دەربارەی فیلمی ئەسپەکەی تۆرین

گفتوگۆ لەگەڵ 'بێلا تار'دا

لە ئینگلیزییەوە: نمە هەژار
بێلا تار (١٩٥٥- ) دەرهێنەری سینەمایی هەنگاریایی

پرسیار: بەڕێز بێلا تار، فیلمە نوێکەت بە چەند وشەیەک لەبارەی ڕووداوێکەوە دەست پێ دەکات کە لە ساڵی ١٨٩٩ لە ئیتاڵیا بۆ فەیلەسووفی ئەڵمانی ((فرێدریک نیتچە))، هاتە پێش. ئەو کاتێک بە تەنیشت گالیسەکەیەکدا ڕەت دەبێت، دەبینێت گالیسکە سوارەکان حەوسەڵەیان نامێنێت و بێ سڵەمینەوە دەست دەکەن بە شەلاقکاری و تەمبێکردنی ئەسپە بێگوێ و سەرەڕۆکەیان. ئەوە بوو نیتچە خۆی خستە نێوان گالیسکەسوارەکان و ئەسپەکەوە و دواتر لە هۆش خۆی دەچێت. پاش ئەم ڕووداوە بیماری نیتچە زۆر سەختتر دەبێت و بە یەکجاری دەست لە نووسین هەڵدەگرێت. ئەسپەکەی تۆرین دەربارەی چییە؟ چ پەیوەندییەکی بە نیتچەوە هەیە؟

بێلا تار: واتای گشتیی فیلمەکە سادەیە. ئێمە دەمانویست بە دوای ئەو پرسیارەدا بڕۆین؛ ئاخۆ دوای ڕووداوەکە چی بەسەر ئەسپەکەدا هات؟ وێڕای ئەوەی فیلمەکە دەربارەی فرێدریک نیتچە نییە، بەڵام کاریگەریی ئەو ڕووداوە وەک تارمایییەک بەسەر تەواوی فیلمەکەوە دیارە.

پرسیار: بەگشتی زەمەنی فیلمەکانی تۆ زەمەنی هەنووکەن. چ بیرۆکە و پاڵنەرێک لە پشت گەڕانەوە بۆ زەمەنێکی تر لە ئارادا بوو؟ ئایا ئەمە فیلمێکی مێژوویییە؟

بێلا تار: بەگشتی فیلمەکانی من زەمەن و سەردەمێکی دیاریکراویان نییە(Timeless).  ئەم فیلمەش بە هەمان شێوە بێزەمەنە. تاکە شتێک بیبەستێتەوە بە ساڵی ١٨٩٩وە، ئەو ڕووداوەیە کە بۆ فرێدریک نیتچە قەوماوە. ئەمە بەشێکە لە کاری من، و لەبەر ئەوەی فیلمەکەم پەیوەندی بە کات و سەردەمی ئێستاوە نییە، هەر بۆیە بە پێویستم نەزانیوە شتێک بگۆڕم یان دەستکاری بکەم.

پرسیار: جوانیناسی (Aesthetics)  و هونەر پانتایییەکی بەرفراوانیان لە نووسینەکانی نیتچەدا داگیر کردووە، نیتچە هونەر وەک فۆڕمێکی ڕەسەنی دەربڕینی ئیستاتیکی دەناسێنێت. ئایا بەڕێزت لەگەڵ نیتچەدا تەبایت کاتێک دەڵێت ئەگەر لە کاری هونەریدا بە دوای پەیامێکدا بگەڕێین ئەوا هەڵوێستەیەکی هەڵەمان لەمەڕ هونەر هەڵگرتووەتەوە؟

بێلا تار: ئاسایی فیلمەکانی من پەیامێکی دیاریکراویان نییە. کامێرا بینەرێکە کە وێنەی هەلومەرجی چرکەساتێکی دیاریکراو و کاردانەوەکانی بەرانبەر ژیان، دەگرێت. من نامەوێت پەیامێکی دیاریکراو بۆ بینەر بگوازمەوە، بەڵکە دەمەوێت وێنەکانی خۆم بۆ دنیا پیشانی بینەرەکان بدەم. کامێرا خۆی گۆشەنیگایەکی بابەتی(Objective)  هەیە، من تەنها دەتوانم واقیعتان بۆ بگوازمەوە و نیشانتان بدەم. سینەما وەک ئەدەب نییە؛ سینەما تەنها ئەو شتانەتان نیشان دەدات کە دەکەونە بەردەم لێنزی کامێرەکە، تۆ ناتوانیت فێڵ لە کەس بکەیت و کەسیش فریو بدەیت.

پرسیار: بەڵام ئەوە تۆیت بڕیاردەدەیت دەبێت چی پیشان بدرێت.

بێلا تار: بەڵی ئەوە ڕاستە، چونکە ئێمە فیلمی دۆکیۆمێنتاری بەرهەم ناهێنین، بەڵکوو ئێمە جۆرێک لە چیرۆک و فەنتازیا دەخولقێنین. بەڵام وێرای ئەوەش ئەم چیرۆکە هێشتا ڕەنگدانەوەی ژیانە.

پرسیار: تا چەند دەسەڵاتت بەسەر ئەوەدا دەشکێت کە لە بەردەم لێنزی کامێرادا ڕوو دەدات؟ لە کۆتاییدا فرێدریک نیتچە باوەڕی وا بوو کە هونەر تێکەڵەیەکە لە دەسەڵاتی ڕەها و حاڵەتی ئاوارتە. ئایا فیلمەکانی تۆ لەسەر ئەگەر و هەل بەندن؟

بێلا تار: هیچ شتێک لە فیلمەکانی مندا ئاوارتە و بێمەبەست نییە. من ڕقم لە دۆخی ئاوارتەیە. بەگشتی دەزانم سەرلەبەری فیلمەکانم لە سەرەتاوە تا کۆتایی، بۆ چییە و چۆنە. کاتێک چاوەکانم لێک دەنێم، تەواوی فیلمەکە دەبینم. دەزانم سیناریۆ چییە، دەزانم فەزای نمایش چییە و دەشزانم ئەکتەرەکان کێن. ئەگەر شتێک بگۆڕم تەنها لەبەر ئەوەیە دەمەوێت هەل و دەرفەتێک بە ئەکتەرەکان ببەخشم تاکوو سروشتی و سەنجڕاکێش ڕۆڵەکانیان بەرچەستە بکەن. من زۆر بە تووندی چاودێریی ئیشی کامێرا دەکەم.

پرسیار: ئەگەر تۆ بەتەواوی دەزانیت چیت دەوێت، ئەی کەواتە پڕۆسەی ئەدیتی فیلم(Editing Play)  چ ڕۆڵێک دەبینێت لە فیلمەکانی تۆدا؟

بێلا تار: ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە. ئیدیتۆرەکەمان لە هەموو قۆناغەکانی وێنەگرتندا ئامادەیە و چاودێری پڕۆسەکە دەکات [پڕۆسەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە].

پرسیار: ئەی لەبارەی سیناریۆوە چی دەڵێیت؟ تۆ دووبارە بە هاوبەشی لەگەڵ لازلۆ کرازناهۆرکای  (Laszlo Krasznahorka) کارت کردەوە، ئەو کەسەی کە پێشتریش لە چەند فیلمێکی جیاوازدا پێکەوە کارتان کردووە. ئایا جەنابی کرازناهۆرکای لە وێنە بینراوەکاندا هیچ کاریگەری و دەور و نەخشێکی هەیە؟

بێلا تار: نەخێر. لازلۆ کرازناهۆرکای بەرپرسیارە لە وشەکان (Text)، و منیش بەرپرسیارم لە وێنەکان(Image)  . ئەوەی ئەو ڕایدەپەڕێنێت کاری ئەدەبییە و منیش پێویستە ئەو کارە ئەدەبییە لە زمانی سینەماییدا بەرجەستە بکەمەوە. ئەوەی گرنگە زمانە سینەمایییەکەی منە، بەڵام تێکستەکەش لەڕووی ڕۆحییەوە یاریدەم دەدا تاکوو وێنە شیاو و گونجاوەکان بدۆزمەوە.

پرسیار: بیرۆکەکە چۆن چەکەرەی کرد؟

بێلا تار: سروشتی کاری ئێمە بەم شێوەیەیە؛ دادەنیشین و دەربارەی بیرۆکەیەک وتووێژ دەکەین. پاشان ئەو بیرۆکەکە یاداشت دەکات و ئیدی دەست دەکەین بە کارکردن لەسەر بیرۆکەی دەستنیشانکراو. بەڵام بۆ ((ئەسپەکەی تۆرین))، ئەوەی ئەو نووسی پتر تام و بۆی ڕۆمانێکی دەدا وەک لە سیناریۆی فیلمێک.

پرسیار: بیرۆکەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە کەی لەدایک بوو؟

بێلا تار: لازلۆ کرازناهۆرکای چیرۆکێکی کورتی دەربارەی ئەو ڕووداوە نوسیبوو کە بۆ فرێدریک نیتچە هاتەپێش. ئەوەی کە دوای ڕووداوەکە چی بەسەر ئەسپەکەدا هات و، فیلمەکەی ئێمەش بەتەواوی لەبارەی ئەو پرسیارەوەیە؛ وەڵامە فەنتازییەکەی ئێمە بۆ ئەو پرسیارە.

 پرسیار: ڕاگەیاندنی رێککەوتی فیلمەکە چەندین جار دواخرا. ئەو کێشانە چی بوون هاتنە ڕێتان؟

بێلا تار: ئەو کێشانەی هاتنە پێشمان پەیوەندییان بە بارودۆخی کەشوهەواوە هەبوو لەو شوێنانەی وێنەمان تیادا دەگرتن. تەواوی ڕووداوەکانی فیلمەکە لە شەش ڕۆژدا ڕوویان دەدا، و ئێمەش پێویستمان بە هەمان کەشوهەوا هەبوو لە تەواوی کاتی وێنەگرتندا. هەر لەبەر ئەوەش ئێمە چەندین جار دەستمان لە وێنەگرتن هەڵگرتوو و دوامانخست.

پرسیار: ئایا لەو ماوەی هەڵپەساردنەدا چیرۆکی فیلمەکە هیچ گۆڕانکارییەکی بە سەردا هات؟

بێلا تار:  نەخێر. ئەو دابڕانانە زیاتر کردەکی(Practical)  بوون و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر چیرۆک و بیرۆکەکەی من نەبوو.

پرسیار: تۆ زیاتر لەگەڵ ئەو کەسانەدا کار دەکەیت کە پیشەگەرانە ئەکتەر نین. تێڕوانینتان دەربارەی ڕۆڵبینین چییە؟

بێلا تار: بە بڕوای من، ئەوانەی پیشەگەرانە ئەکتەرن لە ڕاستیدا نازانن ڕۆڵ ببینن. من هەمیشە بە ئەکتەرەکانم دەڵێم لەبریی ئەوەی نمایش بکەن، کردار بنوێنن. من وەک فیلمسازێک دەبێت هەلومەرجێکی شیاو بۆ دیمەنەکانم بخولقێنم. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە ئەکتەرێکی جیهانی دەتوانێت شانبەشانی ژنێک ڕۆڵ ببینێت کە لە کارخانەیەکدا کار دەکات و هەرگیز ئەزموونی ڕۆڵبینینیشی نەبووە پێشتر؛ ئەوان لە هەمان بارودۆخدان، و دەبێت گوێ بۆ یەکتر ڕادێرن. ئەگەر ئەوان گوی بۆ یەکتر ڕادێرن، ئەوا دیمەنەکە زۆر واقیعی دەبێت.

پرسیار:  تۆ جارێک لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانتدا دەڵێیت حەز ناکەیت بینەرەکانت لە کاتی تەماشاکردنی فیلمەکەتدا زۆر بیر بکەنەوە. ئایا وا هەست دەکەیت ڕەخنەکردنی فیلم لە ڕێبازی بەرهەمەکەی تۆ خافڵ دەبێت؟

بێلا تار: ئەو ئیشی من نییە لەبارەی فیلمەکانەوە بنووسم. دڵخۆش دەبم ئەگەر کەسێک فیلمەکانی منی بەدڵ بێت و پەسەندی بکات. خۆ ئەگەر کەسێکیش بە دڵی نەبوو، ئەوا دەبێت قەبوڵی بکەم. من نامەوێت هیچ شتێک بەسەر ڕەخنەگراندا بسەپێنم. دوای ئەوەی لە کۆتاییی فیلمەکەدا گڵۆپەکان هەڵدەکرێن، ئیتر ئیشی من تەواو دەبێت. پاشان دەبێت هەرکەسە و بە شێوازی خۆی پەیوەندی لەگەڵ فیلمەکەدا دروست بکات.

پرسیار: ئەو شتە گرنگە چییە کە دەتەوێت لە فیلمەکانتدا پیشانی بینەرەکانی بدەیت؟

بێلا تار: شتێکی گرنگ کە هەمیشە گەرەکم بووە لە فیلمەکانمدا نیشانی بدەم، خەڵک بووە. زۆر جار ڕێک کەوتووە ئێمە توانای ڕاپەڕاندنی کارێکمان هەبووە، بەڵام کۆمەڵگا و ژینگەکەمان بوونەتە بەربەست لە بەردەمماندا. دەمەوێت ئەوە نیشان بدەم کە هەموو کەس شایستەیی و مافی ئەوەی هەیە ژیانێکی بەختەوەرانە بژی. لە دونیای ئێمەدا ئەمە شتێکە هەمیشە گەرەنتی نەکراوە، هەر بۆیە دەمەوێت ئەو ڕاستییە بیری مرۆگەل بهێنمەوە کە هەمووان یەکسانن. ئەوەی کە خودی منیش دەیکەم چاودێریکردنی خەڵک نییە، چونکە منیش یەکێکم وەک ئەوان و جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناکەم.

پرسیار: تۆ هەمیشە تێڕوانینێکی زۆر ڕەخنەییت دەرهەق بە زمانی سینەماییی باو هەبووە. ئایا کێشەی سینەمای باو لە چیدایە؟

بێلا تار: کێشەکە ئەوەیە زۆرینەی فیلمەکان یەک هیرارکیەتیان هەیە لە کارکردندا؛ ئەکشن، کەت، ئەکشن، کەت. ئەوان تەنها سەیری هێڵی چیرۆکەکە دەکەن. بەڵام چیرۆک خۆ هەر تەنها کردەی مرۆڤەکان نییە، هەمووشتێک دەشێت چیرۆک بێت. کەسێک کە لە سووچێکدا وەستاوە دەشێت چیرۆک بێت. شتگەلی زۆر هەن کە لە ژیانی واقعیدا گرنگ و بەنرخن بەڵام فیلمسازەکان وەک شتگەلی بێزارکەر نمایشیان دەکەن. من لەو باوەڕەدا نیم ئەم شتانە مایەی بێزاری بن. من لە فیلمەکانمدا، دەمەوێت زیاتر لە ژیانەوە نزیک بم وەک لە سینەما.

پرسیار: تۆ خۆت وەک بەشێک لە سینەمای هەنگاری دەبینیت؟

بێلا تار: بێگومان من هەنگاریم و زۆر بەختەوەریش دەبم ئەگەر توانیبێتم شتێکم بۆ هەنگاریا کردبێت، بەڵام نامەوێت بەشێک بم لە بازرگانی سینەمای هەنگاری. پێم وایە هەمیشە شتێکی جیاوازتر بووم.

پرسیار: بەڕێزت بەیاننامەیەکت واژۆ کردووە کە لەلایەن فیلمسازە هەنگارییەکانەوە دەرکراوە کە تیایدا ڕەخنە لە سیستمی سەرلەنوێ دامەزراوی سینەمای هەنگاری دەگرن. دەکرێت کەمێک لەبارەی ئەو کێشەیەوە قسەمان بۆ بکەن؟

بێلا تار: حکوومەتی هەنگاریا کەرتی سینەمای لە ناوەندی هەموو کەرتەکانی دیکەدا دانابوو. تا ئێستاش، ئێمە بزاوتێکی بزۆکمان هەبوو کە لەلایەن دەوڵەتەوە دامەزرابوو و زۆر دیموکراسییانەش کارەکانی خۆی ڕادەپەراند. جۆرە ڕێکخستنێکی وای هەبوو کە هەرکەس دەیتوانی بێتە ناویەوە. ئەمێستاش هاتوون دامەزراوەیەکی سینەمایی تایبەت بە حکوومەتی هەنگاریایان دامەزراندووە کە دەست دەگرێت بەسەر کەرتی سینەمادا، و ئێمەش نیگەرانی ئەوەیەن کە ئەو سیستمە پلوڕالەی کە هەمانبوو وا بەرەو لەناوچوون دەڕوات. لەو کاتەوەی کە یاسای میدیا دەرچووە، تارمایییەک بەسەر ژیانی کولتووری هەنگارییەوە دەسووڕێتەوە و هەر ئەمەشە ئێمەی فیلمسازانی تەواو نیگەران کردووە.

پرسیار: دوای فیلمی ئەسپەکەی تۆرین چی ڕوو دەدات؟

بێلا تار: پێم وایە ئەم فیلمە پێگەیەکی تایبەتی هەیە لە ناو کارەکانمدا. من ٣٤ ساڵ بەر لە ئێستا، بە کارکردن لە یەکەم فیلممدا دەستم پێ کرد. ئەوە ماوەیەکی ئێجگار دوورودرێژە، و ئەم فیلمەش شتێکی گۆڕیوە. ئیتر بازنەکە داخرا.

زۆر سپاس بۆ قەبوڵکردنی ئەم چاوپێکەوتنە

١٥ فێبریوەری ٢٠١١