لەودیوی پێنچ هەستەکەوە

'ئەوەی مارکۆس گابرێڵ دەیەوێت بە ئێمەی بڵێت'

 

لەم چەند ساڵەی دواییدا، فەلسەفەی ئەڵمانی بە یاریدەی چەند فەیلەسووفێکی کاریگەر، توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش هەمان شکۆی ڕابردووی خۆی بۆ ئێستاش بگێڕێتەوە و ببێتە وێستگەیەکی گرنگی نێو ناوەنده فیکرییەکانی دونیا و جارێکی دی هەمووان بیکەنەوە بە مەرجەع. کێ ئەمڕۆ کاریگەرترین فەیلەسوفی ئەڵمانەکانە؟ ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە وەڵامی ئەم پرسیارە نادەینەوە تاکوو لە بایەخی هەبوونی هیچ کام لەو فەیلەسووفانەی دی کەم بکەینەوە کە ئەمڕۆ جیهان گوێیان بۆ ڕادەدێرێت، بەڵام هەوڵ دەدەین لای فەیلەسووفێکی لاو بوەستین و تیشکی بهاوینە سەر، کە بێ هیچ گومانێک داهاتووی فەلسەفەی ئەڵمان لە بەردەستی ئەودایە و خۆیشی ئەرکی ئەو بە مەرجەع کردنەوەیەی خستووەتە سەر شان1مارکۆس گابرێڵ لە جێیەکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە فەلسەفەی ئەڵمانی دەبێت ئەو سەرداری و مەرجەعیەتەی خۆی بپارێزێت و تواناکەی جارانی بۆ بگێڕدرێتەوە، بە تایبەتی کە ئەم فەلسەفەیە و مێژووەکەی لە باریدایە ڕووبەڕووی فەلسەفەی باوی ئەمریکی ببێتەوە و بە گژ ئەوەدا بچێتەوە کە زانستە سروشتییەکان ببێتە تاکە جێ دیدی پەسەندکراو بۆ تێگەیشتن لە شتەکان. بڕوانە: ( نهضة الفلسفة الآلمانیة، حوار قصیر مع بروفیسور الفلسفة ماركوس غابرییل من جامعة بون، موقع دويتشلاند، 17.11.2015).. ئایا ئەمە ستایشێکی کەمێک شاعیرانە نییە؟ ناکرێت حوکمێکی وەها بەسەر دێڕێکدا بدەین کە هەقی خۆی داوەتە فەیلەسووفێک و لانی کەمی پەسندانی پێ ڕەوا بینیوە.

مارکۆس گابرێڵ (Markus Gabriel) ئەمڕۆ لە ٤٢ ساڵەی تەمەنیدایە، واتا ٤٢ ساڵ لەمەوپێش و ساڵی ١٩٨٠ لەدایک بووە و هەر لە پانزە ساڵییەوە پرسیارە گەورەکان دەکات و بە دووی وەڵامەکانیاندا دەچێت. لە گەڵیشیدا دەست دەکات بە خوێندنەوەیەکی قووڵی فەلسەفە هەر لە یۆنانەوە تا دەگاتە عەقڵە گەورەکانی وەکوو ( کانت و فیختە و هیگڵ و مارکس و نیچە و هایدیگەر و قوتابخانەی فرانکفۆرت و سارتەر و بوونگەراکانی دی). ئەم زەخیرە گەورە فەلسەفییە هاوکاری دەکات لە دیتنەوە و دەرگیربوون لەگەڵ پرسیارە گەورەکانی فەلسەفەدا و لە گەڵیشیدا دۆزینەوەی ڕێچکەی نوێ و تایبەت بە خۆی، ئەو هەم نوێکەرەوەی بوونگەرایییە و هەمیش نوێنەری واقیعگەراییی نوێ. لەگەڵ ئەودا تێدەگەین لە هۆکاری بونبەستییەکانی ئەو ڕێبازە فەلسەفییانە و دەرچەیەکیش بۆ ڕزگاربوون لە بونبەستەکان دەدۆزینەوە.
ئێمە دەکەوینە کوێی واقیعەوە؟ ئایا ئێمە تەنها بەشێکی بچووکین لە گشتێتی و هەمەکێتیی جیهان و بوونمان هیچ بەها و واتایەکی ئەوتۆی نییە؟ ئەو واقیعەی تێیدا دەژین جۆرێکە لە خەون و بەرهەمی خەیاڵ یان نەخێر ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و شتەکان هەر ئەوەن کە دەیانبینین؟ ئایا دەتوانین شتەکان وەکوو ئەوەی کە هەن بناسین و زانیارییان لەبارەوە پەیدا بکەین، یاخود نەخێر هەموو ئەوانەی کە دەیبینین سێبەری شتەکانن و هەقیقەت نین؟ هەستەکان کامانەن و چین؟  ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە مێژووی فەلسەفە لە کۆنەوە دەرگیرێتی و لە گریگەوە تا دەگاتە مارکۆس گابرێل و عەقڵە گەورەکانی دونیای نوێ خەریکی وەڵامدانەوەی ئەم پرسانە بوون، هەر یەکە و بە شێوازی خۆی. باشە ئەو پرسیارە کۆنانە چ گرنگییەکیان بۆ ئەمڕۆی مرۆڤایەتی هەیە تاکوو وا لە گەنجترین فەیلەسووفی دونیای ئەمڕۆ بکەن هاوشێوەی فەیلەسووفێکی دونیای کۆن بە دووی وەڵامەکانیاندا وێڵ بێت؟ چونکە ئەم فەیلەسووفە لاوە دەزانێت هەڵەیەکی زەق و گەورە لەو وەڵامانەدا هەیە کە فەلسەفە بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست لەبیری کردوون و خستوونیەتیە لاوە.
“مارکۆس گابرێل” لە کتێبە گرنگەکەی خۆیدا: “بۆچی جیهان بوونی نییە؟2مارکوس گابریل: چرا جهان وجود ندارد، ت: حمید پرنیان، نشر سرو باران، تهران، ١٣٩٥. کە لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوی کردەوە، “هەمووان”ی سەراسیمە کرد (لێرەدا هەمووان تەنها ئاماژەیەکە بۆ هەمووانێکی پڕتر لە دونیای تێهزریندا)، بەوەی کە لاوێکی ٣٣ ساڵە، چۆن توانیویەتی بەو ئەندازەیە دابڕان لە فەلسەفەدا چێ بکات! چۆن پێی کراوە ئەوەندە نوێ، ئەوەندە جیاواز چەمکەکان دابڕێژێتەوە و چەمکگەلی نوێ دابتاشێت و گومانێکی گەورە بخاتە دڵی جیهانەوە؟ هەر خودی ناونیشانی کتێبەکە بۆ خۆی شۆکێکە، شۆکێکی گەورە، کە خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەیدا بەری دەکەوێت. ئاخر چۆن دەبێت جیهانێک بوونی نەبێت، لە کاتێکدا درککردن و هەستەکانمان زۆر بەئاسانی جیهانێکیان بۆ داڕشتووین؟ وتمان درککردن و باسی هەستەکانمان کرد، گابرێڵ دەزانێت خوێنەرەکانی لە هەر کوێیەکی دونیا بن هەمان پرسیاریان لا دروست دەبێت، هەروەک چۆن دەشزانێت یەکێک لە هۆکارەکانی پشت پڕفرۆشی کتێبەکەش ئەو گومانانەن کە لە ناخی خوێنەرەکانیدا دەرهەق بە مەسەلەی “هەبوون یاخود نەبوونی جیهانێک” چاندوویەتی. گومانەکە لە کوێوە دەست پێ دەکات؟ گابرێڵ بۆ چاندنی تۆوی ئەم گومانە، دەمانباتەوە سەر دووبارە وردبوونەوە لە هەستەکانمان و گومانکردن لە شێوازی درککردنمان بۆ شتەکان. بە بڕوای گابرێڵ هەڵەیەکی مێژوویی-فیکریی چەوت هەیە و دەبێت ئەو چەوتییە ڕاست بکرێتەوە، هەڵەیەک کە لە ئەرستۆوە گواستراوەتەوە بۆ تەواوی فەیلەسووفانی دواتر، هەڵەیەک کە بنەچەکەی باوەڕهێنانە بە ئەفسانەیەک (ئەفسانەی پێنچ هەستەکە). بە واتایەکی دیکە باوەڕهێنان بەوەی کە ئێمەی مرۆڤ تەنها خاوەنی پێنچ هەستین، ئەوانیش: (هەستی بۆنکردن و تامکردن و بینین و بیستن و بەرکەوتن) ئەمە زانیارییەکی هەڵەیە، کە هەمووان تا ئێستا وەک ڕاستییەکی بێ مشتومڕ وەریان گرتووە، لە کاتێکدا هەستەکان زۆر لەوە زیاترن کە ئێمە درکمان پێ کردوون. دیارترین هەستێک کە گابرێڵ بە ئێمەی دەناسێنێت هەستی هزر و تێهزرینە. چۆن دەشێت بابەتێکی هۆشەکی لەگەڵ بابەتێکی هەستەکیدا بەو شێوەیە تێکەڵی یەکدی بکەین؟ چونکە چ کردەی تێهزرین و چ هزریش بۆ خۆی بابەتێکی ڕووتی درککردن و هەستپێکردنن، وێناکردنی هزر وەک بەشێک لە هەستەکان و بگرە گرنگترین بەشی هەستەکانیش، کەمێک نامۆیە بە ئێمە. ئەمە بۆچی وایە؟ بۆچی ناتوانین بە ئاسانی بڕوا بەوە بهێنین کە هزریش هەستێکە وەکو هەستەکانی ترمان؟ چونکە لە بنەڕەتەوە زانیارییە هەڵەکە ئەوەندە بە قاییمی ڕووپۆش کراوە بە زانیاری لە خۆی هەڵەتر، کە بەری بینینی گرتووین و ڕێمان نادات بە درککردنێکی تەواوەوە وەکو خۆی بیبینین.

مارکۆس گابرێل (١٩٨٠ – ) فەیلەسووفی ئەڵمانی

کاتێک دەڵێین هزر هەستە و بەشێکی گرنگە لێی، ئیتر دەتوانین مرۆڤ لە ئامێرە زیرەکەکانیش جیا بکەینەوە و بە ئاشکرا جیاوازییەکانی نێوانیان دەستنیشان بکەین. جیاوازی نێوان ئامێرێکی زیرەک کە هۆشێکی مەزنی لەخۆ گرتووە و هەموو شتێک دەزانێت لەگەڵ مرۆڤێکدا کە خاوەنی هۆشێکی مەزنە، ئەوەیە کە مرۆڤ درک بە شتەکان دەکات و بەپێی خواستی ئەو درککردنە ڕاڤەکاری بۆ زانینەکەی دەکات، بەڵام ئامێرە زیرەکەکان هۆشێکی بەهەستیان نییە و تەنها ئەوانە پێشکەش دەکەن کە پەیوەست نین بە هەستەوە و ڕاڤەی شێوازی درککردن بە زانین نایانگرێتەوە . واتا مەسەلەی درککردن خاڵێکی جەوهەرییە لای گابرێڵ بۆ بەستنەوەی هزری مرۆیی بە هەستەکانییەوە. هەر ئەمەشە وای کردووە مرۆڤ لە باریدا بێت بەسەر زیرەکی دەستکرد و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و یاسا فیزیایییەکاندا زاڵ بێت. ڕەخنەیەک کە دەشێت لەم بارەیەوە لە گابرێڵی بگرین، نادیدەگرتنی ئەو کارکردە هاوبەشانەیە کە لەنێوان ئامێرەکان و مرۆڤدا هەیە، ڕاستە بە ڕووکەش وا دەردەکەوێت مرۆڤ ئامێرەکان چێ دەکات و دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی تەحەکومیان پێوە بکات، بەڵام لە ناواخندا هەر خودی ئەو ئامێرانە دەتوانن بە ئاسانی گۆڕان لە مرۆڤدا چێ بکەن و دەستکاریی سیستەمی ژیان و بیرکردنەوه و تەواوی هەستەکانی بکەن و چۆنیان بوێ ئاوها ئاڕاستەیان بکەن. ئەوان لە زۆر باردا دەبنە جێگرەوەی هۆشی ڕاستەقینە و هەستەکانی هاوشێوەی، ئەمەش لە ڕێی دەستوەردانیانەوە لە دیاریکردنی ئاستی زانین و پیشاندانی ئەوەی کە هەیە و ئەوان دەستیان پێ دەگات، کە بە دڵنیایییەوە هەر بەو جۆرەش بۆ ئێمەی دەگوازنەوە.
ئەوەی بە لای مارکۆس گابرێڵەوە جێی سەرنج و تێبینیەکی قووڵە، ئەوەیە کە چۆن زانستی نوێ توانیویەتی دەستکاری زۆرێک لە تیۆرە سایکۆلۆژییەکانی “ئەرستۆ” بکات و بڕێکیشیان بەتەواوەتی ڕەت بکاتەوە، بەڵام نەیتوانیوە لە بابەتی پێنچ هەستەکەدا هیچ گومانێک لەسەر ئەم مەسەلەیە دروست بکات. هەرچەندە لە زۆر جێدا زانست ئاماژەی ڕوونی داوەتە دەستەوە سەبارەت بە هەبوونی هەستگەلی دیکەی مرۆیی. بۆ نموونە کاتێک کەسێک بە نیازی سەفەری شوێنێک دەخەوێت و لە مێشکی خۆیدا دایدەنێت کە دەبێت پێش بەری بەیان لە خەو ڕابێت و زەنگێک دەخاتە سەر مۆبایلەکەی، بەری بەیان پێش ئەوەی زەنگی مۆبایلەکه لێ بدات ئەم کەسە لە خەو ڕادەبێت، بەمە دەوترێت چی؟ ئەمە نە بۆنکردنە و نە تامکردن و نە بینین و نە بیستن و نە بەرکەوتن، کەواتە بۆ ئەم حاڵەتە بڵێین چی و چ ناوێکی لێ بنێین! هەر خودی گابرێڵ خۆی چەندین نموونەی دیکە دەهێنێتەوه کە ئاماژەی ڕوونن بە هەبوونی چەندین هەستی دیکەی مرۆیی و لە ژماردن نایەن. گابرێڵ ئاماژە بە توێژینەوەی دوو توێژەری زانکۆی نیویۆرک دەکات کە تێیدا باسیان لەوە کردووە، بەرگریی جەستەی مرۆڤ وەکوو هەستێک کار دەکات و لە حاڵەتی هەبوونی ڤایرۆسێک لەنێو جەستەماندا، خێرا ئاگادارمان دەکاتەوە کە ڤایرۆسێک هاتووەتە جەستەمانەوە و دەبێت خۆمان بۆ بەرگری ئامادە بکەین، ئەم ئاگادارکردنەوەیە کە لە دەزگایەکی ناوەکییەوە دەردەچێت، ئاماژەیەکی ڕوونە بە هەبوونی هەستگەلی دیکەی نەزانراو.
خاڵێکی تر کە گابرێڵ وەک هەڵەیەکی زەق دەیناسێنێت، پیشاندانی هزرە وەکوو بەشێکی سەربەخۆ و شتێکی جیاواز و ناکۆک و دژ لە هەمبەر هەستەکاندا. زۆر جار وەها وێنای هزر کراوە کە لە ناکۆکییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ هەستەکانمان و بەردەوام هەوڵی کۆنترۆڵ کردنیان دەدات. لە کاتێکدا هزر ڕۆڵی یەکانەیی دیوە لە پاراستن و کۆکردنەوەی تەواوی هەستەکانماندا، بەبێ ئەوەی زیانیان پێ بگەیەنێت. گابرێڵ پێی وایە زۆر جار بە هەڵە باس لە “بینین” دەکرێت وەک گرنگترین هەستی مرۆڤ، بە بیانووی ئەوەی کە لە توانایدایە واقیعمان لە نزیکەوە پیشان بدات و پێمانی بناسێنێت، لە کاتێکدا ئەو توانای بینینەی کە هزر دەمانداتێ زۆر دوورتر و فراوانترە لەو بینینەی کە چاو پێمان دەبەخشێت. ئێمە لە ڕێی هزرەوە دەتوانین بگەینە دوورترین شوێنەکان و بیانبینین، نەک تا سنوورێکی دیاریکراو، بەڵکوو بینینێکی ناکۆتا و بێسنوور.
کاتێک ئێمە لەوە بەئاگاین کە لە میانی دیتنی جیهاندا، هەستەکانمان یاوەرمانن، چۆن دەتوانین جیهانێک لە قاڵب بدەین و بڵێین ئا ئەمە جیهانەکەی ئێمەیە؟ ئاخر هەر ئەو وەختەی لەشتێک ورد دەبینەوە و هەوڵی ناسینی دەدەین، شتێکی تر دێتە پێشمان و دوای ئەویش شتێکی تر، واتا تا ناکۆتا شتی ترمان لە پێشدایە و بە گەیشتن بە هەر جێیەک کە وتمان ئەمەیە جیهان، شتێکی تر دەبینینەوە کە دەکەوێتە دەرەوەی جیهانەکەی ئێمە. بۆیە هیج جیهانێکی لەقاڵبدراو و زانراو بوونی نییه. ئەوەی هەیە کۆمەڵێک شتن لە پەنای یەکدیدا و کارلێک دەکەن لەگەڵ یەکدی و لە شێواز و جۆری دیدا خۆیان دەنوێننەوە. واتا بیرۆکەی هەبوونی زیاتر لە هەستێک بیرۆکەیەکە بۆ لە جیهان خستنی جیهان، بۆ بینینی شتەکان وەکوو خۆیان، دوور لە هەر خواستێکی میتافیزیکانەی گەورەتر. ئەمە واقیعگەراییی نوێیە، بە بڕوای گابرێڵ فەلسەفە لەو بونبەستیە ڕزگار دەکات کە بەتایبەتی بە هۆی پۆست مۆدێرنەوە تووشی هاتووە. باشه ئەم واقیعگەرایییە نوێیە چ جیاوازییەکی هەیه لەگەڵ واقیعگەراییی کۆن و تەنانەت ئەو واقیعگەرا نوێیەش کە پێش گابرێڵ چەندین فەیلەسوف و بیرمەندی تر کاریان لەسەر کردووە؟ لە واقیعگەراییی کۆندا و بەتایبەتی لە لای “ئەرستۆ” باوەڕێکی وەها بە قاییمی جێگیر کرابوو کە ئێمە مادامەکێ لە جیهان دەکۆڵینەوە و ئاشنای شتەکانی نێوین، کەواتە دەتوانین لە ماهیەتی ڕاستەقینەی واقیعی جیهانیش تێبگەین و بیناسین، واقیعگەرا نوێیەکانی پێش گابرێڵیش بڕوایان بەوە هەبوو کە ئێمە درک بە شتەکانی دەوروبەرمان دەکەین کە لە واقیعدا هەن و لێیان دەکۆڵینەوە لەنێو جیهاندا، بەڵام ناتوانین وەک یەکەیەکی گشتی پێناسەیان بکەین. بە پێچەوانەی ئەم باوەڕە جێگیرەوە، واقیعگەراییی نوێ لەوەدا خۆی جیا دەکاتەوە کە ئێمە چونکە ناتوانین جیهان لە وێنا گەورەکەیدا ببینین و وەک یەکەیەکی تەواو و کامڵ بیری لێ بکەینەوە، کەواتە ناشتوانین لە ڕێی درککردنمان بە شتەکانی نێویەوە بانگەشەی ناسینی جیهانێک بکەین. ئێمە تەنها درک بەو شتانە دەکەین کە دەتوانین بیانبینین و هەستیان پێ بکەین، لەبەر ئەوەی ئەم شتانەش ناکۆتا و بێسنوورن،  بۆیە ناتوانین جیهانێکی وەها تەواو بدۆزینەوە و دان بە بوونیدا بنێین، بەم مانایەش جیهانێک بوونی نییە و ئێمە هەرگیز ناتوانین جیهانێکی وا بناسین و بیخەینە بازنەی ئاگاییمانەوە. واتا لە پێش گابرێڵ واقیعگەرایی پەیوەست کرابووه جیهانەوە، بەڵام لای گابرێڵ واقیعگەرایی واتا باوەڕبوون بە ناکۆتا و نەبوونی جیهانێکی ناسکراو، بەڵام هەستپێکراو. بەم پێیەش واقیعگەراییی نوێ پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی “کانت”ە کە واقیع وەکو شتێک وێنا دەکات کە ناتوانین درکی پێ بکەین، یاخود ئەو ڕوانینە زاڵەی (پاش تازەگەریی) کە وەک شتێکی نەبوو سەیری واقیع دەکات و بوونی ڕەت دەکاتەوە. لای گابرێڵ واقیع پەیوەستە بەو مانایانەوە کە ئێمە لە ڕێی درککردنەوە دەیدەینە شتەکان.
ڕەتکردنەوەی بوونی جیهان لای گابرێڵ پەیوەستە بە نیشتەجێکردنی بوونەوە لەناو شوێندا، واتا کاتێک دەڵێین شتێک بوونی هەیە، مەبەستمانە بڵێین ئەو شتە شوێنێکی گرتووە، ئەی ئەو شوێنە لە کوێیە؟ ئەو شوێنە دەکەوێتە ناو جیهانەوە، ئەی کەواتە جیهان خۆی دەکەوێتە کوێوه؟ هەموو ئەوانەی لە فەلسەفەی بوون کۆڵیویانەتەوە، هەر لە ئەفلاتۆنەوە تا دەگاتە هایدیگەر و سارتەر، بوونیان بەستووەتە شوێنەوە و شوێنیش بە جیهان، لێ ئەوەی ئەوان نەیانوتووە و وەڵامیان نەداوەتەوە شوێنی جیهانە، ئایا جیهان دەکەوێتە کوێوە؟ گەر بە شێوەی ژمارەیی حسێبی بۆ بکەین، ئەوا دەبینین ناکۆتا ژمارەمان هەیە، سلێمانی شوێنێکە و هەیە، سەر بە باشووری کوردستانە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و سەر بە ئاسیایە، ئاسیا کیشوەرێکە لە زەوی و زەویش سەر بە کۆمەڵە هەسارەیەکی تری نێو گەردوونە و پێکەوە کۆمەڵەی خۆر پێکدێنن، ئەی ئەو کۆمەڵەیە دەکەونە کوێوە؟ لەنێو جیهانێکی تردان، ئەگەر وابێت ئەو جیهانەش دەبێت شوێنێکی گرتبێت، کەوابێت ئەو شوێنە دەکەوێتە کوێوه؟ ئێمە کاتێک ئەمانە دەژمێرین، دەبینین ناکۆتا شوێن و جیهان دێنە پێشەوە و هیچ واتا و دەلالەتێک بۆ جیهانە یەکەمینە ناهێڵنەوە کە سەرەتا وەکوو جیهان ناساندبوومان.

ئەم بۆچوونە جیاواز و نامۆیانەی گابرێڵ کە ڕیشەیەکی لە دونیای کۆندایە و لقەکانیشی لە دونیای نوێ، وامان لێ دەکات ئەو هەم بە فەیلەسووفێکی مۆدێرن بزانین و هەمیش بە فەیلەسووفێکی سونەتی دونیای کۆن، کە ئەم خەسڵەتە بە دەگمەن لە لای بیریار و فەیلەسووفانی دیکە دەدۆزینەوە. وەک چۆن خۆیشی لە وەڵامی پرسیارێکی “ئانیاشتاین باوەر”دا جەختی لەسەر دەکاتەوە3آنیا اشتاین باور، گفتوگو با مارکوس گابریل: چه کسی می گوید جهان وجود دارد؟، ت: مهدی رعنایی، سایت ترجمان، ٩شهریور ١٣٩٥. ئەوەی گابرێڵ دەیەوێت بە ئێمەی بڵێت ڕەتکردنەوەی هەمەکێتی زانین و جیهانە و پاڵپشتیکردنە لە بەشەکییەکانی بوون، لای ئەو هەقیقەتی ڕەها دەکەوێتە ناکۆتاوە و لە هەر شوێنێکدا خاڵێک دانرا هەقیقەتیش دەبێتەوە ڕێژەیی. لەبەر ئەوەی گەیشتنیش بەو هەقیقەتە ڕەهایە سەختە و نەکردەیە، بۆیە باشتر وایە دان بە ناکامڵێتیی زانین و فرەواقیعیدا بنێین و بەدووی هەمەکێتیی جیهاندا نەچین، بەڵکوو شرۆڤەی بەشەکییەکانی بوون بکەین و لێیانەوە لە بوون و هەبووەکانی نێوی تێبگەین. هاوکات ئەم بۆچوونە تەبایە لەگەڵ پاڵپشتیکردنی زیاتری زانین و کۆشش بۆ بەدەستهێنان و دۆزینەوەی نەزانراوەکان، هەرچەندە بۆچوونێکی وەها بڕێک نائومێدی دەبەخشێتە مرۆڤ لەوەدا کە هیچ سنوورێک و هیچ خاڵێکی کۆتایی و هیچ هەقیقەتێکی ڕەها لە پشت زانینەوە ناهێڵێت و پێمان دەڵێت ئێمە گەمارۆدراوین بە کۆمەڵە شتانێک کە لە پشتیانەوە شتانی دیکە هەن و لەودیوی ئەوانیشەوە تا بچین هەر گیرۆدەی هەمان گەمارۆدانی ترسناکین. لێرەدا گابرێڵ لەگەڵ ڕوانینەکانی ئەلبێر کامۆدا یەک دەگرێتەوە و ناچار دەبێت دۆخی نائومێدی بخاتە بەر باس، وەک چۆن کامۆ لە ڕۆمانی “نامۆ”دا و دواتریش لە “ئەفسانەی سیزیف”دا ئەو ڕاستییە تاڵەمان پێ دەڵێت کە هیچ مەبەست و ئامانجێک لە پشت ئەم جیهانەوە نییە و ئێمە لەنێو دووبارەبوونەوەیەکی بێتامدا دەخولێینەوە، “مارکۆس گابرێڵیش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی نائومێدیمان دەکاتەوە و بیرۆکەی هەبوونی جیهانێکی ڕێک و پێک و دوا زانیاری و دوا خاڵی گەردوون ڕەت دەکاتەوە و هەموو ئەوانە نائومێد دەکات کە بە ئومێدی هەبوونی ئامانج و مەبەستێک و سنوورێکی دیاریکراوی پشت ئەم جیهانەوە دەژین. وەک چۆن کامۆ لە “مرۆڤی یاخی”دا هانمان دەدات تەسلیمی ئەو نائومێدییە نەبین و کۆشش بکەین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانمان لە هەمبەر دەوروبەر و ئەو جیهانەشی کە تێیدا دەژین، ئاوهایش گابرێڵ دەیەوێت پێمان بڵێت لەگەڵ ئەوەی دەربارەی جیهان هەواڵێکی بێزراو و نائومێدانەمان دەداتێ؛ لەگەڵ ئەوەی جیهانێک بوونی نییە و سنوورداری و زانینێکی ڕەهاش لە ئارادا نییە، سەرباری هەموو ئەو ڕاستییە تاڵانە، بەڵام هێشتاش دەبێت بۆ زانینی زیاتر و کەشفکردنی زیاتری نهێنیەکانی نێو گەردوون بکۆشین و لە دیاردە و شتەکان ڕابمێنین و لە بەرامبەریاندا هەست بە بەرپرسیارێتی بکەین. خاڵی هەرە هاوبەشی نێوان کامۆ و گابرێڵ، زانین و درککردنە بە پووچێتی و بێمانایی پشتەوەی شتەکان و لەگەڵیشیدا بەرپاکردنی جەنگێک دژ بەو پووچێتییە، بە جیاوازیی ئەوەی کە جیهان لای گابرێڵ یەکەیەکی ڕێک و ناسراو نییە، بەڵکوو پەیوەستی ژمارە لە بننەهاتووەکانە و هیچ زانینێک دەستی پێ ناگات و بوونێکی ئامادەی شکڵییانەی نییە، کەچی لای کامۆ ئێمە لەنێو جیهانێکداین و ئەم جیهانەش خاڵێکی کۆتایی هەیە و لەنێو بێماناییدایە. بەم شێوەیە ئێمە سەرباری ئەوەی لە بەردەم جیهانێکی ناکۆتا و نائومێدکەرانەداین، بەڵام تەسلیمی ئەو نائومێدییە نابین و لە ڕێی بەجێهێنانی بەرپرسیارێتییە مرۆیییەکانمانەوە ڕووبەڕووی ئەو نائومێدییە ئەزەلییە دەبینەوە و هەمیشە لە هەوڵی دۆزینەوەی واقیعی جیاوازتر و زیاترداین. ئەم بەردەوامیدانە بە ژیان لەگەڵ واقیعگەلێکی ناکۆتا و بێمانا و بێمەبەستدا، جۆرێکە لە یاخیبوونی بوونخوازانە و بەرهەمی درککردنی ئێمەیە بە جیهانێکی ناکۆتا و هەوڵدانە بۆ پێدانی مانا بە بەشەکییە بەرجەستەکانی نێو بوون، واتا تێگەیشتن لە هەبووەکان وەک ئەوەی کە هەن و ڕەتکردنەوەی هەبوونی جیهانێکی گشتگیرتر کە خاڵی کۆتایی هەبێت و هەموو هەبووەکان لە خۆیدا بتوێنێتەوە، کرۆکی سەرەکی بیرکردنەوەی گابرێڵ پێک دەهێنێت.

پەراوێزەکان

  • 1
    مارکۆس گابرێڵ لە جێیەکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە فەلسەفەی ئەڵمانی دەبێت ئەو سەرداری و مەرجەعیەتەی خۆی بپارێزێت و تواناکەی جارانی بۆ بگێڕدرێتەوە، بە تایبەتی کە ئەم فەلسەفەیە و مێژووەکەی لە باریدایە ڕووبەڕووی فەلسەفەی باوی ئەمریکی ببێتەوە و بە گژ ئەوەدا بچێتەوە کە زانستە سروشتییەکان ببێتە تاکە جێ دیدی پەسەندکراو بۆ تێگەیشتن لە شتەکان. بڕوانە: ( نهضة الفلسفة الآلمانیة، حوار قصیر مع بروفیسور الفلسفة ماركوس غابرییل من جامعة بون، موقع دويتشلاند، 17.11.2015).
  • 2
    مارکوس گابریل: چرا جهان وجود ندارد، ت: حمید پرنیان، نشر سرو باران، تهران، ١٣٩٥.
  • 3
    آنیا اشتاین باور، گفتوگو با مارکوس گابریل: چه کسی می گوید جهان وجود دارد؟، ت: مهدی رعنایی، سایت ترجمان، ٩شهریور ١٣٩٥