بەدەستهێنانی شکۆ و هێز لە ڕێی زانینەوە

خوێندنەوەیەکی تر بۆ پەیوەندییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی

لە ڕۆژی ٢٤ حوزەیرانی ساڵی ٢٠١١ فیلمێکی ئەمریکی بە ناونیشانی (مامۆستای خراپBad Teacher ) لە سینەماکان پەخش کرا. ئەم فیلمە بە شێوازێکی کۆمیدی ڕەش و سەرنجڕاکێش بەسەرهاتی مامۆستایەکی تەنبەڵ و هیچ لەبارا نەبووی دەگێڕایەوە کە ڕقی لە خوێندن و کتێب بوو، تەنێ لە پێناوی مووچەکەیدا ڕووی دەکردە قوتابخانەکەی. فیلمەکەی “جەیک کەسدانJake Kasdan ” هەرچەندە بینەرێکی باش و داهاتێکی زۆری هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا زۆری پێنەچوو لەلایەن ناوەندە ئەکادیمییە کلاسیکییەکانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە، چونکێ پێیان وابوو ئەم فیلمە لێدانە لە شکۆی مامۆستا و هەوڵێکە بۆ نەهێشتنی ئەو ڕێزەی کە دەبێت لەنێوان مامۆستا و قوتابیدا هەبێت. لە ڕاستیدا هەوڵی ئەو ناوەندە ئەکادیمییانە بۆ بە خراپ دانانی فیلمەکە، جێی هەڵوەستەیەکی قووڵە. بە تایبەتی لە هەوڵیاندا بۆ شاردنەوەی بەشێک لەو هەقیقەتەی کە لە مامۆستادا خۆی بەیان دەکا و سیستەمی پەروەردە و فێرکردن وای بە باش دەزانێت ئەو هەقیقەتە هەر بە شاراوەیی بمێنێتەوە و کەس دەستی بۆ نەبات، چونکە ئەم ناڕوونییە؛ ئەم بە شاردراوەیی هێشتنەوەیەی هەقیقەت؛ ئەم ڕاگرتنەی شکۆی مامۆستا؛ دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزێک بداتە کەسێتییەکەی و بیباتە ئاستێکی سەرووتر و دواجاریش گوێڕایەڵی و ڕێزی قوتابیەکانی لێ بکەوێتەوە.

پۆستەری فیلمی “مامۆستای خراپ” ٢٠١١ دەرهێنانی جەیک کەسدان

ڕوونە کە لەنێوان هێز و شکۆداریدا پەیوەندییەکی توندوتۆڵ هەیە، بەڵام بۆچی دەبێت بۆ بەدەستخستنی هێز و شکۆداری پێویستمان بە بڕێک لە شاراوەیی هەبێت؟ ئایا پیشاندان و خستنەڕووی وێنای مامۆستا وەک ئەوەی کە هەیە دەبێته هۆی نەمانی ئەم دووە؟ زۆرینەی قوتابخانە و ڕێبازە پەروەردەیییە کۆنەکان بە تەواوی لەوەدا کۆکن کە نابێت مامۆستا لە دیدی قوتابییەوە وەک هەر مرۆڤێکی تری ئاسایی ببینرێت. هەمیشە دەبێت بڕێک لە شاراوەیی، هەندێک لایەنی ناڕوون و شاراوە و کەمێک تاریکایی لە مامۆستادا  هەبێت تاکوو وا لە قوتابی بکات ڕێزی لێ بگرێت و گوێڕایەڵی بێت! خۆ ئەگەر مامۆستایەک ویستی بەوپەڕی سادەیییەوە هەقیقەتی کەسێتیی خۆی بە قوتابییەکانی پیشان بدات، ئەوا با دڵنیابێتەوە لەوەی کە شکۆی خۆی لەدەست داوە، لەدەستدانی شکۆیش واتا لەدەستدانی هێزێک کە پێشمەرجی بوون بە مامۆستایەکی سەرکەوتووە! ئەم تێڕوانینە تەقلیدی و کلاسیکییە بۆ مامۆستا بە هەموو شێوازێک دژی سادەیییە، دژی هاوڕێیەتی نێوان مامۆستا و قوتابییە، دژی هەر جۆرە لێکنزیکبوونەوە و تەبابوونێکه لە نێوانیاندا، ئاخر ئەو ئەمانە بە کەمایەسی دەبینێ و لەو بڕوایەدایە وەک پەڵەیەکی پیس وان و مامۆستا لەکەدار دەکەن و شکۆی لێ دەسەننەوە، بۆیە بە لایەوە گرنگە مامۆستا بەردەوام لە دۆڵێکدا بێت و قوتابیش لە دۆڵێکی تر و دەسەڵاتێکی وای بدرێتێ کە کەس زاتی ئەوە نەکا قسە لە قسەیدا بکات.

دوای چەندین سەدە لە درێژبوونەوەی کاریگەرییەکانی ئەم ڕوانینە تەقلیدی و کلاسیکییە، ئایا هیچ جێگرەوەیەکی ئەم ڕوانینە نەخراونەتە ڕوو؟ لە ڕاستیدا ڕۆژئاوا کە ناوەندی ژیاری ئەمڕۆی جیهانە، بە زۆر شێوازی جیا هەوڵیداوە جێگرەوە بدۆزێتەوە و لەمەشدا تا ئاستێکی باش توانیویەتی هەنگاوی گەورە و کاریگەر بنێت و خۆی لەو میکانیزمە کۆنانەی کە پێشتر بۆ پەروەردە و فێرکردن بەکاری دەهێنان ڕزگار بکات و لەبری وان میکانیزمێلی چێتر و مرۆڤانەتر بێنێتە ئاراوە. یەکێک لە دەگمەنترین ئەو هەوڵانەی کە لەم بوارەدا دراون و سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و شێوازی پەیوەندیی نێوان قوتابی و مامۆستای بەتەواوی لە ڕۆژئاوا گۆڕی؛ هەوڵەکەی “ڕودۆڵف دریکۆرز- Rudolf Dreikurs” بوو. دریکۆرز کە دەروونناس و زانایەکی بە ڕەچەڵەک نەمساوی بوو، زۆرترین جەختی لەسەر چێکردنی پەیوەندییەکی هاوڕێیانە لەنێوان مامۆستا و قوتابیدا دەکردەوە، کە بە بڕوای ئەو بە پلەی یەک ئەرکی مامۆستایە یەکەمین هەنگاوەکان بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی لەو جۆرە بهاوێت، بۆ ئەمەش داوا دەکات مامۆستا ڕۆڵی دەروونناسێک بگێڕێت و لە هۆکار و پاڵنەری پشت هەڵسوکەوتی قوتابییەکانی خۆی تێبگات؛ دەبێت مامۆستا بزانێت قوتابییەکانی کەسانێکن پێویستیان بە یارمەتیی ئەوه، پێویستیان بەوەیە کە وانەکانیان لە لا خۆشەویست بکرێت و ئەو ترسەی کە لە هەمبەر پرۆسەی خوێندن هەیانە بیڕەوێنێتەوە، نەک خۆی ببێتە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی ترسی زیاتر و ڕقلێبوونەوە و هەڵسوکەوتی نەشیاوی تر. لە دیدی دریکۆرزەوە بەشێکی زۆری کێشەکان لە پۆلدا ڕوو دەدەن، هەر بۆیە بەشی هەرە زۆری کتێبەکانی دریکۆرز تایبەتن بە چۆنێتیی مامەڵەی مامۆستا لەگەڵ قوتابییەکانی لەنێو پۆلدا. پۆل بە لای درێکۆرزەوە گرنگترین شوێنێکە بۆ چێکردنی قوتابییەکی هوشیار و سوودمەند ئەگەر مامۆستایەکی باشی هەبێت، بە پێچەوانەشەوە لەوانەیە پۆل بۆ قوتابی ببێتە شوێنێک بۆ داڕمانی کەسێتی و سەرلێشێواویی و شکست، ئەگەر مامۆستایەکی خراپ بەڕێوەی ببات. لەم شێوازی دریکۆرزدا شکۆی مامۆستا دیسانەوە لە ڕێی هێزەوە بەدەست دێت، بەڵام نەک هێزێک لە ڕێی هەڕەشە و لێدان و سزای توندەوە؛ بەڵکوو هێزێکی نەرم. هێزێک کە لە ڕێی هەڵسوکەوتی جوان و ڕەوتاری مرۆیانە و ژیرێتییەوە خۆی بەسەر قوتابیدا دەسەپێنێت و قوتابی ناچار بەوە دەبێت کە بە پاڵنەرێکی خۆویستانەوە بەرەو ڕووی مامۆستاکەی بچێت و خۆشی بوێت و لێوەی فێر بێت.

blank
ڕودۆڵف دریکورز (١٨٩٧-١٩٧٢) مامۆستا و سایکۆلۆژیستی نەمساوی

ئێمە دەزانین بۆ ئەوەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن بە ڕێکاری ئاسایییانەی خۆیاندا بڕۆن و سوودمەند و بەبڕشت بن بۆ هەمووان، ئەوا ناچارین شکۆیەکی بەرز ببەخشینە مامۆستا و هێزی ئەوەی بدەینێ کە قوتابییەکانی گوێڕایەڵ و ملکەچی بن. بەڵام نەک بە پشت بەستن بە تێڕوانینە کلاسیکییەکان بۆ پەروەردە و فێرکردن، کە زۆر جار قوتابی دەکەنە کەسێکی خراپەکار و تاوانکار و مامۆستایش وەک ئیزرائیلێک کە کەس نەتوانێت قسە لە قسەیدا بکات، بەڵکوو لە ڕێی ئافراندنی وێناکردن و ڕوانینێکی نوێوە بۆ شکۆ و هێز. دەبێت مامۆستا فێری ئەوە بکرێت کە شکۆ تەنیا لە ڕێی هێزی نەرمەوە بەدەست دێت و ناکرێت ئەو وردە دەسەڵاتانەی کە پێی دراوە بە خراپ بەکار بهێنێت و ببێتە ڕکابەری قوتابی، ناکرێت خۆسەپاندن و هەڕەشە و تۆقاندن ئامڕازێک بن بەدەستی مامۆستاوە بۆ سەرکوتکردنی قوتابی و بەدەستهێنانی شکۆ و هێز بۆ خودی خۆی.

زانین وەک هێزێکی نەرم

کاتێک مامۆستایەک دەچێتە پۆلەوە، پێویستە هەڵگری دوو جۆری زانین بێت. زانینێکیان بریتی بێت لەو زانیاری و زانستەی کە پێیەتی و لە ڕێی شێوازە گونجاوەکانی وانە گوتنەوەوە پێویستە بیگەیەنێتە قوتابی.

ئەم زانینە دەبێت پڕ بێت و بەردەوام نوێکاری تێدا بکرێت و ئیزافەی بخرێتە سەر، دەبێت شێوازی گەیاندنی ئەم زانینە دوور بێت لە شێوازی ئەزبەرکردنانە و ڕەدووکەوتنی کوێرانەی زانیارییەکان، لە بری ئەوە هانی قوتابی بدرێت بۆ بیرکردنەوە و شیکاری و هەڵێنجاندن، دەبێت ئامانجی زانین دروستکردنی مرۆڤێکی هوشیار و بیرکەرەوە بێت، نەک مرۆڤێکی لاساییکەرەوە و بوێژ. خۆ ئەگەر مامۆستایەک لە توانایدا بوو ئەم جۆرە زانینە بە باشی بگەیەنێت، هێشتاش ناتوانرێت بە مامۆستایەکی باش و لێهاتوو دابنرێت تاوەکوو زانینێکی دیکەی لەگەڵدا نەبێت. جۆری دووهەمی زانین بۆ مامۆستا و قوتابی گرنگترین بەشی پرۆسەکەیە، زانینی دووهەم زانینێکە پشت بە هوشیاری و تواناییی مامۆستاکە دەبەستێت و تێیدا مامۆستا هاوشێوەی دەروونشیکارێک خوێندنەوە بۆ قوتابییەکانی دەکات و لە ژینگە و دۆخی دەروونییان دەکۆڵێتەوە و یەک بە یەکیان دەناسێت. لێرەدا مامۆستا تەنها بەوەوە ناوەستێت کە زانیاری ببەخشێتە قوتابییەکانی و بیانکاتە مرۆی بەرپرسیار و بیرکەرەوە، بەڵکوو دەچێتە ناخی قوتابییەکانییەوە و دەبێتە هاوبەشێکی گرنگی ژیانیان. دەزانێت کێشەکانیان چییە و هەوڵ دەدات بەزوویی بۆیان چارە بکات؛ وا ناکات قوتابییەکانی لێی بترسن و سڵی لێ بکەنەوە؛ چونکە ئاگاداری چۆنێتیی بیرکردنەوە و ژینگە و بارودۆخی مرۆیییانەی قوتابییەکەیەتی و پێشتر هاوسۆزی بۆ نیشانداوە، بۆیە هەرگیز ڕێگە بە خۆی نادات ستەم و نادادی بەرامبەر قوتابییەکەی ئەنجام بدات. خۆ ئەگەر قوتابییەکەی لاسار بوو، ئەوا پەنا دەباتە بەر ڕێسا مرۆیییەکانی خۆی پێش پەنابردن بۆ ڕێسا و یاسا دانراوەکان. سزا لای ئەم مامۆستایە ئەوە نییە کە قوتابییەکانی دەرنەچوێنێت یاخود لە خوێندن دووریان خاتەوە، چونکە ئەو دەزانێت پێش هەموو شت ئەمە سزادانی خۆیەتی کە نەیتوانیوە وا لەو قوتابییەی بکات لاساری نەنوێنێت و ببێتە کەسێکی بێزیان، بەڵکوو ئەو دەبێتە ڕێنوێنیکار و وەک دڵسۆزێک هەوڵی چاککردنی ئەو دۆخە دەدات کە بە سەریدا هاتووە. کە لەمەشدا سەرکەوت، ئیدی دەبێتە کەسێکی بە شکۆ و ڕێزلێگیراو، کەسێک کە توانیویەتی لە ڕێی زانینەوە کۆنترۆڵی قوتابییەکانی بکات و ئامانجە پەروردەیی و زانستییەکانی خۆیشی بپێکێت.

چی لە قوتابییە خراپەکان بکەین؟

تا ئێستا هەموو قسەکانمان ئاڕاستەی مامۆستا کراون، ئایا ئەمە نیشانەی ئەوەیه کە تەنها ئەرکەکەمان خستووەتە سەر مامۆستا و ئیدی قوتابی هیچ ئەرکێکی لەسەر شان نییە و بەشێک نییە لە کێشەکان؟ ئایا ئەگەر قوتابییەک خراپ بێت مانای وایە مامۆستاکەی خراپە؟ ئەوەی تا ئێستا لێی دڵنیاین، ئەوەیە کە مرۆڤ بە کۆرپەیی تۆپەڵەیەکی نەشێلێنراوی پاکژە و خاڵییە لە خراپەکاری، لێ خێزان و ژینگەی کۆمەڵایەتی دوای ماوەیەکی کەم لە هاتنە دونیای منداڵ دەست دەکەن بە شێلانی ئەو تۆپەڵە خۆنەگرتووە و چۆنیان بوێت ئاوها ئاڕاستەی دەکەن. بەداخەوە دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە هێندێک کەس هێندە بە خراپی دەشێلرێن کە نەتوانن چیدی بێنەوە باری ئاسایی و سروشتە پاکژەکەی خۆیان، لە بری ئەوە دەبنە خودان کەسێتییەکی شێواو و لەرزۆک و بێبەرهەم، کەسێتییەک کە زۆر بەزوویی دەبێتە بارێکی قورس و دەخرێتە کۆڵی کۆمەڵگەوە. لە دۆخێکی وەهادا کەسێک کە ژینگە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکەی بەرەو بەدکاری و لەرزۆکی کەسایەتی ئاڕاستەی کردبێت، ناتوانێت ببێتە قوتابییەکی باش و فێرخوازێکی سەنگین و بە هیچ جۆرێکیش ڕێز بۆ مامۆستا دانانێت، بەمەش ئەرکی مامۆستا هێندەی تر قورس دەکات. مامۆستای لێهاتوو لە کاتی مامەڵەکردندا لەگەڵ ئەم جۆرە قوتابییەدا، هەوڵ دەدات بە کەمترین زیان و بەوپەڕی لێزانییەوە خۆی و قوتابییەکانی دیکەش لە مەترسییەکانی ڕزگار بکات، ڕەنگیشە نەتوانێت لەمەدا سەرکەوتوو بێت، بەڵام بە دڵنیایییەوە دەتوانێت لە ڕادەی مەترسییەکەی کەم بکاتەوە. ڕاستە ئەم جۆرە لە مرۆڤ کە هەرگیز ناتوانێت ببێتە قوتابی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر پرۆسەی خوێندن و فێرکاری، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەوە خودی کۆمەڵگە و خێزانن ئەم مەترسییە چێ دەکەن، بۆیە ئەرکیشە لەسەریان بەرپرسیارێتیی ئەم کارەیان بگرنە ئەستۆ و هەوڵی چارەکردنی بدەن. لەگەڵ ئەو گوزارەیەدا تەبا نابین کە پێی وایە: (قوتابیی خراپ بوونی نییە، تەنها مامۆستای خراپ بوونی هەیە)، هەرچەندە هێندێک جار لەوانەیە لە ڕقەوە ئەم گوزارەیه دەرببڕدرێت، یانژی ڕەنگبێ هاوشێوەی فیلمەکەی “ڕانی موکەرجی- Rani Mukherjee” لەپێناو پەیامێکی پەروەردەییدا بیرۆکەیەکی وەها بخرێتە ڕۆژەڤەوە! لێ هەر کام لەمانە بێت هێشتاش کەم و کورتییەک دەمێنێتەوە و پێویستی بە دیراسەتکردنە. لەم کەم و کورتیەدا ڕاستییەک شاردراوەتەوە، ڕاستی ئەوەی کە قوتابیی خراپ بەرهەمی ژینگەکەیەتی، بەرهەمی کۆمەڵگە و لەوانەشە بەرهەمی مامۆستایەکی خراپ بێت!

لێرەدا دەشێت بپرسین: ئێمە چۆن بتوانین قوتابییەکی خراپ کە لەوە خراوە ببێتە قوتابی، بهێنینەوە نێو ژیان؟ گەر پەروەردە و فێرکردن یانژی مامۆستا و سیستەمی خوێندن لە توانایاندا نەبێت قوتابییەکی خراپ بگۆڕن و پەیوەستی بکەن بە خوێندنەوە، ئەوا خۆ دەتوانن نەیتارێنن لە ژیان و بێبەشی نەکەن لە ئەزموونکردنی ژیانێکی شایستە، ئەگەرچی دووریش بێت لە خوێندن. دەبێت ئەو ڕاستییە زۆر بە ڕوونی بەدیار بخرێت کە ژیان بەبێ هەبوونی بڕوانامەش هەر شیاوی چێژلێوەرگرتن و تیاژیانە؛ ژیان لە دەرەوەی زانکۆ و قوتابخانەش هەر خودی ژیانە. ئەو پەروەردەیەی کە لە کۆمەڵگە و خێزاندا کارایە، دەبێت بایی ئەوە گۆڕانکاری تیا بکرێت کە نەوەکانی خۆی ئاشتکاتەوە لەگەڵ شێوازەکانی دیکەی ژیان و بتەنێ لە بڕوانامەدا نەگیرسێتەوە. ئەمە بەرگریکردن نییە لە نەخوێندەواری و شێوازە ئاست نزمەکانی ژیان، بەڵکوو داخوازییەکە بۆ پێدانی مافی ژیان بە هەموو کەسێک، بەو مەرجەی کەسێکی بەرپرسیار و پەیوەست بێت بە مافی ئەوانی دیکەوە بۆ ژیان و بزانێت ئەوانی دیکەش وەکو ئەو مافی ئەزموونکردنی ژیانیان هەیە بەو ڕێگایەی کە خۆیان هەڵیانبژاردووە. (ڕێزگرتن لەوی دی و دەست نەبردن بۆ ئازادییەکانی ئەوی دی و مافی ژیان) شاڕێی ڕزگاربوونی هەمووانە لە دەستی هەمووان، شاڕێی ڕزگاربوونی قوتابیی خراپ و ئاڕاستەکردنێتی بەرەو ژیانێکی باشتر.

کە باسمان لە مامۆستا کرد باسمان لەوەش کرد کە ئەوەی مامۆستا دەیەوێت شکۆداری و هێزە، بەڵام داخۆ ئەوەی قوتابیش دەیەوێت بەدەستهێنانی هەمان شت نییە؟ بەو پێیەی کە بەدەستهێنانی شکۆداری و هێز خواستێکی تەواو مرۆیییە، ئەوا ناکرێت خۆمان لەوە نەبان بکەین کە قوتابیش دەکەوێتە نێو چوارچێوەی هەمان خواستەوە. شکۆداری و هێز شتێکن کە دەشێت لای هەمووان بەردەست بن، بەو مەرجەی کە بزانن چۆن و لە کوێدا بەدەستی دەهێنن، وەگەرنا دەبێتە هۆکاری تیاچوون و سەرلێشێوان. وەک چۆن مامۆستایەک دەتوانێت لە ڕێی زانینەوە (هەڵبەت زانین بە هەردوو جۆرەکەیەوە) شکۆ و هێز بەدەست بهێنێت، ئاوهایش قوتابیش دەتوانێت لە ڕێی فێربوون و ناسینی تەواوەتی مامۆستا و وەرگرتنی زانیارییەکانییەوە هەمان شت بەدەست بهێنێت، یاخود لە ڕێی خۆسەلماندنییەوە لە بوارێک لە بوارەکانی ژیاندا هێز و شکۆمەندی بەدەست بهێنێت. دەشێت قوتابییەکی خراپ (هەڵبەت خراپ بە واتا پەروەردەیی و فێرکارییەکەی) کە توانای خۆگونجاندنی نییە لەگەڵ ژینگەی قوتابخانە و خوێندندا، وای لێ بکرێت لە دەرەوەی قوتابخانەش ببێتە خاوەنی زانین، زانینێک کە دەستگیرۆیی بکات لە بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیدا و نەهێڵێت بەرەو داڕمانی کەسێتی هەنگاو بنێت و ببێتە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگە.

……..

تێبینی/ واژەکانی وەک: ” مامۆستای خراپ” و “قوتابیی خراپ” لێرەدا بەو مانایە بەکار نەهاتوون کە خودی ئەو کەسانە لە ژیاندا خراپەکار بن، بەڵکوو بەو مانایە بەکارهاتووە کە ئەم کەسانە دەرهەق بە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن؛ دەرهەق بەو ئەرکەی خراوەتە ئەستۆیان و دەبێت بە باشی جێبەجێی بکەن، کەمتەرخەم و تەنبەڵن. کە ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی بەرەو ئاڵۆزبوون و تێکچوونی زیاتر ببات و زیان بە کۆی پرۆسەی خوێندن و فێرکاریش بگەیەنێت. گرنگە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن هەم مامۆستا و هەمیش قوتابی وا ڕابهێنێت کە لە سەر هەردوو بنەمای ڕێز و زانین، شکۆداری و هێز بۆ یەکدی بگەڕێننەوە، نەک بیانکات بە دوژمنی یەکتری و ڕێسای ئاغا و کۆیلەمان وەبیر بێنێتەوە.