چاو

تابلۆی (Daiseri Terazono)ی گروپی (Yofukuro)

ئەرێ! نوستووە. نا، دامراوە لە چی كفتوكۆیە. ئەگەر مووەكانم دەبوون، چ بژ دەبوون و ئەگەر دەبووم چەنێک چیم دەكرد لە مێروولەی ئەم گشتە ئازارەی كێ ناڵێ هەمووی سەرپۆتە. بریا لێرە نەبووایەتم، نەوەكوو پێم نەزانن و فسكەفسك هەموو ئەو نیوەڕۆ چەورە چەوتانە بگێڕنەوە. بێتەوە یادیان كە چەنێك لەرز گرتبوومی و بە خۆمم گوتبوو دەیخوێنمەوە. (٨) دەڵێت وەیزانیوە خێوەت بەسەر قوونیدا دەكێشم و (یەک)یش دەڵێت خەتێكی ڕێك، قوونی خوراندووە و زووش زانیوێتی هەر كە بوو بە یەك دەنووسم “من”. دەڵێت” لەسەر من، هەر منێکی نووسی و لە سەر شیشەی مێزەكە داینام کە ئاگام لە خۆم بێت” و دەڵێت “هەر كە قوونم خەتـیك خورا، دەمزانی من دەبم بە”من”” و (٨) ناهێڵێت قسەكەی تەواو بکات، هەڵدەداتێ “كەس نازانێت بۆچی بۆ ئەم ئەركە قورسە، منی لە ئیۆە هەڵوەژێر كرد؟”. ئەوسا پشتی دەكاتە هەموویان و دیسان لە بەرخۆوە دەبرمێنن هەموویان “بەشكەم ڕۆح بخوێندرێتەوە” و (٧) دەیهەوێت خۆی بتلێنێتەوە و بگاتە (٨)، بەشکەم دڵی بداتەوە. كەچی (٩) لە نیۆانیاندا دەحیلكێنێت “فەقیرە! لەسەر من هەر فریا كەوت بنووسێت “كەچی” و دەیداتە تریقەی پێکەنین. (١٤) دەقیژێنێت بەسەر (٩)دا تا بیبڕێنێتەوە و (٩) برمەبرم دەڵێت “ناهەقیت ناگرم” و دیسان دەتریقێتەوە.

(٨) دەڵێت “كەس نازانی بۆ” و (١٢) دەڵێت “چی بۆ، حەوتیش بە قەدەر تۆ ئەركی بەسەر شانەوەیە”. ئەوسا پێکڕا (٧) دەخوێننەوە: “گوتم”.

“من چی لە خۆم بكەم سوكومەهتووك بووم لە نیۆتاندا” و (٩) دەیكاتە قریوەقریو: دەڵێت “دەتگوت” و پێدەكەنێت. بەدەم پێكەنینەوە دەڵێتەوە “ئەی باسی (١٦) بۆ ناكەن” و شانزە خۆی كز دەكاتەوە و لە بەرخۆوە دەنووکێنێت “من بڵیم چی؟ خەتای (١٥) بوو”. دەڵێی (٩) باسێكی دیكەی بۆ پێكەنین دەست كەوتووە، قاقا دەکێشێت و دەڵێت: “نەمدەتوانی لە قەبزی دنیا قوتار بم و”… كەس نازانێت ئەو “وو”ـەی ئاخر چییە قوت بووەتەوە لە بەردەم “بم”ـدا. (١) دەڵێت “ویستوویەتی زۆربڵێی پێ بناسێت” و هەموویان لە داخی ئەو هەموو حیلکەحیلکەی (٩) قاقا دەكێشن و دەحیلكێنەوە، چ حیلکانەوەیەک. لەنێو دەنگەدەنگی پێكەنینیاندا، دەنگی (١٧) بەرز دەبێتەوە “ئەی بۆ دەمی بە لای هیچ كامتاندا نەبرد، هەژتان بە سەر؟” و (٩) ناهێڵێت قسەكەی تەواو بێت، دەڵێت “بۆیە. بۆیە تۆ بە شانزەوە بەندی، بۆیە تۆ تەنیا بوویتە “بۆیە”ــیەکی حیز” و هەندێکیان كە بیر لە (١٦) دەكەنەوە خۆیان پێ ناگیرێت و پرتەپرت پێدەكەنن. (٩) دوابەدوای پێكەنینیان دەڵێت “هیچ نییە، مەیخەرە دڵی خۆتەوە، ئەو کاتەش كە دەركەی لێ نەكردبوونیەوە (١٦) هەر سوارت بوو. قەیدی چییە؟ بۆ شازدە كوێی خراپە؟” و ڕوو دەكاتە ئەوانی تر و دەڵێت “”دەبوو گووی دنیا بشێلم”، عەیبی چییە؟” زۆربەیان لە بەرخۆوە پێدەكەنن و شانزە هەر نووكەنووكیەتی.

بریا حەتتا وەهاش هەر نەدەبووم تا ئاگام لە سەرشۆڕیی (٢) نەبێت، دەستەوستان خۆی لە سووچیك مت كردووە و فززە ناکات کە نەوەکوو وەبیری كەسێک بێتەوە.

خۆم لە باران دزی بووەوە و لیكدا لیكدا كاغەزم ڕەش دادەگەڕاند، ئەمە چییە دەمویست بزانم بڵێم چی و بڵێم ئەی بۆ چاوی وا ناڵێت؟ من دەڵێم ڕۆح لەپشت چاوەوە سەرزندە، خەریكی خۆنوواندنە و ئاگام لێیە تۆ ئەوە نیت كە دەیڵێت. نازانم. بڵەی (٩) بەڕاستی بێت؟ خەریكە (١٠) هەڵدڕێت لە داخ  و خەفەت. هەر دەڵێت “خوێندنەوەی چی و نەخوێندنەوەی چی؟” و هەرچی (١٠)ش خۆی لێ گرژ بکاتەوە، نایبڕێنێتەوە، خێرا دەڵێت “ڕۆحی چی کە كەڵكی چی بێت؟” هەر (١٠)ـەیە لەسەر خۆی هەڵدەقڕێت و دەڵێت: “برالە! من تەنیا ژمارەیەكم كە نهێنییەکم تێدا دركاوە، جوان بیری لێ بکەنەوە “خوێندنەوە و نەخوێندنەوەی ڕۆح كەڵكی نەبوو” یانی چی؟ دیارە كوڕە لە مندا دەریدەخات چی بووە و بووشە بە چی”؟ و ئەوانی تر وست، دەڵێی بیری لێ دەكەنەوە.

(١٣) هەڵدەداتێ و دەڵێت “با بە نەحسیشم بزانن، وەلێ ئەوەی کە “بوون بەچی”ـی كوڕە دەردەخات “هەر حەریق تاقی بکەمەوە”ـیە” و (٩) بە تیزێکەوە دەبرمێنێت (١٢)ـەش، (١٢)ـەش.

دوانزەش…

نا. دەڵێم دانەمراوی لە كفتوكۆش. دەنا سەبەبی چییە ئەو حەریقە لە سیانزەدا پەرەی سەندووە و ئەها (١٤) چۆن دەقیژێنێت “دەمقیژاند”یش؟”.

شەوە و تیشکە ساردێکی مانگ، لە درزی پەردەكانەوە خەمۆکی دانەدانەیان دەنوێنێت: هێشتا نەكێشراون.

(٩) ئارامتر لە هەموویان لەبەر پێواری قووتوە سێگارەكەدا كزوڵەی كردووە و پێی وایە ئیتر بمخوێننەوە. هەموویان هاوڕای نۆن و دەڵێنیەكمان هەڵدەبژێرین بۆ گێڕانەوەی ساحەبە بێ ساحەبەكەمان و (٣) دەناڵێنێت “بەڵام ئەو ساحەبی ئێمە نەبوو… ئەو كوڕە قەت ساحەبی هیچ نەبوو، هیچ، تێگەیشتن؟”

وەلوەلەیەك دەچڕێتە نێویان و هەندێکیان قسەی (٣)یان پێ قسەی قۆڕە و هەندێکی تریان لەسەر (٣) هەڵدەقڕین، چۆن.

-“ئاخر تۆچیت، “ببم بە پیاو”ـێكی لەسەر نووسیوی، فڕت سوار بووە بە سەرماندا؟” و (٩) دەیەوێت ئارامیان بکاتەوە، دەڵێت “بیبڕێننەوە، سەرحەپۆلینا! لەسەر چی بە شەڕ دێن، داوەشێن؟ ئەوە من دەیگێڕمەوە بۆتان، ها… “من…چونکە تەنیا دەنكێک كە زۆر زوو–پێش هەمووتان- دەركیشرا، من بووم؛ ئاگام لێ بوو دەیبرماند لە بەرخۆیەوە “خۆم دەزانم، خاویی ئەم ئاتەرانە، چەن سەختە و با تاوەکوو قینم لە سیافامیم هەڵنەستاوە، لێرە دەرتكەم. ئەوەندە خۆم لە باران دزیوەتەوە كە لێرە دەرتبكەم””.

(٦) دەبرمێنێت: “ئەو ڕۆحە، ئەو ڕۆحە هەرهە”… و كەس گوێی لێ نییە.

تومەز كەوتوومەتە بەر تیشکی سڕی مانگ و ڕێک لەو کاتەدا (٦) بینیومی کە خۆم داوە بەسەر سەندەڵییەکدا. كەچی سەریان بە سەرەتەقەی خۆیانەوە قاڵە و (٦) بێدەنگ دەكەن، دەڵێن بیبڕێتەوە، نەیبڕێتەوە دەیبڕێننەوە و (٧) دەڵێت “شەش! ئاخر تۆ بۆ؟ خۆ گوناحەكە هەمووی لە تۆدا نووسراوە، كە ئیمە هیچ ناڵێین تۆ بۆ واز ناهێنیت؟”… و (١٤) بە دەنگی بەرز دەیخوێنێتەوە “لە دنیام هەڵدزی”…

تومەز یانزەیان فەرامۆش كردووە، هەموویان. (٢) خۆی تێدەگلێنێت و وەك قسەیەكی بیر كەوتبێتەوە كە دەبوو لە جوابیاندا بیڵێت، دەڵێت: “لە منەوە تا یانزە، هەمووتان، فشەن، لەخۆوەن. لە یانزەشەوە تا دەگاتە (١٧) هەروەتر. یانی، وەرن (١) و من و (١١) و (١٧) و…”لە ناکاوێک (٥) هەواڵی (١٨) دەپرسێت. دەڵێی لێیان شرتوون بووە و پێیان نەزانیوە. (١) دەڵێتەوە “كە قونچكی منی بە خەتە ڕێکەکە کڕاند، هەژدەی وەلا خستبوو. ئاخر، پێش هەموومان هەژدەی نووسی و دوایی (١٩) و دواییش… ئیش، ئەم چواردەیەش…”. (١٤) لە کەیەوە قیژاندوویەتی “هەژدە! هەژدە!” و هەر (١) گوێی لێ بووە، ئەوانی تر گوێڕایەڵی یەک بوون. (١٩) دەڵێت: “وا دەری ناهێنێت، پێم وابێ بۆی بگەڕێین، چاکترە” وهەمووی تێکڕا بۆی دەگەڕێن.

كەچی هیچ.

(٦) ڕوو دەكاتە (٢) و دەڵێت: “دەی، باسی چیت دەکرد؟”

(٦) دەستەماشانێک دەکات و دەگووڕێنێت: “چی؟ ئەها. دەی گوتم  وەرن (١) و من و (١١) و (١٧) و (١٨) و (١٩) و (٢٠) بنێنە پاڵ یەک”.

شانزە دەست دەکات بە خوێندنەوەیان: “من. چونكە دەسەڵاتم نەبوو. گیرم كرد. بۆیە… ئەرێ هەژدە چی بوو؟”

دەپرسێت و كەس نازانێ چی بڵێت.

پێکڕا ڕوو دەكەنە (١٩) دەڵێن: “دەشێ تۆ بزانیت” و (١٩) بێدەنگە. ڕوو لە كومیدی جلەكان، بەسەر تاقەكەدا چەماوەتەوە و بێدەنگە. دیسان لێی دووپات دەكەنەوە: “تۆ دەزانی. دەی بیڵێ. تۆ دەشی بزانیت”.

چونكە سیافامی وەك من، كە نەیزانی بۆچی ئیتر هەموویان مەیلە و مەرگن، كەچی دیسان لە ترسی مەرگ خۆیان لە هەزار قوژبنی ژیان، شاردووەتەوە و – حەتتا-  مرخیان لە هەناسەكانی خۆشیان خۆش كردووە؛ وا چاك بوو هەر شرتوون بیت.

(٤) دەڵێت: “هەمووی لە مندا پوختە کراوەتەوە. بمخوێننەوە!”.

(١٦)دەیخوێنێتەوە: “ئەودیو چاوێک…” و خێسەیەك لە (٢) دەكات. دەڵێی تازە بە هەموو شتیكی زانیوە (١٦) و (٢) بە تاوانبار دەزانێت كە نەیهێشتووە (٤) بخوێننەوە. دەڵێت: “ئەی (٥) چییە؟” و پێنج لەولاوە لە بەرخۆوە دەناڵێنێت: “كەوتم و…”.

(٢) دەگووڕێنێت: “بەڵام خەتای من چییە  هەژدەتان لێ ون بووە؟” و دەیداتە پرمەی گریان.

(٩) ئارامی دەكاتەوە و دەڵێت: “دەیدۆزینەوە” و (١٩) خۆی لەگەی بنزاری دەپسێنێت و دەڵێت: “لە قەڕەقووپی گیرفانەكانیدا بۆی بگەڕێن” و هەموویان پێکڕا رووە و قەڕەقووپی گیرفانەكانم دەقیژێنن: “هەژدە! هەژدە!”.

دەڵێی دەنگەکان لە بنكی گۆمێکەوە هەڵدەستن، دەڵێی لە سووكنایی سەهۆڵبەندانێكدا ڕچیوە، هەژدە.

دەڵێن: “هەژدە گیان، خۆتمان بۆ بخوێنەوە…” و دەڵێت: “لێتان شرتوون بووم”.

دەڵێن: “دەزانین، بەڵام قەینا خۆت بخوێنەوە بزانین پازڵی ئەم دابڕانە چۆن ڕێک دەخرێت؟”

دەڵێتەوە: “لێتان شرتوون بووم” هەژدە…

دەیانهەوێت پێکڕا بنەڕێنن: “دەتدۆ…” کەچی دیسان دەڵێتەوە: “لێتان شرتوون بووم”…

(٩) ڕوو دەكاتە (١٩) و بە یەئسێکەوە دەبرمێنێت: “لێتان شرتوون بووم”ـی لەسەر نووسراوە” و پڕ بەدڵ هەست بە دڵدانەوەی (١٩) دەكات. شانزە كە بە (٩) دەزانێت نووكەنووک، (١٩) دەخوێنێتەوە: “ئێستاش ئیتر قەڕەقووپی جلەكانم …” و هەموویان، کشومات دەبن.

باران، ڕایەڵەیەك لەبەر تریفەی مانگدا دەچنێت و تریفەش لەسەر (٢٠)  دادەخورێت كە ئێستا ئیتر بە چ قینێکەوە بیر لە چارەنووس دەكاتەوە و لە ترسی وشكبوون پیی وایە بکێشرێت باشترە. هانایەكی دێتەوە و بە خۆی دەڵێت: “تا تریفە بوو، كەس رووی تێ نەکردم بمخوێنێتەوە و “ئێستاش ئیتر هیچ”، بە توون”.