‌نیا له داڵانه‌كه ڕێم ده‌كرد و به ده‌نگێكی به‌رز باسی هه‌زاران ورده‌كاریی سه‌رنجڕاكێشی كۆلێكشنه‌كه‌م ده‌كرد. بێگومان گه‌رمه‌ی سه‌ردانه‌كه بۆ هۆڵی ژنه تازیه‌باره‌كان بوو، زۆر سه‌رسام ده‌بوون. په‌نجه‌كانم له گوێم ده‌ئاخنی، ئه‌وان به‌رانبه‌ر به‌م هاتوهاواره له‌خۆ ده‌چوون، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌م ژنانه بتوانن شتی وایان لێ بوه‌شتێته‌وه به منیان ده‌گوت ده‌بێت چاودێریی ئه‌م دیاردانه كارێكی سه‌رسامهێنه‌ر بێت.
ڕۆژێك گروپێك تارماییی منداڵم له پۆله‌وه بۆ مۆزه‌خانه به‌ڕێ كرد، هێكڕا تووشی ژانه‌سه‌رێك هاتم، ناچار ئه‌ژنۆم دایه‌ڵا.
ئاهوناڵه‌ی ئه‌م ژنه تازیه‌بارانه، كه ئه‌وه نزیكه‌ی دوو مانگ بوو یه‌كپشوو نه‌وه‌ستابوو، به ته‌واوه‌تی له په‌لوپۆی خستبووم. ڕكوكینه و شێتیی دایگرتبووم. مناڵه‌كان به چوارده‌ورمدا سه‌مایان ده‌كرد و به ئازارێكی دزێو ده‌میان داده‌چه‌قاند و پێده‌كه‌نین. به هه‌ناسه‌سواری، ده‌مزانی ته‌نیا یه‌ك ڕێچارم له پێشه: هه‌ستام و لاقم هه‌ڵینا و تا هۆڵی ژنه تازیه‌باره‌كان ڕۆشتم. هاتوهاواره نه‌فره‌تهێنه‌ره‌كان ده‌چووه نێو گوێیه‌كانم و له‌نێو كاسه‌ی سه‌رمدا باوه‌گێژه‌ی بوو، وه‌ك په‌ڕكه‌م. ده‌نگێكی وا به‌هێز له مندا شوێنی گرتبوو كه چیتر هیچ نه‌بیستم. له سووچێكی بچووكی هۆڵه‌كه ده‌نگه‌یه‌كی بچووكم گرت، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كانی ئه‌وانی له هۆڵه‌كه لێ دانرابوو، هه‌موو ژنه تازیه‌باره‌كان به قیژه‌وه سه‌یریان ده‌كردم. بێ پرزه به‌سه‌ر دنگه‌كاندا هه‌ڵگه‌ڕام و له‌وێ نه‌بزووت وه‌ستام. یه‌كسه‌ر هه‌ستم كرد لافاوێك فرمێسك به مندا سه‌ر ده‌كات، به‌وپه‌ڕی هه‌ست و سۆزمه‌وه مینا مه‌راسیمێكی ڕێزلێنان ده‌ستم كرد به یه‌كه‌م و ناكۆتاترین هاتوهاوار بۆ هاوڕه‌گه‌زه‌كانم.
ژنه تازیه‌باره‌كان یه‌كسه‌ر متمانه‌یان پێ كردم. هه‌موو دووشه‌ممه‌یه‌ك جێگره‌كه‌م به ده‌ستكێشی پاكژكردنه‌وه و سابوونێكی بۆنخۆش ده‌یشۆردم. گه‌نجێكی خوێن‌شیرین بوو. من و خوشكه‌كانم به‌وپه‌ڕی هێزمانه‌وه بێهیوایی خۆمانمان به‌سه‌ر ئه‌ودا ده‌ڕشت، به‌و هیوایه‌ی ئه‌ویش زووبه‌زوو بێته ڕیزمانه‌وه.
سه‌رچاوه:
BERNARD QUIRINY, L’ANGOISSE DE LA PREMIÈRE PHRASE, Éditions Phébus. Paris. 2005.