ئەمریكادۆزیى تێكست

هەوڵێك بۆ دەرچوون لە ڕەخنەى نەرێكار

( ١ )

دواى سى ساڵ زیاتر لە بەكارهێنانى بەرفراوانى وشەى “ڕەخنە” Critique لە ئەدەبیاتى نووسینى ئێمەدا، هێشتایش ماناى ئەم چەمكە ساكار و نەخەمڵیو ماوەتەوە؛ ڕەنگە گرنگترین هۆكار ئەوە بێت كە لە ماوەى ئەو ساڵانەدا ڕەخنە لە كولتوورى زارەكیى ئێمەدا بە پرۆسەیەكى درێژى بەدەنگكردندا تێپەڕیووە كە دەرەنجام بەبێ ئەوەى لە كایەى فیكردا بەرەو گەشەكردن و میتۆدیزەبوونى زیاتر بڕوات، وەزیفەیەكى دەروونى لە قسەى زارەكیدا وەرگرت و وەك پەرچەكردار بەرامبەر بێدەنگكردنێك كە دەسەڵاتى كوردى دەیسەپاند، بوو بە زاراوەیەكى باو لەسەر زمانى خەڵكى ئاسایى، بەم هۆیەوە بە شێوەیەكى ئۆرگانیكى تێكەڵ بوو بە زمانى كڵێشەیى میدیاى پۆپۆلیستى و ماناكەى تەواو لە كایەى نووسین، كە بە بڕشتترین زەمینەیەتى، دوور كەوتەوە. ئەم مانا گشتى و ڕەشۆكییەى ڕەخنە پتر لە “گازاندە”، “ڕادەبڕین”، “دەردەدڵ”، “خاڵیبوونەوەى دەروونى” و هی ترەوە نزیكە كە بە گریمانەیى پەیوەندیى بە دۆخى ستەمكارى و ناعەدالەتییەوە هەیە، بەرهەمى پەیوەندییەكانى چەوساندنەوەیە لەنێوان “دەسەڵات/ كۆمەڵگە”، “حاكم/ خەڵك”ـدا. وەها مانایەك لە دواى ڕاپەڕین لە كایەى ڕۆشنبیرییەوە چووە نێو گوتارى عامییەوە و جۆرێك شكستى ئەو شتە بوو وا پێی دەوترێت “بەخشینى زمان بە چەوسێنراوان”.

فەلسەفە دژە-نواندنەوەكان anti-representation، لایان وایە نوێنەرایەتیكردن لە هەموو فۆڕمەكانیدا (چ نوێنەرایەتیى خودا بێت لەلایەن كەشیش و مەلایانەوە، یان نوێنەرایەتیى موتڵەق بێت لەلایەن پاشا و حاكمانەوە، نوێنەرایەتیى چینى كرێكار بێت لەلایەن حزبى ئاڤانگاردەوە، نوێنەرایەتیى خەڵك بێت لەلایەن پەرلەمانەوە، نوێنەرایەتیى گەل بێت لەلایەن گوتارى ناسیۆنالیستى یان ڕابەرى فاشیستییەوە؛ یاخود بەگشتى نوێنەرایەتى حەقیقەت بێت لەلایەن ئایدیاوە) خۆى بەشێكە لە چەوساندنەوە و هێندەی تر بێدەنگی بەسەر نوێنراواندا دەسەپێنێت. كەواتە ئەركى فەلسەفە و ڕەخنە ئەوەیە لەبریی دووان لەبرىیی ئەوانی تر و داڕنینى شەرعییەت بۆ گوتارى خۆیان لە ئازارى چەوسێنراوانەوە، بەشدار بن لە سازكردنى زەمینەى ئەوەى چەوسێنراوان، دوورخراوان، سەركوتكراوان خۆیان و بە ناوى خۆیانەوە بدوێن. تەنانەت فوكۆ هەوڵى بۆ ئەوە دا، نەك تەنیا ئەوانەى كە هۆشیارن و دەتوانن لۆژیكى بدوێن، بدوێن، بەڵكوو شێت و نەخۆش و زیندانییەكانیش بێنە قسە و بە زمان و زاراوەى خۆیان گوتاریان هەبێت؛ بێ ئەوەى ئەمە دووان بێت لەسەر قەرەوێڵەى دەروونشیكار (وەك لادەرى سێكسى)، یان لە كلینیكى دكتۆر (وەك نەخۆش)، یان لە بەردەم لێكۆڵەرى تاواندا (وەك تاوانبار). دۆلوز ئەو مافە لە پارێزەریش وەردەگرێتەوە كە لەبریى تاوانبار قسە بكات، لەبریی ئەوە ئەركى پارێزەر لەوەدا كورت دەكاتەوە دەرفەت بۆ ئەوە بڕەخسێنێت دەنگى ئەو كەسەى بە تاوانبار دانراوە، ببیسترێت. لە دواى ڕاپەرین و دروستبوونى دەسەڵاتى شلۆقى خۆماڵییەوە دەسەڵاتداران و خەڵك لێكترازان، ئیدى چاڵى دابەشبوونێكى بێپێشینە دەمى كردەوە؛ یەكەمیان بوو بە چەوسێنەر و دووەمیان بە چەوسێنراو (گەرچى پەیوەندییەكە لەم لۆژیكە تاكڕەهەندە ئاڵۆزترە). سەرەتا دەبوو چەوسێنراوان بێنە دەنگ، بەڵام نەیاندەزانى بە چ زمانێك خۆیان دەرببڕن. كایەى ڕۆشنبیرى، لە ڕێگاى ڕۆژنامەگەریى سەربەخۆ و ئەهلییەوە (بەتایبەتى هاووڵاتى و ئاوێنە و لڤین لە دەیەى یەكەمى دووهەزاردا)، شێوە زمانێكى پێبەخشین، واتە دەرفەتى ئەوەى بۆ ئاوەڵاكردن وتەى پەرشوبڵاوى گروپە كۆمەڵایەتییەكان كەمێك خۆیان كۆ بكەنەوە و كاریگەرتر بەرانبەر گەندەڵى و ستەم بێنە قسە، بەڵام ئەم زمانە لەلایەك وەك پێویست تۆكمە و بەبڕشت نەبوو، لەلایەكى تر لە ململانێى سیاسیى “پارتى و یەكێتى” و “دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن”دا لە هەموو پۆتێنشیەڵەكانى بەتاڵ كرایەوە. ئەم زمانە ناونرا “زمانى ڕەخنە”، كە هاوكات بوو لەگەڵ گۆڤارى “سەردەمى ڕەخنە”ى دواى گۆڤارى ڕەهەندەددا. مەبەستیش لەم زمانە ڕەخنەگرتن لەو كارخراپییە بوو كە ناو نراوە “حكوومەتى هەرێم”. هەر لەم كاتەدا زاراوەى “ڕەخنە” بەرەبەرە دەخزایە نێو كایەى میدیاى بینراو و بیستراوى ئۆپۆزسیۆنى پۆپۆلیستییەوە كە گوایە دەنگى خەڵكـیان دەگەیاند؛ هەمووان بڕوایان بەوە هێنا ڕەخنە ئەوەیە كە كەموكورتییەكانى حكوومەت دەربخەیت و بێ ترس هەموو شتێك بڵێیت. بەڵام چەندە دەوترا نەدەبیسترا؛ لەو كاتەوە لایەك هەر دەڵێت، تووڕە دەبێت، هاوار دەكات، دەپاڕێتەوە، داوا دەكات و لایەكەى تر هەر نایبیستێ و نایبیستێ.

پاراڵێڵ بەم زارەكیبوونەوەى ڕەخنە، پرۆسەى بە نووسینكردنى ڕەخنەى زارەكییش دەستى پێ كرد كە تێیدا كایەى نووسین بوو بە ڕەنگدانەوەى كایەى وتن؛ پیت بوو بە پاشكۆى دەنگ. لاى دێریدا نووسین لە جەوهەرى خۆیدا جیاوازە لە دەنگ؛ نووسین نووسینەوەى قسە نییە، بەڵكوو مومارەسەیەكى سەربەخۆى دەربڕینە كە لۆژیك و كەرەستە و مەرجى جودا لە هى قسەى هەیە؛ لەگەڵ ئەم جیاوازییەدا نووسین جیادوازیdifféranceـیشە خۆى كایەى بەرهەمهێنانى جیاوازییشە كە بەردەوام هەر وتنێكى پڕ مەدلول دوا دەخات. كایەى نووسینى ئێمە، دواى ئەوەى بەم پێچە دوو لۆچەى زارەكیبوونەوەدا تێپەڕى، بەتایبەتى دواى بڵاوبوونەوەى سۆسیال میدیا، بووە بە كایەیەكى دەنگەوەر، شوێنى وتن دەكەوێت؛ واتە فۆڕمێكى وەرگرتووە كە هەڵچوون و بێئارامى و دەرپەڕاندنى قسە لە سیفەتە سەرەكییەكانین و هاوكات مژدەى حزوورى مەدلول دەدات. لەم بەزارەكیبوونەوەیەدا زەبرى هەرە گەورە پێش هەر شتێكى تر بەر خودى ڕەخنە كەوت. ڕەخنە تێیدا، تەنانەت لە كایەى نووسینیشدا، بوو بە “وتن”، بە وتنەوە، بە وتنى بێ هەوانتە. بە جۆرێكی تر بیڵێین: ڕەخنە بوو بە زۆرووتن، بە زۆربڵێیى. لەو كاتەوە كەسانێكى دەگمەن هەبوون سەرنجى ئەوە بدەن كە زۆرووتن لەپێناو وتنى هەموو شتێكدا، جیاوازە لە وتنى هەموو شتێك لە كەمووتندا. لە یەكەمیاندا زمان لە خۆڕا مەسرەف دەكرێت؛ لە دووەمیاندا ئابووریى زمان هەیە. وێڕاى ئەمەیش مەرجى ڕەخنە تەنیا نووسین نییە؛ هەروەها زوهدى یەكجارەكیش نییە؛ بە پێچەوانەوە، ڕەخنە لە هیچ بارێكدا خۆى لە وتن بۆ جودا ناكرێتەوە؛ كەواتە ئەمە چ وتنێكە؟ ئەوەیە كە لە چەمكى پارێزیادا لەخۆگیراوە؛ هەمان ئەو چەمكەى میشێل فوكۆ بە وردى كارى لەسەرى كردووە.

ژاک دێریدا (١٩٣٠-٢٠٠٤) فەیلەسووفی فەڕەنسی

( ٢ )

فوكۆ وانەوتارەكانى ساڵى ١٩٨٣-١٩٨٤ى خۆى لە كۆلێژ دو فرانس تەرخان دەكات بۆ لێكۆڵینەوەى ژینالۆژیى ئەم چەمكە. بە بڕواى ئەو پارێزیا parrhēsia، بە گەڕانەوە بۆ ئەسڵە یۆنانییەكەى، واتا ڕاشكاوى و سەراحەت؛ واتە وتنى هەموو شتێك، بەبێ شاردنەوەى هیچ بەشێكى ئەو شتەى كە دەوترێت؛ بەڵام ئەمە هەندێك مەرجى هەیە، بنەڕەتیترینیان ئەوەیە كە دەبێت وتن لە دەورى حەقیقەت بسووڕێتەوە؛ وتنى هەموو شتێك لە پەیوەندیدا بە حەقیقەتەوە، بە حەقیقەتێكەوە كە قەسە نەك تەنیا بشاررێتەوە، بەڵكوو قۆرخیش بكرێت. بەم جۆرە وتنى حەقیقەت دەبێتە جۆرێك ڕیسك، ڕیسككردنى كەسى قسەكەر بە ژیانى شەخسى خۆیەوە؛ لێرەوە پارێزیا واتە بوێرى بۆ وتنى حەقیقەت (Foucault: The Politics of Truth, P. 11-13).

بەگوێرەى شیكاریى فوكۆ، پارێزیا پەیوەندییەكى جەوهەری بە دیموكراسییەتەوە هەیە كە فەزاى قسەكردن دەستەبەر دەكات؛ وەها پەیوەندییەكى جەوهەرى بە ئاڵۆزییەكى تەبایى و ناكۆكیدا تێدەپەڕێت: لەلایەك دیموكراسییەت مافى قسەكردن بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت. لێرەدا مادام هەمووان دەتوانن بە ئازادى بدوێن، كەواتە هیچ مەترسییەك بۆ خودى كەسەكان لە ئارادا نییە، بەڵام دیموكراسییەت دەبێتە جۆرێك ژاوەژاو. لەلایەكی تر گەر هەمووان قسە بكەن، مەرج نییە هەمووان حەقیقەت بڵێن؛ بە پێچەوانەوە، زۆر هۆكار هەن وا دەكەن قسەكردن ببێت بە ڕیتۆریك، سەفسەتە، دۆگم؛ بەو مانایە تەنیا بەشێك لەوەى دەوترێت لەگەڵ حەقیقەتدا لە پەیوەندیدایە، یاخود تەنیا بەشێكى قسەكەران پەیوەستن بە حەقیقەتەوە. لێرەوە پارێزیا مومارەسەیەكى تاڕادەیەك نوخبەیى دەكەوێتەوە و لەگەڵ دیموكراسییەتێكى پۆپۆلاردا تەبا نییە؛ تەنیا وتنێك نییە بە شێوەى بەلاغە و سەفسەتە، بەڵكوو وتنى حەقیقەتێكە كە دەبێتە ڕیسك و مەترسى بۆ سوبێكتى قسەكەر؛ گەر وەها مەترسییەك لە گۆڕێدا بێت بەو مانایەیە ئەو فەزایەى حەقیقەتى تێدا دەوترێت دیموكراسى نییە. لێرەدا بە پێچەوانەوانەى لایەنى یەكەمەوە، كە پارێزیا ویستى جودابوونەوە بوو لە دیموكراسییەتى قسەكردن بۆ هەمووان، دەبێتە ویستى ڕەخساندنى زەمینەى دیموكراسییەت بۆ وتن، بۆ وتنى حەقیقەت، دژ بەو لایەنەى كە دەیەوێت مافى قسەكردن زەوت بكات؛ پارێزیا دەبێتە مومارەسەكى دیموكراتییانەى وتن (Ibid, P. 35-39).

مەرجى ئەم ڕیسكەى وتن لە پارێزیادا (كە تەواوكەرى مەرجەكەى سەرەوەیە) ئەوەیە كە بەربێژ هەبێت، بیسەر هەبێت. دەكرێت لەم بابەتەدا بیسەر لە دوو كاتیگۆریى سادەدا پۆلێن بكەین: یەكەمیان ئاڵنگارە؛ ئەو كەسەى تەحەدا دەكات و بۆ نموونە لە دادگا یان لە فەزایەكى گشتیدا دژە ئەرگومێنت دەخاتە ڕوو، واتە كەسێكە بەردەوام بۆچوون و بەڵگەى قسەكەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە تاوەكوو حەقیقەت بۆ ڕوونترین ئاستى سەلماندن بەرز بكاتەوە. بەڵام ئەگەر لێرەدا بەربێژ دەسەڵات یان دەوڵەت بێت و حەقیقەتەكەیش ناكۆك بێت لەگەڵ ئەوەدا كە دەوڵەت دەیخوازێت و دەیخاتە ڕوو، ئەوا پارێزیا دەبێتە جۆرێك توندوتیژى دژ بە دامەزراوەكانى دەوڵەت؛ لە بەرانبەردا بە ئەگەرى زۆر دەوڵەتیش بە توندوتیژى وەڵام دەداتەوە؛ ئەمەیش ڕیسكە بۆ ژیانى قسەكەر. ئەوەى ڕۆڵى هەیە لەوەى ئەم تەحەدا و ڕیسكەوەك گرەوێك لەپێناو حەقیقەتدا ببینرێت، جۆرى دووەمى بیسەرە كە جۆرێك شاهیدە. بیسەر شاهیدە لەسەر ئەو ڕیسكەى كە قسەكەر لەپێناو دەرخستنى حەقیقەتدا بە ژیانى خۆیەوە دەیكات؛ گەر ویستێك بۆ سەركوت و بێدەنگكردن لەلایەن دەوڵەتەوە هەبێت، شاهید ڕەوایەتیى دەزگاى پەیوەندیدار دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەم جۆرە شار وەك شارى دیموكراسى هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام یۆنانییەكان لەبەر ئەوەى شانازییەكى گەورەیان بە دامەزراوە دیموكراسییەكانیانەوە دەكرد و پاراستنیان بە ئەرك دەزانى، هەرگیز نەیاندەویست ڕۆڵى پارێزیا و بیسەرەكەى وەلا بنێن؛ چونكە ئەمە دەبوو بە مەرگى دامەزراوەكانى خۆیان. ئێستا گەر ئێمە ئەم پەیوەندییەى پارێزیا بە دیموكراسییەت و حەقیقەتەوە وەك جۆریك مومارەسەى وتن و بیستن، گۆیا1“گۆیا”=قسەكەر، سوبێكتى گۆكردن. “بیسا” =بیسەر. بینا=بینەر. پێشتر دكتۆر عیرفان مسەفا ئەم زاراوانەى بەم فۆڕمە داڕشتووە. و شاهید، لەبەرچاو بگرین، ئەوا چیتر ڕەخنە بە واتاى زۆربڵێى، ژاوەژاو، پرتەوبۆڵە، گازاندە، داواكارى، سەفسەتە نییە؛ بەڵكوو داكۆكیكردنە هەم لە حەقیقەت، هەم لە زەمینەى وتنى حەقیقەت 2بێگومان ئەو پرسە بێ ئەندازە ئاڵۆزە كە حەقیقەت چییە و كێ دەتوانێت بیڵێت؛ ڕێژەیییە یان ڕەها، بەرهەم دێت یان جەوهەرییە، دنیایى یان میتافیزیكییە، مەعریفەیە یان شهود و هتد. ئەم تێمایە بەشیك نییە لە سیاقى گشتى ئەم وتارە، بۆیە لێرەدا پرۆبڵماتیزەى ناكەین.؛ لە بارێكدا كە بە نەووتن حەقیقەت پاشەكشە دەكات، یان دەشاررێتەوە.

ڕەخنە بە واتاى زۆربڵێى، ژاوەژاو، پرتەوبۆڵە، گازاندە، داواكارى، سەفسەتە نییە؛ بەڵكوو داكۆكیكردنە هەم لە حەقیقەت، هەم لە زەمینەى وتنى حەقیقەت؛ لە بارێكدا كە بە نەووتن حەقیقەت پاشەكشە دەكات، یان دەشاررێتەوە.

( ٣)

گەر فەزاى ڕۆشنبیرى كەمێكیش خۆى لە مانا ساكارەكەى ڕەخنە لاى خەڵكى ئاسایى جودا كردبێتەوە، هێشتا لە دێرینترین و باوترین تێگەیشتن لە ڕەخنەدا ماوەتەوە، كە بەكارهێنانى ڕەخنەیە وەك “پێوانەسازیى حوكم”. ڕەخنە لەم بەكارهێنانەدا بریتییە لە پێوانەى دیاریكردنى چاك و خراپ، بەرز و نزم، هەڵە و ڕاست. ڕەخنە تواناى دەستنیشانكردنى هەڵەیە لە تێكستێكى تیۆرى، ڕێسایەكى ئاكارى، مەرجێكى كۆمەڵایەتیدا، تاوەكوو ئەم “هەڵە”یە لە تێگەیشتنێكى بەرزتر، كامڵتر، ڕەسەنترەوە نەفى بكات. كەواتە نزیكایەتیى وشەى پێودانگ Criteria لە وشەى ڕەخنە Critiqueـەوە ڕێكەوت نییە. وشەى “krites“ى یۆنانى كە لە هەردووكیاندا هاوبەشە، بە واتاى “حوكم” دێت. Kriterion پێودانگ و پێوەرەكانى پێوانەكردنى شتێكە تاوەكوو حوكمێكى لەبارەوە بدرێت. Critique حوكمێكە بەپێى پێودانگەكان. كەواتە گەر لە كایەى نووسین و تێكستدا باس لە ڕەخنە بكەین، دەبێت بڵێین ڕەخنە پراكتیزەكردنى ڕستێك پێوەر و بەهایە بەسەر دەقدا بۆ ئەوەى “ڕەوایەتى” و “دروستى” بەرهەمێك یان بەشەكانى بەرهەمێكى پێ هەڵبسەنگێین و لەسەر بنەماى ئەم هەڵسەنگاندنە حوكمێكى لەبارەوە بدەین.

ئەم تێگەیشتنە، كە لە مێژووى فیكرى ڕەخنەییى ڕۆژئاواییدا خۆى بووەتەوە بە بابەتى ڕەخنە و بە بەدگۆڕانى زۆردا تێپەڕیووە، كۆمەڵێك كێشەى تێدا كەشف كراوە، لەوانە: ١) جیاكردنەوەى ڕەخنە و تێكست لە یەكترى و پۆلێنكردنیان لە دوو پێگەى جیاوازدا: ڕەخنە هەمیشە دەسەڵاتێكى بەرزترى لە تێكست هەیە، دەتوانێت لە سەرووى تێكستەوە، قسە بكات. ٢) كورتكردنەوەى پرۆسەى بیركردنەوە، چەمكسازى، زمان، ستایل لێڵییەكان لە حوكمدا.  ٣) زۆربەى ئیمكانە ناوەكى و  دەرەكى، واقیعى و ڤێرتوێلییەكانى دەق فەرامۆش دەكات و تەنیا یەك ڕەهەند، یەك مانا، یەك تەفسیرى بەسەردا دەسەپێنێت (بۆ نموونە سادەكردنەوەى نیچە لە نازیبووندا). ٤) حوكم خۆى هەرگیز نە پەتییە نە پاكژ؛ دەكرێت حوكمى نەریتى، ئایدیۆلۆژى، سیاسى بێت بۆیە یان مەحكومكردنى تێكستە، یانیش پەڵپە بە تێكست لەو دۆخەدا كە ساغكردنەوەى حوكمێك، بە هۆى ناڕوونییەكانى دەقەوە، مەحاڵ بێت. ٥) ڕەخنە وەك حوكمدان ناتوانێت گەرەنتیى ئەوە بكات كە نەگۆڕدرێت بۆ بێ ئینسافى و تەعەسوف، چ لەسەر بنەماى كەمتەرخەمى، كەمزانیارى، سەتحیبوونى ڕەخنەگر، یانیش بە فەرامۆشكردنى ئەنقەست، كە لەم بارەدا هەر بە زۆرەملێ حوكم لەسەر تێكست و نووسەر دەدرێت. بۆ نموونە دەكرێت ڕەخنەگرێك ئەوە بسەلمێنێت لە شیعرى  شێركۆ بێكەسدا سروشتگەراییەكى ناسیۆنالیستى بوونى هەیە، بەڵام كۆمیدى دەكەوێتەوە گەر ستایشى دارستان لاى فاشیستەكانى ئەڵمانیا بكەین بە پێوەرێك بۆ زاراوەى دارستان لە شیعرى شێركۆدا تاوەكوو حوكمى ئەوە بدەین كە شێركۆ فەرهەنگى خۆى لە زمانى فاشیستەكانەوە داڕشتووە.

blank
میشێل فوکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤) فەیلەسووفی فەڕەنسی

جودیت باتلەر لە نووسینێكیدا بە ناوى ڕەخنە چییە؟ وتارێك دەربارەى فەزیلەتى فوكۆ ئەوە پیشان دەدات كە فوكۆ سروشتى ڕەخنەى لە “پێوەرى حوكمدان” لەسەر تێكستەوە گۆڕى بۆ ڕەخنە وەك مومارەسە لە ژیاندا؛ گەر بڕیارە لەم مومارەسەیەدا پێوەرێك هەبێت، ئەوا تەنیا ئەوەیە كە دەتوانین لە كانتەوە هەڵیگۆزین: نە حوكم بكرێیت و نە حوكم بكەیت؛ سوبێكتى ئەوانی تر نەبیت یان ئەوانی تریش نەكەیت بە سوبێكت، بە هەردوو ماناكەى ئەم چەمكە كە “ملكەچى” و “سەردارى بەسەر ئوبێكتدا”یە. لەبریى ئەمە، ڕەخنە بریتییە لە سوبێكتسازیى خودێك كە شەرعییەتى دەسەڵات بخاتە ژێر پرسیارەوە (Butler: What is Critique? 2011). ئەمە كاركردێكى هەرە پارادۆكسیكاڵى ڕەخنەیە. ڕەخنە ئەوەیە كە تواناى ئەوەت پێ بدات بێ بیركردنەوە دەسەڵات قبوڵ نەكەیت؛ لەوانە دەسەڵاتى نووسەر لەسەر دەق، یان دەسەڵاتى ڕەخنەگر لەسەر تێكست. گەر ڕەخنە وەك دەسەڵات بەسەر دەقدا پراكتیزە بكرێت، كەواتە ڕەخنەیەكى تر هەیە، كە لە خودى ڕەخنەلێگیراوەوە دێت، ئەویش ئەوەیە ملكەچى دەسەڵاتى ڕەخنەگر نەبێت. لە بارێكدا ڕەخنە پێوانە و حوكم بێت بۆ گرتنى ناوەڕۆكى دەق، دەق دەكشێتەوە؛ ئەمە جەوهەرى ئەدەبیاتە لاى مۆریس بلانشۆ. لەم ڕوانگەیەوە تێكست ڕووبەرێكە بۆ موماسەرەى بەردەوامى ڕەخنە؛ لە سەرووى ڕەخنەوە نییە، ڕەخنەیش لە سەروویەوە نییە، بەڵكوو خۆى فەزاى بەرهەمهێنانى ڕەخنەیە؛ سەتحێكى ناونیشانە كە هەركەس بیەوێت دەستى بەسەردا بگرێت، خۆى دەگۆڕێت بۆ جۆرێك ترانسێندنتاڵ كە بەرەو دەرەوە هەڵدێت. بەم پێیە ئێمە دوو ڕووبەرى جیاوازمان نییە: یەكێكیان تێكستێك (سوبێكت/ملكەچى ڕەخنە) و دووەمیان ڕەخنە (سوبێكت بەسەر تێكست/ئوبێكتدا). ئەم دووانە [دەق و ڕەخنە] پێكەوەن، بەو مەرجەى تێكست خۆى مومارەسەى ڕەخنە بێت. لێرەدا ڕەخنە دەبێتە كەشفكردنى بەردەوام، كردنەوەى لۆچە ڤێرتوێلییەكان، پێشكەشكردنى دەق وەك شتێك كە بە تەواوەتى و بە یەكجار نابرێتە بەر ڕۆشنایى.

( ٤)

بۆچى دەق نەبرێتە بەر ڕۆشنایى، لە كاتێكدا ڕۆشنایى هەر لە دێر زەمانەوە مانایەكى پۆزەتیڤى هەبووە: ڕۆشنایى بریتییە لە ڕووناكیى عەقڵ و زانین كە بەسەر تاریكى و ساختەدا زاڵ دەبێت. ئاخۆ ئەمە كرۆكى ڕۆشنگەرى نییە؟ بەڵێ، بەڵام ئەمە لەلایەك زیاد لە ڕادە سادەكردنەوەیە؛ لە لایەكی تر ڕۆشنگەریى عەقڵانى لەسەر مۆدێلى ڕۆشنگەریى تیۆلۆژى [مەسیح وەك ڕووناكى] دادەڕێژێتەوە كە خودى ڕۆشنگەرى لە سەردەمە بەراییەكانى خۆیدا لەگەڵیدا كەوتە ململانێ. كانت هەوڵ دەدات ڕۆشنگەرى پتر دنیایى بكاتەوە. لە دەقە بەناوبانگەكەیدا وەڵامدانەوەى پرسیارى ڕۆشنگەریى چییە؟ كانت ڕۆشنگەرى وەك دەرچوون لە پێنەگەیشتوویى وێنا دەكات. بە لاى كانتەوە ڕۆشنگەرى واتە بوێرى بۆ بەكارهێنانى عەقڵ لەپێناو دەرچوون لە نەخەمڵیویى زەینیدا. ئەم نەخەمڵیوییە سروشتكرد نییە، لەبەر ئەوە نییە كەسانێك، خەڵكانێك یان هەندێ لە كۆمەڵگاكان نوقسانی لە عەقڵیاندا هەیە، پتر بە هۆى ئەوەیە كە بوێرییان نییە بۆ بەكارهێنانى ڕۆشناییى عەقڵ لە بەرانبەر ئەو هێزانەدا كە فەرمان بە گوێڕایەڵى بۆ فەرمانەكانى ئەوانی تر دەكەن (Kannt: Beantwortung der Frage; Was istAufklärung, P. 5)؛ كەواتە لاى كانت كاڵفامى Unmündigkeit بەرەنجامى نەوێرى Unmütigkeitـى فامكردنە؛ چ وەك تاكەكەس بۆ نموونە گوێڕایەڵى سەرباز، نەخۆش، فەرمانبەر؛ یان گوێڕایەڵى كۆمەڵگایەك بۆ پیاوى ئایینى، ئەمیر، سەرۆك. بەم پێیە لە دوولایەنەوە بەكارهێنانى عەقڵ زەروورە: ڕۆشنگەریى تاكەكەسى، واتە بەكارهێنانى عەقڵ بە شێوەى خودی لە هەڵوێستێكى دیاریكراوى كار یان ئەركدا. ڕۆشنگەریى گشتى لە كۆنتێكستێكى گەردوونیدا. لە هەردوو بارەكەیشدا ڕۆشنگەرى ڕووبەڕووبوونەوەى كاڵفامییە.

فوكۆ دەقەكەى كانت دەكات بە بنچینەى وتارە ناودارەكەى كۆتایییەكانى تەمەنى: ڕۆشنگەرى چییە؟ و بە زوویى ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەى كاڵفامى پێش هەموو شتێك لە خودەوە دەست پێ دەكات (Foucault: Ethics, P. 306). مرۆڤ بۆ ئەوەى دژ بە بەربەستەكانى بەردەم ڕۆشناییى عەقڵ بوەستێتەوە، پێویستە سەرەتا ئەو بەربەستانە لە زەینى خۆیدا، كە وەك ئوبێكت كەوتوونەتە نێوان عەقڵى و جیهان، هەڵبگرێت، بۆ ئەمەیش پێویست دەكات ڕۆشناییى عەقڵ پێش هەموو شتێك ئاراستەى خۆى بكات. بەم جۆرە یەكەمین هەنگاوى پرۆسەى ڕۆشنگەرى بریتییە لە خۆ-ڕەخنەكردن بۆ ئەوەى بیركردنەوە لە ئاستى كەسیدا پێ بگات و بەرەو ئاستە گەردوونییەكەى، كە ڕۆشنگەریى گشتی-جیهانییە، هەڵبكشێت. لەم كردەیەدا ئیرادە پەیڕەوى لە هیچ فەرمانێك ناكات لە فەرمانى عەقڵ نەبێت، ڕەوایەتیى هیچ هێزێك لە سەروو ڕەوایەتیى خودى عەقڵەوە پەسەند ناكات؛ واتە مرۆڤ گوێڕایەڵى عەقڵ دەبێت. فوكۆ لە وتارەكەیدا دەركى بەم پەیوەندییەى نێوان ڕۆشنگەرى و ڕەخنە كردووە، بۆیە دەنووسێت: «لە هەموو بارێكدا پرسیارەكە ئەوەیە كە بزانین چۆن بەكارهێنانى عەقڵ دەشێت ئەو فۆڕمە گشتییەى كە خوازیارییەتى، وەربگرێت؛ ئەوەی بزانین چۆن گوێڕایەڵى لە مەعریفە دەشێت لە سنوورى ڕۆشنكردنەوەدا مومارەسە بكرێت. […] پێم وایە پێویستە جەخت لەسەر ئەو پەیوەندییە بكەینەوە كە لەنێوان ئەم دەقە كورتە و هەر سێ ڕەخنەكەدا هەیە. لە ڕاستیدا كانت، لە ساتێكدا وەسفى ڕۆشنگەرى دەكات كە مرۆڤایەتى لەوەدایە عەقڵى خۆى بخاتەگەڕ بەبێ ئەوەى خۆى ملكەچى هیچ دەسەڵاتێكى تر بكات. ڕێك لەم ساتەدایە كە ڕەخنە پێویستە، چونكە ڕۆڵەكەى ئەوەیە ئەو هەلومەرجانە پێناسە بكات كە تێیاندا بەكارهێنانى ڕەواى عەقڵ لەوەدایە ئەوە دیارى بكات كە دەشێت چى بزانرێت، دەشێت چى بكرێت، دەشێت هیوامان بە چى هەبێت. بەكارهێنانى ناڕەواى عەقڵ ئەوەیە كە دەبێتە مایەى دۆگماتیزم و ناسەربەخۆیى، تەنیا لەگەڵ وەهمدا» (Foucault, P. 308).

ئێستا با بگەڕیینەوە بۆ یەكەمین ڕستەى ئەم وتارە: «ڕەخنە لە فەزاى ئێمەدا نەخەمڵیو ماوەتەوە». بێگومان ئەمە جۆرێك حوكمە؛ بەڵام حوكمێكى زۆرەملێ نییە و دەكرێت بیسەلمێنین؛ نەخەمڵیو واتە بەربەست لەبەردەم بەكارهێنانى عەقڵدا هەبووە وەك مەرجەعى ڕەخنەكردن بە واتا كانتییەكەى. لەو بەربەستانە: ناسەربەخۆییى تاكى عەقڵانى (ڕوانین لە دۆگمەكانەوە)، كەمى مەعریفەى فەلسەفى، ڕەخنەى نا-ناونشین (بۆ نموونە گەر كەسێك بە هیچ داوێكى شایەنى باسەوە بە دنیاى ڕۆمانەوە نەبەسترابێت، بەڵام ڕەخنەى ئەوە لە ڕۆماننووسێك بگرێت كە بۆچى كارەكتەرەكەى لە بەرزایییەوە دەكەوێتە خوارێ و نامرێت، ئەوا ئەمە دەبێتە پەڵپ نەك ڕەخنە.)، پشتبەستن بە ڕاى سەتحى تاكەكەسى بە ناوى جیاوازییەوە، مومارەسەى ڕەخنە لە ناكۆكیى كەسیدا (وەك ئامرازى لێدان لە نووسەرى ڕەخنەلێگیراو و بەرهەمەكەى)، ڕەخنەگرتن وەك بەتاڵبوونەوەى دەروونیى (كینە و ئیرەیى). هەر یەك لەم ڕەخنانە گوێڕایەڵى هێزێكى تر بوون جگە لە هێزى بیركردنەوە؛ تەنانەت گەر لە ڕووى كەسیشەوە ڕەخنەگرانى لەم جۆرە تواناى بیركردنەوەى زرنگانەیان هەبێت، هێشتا ناتوانین بڵێین ئەوان ڕەخنەگرن، چونكە بیركردنەوەیان ملكەچى غەریزە و دۆگمەكانى خۆیان كردووە؛ یان هیچ نەبێ پەردەیەكیان خستووەتە نێوان بیركردنەوە و بابەتەكەیانەوە. بە زۆرى لە فەزاى ئێمەدا ڕەخنە ماناى غەریزەنووسی وەرگرتووە؛ سەرجەمى ئەمانە بە چەمكى كانت واتاى كاڵفامین؛ ڕاشكاوتر بڵێین بە مانایەك دژە-ڕۆشنگەریین: نەبوونى بوێرى بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەكانى بەردەم بیركردنەوەدا. گەر لەم ڕوانگەیەوە ئەركى ڕۆشنگەرى لە كۆمەڵگەى خۆماندا دیارى بكەین، ئەوا دەبێت ئاراستەى خودى ڕەخنەى بكەین: ڕۆشنگەرى واتە دەرچوون لە نەخەمڵیویى ڕەخنە و لە ڕەخنەى نەخەمڵیو؛ ئەمەیش دەبێتە جەوهەرى زەرووریى خودى ڕەخنە بۆ ئێمە. ڕەخنە بریتییە لە ڕەخنەى ڕەخنە، بریتییە لە ڕەخنەى ڕۆشنگەرانەى ڕەخنەى نەخەمڵیو.

ڕۆشنگەرى واتە دەرچوون لە نەخەمڵیویى ڕەخنە و لە ڕەخنەى نەخەمڵیو؛ ئەمەیش دەبێتە جەوهەرى زەرووریى خودى ڕەخنە بۆ ئێمە. ڕەخنە بریتییە لە ڕەخنەى ڕەخنە، بریتییە لە ڕەخنەى ڕۆشنگەرانەى ڕەخنەى نەخەمڵیو.

( ٥)

بێگومان لە فەزاى ئێمەیشدا هەندێك تێكست دەهێنرێتە بە ڕۆشنایى، بەڵام چ ڕۆشنایییەك؟ ئەوە وەك بەڵگەنەویستێك وایە كە ئێمە یەك جۆر ڕۆشناییمان نییە؛ كەواتە هەموو ڕووناكیییەك ڕۆشنگەرانە نییە. پێشتر ئاماژەمان بە جیاوازى نێوان “نور”ى ئایینى و “ڕۆشنایى”ى عەقڵ دا. دەتوانین جۆرى دیكەیش دیارى بكەین: ڕۆشناییى هەتاو كە بە بڕواى ئەفڵاتوون تەنیا نوسخەیەكى شێواوى ڕۆشناییى جیهانى ئایدیاكانە. ڕۆشناییى چاوى سەر كە پێی دەوترێت سۆما. بەردەوامیش سۆمایەكى تر هەبووە كە سۆماى چاوى سەرى نەسخ كردووە: عیرفان یان چاوى دڵ. ڕۆشناییى تەكنیكى كە ئەلەتریك دابینى دەكات. هەروەها دنیاى دیجیتاڵى كە لە سەردەمى ئێستاماندا لە ڕۆشناییى ڕۆشنگەرى دابڕاوە و بووە بە “شەوارەكەوتن”. ڕۆشناییى سینەما كە ڕۆشنایییە دەربارەى خودى ڕۆشنایى لەسەر پەردە؛ دواجار ڕۆشنایییەكى شانۆییشمان هەیە كە ڕۆشنایى خستنەسەر پشتى پەردەیە.

لە فەزاى نووسینى ئێمەدا ڕووناكى خراوەتە سەر دەق لەپێناو یەك ئامانجدا: زەقكردنەوەى كەم و كورتییەكانى دەق، ئاشكراكردنى هەڵەكانى نووسەر. ئەركى ڕەخنە لەبریى ئەوەى ببێتە بەكارهێنانى ڕۆشناییى عەقڵ بۆ دەرچوون لە پێنەگەیشتوویى، پێش هەموو شتێكیش لە پێنەگەیشتوویى خودى ڕەخنە كە خۆ-ڕەخنەكردن پێشمەجى پێگەیشتنییەتى؛ تەنیا بووە بە جۆرێك پەردەهەڵماڵین لەڕووى كەمتەرخەمییەك، تەپڵكوتان بۆ سەهوویەك، فەزحى فەزاحەتێك. گەر دەقى ئێمە نەخەمڵیوو بێت، ئەوا ڕەخنەكەیشمان هیچ كات هاوكار و یارمەتیدەر نەبووە بۆ دەرچوون لە نەخەمڵیوی كە ماناى پێرفێكتى ڕۆشنگەرییە لاى كانت، بە پێچەوانەوە، ویستى ڕاگرتنى ئەبەدیى تێكست بووە لە هەژارییەكەى خۆیدا. نەخەمڵیوی تێكست وەك فەزاحەت مامەڵەى لەگەڵدا كراوە؛ لێرەدا ڕەخنەگرتن وەرگەڕاوە بۆ سەرزەنشت، تەریقكردنەوە، چاوشكاندن. ڕەخنەگرتن لە كەموكورتیى نووسەر بۆ ئاستێكى پەڕگیرتر ڕاكێشراوە، سنوورێك كە كەموكورتى وەرگەڕاوە بۆ هەڵە؛ هەڵەیش بۆ ئاستێكى پەڕگیرتر ڕاكێشراوە كە وەرگەڕاوە بۆ فەزاحەت؛ لە دەرەنجامدا ڕەخنە لاى ئێمە بووە بەسكانداڵناسى. لە كاتى كاركردنم بۆ وتارێك لەسەر پرسى پەردە وەك ئوبێكتى داپۆشین-دەرخستن (شانۆ) و پەردە وەك گەمەى هاوكاتى حزوور-غیاب (سینەما) چەمكى “سكانداڵناسى”م داڕشت. مەبەستیشم لێى ئەو كاركردە پارادۆكسیكاڵە بوو كە دادانەوەى پەردە و لادانى پەردە، پێش و پشتى ستەیج هەیانە و لە شانۆى ئۆدیپیدا پتر ئەو شتە پێكدێنن كە دەكرێت بە دیالەكتیكى فەزاحەت ناوى ببەین؛ لە كاتێكدا پەردە لە سینەمادا دوالیزمى داپۆشین-دەركەوتن تێدەپەڕێنێت. لە سینەمادا هیچ شتێك نییە بۆ شاردنەوە، هەموو شتەكان لە پەیوەندییەكى دەرەكیدان، لە پێشى پەردەدان، چیتر هیچ شتێك لە پشتى پەردەوە بوونى نییە، هەر بەو جۆرەى كە دۆلوز دەڵێت لە پشتى ماسكەكانەوە هیچ ڕووخسارێك، هیچ نهێنییەك بوونى نییە (دلوز: المعرفة و السلطة، ص62)؛ ئەوەى هەیە گەمەى خودى پەردە و ڕۆشنایییە؛ خیانەتى سیمولاكراكانە كە چەمكى فەزاحەت ناتوانێت تەفسیریان بكات3وتارە گرنگەكەى دۆلۆز “ئەفڵاتوون و زڕەوێنە”مان كردووە بە كوردى و ماوەى ساڵێك زیاترە سپاردوومانە بە هاوڕێیانى گۆڤارى “لۆگۆس”؛ لاموایە هێشتایش ژمارەى نوێى گۆڤارەكە بۆ بڵاوبوونەوە ئامادە نەكراوە..

گەر ڕەخنە بریتیى بێت لەدەرخستنى كەموكوڕى، كەواتە ڕۆشنایییەكى بەرزتر، حەقیقیتر، كامڵتر دەخرێتە سەر دەق تاوەكوو لەژێر نوورەكەیدا دزێوى و نوقسانییەكان ڕووناك ببنەوە و هەر كەسێكى هۆشمەند بیانبینێت. لاى كانت ئەمە لە ڕاقیترین حاڵەتیدا ڕۆشنایى عەقڵە. بەڵام وەك پێشتر ڕوونمان كردەوە ئەو رۆشنایییەى كە زۆربەى ڕەخنەگرانى ئێمە هەڵیان كردووە ڕۆشناییى شانۆى ئۆدیپییە. لێرەدا ڕەخنە وەك ڕۆشنایى خستنەسەر لە واتا سكانداڵناسییەكەیدا، بریتییە لە ژێستى دەرخستنى نهێنى، پەردەهەڵماڵین لە ڕووى ڕاستەقینەى تێكستێك یان نووسەرەكەى: كەشفكردنى دەستى نووسەر. گوزارەى “دەستەكەت كەشف بوو” واتا بە سایەى ڕەخنەوە نهێنییەكەت دەركەوت، پشتى پەردە ئاشكرا بوو، ژێر بەڕە خرایە سەر بەڕە. لە عەقڵى سكانداڵناسیدا باشترین ڕەخنە ئەوەیە كە ئابڕووى تێكست یان دانەرەكەى ببات.

لە كۆمەڵگەى ئێمەدا ئەم جۆرە بەكارهێنانەى ڕەخنە نەك تەنیا كۆنزەرڤەتیڤانە دەكەوێتەوە، بەڵكوو میللى و عەوامانەیشە، چونكە زەینى سكانداڵناسى لە هەر كایەیەكدا بەرهەمهێنانەوەى مێنتاڵێتیى كایەى نەریتیى كۆمەڵایەتییە. بێگومان ئەوەى دراوسێیەكى حەسوود لە كۆڵانێكدا چاودێریى كەموكوڕیى دراوسێیەكەى بكات، جیاوازە لەوەى نووسەرێكى وردبین چاودێریى كەموكوڕیى تێكستى نووسەرێكى تر بكات؛ بەڵام كاتێك ڕەخنە ببێت بە دیالەكتیكى فەزاحەت، چیتر جیاوازییەكە لە جەوهەرى كردەكەدا نییە، بەڵكوو لە كایەكاندایە. ئەم كایانە بە شێوەیەكى ڕێژەیى لە یەكترى جیاوازن و هاوكات هەندێ كەرەستەى تایبەت و هەندێ كارەكتەرى سەرەكیى خۆیان هەیە، گەرچى لە یەكتریش دابڕاو نین؛ كایەكان بەردەوام لەیەك دەخشێن، دەچنە نێو یەكترى، یەكترى بەرهەم دەهێننەوە و یەكترى تێدەپەڕێنن و زەبر لە یەكترى دەدەن. بۆ نموونە “ستۆدیۆى میوزیك” و “دیوەخان” سەر بە دوو كایەى جیاوازن، بەڵام جۆرێك گۆرانى و موزیك هەیە كە یان لە ڕووى ئەسڵەوە بەرهەمى دیوەخانە، یان ئەگەر نوێیش بێت باشتر لەگەڵ دیوەخاندا دەگونجێت. بە هەمان شێوە، “كۆڵان” كە بورجى موراقەبەى دراوسێ حەسوودەكەمانە، ڕووبەرێكى كۆمەڵایەتیى ڕۆژانەیییە كە زۆرینەى كۆمەڵگا تێیدا هاوبەشن، بەڵام نووسین، ڕووپەڕى كتێب و سایتە كولتوورى و ڕۆشنبیرییەكان، كایەیەكى ڕۆشنبیریى نیمچە نوخبەیین. لەگەڵ ئەوەیشدا دەكرێت هەندێ لە كارەكتەرەكانى هەردوو كایەكە دەست بە هەمان نەریت، بەها، زاراوەوە بگرن، بۆ نموونە “پاراستنى بەها كۆنەكان” لە فەزاى كۆمەڵایەتیدا واتە كۆنزەرڤاتیڤیزم؛ بەڵام گەر زانایەكیش لە بوارى زانستدا داواى “پاراستنى بەها كۆنەكان” بكات، ئەوا بێگومان ئەویش لە بوارى زانستدا دەبێتە زانایەكى كۆنزەرڤاتیڤ. پرسى سكانداڵیش هەر بەو جۆرەیە؛ لێرەدا بونیادى كردەكە هەمان داڕێژەرى پاڵنەرى دەرخستنى “شەرم” و “عەیبوعار”ە، بەڵام لە دوو كایەى جیاوازدا. وەختێك كردەكان بەم جۆرە بچنە سەر یەكترى و یەكترى لە كایە جیاوازەكاندا دووبارە بكەنەوە، ئەوا پەیوەندییەكەیان دەبێتە “تەبایى”، كاتێك، بە پێچەوانەوە، بەریەكتر بكەون، پەیوەندییەكەیان دەبێتە “ناكۆكى”. بە زۆرى ئەم تەبایى و ناكۆكییە لە “گوتارى فەرمى”ـدا دەرناكەون؛ گوتارى فەرمى واتە ئەو بەها و پرەنسیپ و ئامانجانەى كە گوتارەكان ڕاستەوخۆ و ئاشكرا بانگەشەیان بۆ دەكەن؛ بەڵكوو لە پەیوەندییە تۆڕبەندییە ستراتیژییە وردەكاندان كە ئەگەر لە “بانگەشە”كاندا بۆیان بگەڕێین، هەرگیز ناتوانین وەك خۆیان بیانبینین. لەبەر ئەوەیە زۆرجار نووسەرێك یان ڕۆشنبیرێك لە ئاستى فۆرماڵدا خۆى تاڕادەى پڕوكان تاو دەدات تاوەكوو بیسەلێمنێت كە ئەو پێشكەوتنخوازە، بەڵام تێگەیشتنى ناوەكیى ئەو بۆ “پێشكەوتنخوازى” و میتۆدى كاركردنەكەى، دەشێت تاڕادەیەكى زۆر نەریتى و فەندەمێنتاڵ بێت. خستنەگەڕى ڕەخنە وەك چەكى فەزح و دەرخستنى عەیبوعار بەو مانایەیە فیكر هێشتا لە كایەى كۆمەڵایەتیى [زارەكى] دانەبڕاوە، بگرە لاى خۆیەوە درێژەى پێ دەدات.

( ٦)

هەموو ئەو جۆرە ڕەخنانەى تا ئێستا باسمان كردن، ڕوانینن لە “سلب” و ڕوانینن لە “سلب”ـەوە. لەنێوان ئەم دوو گوزارەیەدا جیاوازییەكى كەم هەیە: ڕوانین لە نێگەتیڤ، واتە ڕوانین لە كەموكورتى، نەخەمڵیوى، فەزاحەتى تێكست (یان نووسەر). ڕەخنەگر بە وردى بۆ شتێك دەگەڕێت كە لە تێكستدا نییە، بۆ ئەوەى پیشانى بدات كە لە تێكستدا نییە: گەڕان بۆ خودى نەقس. ئەو شتەى كە نەقسە واتە هەبوونى شەرم بۆ تێكست. بەڵام ئەم ڕوانینە زۆركات لە فەزاى ئێمەدا ژێر بەژێر خزاوە بۆ نێو “ڕوانین لە نێگەتیڤەوە”، بۆ ڕوانینێك كە خۆى بەرهەمى سەرچاوەیەكى نێگەتیڤە. لەم بارەدا ڕەخنەگر تەنیا ئەوە دەرناخات كە نەقسە، بەڵكوو ئەوەیش ڕەت دەكاتەوە كە هەیە. ڕەخنەگر بە چاویلكەیەكى سلبییەوە دەڕوانێت؛ ئەگەر دەق نەخەمڵى بێت، هاوكاریى دەق ناكات بۆ دەرچوون لە نەخەمڵیوى، ئەگەر دەق تاڕادەیەكى وا خەمڵى بێت كە بشێت وەك دەقێكى شایەنى خوێندنەوە لەبەرچاو بگیررێت، ڕەخنەگرى سالب ناتوانێت وەك دەقێكى (نیمچە)خەمڵیو بیبینێت. ئەم دوو ڕوانینەیەك ئەسڵیان هەیە و یەكتریش بەرهەم دەهێننەوە؛ هەردووكیان یەك ڕەخنەن كە دەتوانین بە ڕەخنەى نەرێكارNegative critics ناوى ببەین.

ڕەخنە ئەوەیە كە شتێك نەفى دەكات بۆ ئەوەى ئیمكانى شتێكى باشتر دەربكەوێت. تێكست تێزە، ڕەخنە ئەنتى تێزە، لەنێوان ئەم دووانەدا دەبێت بە حەتمى لێكدژى هەبێت بۆ ئەوەى تێكستێكى تر لەولاى هەردووكیانەوە دەربكەوێت كە لە مێژوودا بە هۆى ئەم لێكخشانە دیالەكتیكییەوە دەچێتە پێشتر

ڕەنگە چەمكى “نەرێكردن” negation بمانخاتەوە بیرى میراتى هیگڵى كە ڕەخنە وەك پرۆسەیەكى دیالەكتیكى وێنا دەكات. بەم پێیە ڕەخنە ئەوەیە كە شتێك نەفى دەكات بۆ ئەوەى ئیمكانى شتێكى باشتر دەربكەوێت. تێكست تێزە، ڕەخنە ئەنتى تێزە، لەنێوان ئەم دووانەدا دەبێت بە حەتمى لێكدژى هەبێت بۆ ئەوەى تێكستێكى تر لەولاى هەردووكیانەوە دەربكەوێت كە لە مێژوودا بە هۆى ئەم لێكخشانە دیالەكتیكییەوە دەچێتە پێشتر. ئیدى جووڵەى سەرجەمى مێژوو و گەردوون تەنیا نەفییە. ڕەخنە لاى ماركسیش لە جەوهەرى خۆیدا نەفییە؛ پرۆلیتاریا هێزى ڕەخنەییە كە بۆرژوازییەت نەفى دەكات. بەڵام كێشەكە ئەوەیە ڕەخنەى نەرێكار، بەو جۆرەى كە نووسینى ئێمەى داپۆشیوە، تەواو سەر بەم میراتە نییە؛ لەخۆیدا هیگڵییە، بەڵام بۆ خۆى هیگڵى نییە.

لەخۆیدا هیگڵییە، چونكە تەنیا دەربڕى قۆناغێكى زۆر دیاریكراوى ئاگایییە كە هیگڵ بەئاگاییى غەمگین Unhappy Consciousness ناوى دەبات. لە ئاگاییى غەمگیندا خودئاگایى سەرەتا هێندە هەست بەو تەنیایى و بێتوانایییە قووڵەى ناو خۆى دەكات تاوەكوو لە خۆیدا شەق دەبات و دەبێتە دووپارچە. ئەم دوو كەرتبوونەى ئاگایى لەخۆنامۆبوونە، چونكە دوو ئاگاییى لێكدژن لەنێو یەك خودئاگاییدا كە یەكترى ناناسنەوە و مرۆڤ لە نێوانیاندا دەكەوێتە جۆلانێ تاوەكوو دواجار یەكێكیان جودا دەبێتەوە و لە دەرەوە فۆڕمى لێكدژ وەردەگرێت (Hegel, Spirit of Mind, P. 127). ڕەخنەى نەرێكارى ئیمە دوایین لەمسەى قۆناغە دیالەكتیكییەكەى ون كردووە و هەر لە غەمگینیى خۆیدا ماوەتەوە. لە خۆى نامۆ بووە، بەڵام لە خۆى جودا نەبووەتەوە؛ واتە ئاگایییەكى غەمگینى تێنەپەڕە؛ لەبەر ئەوە لە ناوەوە جۆرێك نەخۆشیى تووش بووە كە واى لێ كردووە توندوتیژ و پەلاماردەر بێت؛ بەم جۆرە لە ئاگاییى غەمگینەوە بووە بە ئاگاییى بیمار Rogue Consciousness. لەلایەكی تر، ئەم ئاگایییە بۆ خۆى هیگڵى نییە، چونكە جگە لە هەندێ هەوڵى باش و هاوسەنگانە لە ماوەى پانزە ساڵى ڕابردوودا، بەشى زۆرى ئەم جۆرە ڕەخنەیە لەوە هەژارترە هۆشیارانە، لە سەرچاوەى تیۆرییەوە بڕوانێت و تیۆریزەى فیكریى هیگڵ و ماركس بۆ هەندێ كێشەى ئەم سەردەمە، بە گوێرەى ئەو میتۆدە جیاوازانە بكات كە پەیوەندییان پێیانەوە هەیە، تەنانەت ئەگەر هەوڵى لەم جۆرەیش هەبێت یان فەندەمێنتاڵ و تەقلیدین، یان هێندە ساكارن كە تەنیا زیان بە فیكرى هیگڵ و ماركس دەگەیەنن؛ ئەمەیش جۆرێك هەژارییە كە دەكرێت ناوى بنێین ئاگاییى نەدارPoor Consciousness.

دواجار ئەم ئاگایییە غەمگینەى كە بووە بە ئاگاییى بیمار و ئاگاییى نەدار، هیچ شتێكى تر شك نابات “ڕەتكردنەوە” نەبێت؛ لەبەر ئەوە نەفى فۆڕمێكى كۆمید وەرگرتووە، بۆتە “نەفى لەپێناو نەفى”ـدا، واتە نەفییەك كە هەموو شتێك نەفى دەكات بێ ئەوەى دواجار، جگە لە خودى ڕەخنە، هیچ شتێك بە شێوەیەكى ڕاستەقینە نەفى بكات و لە وتارێكى تردا ناومان ناوە “نەفیى بەتاڵ”. نەفیى بەتاڵ لە جەوهەردا نەرێكردنێكى بۆشە كە دەیەوێت تەنیا بە نەفیكردن خۆى پڕ بكاتەوە؛ ڕەت دەكاتەوە چونكە جگە لە ڕەتكردنەوە ناتوانێت هیچ مامەڵەیەكى تر لەگەڵ دەقدا بكات؛ لە كاتێكدا ڕەخنەى داهێنەرانە ئەوەیە كە لە بیابان مێرگ بئافرێنێت. دەتوانین كەمێك وتەكەى هۆبز “لە دۆخى سروشتیدا هەمووان گورگى هەمووانن” دەستكارى بكەین و بیگۆڕین بۆ “لە دۆخى ئێمەدا هەمووان نافیى هەمووانن”. تەنیا لە یەك كاتدا ئەم نەفییە هەڵدەپەسێردرێت؛ كاتێك كە “موجامەلە” Compliment هەبێت. موجامەلە دۆخى ئاشتییەكى كاتییە كە نەفى بۆ ماوەیەك كپ دەكات؛ لەم بارەیشدا دەق وەك دەق ناخوێنرێتەوە بەڵكوو ستایش دەكرێت. لە نەفیدا هەمووان یەكترى بە لیبراڵ، ماركسیست، ئیسلامیست، پۆستمۆدێرن، فاشیست و بگرە بەعسییش تۆمەتبار دەكەن؛ لە موجامەلەدا هەمان نووسەرى لیبراڵ بەلایەوە ئاساییە ستایشى نووسەرە ماركسییەكە بكات؛ ئاسایییە دژە نیچەییەك ستایشى نووسەرێك بكات كە نیچە و هایدیگەر سەرچاوەى بن، بە مەرجێك هەردووكیان بۆ نەفیكردنى لایەنى سێیەم هاوڕا و تەبابن.

بێگومان ستایش، هەر وەك نەفى، بەشێكى ڕەخنەیە و لە نووسیندا سەركوت ناكرێت، بەڵام بە مەرجێك ستایش بچێتە خزمەتى خودى تێكستەوە؛ تێكستێك بەبێ ناو. فوكۆ لە چاوپێكەوتنێكدا بێزارى خۆى لەوە دەردەبرێت، خوێنەر یان ڕەخنەگر بە خاترى ناوبانگى نووسەر دەست بۆ دەقەكەى ببات؛ بە پێچەوانەوە ئەو دەیویست كتێبێك بنووسێت تەنیا بە ناونیشانى خۆیەوە، بەبێ ناوى نووسەر تاوەكو تەنیا خودى تێكست لە بەردەم خوێنەردا بمێنێتەوە. فوكۆ چەند هەوڵێكى چكۆلەى دا، لەوانە: لەنێوان ساڵانى ١٩٧٩-١٩٨٤دا ڕۆژنامەى لۆمۆندى فەرەنسى، هەفتانە چاوپێكەوتنێكان لەگەڵ یەكێك لە كاریگەرترین ڕۆشنبیرانى هاوچەرخى ئەوروپادا بڵاو دەكرەوە؛ لە ٦-٧ى نیسانى ١٩٨٠دا، چاوپێكەوتنێك بڵاو كرایەوە بەبێ ئەوەى ناوى هیچ كەسێكى لەسەر بێت. لەبریى ناوى نووسەر تەنیا چاڵێك هەبوو، جێ-نیشانەیەك بۆ غیابى كەسى دیمانەكراو. فوكۆ داواى كردبوو بە نەناسراوى بمێنێتەوە تاوەكوو حزوورى نووسەر خوێنەر ڕانەكێشێت، لەبریى ئەوە وا لە خوێنەر بكات، لە غیابى نووسەردا، ئاوڕ لە خودى دەق بداتەوە؛ لەبەر ئەوە بابەتەكە بە “گفتوگۆ لەگەڵ فەیلەسووفە دەمامكدارەكە”دا ناسرا. ستایشى دەق تەنیا دەشێت لە غیابى نووسەردا ڕاستەقینە بێت. تەنانەت ئەگەر نووسەر بەناوبانگ و شوهرەتیش بێت، دەبێت ڕەخنەگر تواناى ئەوەى هەبێت لە دەق دایبماڵێت و دواى دەق بۆى بگەڕێتەوە. بەم جۆرە ستایشى نووسەر دەبێتە موجامەلە گەر بەشێك لە ستایشى دەق نەبێت؛ دەقێك كە شایەنى ستایشە؛ ستایشێك كە لەپێناو ئەرێكردنaffirmationـدایە.

( ٧)

بەر لەوەى شتێك لەسەر ڕەخنەى ئەرێكار بڵێین، پێویستە وەك زەمینەسازى لە چەند خاڵێكدا سكێچێكى بۆ بكێشین:

١. ڕەخنە چییە؟ فوكۆ ناونیشانى وانەوتارێكى خۆى دەربارەى ڕەخنە هەر بەم جۆرە داڕشتووە؛ بەڵام وەك لە سەرەتاى وانەكەیدا ئاماژەى پێ دەدات، لەبەر ئەوەیە كە هیچ ناوێكى بۆ بابەتەكەى نەبووە، واتە بە دڕۆدۆنگییەكى زۆرەوە ئەم پرسیارە دەكات بە ناونیشان كە تەنیا یەك پرسیارى سادە و باویشە. كەواتە بۆچى فوكۆ بەرامبەر بەم پرسیارە سادەیە هێندە دوودڵ و نیگەرانە؟ لەبەر ئەوەى لە وانەوتارەكەیدا ڕەخنەیەك پیشان دەدات كە لە خودى ڕەخنە لا دەدات، ڕەخنە بۆ شوێنێك پاڵ پێوە دەنێت كە پێشتر لە ڕووى تیۆرییەوە بۆ ئەو شوێنە پاڵ پێوەنەنراوە، واتە ڕەخنە دەباتە ڕووبەرى نا-ڕەخنەوە، ئەویش ڕەخنەیە وەك مومارەسەى كردەیى ژیان، وەك بوونى ئەخلاقیى مرۆڤێك كە بەتەنگى خۆوەیە: ڕەخنە وەك فەزیلەت (Foucault: The politics of Truth, P. 26). خاڵە گرنگەكە ئەوەیە كە لێرەدا ڕەخنە ڕوو لە خودى مرۆڤ دەكات؛ ئەمەیش تەنیا خۆ-ڕەخنەكردن نییە، ڕوولەخۆكردنیشە، یان بە تێرمى فوكۆ، گرنگى بەخۆدان، كە بەو واتایەیە خود ڕەخنەییانە دەژى؛ ئەمە سادە نییە. ڕەخەییانە ژیان لەولاى ئەوەوەیە خود تەنیا ڕەخنەییانە بیر بكاتەوە. بیركردنەوە كاتێك بەهایەكى ئەخلاقى هەیە كە لەنێو ژیانى ڕەخنەییى مرۆڤدا مومارەسە بكرێت. جەوهەرى ژیانى ڕەخنەیییانەش ئەوەیە نە ملكەچى دەسەڵات بیت و نە دەسەڵاتى ملكەچكردن پراكتیزە بكەیت. لێرەوە ڕەخنە لە واتاى قەدەغەكردن، دوورخستنەوە، سەركوت دادەبڕێت و دەبێت بە ئارەزوو. لێرەدا خۆمان لە شرۆڤەى ناوەڕۆكى وتارەكەى فوكۆ لا دەدەین، چونكە لە بابەتەكەمان دوورمان دەخاتەوە. خاڵى جەوهەرى بۆ ئێمە ئەوەیە لەوە تێبگەین كە ڕەخنەى جددى و بەهادار خودى ڕەخنەیش بۆ بەرزتر پاڵ پێوە دەنێت، فراوانى دەكات، لە ئاسۆ بینراوەكانى تێی دەپەڕێنێت. كارى ڕەخنەگر ئەوە نییە وەك زۆمبى بنیشێتە سەر دەق، ئەوەیە ئیمكانى ڕەخنە بۆ ئەودیوى سنوورەكانى ڕەخنە گەشە پێ بدات، واتە بە جۆرێكى نوێ مومارەسەى ڕەخنە بكات كە دەق پێیى شاد بێت (با نووسەرى دەقیش پێى شاد نەبێت).

٢. ناكرێت ڕەخنە بە ڕەهایى لە پێوانەسازى و نەفییەكى جوزئى هەندێك ڕەگەزى تێكستێك یان سیاقێك خۆى ببوێرێت، بەڵام لەمەدا پێویستە دوو شت لە یەكترى جیا بكاتەوە: نەگۆڕى مێژوویى و ئیعتیبارى مێژوویى. بنچینەى ڕەخنە ناكرێت نەگۆڕى مێژوویى بێت؛ ئەمە بە قەولى كانت دەبێتە جۆرێك دۆگماتیزم. بۆ نموونە گەر لە سەدەى نۆزدەدا هەلومەرجێكى دیاریكراو بۆ ڕەخنەیەك هەبووە، هەمان هەلومەرج و هەمان ڕەخنە بۆ هەمیشە بەو جۆرە نامێننەوە؛ ڕەخنە پرۆسەى بەردەوامى ڕەخنەكردنەوەیە نەك پرۆسەى بەردەوامى دووبارەكردنەوەى هەمان ڕەخنە. لەبەر ئەوە لە پرۆسەى ڕەخنەدا ئیعتیبارى مێژوویى گرنگە، واتە لەبەرچاوگرتنى ڕەگەزە گوتارییەكان و وتراوەكان لە پەیوەندیدا بە تۆڕەكان یان ئیپستیمەكانیانەوە. بۆ نموونە تێماى “كار”لە پەندى “كار ئازادكەرە” ArbeitmachtFreiـى نازیستەكاندا، هەمان تێماى “كار/ئیش” نییە لاى جووتیارێكى كورد، كە بە قەولى قانع “ڕۆژى نەورۆز ئەوەڵ ساڵ، دەكەونە ئیش كوڕوكاڵ… گشت خەریكى فرمانن، بەدەستهێنانى نانن”. هەر وا بە هەوانتە ناتوانین جووتیارێكى كورد بە فاشیست تۆمەتبار بكەین، لەبەر ئەوەى زاراوەیەك بەكار دەهێنێت كە لە فەرهەنگى فاشیستەكانیشدا هەبووە. نموویەكى تر: زاراوەى “گەل” لە گوتارى نازیزمدا، هەمان زاراوەى “گەل” نییە لە مقاوەمەى ڤێتنامیدا دژ بە داگیركاریى ئەمریكى. ڕەخنە بەبێ لەبەرچاوگرتنى ئیعتیبارى مێژوویى و ئیپستیمەى چەمكێك یان زاراوەیەك، دەبێتە ڕەخنەیەكى نەدار.

٣. تا ئێستاى ڕەخنەى ئێمە ویستى تێكدانى زۆرە و ویستى بونیاتنانى كەم؛ بەڵام چیتر ڕەخنە هەر بە سادەیى بۆ بونیادنەر و ڕوخێنەر پۆلێن نابێت. ڕەخنە پرۆسەیەكى هاوكاتى هەردوو پرۆسەكەیە پێكەوە؛ هەڵوەشانەوە و بونیاتنانە De-con-struction، تێكدان و پێكهێنانە: تێك-و-پێك-دان. ئەم هەڵوەشاندنەوە دێریداییە لەپێناو ئەوەدا نییە تێكست بخەسێنرێت و بێبەرهەم بكرێت؛ بۆ ئەوە نییە ئاسمانى دەق بسووتێنرێت؛ بە پێچەوانەوە بۆ دروستكردنى فرەیی و بەرەكەتە لە تێكستدا، بۆ ئەوەیە پیشان بدرێت هەر شتێك هاوكات هیچ و خۆى و چەند شتێكە، كاتێك بۆ ڕەگەزەكانى هەڵى دەوەشێنینەوە ئەوا دەكرێت ڕەگەزەكان بە جۆرێكى تر لێك ببەسترێنەوە، یان لەگەڵ ڕەگەزى دیكەدا كۆ ببنەوە و شتێكى تر پێك بهێنن. بۆ نموونە گەر وشەى “درۆ” وەربگرین: بێگومان لە ڕووى بەرپرسیارێتیى ئەخلاقییەوە نووسەر نابێت درۆ لەگەڵ خوێنەرەكانیدا بكات؛ دەبێت هێندە گرنگى بە خۆى بدات كە ڕاستگۆ بێت (ڕەخنە وەك فەزیلەت). بەڵام گەر ڕەخنەگر مامەڵە لەگەڵ تێكستدا بكات، ئەوا ڕەخنە بۆ ئەوە نییە درۆى نووسەر دەربخات (سكانداڵناسى)، تاوەكوو لە بەهاى دەق كەم بكاتەوە (نەرێكردن)، پتر بۆ ئەوەیە پێگە و ماناى درۆ لە دەق و لە پەیوەندیدا بە دەرەوەى دەق دەربخات، چونكە درۆ لەگەڵ تۆڕێك زاراوەدا لە پەیوەندیدایە: وەهم، ساختە، فێڵ، خەڵەتاندن، گزى، بەلاڕێدابردن، خەیاڵ، خورافەت، زیانگەیاندن، چاوبەست، هیتر. درۆ هەموویانە و هیچیشیان نییە؛ هەر یەك لەمانەیش لە هەمان تۆڕ و تۆڕى تردان و ئیدى بەم جۆرە تا ناكۆتا فرەیى و ئیمكانى تێك و پێكنان هەن.

٤. ڕەخنەى ئەرێكار بەرهەمى فیكرى ئەرێكارە؛ وەها فیكرێك بەڵێگۆیی ئاگایییەكى شادە بۆ ڕووداو كە لای وایە پتر بەرهەمى سوتفە، چاوەڕواننەكراوى، هەڵەیە كە فیكرى سیستەماتیك دەرفەتیان پێ نادات. ئەوانە هەندێك لۆچن لەسەر سەتحێكى ناونشین كە فیكر تێیاندا دەچێتە سەر هێڵى هەڵهاتن، هەندێك لابەلابوونەوەى ناكاون بیركردنەوە دەگەیەنن بە دەرەوەى ئاسۆكانى، دەیبەن بەرەو ئەودیوى سنوورەكانى خۆى. لێرەوە فیكرى ئەرێكار تەنیا ئایدیایەك یان تێزێك نییە؛ بەڵكوو جیهانبینییە، فۆڕمێكى بیركردنەوەى بونیادییە بۆ سیاسەت، ئیتیك، ڕەخنە، شیكارى، كە دەكەوێتە بەرانبەر فۆڕمى زاڵى بیركردنەوەوە بە درێژاییى مێژووى فەلسەفە، كە بیركردنەوەى نەرێكارە.

٥. فیكرى ئەرێكار ڕێنمایى پۆزەتیڤى بازاڕى یان زانستى گەشەپێدانى مرۆیى نییە كە لە دروشمى “پۆزەتیڤ بیر بكەوە”دا كورت دەكرێتەوە. زانستى گەشەپێدان هەر لە بنەڕەتەوە فیكر نییە، كاڵایە؛ هەندێك تەكینكى خۆ-هێوركردنەوەیە وەك دەلیلى ئاگایییەكى غەمگین كە دەیەوێت بە ئامۆژگارى و خەیاڵات و گەشبینییەكى گێلانە لە خۆى دەربچێت. زانستى مامۆستاكانى NLPـیە بۆ پەیكەربەندنكردن، پلانڕێژكردن، پرۆگرامكردنى سایكۆلۆژیاى مرۆڤ. فیكرى ئەرێكار ئازادیى كردەیە؛ لای وایە مرۆڤ كە لە بنبەستێكدا بناڵێنێت، غەمگین بێت، ژیان تۆمەتبار بكات، ئەوا یان دەبێت بە نەفیكەرەوەى ئەوانی تر و ژیان، یان دەبێت بە نێچیرى مامۆستاكان، قەشەكان، دەروونشیكارەكان بۆ ئەوەى بە ئاسانى گوناهبار و زەلیلى بكەن؛ ئیدى مرۆڤ بەردەوام لاى ئەوان سواڵى دانپێدانان، چاكبوونەوە و پاكبوونەوە بكات. فیكرى ئەرێكار بڕواى وایە مرۆڤ لێڕژانى بەردەوامى ئارەزووە بۆ داهێنان و چالاكى، ئازار تەنیا مایەى بەدبەختى نییە و ئەزموونكردنێكیشە كە دەشێت تواناى داهێنەرانەى مرۆڤ بتەقێنێتەوە. نەقس لە ژیاندا نییە، بۆشایى هەیە؛ بۆشاییش فەزاى ناكۆتاى ڤێرتوێلى كردە و صەیرورەیە. ئەرێكردن خۆى لە نەفیكردنى ئەوانی تر دەپارێزێت، لەوەیش كە ئەوانی تر ئوبێكت بن یان بە دزى بەختەوەرى تۆمەتباریان بكات. بەڵام هاوكات بێباكیشە بەرامبەر دەوروبەر و تەنانەت بەرانبەر دوژمنیش، چونكە نایەوێت مشەخۆرێك بێت كە پێگەى خۆى لەسەر بنەماى نەفیكردنەوەى ئەوی تر قاییم بكات. واتە بەگشتى مرۆڤ لە پەیوەندییەكى گرژ و حەساسدا نییە لەگەڵ ئەوانی تردا. دواجار فیكرى ئەرێكار چاوەڕێى ئیعتیرافى كۆیلە نییە تاوەكوو ببێت بە ئاغا، چاوەڕێى موجامەلە ناكات تاوەكوو قووڵ بێت، پێویستى بە وەسف و ستایشى دەوروبەر نییە تاوەكوو بەهادار بێت. ئەرێكردن فیكرى ڕۆحە گەڕیدە و تەنیاكانە: سپینۆزا، كیرگەگۆر، نیچە، دۆلوز، لێڤیناس، بلانشۆ.

( ٨)

ڕەخنەى ئەرێكار affirmative critics پەیوەندیى هاوڕێیەتى لەگەڵ تێكستدا دەسازێنێت؛ لە هاوڕێیەتیدا خۆشەویستى، ئولفەت، نزیكایەتى هەیە؛ بەڵام ڕاشكاوى و جیاوازى و مەودایش هەیە. مامەڵەى ڕەخنەگر بە گوێرەى پۆلى یەكەمى ئەم زاراوانە وا دەكەن تێكست، كە لەوێدا وەك جیهانێكى داخراو هەیە، خۆى بۆ ڕەخنەگر ئاوەڵا بكات. ئەم خۆئاوەڵاكردنە پتر بەو مانایەیە كە كاتێك ڕەخنەگر بێ پێش بڕیار، وەك دۆستایەتى دەستى بۆ كتێب برد، ئەو ڕەگەزانە لە كتێبدا دەدرەوشێنەوە كە لەگەڵ ئەم هێزە پۆزەتیڤەدا دەتوانن بچنە پەیوەندییەوە. ئەم هاوڕێیەتییە لەگەڵ تێكستدا، پێویستى بە هاوڕێیەتى نییە لەگەڵ نووسەرەكەیدا؛ بە پێچەوانەوە، كە ساتى خوێندنەوەى كتێب دەستى پێ كرد، هاوڕێیەتیى نووسەر هەڵدەپەسێررێت، هەروەها دوژمنایەتییەكەیشى. گەر ڕەخنەگر لەوەدا سەركەوتوو بێت یەكترڕاكێشانێكى دوولایەنە لەنێوان خۆى و تێكستدا دابمەزرێنێت، ئیدى تەنیا هەڵە و كەموكوڕى نابینێت، ئەو ڕەگەزانەیش دەبینێت كە شایەنى ئەرێكردنن، بۆ ئەوەى لەوێوە زیاتر هاوكاریى تێكست بكات بۆ سەرتر هەڵبكشێت. ڕەخنەگر دەق دەخاتە سەما.

پۆلى دووەمى زاراوەكانى هاوڕێیەتى، لە پۆلى یەكەم كەمتر گرنگ نییە؛ ڕاشكاوى و جیاوازى و مەودا وا دەكەن ڕەخنەگر جۆرێك هەڵسەنگاندنى هەبێت، هەندێ لایەن فەرامۆش بكات، هەندێ ڕەگەزیش نەفى بكات. بەڵام ئەم نەفییە خۆى بنچینە نییە، ئەوە نییە كە پرۆسەكە دەخاتە جووڵە؛ بەڵكوو بەشێكە لە پرۆسەى ئەرێكردن؛ نەفییەكە لەپێناو ئەرێكردندا، یان وەك دەرەنجامى ئەرێكردن4بێگومان ئێمەیش لەم وتارەدا خۆمان لە نەفیكردن نەبوواردووە، بەڵام ئەم نەفییە بنچینە نییە؛ نەفى ئەو شتەیە كە دژ بە ئەرێیە، بەم واتایە نەفییەكى ئەرێیانەیە.. ئەم نەفییە نەفیى ئەرێیش دەگرێتەوە، ئەو كاتەى ئەرێ بەڵێگۆیى بێت بۆ هێزێكى نەفیكار. لەبەر ئەمەیە كە نیچە دوو جۆر بەڵێ و دوو جۆر نەخێر دیارى دەكات. بەڵێى دروست و قەڵپ، نەخێرى دروست و قەڵپ. نەخێرى دروست لەپێناو بەڵێى دروستدایە، بەڵێى قەڵپ لەپێناوى نەخێرى قەڵپدایە. كەواتە نەفیى بەڵێى قەڵپ نەفییەكى دروستە، بەڵێى نەخێرى قەڵپ ئەرێیەكى نادروستە. پاشان: نەفیى نەفیى قەڵپ نەفییەكى دروستە، بەڵێى نەفیى دروست ئەرێیەكى دروستە. ڕەخنەگر كە مەودایەك لە دەق دەپارێزێت، دەتوانێت بەڵێ بۆ بەڵێى دروست بكات و نەفیى نەفیى قەڵپ بكات، دەتوانێت نەفیى بەڵێى قەڵپ بكات و ئەرێى نەفىی دروست بكات؛ لێرەوە ڕەخنەگر نە ئەوەیە یەكێتی لەگەڵ تێكستدا پێك بهێنێت و حلول بكات، نە ئەوەیە لە جیهانى تێكست دابڕێت و ئامانجێكى ترى لە دەرەوە بەسەردا بسەپێنێت؛ لەبریى ئەمە ڕەخنەگر تێكست دەخاتە جیاوازییەوە لەگەڵ دەرەوەى خۆیدا. دەبێت تێكست بۆ دەرەوە بانگ بكرێت؛ بچێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ دەرەوەدا، بەبێ ئەوەى خۆیشى بەجێ بهێڵێت (Blanchot, the Infiniti Conservation, P. 168). دەرەوە كوێیە؟ با بلانشۆ وەڵام بداتەوە: «دەرەكێتی Exteriority هەمیشە بوونى خودە لە دەرەوە. دەرەوە پێكەوە پەیوەستی نییە، چەقى ئاوێتەبوون نییە، لەبریى ئەوە پەیوەندى لەسەر بنەماى دابڕانێك كە ناهێڵێت[لایەنەكان] تێهەڵكێشى یەكترى بن یان یەكبگرن، دادەمەزرێنێت. جیاوازى یەدەگى دەرەوەیە؛ دەرەوە پێشانگاى جیاوازییە؛ جیاوازى و دەرەوە بەیەكگەیشتن-جوداییەكى بنەڕەتی دیارى دەكەن» (Ibid., P. 161). دەرەوە جیهانە، ناكۆتا ئیمكان. پەیوەندى لەگەڵ دەرەوە جومگەى بەیەكگەیشتنى جودایى و جوداییی بەیەكگەیشتنە؛ واتە هاوجودایەتى [إنفصال]، كە هەم بەیەكگەیشتنە و هەم جودایى لە جیهان. ئەمە بەو واتایەیە ڕەخنەگر لێناگەڕێت دەق لەنێو خۆیدا، بە هەمان پێكهاتە و فۆڕمى خۆى، بمێنێتەوە؛ ڕەخنەى ئەرێكار دەق دەوڵەمەند دەكات، بەردەوام ئایدیاكانى، تێزەكانى، ستایلى، زمانى، تووشى لادان دەكات و لەگەڵ ئایدیاى دوورتر و چەمكى دەرەكیدا بەیەكیان دەگەیەنێت. ڕەخنەگر لەو با نەخوزاراوە دەچێت كە كەشتییەكەى كۆڵۆمبسى بەرەو ئەمریكا سەرگەردان كرد. كۆڵۆمبس بۆ هیندستان دەچوو، بەڵام ونكردنى ئاراستە و باى هەڵە بەرەو كیشوەرێكى نوێ بردیان؛ ئەم دەستتێكەڵكردنەى چارۆكە و باى ڕۆژهەڵات كەشتییەكەى ئەویان لەدەستى خۆى دەرهێنا، لە حوكمى نەخشە دەریاوانییەكەى ڕزگاریان كرد و ئەوەیان پێبەخشى كە خۆى بە خەیاڵیدا نەهاتبوو. ڕەخنەگر بۆ تێكست بەم جۆرەیە؛ تێكست لە نووسەر دەسەنێت، بەڵام بۆ ئەوەى پێى بڵێت گەنجینەى زۆر هەن تۆ لێیان غافڵ بوویت، بەڵام دەقەكەت بە سایەى ڕەخنەوە دەتوانێت لەمسیان بكان؛ گەلێك كیشوەرى نەزانراوى تر لەوبەرى دەریا هەن كە لەو كیشوەرە جیاوازن وا تۆ بۆى چوویت، من تێكستەكەت بەرەو ئەوێ دەبەم. ئەمە هاوكات ڕاشكاوییە بەرامبەر نووسەر، وتنى هەموو شتێك بێ شاردنەوەى هیچ بەشێك، بێ موجامەلە، بێ ڕیایى و ڕووپامایى؛ واتە پارێزیا، هەمان بوێرى بۆ وتنى حەقیقەت. ئەم بوێرییە پێش هەموو شتێك بەرامبەر دەسەڵاتى نووسەرە وەك پادشاى مەملكەتى خۆى؛ وەك مەرجەعى موتڵەق، وەك خالقى تێكست. دووەم بەرامبەر دەسەڵاتى موفەسیرە وەك پەیامبەرى نووسەر، كە دەرەوە دادەخات و هەموو شتێك دەخاتەوە نێو دەق، هەر بە زەڕەبینەوە خەریكى كەشفى پشتى دێڕ و جیهانى ژێرەوەى تێكستە بۆ ئەوەى بە نائاگایى و گرێ سێكسییەكانى نووسەر بگات. مومارەسەى ڕەخنە وەك ڕاشكاوى، یان بە تێرمى فوكۆ وەك پارێزیا، جۆرێك ڕیسكە بەرامبەر دەسەڵاتى حاكمانى دەق [دانەر/موفەسیر] تاوەكوو خودى دەق بەرەو دەرێ ئازاد بكات، هەر لەبەر ئەمە جۆرێك زبرى و توندوتیژییشە بەرامبەریان. بەم مانایە زبریى ڕەخنەگرى ئەرێكار دەچێتە ئەودیوى زمانى لووسى ستایشكاران و زمانى زبریى نەفیكارانەوە. ئەم زبرییەى ئەرێكردن بۆ دەق ئازادكەر و نەشئەبەخشە.

وەها ڕیسكێك ئەو كاتە گەورەتر دەبێت كە بزانین پەیوەندییەكانى ماناش هەر وەك پەیوەندییەكانى دەسەڵات پڕن لە ململانێ و مەترسى؛ لەم بارەدا دەشێت پەیوەندى لەگەڵ دەرەوە وەك ئینفیساڵ، ببێت بە پچڕان، دەق لە خۆى داببڕێنرێت و مانایەك هەر بە زۆردارى بە سەریدا بسەپێنرێت. بە بڕواى نیچە تەفسیر چیتر دۆزینەوەى ماناى شاراوەى پشتى/نێو دەق نییە، بەڵكوو سەپاندنى مانایە بەسەریدا، شتێك كە نازیزم لەگەڵ نیچە خۆیدا كردیان. بەڵام وەك بلانشۆ ڕوونى كردووەتەوە، فیكرى نیچە فیكرى ئینفیساڵە، واتە گەر ماناى سەپێنراو لەگەڵ ناوەوەدا یەكتر ڕانەكێشن و دەق پێى شاد نەبێت، ئەوا مانا تەنیا لە بەهاى تێكدان و خاپووركردندا، واتە لەو قۆناغەدا كە نیچە بە صەیرورەى شێر ناوى دەبات، دەوەستێت. زەردەشت بارگۆڕانەكانى ڕۆح بەم جۆرە دیارى دەكات: لە عەقڵەوە بۆ وشتر، لە وشترەوە بۆ شێر، لە شێرەوە بۆ منداڵ (نیتشه: هكذا تكلم زرادشت، ص 61). بەڵام ڕوونە كە ئامانجى نیچە داهێنانى بەهاى نوێیە؛ واتە دوا بارگۆڕانى ڕۆح، كە صەیرورەى منداڵە. نازیزم صەیرورەیەكى پێچەوانەى هەبوو؛ لە بوونبە-شێردا لەبریى ئەوەى ڕۆح بگەیەنێتە قۆناغى بوونبە-منداڵ تاوەكوو بەهاى نوێ دابهێنێت، بەها كۆنەكان یان صەیرورەى وشترى سەپاندەوە، تەنانەت بەسەر تێكستى نیچەیشدا. تێكست بەردەوام بە سایەى ڕەخنەگرەوە، كە تەفسیر دەگۆڕێت بۆ هێرمینۆتیك، لە مەترسییەكى لەم جۆرەدایە؛ ڕەخنەگرى ئەرێكار ڕیسكى ئەوە دەكات بە ڕاشكاوى بدوێت تەنانەت ئەگەر لەگەڵ نووسەر و موفەسیرى دەروونشیكاریشدا بكەوێتە ململانێوە تاوەكوو دەق لەگەڵ ماناى نوێدا، لەگەڵ دەرەوەدا، لەگەڵ ئەوی تردا بخاتە پەیوەندییەوە. ئەم دەرەوەیە كە لاى بلانشۆ جیاوازییە (هەروەك ئەمریكاكەى كۆڵۆمبس كیشوەرێكى جیاوازە)، ماناى “هێشتا نەبوو“ە. ئەمریكا بەر لە كۆڵۆمبس هەبوو، بەڵام هەتا ساتى دۆزینەوەى كۆڵۆمبس نەبووبوو بە كیشوەرێك لەسەر نەخشەى جیهان، نەزانراو و كەشف نەكراو مابوویەوە. ئەم نەزانراوییە ئەشكەوتى شاراوەى ئاسیا و ئەوروپا نەبوو (پشتى دەق)، بەڵكوو دوورەدەستتر، لە دەرەوەیان بوو؛ زەمینێك كە هێشتا نەببوو بە كیشوەر. با كەشتییەكەى بەرەو ئەم هێشتا نەبووە پاڵ پێوە نا.

ڕەخنەى ئەرێكار هەر بە ئاسانى بەڵێگۆیى نییە بۆ ئەوەى كە هەیە (واقیع)؛ هەروەها نەفییەك نییە لەپێناو دەركەوتنى ئەوەى كە نییە (یۆتۆپیا)، بەڵكوو بەڵێگۆییە بۆ ئەوەى كە هێشتا نەبووە و لە ڕێگەى كردارى ڕەخنەوە ئەم هێشتا نەبووە دەهێنێتە بوون

بەم جۆرە ڕەخنەى ئەرێكار هەر بە ئاسانى بەڵێگۆیى نییە بۆ ئەوەى كە هەیە (واقیع)؛ هەروەها نەفییەك نییە لەپێناو دەركەوتنى ئەوەى كە نییە (یۆتۆپیا)، بەڵكوو بەڵێگۆییە بۆ ئەوەى كە هێشتا نەبووە و لە ڕێگەى كردارى ڕەخنەوە ئەم هێشتا نەبووە دەهێنێتە بوون، ئەم ڤێرچواڵە دەكات بە ئەكچواڵ. كەواتە، گەر ڕەخنەگرێكى مێژووییی ئەرێكار دووبارە مێژووى كۆڵۆمبس بنووسێتەوە، لەبرىی سەركوتكردنى هەڵە و سەهوو، دەڵێت: “بەڵێ بۆ سوتفە، بەڵێ بۆ لادان، بەڵێ بۆ بێئاراستەیى” كە بوونە مایەى كەشفبوونى كیشوەرى نوێ… نەخێر بۆ نەخشەى پێشوەخت، نەخێر بۆ پێوەر و پێوانە، نەخێر بۆ حوكم كە دەبوونە هۆى ئەوەى كۆڵۆمبس هەر بگاتەوە بە هیندستانە زانراوەكە بێ ئەوەى هیچى نوێ ڕوو بدات. كەواتە دیسان دووپاتى دەكەینەوە: ئەم ڕەخنەیە نە ئەوەیە كە هەیە (بەڵێكردنێكى فەندەمێنتاڵانەى دۆخى باو)؛ نە ئەوەیشە كە نییە و دەبێت ببێت (بەڵێكردنى وەهمێكى مەحاڵ، یۆتۆپیایەك). ڕەخنەیەكە لە دەرەوەى ئەم دووانە؛ پتر بەڵێكردنى ئەوەیە كە هێشتا نییە بۆ ئەوەى ببێت. بەرهەمى ڕەخنەگر زەمینەى بوونبە ئەكچواڵى ئەم هێشتا نەبووەى نووسەرە. كەواتە ڕێگایەكى نوێیە بۆ دەرچوون لە دووالیزمى بێزەنتیى هێشتنەوە-نەفى، فەندەمێنتاڵ-ئاڤانگارد؛ لەبەر ئەمە لە هەر ڕەخنەیەكى تەقلیدى و باو و دووبارە لەپێشترە.

سەرچاوەكان:

  • G. W. F. Hegel, Phenomenology of Spirit, Translated by A. V. Miller, Analysis of the Text and Foreword by J. N. Findlay, Oxford University Press, Oxford, New York, Toronto…, 1977.
  • Immanuel Kant: Beantwortung der Frage: Was ist Aufklärung?, Vorabversion der 1. Auflage vom 16. Juni 2015. http://www.alsatia.de/publikationen/Immanuel_Kant_Was_ist_Aufklaerung.pdf
  • Judith Butler: What is Critique? An Essay on Foucault’s Virtue, Transversal Texts, 05. 2001. https://transversal.at/transversal/0806/butler/en
  • Michel Foucault: Ethics- Subjectivity and Truth, Edited by: Paul Rabinow, Translated by: Robert Hurley and Others, ‘Essential Works of Foucault’, Vol. I, The New Press, New York, 1997.
  • Michel Foucault: The Politics of Truth, Edited by Sylvere Lotringer & Lysa Hochroth, Semiotext(e), New York,1997.
  • Maurice Blanchot:The Infinite Conversation, Translation and Foreword by Susan Hanson, Theory and History of Literature, Volume 82, University of Minnesota Press, Minneapolis and London, Fourth Printing 2003.
  • فريدريش نيتشه: هكذا تكلم زرادشت- كتاب للجميع و لغير أحد، ترجمة: علي مصباح، منشورات الجمل، الطبعة الأولى، كولونيا (ألمانيا)-بغداد، 2007.
  • جيل دلوز: المعرفة و السلطة، مدخل لقراءة فوكو، ترجمة: سالم يفوت، المركز الثقافي العربي، الطبعة الأولى، بيروت، 1987.

پەراوێزەکان

  • 1
    “گۆیا”=قسەكەر، سوبێكتى گۆكردن. “بیسا” =بیسەر. بینا=بینەر. پێشتر دكتۆر عیرفان مسەفا ئەم زاراوانەى بەم فۆڕمە داڕشتووە.
  • 2
    بێگومان ئەو پرسە بێ ئەندازە ئاڵۆزە كە حەقیقەت چییە و كێ دەتوانێت بیڵێت؛ ڕێژەیییە یان ڕەها، بەرهەم دێت یان جەوهەرییە، دنیایى یان میتافیزیكییە، مەعریفەیە یان شهود و هتد. ئەم تێمایە بەشیك نییە لە سیاقى گشتى ئەم وتارە، بۆیە لێرەدا پرۆبڵماتیزەى ناكەین.
  • 3
    وتارە گرنگەكەى دۆلۆز “ئەفڵاتوون و زڕەوێنە”مان كردووە بە كوردى و ماوەى ساڵێك زیاترە سپاردوومانە بە هاوڕێیانى گۆڤارى “لۆگۆس”؛ لاموایە هێشتایش ژمارەى نوێى گۆڤارەكە بۆ بڵاوبوونەوە ئامادە نەكراوە.
  • 4
    بێگومان ئێمەیش لەم وتارەدا خۆمان لە نەفیكردن نەبوواردووە، بەڵام ئەم نەفییە بنچینە نییە؛ نەفى ئەو شتەیە كە دژ بە ئەرێیە، بەم واتایە نەفییەكى ئەرێیانەیە.