«ماریا بوو بە ماسییەکی ڕەشی بچکۆلانە – بە ئێوە چی؟»

بەڵێ زۆر تایبەتمەندیی ئینسان هەیە کە بکرێت ناو بنرێت ڕەوشتی بەرز، بەڵام ئەگەر بڕیار بێت ئینسان یەک دانە تایبەتمەندی هەڵبژێرێت و وەک شایان بە ڕێز سەیری بکات، ئەوا دەبێت جورئەتی یاخیبوون لە کۆمەڵگای کۆنەپارێز بێت. یاخیبوون لە کۆمەلگایەک کە مەرجی هەیە تەسکیی سنوورەکانی عەقڵی ئەو، سنووری ئازادییە شەخسییەکانی تۆ بێت.

شارستانییەتی ئینسانی لە لەحزەی دروستبوونییەوە تا ئێستا، هەمیشە تەنها لە ڕێگەی ئیستیفزازکردنی کۆنەپارێزان و یاخیبوونی تاکەکان لە کۆنەپارێزیی، تیایدا ڕووبەری ئازادی بەرفراوانتر بووە، وە لەوێوە شارستانییەت بەرەو پێش چووە.

٭٭٭

«ماریا سام» هەم باوەڕی بە یاخیبوون هەبوو و، هەمیش جورئەتی هەبوو تەنها بە دوو دەیە تەمەنەوە، یاخی بێت و پشت لە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگایەکی ترادیشناڵ و داخراوی وەک کۆمەڵگای کوردی بکات کە زۆرینەی ڕەهایان، پێکەنین و متمانەهەبوونی کچێک بە خۆی، عەقڵیان پێ ناهێڵێت. کۆمەڵگایەک کە پێداگریی کچێک لەسەر ئەوەی تەنها ئەوەندەی کوڕێکی ئەو کۆمەڵگا نائازادە ئازاد بژی، لە جەنگی ناوخۆ و، لە مووچەدزین و، لە ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییان لە زیندانی نهێنیدا و، لە کوشتنی خۆپیشاندەر و بەتاڵانبردنی هەموو موڵکی گشتی، زیاتر ئیستیفزازیان دەکات و دەیانخاتە ئامادەباشییەوە.

کۆمەڵگای کوردی لە سەردەمی سەردەشت عوسمانەوە ئینسانی تری ئاوا گەورەی وەک ماریای تیادا هەڵنەکەوتووە کە بڕیار بدات بەبێ ترس کۆمەڵگا بێحیساب بکات و، پێداگری لەسەر خۆڕیالیزەکردن و مومارەسەکردنی ئازادیی شەخسیی خۆی بکات و ڕووبەڕوو ببێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە بە نرخی گیان لەدەستدانیشی تەواو بێت. جیاوازییەک هەبێت ئەوەیە کە ماریا تەنیاباڵتر لە سەردەشت عوسمان جورئەتی نواند و سەنگەری گرت.

کوژرانی سەردەشت بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکەی تووڕە کرد و ئێستاش سارد نەبوونەتەوە. بەڵام سەیرکە لە چلەی کوژرانی ماریادا جگە لە ئەکاونتی شەخسیی کەسانێکی کەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ماریا لە هیچ جێگەیەکی تر باسی نەبوو.

ماریا سامی (٢٠٠٢-٢٠٢٢)

٭٭٭

بۆ ئەوەی ببینیت ماریا لەناو چی خەڵکێکی زیهنداخراودا جورئەتی کرد پێداگریی لەسەر ئینسانبوونی خۆی بکات، بگەڕێرەوە بۆ ئەو کۆمێنت و پەرچەکردارانەی بە دوای کوژرانیدا هاتن. جگە لەوەی کە بەشی هەرە گەورەی ئەو خەڵکەی کۆمێنتیان نووسی، دڵخۆشییان بۆ کوشتنەکەی پیشان دا و دەستخۆشییان لە قاتیلەکەی کرد، زۆرینەی ئەوانەشی کە لایەنگری ئازادکردنی ژنانن لە کۆتوبەندەکانی پارتریاکییەت، ئەوانیش لە ڕێگەی تەرکیزکردنە سەر ئەوەی کە ماریا ئازاد دەژیا، ئاگادارانە یان بێئاگا، بە ناوی واقیعبینییەوە، تێگەیشتنیان بۆ کەمتەحەمولیی کۆمەڵگا لە ئاست ئەو جۆرە یاخیبوونەی ماریادا پیشان دەدا و بەشێکی خەتاکەیان دەخستە ئەستۆی ماریا خۆی، بەوەی کە گوایە چاونەترسانە قسە و ڕەفتاری کرد.

ئەمە ئاکامی ئەوەیە کە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان، لە هەر کاتێک زیاتر، بە هۆی مەددێکی گەورەی  ئاینداری و فەندەمێنتاڵیزمی ئیسلامیی دژە ژنەوە، شەپۆلێک لە میسۆجینی (Misogyny) و ڕق لە ژن لەناو ئیسلامی و نائیسلامییاندا گەشەی کردووە، بە جۆرێک کە ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیڤانە بۆ ڕۆڵی ژن و، بەهای کۆنتڕۆڵکردنی سێکسواڵیتیی ژنان، بۆتە یەکێک لە بەها هەرە گرنگەکان لە زیهنی بەشی گەورەی خەڵکەکەیدا.

ئیجماع بە دەوری ئەو موحافەزەکارییە دژە ژنەدا بە ئەندازەیەک لەم ماوەیەی دواییدا جێی گرتووە کە ئیتر وەک ئایدۆلۆجیایەک لەو کۆمەڵگایەدا ژیانی سەربەخۆی خۆی دەژی و جێگەی هیچ بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی و ڕێفلێکتکردنێکی ئەخلاقی لای خەڵک نەهێشتۆتەوە. گەورەترین جینایەت لە بەرامبەر ژنێکدا هەر ئەوەندەی دەوێت بۆ ڕەوایەتیپێدان و دەربازبوون لە تووڕەییی خەڵک و تەنانەت دادگاش کە ڕایبگەیەنیت ژنەکە لەو نۆرمە کۆنسەرڤاتیڤانانە لایدابوو کە زۆرینەی کۆمەڵگا کۆکن لە سەری.

٭٭٭

ئەو ئیجماعە زۆرەی ئێستا لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستاندا بە دەوری بەهای عیففەت و ئاینداریدا دروست بووە، ڕێک ئەو تۆتالیتاریزمە یەخسیرکەرەیە کە هانا ئارێنت لە کتێبی «بنەچەکانی تۆتالیتاریزم»دا وەک میکانیزمی یەخسیرکردنی ئیندیڤیدواڵیزم باسی دەکات، کە تاکەکانی کۆمەڵگا دەخاتە زیندانی ئایدۆلۆجیا و ناسنامەی هاوبەشەوە و، خەڵکەکەی دەکاتە ئۆردووی گوشاربۆهێنان و سزادانی ئەو هاووڵاتییانەی لە ڕیز دەردەچن و،«عەیبە» و چاوەڕوانییەکانی دەوروبەر و دەوڵەت لێیان پشتگوێ دەخەن.

هەر ئەو جۆرە گوشارەیە بۆ سەر پلورالیزم و، ئەو هەوڵی یەکڕەنگکردنە تۆتالیتارییەیە کە ئێستا لەناو تراجیدیای کوژرانی کچێکی نۆزدە ساڵ و ئینسانێکی گەورەی وەک ماریادا، نەک شەرمەزار نابێت و سەر کز ناکات، بەڵکوو هێرشبەرانە دێتە قسە و پەنجەی تۆمەت بەرەو ڕێکخراوەکانی ژنان درێژ دەکات و داوای داخستنیان دەکات.

٭٭٭

لە هەرێمی کوردستاندا، بە هۆی چەند فاکتەرێکی جیاوازەوە، (لەوانە زاڵبوونی یەکجارەکیی ڕۆژنامەگەریی تابلۆیید کە بڵاوکردنەوەی قسەیەکی بێعەقڵانەی مەلایەکی گەمژە یان بانگخوازێکی سەرسەری، لە ڕیپۆرتاژی دواکەوتنی کەیسی ژنکوژییەک لە دادگا زۆر زیاتر کلیک و لایکی بۆ دەست دەخات، یان تەمویلکردنی ئۆردوویەک لە پیاوی دەبەنگ و بێمۆڕاڵی عەرەبیزان بە ناوی مەلاوە لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە بە مەبەستی کارکرددانان لەسەر ناسنامەی جیاوازی خەڵکی کورد)، ئاینداریی ئیسلامی بە ئەندازەیەک لە هەرێمدا گەشەی کردووە کە ئیتر نەک هەر گرفتێکی دیموکراتییە لەو هەرێمەدا، بەڵکوو ڕاستەوخۆ خەتەرە بەسەر ژیانی کەسە چاونەترس و ئینسانە گەورەکانی ئەو کۆمەڵگایەوە.

بکوژەکەی ماریا بەو تەمەنە کەمەوە هیچ شتێکی تر نەیکرد بە ئینسانکوژ و ئەو خەتا گەورەیەی بەرامبەر بە ئینسانێک و بەرامبەر بە کۆمەڵگای کوردی پێ نەکرد جگە لەو مێشکشتنەوەیەی کە گەشەی ئیسلامەتی لەناو فەزای گشتیی هەرێمدا بەسەر تەنانەت نەوەی نوێی هەرزەکاریشیدا هێناوە .. جگە لە بەربڵاویی ئەو پڕۆپاگەندە کوشندەیەی کە پیاوانی ئاینیی ساختەچی ساڵانێکە سیستەماتیک بە پارەی قەتەر و سعودییە و ئێران و تورکیا، لە مینبەری مزگەوتەکانی کوردستان و لە ڕۆژنامە حیزبییەکان و ڕۆژنامە بە ناو ئەهلییەکان و لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان و لە سۆشیاڵ میدیادا هەڵیدەڕێژن.

٭٭٭

لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی شوباتی ساڵی (٢٠١١)دا، ژمارەیەک لە سەرپەرشتییکارانی پرۆتێستەکان کاتێک بینییان کارەکە خەریکە بەرەو ئەوە دەچێت ئیسلامی سیاسی بە ناوی دژایەتیی دەسەڵاتەوە، ڕەواج بۆ ئایدۆلۆجیای تۆتالیتارییانە و دژە ژن و دژە ئازادیی خۆی پەیدا دەکات، پەرچەکرداریان پیشان دا و خۆیان لە پرۆتێستەکان کشاندەوە. لەو کاتەدا، لەبەر ئەوەی حیزبی گۆڕان لەپێناو دەنگگرتندا پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ گروپی کۆنەپەرستی وەک یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی هەبوو، چەند ئەکادیمیست و نووسەرێکی کوردی دەوروبەری نەوشیروان مستەفا کەوتنە ڕەخنەی ئەوانەی خەتەری دیموکراتییان لە گەشەسەندنی ئیسلامی سیاسیدا لە کوردستان دەبینی. وەک ئارگیومێنت دەهاتن ئەو تێزەی ناو دیبەیتی  ئاین لە ڕۆژئاوایان دەهێنایەوە کە باس لەو ڕۆڵە پۆزەتیڤە دەکات کە  ئاین دەتوانێت لەناو فەزای گشتی و لە سیاسەتی دەوڵەتیدا بیبینێت. کەسێکی وەک مەریوان وریا ئێستا و ئەوساش نەکرا ئەو قسە سادەیە تێبگات کە بیرمەندانی ئەوروپا (بۆ نموونە یۆرگن هابەرماس) لەپێناو جێگرتن و گەشەکردنی دیموکراتیدا، وە لەبەر ئەوەی  ئاینداران لە ڕۆژئاوا ڕوویان نایەت باوەڕداریی خۆیان لە فەزای گشتیدا بەیان بکەن و دەیشارنەوە، لەو پێناوەدایە پێی وایە گرفتێکی دیموکراتی لە عەلمانییەتی ڕۆژئاوادا هەیە و دەبێت ڕێگە خۆش بکرێت باوەڕداران بەها و پرەنسیپەکانی ناو  ئاینەکەی خۆیان تەرجەمە بکەنە سەر خواستی دونیایی و هەوڵی جێپێگرتنی بدەن وەک پۆڵەسیی لەناو سیاسەتی دەوڵەتدا و، وەک نۆرم لەناو کولتووری کۆمەڵگادا. ئەو نەیدەتوانی ئەوە تێبگات کە گواستنەوەی میکانیکیی ئەو تێزەی هابەرماس بۆ ناو دیبەیتی ئاین لە کورستان و، ئیسقاتکردنی ئەو تێزە بەسەر بەشداریی ئیسلامی سیاسی لە فەزای گشتیدا ڕێک گرفتی خەتەرناکی دیموکراتیی لێ دەکەوێتەوە نەک گرفتێکی دیموکراتی چارەسەر بکات.

ئەو ناحاڵییبوونەی ئەو ڕۆشنبیرانەی کورد لەوەی کە مەسیحییەتی ئەم سەردەمە و ئیسلامی سیاسیی ئەم سەردەمە دوو شتی تەواو جیاوازن، وە دیبەیتی ئاین لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە دوو قۆناغی جیاوازدایە، گەیشتبووە ئەو ئاستە کۆمیدییەی کە دەهاتن تێزی «ئەولەوییەت بۆ دیموکراتییەت نەک عەلمانییەت»یان لەناو دیبەیتی عەلمانییەت لە ڕۆژئاواوە دەهێنا و وەک ئارگیومێنتی پاڵپشتی بۆ ڕێگەدان بە بەشداریی ئیسلامی سیاسی لە سیاسەتدا بەکاریان دەهێنا. ئەوان نەیاندەزانی ئەسڵەن ئەو تێزەی ناو دیبەیتی ئاین لە ڕۆژئاوا، لە سیاقی کوردستاندا ڕێک ئارگیومێنتە بۆ خەمخواردن لە بەشداریی دیموکراتیی بێباوەڕوان نەک ئاینداران، چونکە لە کوردستاندا، ڕێک بە پێچەوانەی ئەوروپاوە، ئەوە بێباوەڕانن کە بەشداریی دیموکراتییەتیان لێ زەوت کراوە و لەژێر گوشاری تۆتالیزتاریزمی باوەڕداریی ئیسلامییدان. ئەوە ڕەخنەگرانی ئاینن کە گەشەی ئیسلامیزم و زاڵیی دیسکۆرسی ئیسلامی ناچار بە خۆسانسۆرکردن و ئامادەنەکردنی ڕای خۆیان لەناو فەزای گشتیدای کردوون. بیهێنە پێش چاوی خۆت چەند خەڵک لە کوردستاندا لەم مانگی ڕەمەزانەدا بەبێ ویستی ڕاستەقینەی خۆیان ڕۆژوو دەگرن، یان لە ترسی موناقەشەی ئەگرەسیڤانە و موزایەقەکەرانەی باوەڕداران، دەیشارنەوە کە بەڕۆژوو نین. ڕۆشنبیرانی کورد ناتوانن ئەو کەمە لێک بدەنەوە کە ڕێک بە هۆی پرەنسیپی ئەولەوییەتی دیموکراتییەت بەسەر عەلمانییەتەوە، مادامێک ئیسلامیزەبوونی سەرتاپاگیری فەزای گشتی گرفتی گەورەی بۆ دیموکراتییەت دروست کردووە، دەبێت یەکێک لە ئەولەوییات و کارە هەنووکەیییەکان لە کوردستان و وڵاتانی ئیسلامیدا هەوڵدان بێت بۆ عەلمانیزم و بەعەلمەنەکردن و عەلمانییەت.

بەشداریی داڕوخێنرانەی ڕۆشنبیرانی کورد لە دیبەیتی ئیسلام و ئیسلامیزم و ناسنامەی کورد و دەسەڵاتی سۆفتی وڵاتانی دراوسێ لەو سەردەمەدا گەیشتبووە ئەوەی کە، وەک ئەوەی ئەوان لە هەر یەکێك لە ئێمە بە تۆڵێڕانستر بن و لە ئێمە زیاتر لایەنگریی فرەیی و هەمەچەشنەیی بن، وتنەوەی دروشمی کەمتۆلێرانسانە و دژە فرەیییانەی «ئەڵڵاهوئەکبەر»یان وەک بەشدارییەک لە گەشەی دیموکراتیدا دەبینی. ئەو بەشدارییە داڕوخێنەرەی ئەو ڕۆشنبیرانە گەیشتبووە ئەو  ئاستە عەبەسییە لە ئارگیومێنتکردن کە دەهاتن باسی بە هەڵە دەرکەوتنی پێشبینییەکانی ماکس ڤیبەریان بۆ ئاوابوونی ئاین لە سەردەمی مۆدێرنتییدا، وەک بەڵگەی پەیوەنددار بە دیبەیتەکە دەهێنایە ناوەوە.

هیوادارم ئێستا دوای ئەوەی کۆمەڵگای کوردی بە جەدارەتەوە خۆی شایان بەوە کردووە وەک کۆمەڵگایەکی زیهنداخراوی ژنکوژ سەیر بکرێت و، ئاینداریی ئیسلامیی دیسکۆرسێکی کۆمەڵایەتیی دەستوپێگری دیموکراتی، ئێستا تێگەیشتبن کە دیبەیتەکە سەبارەت بە چی بوو و، ئەوان چی موساهەمەیەکی نێگەتیڤیان هەبووە لە دۆزی فرەییی بیروڕا و تۆڵێرانس لە کوردستاندا.

ڕەنگە خاڵێکی پۆزەتیڤ ئەوە بێت کە عاممەی کۆمەڵگای کوردی ئاگاداری ئەو تێکست و کتێبە کورت و کوێرانە نین کە بڕێک لە ڕۆشنبیرانی کورد بەرهەمی دەهێنن، وە بەشێکی گەورەی ئەوانەشی کە دەخوێننەوە، ئێستا لە سنوورداریی توانای لێکدانەوە لای ئەو نووسەرانە تێگەیشتوون و بە جیددی وەریان ناگرن. بەڵام هەرچییەک بێت، من پێم وایە ئەو ڕۆشنبیرانەی کورد، بەو ئەندازە کەم و زۆرەیکە سەهمیان هەبووە لەو گەشە خەتەرناکەی ئێستای ئیسلامەتی و ئیسلامی سیاسیدا لە کوردستان، ڕێک بەو ئەندازەیە بەرپرسیارێتیی مۆراڵییان لە کوژرانی ماریا و کوژرانی هەموو ئەو ژنانەی تردا دەکەوێتە ئەستۆ کە بەشداریی نێگەتیڤانەی مەلاکان و ئیسلامی سیاسی لە سیاسەت و لە فەزای گشتیی کوردستاندا لەم دەیەی دواییدا، پلەی موعەڕەزییانی زیاتر کرد.

٭٭٭

بیهێنە پێش چاوی خۆت کچێک بیت لە قوتابخانەیەکی هەڵەبجە و پێت خۆش نەبێت موحەجە بیت، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی بە تەنسیق لەگەڵ ڕژێمی بەدناوی ئێراندا، بۆ پیرۆزکردنی شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی (١٣٥٧)دا، ڕێک (١٣٥٧) کچ ببات داوا بکات ئەو درۆیەی بۆ بکەن کە تازە موحەجەبە بوون و تاجی ناو ئاڵای ڕژێم بکەنە سەریان. لەمەدا هەموو هاوپۆلەکانت بڕۆن تەنها تۆ نەبێت پێداگری لەسەر ڕێز بۆ بیر و بیرکردنەوەی سەربەخۆی بکەیت و نەچیت؛ بیهێنە پێش چاوی خۆت چی گوشارێکت دێتە سەر لەلایەن هاوپۆلەکانتەوە و، چۆن دەخرێیتە لاوە و، چۆن ناچار دەبیت هەموو قەناعەتێکی خۆت پشتگوێ بخەیت و تۆش لەگەڵیان بکەویت.

دیارە تەواو جێگەی تێگەیشتنە ئەگەر ئاوا کۆڵ بدەیت و، لەپێناو لەدەستنەدانی هاوڕێکان و دەوروبەرەکەتدا، دەست لە ویستی ڕاستەقینەی خۆت و لەو مافی مرۆڤە موسەلەمەش هەڵگریت کە ئازادیت چی لەبەر دەکەیت. ئاخر لەدەستدانی دەوروبەر و خۆڕەنجاندنی ڕەفیقان و هەوڵی تەریککردنەوەت و گوشارهێنانی بەردەوامی دەوروبەر بۆ وادارکردنت بە لەیەکچوون و کۆنفۆرمیتی، بارێکی ئەوەندە قورسە کە دەگمەن هەیە کەسێک ئامادە بێت لەپێناو ڕێزی بۆ خۆی و، لەپێناو کۆمەڵگادا، کۆڵی بداتە بەر.

بۆ ئەوەی ببینیت ئەو ماریایەی کە کۆمەڵگای ئێمە لە مانگی ڕابردوودا لە دەستی دا، چی ئینسانێکی مەزن بوو، ئەو فاکتە ببینە کە ماریا کۆڵی دابووە بەر بارێکی زۆر لەوە قورستر. ئەو تەنها بە نۆزدە ساڵ تەمەنەوە پشتی کردە پەروەدەیەکی تەواو موحافەزەکارانەی ناو خێزان و، باوکێک و حیزبێکی تەواو کۆنەپەرست و، زەواجێکی بەزۆر و هەموو دۆست و دەوروبەری بەجێ هێشت و، وەک کچێک وێرای خۆی ئاوارەی ناو کۆمەڵگایەکی سەرتاپا پیاوسالار بکات و، ئینجاش سەنگەری لێ بگرێت.

ماریا سەرکێشێکی ژیر بوو، وە بە هۆشیارییەوە سەنگەری گرتبوو. ئەو دەیزانی خۆی «ماسییەکی ڕەشی بچکۆلانە»یە و فەزای دەوروبەری بە ڕۆحی بەرتەسکە. دەیزانی دەوروبەرەکەی قەڵسن لە سەرکێشییەکانی. بۆیە وەک کاپشنی پرۆفایلی فەیسبووکەکەی نوسیبووی: «من بووم بە ماسیی، بە ئێوە چی؟».

٭٭٭

پێشتر من سەبارەت بە سەردەشت عوسمان وتم سەردەشت پرۆژەی هەڵکەوتنی ئەدیبێکی بەتوانا بوو کە لە سەروەختی چرۆکردنیدا قرتێندرا. ئێستا کە هەندێک تۆماری دەنگی و گۆرانیی تۆمارکراو و دەقی کورتی ماریا دەبینم، هەمان ئەسەفم لە دڵدا دروست دەبێت.

ماریا پرۆژەی هەڵکەوتنی ڕۆشنبیرێکی کارا و هونەرمەندێکی گەورەی خاوەن پەیام لە چەشنی «ئەحمەد کایا» و «بی کیدودە» بوو بۆ ژنانی سەرکوتکراوی کورد. ئەو خۆی ڕۆشن دەیزانی دەیەوێت چی پەیامێک بگرێتە ئەستۆ و لە بەرامبەر چییدا بوەستێتەوە. بۆیە لە پۆستێکی فەیسبووکدا دەنووسێت:

«من ئەزانم ڕۆژێک دەنگم باشتر دەبێت. ئەو کاتە پڕ بە دەنگم دانە بە دانەی تاڵییەکانی چێشتوومە، بە گۆرانیی دەیچرپێنم بە گوێی تاک بە تاکتاندا».

ئەو بەو تەمەنە بچووکەوە ئەوەندە واقیعبین و ڕۆشن بوو کە دەیزانی ڕێگەیەکی سەخت و درێژ و خەتەرناکی گرتووە. بۆیە لە دوو پۆستی تری فەیسبووکدا دەنووسێت:

«هەندێک جار وا هەست دەکەم من شەڕ بۆ دونیایەک ئەکەم کە خۆم کاتی ئەوەم نابێت تیایدا بژیم».

«من خۆم دەڕۆم ناگەڕێمەوە، بەڵام جوامێرییەکانم دەمێننەوە».

ئەو خۆی دەیزانی لەخۆبردووانە بڕیاری داوە ئەرکێکی گەورە بۆ کۆمەڵگای کوردی بگرێتە ئەستۆ بەڵام ئەو کۆمەڵگایە بە هەڵە لێی تێدەگات. بۆیە لە فەیسبووک دەنووسێت: «من هەموو شتێکم کرد کە کەسێکی باش دەیتوانی بیکات. من باشم. من ڕووبارێکی هەست بووم. شایەنی باشتر بووم».

بەداخەوە، پێدەچێت ماوەیەکی زۆر درێژ ببات پێش ئەوەی کۆمەڵگای کوردی ڕۆژێک ویژدانی ناڕەحەت یەخەی بگرێت و، تێبگات کە ماریا سام چەند شایان بە مامەڵەیەکی باشتر بوو، وە لەناوبردنی چی کەتنێکی گەورە بوو.

١٦/٤/٢٠٢٢