چیرۆكێكی جیا

شانۆنامه‌یەکی سێ پەردەیی

وه‌رگێڕانی: هێلین ئیبراهیم

پەردەی یەکەم

دیمەن: ژووری دانیشتنی ماڵێک

کارەکتەرەکان: پیاوێک و ژنێک

[پیاوەکە لەپشت مێزه‌كه‌ی دانیشتووە و خەریکی نووسینە. جاروبار سەری هەڵدەبرێت و پێدەکەنێت و دیسان درێژە بە نووسینەکەی دەدات. هاوسەرەکەی بە سینییەک و دوو كوپ قاوە دێتە ژوورەوە. بە باشی سەرنجی جووڵەی پیاوەکە دەدات، بەڵام هیچی لێ تێناگات. پاش ماوەیەک ماندوو دەبێت سینییەکە لەسەر مێزەکە دادەنێت. پیاوەکە تازە ئاگاداری هاتنی ژنەکەی دەبێت. چاویلکەکەی لا دەبات، هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت و قاوەکە هەڵدەگرێت. بە نیشانه‌ی سوپاسكردن سەری دەجووڵێنێت ژنەکە هاوكات به‌ سه‌رسووڕمانه‌وه‌ چاودێریی هەڵسوکەوتی مێردەکەی دەکات]

پیاوەکە: چییه ‌خاتوون؟ بۆچی بەو شێوەیە سەیری من دەکەی؟ هیچ بووه‌؟

ژنەکە: نەخێر پیاوه‌كه‌، دەتەوێ چی ببێت؟

پیاوەکە: ئاخر وا لێم ڕاماوی هەر کەسێک ببینێت دەڵێ ئاخۆ چی قه‌وماوه‌.

ژنەکە: چی بڵێم پیاوه‌كه‌.

پیاوەکە [ئاماژە بە قاوەکە دەکات]: بە بە، هم، چ قاوەیەکە.

ژنەکە: سوپاس پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە [بەسەرسورمانەوە]: بۆچی؟

ژنەکە: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بە شان و باڵما هەڵتدا.

پیاوەکە: من؟! من بە شان و باڵتا هەڵمدا خاتوون؟

ژنەکە: بەڵێ، [ئاماژە بە قاوەکە دەکات] بەڵێ.

پیاوەکە [بە پێکەنینەوە]: ئه‌ها، نەخێر، نەخێر، مەبەستم ئێوە نەبوو [بە لەزەتێکی

تەواوەوە قاوەکە دەخواتەوە] نەخێر.

ژنەکە: ئاخر خۆتان گوتتان.

پیاوەکە [قسەکە بە ژنەکە دەبرێت]: چی من خۆم گوتم؟

ژنەکە : ئاخر گوتتان چ قاوەیەکە.

پیاوەکە : باشە؟ … یانی چی؟

ژنەکە: ئەوە واتە پێداهەڵگوتن پیاوه‌كه‌.

پیاوەکە: بەڵێ دەبێتە پێداهەڵگوتن، خۆم دەزانم بانوو.

ژنەکە: بەڵێ پیاوه‌كه‌، باشە منیش لەبەر ئەوە گوتم سوپاس.

پیاوەکە [بە سەرسورمانەوە]: بەڵێ؟ ئێوە لەبەر ئەوەی من باسی قاوەکەم کردووە،

 بە منت گوت سوپاس؟ باش گوێم لێ بوو بانوو؟

ژنەکە [بە خۆشحاڵییەوە]: بەڵێ پیاوه‌كه‌، وایه‌.

پیاوەکە: سەیرە! [لە جێگایەکەی هەڵدەستێت. بە وردی چاو بە كوپه‌ قاوەکەدا دەگێڕێت. ئەوەی ماویه‌ته‌وه‌ هەڵیده‌لووشێ. دواتر كوپەکە‌ بەسەرەونخونی لەسەر ژێرپیاڵەکە دادەنێت. ژنەکە بە بنجکۆڵییەوە سەیری دەکات. پیاوەکە دەستی لە پشتەوە گرێ دەدات لە کاتێکدا رووی لە شانۆ و پشتی لەوە، به‌رده‌وام ده‌بێ] سەیرە ! ئێستا ئێمە چەند ساڵە هاوسەرگیریمان کردووە بانوو؟

ژنەکە: چەند ساڵە؟ [ پیاوەکە بێ ئەوەی ئاوڕ بداته‌وه‌ سه‌ری بە مه‌به‌ستی جەختکردنەوە دەجووڵێنێت. ژنەکە دەست به‌ ژماردن ده‌كات] ئێستا نزیكه‌ی یازدە ساڵ و سێ هەفتەیە.

پیاوەکە: ڕاستە، با بزانم، تا ئێستا بووە من بە شان و باڵی ئێوەدا هەڵمدابێ؟ تەنانەت، تەنانەت یەکجاریش؟

ژنەکە: نەخێر پیاوه‌كه‌، نا… نا … وات نه‌كردووه‌… خوا ئاگادارە نەخێر.

پیاوەکە [جه‌سته‌ی روو لە شانۆ و ڕوویشی لە هاوسەرەکەی]: هه‌ر بۆیه‌ پێویستیش ناکات سوپاسم بکەیت.

ژنەکە: ئێ ئاخر، من قاوەکەم ئامادە کرد، وامزانی هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ واتانگوت پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە [دەجووڵێ لە دوورەوە و لە سووچێکی ژوورەکەدا هەروا بە تەنیشت ژنەکەدا تێ دەپەرێت]: ئەوه‌ كه‌ی به‌ڵگه‌یه‌؟ واتە چونکە ئێوە قاوەکەتان ئامادە کردووە؟

ژنەکە: خۆ نه‌خێر، ڕه‌نگه ‌له‌به‌ر هۆکارێکی تر بووبێت پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە [لەژێر چاویلکەکەوە بۆ ماوەیەک بنجکۆلانە لە ژنەکە دەڕوانێت. ژنەکە هیچ ناڵێت]: باشە فەرموو، گوێ دەگرم، كام هۆکار؟

ژنەکە (بە خۆشحاڵییەوە): باشە، ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من قاوەکەم کڕیوە.

پیاوەکە [چەندین جار سەری بە مه‌به‌ستی سەرسووڕمان و ڕه‌تكردنه‌وه‌ بۆ سەرەوە و خوارەوە

دەبات و بای دەدات!]: نەخێر.

ژنەکە: لەوانەیە…، لەوانەیە هەر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من خۆم قاوەکەم کڕیوە، پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە [به ‌سەرسوڕمانەوە]: ئێستا ئەوەت گوت بانوو گیان.

ژنەکە: نەخێر، واتە…، مەبەستم ئەوەیە کە خۆم پارەکەیم داوە.

پیاوەکە: واتە ئێوە لە ماوەی ئەم یانزدە ساڵە پێکەوە هاوسەرگیریمان کردووە [ژنەکە

قسەکەی پێ دەبرێت]

ژنەکە: یانزدە ساڵ و سێ هەفتەیە.

پیاوەکە: ئێستا هەرچی،… تا ئێستا دیوته‌ ویستبێتم بۆ ئەوەی کە ئێوە دەچنە سەرئیش و پارە بەدەست دەهێنی و کرێ خانوو دەدەی و شتومه‌ك دەکڕی هیچ سوپاسێكم کردبێت بانوو؟ [ژنەکە بۆ ماوه‌یه‌ك بیر دەکاتەوە. دوای سەری بە نیشانەی نەخێر دەجووڵێنێ] ده‌ی؟

ژنەکە: ئێستا من بەو شێوەیە بیرم کردەوە پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە: نەخێر ئیتر، ئازیزەکەم سەیرکە، پێش گوتنی هەرشتێک باش بیر بکەوە. بیرکردنەوە بە تەنیا بەس نییە، بیرکردنەوە لەگەڵ باش بیرکردنەوە جیاوازە.

ژنەکە: ڕاست دەكه‌ن پیاوه‌كه‌، ئێوه‌ له‌سه‌ر هه‌قن.

پیاوەکە: کاتیک باش بیر بکەیتەوە، دەبینی کە من وه‌سفی قاوەکەم كردووه‌ واتە قاوەکە بەردەنگی من بووه‌، من گوتم چ قاوەیەکە ڕاستە؟ 

ژنەکە: ڕاستە                                                                           

پیاوەکە: ناوی ئێوە قاوەیە؟ [ژنەکە بە شەرمەوە سەیری دەکات و سەری دادەخات]

ژنەکە [له‌ به‌رخۆیه‌وه‌]: نەخێر پیاوه‌كه‌، ناوی من بانووە.

پیاوەکە: پێم بڵێ بۆچی کاتێک هاتیتە ژوورەوە، بەو شێوەیە سەیری منت دەکرد؟

ژنەکە: بینیم خەریک بووی لەگەڵ خۆتدا قسەت دەکرد پیاوه‌كه‌.

پیاوەکە: من؟

ژنەکە: بەڵێ پیاوه‌كه‌، هەر لەبەرخۆتەوە شتانێکت دەگوت و دەتنووسییەوە.

پیاوەکە: سەیرە! [چاویلکەکەی هێنایه‌ خوارەوە و هه‌ڵمێكی ده‌می لێ دەدات و دەیسڕێتەوە و دووبارە دەیخاته‌وه‌ شوێنی خۆی] دەتەوێ چیتر لەبارەی منەوە بڵێی؟

ژنەکە: من؟ من خۆ شتێکم  نەگوتووە پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە: ئه‌وه‌ی من وه‌سفی ئێوە كردووه‌، لەگەڵ خۆم قسە دەکەم، چووزانم … به‌ جارێ بڵێ من نووسەرم و ببڕێته‌وه.‌

ژنەکە: ده‌ی خۆ نووسه‌رن پیاوه‌كه‌.

پیاوەکە: من نووسەرم؟

ژنەکە: بەڵێ نووسه‌رن، نین؟

پیاوەکە: من نووسەرم؟ [ژنەکە بە ئاماژەی سەر و بەوریایییەوە پێداگری دەکات] سەیرە! چۆن؟ ها؟

ژنەکە: چۆنی نییە، دیارە ئیتر‌‌ پیاوه‌كه‌.

پیاوەکە: هەر ئەوە؟ [لاسایی ژنەکە دەکاتەوە] دیارە ئیتر پیاوه‌كه‌! ئه‌مه‌ بەبێ به‌ڵگه‌یه‌كی بڕواپێكراو و پته‌و نابێت بانوو…. دەبێت به‌ڵگه‌ت هەبێ.

ژنەکە: به‌ڵگه‌ [بیر دەکاتەوە] به‌ڵگه‌ ئەوەیە کە ئێوە بە منتان گوت نووسەرن.

پیاوەکە: من؟ من گوتم؟

ژنەکە: بەڵێ پیاوه‌كه‌، ئێوە گوتتان.

پیاوەکە: که‌ی؟ چ کات؟ لە کوێ؟ چۆن؟ لە چ ساتێكدا؟

ژنەکە: هەمان ئەو ڕۆژەی کە هاتنە داخوازی من، گوتتان قوتابیی بەشی ئەدەبیاتن، من گوتم دەبنە چی، ئێوە گوتتان نووسەر، منیش گوتم بۆ نووسه‌ریش پیشه‌یه‌، ئێوە گوتتان بەڵێ. هەوە…، ئەوکات ناوی چەندین نووسه‌رتان هێنا.

پیاوەکە: ناوەکان چی بوون؟

ژنەکە: بیرم نییە پیاوه‌كه‌، ئۆووه، ڕۆژی خوازبێنی تا ئێستا، لەبیرم نەماوە.

پیاوەکە: بڕوانه‌، پرسیارێک.

ژنەکە: فەرموون پیاوه‌كه‌.

پیاوەکە: من لەو ماوەیەی کە لەگەڵ تۆ هاوسەرگیریم کردووە تاکوو ئێستا هیچم نوسیووە؟

ژنەکە: وەکوو چی؟

پیاوەکە: بۆ نموونه‌ شیعر، چیرۆک، وتار، سیناریۆ، شانۆنامە، کتێب.. نووسیومە؟

ژنەکە: به‌رده‌وام سەرقاڵن.

پیاوەکە: سەرقاڵی چی؟

ژنەکە: سەرقاڵی نووسین.

پیاوەکە: باشە، به‌ردوام به‌.

ژنەکە [بە خرۆشانه‌وه‌]: بەچاوان پیاوه‌كه‌، بەیانی کە چاو دەکەیتەوە دێیته‌ ئێره‌ و دادەنیشیت، زەڵت دەڕوانیتە کاغەزەکە، هەندێ کات پێنووسەکە هەڵدەگری، چه‌ند ئه‌توارێكیش ده‌كه‌ی.

پیاوەکە [بە خرۆشانه‌وه‌]: به‌رده‌وام به‌، دوای ئه‌وه‌؟

ژنەکە: من دەچمە سەرئیش، شت دەکڕم، خواردن ئامادە دەکەم، جلەکان دەشۆم و ئوتوویان دەکەم و له‌نێو كه‌نتۆره‌كه‌ ده‌قیان ده‌كه‌م، قاپەکان دەشۆم و کاروباری ماڵەوە بەڕێوە دەبەم پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە: باشە، من چی؟ چیرۆکەکانم چی؟

ژنەکە: کامە پیاوه‌كه‌؟

پیاوەکە: ئاخر ئەگەر من نووسه‌ر بم، ده‌بوو شتێکم هەبێ.

ژنەکە: چ شتێک؟

پیاوەکە: شتێک کە پیشانی بدات نووسەرم [بە چاوی پاڕانەوەوه‌ له‌ ژنه‌كه‌ ده‌ڕوانێت. بە شڵەژاو و نیگەران دێتە پێش چاو] ها؟ بانوو؟

ژنەکە: من سەر لە هیچ شتێک دەرناکەم، ئێوە ڕۆژی داخوازییه‌كه‌ گوتتان نووسەرن.

پیاوەکە: باشە ئەگەر نووسەر بم، ده‌بێت بنووسم وانییه‌، ڕاستە؟

ژنەکە [بە دڵخۆشییەوە]: ڕاستە… ڕاستە … ڕاستە.

پیاوەکە [بە پێکەنینەوە]: بینیت، باشە؟ کەواتە ئه‌و نووسینانه‌ له‌ كوێن کە من نووسیومن؟

ژنەکە: ئەوەیان دەبێ خۆت بیزانیت پیاوه‌كه‌، من ده‌ست وه‌رناده‌مه‌ کارەکانی ئێوە.

پیاوەکە [بێتاقه‌ت ده‌بێت]: بزانم، تا ئیستا من هیچم فرۆشتووە؟

ژنەکە [بیر دەکاتەوە]: هیچم بە بیر نایتەوە، وه‌كوو چی؟

پیاوەکە: سەیرە، مەبەستم نووسینەکانە …باش بیر بکەوە.

ژنەکە: تا ئەو شوێنه‌ی لەبیرمە نەخێر، ئێوە تا ئەمڕۆ هیچ پارەیەکتان بە دەست نەهێناوە پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە: کەواتە ئەمه‌ ده‌ری ده‌خات من نووسه‌ر نیم.

ژنەکە: کەواتە ئێوه‌ چین پیاوه‌كه‌؟

پیاوەکە: ئەمه‌ هەمان ئەو شتەیە کە پێویستە بیزانم. [ژنەکە سینییه‌كه‌ و كۆپه‌كان هەڵدەگرێت تاکوو بیانبات] خۆت چی؟ … [ئاماژە بە قاوەی ژنەکە دەکات] قاوەکەت؟

ژنەکە: سارد بووه‌ته ‌پیاوه‌كه‌. [ دەیه‌وێت بڕوا كه‌ پیاوەکە کوپەکەی کە سەرەونخۆن داناوە، هەڵدەگرێت. ژنەکە بە بنجکۆڵییەوە سەیری دەکات و دەڕوات. پیاوەکە كوپه‌ قاوەکەی هەڵدەگەرێنێتەوە و ناوەکەی دەپشکنێت. وەکوو بڵێی بەدوای شتێکدا دەگەرێت بەڵام نایدۆزییەوە. بە نائومێدییەوە ده‌گەڕێته‌وە شوێنەکەی خۆی و سەرقاڵی نوسین ده‌بێت. ڕووناکییەکە دەکوژێتەوە.

          پەردەکە دادەخرێ]


پەردەی دووەم

هەمان دیمەن

[ژنەکە دانیشتووە بە قولاب و سوف شتێک دەچنێ. پیاوەکە دێتە ژووره‌وه‌]

ژنەکە: سڵاو پیاوه‌كه‌، ماندوو نەبی… [لە جێگاکەی هەڵدەستێت] فەرموو پشوو بدەن، ئێستا چاییتان بۆ دەهێنم [پیاوەکە هیچ قسەیەک ناکات و دادەنیشێت. ژنەکە دەڕواتە دەرەوە بە سینییەک چای دێتەوە. چایییەکەی

هەر لەو ساته‌دا هه‌ڵدەگرێت، فووی لێ دەکات و هەڵیده‌لووشێ]، بۆ ئێوارە نیسک پڵاوم ئامادە کردووە پیاوه‌كه‌، هەرکات ویستت بۆتی دەهێنم.

پیاوەکە: نیسک پڵاو؟…لەگەڵ چی؟

ژنەکە: لەگەڵ سیری خۆشکراو ئیتر، وەکوو جاران.

پیاوەکە: هەر ئەوە ، هه‌ر ئه‌وه‌، [لاسایی ژنەکە دەکاتەوە ] وەکوو جاران.

ژنەکە: حەزت لێیه‌ به ‌چییه‌وه‌ بیخۆی؟ ماستیشمان هەیە.

پیاوەکە: ماست؟ نیسک پڵاو لەگەڵ ماست؟ ها.

ژنەکە: ئێ زەڵاتەت بۆ ئامادە دەکەم، باشە پیاوه‌كه‌؟

پیاوەکە: زەڵاتە لەگەڵ چی؟

ژنەکە: لەگەڵ هەرشتێک کە ئێوە بفەرموون.

پیاوەکە: بانوو، ئێوە بە ناخێری گیانتان کابانن، دەبێ خۆت بزانی پیاوەکەت حه‌زی لە چییه‌، ئێمە ئێستا چەند ساڵە هاوسەری یەکترین، ها؟ ده‌ بیڵێ؟

ژنەکە: یازدە ساڵ و سێ هەفتەیە.

پیاوەکە: هەر ئەوە! بڕوانه تۆ ئاوا به‌ وردی حیسابی ڕۆژەکانی ژیانمانت لایه‌، بەڵام نازانیت پیاوەکەت حەزی لە چییه.‌

ژنەکە: ئاخر ئەگەر پێت بڵێم نیگەران دەبی پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە: من؟ من نیگەران دەبم؟! ئه‌ویش له‌ ئێوه‌؟ ئای ئای ئای.

ژنەکە: ئاخر حه‌ز و ته‌بعی ئێوە هەمیشە دەگۆرێ، هەرجارە و داوای شتێک دەکەن.

پیاوەکە [بە توڕەیییەوە]: فەرموو! هەر ئه‌وه‌! وابزانم قه‌رزاباریش بووین!

ژنەکە: نەخێر پیاوه‌كه‌، باوڕ بکە مه‌به‌ستێكی خراپم نه‌بوو.

پیاوەکە [قسەکەی پێ دەبرێت و لاسایی دەکاتەوە]: مه‌به‌ستێكی خراپم نه‌بوو، ئه‌ی مه‌به‌ستت چی بوو؟ ئیتر چیت ده‌وێت بانوو گیان؟ هەرچییه‌ک بوو گوتت.

ژنەکە: مۆڵەتم دەدەن پێتانی بڵێم؟ … من تا ئێستا لە ماوەی ئەو یانزە ساڵ و سێ هەفتەیە، بووە بێڕێزیم بەرانبەری ئێوە کردبێ پیاوه‌كه‌؟، شتێکم گووتبێت کە خوانەخواستە دڵی ئێوەی شکاندبێ؟

پیاوەکە: باشە؟… مەبەستت؟

ژنەکە: ده‌ی ئه‌وه‌یه‌، ئێوە نابێ زوو هەڵبچن کە..

پیاوەکە: زۆرباشە، زۆرباشە، بیرمان چوو لەبارەی چییەوە قسەمان دەکرد.

ژنەکە: نەخێر پیاوه‌كه‌، بەینی خۆمان بێت مێشک و زاکیرەشت زۆر باشە.

پیاوەکە: چۆن بانوو؟ شتێک بووە؟

ژنەکە: وای، خوا بمکوژێ پیاوه‌كه‌، مەگەر بڕیارە شتێک ببێ… خەریکە پێتدا هەڵدەڵێم.

پیاوەکە: منیش هەر لەبەر ئەوەیە دەترسم بانوو، هەرئەوەیە من دەترسێنێ.

ژنەکە: ئێوە و ترس؟ حاشا وەبیلا، پیاوه‌كه‌ ئێوە دڵێکی وەکوو شێرتان هەیە پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە: بڕوانه‌، ئەگەر دەتەوێ دیسان بڵێی برۆینە ماڵی باوکت و ئه‌وان جه‌وم ده‌گیرێت، ئه‌وه‌ پێم وتی، ئیتر خۆت ئه‌زانی.

ژنەکە: ئێمە بە ناخێری گیانمان وا لە ماڵی ئه‌واندا دەژین پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە: باشە؟… مەبەستت؟

ژنەکە: هیچ، مەبەستێکم نەبوو، با بچم نانی ئێوارە بێنم. [بەڕێ دەکەوێ  کە خواردنەکە بهێنێت] نەتگوت له‌گه‌ڵ چی بیهێنم پیاوه‌كه‌؟

پیاوەکە [بە توڕەیییەوە]: لەگەڵ هەر چییه‌ک، تەنیا بیهێنە بانوو، بیهێنە! [ ژنەکە دیمه‌نی شانۆكه‌ به‌جێ ده‌ھێڵێت. پیاوەکە لە گیرفانی پاره‌ دەردەهێنێت و دەیژمێریت. ژنەکە دێتە ژوورەوە] چییه‌ بانوو، چییه‌؟ پارەیە ئیتر.

ژنەکە: دەبینم پیاوه‌كه‌.

پیاوەکە: دەزانی چەند پێویستە کون و وکه‌لێنه‌كانی ژیانم پر بکەمەوە؟ هه‌ی هه‌ی هه‌ی.

ژنەکە [بە خۆشحاڵییەوە]: خوا سەلامەتت بکات پیاوه‌كه‌، ڕێزی پیاو بە کارکردنە پیاوه‌كه،‌ سوپاس بۆ خوا لانی کەم پارەی کرێ خانوو وئاو و کارەبا و تەلەفۆن و گاز نادەین پیاوه‌كه.‌

پیاوەکە [پارەکان بەتوندی بە زەوی دادەدات]: ئەی بابە، ئێستا ئەگەر هێشتت پارووه‌ نانێک به‌ گه‌ڕوومدا بچێتە خوارەوە؟ باشە خۆت و باوکت ئەوەتان لێم ویست کە ئەو نهۆمە بگرین و لێره‌ بمێنینەوە، ئەگەرنا من لە سەرەتاوە گوتم بڕۆینە شوێنێکی تر خانوو بگرین، وام نەگووت؟

ژنەکە [بیر دەکاتەوە]: بەبیرم نایتەوە، وات گوتبێت؟

پیاوەکە: ئا ئا ئا، وام نەگوتووە؟

ژنەکە: من نەمگوتووە کە ئێوە واتان نەگوتووە پیاوه‌كه‌، گوتم بیرم نایه‌، واتە لەوانەیە ئێوە واتان گوتبێ من لەبیرم چووبێت.

پیاوەکە: ئیدی دانه ‌نێوچاوی ده‌وێ؟ ئەویش پاش یازدە ساڵ؟

ژنەکە: یانزه ساڵ و سێ هەفتەیە پیاوه‌كه‌، من هه‌موو ڕۆژەکانم ژماردووە.

پیاوەکە: بۆچی؟ دادەنیشی ڕۆژەکان دەژمێریت؟

ژنەکە: هەروا، تۆ کە لەگەڵ ئەوە نەبوویت منداڵمان ببێت پیاوه‌كه‌، چیبکەم، بەو شێوەیە خۆم سەرقاڵ دەکەم.

پیاوەکە [نیگه‌ران]: ئەی بابە، دووبارە دەستی پێ کردەوە! بانوو، ئێوە هەر خەریکی چنین و چنینن  …[ئاماژە بە سوفەکان دەکات] فەرموو.

ژنەکە [بەدەم دانانی سفرەکەوە]: ئێوه‌ له‌سه‌ر هه‌قن پیاوه‌كه‌، فەرموون نان بخۆن.

پیاوەکە [بەدەم خواردنەوە]: ئینجا شتێك ده‌خاته‌ سه‌ر بژێوی؟ … ئەم مانگە چەندت فرۆشتووە؟

ژنەکە: چنینەکە؟

پیاوەکە: هه‌ڵبه‌ت بانوو، ئێوه‌ بێجگە لە چنین ئیشێکی دیکە دەکەن؟ تۆ لە ماڵەوە دانیشتووی چەند ئیشێکی لاوه‌كیش دەکەی، شتێکیش دەچنی.

ژنەکە: پارەکە هه‌ر وه‌كوو مانگی پێشوو بوو، لەوێ دامناوە [ئاماژه‌ بۆ سووچێك له‌ دیمه‌نی شانۆکە ده‌كات] هەڵیگرن.

پیاوەکە [بە خۆشحاڵییەوە]، [واز لە خواردنەکە دەهێنێت، هەڵدەستێت دەچێتە ئەو شوێنەی کە ژنەکە ئاماژەی پێ کردووە. پارەکان هەڵدەگرێت دەست بە ژماردنی دەکات. ژنەکە سەری دەجووڵێنێ دەچێتە لای چنینەکە. پیاوەکە چەند جارێك بە تامەزرۆیییەوە پارەکان دەژمێریت. پاشان دێت و پارەکانی خۆشی هەڵدەگرێت دەیخاتەوە گیرفانی دەست بە خواردنەکەی دەکاتەوە. ڕووناکییەکە دەکوژێتەوە پەردەکە دادەخرێت]                  


پەردەی سێیەم

هەمان دیمەن

[ ژنەکە خەریکی نووسینە کە پیاوەکە بە سینییەک و دوو کوپ قاوە دێتە ژوورەوە. سەیرێکی ژنەکە دەکات، دواتر سینیەکە لەسەر مێزەکە دادەنێت]

پیاوەکە: فەرموو، ئەوەش قاوە بۆ خاتوونی خاتوونان.

ژنەکە (بە توڕەیییەوە) [پێنووسەکە ده‌كوتێته‌ سه‌ر مێزه‌كه‌] هۆو، تۆیش له‌ كاتی ڕاودا گووت دێ.

پیاوەکە (بە سەرسوڕمانەوە) [سەیرێکی دەوروبەری دەکات]: کێ؟

ژنەکە: بێجگە لە جەنابتان کێی تری لێیه‌ وا پرسیار ده‌كه‌ی؟

پیاوەکە [بە سەرسوڕمانەوە]: بەڵام … بەڵام خۆ من هیچم نەوتووە بانوو.

ژنەکە: وا دەبینی کە [ئاماژە بە کاغەز و قەڵەمەکە دەکات] بە ناخێرم خەریکم دەنووسم، وا هاتی، هەرچی شت هەبوو لە مێشكم ده‌رپه‌ڕی.

پیاوەکە: پێشتر دەبوو مەوعیدم وەرگرتبا؟ ئینجا، هیچم نەوتووە، تەنیا گوتم فەرموو قاوە.

ژنەکە: زۆر باشە، ئێستا كێ داوای قاوەی کردبوو؟

پیاوەکە: ئاخر هەموو جارێ ئه‌م کاتانە قاوەیەکی گەرمت دەخواردەوە.

ژنەکە: ئاخر كه‌ی كاتی قاوه‌یه‌؟

پیاوەکە: بانوو گیان، وا بیرم کردەوە کە دەتەوێ بە ئاگابی و بنووسیت.

ژنەکە [لاساییی پیاوەکە دەکاتەوە]: وا بیرم کردەوە کە دەتەوێ دانیشیت و بنووسیت، جەنابت لە کەیەوە تا ئێستا لەباتی من بیر دەکەنەوە؟

پیاوەکە: جەنابت نە، جەنابتان بانوو گیان

ژنەکە (بە لاقرتییه‌وه‌): پیاوەکە ئێوە نووسەرن یان من؟

پیاوەکە: …

ژنەکە: چی بوو؟ تێدا ماوی، ڕاستە؟ کەواتە ئەوە منم کە نووسەرم! [ پێنووسەکەی دەستی پیشان دەدات] فەرموو، ئەوەش بەڵگە.

پیاوەکە: ئەمه‌ چ پەیوەندییه‌كی به‌ مه‌سه‌له‌كه‌وه‌ هەیە؟

ژنەکە: بە چی؟

پیاوەکە: هەر ئەوەی کە من گوتم جەنابت نا جەنابتان.

ژنەکە: زۆریش پەیوەندی هەیە پیاوەکە.

پیاوەکە: هیچ کات پەیوەندی نییە بانوو.

 ژنەکە: دەتەوێت بزانیت پەیوەندی چییە؟ [پیاوەکە بە تەنیا بە سەری پشتڕاستی ده‌كاته‌وه‌] پەیوەندی ئەوەیە کە من خۆم دەزانم جەنابتان چۆن دەنووسن.

پیاوەکە (بە دەنگێکی بەرز پێدەکەنێت ): دیارە! جەنابت! (پێکەنین)

ژنەکە (بە توڕەییەوە) [لە جێگاکەی هەڵدەستێت] : جەنابتان، نەتانفەرموو لە کەیەوە تا ئێستا لەباتی من بیر دەکەنەوە، بەڵێ؟ تازە ئەگەر من بمەوێت بەو کاتە شتێک بخۆمەوە، کاپۆچینۆم پێ باشترە نەک قاوە.

پیاوەکە (بە پێکەنین و گاڵتەوە): گوتم ڕەنگە بتەوێت فاڵی خۆت ببینی.

ژنەکە: پێویست ناکات! [ ئاماژە بە پیاوەکە دەکات] فاڵم بۆ گیراوەتەوە.

پیاوەکە [ سینییەکە هەڵدەگرێت]: بچم کاپۆچینۆیه‌ک بێنم

ژنەکە: پێویست ناكا، نایەوێ.

پیاوەکە: ئاخر قاوەکە ساردبووەتەوە بانوو.

ژنەکە: پەکوو، کێ گوتی قاوەم دەوێ، ئای خوایە.

پیاوەکە: من تێدا ماوم.

ژنەکە: خواردنی ئێواره‌ت ئامادە کردووە پیاوەکە؟

پیاوەکە: ئێستا دەچم خواردن ئامادە دەکەم، بە چاوان بانوو.

ژنەکە (بێتاقەت): چی؟ ئێستا؟ تازە بچی خوانی ئێواره‌ ئامادە بکەی؟ هەی هوو

پیاوەکە: تازە خۆرئاوایە بانوو، کات هەیە، یەکسەر ئامادەی دەکەم، خەیاڵت ئاسووده ‌بێت.

ژنەکە [بە جووڵەی بەردەوامی سەر، لە جێگاکەی دادەنیشێت]: ئەو خوانه‌ی بتەوێ بەم شێوەیە ئامادەی بکەی، ئاشکرایە چی لێ دەردەچێ پیاوەکە.

پیاوەکە (بە نیگەرانییەوە): دەڵێی چی بکەم بانوو گیان، بەیانی چوومە فەرمانگە، لە ڕێگا گەڕامەوە داواکارییەکانی ئێوە و شتەکانی ماڵەوەم کڕی، پاشان جڵەکانم خستە ناو غەسالە، قاپەکانم خستە ناو غەسالەی قاپان، قاوەم بۆ ئێوە ئامادە کرد، ئایا کاتم هەبووه‌. خواردن ئامادە نەکه‌م؟ ئەگەر مرۆڤی ئاسنیش بووایە تا ئیستا شەقی بردبوو.

ژنەکە: نەخێر، ئافەرین، وانه‌كانت بە باشی فێر بوویت.

پیاوەکە [بە سەرسوڕمانەوە]: وانه‌ی چی بانوو؟

ژنەکە: وانه‌ی ئەوەی کە چۆن من داخ بکەیت، ئەمڕۆ ئیتر دایە گیانت چی فێر کردووی؟

پیاوەکە: ئەمڕۆ؟!! من بۆ ماڵی ئەوان نەچووم.

ژنەکە (بە شیرەبزەوە): دڵنیای بۆ پێویستە بۆ ئەوێ بچیت؟ بە تەلەفۆنێك [ڕۆڵەکەی دەگێرێت] ئەلوو، دایکە.

پیاوەکە: چی بڵێم … سوودی نییە [دەیەوێ بچیتە دەرەوە.]

ژنەکە: بۆ کوێ پیاوەکە؟

پیاوەکە: هیچ کوێ، دەچم خواردنی ئێوارە ئامادە دەکەم بانوو.

ژنەکە: تەلەفۆن بکە پیتزا بێنن پیاوەکە.

پیاوەکە: پیتزا بۆچی، خۆم ئامادەی دەکەم بانوو.

ژنەکە: پیسكه‌یی مه‌كه‌ پیاوەکە، تەلەفۆن بکە.

پیاوەکە [بە توڕەیییەوە]: باشە بۆچی خۆت تەلەفون ناکەی؟ ئەوەش من بیکەم.

ژنەکە: دەست پێ بکە، بڵێ، بڵێ لە بەیانییەوە دەچیتە فەرمانگە پاشان کڕین و شوشتن، بڵێ.

پیاوەکە: ئه‌ی وا نییه‌؟ بۆ خۆت هەموو کات خەریکی دەنووسی دەرچوونیشت نییە.

ژنەکە: واده‌زانی چاکەت و پانتۆڵێكت لەبەركرد و، بە شەقە شەق چوویته‌ فەرمانگە، ئه‌مه‌ دەبێ بە ئیش؟

پیاوەکە: کەواتە چ دەبێتە ئیش بانووی نووسەر؟

ژنەکە: ئەوە لە من دەپرسیت؟ بە ناخێرت جەناب… جه‌نابتان پیاون.

پیاوەکە: خەریکە ئیتر بێ تاقەتم دەکەی.

ژنەکە: ئێنجا چی ده‌كه‌ت؟

پیاوەکە: پێت پیشان دەدەم ئەو کات [بە توندی سینییەکە بەسەر مێزەکەدا دەدات دەچێتە دەرەوە. ژنەکە ماوەیەک دوودڵە. پاشان زەردەخەنەیەک دەکات و بە خێرایی دەست بە نووسین دەکاتەوە. ڕووناکییەکە دەکوژێتەوە. پاش ماوەیەک ڕووناکییەکە هه‌ڵده‌كرێت و ژنەکە خەریکی نووسینە. پیاوەکە بە سینییەک دیتە ژوورەوە، سەیرێکی ژنەکە دەکات و سینییەکە لەسەر مێزەکە دادەنێت]

پیاوەکە: ماندوو نەبی بانووی نووسەر

ژنەکە [پێنووسەکە ده‌كوتێته‌ سه‌ر مێزەکە] : دیسان دەستی كردووه‌ به‌ پلار تێ گرتن.

پیاوەکە (سەرسوڕماو): هیچم کردووە؟ شتێکی خراپم گوتووە؟

ژنەکە: ئەی بابە، نەخیر پیاوەکە، هیچت نەگوتووە، باشە.

پیاوەکە (بە واق وڕماوییەوە) [لەبەر خۆیەوە دەڵێتەوە بەڵام هیچ شتێکی دەست ناکەوێت]: کەواتە کاپەچینۆیەکەت بخۆ، (بە زمان لوسییەوە) هەر لەوەی جارانە کە حەزت لێیە.

ژنەکە: کاپۆچینۆ؟ ئا له‌م کاتە؟ [بە نیشانەی سەر و دەستی دەیەوێت پێی پیشان بدات کەوا خۆی کۆنترۆل دەکات] من گوتم کاپۆچینۆ بێنە پیاوەکە؟

پیاوەکە (بە نەرمییەوە): بانوو گیان ئێوە نەتانگوت، بەڵام بیرم کردەوە کە …[ ژنەکە قسەکەی پێ دەبڕێت]

ژنەکە: ئێوە دەبێ لەباتی من بیر بکەنەوە پیاوەکە؟

پیاوەکە: دەزانی چییە؟ من وا ده‌زانم خه‌له‌لێك له‌ ژیانی ئێمەدا بوونی هه‌یه‌، ئەگینا له‌م دونیا گەورەییە ئەو هەموو ژن ومێردە هەن کە بە باشی و بە خۆشی دەژین.

ژنەکە: ئێستا بە بیرت هاتەوە پیاوەکە؟ دەبوو ئەمه‌ پێش یانزه‌ ساڵ کە بە شەقە شەق بەڕێ کەوتن و هاتنە داخوازی کچە تاقانەکەی دکتۆر ڕاشیدی مه‌زن، بیرتان لێ كردبایه‌ته‌وه.‌

پیاوەکە: یانزە ساڵ و سێ هەفتەیە بانوو.

ژنەکە: ئه‌وه‌ خراپتر! هەموو ڕۆژێکی عەزابێكه‌ بۆ خۆی.

پیاوەکە: هیچ نییە، ڕێگایەکی بۆ دەدۆزینەوە.

ژنەکە: برۆ بابە دڵت خۆشە، ئەگەر تۆ بتویستبایە ڕێگایەک بدۆزیتەوە تا ئێستا لە نوکەندی سوێسیش تێپەڕی بووی [بێدەنگی] دەزانی چییە، تۆ بێ دەستوپلی پیاوەکە.

پیاوەکە [بە توڕەیییەوە]: هیچ بێ دەستوپلی نیم.

ژنەکە: [به‌ ده‌نگی بەرز]: هەی، هەی، هەی!

پیاوەکە: هێدی خاتوون، هێدی، [هەوڵ دەدات ژنەکە ئارام بکاتەوە] ئێستا دراوسێکان گوێیان لە دەنگمان دەبێت، باش نییە بانوو.

ژنەکە (به‌ ده‌نگی بەرزتر): لێگه‌ڕێ گوێیان لێ بێت، بهێڵه‌ هەمووان بزانن کە تۆ چیت بە چارەنووسی من كردووه‌…، چییە چونکە ژنم ئه‌وا هەرچییه‌ك كه‌ حه‌زت لێ بێت دەتوانی بیکەیت؟ بەڵام لەگەڵ من ناتوانی.

پیاوەکە (بێده‌نگ، وردە وردە): هەموو کات.. دەكرێت بڵێیت چ هەڵەیەکم کردووە بانوو؟

 ژنەکە: خۆت نازانیت ؟ حەتمەن دەبێت من بڵێم؟ [بێدەنگی]

پیاوەکە: خوانی ئێواره‌م ئامادە کردووە، ئامادەیە، بیهێنم.

ژنەکە: په‌كوو، فەرموو، نه‌خێر، هیچم ناوێت، وەڵامم دەوێ.

پیاوەکە: وەڵامی چی بانوو؟ ئاخر شتەکان بۆ هێنده‌ ئاڵۆز دەکەی.

ژنەکە: من هەموو شتێک ئاڵۆز دەکەم پیاوەکە یان ئێوە تا دەڵێی پشت چاوت برۆیە لە ماڵەوە دەڕۆیت.

پیاوەکە: دەڕۆم تا ئێوە ئاسوودە بن بانوو.

ژنەکە: ئاوا به‌ ئاسانی؟ وا ده‌زانی بەم شێوەیە ئاسودە دەبم؟ بڕوانه‌ له‌م كابرایه‌ …، لە بری ئەوەی دانیشی و ئەم کێشەیە چارەسەر بکەی، تێده‌قووچێنی، ئەمه‌ بووەته‌ ئیشی تۆ.

پیاوەکە: چونکە حەزم لێ نییە له‌خۆڕا مێشکمان بە شەڕ و فەرتەنە تێک بده‌م.

ژنەکە: دەبێت نەهێڵیت ئەو شەڕ و فەرتەنەیە دەست پێ بکات، ئینجا وا ده‌زانی بڕۆیت چی ده‌قه‌ومێت؟ بۆ ئەوپەڕی دونیاش بڕۆی کاتێک لێره‌ دەسەڵاتت نه‌بێت! هەر هه‌مان کەسی.

پیاوەکە: باشە ئەم جارە خۆت بڕۆ.

ژنەکە: من؟ ئەم ماڵ و حاڵی منه‌، بۆ کوێ بڕۆم؟

پیاوەکە: بۆ خانوویه‌كی کرێ؟ دەتوانی بڕۆیتە ماڵی دایکت یان بۆ شوێنێکی تر.

ژنەکە : من ڕا ناکەم ، ئەوە تۆی ڕاهاتووی هه‌ڵبێی، سوپاس بۆ خوا شوێنێکیشت نییە، چەند ڕۆژێک دەڕۆی پاشان دەگەڕێتەوە و دیسان  هه‌مان تاسه ‌و هەمان حه‌مام.

پیاوەکە: ئەم جارە گەر بڕۆم ئیتر ناگەڕێمەوە، دەیبینی.

ژنەکە: ئه‌م جاره‌ بۆت نییه‌ بڕۆی، داده‌نیشی و هه‌موو شتێك یه‌كلا ده‌كه‌یته‌وه‌، ئه‌و باوكه‌ مرد جارێكی تر وا بڕۆی.

پیاوەکە: بۆ من ده‌خه‌یته‌ نێو ئه‌م به‌رداشه‌وه‌ بانوو، خۆت وا لێ بكه.‌

ژنەکە: ئۆو چه‌ند خۆیشی خۆش ده‌وێت! [لاساییی پیاوكه‌ ده‌كاته‌وه‌] من ده‌خه‌یته‌ نێو ئه‌م به‌رداشه‌وه ‌(به‌ توڕه‌یییه‌وه‌) زۆر خۆت فیدا ده‌كه‌ی.

پیاوەکە: ئێستا خۆت چی؟ تا ئێستا چیت داوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌؟

ژنەکە: چیم دابێته‌ ده‌ره‌وه‌؟

پیاوەکە: کتێبێک، چیرۆکێک شتێکت لە ماوەی ئەو یانزە ساڵ و سێ هەفتەیەی کە پێکەوە ژیاوین چاپ کردووە؟… نەخێر.

ژنەکە: مەگەر دەرفەتتان داوە بە من داوە؟

پیاوەکە: من لە بەیانییەوە دەچمە فەرمانگە، پاشان شت کڕین و یارمەتیدانی تۆ لە ماڵەوه‌، تا ئێستا بووە ڕێگریم لێ کردبی بانوو کەوا دەڵێت؟

ژنەکە: دڵخۆشیم نییه‌ تێگەیشتی… دڵم خۆش نییە، تەواو.

پیاوەکە: باشە بانوو، كۆتایی پێ ده‌هێنین.

ژنەکە: به‌رده‌وام بەدوای ئاسانترین ڕێگادا دەگەڕێی پیاوەکە

پیاوەکە: وا عاقڵانه‌تریشه‌ بانوو

ژنەکە: تۆ وا بیر دەکەیته‌وە، هەر جارێک شتێکت لێ بپرسم کە به‌رژه‌وه‌ندیی خۆتی تێدا نه‌بێت خێرا خۆت دەدزیتەوە، وەڵامی مرۆڤ نادەیتەوە.

پیاوەکە: باشە، باشە دەیڵێم بانوو… چەند ساتێک مۆڵەتم بدە [بەپه‌له‌ لە ژوورەکە دەچێتە دەرەوە. پاش ماوەیەک بە پاکەتێکەوە دەگەڕێتەوە کە وا پێدەچێت چەکێکی تێدابێت. بێدەنگی باڵ ده‌كێشێت به‌ سه‌ر شوێنه‌كه‌دا کەوا بریارە شتێک ڕوو بدات. ژنەکە بە واق وڕماوییەوە سەیری دەستی پیاوەکە دەکات. پاش ماوەیەک پیاوەکە پاکەته‌كه‌ بۆ لای ژنەکە درێژ دەکاتەوە]، فەرموو بیگرە.

ژنەکە (بە دڵەڕاوکێ و له‌سه‌رخۆ): ئەوە … ئه‌مه‌ چییە ئیتر؟

پیاوەکە: مەگەر ناتەوێت وەڵامه‌كه‌ت وەربگریتەوە؟ [ژنەکە بە جووڵەی سەر قسەی پیاوەکە پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌] ده‌ی فەرموو، بیگرە و بیکەوە، ئه‌مه‌ وەڵامەکەتە.

ژنەکە [بە وریایییەوە پاکەتەکە وه‌ردەگرێت و دەیکاتەوە. بووکەڵەیەک لە ناویەوە دێتە دەرەوە]: ئەمه‌؟ بووکەڵەیە؟

پیاوەکە: وا ده‌زانی منیش منداڵم خۆش ناوێت بانوو؟ وا ده‌زانی کاتێک گوێم لە دەنگی منداڵانی دراوسێکان دەبێت دڵم بەرگە ده‌گرێت؟ دەزانی چەند بە حەسرەتەوە سەیری منداڵەکان دەکەم کە بۆ قوتابخانە دەچن؟

ژنەکە: بەڵام من وام ده‌زانی… منیش عاشقی مناڵم ئاغا گیان [جووڵەی بە هەستی سەر و دەستی ژنەکە و له‌ بەرانبەریشدا پیاوەکە. له‌ شێوەی لاواندنەوە بووكه‌ڵه‌كه‌ دەجووڵێننه‌وه‌ و له‌ گه‌ڵیدا وەکوو منداڵی خۆیان یاری دەکەن. ماوەیەک بەو شێوەیە تێدەپەرێت. جەوێکی خۆمانە و دڵگیر دروست دەبێت]

پیاوەکە: چ ناوێک لە منداڵەکانمان بنێن بانوو گیان؟

ژنەکە: هەر چییەک ئێوە بیڵێن پیاوەکە، من قسە لەسەر قسەی ئێوە ناکەم.

پیاوەکە: بڵێ بانوو، منداڵی ئێوەیە، هەر چییەک ئێوە بفەرموون.

ژنەکە: نەخێر پیاوەکە، دەبێت باوکی ناوی بۆ هەڵبژێریت،

پێدەکەنن. دەنگی موسیقایەک ئارام ئارام دێت و دەنگی ئەوان ون دەبێت، ڕووناکییەکە دەکوژێتەوە، پەردەکە دادەخرێ، شانۆکە کۆتایی دێت.