کتێبى (بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین؛ “چەند بابەتێکى کۆمەڵناسى”)

لەنێوان کۆمەڵناسى و مێژوودا


کتێبى (بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین) کتێبى یەکەمى بەرگى دووەمى لەژێر ناوێکى لاوکیدا “چەند بابەتێکى کۆمەڵناسى” لە نووسینى (نەوشیروان مستەفا ئەمین)ه‌، كه كتێبێكه‌ له‌ زنجیره‌یه‌ك‌ كتێب‌ له‌ بواره‌كانی مێژوو و ئه‌ده‌ب و ڕۆژنامه‌گه‌ری پێك هاتووه‌، ئەوەى ئەم کتێبە لە کتێبەکانى ترى نووسەر جیا دەکاتەوە وەک لە ناونیشانە لاوکییەکەیدا دیارە، هەوڵێکى کۆمەڵناسییانەیە بۆ خوێندنەوەى کێشەیەک یاخود پرسێکى گرنگى کۆمەڵایەتى، ئەویش “گرێ ى خێڵ، ناوچەگەرییە لە دەروونى کورددا”، سەرەتا با لە دوو سەرنجى جیاوازەوە دەست پێ بکەین کە بۆ هەر خوێنەرێک دێتەوە ئاراوە، ناونیشانى کۆى پرۆژەکە کە ئەم کتێبە بەشێکە تێیدا (بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین)ە، واتە وەک ئەوەیە بڵێت سەرنجى خێرایە لە ئەزموونى ڕێبوارێکدا بۆ بابەتەکان، لێکردنەوەى چەند گوڵێک، پرسێک، وێنەیەک، نیگارێک لەلایەن ڕێبوارێکەوە کە چاو و چارەنووسى بۆ شوێنێکى ترە. بەڵام سەرنجى دووەم لە یەکەم لاپەڕەى کتێبەکەوە دەست پێ دەکات لە بەشى “سەرەتا ل 11” ئەو کاتەى ئەم گوڵچنینە پلانە میتۆدییەکانى خۆى ئاشکرا دەکات و، لەوە دەکەوێت تەنها گوڵچنین بێت بەڵکوو دەبێتە توێژینەوە، نووسەر لە یەک ڵاپەڕەدا بە ڕوونى بابەت و پرسیارەکانى توێژینەوەکەى ئاشکرا دەکات، سەبارەت بە بابەتی توێژینەوەکە: “بریتییە لەوەى کۆمەڵگاى کوردى کۆمەڵگایەکى خێڵەکى بووە ئەمەش دەروازەیەک بووە بۆ ئاسان کۆنتڕۆڵکردن و حەشدکردن و چەکدارکردنى خێڵ و تیرەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە دژ بە کورد خۆى و دژ بە ڕووسەکان، حکوومەتى پاشایەتى عێراق دژ بە کورد، حزبى بەعس دژ بە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردى، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتاکە زۆرینەى ڕۆشنبیرەکان، ئەکادیمییەکان، سیاسییەکان، لە پێشبڕکێدان بۆ زیادکردنى پاشگرى خێڵ، ناوچە بۆ ناوەکانیان. پرسیارەکانى توێژینەوەکەش پێک دێت لە سێ پرسیار، کە ئەوانیش لەسەر ئاستی دەروونى: هۆى زاڵى گرێى خێڵ لە دەروونى تاکى کوردى نوێدا؟ لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتى: هۆکارى زاڵبوونى ئینتما بۆ ناوچە و خێل بەسەر ئینتما بۆ کوردستان؟ هەروەها لەڕووى کۆمەڵایەتیى سیاسیشەوە: بۆچى حزبەکانى کوردستان هاوشان بەم گرێیە دەڕۆن و مەکتەبى کۆمەڵایەتییان خستووەتە جێگاى دەزگاى قەزایی؟
بەم شێوەیە توێژینەوەکە دەبێتە خاوەنى بابەت و پرسیارى خۆى کە پرسیاری کۆمەڵناسییانەى جدیین، کە پێویست بوو تا ئێستا بە بەشدارى هەموو لایەک بە تایبەت کۆمەڵناسیى ئەکادیمى کوردى زیاد لە تیۆرێک لەم باریەوە لە بەردەستدا بووایە، بەڵام بەداخەوە کتێبخانەى کوردى بێ بەشە لەم جۆرە خوێندنەوە و توێژینەوانە. سەبارەت بە پرسیارەکان دەبێت ئەوە بڵیین کە تەنها پرسیار نین بەڵکوو حوکم و بڕیارى پێشوەختن لەبارەى ئەوەى کە تاک و کۆمەڵى کورد وابەستەى خێڵن وەک لەوەى وابەستەى شوناسێکى لە خێڵ گەورەتر بن کە نەتەوە یاخود نیشتمانە، ئەمە بڕیارێکى پێشوەختە و دەبێت پێشتر ئەمە بسەلمێنرێت کە ئایا وایە یاخود وانییە، بۆ نموونە تەنها قوتکردنەوەى پرسیارێک لە بەرانبەر ئەم پرسیارى توێژینەوەیەدا پرسیارەکە بەتاڵ دەکاتەوە، دەکرێت بپرسین چۆن دەزانرێت تاک و کۆمەڵى کورد خێل دەخەنە پێش نەتەوەوە، ئەى ئەو هەموو پێشمەرگە و خەباتکارەى کورد کە لە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردیدا خۆیان دا بە کوشت بۆ کورد بوو یان بۆ خێڵەکەیان، ئەوەى ئێستا لە بەرەکانى پێشەوەى جەنگدا لە بەرانبەر داعشدا ڕاوەستاون بۆ بەرگرى لە خێڵەکەیان یاخود ناوچەکەیان ڕاوەستاون یان بۆ بەرگرى لە شوناسێکى گەورەتر؟ وەک دیارە ئەم پرسیارى توێژینەوەیە گومانى دەکەوێتە سەر لەگەڵ ڕووبەڕووکردنەوەیان بەم پرسیارانە، پرسیارى توێژینەوە دەبێت بەدوور بن لە حوکمدان و بڕیاردان.


بەڵام ئەوەى سەبارەت بەم کتێبەیە ئەوەیە بە هیچ جۆرێک هاوشان بە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە نەڕۆشتووە و ڕەوتێکى دیکەى خۆى وەرگرتووە، ڕاستە بابەتەکانى ناو کتێبەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەستن بە بابەتى پێشنیازکراو بۆ توێژینەوەکە، بەو پێیەى تایبەتن بە سیستەمى خێڵەکى کوردى و ژیانى خێڵەکى، ئەدەب، حەیران، جاف، خۆشناو، میراوەدەلى، هەورامى، مەولانا خالدى نەقشبەندى، بەڵام ڕاستەوخۆ وەڵام نین بۆ پرسیارەکانى توێژینەوەکەش، ئەمە سەربارى ئەوەى کەوا بە هیچ شێوەیەک ئێمە ناتوانین دەستمان ڕابگات بە وەڵامەکانی ئەو سێ پرسیارە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین پێ دەچێت دواى نووسینى کتێبەکە پلان و پرسیارەکانى توێژینەوەکە داڕێژرابێت، بوونى ئەو پرسیارانە بە زیان دەکەونەوە بۆ کتێبەکە، بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەکان دەبێت توێژینەوەیەکى تر بنووسرێت و زیاتر پەیوەست بێت بە پرسى خێڵ دواى ١٩٥٨ نەک سەدەى ١٨و ١٩کە کۆى بابەتە کۆمەڵناسییەکانى کتێبەکەى لەخۆ گرتووە، دەبێت توێژینەوەیەک بێت وەڵامى ڕاستەخۆ بێت بۆ ئەو پرسیارانە، هەرچەندە بابەتەکانى کتێبەکە هەوڵێکى ناڕاستەوخۆن بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارانە، وەک ئەوەى دەیەوێت بڵێت مانەوەى پابەندبوونى مرۆڤى کورد بە خێڵەوە سەڕەرای لە بەریەکترازانى ژێرخانى ئابووریى خێل دواى بڕیارى ئیسلاحى زەراعى ١٩٥٨ و چۆڵپێکرانى گوندەکان و گەورەبوون و دروستبوونى شارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشیینە کولتوورییەى ئەم مرۆڤە کوردە دەبەستێتەوە بە خێڵەوە لە چەندەها سەدەى ڕابردووەوە، بەڵام لە ڕاستیدا وەڵامى پرسیارەکانى توێژینەوە دەبێت ڕاستەوخۆ بن، هەروەها کۆتاییی توێژینەوەکە هیچ دەرئەنجامێکى تیا نییە کە بڵێت ئەمە کورتەى دەرئەنجامەکانى کۆى “بابەتە کۆمەڵناسی”یەکەیە، ئێمە دەڵێین و پێمان وایە بابەتەکانى توێژینەوەکە بە فەرامۆشکردنى ئەو پرسیارانە لێکۆڵینەوەیەکى کۆمەڵایەتى و مێژووییی قووڵن، و پڕن لە سەرنجى شێکەرەوانەى مێژوویى و کۆمەڵناسى، هەروەها هەوڵێکە بۆ هێنانى مێژوو بۆ ناو کۆمەڵناسى، هەروەک چۆن هەوڵێکیشە بە پشتبەستن بە ئەدەب و هونەر بۆ خوێندنەوەى کۆمەڵگا لەگەڵ بوونى هەندێک سەرنجدا کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەین.


کۆمەڵناسى و، ئەدەب و هونەر:

یەکێک لە لقە نوێیەکانى کۆمەڵناسى، کۆمەڵناسیى ئەدەبە، کۆمەڵناسیى ئەدەب لەو سۆنگەیەوە پەیدابووە کە ئەدەبیش دیاردەیەکى ترى گرنگى کۆمەڵگایە، کۆمەڵناسى ناتوانێت بیرکردنەوە و زەوق و خەیاڵى ئەدەبى تاک نادیدە بگرێت وەک سەرچاوەیەک لە سەرچاوەکانى مەعریفە، چ جاى ئەگەر ئەو ئەدەبە ئەدەبێکى دەستەجەمعى بێت وەک فۆلکلور، بۆ ئێمەى کورد کە دەمانەوێت خوێندنەوەى کۆمەڵناسى بکەین بۆ چەند سەدەى پێشوومان بێگومان لەبەر کەمى دەقى ئەدەبى ناچارین بەتەواوەتى پشت بە فۆلکلۆر ببەستین کە بەشێکى زۆرى ئەوەى کۆ کراوەتەوە ڕوژهەڵاتناسەکان کۆیان کردووەتەوە، کۆمەڵناسیی ئەدەب ئامانجى ئەوەیە بگات بە جیهانبینیی هۆنەر و نووسەر و ئەدیب و حەیرانبێژەکان دەربارەى کۆمەڵگا، ئەمەش لەپێناو دەستخستنى زانیارى دەربارەى بونیادى کۆمەڵگا بەتایبەت لەو ساتە مێژوویییانەدا کە بەڵگە و تۆمارى پێویستمان لە بەردەستدا نییە لە بارەیانەوە1محمد علی البدوی، علم اجتماع الادب، الاسکندریة، دار المعرفە الجامعیة، ٢٠١١، ل ٩٦-٩٧7.، یەکێک لە بابەتەکانى کتێبەکە هەوڵدانە بۆ ئەنجامگیرى چەند پرسێکى کۆمەڵایەتى لە ڕێگەى حەیرانەوە، توێژەر گەشتووە بەوەى حەیران دەرخەرى بوونى پەیوەندیى سۆزدارانەیە لەنێوان ڕەگەزەکاندا، لەنێوان ژن و پیاوى کورددا، بە تایبەت ئەو پەیوەندییانەى لە دەرەوەى چوارچێوەکانى خێزانن، هەروەها بابەتەکانى ڕەدووکەوتن و هەڵگرتن و سەندنى یار بە زۆر، حەیران وەزیفەى دەرخستنى جۆرێک لە تابۆ و نەریت شکاندنى تێدا بووە بێ ئەوەى لە زۆرینەى حاڵەتەکاندا بەر بە دەزگا خێڵەکى و ئایینى و بەهایەکانیان بکەوێت، بەڵکوو ئەو دەزگایانە قبوڵیان کردووە و لە بەرانبەریدا لێبوردەیییان نواندووە، وەک لە کتێبەکەدا ئاماژەى پێ دراوە، حەیران دەرخەرى بوونى خەیاڵێکى میللی، تاکى کوردە بۆ شکاندنى ئەو چوارچێوە ڕێکخراوەی بەهایى و ڕەوشتیانەى خێزان و خێڵى کوردى لەسەر دامەزراوە، واتە ئەم هونەرە دەرخەرى بوونى خەیاڵێکە بۆ بەزاندن و تێکشکاندنى هەندێک لە نەریتە خێزانییەکان، پرسیار ئەوەیە چەند ئەم بابەتە دەچێتە خانەى بوونى ئایدیایەکى لادەرانەى میللییەوە؟ یان بە پێچەوانەوە دەربڕى ئایدیایەکى میللیی بێزار لەو قەیدوبەندانەى خێزانى خێڵەکى کوردی بەسەر تاکەکانیدا سەپاندویەتى؟ یاخود ئەمە بە تایبەت “ڕەدووکەوتن” هەر دەربڕى بوونى دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى سازاوە لەگەڵ کۆى هزرە کوردییە خێڵکییەکەدا، ئەمەیە کە ئێمە دەمانەوێت بیڵێین، بەو پێیەى ئەم دیاردەیە ڕێگایەکى تر بووە لە ڕێگا ئاسایییەکانى خێزان دروست کردن لە ڕێگەى سەندن و سەپاندنەوە لە سەردەمێکدا کە لۆژیکى باوى ئەو هزرە خێڵەکییە کوردییە هەر سەندن و سەپاندن بووە، ئەمەش پێویستى بە لێکۆڵینەوەى سەربەخۆیى جودا هەیە کە بیسەلمێنێت ئایا ئەم دیاردەیە “ڕەدووکەوتن” لە کوێى ئەم هزرە گشتییە خێڵەکییە کوردییەدایە کە هێز و باڵادەستى و سەپاندن و سەندن پێوەرەکانییەتى، بە هەر حاڵ ئەم بەشە هەوڵێکى بوێرە بۆ دامەزراندنى کۆمەڵناسییەکى کوردى کە ئەدەب و هونەر بە یەکێک لە سەرچاوەکانى مەعریفە بزانێت.

بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، نەوشیروان مستەفا ئەمین


مێژوو و کۆمەڵناسى:

فەزاى سەرەکیى ئەم کتێبە و بابەتەکانى مێژووە، هەر لە ڕێگەى تۆمارى مێژوویەکى دیاریکراوەوە کتێبەکە هەوڵی داوە لێکۆڵینەوە لەبارەى دیاردەیەکى گرنگى کۆمەڵگاى کوردى بەڵکوو سیستەمى کۆمەڵگاى کوردى بکات کە خێڵە، بەتایبەت لە سەدەکانى دەسەڵاتدارێتیى عوسمانى و قاجاریدا، بۆ هەر نووسەرێک بەتایبەت بۆ مێژوونووس، گەر بیەوێت پشکنینى کۆمەڵناسییانە لەناو مێژوویەکى دووردا بکات پێش هەموو شتێک دەبێت ئاگادارى سنوورەکانى نێوان ئەم دوو زانستە بێت، دەبێت میتۆدەکانیان، چەمکەکانیان بە باشى لێک جودا بکاتەوە و شارەزا بێت دەربارەیان، هەر مێژوونووسێک یان لێکۆڵەرێک بیەوێت لێکۆڵینەوەیەکى کۆمەڵناسییانە لەناو مێژوودا ئەنجام بدات دەبێت چەمکە پێویستەکانى ئەو زانستە شارەزا بێت کە هاوکار دەبن لە گەشتن بە ڕاستییەکان، لەوانە چەمکى “وەزیفە” و “بونیاد” و “ڕۆڵ” و…هتد، چەمکى وەزیفە واتە وەزیفەى هەر بەشێک لە کۆمەڵگا ئەوەیە گشت بپارێزێت، پاراستن واتە هاوسەنگى ڕاگرێت، بێگومان بێ ڕەتکردنەوەى بوونى ڕەگەزى دینامیکیەت و گۆڕان لە هەموو پنتێکدا بەڵام لە سیاقى گشتیدا بێ تێکدانى هاوسەنگى، وەک چۆن چەمکى بونیاد “البنیە” واتە تەماشاکردنى کۆمەڵگا وەک یەک یەکەى یەکگرتوو کە هەر گۆڕانێک لە یەکەیەک یان بەشێکدا ڕوو بدات کاریگەرى لە بەشەکانى تردا دروست دەکات2بیتر بروک، علم الاجتماع والتاریخ، ت: داوود صالح رحمه، دمشق، دار علاء الدین، ٢٠١١، ل ٤٩.. هەروەها چەمکى “ڕوڵ” کە لە زیاد لە شوێنێکى ئەم کتێبەدا گرنگییەکى تایبەتى هەبووە، ڕۆڵى کۆمەڵایەتى بەو شێوە ڕەفتارە دیاری دەکرێت کە لە یەکێک چاوەڕوان دەکرێت بە حوکمى پێگە و شوناسەکەى لەناو کۆى بونیادە کۆمەڵایەتییەکەدا3هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ٥٧.، بۆ نموونە ڕۆڵى “مەولانا خالد” لەناو سیستەمى ئایینى کۆمەڵگاى بابان و لەناو دەسەڵاتدارێتیى باباندا، نموونەیەکى تر گفتوگۆى نێوان “مستەر ڕیچ” و “عوسمان بەگ” دەربارەى ڕۆڵى لاوازى پیاوانى ئایینى لە سیستەمى سیاسیى بەریتانیادا و نیشاندانى بێزارى لە بوونى ڕۆڵیان لە سیستەمى فەرمانڕەوای باباندا لەلایەن ئەمە دووەمیانەوە4بەدرخان سندیی، کۆمەڵگاى کوردەوارى لە دیدى ڕۆژهەڵاتناسیدا، و: ئیسماعیل ئیبراهیم سەعید، هەولێر، دەزگاى توێژینەوە و بڵاوکردنەوەى موکریانى، ٢٠٠٨، ل ١٨٩، کە ئەم خاڵەش کەرەستەى لێکدانەوەیەکى چاکە بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکى ئایندەیى لەسەر پێگەى ئایین لە سیستەمى خێڵەکى کوردیدا.
نووسەرى ئەم کتێبە پاشخانێکى گەورەى هەیە وەک توێژەرێکى بوارى مێژوو، بەڵام ئەم کتێبەى یەکەم هەوڵیەتى لە بوارى کۆمەڵناسیدا، من وەک خوێنەرێک بە درێژایی کاتى خوێندنەوەى کتێبەکە لە هەوڵى ئەوەدا بووم بزانم من کتێبێکى مێژووى دەخوێنمەوە یان کۆمەڵناسى، لە هەندێک جێگەدا دڵنیا دەبووم لەوەى کتێبێکى مێژوویى دەخوێنمەوە بەڵام خێرا لە پەڕەیەکى تردا ڕام دەگۆڕى بەوەى من مامەڵە لەگەڵ کتێبێکى کۆمەڵناسیى کوردى دەکەم، سەرئەنجام دواى تەواوکردنى کتێبەکە هەر لەنێوان ئەو دوو ڕایەدا مامەوە. بەڵام ئەم کتێبە وەک هەوڵێک دەمێنێتەوە بۆ دروستکردنى کۆمەڵناسییەکى کوردى کە دەستى بردووە بۆ مێژوویەک کە پێشتر تەنها کارى مێژوونوسە کورد و بێگانە و ڕۆژهەڵاتناسەکان بووە، ئەم کتێبە وەک کتێبێک لەنێوان مێژوو و تێڕوانینى کۆمەڵناسییانە بۆ چەردەیەک بابەت لە مێژووى کورددا دەڕواتە کتێبخانەى کوردییەوە، پێدەچێت لە داهاتوودا وەک هەوڵە بەرایییەکانى مێژووى کۆمەڵایەتیى کوردى زیاتر بناسرێت.
مێژوو کاتێک لە هەر کتێبێکى کۆمەڵناسیدا بەکار دەهێنرێت مەبەست لێى تۆمارکردنى ڕووداوەکان نییە ئەوەندەى مەبەست لێى بەکارهێنانیەتى وەک ڕێگایەک، میتۆدێک بۆ زانینى ڕەگ و ڕیشەکانى دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى، بۆیە لەناو هەر توێژینەوەیەکى کۆمەڵناسیدا مێژوو خۆى لە هەموو ئەو وردەکارییە بچووکانە بەدوور دەگرێت کە وەزیفەیەکى گرنگییان لە توێژینەوەکەدا نییە، بۆ نموونە خۆى لە هەموو ئەو شیعرانەى مەولانا خالد لا دەدات کە بریتین لە مەدح و سەناى ئایینى.
بەڵام لە ڕوویەکى ترەوە دەکرێت ئەم کتێبە وەک هەوڵێک بناسرێت بۆ هێنانى مێژوو بۆ ناو لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسییەکان، لە کاتێکدا کۆمەڵناسیى ئەکادیمیى کوردى -کە تاڕادەییەک کاریگەرى لە دەرەوەى بەشەکانى کۆمەڵناسیى ناو زانکۆکاندا لە ئاستى نەبووندایە-، یەک میتۆد پەسەند دەکات ئەویش میتۆدى ئیمبریکى و ئامرازى ئامارە، لە کاتێکدا ئەم میتۆدە سەرەڕاى باشییەکانى بەڵام کێشەى گەورەشى هەیە، دیارە لە ڕێگەى بەکارهێنانی ئامار وەک ئامرازێکی توێژینەوەى زانستی دەکرێت ئەنجامى دەقیق و ورد و جێ متمانە بەدەست بهێنین لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراودا یان ڕوویەکی دیارىکراوى دیاردەیەک یان بەشێک لە بەشەکانى کۆمەڵگادا، بەڵام ئەم میتۆدە کەمتوانایە لە پێدانى مەعریفە و ڕووئیایەکى هەمەکى و گشتگیر دەربارەى کۆمەڵگا، پشت بەستن بە مێژوو و بە بوونى جیهانبینییەکى مێژوویى وەبەکارهێنانى وەک میتۆد لە توانایدایە ئەم کەموکورتییە پڕ بکاتەوە کە مێتۆدى ئیمبریکی ناتوانێت ئەنجامى بدات، پشت بەستنى کۆمەڵناسى بە مێژوو شارەزاییەکى هەمەکیمان پێ دەبەخشێت دەربارەى ڕەگوڕیشەکانى بونیادى کۆمەڵایەتى، لە کاتێکدا ئێمە زۆر پێویستمان بە دروستکردن و دامەزراندنى ڕوئیایەکى گشتگیر هەیە دەربارەى کۆمەڵگاى کوردى کە لەم بوارەدا زۆر دواکەوتووین، ئەمەش هۆکارەکەى بە پلەى یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ تازەیی و کەمتواناییی کۆمەڵناسیى ئەکادیمى کوردی، یەکێکیش لە کێشە بنەڕەتییەکانی ئەو کۆمەڵناسییەى لەناو بەشەکانى کۆمەڵناسیدا هەیە و نەیتوانیوە بێتە دەرەوە بۆ ناو کۆمەڵگا و بۆ ناو جەدەلە ڕۆشنبیرییەکەى ڕۆشنبیریى کوردى نەبوونى دیدێکى ڕوونە بۆ میتۆد، هەروەها بۆ کارپێکردنى زیاد لە میتۆدێک لە مەیدانى توێژینەوەدا، هەر بۆیە کۆمەڵناسیى کوردى دانەمەزراوە کە تیۆرى جیاواز جیاوازمان لەسەر کۆمەڵگاى کوردى پێ بدات، بێگومان ئەم کارە تەنها بە مێتۆدى ئیمبریکی و بەکارهێنانی ئامار ناکرێت، لەگەڵ ئەوەى ئەم میتۆدە لە نرخى کەم ناکرێتەوە و هەر وەک یەکێک لە میتۆدە گرنگەکان دەمێنێتەوە کە تواناى هەیە مەعریفەى باوەڕپێکراومان دەربارەى بەش پێ بڵێت، بەڵام دەکرێت هاوشان بەوە میتۆدی مێژوو، وە میتۆدى بەراوردکارى کارى پێ بکرێت، کاتێک مێژوو و کۆمەڵناسى هاوکارى یەک دەبن لە توێژینەوەیەکدا دەکرێت ئەم میتۆدە بەکار بهێنرێت کە “ئیمیل دۆرکایم” لە گرنگیدا وتویەتى “وەک ئەزموونێکى ناڕاستەوخۆ وایە”5السید الحسینی، نحو نظریە اجتماعیە نقدیە، بیروت، دار النهضە العربیە، ١٩٨٥، ل ٤٩.، هەروەک دەکرێت هاوشان بە مێژوو، ئاماریش وەک ئامرازێک بۆ دەستخستنی زانیارى و هەروەها وەک هاوکارێک لە هەمان توێژینەوەدا بەکار بهێنرێت.
مێژوو لە لێکۆڵینەوەیەکى کۆمەڵناسیدا وەک چەردەیەک بەڵگەنامە و تۆمار مامەڵەى لە گەڵدا دەکرێت بۆ لێکدانەوەى دیاردەکان و ڕەگوڕیشەکانیان و ڕەوتیان لەناو مێژوودا. یەکەم کار کە لێکۆڵینەوەى کۆمەڵناسى لەگەڵ ئەم تۆمارانەدا دەیکات ئەوەیە ڕووداوە شاز و بچووک بێ کاریگەرەکان دەخاتە لاوە، هەروەها مێژووى کەسى فەرمانڕەوا و کەسایەتییە کاریگەرەکان ئەگەر بێسوود بن فەرامۆش دەکرێن، ئەوەى دەمێنێتەوە دیاردەکان و ڕەوتیانە لەناو مێژوودا، کتێبەکە لە هەندێک جێگادا ئەمەى ڕەچاو نەکردووە بەتایبەت لە باسى “مەولانا خالید“دا، بۆ هەر توێژینەوەیەکى کۆمەڵناسى ئەوەى گرنگ بێت لە باسى مەولانادا دیاردەى مەولانایە نەک کەسى مەولانا خالد، هەموو ژیانى مەولانا بۆ لێکۆڵینەوەیەکى کۆمەڵناسى گرنگ نییە، ئەوەى تێیدا گرنگە مەولانایە کە دەبێتە ڕەوت، هەروەها ڕۆڵى ئەوە لەناو سیستەمى فەرمانڕەواى باباندا، هەروەها تێکەڵبوونى ئەم تەریقەتە سۆفیگەرییە بە دەزگاى دەرەبەگى، بەشى هەرە زۆرى شعرەکانى مەولانا بۆ کتێبێکى ئەدەبى دەست دەدەن و وەزیفەیەکیان لەناو ئەم کتێبە کۆمەڵناسییەدا نییە، ئەوەى گرنگە لە شیعرەکانیدا مەدحەکانى نین بەڵکوو شیعرەکانیەتى بۆ میر و فەرمانڕەواکانى بابان، هەروەها نامەکانى، بەتایبەت ئەوانەى باس لە چۆنیەتیی دابەشکردن و ئیدارەکردنى سامانى خانەقاکەى دەکات، کە نووسەر ئاماژەى بە ئاماژەکانى پشت ئەو نامانە کردووە کە بەڵگەن بۆ تێکەڵبوونى خانەقا بە سیستەمى باجگیرى دەرەبەگى.
ئەوەى دەمێنێتەوە لە بابەتى مێژوودا بێڵین ئەوەیە کە کاتى ئەوەیە مێژوونووسەکانى کورد دەست ببەن بۆ توێژینەوە دەربارەى دیاردەى دیاریکراوى کۆمەڵایەتى بەڵام دواى ئەوەى ئامراز و چەمکە پێویستییەکانى ئەم بوارە لە زانستەکانى تر وەردەگرن و بەکاری دەهێنن، هەروەها کاتى ئەوەشە کە کۆمەڵناسى کورد و ڕوشنبیر و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان لە سایەى دوو دەستەوەستانى ڕەها و دژ بە یەک خۆیان ڕزگار بکەن کە یەکەمیان میتۆدى ئەمبریکىیە کە دەبێت خۆیان شارەزا بکەن بەرامبەر توناکانى ئەم میتۆدە و سنوورەکانى، بەبێ ئەوەى ڕەتى بکەنەوە، دووەمیان دەبێت دیدێکى ڕوون بەرانبەر فەلسەفە و میراتە میتافیزیکییەکەى بەرهەم بهێنن، شارەزایى بەرانبەر سنوورەکانى توانای فەلسەفە و میراتەکەى بۆ خوێندنەوەى کۆمەڵگا بەدەست بهێنن بێ ئەوەى ئەم شارەزایییە بیانگەیەنێتە ئەوەى فەلسەفە ڕەت بکەنەوە، ئەم دوو هەوڵە پێکەوە دەبێتە هۆى لەدایکبوونى کۆمەڵناسیى کوردى خۆى.


بەڵام سەبارەت بە باسى ئایین لەناو خێڵە کوردییەکاندا کە هیچ بەشێکى سەربەخۆى لە کتێبەکەدا وەرنەگرتووە، چەند ئاماژەیەکى خێرایى تێدایە دەربارەى ئایین و ڕۆڵى پیاوانى ئایینى، لە وێنەى بوونى مزگەوت لە لاى گوندە جێگیرەکان و نەبوونى لە لاى کۆچەرەکان و وەزیفەکانى مەلا لەو سیستەمەدا، هەروەها بەریەکنەکەوتنى بڕوا ئایینەکان بە دیاردەى دزى “بەڵکوو بەهاى دزى” لەناو خێڵە کۆچەرەکاندا، کە جێگاى لێکۆڵینەوەیەکى قووڵە.

بیروباوەڕى خورافى و ناڕاست شتێک نییە داهێنراوى کۆلکەمەلا یان مەلاکان بێت، بەڵکوو ئەوە دەربڕى قۆناغێکە لە قۆناغەکانى عەقڵی مرۆیی، قۆناغێکە لە قۆناغەکانى بیرکردنەوەى پێش زانست

دوا سەرنج دەمەوێت ئاماژەى پێ بدەم بابەتى ڕۆڵى مەلا و کۆلکەمەلایە لە سیستەمى خێڵەکیى کوردى و هزرى خێڵەکىی کوردى کە نووسەر ئاماژەى خێراى پێ داوە، بەڵام کۆلکەمەلا (واتە ئەوەى بەتەواوەتى نەبووە بە مەلا و وەزیفەى ئەو دەبینێت)، نووسەر بەرپرسى کردووە لە بڵاوکردنەوەى خورافیات و بیروباوەڕى ناڕاستدا، لە ڕاستیدا بیروباوەڕى خورافى و ناڕاست شتێک نییە داهێنراوى کۆلکەمەلا یان مەلاکان بێت، بەڵکوو ئەوە دەربڕى قۆناغێکە لە قۆناغەکانى عەقڵی مرۆیی، قۆناغێکە لە قۆناغەکانى بیرکردنەوەى پێش زانست، مەلا یان کۆلکەمەلا بەرپرس نییە لەو عەقڵە بەڵکوو ئەو ڕۆڵ دەبینێت لە ناو کۆدا وەک هەر کەس و توێژێکى تر، وەزیفەى ئەو گەیاندنى پەیامەکانى ئایین و هەروەها وەزیفەى واقیعی و گرنگى ئەو توێژە بۆ ئەو سەردەمە پاراستنى ئەو بیروباوەڕانەیە کە لە سەردەمەدا باو بووە، لە ناویاندا وەزیفەى بەخشینى چارەسەرى نازانستییە بە نەخۆشەکان لە کاتێکدا پزیشک و زانست لە ئارادا نییە، لە عەقڵیەتێکدا نەخۆشى لە ئەنجامى سزایەکى خوداییەوە یان لە ئەنجامى سزا و دەستوەشاندنى بوونەوەرە غەیبیەکانەوە دروست بووبێت ئەوا دەبێت پیاوانى ئایینى ڕۆڵ بگێڕن، واتە ئەو هزرە خورافییە هەیە و کۆلکەمەلا و مەلاکان ڕۆڵ دەگێڕن تێیدا باشترین بەلگەش هەر لە کتێبەکەدایە، ئەویش بەڵێنى چارەسەرکردنى کوڕە نەخۆشەکەى مەحموودپاشا لەلایەن زاناى گەورە “مەولانا خالد”ەوە، بەڵام دواتر مردنى نەخۆشەکە و هەڵاتنى مەولاناى لێ دەکەوێتەوە، مەلاکان دروستکەرى ئەو عەقڵیەتە نین، بەڵکوو هەڵگرى عەقڵیەتەکەن وەک کۆى کۆمەڵگا، عەقڵیەتەکە بارودۆخێکى گەورەى مێژوویی دروستى کردووە کە زیاد لە هۆکارێک لە پشتیەوە وەستاوە، لەوانە ژێرخانى ئابووریى خێڵەکى، نەبوونى شار، نەبوونى دەزگاى فەلسەفى و زانستى لەناو ئەو سیستەمە خێڵەکییەدا، هەروەها ئەو قۆناغە قۆناغێکى سروشتىیە لە قۆناغەکانى بیرکردنەوەى مرۆڤ، بەڵام کورد و خێڵە کوردییەکان دواى سەدەها ساڵ تا ڕادەیەک لێ دەرباز بوون، بۆیە عەقڵیەتى خورافیى کوردى پێش زانست شتێکى لەوە گەورەترە داهێنراوى توێژێکى وەک کۆلکەمەلا یان مەلا، تەنانەت ئایین خۆشى بێت، بەڵکوو ئایین خۆشى لەناو چوارچێوەى ئەو هزرەدایە و بنەما و بونیادەکانى ئەو کۆمەڵگایانە هەم دەستیان هەبووە لە دروستبوونى ئایینەکان و هەم دەستیان هەیە لە جۆرى تەفسیرەکانیان بۆى، کە کۆى ئەمەى پەیوەندى بە کوردەوە هەیە پێویستى بە لێکۆڵینەوەى تایبەت هەیە لەژێر ناوى “هزرى کوردى پێش زانست”دا.
بەڵام ئەوەى دەمێنێتەوە بیڵیین ئەوەیە کە خوێندنەوەى ڕاستەقینەى کۆمەڵگاى کوردى شتێک نییە بە تەنها لە ئەستۆى کۆمەڵناسى کوردى بێت، بەڵکوو دەبێت دەرگا بکرێتەوە لە بەردەم خوێندنەوەى مێژووییی کۆمەڵایەتى، هەروەها خوێندنەوەى دەروونیى کۆمەڵایەتى، و جوگرافیى کۆمەڵایەتى و دەیەها لقە زانستى مرۆیی تر، بەم شێوەیە کۆى زانستەکان هاوکارى یەک دەبن لەم کارەدا، بە یەک زانست و بە تەنها بە یەک میتۆد ئەم کارە ناکرێت، واتە ناکرێت دیدێکى گشتگیر دەربارەى کۆمەلگاى کوردى بەرهەم بێت لە ڕێگاى یەک زانستەوە بە فەرامۆشکردنى زانستە مرۆییەکانى تر، بەڵام هەر هەوڵێک بۆ خوێندنەوەى کۆمەڵگاى کوردى لە ڕێگاى زیاد لە زانستێکەوە هەوڵێکى بەرهەمدار و بە ئەنجام دەبێت.

پەراوێزەکان

  • 1
    محمد علی البدوی، علم اجتماع الادب، الاسکندریة، دار المعرفە الجامعیة، ٢٠١١، ل ٩٦-٩٧7.
  • 2
    بیتر بروک، علم الاجتماع والتاریخ، ت: داوود صالح رحمه، دمشق، دار علاء الدین، ٢٠١١، ل ٤٩.
  • 3
    هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ٥٧.
  • 4
    بەدرخان سندیی، کۆمەڵگاى کوردەوارى لە دیدى ڕۆژهەڵاتناسیدا، و: ئیسماعیل ئیبراهیم سەعید، هەولێر، دەزگاى توێژینەوە و بڵاوکردنەوەى موکریانى، ٢٠٠٨، ل ١٨٩
  • 5
    السید الحسینی، نحو نظریە اجتماعیە نقدیە، بیروت، دار النهضە العربیە، ١٩٨٥، ل ٤٩.