ستەم لە هەناوی جەماوەرە
عێراق وەک نموونە
گێڕانەوەیەکی میللییانەی باو هەیە کە گوایە (سەدام حوسێن) دیکتاتۆری پێشووی عێراق، پێش ڕووخاندنی ڕژێمەکەی، گوتوویەتی: “ئەوەی دوای من لە عێراق بەجێ دەمێنێت، تەنیا وێرانەیەک و خاکێکی ڕووتەڵە”. ڕاستە ئەم گێڕانەوەیە گێڕانەوەیەکی میللییانەی پڕ لە ترس و بیمە، بەڵام هەڵگری پەیامێکی ڕوون و پڕ بایەخ و مەترسیداریشە، پەیامێک کە چەندین جار ڕاگەیاندنی عێراقی و خودی سەدام حوسێن خۆیشی لە چەندین جێدا و بە چەندین شێوازی جیاواز هەوڵی گەیاندنیان دەدا، پەیامێک کە بە درێژاییی سێ دەیە ڕۆژانە دەدرا بە گوێی عێراقییەکاندا: “سەدام حوسێن و عێراق یەک شتن، نە عێراقێک هەیە بەبێ سەدام و نە سەدامێکیش هەیە بەبێ عێراق”. ئەم هاوتاکردنە مەترسیدارە، بە تەواوی لە پشت بە ئەفسانەکردنی سەدامەوە بوو، خەڵکی ڕەشۆکی عێراق بە تەواوی گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی کە سەدام بە هیچ هێزێک ناڕمێت و ئەو هەمیشە لەوپەڕی هێز و توانای خۆیدایە.
ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکا بە هاریکاری هاوپەیمانەکانی، هێرش دەکاتە سەر عێراق و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەگاتە پایتەخت، سەدام هەڵدێت و دوای چەند مانگێک لە چاڵێکدا دەیدۆزنەوە و دەری دەهێنن، ڕقی عێراقییە ستەملێکراوەکان، ئەو ڕقە پەنگخواردووە دەیان ساڵەیەی کە هیچ کات مافی دەرخستنیان نەبوو، بە یەکجار هاتە دەرەوە و عێراقی داپۆشی. ساڵانی سەرەتای جەنگ، ساڵانی خستنەڕووی تاوانەکانی سەدام حوسێن و ڕژێمە ستەمکارەکەی بوو، ڕۆژانە لە ڕێی سەتەلایتەوە (کە پێشتر لە عێراقییەکان قەدەغە کرابوو) هەموو تاوانەکان بڵاو دەکرانەوە و بە یاسا بەعسیبوون وەک تاوان ناسێنرا. بڵاوکردنەوە و پیشاندانی تاوانە قێزەونەکانی سەدام تەنها بۆ عێراقییەکان نەبوو، بەڵکوو بۆ ئەو دیپلۆماتکار و سیاسەتوانە بیانییانەش بوو کە دوای ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام، دەهاتنە عێراق. سەرانی کورد بە بەردەوامی بیانییەکانیان دەهێنایە کوردستان و دەیانبردنە هەڵەبجە و گەرمیان، لەولاشەوە سەرانی شیعەش هەمان ڕێگایان گرتە بەر. ئەو دەمە هەم سەرانی کورد و هەمیش سەرانی شیعە دوو ڕێزلێگیراوترین سەرکردەی عێراقییەکان بوون، بەڵام سوننەکان هێشتا شۆکی کەوتنی عێراقەکەی سەدام بەری نەدابوون و نەیاندەویست بە چاوی خۆیان ڕاستییەکان ببینن.
ئەمە زۆری پێنەچوو، وردە وردە عێراقی دوای جەنگ دەبووە وێرانە و جێی ململانێ و هەژموونی هێزە ئیقلیمییەکان، هەریەکە لە دراوسێکانی عێراق و وڵاتە زلهێزەکان پاڵپشتی گروپگەلی جودایان دەکرد و دەیاندان بەگژ یەکدیدا، خوێنڕشتن و کوشتن لەسەر ناسنامە و ڕەگەز و نەتەوە و ئایین، تەقینەوەی یەک بەدوای یەکی ڕۆژانە و داڕمانی ئابوری و تەشەنەسەندنی گەندەڵی و نەبوونی سەرکردەی ڕاستەقینە و پشکپشکێنە، لە دیارترین سیماکانی عێراقی دوای سەدام بوون. وڵات ئیدی بوو بە وێرانەیەک، لەم ئان و ساتەدا وردە وردە هاووڵاتیی عێراقی کەوتنەوە خەیاڵی ڕابردوو، دەستیان کرد بە بەراوردکردن و بە سەرسامییەوە لە خۆیان دەپرسی: چیمان ویست و چی ڕووی دا! لە کوێوە گەیشتینە کوێ! بۆچی گەیشتین بەم دۆخە؟ وەڵامێک کە لە دەرئەنجامی ئەم پرسیار و بەراوردکارییەوە هاتە دی، ئەوەی لێکەوتەوە کە جۆرێک لە سەرسامی سەر هەڵبدات بەرانبەر بە ڕابردووە زێڕینە!کەی عێراق، ڕابردوویەک کە لەو بڕوایەدا بوون کە گوایە مرۆڤ تێیدا شکۆی بەو شێوەیەی ئێستا نەڕوشێنرابوو، لانی کەم بە ئاسوودەییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەنووست! بەڵام ئاخۆ ئەمە وایە؟
کارگەی دیکتاتۆرێلی بچووک
ساڵی ١٨٩٥ گۆستاڤ لۆبۆن یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی خۆی بە ناونیشانی (سایکۆلۆژیای جەماوەر) دەنووسێت و دەبێتە دەستپێکێک بۆ دەرخستنی بەهای “دەروونناسیی کۆمەڵایەتی” لە دەستنیشانکردنی کێشە سیاسی و کولتوورییەکاندا. ئەم کتێبە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جەماوەر خودان خاسیەتگەلی سادە و لە هەمان کاتیشدا مەترسیدارن، سادەن چونکە بە ئاسانی دەناسرێنەوە و لە شێوازی زۆر ساویلکانەدا خۆیان بەدیار دەخەن، مەترسیداریشن چونکە پەیوەستن بە هەڵچوونەکانی دەروونەوە و دژی نوێخوازین و لەگەڵ کۆنەپەرستی و ستەمدا دێنەوە. بەو پێیەی کە هەر ئەوانن دوای لەنێوبردنی ستەمکارێک، ستەمکارێکی دی دەئافرێنن، چونکە خودان هیچ هێڵێکی بیرکردنەوە و ڕێبازێکی پتەو نین و ڕقیان لە قووڵبوونەوەیە و سادەخوازن، بۆیەش دیکتاتۆر و ستەمکارەکان لە ڕێی خستنەڕووی بیرۆکەی زۆر سادە و نالۆژیکییەوە دەست بەسەر بیرکردنەوە و ڕوانینی جەماوەردا دەگرن. وەنەبێ جەماوەر ڕقی لەم دەستبەسەراگرتنە بێ، بەڵکوو لە زۆر ڕووەوە پاڵپشتی دەکا و دەبێتە هەوێنی مانەوە و درێژەپێدانی، چونکە بیرۆکە سادەکان خولیای ئەویشن و دیکتاتۆر و ستەمکاریش لە ڕێی جێبەجێکردنی بڕێک لەو بیرۆکە سادانەوە، خولیاکانی بۆ دەهێننە دی. لەمڕۆدا و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە گرنگەدا، ئێمە ناتوانین بە تەواوی هاوڕابین لەگەڵ زۆرێک لە بۆچوونەکانی نێو ئەو کتێبەدا، بەڵام بە دڵنیایییەوە چەندین خاڵی ورد و گرنگ لەم کتێبەدا هەن کە دەشێت ڕێنیشاندەرمان بن بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە پاڵنەرە دەروونییەکانی جەماوەر و ڕۆڵی لە چێبوونی دەسەڵاتێکی ستەمکار و دیکتاتۆردا.
ئەوانەی ئاشنای مێژووی نوێ و هاوچەرخی عێراقن، دەزانن کە دەوڵەتێکی وەک عێراق هەر لە بنەڕەتەوە لەسەر چ بنەمایەکی نادروست و لاواز دامەزرێنراوە، چۆنیش بەهۆی بەردەوامی ململانێی خێڵەکییانە و ململانێی گروپە ئیتنییە جیاوازەکانییەوە بووەتە ناوەندێک بۆ دروستبوونی دەیان دیکتاتۆری بچووک، هەریەک لەم دیکتاتۆرانەش لە هەناوی گروپێکەوە هاتوونەتە دەر، کە دواجار هەموو خولیایەکی دیکتاتۆرە بچووکەکانیش بووەتە خولیای لەناوبردنی دیکتاتۆرە ڕکابەرەکانی دیکە. سەدامی سەرەتا یەک لەو دیکتاتۆرە بچووکانەی عێراقی شەستەکان بوو، کە لە هەناوی گروپێکی مافیاییی نێو جەماوەرە لێکوەشاوەکەی عێراقەوە هاتە دەرێ و لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، توانی بەسەر تەواوی دیکتاتۆرە بچووکەکانی دیکەی ڕکابەرییدا سەر بکەوێت و ببێتە دیکتاتۆری هەمووان. بوونی سەدام بە سەرۆکی هەموو عێراق، بوونێکی ناکامڵ و لەرزیو بوو. ڕاستە ئەو بووبووە دیکتاتۆری هەمووان، بەڵام ئەمە تەنیا دیوە ئاشکراکەی بابەتەکە بوو. لە ناواخنی کۆمەڵگەی عێراقیدا، دیکتاتۆرە بچووکەکان هێشتا مابوونەوە و لە بۆسەدا بوون بۆی، هەریەکەیان لە لایەکەوە هەوڵی زیانگەیاندنیان دەدا لە دیکتاتۆرە گەورەکە. دوای ئەوەی کە دیکتاتۆرە گەورەکە چیدی بە کەڵکی ئەوە نەدەهات وڵاتێکی وەکوو عێراق بەڕێوە ببات و لە بەرژەوەندیی زلهێزاندا یارییەکانی بکات، ئەوەبوو پەلاماری عێراق درا و هەموو ئەو دیکتاتۆرە بچووکە شاراوانەی دی کە هەبوون هێنرانەوە مەیدان. واتا ئەمریکا عێراقی لە وڵاتی “دیکتاتۆری گەورە” ەوە گۆڕی بۆ وڵاتی “دیکتاتۆرە بچووکەکان”. ڕاستە دیکتاتۆرانی بچووک بە پاڵپشتی و دنەی دەرەکی هاتنەوە مەیدان، لێ ئەوەش ڕاستییە کە لە هەناوی جەماوەرەوە، ڕێک لە هەناوی کۆمەڵگەی عێراقییەوە هاتبوونە دەر و بووبوونە خودان پێگەی جەماوەریی گرنگ.
کۆمەڵگەی عێراقی دوای تێگیرانیان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرە بچووکانەدا و دوای ئەوەی کە بۆیان دەرکەوت بەڵێنی دیکتاتۆرە بچووکەکان نەک هەر هیچیان نایەنە دی، بگرە وا خەریکی بە دۆزەخکردنی تەواوەتی ژیانی عێراقییەکانیشن، لە خۆیان پرسی: ئەمانە لە کوێوە هاتن و ئێمە بۆ وامان بەسەر هات، لە بری ئەوەی بپرسن: ئەمە چ هەناوێکە ئەم هەموو دیکتاتۆرەی لە خۆیدا حەشار داوە و ئێمە بۆ ئەمانەمان دروست کرد؟ کەس نەبوو وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە و تەنیا وەک نیشانەیەکی سەرسوڕمان لێیان دەڕوانی، چونکە جەماوەر لە بەرپرسیارێتی هەڵدێت، نایەوێت هەقیقەت وەک ئەوەی هەیە ببینێت.
جەماوەر کارگەیەکی مەزنە کە ئیشی بەرهەمهێنانی زۆرترین دیکتاتۆری بچووکە، ستەم و ملکەچی لە بیرکردنەوەی جەماوەردا بەشێکن لە دیسپلین و ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگرتن لە هەڵوەشاندنەوە و تێکچوونی یەکانگیرییە کۆمەڵایەتییەکە، بۆیە کاتێک دیکتاتۆرە بچووکەکان سەر هەڵدەدەن جەماوەر سەرسام دەبن پێیان و ڕکابەری دەخەنە نێوانیانەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە دەرئەنجامی ڕکابەرییەکە دواجار بە سوودی یەکێکیان دەشکێتەوە و دەبێتە دیکتاتۆری مەزن. ڕێز و پەسن و گیانفیداییی جەماوەر دیکتاتۆری مەزن دەگۆڕێت بۆ کەسێکی ستەمکار و خوێنڕێژ کە تەنانەت سڵ لە خودی جەماوەرەکەیشی نەکاتەوە. جەماوەر کە دەبینێت دیکتاتۆری مەزن گەیشتۆتە بەرزترین ئاستی مەترسیدارانەی خۆی، ئیدی دەکەوێتە دنەدانی دیکتاتۆرە بچووکەکانی دی بۆ جێگرتنەوەی دیکتاتۆری مەزن. ئا بەم جۆرە جەماوەر هەم دەبێتە لەنێوبەری ستەمکار و هەمیش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ستەم، هەم دەبێتە دژبەرێکی دیکتاتۆر و هەمیش لە هەناوی خۆیدا دەیان دیکتاتۆری دی چێ دەکات. هەرچەندە ئەم یارییەی کە جەماوەر دەیکات یارییەکی ژیرانە نییە، بەڵام داینەمۆی زۆرێک لە گۆڕانکارییەکانی نێو مێژووە. زۆرێک لە ڕووداوە سیاسییە گرنگەکان، زۆرێک لە شۆڕش و ڕاپەڕین و کودەتا گەورەکان زادەی ئەم بیرکردنەوە نالۆژیکییانەی جەماوەرن. کێ دەتوانێت سنوورێک بۆ ئەم بیرکردنەوە نالۆژیکییانەی جەماوەر دابنێت؟ وەڵامێکی سەنگین و لۆژیکی دەبێت گەر بڵێین مرۆڤێلی خوێندەوار و بەئاگا و دژ بە ستەم، بەڵام داخۆ ئەم وەڵامە لۆژیکییە لە کوێدا کاری پێ دەکرێت؟! مێژوو لە گێڕانەوەکانی خۆیدا ئەوەمان بۆ یەکلا دەکاتەوە کە ئەم وەڵامە تەنیا وەڵامێکی جوانی لۆژیکییە و چ کارێکی بەسەر گۆڕانکارییە گرنگەکانی نێو مێژووی مرۆڤایەتییەوە نییە. بزوێنەر لە هێزە ناعەقڵانی و نالۆژیکییەکاندا زیاتر کارایە وەک لە لای هێزە لۆژیکی و عەقڵانییەکان. ئەمە وتە دروستەکەیە، هەرچەندە کەمێک ڕەشبینانەیە: (ستەم لە هەناوی جەماوەرەوە دێتە دەر!) بەڵام ئەمە بەو ڕادەیەش جێی نائومێدی نییە، چونکە لە ناواخنیدا هەواڵێکی خۆشی پێیە، بۆ چەند چرکەیەک با بیر لەو ڕاستییە سەرنجڕاکێشە بکەینەوە، ڕاستییەک کە پێمان دەڵێت دژایەتیکردنی ستەمیش گڕێکە هەر لە هەناوی جەماوەرەوە دێتە دەر، هەروەک چۆن بەشی هەرە زۆری گۆڕانکارییەکانی مێژوویش لەم پارادۆکسە سەیرەوە دروست بوون.