دەبێ ڕاوێستی و دابێیەوە
لە ئاستانەی ئەو دەرکەدا کە دەقولبابی نییە
لەوڕا کە بەوادە هاتبی دەرکەوانت چاوەڕێیە
ئەگەر بێوادەش بێ هاتنت
لە دەرکە دەی کەس نایژێ کێیە
نەوییە دەرگاکە
جا بەهەوا نەبی چاکە.
دەکرێ ئاوێنەیەک بی مشتوماڵدراو
هەتا لەوێ
پێش ئەوەی بچییە ژوورێ
لە پەرکالیی خۆت بنواڕی
هەگەرچی هەنگەمەی ئەودیوی دەرگا ئایلی خەیاڵی تۆیە نەک پڕانیی میوانان
چونکە لەوێ
کەست چاوەڕێ نییە
جووڵەی لەوانەیە لێ بێ
لێ لە هەموو جووڵەوەرێک بێوەرییە:
نە ڕۆح و نە تارمایی و نە پاکیزەی کافووری لەسەر دەستان بێ
نە دێوی وا کە گورزی ئاگرینی وەک سەرەگای لە مستان بێ
نە شەیتانی بوختان لێدراو بە کڵاوی شەیپووریی گوڵینگەدارەوە
نە مەڵغەمەی بێدەستووری ڕەهاگەلی بنبڕی یەکتر
هەر تەنیا تۆ
لەوێ هەبوونی ڕەهای
هەبوونی پەتی
لەوڕا کە لە نەبوونی خۆتەوە بەردەوام دەبی
نەبوونت هەنتەشی بێ ئەملاوئەولای مۆجزاتە.
تێپەڕینت لە ئاستانەی نەچاری
داتکانی دڵۆپە قەترانێکە لە نەبڕانەوەی تاریکەسەلاتدا
”ئاخ!
ئەی خۆزگە ئەی خۆزگە
دادوەرییەک دادوەرییەک دادوەرییەک
لەکار لەکار لەکاردا
دەبوو!”
ڕەنگە ئەگەر توانای ژنەفتنت هەبووایە
دەنگدانەوەی چریکەی داتکانی خۆت لە تەلاری بێدەنگی کەشکەڵانەیلی بێخۆردا
وەک چکەی ئازاری ئاخ
دەبیست:
”بریا بریا
دادوەرێک دادوەرێک دادوەرێک
لەکار لەکار لەکار لەکار…”
بەڵام دادوەرێک لەودیوی دەرگاوە دانیشتووە، بەبێ جبەی شوومی دادوەران
زاتی لە زرک و بەزەیی
نژمی لە زەمان
ئیدی بیرەوەریت تاهەتای هەرمان
دادوەری دەکرێت لە دەربازگەی دەوران.
*
ماڵاوا! ماڵاوا! (ئاوای وت بامدادی شاعیر:)
بە هەلەکەسەماوە تێپەڕ دەبم لە ئاستانەی نەچاری
شاد و شوکر.
لە دەرەوە هاتمە ژوور:
لە دیمەنەوە
بۆ بینەر
بۆ نواڕین.
نە وە نژمی گیایەک، نە وە نژمی پەپوولەیەک، نە وە نژمی بەردێک، نە وە نژمی گۆلاوێک،
من بە نژمی ”ئێمە” لەدایک بووم
بە نژمی پڕشکۆی مرۆڤ
تاکوو لە بەهاری گیادا سەیری پەلکەزێڕینەی پەپوولە بکەم
لە فیزی کێو تێ بگەم و یەزی دەریا ببیستم
تا مەرجی خۆم بناسم و لەقەدەر هیممەت و دەرفەتی خۆ واتا لە جیهان بار کەم
کە داستانی لەو چەشنە
لە توانای درەخت و باڵندە و گاشە و تاڤگە بەدەرە.
بەمرۆیی لەدایکبوون وەدیارکەوتنی ئەرک بوو:
توانای خۆشویستن و خۆشویستران
توانای بیستن
توانای گوتن و دیتن
توانای دڵتەنگی و شادی
توانای پێکەنین لە قووڵاییی دڵەوە، توانای گریان لە خاڵی نووتەکی گیانەوە
توانای سەربەرزی لەسەر بەرزاییی شکۆمەندی بێهەوایی
توانای بەشەوکەتی شان وەبەردانی باری ئەمانەت و
توانای خەمناکی خۆڕاگری لە هەمبەر تەنیایی
تەنیایی
تەنیایی
تەنیاییی ڕووت.
ئەستەمەبواری ئەرکە مرۆڤ.
*
دەستی بەسراوم نەدەکرانەوە تا دوورەدیمەنان هەموو لە ئامێز وەرێنم
هەرچی نەغمە و ئەوی کانی و هەموو مەلێک
تم مانگی پڕ و هەر بەربەیانێکی دیکە
هەموو لووتکەو چی درەخت و هەر مرۆڤێکی تر.
دەرفەتی ژیانم بە دەستی بەسراو و دەمی داخراو تێ پەڕاند
بە دەست و دەمی بەسراو تێ پەڕین و
دیمەنی دنیامان هەر
لە درزی ئێرەییی شوورەی شەڕەنگێزییەوە دیت و
ئێستاش
ئەوە دەرگای بێ دەقولباب لە بەردەمێ
ئەوەش ئاماژەی دەرکەوانی چاولەڕێ!-
لەو داڵانە تەنگەوە کە ڕامنووسی
بۆ دواوە دەنواڕم
بە خاترخوازی:
دەرفەت کورت و سەفەر پشووبڕ
بەڵام لە هیچی کەم نەبوو، بێوێنە و پڕاوپڕ
بە گیان قەدرزانم و ژێرباری منەت!
(وەهایی وت بامدادی شەکەت)
—————
واتای چەند وشەیەکی ناو شیعرەکە:
دەقولباب: کەرەستەی لەدرگادان.
پەرکال: جوانی و ڕێکوپێکیی شت.
ئایل: منداڵ، زارۆ، زادە.
پڕانی: زۆرتری، زۆری.
مەڵغەمە: تێکەڵاوی جیوە لەگەڵ کانزای دیکە؛ تێکەڵاوێک لە شتی جۆراوجۆر.
زرک: زیرەکی، بەهۆشی.
نژم: قەڵافەت، بیچم.
یەز: ڕێز، قەدەر، شکۆ.
ئەستەمەبوار: بواری دژوار.
ڕانووسین: پێشگری ”ڕا” لە زمانی کوردیدا دەکەوێتە پێش فرمان و وشەیەکی نوێی لێ دروست دەکات و واتای نوێی پێ دەبەخشێت؛ وەکوو ڕامان، ڕاپسکان، ڕاپەڕین، ڕاسان، ڕابردن. ڕانووسین بە واتای (هاتن و ڕۆیشتن بە نووسیندا) وەکوو ڕابردن، بە واتای هاتن و ڕۆیشتن بە کات و شوێندا.