شیعری مۆدێرن ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و شیعرانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی گشتی له ئه‌وروپا و ئه‌مریكای باكوور له ساڵانی ١٨٥٠ تا ١٩٥٠ به نه‌ریتی شیعری مۆدێرن نووسراون. له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانه‌وه ناكۆكیی زۆر له‌سه‌ر پۆلێن‌كردن و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی شیعری مۆدێرن هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به گشتی له‌سه‌ری كۆكن، سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شیعری مۆدێرن هه‌ر ئه‌م دوو شه‌پۆله‌یه كه باس كرا: سیمبولیزمی فره‌نسی و شێوازی شیعری ئازاد و په‌خشانه‌شیعره و، شه‌پۆلی دووه‌میشیان: شیعری ئیماژیزم و بڕگه‌ییی ئه‌مریكای باكووره. كاریگه‌ریی شاعیرانی سیمبولیستی فره‌نسی وه‌ك بۆدلێر و ڕه‌مبۆ و مالارمێ نه‌ك به‌سه‌ر شاعیرانی فره‌نسی زمان، بەڵکوو به‌سه‌ر شاعیرانی تری مۆدێرنیستی جیهانیشدا حاشاهه‌ڵنه‌گره. ئه‌م شاعیرانه به پله‌ی یه‌كه‌م پشتكردنیان بوو له نه‌ریتی شیعری ڕۆمانتیزم و كه‌شفكردنی جیهان و په‌یوه‌ندی نێوان شته‌كان له ڕوانگه‌یه‌كی نوێیه‌وه. شیعری مۆدێرن به پێچه‌وانه‌ی زانست و ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه‌ش كه هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات دوالیزمه‌كان له ته‌نیشت یه‌ك دابنێت بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌میان له ڕێگای ئه‌ویان، بۆ نموونه له ڕێگای نادادپه‌روه‌ری بزانێت دادپه‌روه‌ری چییه، عه‌قڵ چییه و ڕۆح كامه‌یه و پیرۆز و ناپیرۆزی و هتد، هه‌وڵ ده‌دات ته‌واوی پارادۆكسه‌كانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی خۆی بۆ نێو شیعر بگوازێته‌وه.
بۆیه لای شاعیرانی مۆدێرن به پێچه‌وانه‌وه‌ی شاعیرانی ڕیالیست و ڕۆمانتیك زمان چیتر كه‌ره‌سته‌یه‌ك نییه بۆ وه‌سفكردنی واقیع و نواندنه‌وه‌ی هه‌ست و سۆز به‌رانبه‌ر ئه‌م واقیعه… چونكه وشه‌كان هاوته‌ریب نین لەگەڵ ئه‌و شتانه‌ی كه بڕیاره ده‌ریانبڕن. وه‌ك ت. ئیس. ئیلیۆت ده‌یڵێت: وشه‌كان ده‌ستیان كردووه به “خلیسكان”. لای ئه‌وان زمان له كاتی هه‌وڵدان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م واقیعه‌دا لێك ده‌ترازێت… و لێره‌دا زمان تووشی قه‌یران دێت، چونكه ئه‌و په‌یوه‌ندییه سه‌ره‌تایه‌ی زمان له‌گه‌ڵ جیهاندا واته ناولێنان و وه‌سفكردنی شته‌كان و دیارده‌كانی نێوی چیتر ڕوون نییه و ته‌مومژاویبوون و هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن و ته‌نانه‌ت كۆڵنه‌دان بۆ وهسفكردنیش شوێنی به ده‌لاله‌ته باوه‌كان لێژ كردووه … هاوشێوه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له ڕۆمانی “له هه‌ناوی تاریكی‌دا” كه كۆرتێز خه‌ونه‌كانی خۆی ته‌نیا له شێوه‌ی “ترس و تۆقین”دا ده‌رده‌بڕێت! یان ئه‌و ئه‌زموونه‌ی بێكێت كه ده‌ڵێت: ناتوانم به‌رده‌وام بم، به‌رده‌وام ده‌بم! بۆیه شیعری مۆدێرن به جۆرێك بریتییه له شكستی ئه‌زموون و له‌ناوچوونی زمانی شیعر و، زۆربه‌ی شاعیرانی مۆدێرن قه‌یرانه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای مۆدێرنیان له شێوه‌ی پارادۆكسه ناوه‌كییه‌كانی شیعردا ئه‌زموون كردووه و، لێره‌دا بوونی پارادۆكس وه‌ك دیوێكی ئه‌رێنی سه‌رنج ده‌درێت و مه‌به‌ست لێی قووڵبوونه‌وه‌ی شاعیرانه له سه‌رده‌می خۆیان و ئه‌زموونكردن و قبووڵكردنی هه‌موو پارادۆكسه‌كانی نێو ژیانی مۆدێرنه. ئه‌م كتێبه‌ی به‌رده‌ستان هه‌وڵێكه بۆ خوێندنه‌وه‌ی جیهانی شیعری مۆدێرن، كه وتاری یه‌كه‌می له‌لایه‌ن “ئێریش هیله‌ر” نووسراوه و به جۆرێك ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م جیهانه شیعرییه و، پێی وایه ئه‌زموونی ئه‌م شاعیرانه ئافراندنی كۆمه‌ڵێك جیهانی لێوانلێوه له سیمبولی ئاڵۆز و ناڕوون، كه بوونیان له ئه‌نجامی لێكترازانی شیعر و ژیان و دواتر له‌ده‌ستچوونی ساده‌یی (زمانی) شیعره. له هه‌مان كاتدا ده‌ركه‌وتنی واقيعێكی بێ‌واتا و واتایه‌كی ناواقیعییه، كه هه‌رجۆره هه‌وڵێك بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندى له‌نێوان ژیان و هونه‌ردا له‌ناو ده‌بات. ئه‌م وتاره له‌لایه‌ن خودی مورادی فه‌رهادپور وه‌رگێڕاوه، وتاری دووه‌میش كه نووسینی خۆیه‌تی، هه‌وڵێکه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌رگۆمێنته‌كانی هیله‌ر له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌روازه‌یه‌كه بۆ چوونه نێو ئه‌م جیهانه ئاڵۆزه‌ی ئه‌زموونی شیعری مۆدێرن و شیكردنه‌وه‌یان به ئه‌رگۆمێنتی فه‌لسه‌فی و مێژوویییه‌وه. له كۆتاییشدا گفتوگۆیه‌كی تێر و ته‌سه‌له لەگەڵ نووسه‌ر سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌ب و شیعری مۆدێرن و ئه‌و باسانه‌یش كه ده‌یخاته ڕوو سه‌باره‌ت به كۆنه‌پارێزی ئه‌ده‌بی ئێران ده‌شێت وه‌ك نزیكییه‌كی كولتووری بۆ توێژه‌ران ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی بیركردنه‌وه سه‌باره‌ت به ڕه‌وتی شیعر و ڕۆمان له ئه‌ده‌بی كوردیشدا. وەرگێڕ
ئەم کتێبە لەلایەن فازڵ مەحموودەوە وەرگێردراوە بۆ زمانی کوردی و ماڵپەڕی ژنەفتن وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاوی کردووەتەوە. بۆ ئاسانکاری بۆ خوێنەران ئەم کتێبە بە دوو شێواز دیزاین کراوە، یەکەمیان کە لە دوگمەکە نووسراوە (بۆ خوێندنەوە)، بۆ خوێندنەوەیە لەسەر کۆمپیوتەر و موبایل، دووەمیان کە نووسراوە (بۆ چاپکردن)، ژمارەی لاپەڕەکان کەمترە بۆ ئەوانەیە کە دەیانەوێ پرێنتی بکەن. دوگمەکانی داوەنلۆد لە سەرەوە دانراون.