بووكه‌ڵه‌كان

شانۆنانە

وه‌رگێڕانی: ئیمان عه‌بدولواحید

كاره‌كته‌ره‌كان:

پاڵه‌وان

سیا

بازرگان

ئاغا

شاعیر

دێو

كچ و

پرۆلۆگ



پرۆلۆگ[1]: سڵاوێکی گەرم بۆ ئێوه‌ی پیاوان، سڵاوێكی گه‌رم بۆ ئێوه‌ی خانمان

بەخێر بێن بۆ سەیرکردنی یارییەکەمان

هه‌م ئێوه‌ی خانمان، هه‌م ئێوه‌ی پیاوان.

مناڵان حەز بە یارییەکانی ئێمە دەکەن

به‌ڵام بۆ ئێوە نازانم.

من مرۆڤەکانی نێو ئەم یارییە دێنمە قسە

چۆن بمەوێ وا دەیانهێنمە قسە،

ئەوان تەنیا گوێ لە قسەکانی من دەگرن

منیش پێیان دەڵێم کە ئێوە بخەنە پێکەنین.

گه‌ر یارییه‌كه‌ی ئێمه‌ ئێوه‌ سه‌رقاڵ بكات

مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ بۆمان.

ئێمە به‌هۆی دڵخۆشی ئێوەوه ‌پارووه‌ نانێكمان ده‌ست ئه‌كه‌وێ و،

دڵخۆشی ئێوە، دڵخۆشی ئێمەیە.

ئەگەر مناڵەکانیشتان سته‌یجه‌كه‌ی ئێمه‌یان لێ دیار نییە،‌ شوێنێکی باشتریان بده‌نێ و

گەر گوێیان لە دەنگمان نابێت بۆیان بگێرنەوە،

ئێمە تەنیا بۆ دڵخۆشی و سه‌رقاڵی ئێوە کار دەکەین.

ئێستا با بچینە سەر چیرۆکەکەمان.

چیرۆکی پاڵه‌وانێك

پاڵه‌وانێك لە هەمووان ئازاترە

و  هەموو تەمەنی خۆی له‌ جه‌نگدا بردووه‌ته‌ سه‌ر.

جەنگ لەگەل دێو، جەنگ لەگەل پەری

جەنگ لەگەل هەرچی خراپەیە.

لە ڕاستیدا کە خراپه‌، خراپە.

پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئێمه‌ش لەگەڵیدا جەنگاوە

و پاڵه‌وانه‌كه‌مان هاوڕێیەکی هەیە ناویسیایه‌؛

و ئەمسیایه‌ له‌ پێكه‌نیندا ده‌تانپچڕێنێت.

ئەوە ئێوە و ئەمه‌سیا،

ئەوە ئێوە و ئەمه‌ پاڵەوان،

ئەوە سیا و ئەمه‌ پاڵەوان.

پەردەکە لا دەن.

{پەردەکە لا دەدرێت}

– پاڵه‌وان ‌وا خەریکە دێت.

پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئیمە وا دێت.

پاڵه‌وانێك کە زۆر جەنگاوە،

و لەگەل هەرچی خراپەیە جەنگاوە.

{پاڵه‌وان دێته‌ ژووره‌وه‌}

پاڵه‌وان: دوژمن لە کوێیە؟

پرۆلۆگ: له‌ گشت شوێنێك.

پاڵه‌وان: شووشەی ته‌مه‌نی کام دێو؟ تەلیسمی جادووی کام جادووگەر؟

پرۆلۆگ: سەیری ئەولا بکە.

پاڵه‌وان: {دەخولێتەوە} لە کوێیە؟

پرۆلۆگ: لێره‌.

پاڵه‌وان: {ڕادەوەستێت} هه‌ر ئەمه‌ نەبوو کە دوێنێ له‌ قەڵای بەردباران بوو؟

پرۆلۆگ: نا پاڵه‌وان.

پاڵه‌وان: و پێرێ كۆشكی زایه‌ڵه‌ی جادوو؟

پرۆلۆگ: گوێی مه‌ده‌یه.‌

پاڵه‌وان: دوو ڕۆژ پێش حه‌ساری ئیلهاكی دێو؟

پرۆلۆگ: خه‌یاڵپڵاو ئه‌كه‌ی پاڵه‌وان.

پاڵه‌وان: دوێنێ، دوورۆژ پێش، سەت سال پێش، هەزار سال. نا

خەیاڵ نییە. ئەم قه‌ڵایە به‌رزه‌م بیرە.

پرۆلۆگ: هەموو قەڵاکان له‌ یه‌ك ده‌چن و، ئێستا،هه‌ر بژیــ  ئەمه‌ تۆ و ئەمه‌ش

 قەڵای مەرگ، کاتی نمایشه‌كه‌یه‌ شمشێرەکەت هەڵکێشە، هەمووان چاوەرێیبینینی

کارەکانی تۆن.

پاڵه‌وان: چیتر نابێ کەس چاوەرێی سەیرکردنی من بێ.

پرۆلۆگ: ئەمرۆ پاڵه‌وانه‌كه‌ی ئێمە خەمبارە.

              خەمبار مەبن؛ سه‌رگه‌رمی ئێوە وا ده‌ست پێ ده‌كا.

پاڵه‌وان: نا پرۆلۆگ من چیتر ناتوانم بینه‌ره‌كانی تۆ سه‌رقاڵ و دڵخۆش بکەم.

پرۆلۆگ: بۆچی پاڵه‌وان؟

پاڵه‌وان: ماندوو بووم.

پرۆلۆگ: لە چی؟

پاڵه‌وان: لە سه‌رگه‌ر‌مکردنی خۆم و ئەوانی تر.

پرۆلۆگ: ماندوو نەبی پاڵه‌وان.

پاڵه‌وان: ئیتر نامەوێ لەگەل دێو، یان پەری بجەنگم.

             خۆم له‌ کەڕی بده‌م، یان کوێری.

پرۆلۆگ: نایەوێ، بەڵام دەجەنگێ. ئەمرۆش کارێکی بەرچاوتان بۆ دەکات

ده‌پرسن چییه‌؟

           هەر پاڵه‌وانێك دوای حەفتا و دوو جەنگ ده‌چێته‌ سه‌ر قەڵای مەرگ،

ئەمرۆش ڕۆژی پاڵه‌وانەکەی ئێمەیە.

پاڵه‌وان: نا پرۆلۆگ من ئیتر هەموو شتێکم وەلا ناوە.

پرۆلۆگ: بێ هیچ قسەیەک؟

پاڵه‌وان: بێ ئه‌ملاولا.

پرۆلۆگ: باشه‌، ده‌ی دوای ئەوە چی دەکەی.

پاڵه‌وان: سەیر دەکەم؛ سەیری جەنگێک دەکەم.

پرۆلۆگ: کێ دەجەنگێ؟

پاڵه‌وان: من! 

پرۆلۆگ: تۆ؟ كه‌واته‌ تۆ هێشتایش –

پاڵه‌وان: دەجەنگم!

پرۆلۆگ: لەگەل کێ؟ خۆت؟ ئه‌ی هاوار خۆ ئەمە له ‌کوشندەترین جەنگەكانه‌.

پاڵەوان: براوه‌یه‌ك لە ئارادا نییە.

پرۆلۆگ: بە هەرحاڵ-

پاڵەوان: ئەوەی دەدات به‌ عه‌ردا خۆتی!

پرۆلۆگ: ئەو شەڕ ناکا، بەڵام جەنگێکی گەورەتر ده‌كات؛ لەگەڵ خۆی!

چیتر.

پاڵەوان: چی بڵێم؟

پرۆلۆگ: باسی خه‌م و ئازارت بكه‌.

پاڵەوان: ماندووی ماندوو بووم.

پرۆلۆگ: لە چی؟

پاڵه‌وان: لە ماندوویه‌تی.

پرۆلۆگ: ئه‌ی هاوار خۆ ئەمه‌ له‌ خراپترین ماندووبوونه‌كانه‌.

پاڵه‌وان: کەی خوله‌كێكیش ئاسوودە بووم؟

ڕاخەرم زەوی بووە، پێخەفم ئاسمان.

هەر ڕووم كردووه‌ته‌ دەشت و كێوان.

هەر چووم و نەگەیشتم.

هەر گەیشتم و تێنەگەیشتم.

هەر وتم  ئا له‌و دوورەوە کێوێک دیاره‌،

  لە دامێنی كانیاوێك

ته‌نیشت كانیاوه‌كه‌ سەوزایی.

               هه‌بوو، به‌ڵام چۆڵ بوو.

 هەموو شتێ هه‌بوو، به‌ڵام چ سوودی هەبوو؛ چۆڵ بوو.

پرۆلۆگ: پاڵه‌وان نه‌کا ئاشق بووبی؟

پاڵه‌وان: خۆزگە دەبووم  

پرۆلۆگ: ئیتر بە ئێمە مەڵێ.

پاڵه‌وان: من عاشقی عه‌شقم.

پرۆلۆگ: چیرۆکێکی سەیرە{دەچڕێ} تۆ عاشقی و من بێئاگام ـــ پێکەنیناوییە.

پاڵه‌وان: کەواتە پێبکەنە.

پرۆلۆگ: عیشق _

پاڵه‌وان: قسەی قۆر!

پرۆلۆگ: یانی نەبووی؟

پاڵه‌وان: با ڕۆژێكیان.

پرۆلۆگ: كام ڕۆژ؟

پاڵه‌وان: ڕۆژێک کە بۆم گشت ڕۆژێکە 

هەموو ڕۆژەکانیش هه‌ر ئه‌و ڕۆژەیە

پرۆلۆگ: کەی؟ چ کاتێک؟

پاڵه‌وان: نە دوێنی بوو، نە ئەمڕۆ

زۆر لەمێژە، هەزار ساڵە.

پرۆلۆگ: دڵی پاڵه‌وانێك وەک شۆڕەکاتە،

گیای تێدا ناڕوێ،

به‌ڵام ئەگەر بڕوێ، هیچ کات لێی نابێته‌وه‌.

پاڵه‌وان: جوانت فەرموو پرۆلۆگ. هیچ کات لێی نابێته‌وه‌.

پرۆلۆگ: بیریشی لێ مەکەوە، تۆ بەهێزترین پاڵه‌وانی، کەس ناتوانێ

ڕووبه‌ڕووی تۆ بێته‌وه‌.

پاڵه‌وان: به‌ڵام ئەو منی دا به‌ عه‌ردا.

پرۆلۆگ: نەمبیستبوو.

پاڵه‌وان: ئەو تەنیا کەسێک بوو کە منی دا به‌ عه‌ردا.

 گوتی تۆ پاڵه‌وانی، بڕۆ بجەنگە.

گوتی بڕۆ بجەنگە، بیکوژە!

پرۆلۆگ: ئه‌ی تۆ جەنگای؟

پاڵه‌وان: بەڵێ.

پرۆلۆگ: لەگەل خۆت

پاڵه‌وان: بەڵێ.

پرۆلۆگ: کوشتت؟

پاڵه‌وان: نەمتوانی.

پرۆلۆگ: نەتتوانی؟

پاڵه‌وان: نه‌خێر. هەموو جەنگێک کۆتایییه‌كی هه‌یه‌،

 ئەم جەنگە کۆتایی نەبوو.

پرۆلۆگ: تۆ ئه‌مه‌ت له‌بیرت نەکرد.

پاڵه‌وان: دوێنێ بینیم هەزار ساڵە، به‌ڵام من نەمتوانی

پرۆلۆگ: دوێنێ –

پاڵه‌وان: وەکوو هەموو ڕۆژێک _

پرۆلۆگ: تۆ لە جەنگ گەڕایتەوە.

پاڵه‌وان: جەنگ لەگەل دێوێک.

پرۆلۆگ: ئه‌ی دواتر؟

پاڵه‌وان: له‌ به‌رده‌م دەروازەکە، گوێم لە خۆم بوو کە دەیگووت:-

تۆ پاڵه‌وانی، به‌ڵام لەگەل خۆشتدا ڕاستگۆ نیت.

ئەوەی هەموو ڕۆژێک دەیکەی جەنگ لەگەل دێو نییە.

ئەی فێڵباز، تۆ هەموو ڕۆژێک به‌ مه‌به‌ستی مردن دەجەنگی،

به‌ڵام بە زیندوویی دەگەڕێیتەوە.

درێغ بۆ پەلوپۆکەوتن، ئەوە چ درۆیەکە کە دووبارەی دەکەیتەوە ؟

ڕاستی ده‌كرد: من خۆم هەڵده‌خه‌ڵه‌تاند.

پرۆلۆگ: منیش خۆم هەڵدەخەڵەتێنم.

پاڵه‌وان: وەکوو هەر کەسێکی دیکە.

پرۆلۆگ: وەکوو هەمووان.

پاڵه‌وان: به‌ڵام من خەریکە چی دەڵێم؟ بۆ کێی باس دەکەم؟

پرۆلۆگ: بۆ من، بۆ ئێمە.

پاڵه‌وان: کەسانێک کە سەیر دەکەن، به‌ڵام نابینن.

پرۆلۆگ: ئەوە من بیری ئازارێك دەخاتەوە کە تەمەنێکە لەگەڵمدایە.

له‌و ساڵی قاتوقڕییه‌وه‌ لە پیرێژنێکم بیست کە دەیوت:

برینی گەورە تەنیا مرۆڤ تێكدەشکێنێت،

به‌ڵام ئەوەی کە دەیکوژێت برینە بچووکەکانە.

پاڵه‌وان: هه‌ر بژی.

پرۆلۆگ: سه‌لامه‌ت بی. کەواتە تۆ ئیتر_

پاڵه‌وان: خەریکە کۆتاییم دێ.

پرۆلۆگ: زۆر ناخۆش بوو.

پاڵه‌وان: کە ناتوانم ببمه‌ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ته‌ماشام بكه‌ن؟

پرۆلۆگ: خەڵکانێک کە تەنیا سەیر دەکەن.

پاڵه‌وان: مردنی پاڵه‌وانەکان!

پرۆلۆگ: کەسانێک کە تەنیا دەژمێرن، پاش جەنگ.

پاڵه‌وان: تەرمی مردووەکان!

پرۆلۆگ: جوانت وت پاڵه‌وان، شتی تر بڵێ.

پاڵه‌وان: لەبارەی چییه‌وه‌؟

پرۆلۆگ: هەر شتێ کە بتەوێ، هەر شتێ کە دڵت ئاسوودە بکا.

پاڵه‌وان: دڵی من؟ هەزاران ساڵ ڕووم لە دەشت و کێو کرد ئاسوودە نەبوو.

پرۆلۆگ: کەواتە لەبەر ئەمه‌ ڕووت ده‌كرده‌ ده‌شت و كێوان؟

وەکوو هەوره‌برووسكه‌،

             وەکوو هه‌ور و با.

پاڵه‌وان: لەبەر ئەمه‌ دەجەنگام.

پرۆلۆگ: لەگەڵ ئەو جن و پەرییانە

پاڵه‌وان: لەگەل خۆیشم!

پرۆلۆگ: سەیری هەر کەسێک دەکەی ئاسوودە نییە لە ژیانیدا

لەو ساڵی گرانییه‌دا، گوێم لە پیرەمێردێک بوو دەیگوت.

یەکێک لە بێ پارەیی دەناڵێنێ، یەکێک لە نەخۆشی.

یەکێک لە بێزاری دەسووتێ و، یەکێ لە عیشق.

به‌ڵام ئازاری عەشق خۆشترین ئازارە.

پاڵه‌وان: مەرگی عاشقیش خۆشترین مەرگە.

پرۆلۆگ: ڕاستت وت ئەوە باشترین مردنە.

پاڵه‌وان: یاقوت خەریکە دێت.

پرۆلۆگ: سیا.

پاڵه‌وان: تاکە دۆستی من.

پرۆلۆگ: لەناو ئەو هەموو دوژمنە.

سیا: هۆ، هۆ، هۆ-

پرۆلۆگ: بێ دەنگ، بێ قاڵ و هاوار.  نەتبینم لەم ناوە، كاتی نییه‌. ملت بشکێنە!

                    {سیا کە لای ڕاستەوە هاتبوو لە چەپەوە چووە دەرەوە}

پرۆلۆگ: ده‌ی پاڵه‌وان ده‌توت_ لە عیشق.

پاڵه‌وان: زوڵفێك منی پەرێشان کرد.

گوتم ڕەنگ نییە ڕەشتر لە ڕەشی چاوەکانی.

بەژن و باڵایه‌ك، باڵای منی چەماندەوە.

من ئه‌وم له‌ خەودا نەبینی.

من ئه‌وم له‌ ڕۆژێکدا بینی و ونم کرد.

وەکوو پاشایەک دەسەڵاتەکەی لەدەست بدات.

وەکوو ئەولیایەک، کە باوەڕەکەی لەدەست بدات.

قەڵغانەکەم فڕی دا، سەرم خستە سەر زەوی،

و خۆزگە هه‌ڵمه‌نبڕیبا.

ژیان بێ ئەو زەردەخەنەیە، بیابانێکە،

کە من تێیدا سەرگەردانم.

سیا: هۆ، هۆ، هۆ، _

پرۆلۆگ: هەڵهەڵە لێ مەدە سیا، پاڵه‌وان سەودای جارانی نییە.

سیا: ئاخر ئەمرۆیش وەک ڕۆژانی تر نییە.

پرۆلۆگ: بێ ته‌پوتۆز، نەبینم کە وەستابی.

سیا: میوانی نەخوازراو منم؟ باشە دەڕۆم به‌ڵام لەپشت دەرگاکە وەستاوم.

{سیاکە كه‌ لە خوارەوەی چادرەکە هاتبووە دەره‌وه‌ لە ڕاستەوە ده‌چێته‌ دەرەوە}

پرۆلۆگ: بڵێ پاڵه‌وان؛ بڵێ.

سیا: سەت جار گوێم لێ بوو کەسێک بانگی دەکرد.

لە دار بیستم، لە ئاوێنە.

لە با،

لە ئاسکی بیابان،

لە ئاوی بەخوڕ،

کە منی بانگ دەکرد.

{سیا لە سەرەوەی سته‌یجه‌كه‌ دێتە ژوور}

سیا: هۆ پاڵه‌وان ــ  ئەی هاوار به‌ ماڵم، کونە مشکێک دەکڕین بۆ خۆحەشاردان.

دەرد و بەڵا نزیکە

پرۆلۆگ: خۆت هه‌زه‌لی مەکە یاقوت. لەم ساته‌دا کوا ڕێزت؟

سیا: چوومە دەرەوە بەجێ ما.

پرۆلۆگ: کوا سڵاوت؟

سیا: ئاغاكه‌ی خۆم سه‌ڵاموعه‌له‌یکوم.

ئاغاكه‌ی خۆم سه‌رێ هه‌ڵبڕه.‌

ئاغاكه‌ی خۆم دەبینی وا دەلەرزم؟

ئاغاكه‌ی خۆم، چونکە دەترسم.

پرۆلۆگ: ئەم ناز و عیشوه‌یه‌ بەسە، بۆ ڕەنگ بە ڕووتەوە نه‌ماوه‌؟

سیا: ئاغاكه‌ی خۆم دونیام شێواوە

ئاغاكه‌ی خۆم نەیژی درۆیە.

ئاغاكه‌ی خۆم پشتوێن توندی

ئاغاكه‌ی خۆم بۆچ پێناکەنی؟

پاڵه‌وان: چی بووە؟

سیا: هه‌موو شار بەدوای تۆدا دەگەڕان.

پاڵه‌وان: منیان دۆزییەوە؟

سیا: نا!

پاڵه‌وان: دەزانم؛ خۆیشم هەروه‌ها.

پرۆلۆگ: ئێمە ڕێگایەکی درێژ ده‌بڕین.

بەڵام هیچ نادۆزینەوە.

سیا: ها! لە بەردەم دەروازەی شار دێوێک پەیدا بووه‌.

پرۆلۆگ: دێو؟

سیا: ڕمووزنێکی بیابانی، ڕمووزنێكی زەنگوڵه‌ لەپێ

تارمایییه‌ك ڕێك وه‌ك دوالپا.

دێوەزمەیەکی خاڵداری ته‌نووره‌ له‌ پێ،

کە ڕێگای مێگەل دەگرێ

کە ڕێگای ئاوی گۆڕی،

کە ڕێگای کاروانی دەگرت.

ڕمووزنێكی قابله‌مه‌ لەسەر،

ڕمووزنێكی سه‌ری له‌ سكیدایه‌،

دێوێکی یەک چاو.

کچەکانمان كه‌ بینییان، پێی پێکەنین.

ئەو بە حەوت جۆر دەرکەوت، پێش هه‌ر حەوت دەروازەكه‌ی گرت.

چ بەڵایه‌كه‌ ـــ كۆمه‌ڵێك به‌ شوێن پاڵه‌واندا ده‌گه‌ڕێن

به‌ هاوار هاوار.

پاڵه‌وان: من چیتر لەگەڵ كه‌سانی تردا ناجەنگم، جەنگێکی گەورەتر دەکەم.

پرۆلۆگ: لەگەڵ خۆی!

سیا: ئەی دڵی بێئاگا چ کوشتن و بڕینێك،

چ خوێنێك {دەوەستێ}

گوتت چی ناکەی!

پاڵه‌وان: تەنیا ــ ناجەنگم.

سیا: بێ گالتە؟

پاڵه‌وان: سوودی چییه‌؟ هەرجورێک لێی بڕوانی  جەنگاوم

تەواوی تەمەنم، هه‌موو ته‌مه‌نی پڕ ئازارم.

به‌ڵام ئەمانه‌ چییان کردووه‌؟ جگە لە سەیرکردنی جەنگی ئەوانی تر؟

من ئیتر هەموو شتێکم وەلاناوە.

سیا: ئەوە قسەی کۆتاییته‌؟

پاڵه‌وان: قسەی پاڵه‌وان سەرەتا و کۆتایی نییە.

{بازرگان دێتە ژووره‌وه‌}

بازرگان: هۆ، پاڵه‌وان_

پرۆلۆگ: گیانی من، ئازیزی من، تۆ کێی؟

بازرگان: من منم؛ پیاوی بەرێز، كابرای بازرگان. ئۆی بازاڕ، ئۆی حوجرەکان. باس باسی دێوێکە، دێوێکی دوو سەر، چوار چاو، پێنج شاخ، حەوت دەست.

{ئاغا دێتە ناوەوە}

ئاغا: هۆ پاڵه‌وان.

پرۆلۆگ: گیانی من ئێوە چ کارەن؟

ئاغا: من شێخی كامڵی خاوەن ڕێبازم. ئۆی دەستە گوڵەکان، منارەکان، موسڵمان نەیبیستێ، کافر نەیبینێ، دێوێک هاتووە، خراپتر لە دێوێ سەمەندون، دڕنده‌تره‌ له‌ سورخاب دێو، خوێنمژتره‌ له‌ هیندی جگەرخۆر.

{شاعیر دێتە ناوەوە}

شاعیر: پاڵه‌وان لە کوێیە؟ دوورە یان نزیک؟ خەوتووە یان بەخەبەرە‌؟

پرۆلۆگ: گیانی من، ئێوە چ کارەن؟

شاعیر: من شاعیرم، پیاوێكی خۆش مەشره‌ب، پیاوێكی بێ ڕیا، ئۆی هەموو تێنووسه‌كان، دیوانەکان، سەفینەکان. دێوێک دەبینم، بە چاوی سوور،  بە نەفرەتێکی سەوز، بە چاوی بچووك، بە دڵێکی بەرد، بە هەزار سەر، بە هەزار ڕەنگ.

پرۆلۆگ: به‌ڵام پاڵه‌وان نایەوێ بجەنگێ.

سیا: جه‌ماعه‌ت دوای كڵاوی بابردوو كه‌وتوون.

ئاغا: هەڵبه‌ت كه‌ گاڵتەیه‌. فشه‌یه‌. لە ڕابردوو و ئێستاشدا شتی وا نەبینراوه‌.

شاعیر: ئەو ژنە وتی پاڵه‌وان دەجەنگێ.

بازرگان :- ڕاستە، هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌قین. با بچینه‌ پێشه‌وه‌.

سڵاو لە تۆ ئەی پاڵه‌وان، ئەوە چ قسانێکە، دەیکەن؟

شاعیر: له‌مه‌ درۆتر نییه‌.

پاڵه‌وان هەمیشە به‌ پاڵه‌وانی ده‌مێنێته‌وه‌

ئاغا: لەوە ڕاستتر نییە.

تۆ پاڵه‌وانی ئەم شارەی

ئازاترین پاڵه‌وانی سەر زەوی 

پیاوتر لە هەرکەسێکی تر _

پاڵه‌وان: و قوڕبه‌سه‌رتر لە هەمووان.

بازرگان: پاڵه‌وان چی گوت؟

ئاغا: من باش گوێم لێ نه‌بوو.

شاعیر: من بیستم و بڕوا ناکەم.

بازرگان: گوێ لە قسەکانی ئێمە بگرە _

ئاغا: خەڵکی ئەم شارە ئێمەیان ناردووە.

پاڵه‌وان: من گوێ دەگرم

شاعیر: هە_ بۆ ئازارەکانی ئێمە.

پاڵه‌وان: لەبەر ئەوەی ژانی ئێوە ژانی منە، به‌ڵام مه‌خابن ژانی من ژانی ئێوە نییە.

ئاغا: تۆ دەبێت بجەنگی.

بازرگان: بیستت؟

پاڵه‌وان: بیستم، به‌ڵام ناجەنگم.

ئاغا: دەبینن؟

پاڵه‌وان: من سوێندم خواردووه‌!

ئاغا: باشت نه‌كردووه‌.

پاڵه‌وان: من شمشێرەکەم ماچ کرد و وەلاوه‌م نا. من زۆر جەنگام، به‌ڵام هیچ کات سەرنەکەوتم.

شاعیر: پاڵه‌وان چی گوت؟

بازرگان: بە باشی گوێم لێ نەبوو.

شاعیر: به‌ڵام ئەمە کۆتا دێوە کە لەم ده‌رووبه‌ره‌یه‌.

پاڵه‌وان: هیچ دێوێک کۆتا دێو نییە، وەک چۆن هیچ پاڵه‌وانێك کۆتا پاڵه‌وان نییە.

                                  {دەڕوات}

شاعیر: ئێمە بە هەموو هیوایه‌كه‌وه‌ هاتینە ئێرە.            

به‌ڵام بێ هیچ هیوایه‌ك دەگەڕێینەوە.

پاڵه‌وانه‌كه‌ی شار پشتی لە جەنگ كردووه‌،

و ئێستا شار کەوتووه‌تە دەست دێوێک،

                                      (عه‌با له‌سه‌رێك دێتە سەرەوە)

عه‌باله‌سه‌ر: هۆ پاڵه‌وان –

سیا: [بەدار دەکێشێت بە سەریدا] تۆ ئیتر دەمت داخە!

{عه‌باله‌سه‌ره‌كه‌ دەچێتە خوارەوە}

بازرگان: ڕەنگە دەستەودامانی نزایەک بین، یان خەڵاتێک، یا پەیمانێک،

ئاغا: کەسێك نییە بکێشی به‌ سەرمدا و بڵێ ئەی قوڕبه‌سه‌ر، بۆچی لە ناپیاوێک پاڕایتەوە.

سیا: {دەکێشێت بە سەریدا} ئەی قوڕبه‌سه‌ر!

ئاغا: {له‌ گه‌ڵیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌ ده‌بێته‌وه‌} بۆچی لێم دەدەی ئەی گڵاو!

سیا: خۆت وتت کەسێک نییە بکێشێت بە سەرمدا؛ من کێشام

بازرگان: کەس نییە پێم بڵێ هه‌ی كاڵفام، هه‌ی قوڕمساغ­_ مردن جارێكه ‌و شێوه‌نیش جارێك!

سیا: هه‌ی كاڵفام، هه‌ی قوڕمساغ، هه‌ی دەبەنگ.

بازرگان: {په‌لاماری ده‌دات} بۆچی جنێو دەدەی؟

سیا: خۆت ویستت کەسێک پێت بڵێ كاڵفام!

شاعیر: ئه‌ی ئێمه‌ ته‌مه‌نێك قه‌ڵاودۆشكانم بۆ خه‌ڵك گرته‌وه‌ كه‌س سوارمان نه‌بوو.

                       {سیا دەچێتە سەر شانی}

شاعیر: هۆو بۆ وا دەکەی؟

سیا: خۆت بەدوای یەکێكدا دەگەڕای سوارت بێت

{عه‌با له‌سه‌ره‌كه‌ دێتە سه‌ره‌وه‌}

عه‌باله‌سه‌ر: هۆ پاڵەوان –

سیا: {بەدار دەکێشێ بە سەریدا} تۆ ئیتر دەمت داخە!
{ عەباله‌سەر دەچێتە خوارەوە}

شاعیر: پرخە پرخ، دەیبیستن؟ دێوەکە هێشتا لەپشت دەروازەی شار نركه‌ی دێ، خۆی بە دیوارەکانی شاردا دەكێشێ – بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێ.

ئاغا: ئه‌ی هاوار بۆ گشت شتێ، هه‌ی داد و بێداد، دەستی نزا بۆ کێ بەرزکەینەوە؟

بازرگان: لەوانەیە ناچار بین لەگەڵ خودی دێوەکە ڕێک کەوین!

سیا: قاقا پێدەکەنم بە پیاوەکان، چەند باش هەڵدەبەزنەوە،

              چەند زوو زەلیل دەبن.

بازرگان: تۆ خۆت چیت تا بە ئێمە پێبه‌‌کەنی؟

سیا: من نۆکەری پاڵەوانم؛ خاوەنی گۆپالێکی هەزار تەنی پۆڵام.

بازرگان: ئەو پاڵەوانە، تۆ بۆ خۆت گڤ دەکەیته‌وه‌؟

سیا: هەرچەندە من لە کەسێک کەمترم، بەڵام بە تەنها خۆم

چەندین کەسم.

نۆکەرێکم کە چەندین بەرپرسیاریه‌تیم لە ئەستۆیە.

جاروبار پێشه‌نگم، جاری وه‌هاش پاشه‌نگ، جاری وه‌ها به‌یداخ به‌ده‌ست،

جاڕچی و كه‌ڕه‌ناژه‌ن و ده‌هۆڵ كوت

جاروبار مه‌یته‌ر، جاری وه‌ها عه‌وداڵ

قه‌راوڵ و ئه‌سپسوار و خزمه‌تكار

خه‌به‌ربه‌ر، جاڕچی، نامه‌به‌ر

هاوده‌م، سفره‌چی، هاومه‌حره‌م

ڕاسپێردراو، مه‌یته‌ر، چه‌كدار

تۆپخانه‌چی، قه‌ره‌قۆز، پاسه‌وان

خانه‌خوێ، قاپیوان، سه‌رۆك ئاخوڕ

له‌ شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌دا پێكه‌وه‌ین، ئه‌و شمشێر هه‌ڵكێشی ئه‌وانی تر ده‌یخه‌نه‌ كالانه‌وه‌ــ

ئه‌و هێرش ده‌بات، هه‌ڵبه‌ت من تێده‌قووچێنم.

                          {عه‌باله‌سه‌ر دێته‌ سه‌ره‌وه‌}

عەباله‌سه‌ر: پاڵەوان لە کوێیە؟

سیا: بە دار دەکێشێ بە سەریدا، تۆ ئیتر دەمت داخە!

عەباله‌سەر: خۆت دەمت داخە!

سیا: حه‌زت له‌ شه‌ڕه‌، وەرە پێشەوە، بەڵام دەمامکەکەت لابە.

عەبالەسەر: خۆت لای بە، لە هەموو بنه‌ماڵه‌كه‌مدا لە من جوانتر نییە.

           {سیا عەباکە ڕاده‌كێشێ –  ئەو دێوەکەیە. هەمووان هاوار دەکەن، دێوەکە پێدەکەنێ.}

دێو: من دێوم

من لە ڕێگای باگره‌كانه‌وه‌ هاتووم، لە ڕێگای ئاوە تیژەکان.

ئێستا من هێزی حەوت کوڕم هەیە،

وە حەوت برایشم،

کە هەمووان لە مندا کۆ بوونەتەوە،

من بە سی دەست دەجەنگم.

کە لە هەر دەستێک  گورزێک یا شمشێرێکم پێیە،

ڕم، یا کەمانێک، یا تیرێک.

من خاوەنی جادووم، هه‌رساته ‌و لە سووچێكدا ون دەبم،

بەڵام لە سووچێكی تر دەردەکەوم،

من بۆ پاڵەوانەکان ئایەتی مەرگم

من دەروازەکان داده‌خه‌م، ڕێگە بە کاروانەکان نادەم.

منی مەڕ خۆری مێگەڵەکان ده‌ڕفێنم،

گورگەکان مناڵی منن.

ڕۆژێک له‌ شێوه‌ی کڕیار هاتمە شارەکە.

لە بازاڕەکانی ئێوەدا دەگەڕام.

کچە جوانەکانی ئێوە بە من پێده‌كه‌نین

هەر ڕۆژە و بە ده‌موچاوێك ده‌گەڕامەوە و یەکێکیانم ده‌برد.

منی تاڵانچی، منی تاڵانکەر هەمووانم ترساند و ڕاویانم نا.

پاڵەوانەکەی ئێوە دەترسێ.

من ئالنگاری ده‌كه‌م و جوابێك نییه‌.

زنجیر و گۆپاڵه‌كه‌یم دی هیچ نییه‌.

ڕه‌نگه‌ ئیمانه‌كه‌یان فریان بكه‌وێ.

قسه‌ی قۆڕی وام نه‌بیستبوو.

كام ئیمانه‌؟

ڕم و شمشێرم بیستبوو، گۆپاڵ و گورزم بیستبوو.

له‌نێو ئه‌م چه‌كانه‌دا باسی ئیمانم نه‌بیستبوو.

من گڕم تێبه‌ربووه‌ ؛ هو ــ هو ــ هو ــ

من چاوه‌ڕێی ڕكابه‌ری هاوئاستی خۆم ده‌كه‌م.

پڕۆلۆگ: دێوێک بەم هەیبەتە، ئه‌سته‌خفیره‌ڵا،

هەرچی وت و هەرچی کرد دەمی ئێمەی داخست.

سیا: {دەلەرزێ} پاڵەوان ـــــــــ

بازرگان: ئه‌ی هاوار ــ بازاڕه‌كان، كاروانسه‌راكان، كۆگاكان.

شاعیر: ئه‌ی هاوار ــ ده‌ستنووسه‌كان، ده‌فته‌ره‌كان، تێنووسه‌كان.

ئاغا: ئه‌ی هاوار ــ گومه‌زییه‌كان، حوجره‌كان، کاشییه‌كان.

سیا: پاڵەوان ـــــــ

بازرگان: دەبێ فێلی لێ بکەین، دەبێ بۆ جەنگی بەڵا بینێرین

ئاغا: بە هەر فێلێک بە هەر ڕاوڕێورییه‌ك

بازرگان: ئه‌ی هاوار، زێڕه‌كان له‌ كیس چوون.

ئاغا: ئه‌ی هاوار، ئایه‌ته‌كان –

شاعیر: چیرۆکەکان، حەماسەکان، هەموویان لەناوچوون

                       { پاڵەوان لە تەنیشتیەوە دێتە سەرەوە}

پاڵەوان: دەنگی ناحەزی کێ بوو – کە بانگی منی دەکرد؟

سیا: باشە کە هێشتا تاقەتی گاڵتەت هەیە پاڵەوان. چاک بە ئێمە پێدەکەنی.

حه‌زت له‌م چه‌هچه‌هه‌یه‌ ده‌یكه‌م؟

پاڵەوان: بۆ تۆ چه‌هچه‌هه‌ لێ ده‌ده‌ی؟

سیا: وا ئێمه‌ت خسته‌ ئازار و مه‌ینه‌تییه‌وه‌، كه‌ چه‌هچه‌هه‌مان له‌بیر نه‌ما

       بە نەجەنگانی تۆ کێ خۆشحاڵ دەبێ پاڵەوان؟

بازرگان: من بڵێم؟

ئاغا: من بڵێم؟

شاعیر: من بڵێم؟

 سیا: ئەو دێوەزمەیە، تۆ ئێمە به‌ قۆڵبه‌ستكراوی ڕادەستی ئەو دەکەی.

پاڵەوان: من تەنیا گوتم ناجەنگم

سیا: بەڵام ئێستا کە بانگم کردی پاڵەوان وەڵامت دایەوە.

پاڵەوان: مەبەستت؟

سیا: تۆ لە دەست خۆت ڕزگارت نابێ پاڵەوان.

پاڵەوان: من لەژێر باری سوێندێکم.

ئاغا: بۆ شکاندنی سوێنده‌كه‌ت ڕێگایەک هەیە، من سەدانجار تۆبەم شکاندووه‌.

پاڵەوان: پاڵەوان پابەندی سوێندەکەی دەبێ !

شاعیر: بەڵام ئەو ژنە وتی لە چاره‌ی پاڵەواندا جەنگێکی گەورە دەبینێ

پاڵەوان: کام ژن؟

شاعیر: ژنێکی فاڵچی و چاره‌بین.

بازرگان: ئەو بە ئێمەی وت پاڵەوان دەجەنگێ – بێ ئەوەی شته‌كه‌ له‌دەست خۆیدا بێ.

پاڵەوان: ئاوەهای وت؟

شاعیر: ئەو دانا بوو.

پاڵەوان: ئەو ژنە لە کوێیە؟

کچەکە: من لێرەم.

             {کچەکە دێتە ژووره‌وه‌}

پاڵەوان: {حەپەساو} تۆ چارەنووس دەخوێنیتەوە؟

کچەکە: من ئەستێرە دەبینم.

سیا: دەکرێ سەیری ئەستێرەکەی منیش بکەی؟

کچەکە: تۆ لە کام بورجی؟

سیا: بورجی زەهری مار.

کچەکە: هەر له‌وێ به‌ کە شوێنی تۆ له‌وێیه‌.

پرۆلۆگ: گاڵتە مەکە یاقوت، بینیت کە تەریقی کردیتەوە !

سیا: ئێمە هه‌رله‌سەرەتاوە ته‌ریق كرابووینه‌وه‌.

بازرگان: هۆ هه‌ڵه‌وه‌ڕ، چاره‌یه‌ك بدۆزه‌وه‌. بڵێ چورتكه‌كان باویان نه‌ما.

ئاغا: بڵێ کە دوعاکان قبوڵ نەبوون.

شاعیر: بڵێ کە ئەفسانەکان لەبیر کران.

بازرگان: خۆتمان لێ به‌ده‌رخه‌ ژنه‌.

کچەکە: وەرە تێر سەیرم بکە.

سیا: خەوت لێ کەوتووە پاڵەوان.

پاڵەوان: هەڵە نەبم، شتێک لە ئارادایە.

پرۆلۆگ: چی بووە ؟ بۆچی پاڵەوان ئاوا گۆراوە؟ بۆچی دەستەکانی دەلەرزێ؟

بازرگان: هۆ هه‌ڵه‌وه‌ڕ، پشكی خۆتت به‌ر ده‌كه‌وێ گه‌ر بینێری بۆ شه‌ڕ.

ئەی داماو، فێلێک بکە، درۆیەک بکە، پشكێكت به‌رده‌كه‌وێ.

شاعیر: ئەی ژنی جوان،  کە قژێکی درێژت هەیە، من بە به‌زری باڵات

               شیعرێكت بۆ ده‌هۆنمه‌وه‌ ئەگەر بینێری بۆ جەنگ.

ئاغا: ڕوخسارت داپۆشە ژنه‌كه‌، بەڵام نەک زۆر، من بۆ تۆ دوعا دەکەم ئەگەر بینێری بۆ جەنگ.

پرۆلۆگ: خۆتان لادەن، وسکت بن، شتێک ڕووی دا.

سیا: – هوسكون، کچۆلەکە  قسەیەکی کرد

کچەکە: من ته‌لیسمێك ده‌بینم –

پاڵەوان: بەداخەوە بەختی من وەک چاوەکانی تۆ ڕەش بوون.

کچەکە: من نهێنی دەخوێنمەوە. بڵێ، کە تۆ بیر لە کەسێ دەکەیەوە.

پاڵەوان: ساڵانێک هه‌ر خۆت هەڵکێشا پاڵەوان، ئێستا کەمێک  ڕاستییه‌كان ئاشكرا كه‌.

کچەکە: من ئاوێنه‌ ده‌بینم. گوێم لێتە. دەتگوت.

پاڵەوان: بەداخەوە خەیاڵم پەرێشانتر نییه‌ لە زوڵفی تۆ.

کچەکە: ئاوێنەکە درزی تێکەوت، زارەکەمان باش نەکەوت.

خەیاڵی تۆ پەرێشانترە لە زوڵفی لوولی من.

پاڵەوان: ڕه‌نگه‌ من ئه‌فسوونی نیگایه‌ك بووبێتم،

ئەو شەماڵە کە هەلدەکا بێ زایەڵە نییە.

لە تۆدا عەشق و مەرگ هەردووکیان دەبینم.

کچەکە: من زار هەڵدەدەم. قسە بکە. لە بەیانییەوە بێ قەراری.

پاڵەوان: شتێکی نامۆ لە بەرانبەرم بوو.

کچەکە:- ئه‌م قه‌ڵایه‌ بێده‌نگی باڵی به‌سه‌رداكێشاوه‌.

پاڵەوان: بۆ هەر لایەک سووڕام، نە ڕێگایەک هەبوو نە دەلاقەیەک 

داگیرکردنی ئاسانە، داگیرکردنی ئاسان نییە.

کچەکە: چاکە و خراپە دەکەی، بۆچی؟

چاوەڕوانی!- بەڵێنێک هەبوو؟

پاڵەوان: گوتبووی ئەو نەبینم نامرم.

کچەکە: بۆ وا زەڵت دەڕوانی؟

پاڵەوان: تۆ چارەنووس نابینی.

کچەکە: من لەپی دەست دەخوێنمەوە. خەتێک کە بەلای خەتێکدا تێ دەپەڕی؛

لەوێدا بوو به‌ دوو لقه‌وه‌.

پاڵەوان: گوتبوی ڕوخساری نەبینم نامرم.

کچەکە: لە بەیانییەوە نوقمی خەیاڵی.

پاڵەوان: ئەمە چ زەردەخەنەیەکە کە تەواوی سەرکەوتنەکانی من بە گاڵتە وەردەگرێ.

کچەکە: من نێوچەوان دەخوێنمەوە.

پاڵەوان: ده‌شێ ئەمە هەمان ئەو چاوانە بێت کە لە تاریکی ئەواندا ون بووم.

لەوانەیە ئەم کەزییە درێژانە هەمان ئەو هەڵدێرە بێ کە کەوتمە ناوی.

کچەکە: من كۆنكه‌نه‌كان ده‌خوێنمه‌وه‌. پیره‌ژن و سه‌رباز و دڵ.

پاڵەوان: تۆ چارەنووس نابینی. لە چەندین کراسا تۆم بینیووە.

نا، تۆ بەخت ناخوێنییەوە،

لەوانەیە تۆ خودی چاره‌و به‌ختی من بی.

کچەکە: کارم بە درۆ ڕایی دەبێ.

به ‌هەر تاڵە قژێکمدا فێڵێکم هەڵواسیوە.

ئەگەر نەتەوێ بڕۆم.

پاڵەوان: دواڕۆژم لە دەسته‌كانی تۆدایە.

من پشكی تۆ ده‌ده‌م. بڵێ

 لەمە ڕۆژگاره‌ زیاتر یاریی به‌ من مه‌كه‌.

کچەکە: من فاڵی نۆك ده‌گرمه‌وه‌ – به‌ كۆ و به‌ تاك.

بڵێ پاڵەوان شتێک لەسەر سەرت دەخولێتەوە.

پاڵەوان: ڕۆژێک عیشق لە شێوەی ژنێکدا دەرکەوت، بە جوانییەکی فێڵبازانه‌.

منی گۆڕی، کە نغرۆی لەخۆباییبوون و بێبەزەیی و ئازایەتی بووم.

کچەکە: بێدەنگ بە پاڵەوان؛ قسە مەکە، ئارام.

پاڵەوان: هۆ پاڵەوان، ئەم عیشقە چی له‌ تۆ كرد؟

کچەکە: هۆ پاڵەوان، تۆ چیت كرد له‌گه‌ڵ ئه‌م عەشقەدا؟

پاڵەوان: ڕۆشتم ئەوم لە بیاباندا ناشت.

ڕۆشتم ئەوم بە لەنگەرێک بەست و ناردمە قوڵایی دەریا.

ڕۆشتم ئەوم له‌ پێی داڵێک بەست و فڕاندمه‌ ئاسمان.

هەرجارێک كه‌ ده‌گەڕامە ماڵەوە، ده‌مبینی دانیشتووه ‌و زار هەڵدەدات

وازم لە ماڵەوە هێنا، بووم به‌ قه‌له‌نده‌ر.

لەگەڵ من و بەدوای مندا ده‌هات.

لەپێش مندا دەرۆیشت، دەستی ڕاست و چەپم بوو.

کچەکە: تۆ باسی سوێندی گەورەی پاڵەوانانه‌ت کرد.

ئەی ته‌ڵه‌كه‌باز، تۆ چەندین جار سوێندت شکاندووه‌.

پاڵەوان: سوێندم خوارد لەبیری بکەم.

سەدان جار سوێندم خوارد و شکا،

یادی منی په‌لكێش ده‌كرد.

کچەکە: ساختەچی.

پاڵەوان: لە دەست خۆم هاوار بۆ کوێ به‌رم؟

نە قەرارێک، نە ئارامییه‌ك.

ئاگر كه‌وته‌ كه‌وڵمه‌وه‌.

لە مندا شتێکی تازە هاتە ئاراوە. 

گوتم خۆشی لەگەڵ ئەواندا بەش بکەم.

ئەوم بۆ لای هەمووان برد.

کڕنووشم بۆیان برد.

بۆیان جەنگام ؛ هەناسەم لە دووژمن بڕی.

خوێنم خواردەوە و سینەم هەڵدڕی.

تا ڕۆژێک شتێکی نامۆم بینی

بە خۆمم وت خۆت ببینە،

بووی بە یاری دەستیان.

لەم حەسارەی دەیبینن و بە دەست ئاماژه‌م بۆ ده‌كه‌ن؛

ئەم بەزم و سه‌رگه‌رمییه‌یان!

کەس لەگەڵ تۆ نییە. لە تەنگانەدا کێت لەگەڵه‌؟

بەزەییان بە برینەکانم دێتەوە.

لە ناڵە و هاوارم.

تەنانەت بەزەیم بە دووژمنەکانیشم دێتەوە،

کە بوونه‌ته‌ یاری ئەم خەڵکە تەماشاکارە.

کچەکە: قسە بکە پاڵەوان. من ڕووناکی دەبینم. هێنده‌ی نەماوە، بڵێ

پاڵەوان: ماڵەکەم سندوقی غوربەتە

و گۆڕه‌پانی جه‌نگم فه‌رشی سێداره‌یه‌

هەر ڕۆژێک دوژمنێک بە شێوەیەک دەردەکەوێت.

هەر ڕۆژێک هاتوهاوارێک لەنێوان ئەم کۆمەڵە تەماشاکارە.

بە داخەوە لە نێوان من و ئەواندا پەردەیەک هەیە،

کە لای نابەن.

دەستێک بۆ پێشەوەی ده‌بردم.

دەستێک لە مندا دەگەڕا.

ئایا ڕاستە، مەرگ ژنێکە؟

بڵێ، بێدەنگ مەبە، درهه‌مێك دەخەمە نێو درهه‌مه‌كانت ئەگەر ڕاستی بلێی.

کچەکە: درهه‌مه‌كه‌ت بۆ خۆت، بە فەقیرم مەزانە. من بۆ خۆم سامانێكم هەیە.

ئەمە فرمێسک نییە کە لە سووچی چاوەکانم دەیبینی؛

مرواریی خڕ ده‌هۆنمه‌وه‌.

پاڵەوان: لێوت یاقوتی سورە، گۆناکانت مەرجان.

زوڵفەکانت ماری زەنگییە، پاسەوانیی خەزێنە دەکات.

کچەکە: من زار هەڵدەدەم، زارەکان خراپ دەوەستن.

چە نه‌خشێكی نامۆ كه‌وتووه‌، کتێب و زار و كۆنكه‌ن یه‌ك شت ده‌ڵێن.

نەکا پاڵەوان، نەکا، لەم جەنگەدا مەرگ هەبێ.

لەم جەنگەدا مەرگ مسۆگەرە.

نەکا بجەنگی، نەکا بجەنگی، نیشانە ڕەشەکان.

 لەم جەنگەدا مەرگ مسۆگەرە.

پاڵەوان: ئەمە ئەو شتەیە کە بە دوای دەگەڕام.

بازرگان: کچەکە ون بوو. چ زریانێك.

پاڵەوان: بەڵێنێکم بە خۆم داوە.

سیا: بۆ کوێ پاڵەوان؟ ئێمە بێ ئاغا نەکەی ئاغا!

پاڵەوان: کوا قەڵغانەکەم؟ شمشێرەکەم لە کوێیە؟

سیا: شتێکت بیرکەوتەوە پاڵەوان؟

شاعیر و ئاغا و بازرگان: دێو! دێو!

پاڵەوان: دوێنێ – چ ڕۆژێک بوو – دوێنێ لای دەروازەکە گوێم لە خۆم بوو دەیگوت

هۆ پاڵەوان، بۆچی بەدوای دێودا دەرۆی بۆ کێو و دارستان؟

ئەگەر دەتەوێ، ئه‌و دێوه‌ بکوژە کە لە ناخی خۆتدایە !

پرۆلۆگ: هاوار لەم دێوە.

پاڵەوان: زرێکەم، کڵاوخوده‌كه‌م. 

شاعیر: من بۆنی عەشقم بیست.

پرۆلۆگ: گوێت لێ بوو؟ تۆ هێشتا لە بیرت نەکردووە پاڵەوان.

پاڵەوان: دوێنێ بینیم هەزار ساڵە، بەڵام نەمتوانی. ئەم دڵە هێشتابڵێسه‌ی دێ.

پرۆلۆگ: ئه‌ی هاوار كه‌ ئه‌مه‌ له‌ خراپترین بڵێسه‌كانه‌.

پاڵەوان: ئەم بڵێسه‌یه‌ خوێنی منە. هەزار ساڵە نەمتوانیوە بیڕێژم.

پرۆلۆگ: چی بڕێژی ؟

پاڵەوان: ئەم خوێنە – {دەنەڕێنێ} شمشێرەکەم!

سیا: بیگرە.

پاڵەوان: لە بەردەم کام دەروازە؟

سیا: دەروازە گەورەکە. بوەستە منیش بێم ــــ
پاڵەوان: نا – بەتەنیا !

                         {دەچێتە دەرەوە}

بازرگان: چی بوو؟ ژنەکە بۆ کوێ چوو؟ پارەی وەرنەگرت.

ئاغا: گوتمان بە فێڵێک پاڵەوان هەلخەلەتێنە، چ مەکرێکی کرد.

فێڵێک کە بە مێشکمدا نەدەهات. درۆیەک باشتر لە سەد ڕاستی.

شاعیر: شتێکی نامۆ بوو. چوون و هاتنی ــ شتێکی نامۆ نەبوو؟

بازرگان: فه‌رقی چی ده‌كا گه‌ر بازاڕی دراوفرۆشان له‌ به‌ڵا دوور بێ؟

ئاغا: بازاڕی قورئانخوێنان و حه‌لوالێنه‌ران!

سیا: بازاڕی خانم سه‌رۆكان!

پرۆلۆگ: دوێنێ بە تەنیشت دارمێوێک تێپەریم لە باخەوانێکم بیست کە دەیگوت

خەم و شەراب تا کۆن بن بۆ پیاو بەتامترە.

بزانە کە شەراب تەنیا بۆ ڕۆژێک پیاو لە په‌لوپۆ دەخات،

بەڵام خەم بۆ هەمیشە.

شاعیر: من حەزم دەکرد پاڵەوان بام.

سیا: مەهێلە حەزت لێ بێ !

شاعیر: هۆکارێک بڵێ.

سیا: شمشێری پاڵەوانێک قورسە،

وە پێیەکانی ماندوون.

لەو ڕێگا زۆرانەی کە ڕۆشتووە،

و ئەو شمشێرە قورسەی کە بردوویەتی،

و خه‌مێك کە هەمیشە دەیخوا.

شاعیر: ئەمە من بیری ئه‌و خه‌مه‌ ده‌خاته‌وه‌ كه‌ بوونی من.

سیا: پاڵەوان هەمیشە سەرگەردانە،

دڵیشی لە خۆی سەرگەردانتر.

شاعیر: من دەمەوێ ببمە پاڵەوان، بڕۆم بۆ شاخ و دارستان

وەک هەورە تریشقە، وەک باو بۆران.

سیا: پێوست ناکا بە دوای دێو بڕۆینە شاخ و دارستان،

ئەگەر ویستت بکوژی، دێوێک بکوژە کە لە ناخی خۆتە.

                      {دەنگی هەورە تریشقە}

پرۆلۆگ: پاڵەوان بۆ جەنگ ڕۆشت. جەنگی دوا دێو. بەڵام نەک دوایین؛

دوایین دێو ـــ دڵی خۆی بوو.

{لە ناکاو پاڵەوان و دێوەکە دێنە سەرەوە،

بازرگان و ئاغا و شاعیر و سیا ڕادەکەن،

جەنگی پاڵەوان و دێو، دەنگی سازەکان. پاشان

ئەوان ون دەبن، کە هەرکەسە و له ‌ترسا بۆ لایەک ڕادەکات.

بۆ ساتێک سێبەری پاڵەوان و دێوەکە لەسەر

پەردەی باکگراوندەکە کە وێنەی جەنگی لەسەرە دەردەکەوێ

دێوەکە دەکەوێ، و سێبەری پاڵەوان تێ دەپەرێ،

هاتوهاواری خۆشحاڵی.}

بازرگان: من گوێم له‌ ده‌نگی دڵخۆشی خەڵكی بوو.

پرۆلۆگ: خەلکێک کە تەنیا سەیریان کردووە،

مەرگی دێوێک، یا کەوتنی پاڵەوانێک.

                      {پاڵەوان دێتە ناوەوە}

بازرگان: ئێمه‌ هاواری خۆشحاڵی خەڵکمان بیست.

ئاغا: ئێمە وەستاوین تا دەستەکانی تۆ ماچ بکەین

بازرگان: و ئەگەر ڕێگە بدەی پێیەکانیشت

شاعیر: من هەمیشە حەزم دەکرد لە جێگای تۆ بام.

پاڵەوان: بەڵام من حەزم نەدەکرد لە جێگای خۆم بام.

شاعیر: پاڵەوان چی گوت؟

ئاغا: من باش گوێم لێ نه‌بوو.

سیا: پاڵەوان، تۆ برینداری.

پاڵەوان: بەڵێ، برینێکی بچووکە.

سیا: بەڵام هەمیشە مرۆڤ به‌م برینه‌ بچووکانه‌ دەمرێ.

پاڵەوان: لە کۆتاییدا ڕشتم.

سیا: چی؟

پاڵەوان: ئەم خوێنە داخە.

سیا: کەواتە ئاسوودە بووی؟

پاڵەوان: خه‌ریكه‌.

سیا: من چی؟

پاڵەوان: بیده‌ ده‌ست ڕۆژگاره‌وه‌.

سیا: بەڵام تۆ خۆت نەتسپارد. خۆت ئەم برینەت دەویست.

پاڵەوان: نا، ئەوه‌ دڕنده‌ترین دێو بوو.

شاعیر: دڕنده‌ترین؟

بەڵام کۆتا دێو نەبوو. گوێ بگرە گه‌نجۆ؟

هیچ دێوێک کۆتا دێو نییە.

هەروەک چۆن هیچ پاڵەوانێک

ئێستا کە ئێمە لێرەین، دێوی تر،

و هەروەها لەوانەیە ــ پاڵەوانی تریش

خه‌ریكن گەورە ده‌بن

بەڵام تۆ هیچ کات، حەزمەکە، کە لە شوێنی من بی.

{شمشێرەکەی فرێ دەدات و.

بۆ لای قەڵاکە دەڕوات}

سیا: {هاوار دەکا} بۆ کوێ دەڕۆی؟

پاڵەوان: سەرەوە.

سیا: کەواتە تۆ دەڕۆی؟

پاڵەوان: بەڵێ.

سیا: بوەستە منیش بێم.

پاڵەوان: نابێ ــ بەتەنیا.

{ڕۆشتووە ــ دەرگای قەڵاکە دەدەخرێ}

شاعیر: پاڵەوان بۆ کوێ ڕۆشت ؟

ئاغا: بۆ کوێ ڕۆیشت؟

سیا: بڕۆینە ناو شار، هەموو شوێنێ بووە چراخان،

برۆین دڵخۆش بین دێوەکە کوژرا.

بازرگان: تۆش وەرە. لە هەموو شوێنێ سەما دەکەن؛

خانم كه‌رسوار، خانمی ته‌ڵه‌كه‌باز، خانم فانۆس باز.

ئاغا: ناپه‌سه‌نده‌، شه‌رمه‌، به‌ڵام سه‌یركردنیشی خۆشه‌.

بازرگان: وه‌ره‌ بڕۆین ڕه‌شتاڵه‌، تۆی لاسایی‌كه‌ره‌وه‌ی گۆرانیبێژان هه‌قه‌ لاسایی‌كردنه‌وه‌یه‌كی باش بكه‌ی ئه‌م جاره‌.

ئاغا: تۆ گاڵتەجاڕی، دەبێ خەڵکی بە پێکەنین بێنی.

سیا: من چیتر نامەوێ گاڵتەجاڕی کەس بم.

پرۆلۆگ: گیانمی یاقوت، من باسی تۆم کردووە و بەڵێنم داوە

ئێستا سیا هات، چۆن هاتنێ.

ژاوەژاو کەوتە ناو خەڵكه‌وه‌.

دایکان دانیشن، مناڵان بێدەنگ بن.

سەرەتا سڵاو لە ئه‌وان بکە –

پاشان بسووڕێوە، ڕاست و چەپ،

هەمووان چاوەرێی سەیرکردنی یارییەکانی تۆن.

سیا: ئیتر نابێ کەس چاوەڕێی سەیرکردنی من بێ.

پرۆلۆگ: چی دەڵێی کاکە؟ ئێستا تۆ تاکە کەسی

کە دەتوانی سەیرکەرانی من سەرگەرم بکەی.

سیا: من ناتوانم سەیرکەرانی تۆ سەرگەرم بکەم.

بازرگان: سیا، ئێستا کە هەمووان دڵخۆشن تۆ دەگریت؟

دڵخۆش بە سیا، ئاخر دێوەکە کوژرا !

سیا: بەڵێ، بەڵام پاڵەوانیش مرد.

پرۆلۆگ: پاڵەوان؟

سیا: بەڵێ، پاڵەوانی چیرۆکەکانی تۆ.

شاعیر: پاڵەوانی هەموو چیرۆکەکان.

پرۆلۆگ: پاڵەوانێک کە هێرشی بۆ هەمووان برد، بەڵام بەرانبەر

بە خۆی شکستی هێنا.

ئاغا: ئەو بە تەواوی مانا پاڵەوان بوو. مرد. تۆ دەگری.

شاعیر: ئێمەیش دەگرین

بازرگان: لە شاریشدا خۆشی ده‌كه‌ن.

شاعیر: بۆ لەناوچوونی کۆتا دێو.

پرۆلۆگ: کام دێو کۆتا دێوە؟

             {وچان}

شاعیر: ئێستا کە پاڵەوان مردووە، چیرۆکەکانی تۆ پاڵەوانێکی دیکەی دەوێ.

پرۆلۆگ: لە کوێیە جوامێرێک کە ئەم شمشێرە هەڵگرێتەوە؟

{بە بازرگان} وەرە هەڵیگرە، زۆر قورس نییە.

بازرگان: من ؟ بۆ من؟ كۆگاكانی من پڕن له‌ ده‌غلودان.

پرۆلۆگ: ڕاوه‌سته‌ ــ

بازرگان: من بە خێرایی دەگەڕێمەوە.

پرۆلۆگ: {ڕوو له ‌ئاغا} تۆ هەوڵدە، لەوانە بتوانی.

ئاغا: من دوعا بۆ ئەو کەسە دەکەم کە هەڵی دەگرێتەوە !

پرۆلۆگ: {ڕوو له ‌شاعیر} تۆ چی؟

شاعیر: حەز دەکەم.

پرۆلۆگ: قوربانی هه‌ناسه‌ت بم، هەڵیگرە.

سیا: دەستی لێ مەدە، بیر بکەوە و،  ئەگەر بیرت کردەوە و

هەڵتگرت بزانە کە ئیتر ناتوانی دایبنێی.

شاعیر: لەنێو ئەم دڵە داخەدا کە تەنیا لەناو بیابانەکاندا

بێده‌نگ دەبێ.

پرۆلۆگ: ڕیز لە نێو ڕیز، شوێن لە جێی شوێن،

هەنگاوێک بۆ پێشەوە !

شاعیر: بەڵام ئەم شمشێرە بۆ وا قورسە؟

سیا: ئەمە سه‌ره‌تای پاڵەوان بوونه‌، بیخە سەر شانەکانت.

تۆ دەبێ تا کۆتاییی تەمەنت ئەم قورسییە لەسەر

شانەکانت هەڵگری.

لە ئێستاوە دەرگای هەموو دەروازەکان

بە ڕووتدا کراوەتەوە،

ڕێگای هەموو بیابانەکان بۆت درێژە

تۆ دەبێ بڕۆی و بڕۆی و بڕۆی !

له‌ژێر گەرمی خۆر

لەگەڵ ئه‌و گڕه‌ی کە لە سینەتدایە.

پرۆلۆگ: ـــــ به‌ هه‌نگاوی قورس ـ

سیا: و تەنیایی تاڵی پاڵەوانێک ــ

پرۆلۆگ: و قورسایی ئەم تەنیاییە.

سیا: تۆ دەبێ بۆ دەشتە دوورەکان بڕۆی ـ

پرۆلۆگ: و کێوی پشت دەشتەکان

سیا: و دونیای پشت کێوەکان.

شاعیر: ناتوانم.

{شمشێرەکە فرێ دەدا.}

من لەسەر سەری ئەم شمشێرە دادەنیشم،

تا ڕۆژێک پاڵەوانێک دێ و هەڵی دەگرێ.

سیا: بڕوانە ئەم دێوە بڕوانە ئەم بەچکە دێوە،

بڕوانە گەورە و بڕوانە بچووک

بڕوانە لێو و بڕوانە ددان، بڕوانە لەیلا و

بڕوانە مەجنون،

بڕوانە کەر بردانە شه‌ڕکەر، بڕوانە لۆتی و بڕوانە

عەنتەر، بڕوانە من و بڕوانە ئەوان.

پرۆلۆگ: ئێستا لە شاردا هەمووان بە مەرگی دێوێک 

یا ئەتواری سیا، پێدەکەنن.

سیا: [تێدا ده‌مێنێت]من نامەوێ سیا بم.

پرۆلۆگ: منیش نەمدەویست بێ لانە بم، به‌ڵام ویستن و ژیان هه‌ریه‌كن له‌ لام،

 لە‌گەڵ تۆمە ؛ گۆرانی بڵێ و

بخولێوە هەمووان چاوەرێن

سیا: ناتوانم. سوێند دەخۆم.

پرۆلۆگ: دەبێ بتوانی؟ بیستت؟ ئەمە قسەی پرۆلۆگە !

من تۆم بە دەستەکانی خۆم دروست کردووە.

سیا: بەڵام داوەکانی من بە دەستی تۆ نییە. من دەڕۆم

پرۆلۆگ: بۆ کوێ؟

سیا: شوێنێک کە بتوانم ئەم خوێنە ڕەشەی تێدا بڕێژم.

                {پەردەکە دادەرێتەوە}

پرۆلۆگ: بەڕێزان و خانمان، خانمان و بەڕێزان

من دەمویست ئێوە سەرگەرم بکەم،

بەڵام ئەوان نەیانتوانی خۆیان فەرامۆش بکەن.

ئەوان كۆتی ئه‌و زنجیرانه‌بوون کە بەهێزتر بوو

لە قسەکانی من.

هەرکاتێک پەردەکە لادەدرا،

ئەوان پەردەیەکی تریان، به‌ ڕه‌نگی تریان له‌ خۆیان ده‌گرت.

بەڵام ئەمرۆ ئەوان پەردەکەیان دڕاند.

خانمان و بەڕێزان، بەڕێزان و خانمان

لە من ببوورن کە نەمتوانی سەرگەرمتان بکەم،

لەوانیش ببوورن کە نەیانویست هۆکاری

پێکەنینی ئێوە بن.

ئەوان نەیانتوانی خۆیان فەرامۆش بکەن،

و بۆچی هیچ کەس ناتوانێ خۆی فەرامۆش بکا؟

                  {تاریک دەبێ.}

کۆتایی


[1]له‌ ده‌قه‌ فارسییه‌كه‌دا وشه‌ی “مرشد” هاتووه‌ كه‌ به‌پێی كۆنتێكست ئه‌م وشه‌یه‌ ده‌لاله‌ت و مانای جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت… بۆ نموونه‌ له‌ ده‌قی عیرفانیدا به‌ واتای ڕابه‌ر و پێشه‌وای ڕۆحی دێت، یان له‌ وه‌رزشی ترادیسیۆنی زۆرخانه‌یی “مرشد” به‌و كه‌سه‌ ده‌وترێت كه‌ پاڵه‌وان و یاریزانه‌كان به‌ گۆرانی و شیعر و ته‌پڵ ئاماده‌ ده‌كات بۆ یاریكردن و خۆ گه‌رمكردن … له‌م ده‌قه‌دا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و واتایه‌نه‌ی باسكران “مرشد” به‌ واتای حیكایه‌تبێژ و گێڕه‌ره‌وه‌ دێت،  به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌دا بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌قی شانۆیی له‌ ژانری تری ئه‌ده‌بی گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ لاتینییه‌كان و به‌ تایبه‌ت لای ئۆریپیدۆس و شانۆنامه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و وشه‌ی prologue‌ “پرۆلۆگ”ـمان له‌ باتی حیكایه‌تبێژ هه‌ڵبژارد… پرۆلۆگ به‌ واتا قامووسییه‌كه‌ی واته‌ ده‌ستپێك و پێشه‌كی. له‌ شانۆیشدا به‌ واتای ده‌ستپێكی شانۆ و پێشه‌كی شانۆیی دێت… به‌ڵام دواتر واتای ئه‌و كه‌سه‌یشی له‌ خۆ گرت كه‌ له‌ سه‌ره‌تای شانۆدا، ڕووداو و ئه‌كت و كاره‌كته‌ره‌كانی نێو شانۆكه‌ بۆ بینه‌ره‌كان باس ده‌كات و زۆرجار خۆیشی كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی نێو شانۆكه‌یه‌ و له‌ گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كانی تردا دیالۆگی هه‌یه‌ یاخود زۆر جار له‌ نێو سته‌یجی شانۆ دیار نامێنێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌… به‌پێی ئه‌و واتایه‌ی له‌م ده‌قه‌یشدا هه‌یه‌ پرۆلۆگ به‌ ته‌واوه‌تی پڕ به‌ پێستی ئه‌و مانایه‌یه‌ كه‌ له‌م ده‌قه‌دا بۆ “مرشد” به‌كار هاتووه‌.