با زمان‌ناسان به‌رۆکی زمانی کوردی به‌ر بده‌ن!
ئه‌وڕۆکه شێوازێکی ساخته و ڕۆنراو له پێناسه و نواندنی زمان هاتووه‌ته ڕۆژه‌ڤه‌وه که ئه‌م دیارده‌یه له به‌ستێنی بوونناسانه و ژینجیهانی خۆی دایده‌بڕێت و به شێوه‌یه‌کی ڕووت و ده‌رهه‌ست ده‌ینوێنێته‌وه. حه‌زێکی فۆرماڵیستی له ئارادایه که گشتێتیی زمان هه‌تا ئاستی هه‌ندێ یاسا و ڕێسای ڕه‌قوته‌ق و میکانیکی داده‌شکێنێت و به‌ستێنی زیندووی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی زمان تووشی وشکه‌ڕۆیی و ناچالاکی ده‌کات. یه‌کێ له ده‌رکه‌وته‌کانی ئه‌م چه‌شنه زمانناسییه، جۆرێ له تیپۆلۆژیی زمانی(linguistic typology)یە که هیچ چه‌شنه به‌ڵگه و بوارێکی جوگرافی، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌چاو ناکات و ته‌نێ به پێوه‌ر و مه‌قه‌ستی وشه‌ناسانه و ڕێزمانی ئه‌ویش له ئاستێکی به‌رته‌سک و به خوێندنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌م بوارانه، بڕیار و بانگه‌شه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به زمان ده‌رده‌کات. ئه‌وه‌ی که زمانێک جێناوی نێر و مێی تێدایه یان نا (grammatical gender)، ئهرگهتیڤه یان ئهرگهتیڤ نییه، له ده‌سته‌ی دابڕاو(analytic)ـە یان نووساو (synthetic: لکێندراو، تێکه‌ڵاو، ههرهتێکهڵاو)، ته‌نێ به توێژینه‌وه‌یه‌کی سینتاکسی و مۆرفۆلۆژیک بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر نادرێت. وه‌ک ده‌زانین ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه ده‌کرێت له ڕه‌وتی تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ندا به هۆکاری جیاواز به‌دیهاتبێت یان خود تووشی سوانه‌وه بووبێت و سڕدرابێته‌وه. هه‌روه‌ها وێده‌چێت له‌ژێر کاریگه‌ریی نزیکیی جوگرافی و په‌یوه‌ندیی فه‌رهه‌نگیدا سه‌ریان هه‌ڵدابێت. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌کانی دوو زمان یان زاراوه شێوازی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌کیشی هه‌بێت، به تایبه‌ت لەنێو گرووپ و کۆمه‌ڵێکی زمانی‌دا که ئه‌زموونی مێژوویی و په‌یکه‌ری فه‌رهه‌نگی هاوبه‌شیان هه‌یه و هه‌موو زمانناسانیش ئه‌و لێکنهچوونهیان سه‌لماندبێت، دیسان هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ بانگه‌شه‌ی جوداخوازی و جیابوونه‌وه له ئارادا نابێت. که‌وایه پێناسه‌ی گشتێتیی زمان چ له ئاستی زمانناسانهدا و چ له ئاستێکی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا پرسێکی سووک و سانا نییه و به‌بێ توێژینه‌وه و تێڕامانێکی هه‌مه‌لایه‌نه و وه‌به‌رگر ده‌سته‌به‌ر ناکرێت. ئه‌وڕۆکه پتر له ٢٠ لقی زمان‌ناسی به ئاڕاسته‌ی جیاوازه‌وه هه‌ر له زمانناسیی ناسێنکارانهوه بگره هه‌تا بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئانترۆپۆلۆژی و ژینگه‌یی و هتد، هاتوونه‌ته ئاراوه که هه‌مووی له‌سه‌ر زمان وه‌کوو “به‌کارهێنان له به‌ستێندا” پێداگری ده‌که‌ن و ته‌نیا له قه‌واره و قاوغێکی ڕووت و داخراودا نایبینن. زێده‌ی زمان یان ئه‌و ڕاده‌یه‌ی زمان که زۆرتر و به‌رفراوانتره له خودی زمان، بریتییه له لایه‌نی جهستهمهندیی (embodiment) و کۆمه‌ڵایه‌تیی زمان، که هه‌موو نیشانه و ئاماژه‌کانی ئه‌زموونی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی مرۆڤی به درێژایی مێژوو له‌خۆ گرتووه و قه‌د به هه‌ندێ هاوکێشه و فۆرموڵی بیرکارانه پێناسه‌ی بۆ نادرێت. زێده‌ی زمان سه‌رتر له توانستی زمانی (linguistic competence)، توانستێکی پهیوهندیگرانه (communicative competence) و ههڤبوونانهیه که وێنه‌سازیی زه‌ینی و ناسینی فه‌رهه‌نگی (cultural cognition) به‌رهه‌م دێنێت. که‌وایه واقیعی زمان له میکانیزمی ناوه‌وه‌ی زماندا جێگیر نه‌بووه به‌ڵکوو په‌یوه‌ست به دینامیزمی ده‌ره‌وه‌ی زمانه؛ واته به‌پێی بوار و به‌ستێنه‌کانه که زمان دێته گۆ و شوناسی خۆی به‌رهه‌م دێنێت. به نموونه کاتێ ئه‌م شیعره‌ی مه‌وله‌وی ده‌خوێنینه‌وه:
“ئاماوه وه‌هار، وه‌هار شادی بۆی عه‌تر نه‌سیم غونچه‌ی ئازادی؛
خێڵخانهی خه‌فه‌ت باربهنیش که‌رده‌ن مه‌ینه‌ت ڕوو نیان وه ماوای مه‌رده‌ن“
ته‌نێ به وشه‌ناسی و باسی ڕێزمانی ناتوانین له کرۆکی مانایی و ده‌لاله‌تی نیشانه‌ناسانه‌ی ئه‌م ده‌قه تێبگه‌ین، به‌ڵکوو ته‌نیا هاوشوناسیی فه‌رهه‌نگی و ئه‌زموونێکی هاوبه‌شی مێژوویییه که ده‌لاله‌تی وشه‌کانی وه‌هار، خێڵخانه و ئازادی ڕوون ده‌که‌نه‌وه و خه‌یاڵکرد و فامستێکی فه‌رهه‌نگی به‌دیدێنن. جه‌سته‌مه‌ندی و کۆمه‌ڵایه‌تیبوونی زمان له‌م نموونه‌یه‌دا مانای ئه‌وه ده‌دات له جوگرافیا و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ژیابیت که تێیدا وشه‌کانی وه‌هار و نه‌ورۆز به ئیماژه‌کانی نوێبوونه‌وه و ده‌ربازبوون له که‌وڵی کۆن، بارگاوی کرابێت و باربهنیی خێڵ-به‌ره‌وژوور و به‌ره‌وخوار-میتافۆرێکی ئاشنای بۆ کۆدبهندیی خه‌م و خه‌فه‌ته‌کانی مرۆڤ مسۆگه‌ر کردبێت. په‌یکه‌ری نیشانه‌یی(simiosphere)ی فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردی، به هه‌موو جۆر و جیاوازییه‌کانیه‌وه دابینکه‌ری پێناسه‌ی شوناسی زمانییه؛ هه‌ر بۆیه هیچ زمان‌ناس یان جۆرناسێکی زمانی ناتوانێ له ڕێگای هه‌ندێ فۆرمووڵ و ڕێسای بهتاڵههڵگر(falsifiable)ـەوه، بڕیاری کۆتایی بۆ چاره‌نووسی زمان ده‌ر بکات. جۆرناسیی زمانی، به ته‌واوی کێشه‌کانیه‌وه که ئاماژه‌ی پێدرا، کاتێ له سنووری دیسیپلین و پسپۆڕیی خۆیدا هه‌ڵده‌سووڕێت و تێکه‌ڵ به بڕیاری گشتهڕۆیانه و ئایدۆلۆژیک نابێت، ئه‌رکی زانستی خۆی به‌جێ ده‌هێنێت، به‌ڵام کاتێ گیرۆده‌ی گشتاندنێکی هه‌ڕه‌مه‌کی ده‌بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی مێژوویی و په‌یکه‌ری فه‌رهه‌نگی و هه‌روه‌ها ئیراده و ویستی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه ڕه‌چاو بکات، له هه‌ڵدێری هه‌ڵه و هه‌لپه‌رستییه‌کی خۆویستانه‌دا ڕۆ ده‌چێت.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا دۆخێکی جیهانگیر له‌گه‌ڕدایه که هه‌ژمۆنی و باڵاده‌ستیی چه‌ند زمانی دیاریکراوی داسه‌پاندووه و هاوکات مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی په‌راوێزکه‌وتن و پاتراندنی بۆ هه‌ندێ له زمان و زاراوه‌کان به‌دیهێناوه. دۆخی چه‌ندفه‌رهه‌نگی و فره‌زمانیی جیهانی سه‌رده‌م به‌پێی کانتێکست ده‌توانێت به‌رئه‌نجامی جیاوازی لێ بکه‌وێته‌وه؛ واته هه‌م ده‌توانێ وه‌کوو ده‌رفه‌ت و ده‌سکه‌وت، هه‌م وه‌کوو خه‌سار و کاره‌سات بۆ پێگه‌ی فه‌رهه‌نگ و زمانه‌کان ده‌ور بنوێنێت. ئه‌م دۆخه جیهانگیره هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی سانتراڵیزمی زمانیی له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی فره‌زمانیدا، هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی به‌ره‌وڕووی ئه‌و زمان و زاراوانه ده‌کاته‌وه که له بازنه‌ی پێخوێندن و پێکارکردن وه‌لا نراون و به‌م شێوه‌یه پێگه و شکۆی کهمهڵایهتییان نه‌وی کراوه.
ئه‌وڕۆکه مه‌یلی جوداخوازیی زمانی به پاڵپشتی ئه‌م چه‌شنه زمانناسییهی که ئاماژه‌مان پێدا په‌ره‌ی ئه‌ستاندووه و هاوکات هه‌وڵێکی ناته‌ندرووست بۆ بهئهویدیکردنێکی ڕقهاوێژانه به تایبه‌ت له پانتاییی زمانی کوردی‌دا له ئارادایه. ئه‌م ڕه‌وته پانخوازانانه هۆکاری سه‌ره‌کی و به‌رپرسی ڕاسته‌قینه‌ی دۆخی ته‌ریکبوون و لاپهڕکهوتن له‌م سه‌رده‌مه‌دا نابیننه‌وه-کورد وته‌نی سه‌ری گڵۆڵهکهیان لێ ون بووه-، یان به ئه‌نقه‌ست خۆیانیان لێ نه‌بان کردووه، هه‌ر بۆیه به شێوه‌یه‌کی نادرووست و دیهاوێژانه تاوانی ئه‌و دۆخه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی گرووپێکی زمانیی تایبه‌ت. له ئاکامی ئه‌م دیهاوێژییهدا دراوسێ یان ئه‌ویدیی نزیک، ئه‌و که‌سه‌یه که تاوانباره و چێژی ئه‌وانی دزیوه. له ڕاستیدا سیاسه‌تی زمانی (language policy) له پانتاییی زمانی کوردی‌دا به‌پێی ئهگهرمهندی(contingency)یه‌کی مێژوویی به‌ره‌و پێش چووه و هیچ بڕیارێکی ئیراده‌گه‌رانه (subjective) و داسهپێنهرانهی بۆ به‌پێوه‌رکردنی زاراوه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌پشت نه‌بووه. ئه‌م ئهگهرمهندییه لەلایه‌ن پارانۆیای دژهئهوی دییانه‌ی پانخوازانهوه، ده‌بێت به مێردئهزمهی ئهویدییئهویدی(other of the other)، واته دوژمنێکی مه‌ترسیدار که هه‌موو شتێ کۆنتڕۆڵ ده‌کات و ته‌نانه‌ت ڕه‌وتی ڕووداومهندی مێژوو له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا به شێوه‌یه‌کی ژێربه‌ژێر و پیلانگێڕانه دابین ده‌کات. فانتازیای زمانناسانه‌ی پانخوازان شکۆ و چێژێکی نارسیستی تایبه‌ت به ئۆبژه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگی و زمانی چێ ده‌کات و هاوکات بۆشایی و به‌تاڵبوونی ئه‌و ئۆبژه‌یه ده‌خاته ئه‌ستۆی ئه‌ویدیی تاوانبار. فانتازیای دژه‌کوردی پانخوازان، به شێوه‌یه‌کی ترۆماتیک له گێڕانه‌وه‌ی دزینی چێژی زمانی و شکۆی فه‌رهه‌نگی خۆ لەلایه‌ن ئه‌وی دیه‌وه، چێژ به‌رهه‌م ده‌هێنێت و هاوکات بۆشایی و که‌لێنه‌کانی ئه‌و ڕه‌وایه‌ته‌ی پێ ده‌شارێته‌وه. به‌پێی لۆژیکی دژوازی گوتاری پانخوازان، سنووره‌کانی نێوان زمان و دیالێکت و شێوه‌زار، مه‌ودای نێوان زمانی ڕه‌سه‌ن و زمانی ناڕه‌سه‌ن، هێڵی نێوان فه‌رهه‌نگی شکۆدار و فه‌رهه‌نگی په‌ڕپووت، ڕه‌وتی مێژووی گه‌شاوه و سه‌رده‌می نوشووستی، به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو سنووربه‌ندی کراوه. ئه‌مه له حاڵێکدایه که لۆژیکی سه‌رده‌م لۆژیکی فازی و ڕادهییبوونه؛ واته ڕوانگه‌یه‌کی چۆنایه‌تی و گشتبینانه(holistic) که هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کان ده‌بینێت و هه‌ر دیارده‌یه‌ک له به‌ستێن و بواری خۆیدا مانا ده‌کاته‌وه.
کاتێ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بوونی هه‌یه و زیندووه، زمانی کوردیش بوونی هه‌یه و زیندووه و ئه‌وه‌نده‌ی پێویست به سه‌لماندن و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی زمانناسانه یان پهڕزمانناسانه نییه
وته‌یه‌کی به‌ناوبانگی ئانترۆپۆلۆژیستێک هه‌یه که ده‌ڵێ “to say language is to say society“، له‌م سۆنگه‌وه کاتێ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بوونی هه‌یه و زیندووه، زمانی کوردیش بوونی هه‌یه و زیندووه و ئه‌وه‌نده‌ی پێویست به سه‌لماندن و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی زمانناسانه یان پهڕزمانناسانه نییه. هیچ زمانێک له جیهاندا ته‌نێ به ڕیزبه‌ندیی وشه و ڕێسای گرامێر ناناسرێت، به‌ڵکوو به‌و هه‌نبانه مێژوویی و بیرمانه فه‌رهه‌نگییه(cultural memory) ده‌ناسرێت که هه‌ست و نه‌ست و ناسین و کرده‌وه ده‌خولقێنێت؛ کۆناسینێ که له درێژاییی مێژوودا چالاکانه پێگه‌یشتوو(emergent)ـە و له ئاستێکی سه‌رتر له کۆی ناسینی تاک‌تاکی مرۆڤی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه سه‌قامگیر بووه. زێده‌ی زمانی کوردی ئه‌و ئۆبژه ڕانهگیراوهیه که چاوی لێڵ و کهمسۆزی زمانناسیی ههڵهسهر و ههڵهبێژ نایبینێت و به‌رده‌وام ئاسته‌که‌ی نه‌وی ده‌نرخێنێت؛ واته زمانێکی بێمێژوو و بێناسنامهمان پێ ده‌ناسێنێت. له وێکچواندنی مووسیقا به زماندا به نموونه، ئه‌و زێده‌باییه، له ئاستی زمانی ئابستراکتی نۆت و ده‌زگاکان پهڕتر ده‌ڕوات و له په‌یکه‌ری زیندووی مووسیقایی کوردی واته لاوک و حه‌یرانی کرمانجی، به‌ند و به‌یتی موکریانی، چۆپی و هه‌ڵپه‌ڕکێی ئه‌رده‌ڵانی، به‌زم و سیاچه‌مانه‌ی هه‌ورامی، که‌لام و شانامه‌ی گۆرانی، مه‌قام و هۆره‌ی ئیلامی و کرماشانیدا خۆ ده‌نوێنێت. هه‌ر بۆیه کاڵای کۆد و پێوه‌ری ده‌زگاکانی مووسیقا به باڵای مه‌قامه‌کانی مووسیقای کوردی‌دا کورتی دێنێت و ئه‌و گه‌ز و پێوانه‌یه به‌بێ ژینجیهانی زیندووی مووزیکی کوردی، به‌رامه و به‌رهه‌مێکی لێ سه‌وز نابێت.
“زمان” له به‌ستێن و به‌کارهێناندا، نێوه‌نجیی تێوه‌گلانی ئێمه له‌گه‌ڵ جیهاندایه و په‌یوه‌ندیی بنه‌ڕه‌تیی ئێمه له ئاست بوون خۆ‌یا ده‌کات. هه‌ر بۆیه له ئاست هه‌موو زمانه‌کاندا، زمان‌ناسی و توێژینه‌وه له‌سه‌ر زمان به ڕه‌چاوکردنی ژینگه‌ی زمان، خزمه‌تی ئه‌وتۆی به مانه‌وه و په‌ره‌پێدانی زمان کردووه، به‌ڵام زمانناسیی ئایدۆلۆژیک و نه‌زۆک بووه‌ته هۆی دابڕانی مرۆڤ له زمان و هه‌روه‌ها وێرانکردن و داڕووخانی ئه‌زموونی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی؛ بۆیه پێویسته به هه‌ستیارییه‌کی تایبه‌ت و به ڕوانگه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه به‌ره‌وڕووی ئه‌م جۆره بۆچوونانه ببینه‌وه و به شێوه‌یه‌کی ئایرۆنیک پێیان ڕابگه‌یه‌نین با به‌رۆکی زمانی کوردی به‌ر بده‌ن!
سه‌رچاوه:ده‌نگی کوردستان، چوارشه‌ممه، ٢٥ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٤٠٠ی هه‌تاوی