*
ئێر‌ه
ئه‌و شوێنه نییه که له خه‌یاڵمدا بوو،
ئێر‌ه سجنی خه‌یاڵه، ئێر‌ه ڕیالیتیه،
لێره
بێزارم، ته‌نهام، کاته‌کانم هی خه‌من،
رووحم هی پووچییه،
*
لێره
یان گۆشتم، یا ژماره‌م یا پاره‌م
لێره،
شیعرغه‌ریبه، ته‌نهایه، هاوارێکی خنکاوه،
لێره ده‌بێ شاعیر خۆی ئاشکرا نه‌کات،
ڕاوی وشه نه‌کات، ده‌بێت وه‌ک شێت
له به‌رخۆیه‌وه قسه بکات.
*
لێره ئێواران،
ژن کۆلاێکی شیرینه، ده‌بێ زوو فڕی که‌ی،
منداڵ شتێکی دووره زۆر دوور،
هه‌رکه‌س لێره، ورچێکه و له خه‌ودایه،
واباشه لێی دوورکه‌ویه‌وه، زۆر دوور.
*
لێره
چاکه، دڵگه‌رمی، هیومانیتی، سه‌رمایانه
خۆیان به لاپه‌ڕه‌ی کتێبه‌کاندا داپۆشێوه،
لێره
خودایەک هه‌یه ناوی یاسایه،
پێغه‌مبه‌رێکیش وه‌ک (بیگ برازه‌ر)
به کامێرا یان به پۆلیس،
چاوی له هه‌مووانه.
*
لێره
ئیتر که‌س چاوه‌روانی گۆدۆ ناکات،
گۆدۆ تێپه‌ڕیوه،
ئێستامان، دونیای دوای گۆدۆیه،
من نه گه‌یشتنی گۆدۆم دی،
نه ده‌توانم، بێ چاوه‌ڕوانی گۆدۆ
بژیم.
__
بەرلين ٢٠١٥