بارانى جێنیوەری

«ئەوە بۆچى دایکم، لەگەڵ خۆرئاوابووندا ناتوانێت یەک وشە بڵێت و لە ڕۆژدا عەیبى نییە؟» ئەمە ئەو پرسیارەیە لە ماوەى ئەو چوار مانگەدا، کە دایکى هەواڵى مەرگى (عەلى)ـى براى پێ دەگات و دواتریش بەسەر لەیدییەوە دەمرێت، بەردەوام لەناو سەرى ئۆسکاردا دەخولێتەوە.

کاتێک ماڵى باپیرى (باوکى دایکى) لە شارێکى ترەوە دەگەن، لەیدى لەناو باخچەکەدا جۆلانێ دەکات. «دواى مردنى ئۆسکارى برای، وا باشترە لەیدى لێرە نەمێنێتەوە و ڕێگەى بدە لەگەڵ ئێمەدا بژى.» پێش ئەوەى بێن، ئەمە بە باوکى دەڵێن و ئەویش بە داواکەیان ڕازى دەبێت. باپیرى کێشەى لەگەڵ ناوەکەیدا هەیە و نازانێت بڵێ لەیدى، دەڵێت لەیلى. باوکى ئەو ناوەى لێ ناوە.     

یەکەم بەفرى ساڵى نوێ داى کرد. ڕۆژێک دواتر بارانى جێنیوەری. شۆفێرەکان لایتى ئۆتۆمۆبیلەکانیان پێ دەکەن و ئێمە شەوقى لایتەکان لەسەر شەقامە تەڕەکە دەبینین. هەر چوارلاى ترافیکەکە بە هۆتێل و ئاپارتمانى بەرز بەرز دەورە دراوە. لەناو پاسەکەدا چاوەڕێى ترافیکین سەوز بێت. بارانەکە هەر دەبارێ. شۆفێرەکان لە پشتى جامەکانەوە بە تەڵخى دەبینرێن. هەڵمى سەر جامەکە دەسڕم. لەلاى ڕاستەوە دوو کچ دەچنە تاکسییەکەوە. لە ڕادیۆى پاسەکەوە گوێمان لە ‹ئەى بارانە و بارانە› دەبێت. خشانى تایەى ئۆتۆمۆبیل و هۆڕنێکى بەرز ناچارم دەکات جارێکى تر هەڵمى سەر جامەکە بسڕمەوە. جارێکى تر هەڵمى سەر جامەکە دەسڕمەوە. منداڵێکى کلێنکسفرۆش لەسەر شەقامەکە کەوتووە. خێرا دەچمە سەرى، تاساوە. لە باوەشى دەکەم و دەیخەمە ناو تاکسییەکەوە. باران نایلۆنى کلێنکسەکانى تەڕ کردوون. دەگەینە نەخۆشخانە و منداڵەکەم لە باوەشدایە، ڕێک هەست دەکەم ئەو ساتەیە لەیدى لەدایک دەبێت و دایکى بەسەریەوە دەمرێت.

دواى ئەوەى لە دەوام دەگەڕێیتەوە، گەرمیی خۆرى ئەم چوارشەممەیەى ناوەڕاستى بەهار ناچارت دەکات خۆت بشۆیت. لە گەرماو دێیتە دەرەوە. خۆت وشک دەکەیتەوە. لە ژوورى نووستن پاڵ دەکەوی. تابلۆیەک هەڵواسراوە؛ ژنێکە، قژى کردووە بە دوو پەلکى درێژ. لە تابلۆکەدا چاوە ڕەشەکانی پێت دەڵێن دڵتەنگە. منداڵەکەى لە باوەشدایە. لەسەر زەوییەکە سێوێک دانراوە، منداڵەکە دەستى بۆ دەبات، دەستى پێى ناگات. منداڵەکە لە تابلۆکەدا وا دەرناکەوێ دڵتەنگ بێت. خۆت دەخەیتە سەرپشت و دەستەکانت لەژێر سەرت دادەنێیت. پانکەکە بە جووڵە هێواشەکەى کار لە گەرمیى ژوورەکە ناکات. ئاگات لە خۆت نەماوە و دەکەویتە سەر دەم، لیکى دەمت سەرینەکەى تەڕ کردووە؛ لیکى دەمت تەنیا شتێکە پێت بڵێت وا خەریکە خەو دەتباتەوە. خەو دەتباتەوە. هاوڕێیەکتە و تەلەفۆن دەکات، بەدەم خەوەوە هەڵیدەگریت، دەنگە شێواوەکەى گوێت بە «ئۆسکارى کوڕت…» دەزرنگێنێتەوە. دەنگەکە دەلەرزێت و دەستى تۆیش. «نازانم چۆنت پێ بڵێم…» دەنگەکە وا دەڵێت. «چیم پێ بڵێیت؟!» بە شپرزەیییەوە وا دەڵێیت. هەر ئەوەندەى دەڵێت «ئۆتۆمۆبیل لێى داوە و…» پێى دەبڕیت «نەڵێى مردووە!» ئەمە بە دەنگێکى بەرز دەڵێیت. هاوڕێکەت تەواوى دەکات «بەڵام سەلامەتە و لە نەخۆشخانەیە.» مۆبیلەکە دادەخەیتەوە و بە ڕاکردن دەچیتە خوارەوە. پلیکانەکان زۆرن و تۆ خێرا دەیانبڕیت. دوو کەروێشک بەناو چیمەنەکەدا دێن و دەچن و تۆ نایانبینیت. ئەو تاکە نەعلەى پیاوى کرێچییەکە گرتییە پشیلەکەى لەیدى، لەناو حەوشەکەیە و تۆ نایبینیت. ‹لەیدى›ى پێنجساڵان لە باخچەکەدا جۆلانێ دەکات. پیاوى کرێچییەکە لەسەر کورسییەکەى ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە. پشیلەکەى لەیدى لەسەر دیوارى حەوشەکەیە و سەیرت دەکات، چاوەکانى بچووک دەکاتەوە و ‹میاووو!› تۆ لەیدى، پیاوى سەر کورسییەکە و پشیلەکەى لەیدییش دەبینیت. «خێرە؟ هیچ ڕووى داوە؟» پیاوەکە دەپرسێت و تۆ بەبێ وەڵام دەرگەکە بە یەکدا دەدەیت.

لەیدى لە ماڵى باپیریەتى و ئەوە مانگێکە نەتبینیوە، ساڵێکیش بەسەر مردنى ئۆسکارى کوڕتدا تێپەڕیوە. شەوێک بە تەنیا دەچیتە دەرەوەى شار و لە بەرزایییەکەوە لێى دەڕوانیت، لەو دوورەوە گڵۆپەکان دەڵێى وردەشووشەن و تیشکى ڕووناکییان بەرکەوتووە. دێیتەوە ناو شار. دەچیتە کافێیەکى تێکەڵ لە دووکەڵى جگەرە و دەنگى مۆسیقا. کەسێک شیعر دەخوێنێتەوە و دەگاتە «مەڵێ من تۆم ناوێ/ تۆ میوانى خەونەکانمى/ مەڵێ لە ئێوارەدا نایەم/ تۆ لە ئێوارەدا جوانى» و دەچیتە دەرێ. چەند مەترێک دەڕۆیت و بە دەرگەى مارکێتێکدا دەتەقى. ژنێکى دووگیان بەناو مارکێتەکەدا دێت و دەچێت، ژنێکى تر دایبییەک و یەکێکى تر شامپۆیەکى بە دەستەوەیە. هەر لەوێ هاوڕێیەکت دەبینى وەکوو هەمیشە سپاگێتى دەکڕێت و پێت دەڵێت «تۆیش بیکڕە، بۆ ئەم تەنیایییەت خراپ نییە.» تۆ نایکڕیت. خێرا بۆ ماڵ دەگەڕێیتەوە. منداڵەکانى کۆڵان لەناو گوێیەکانى تۆدا ڕا دەکەن و هاوارهاواریانە. ڕادەکشێیت. پەنجە بە ڕیمۆتکۆنتڕۆڵەکەدا دەنێیت. درامایەکە، دوو کچن پێکەوە، بێتاقەت دەردەکەون:

– چۆنى؟

– هەندێ جار باش و هەندێ جاریش خراپ. ئەى تۆ؟

– هەندێ جار خراپ و هەندێ جاریش خراپتر.

لیکى دەمت سەرینەکە تەڕ دەکات؛ لیکى دەمت تەنیا شتێکە پێت بڵێت وا خەریکە خەو دەتباتەوە. خەو دەتباتەوە.

لەناو جێگەکەى خۆتدایت. دەتەوێ هەستیت و بۆ دەوام بڕۆیت، هەمیشە لەم کاتەدا خەوت گرانە. لە قاتى خوارەوە سەرەتا دەنگى پیاڵە دەبیستیت کاتێک دەکەونە ناو سینکەوە. دواتر تیڤییەک ئیش دەکات، گۆرانییەکە، شادە. ئەمە خووى ژنى کرێچییەکەیە «مامۆستا، گوێم لە گۆرانی نەبێت ناتوانم ئیشى ماڵ بکەم.» جارێک لە وەڵامى گلەییەکى تۆدا ئەمەى گوت. هەرچۆنێک بێت خۆت ئامادە دەکەیت، لە ئاوێنە بچووکەکەى قەد دیوارەکەدا هەوات کردووەتە گوپى ڕاستت و گوێزانەکەى پێدا دەهێنیت، بەشى زۆرى تاڵەمووەکان سپین و دەکەونە ناو دەستشۆرەکەوە. لە خوارەوە پیاوی کرێچییەکە دەبینیت لەسەر کورسییەکەى دانیشتووە، سەرى بەرز دەکاتەوە و «مانگانەکە زۆرى ماوە؟» بە سەر وەڵامى دەدەیتەوە «بەڵێ» و دەرگەى حەوشە دەکەیتەوە. لە ماڵەکەى بەرانبەرتانەوە منداڵێک دەچێتە دەرەوە، دایکى سەر لە دەرگەوە دەردەهێنێت «ئەگەر زوو نەیەیتەوە بەو گەوادە دەڵێم.» گەوادەکە مێردەکەیەتى. ئەو لە جۆرى ئەو ژنانەیە جوێن بە دار و دیوار دەدەن. «دڵم بەوە خۆشە دار و دیوار وەڵامى نادەنەوە.» مێردەکەى وا دەڵێت.

وەک هەمیشە لەسەر کورسییەکەى ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە پیاوى کرێچییەکە. چاویلکەکەى دادەنێ و «مانگانەکە زۆرى ماوە؟» «ئاخر شوکر ئاوا تووشى لەبیرچوونەوە هاتبوویت، بۆیە خێرا ماڵنشینیان کردیت. چەند جارم گوت عەیبە، ئەوەندە ئەو پرسیارە مەکەرەوە.» ژنەکەی وای پێ دەڵێت. کە منیش دەبینێت «ئەرێ مامۆستا مانگانەکە زۆرى ماوە؟» ئەوە تەنیا قسەیەکى گرنگە لەگەڵ مندا هەیبێت، ڕەنگە لەگەڵ ژنەکەیشیدا. لەیدى خۆش دەویست، لە من زیاتر بە ڕۆیشتنى کاریگەر بوو، هەندێ جار لەگەڵ کڕینى ڕۆژنامەکاندا دیاریی بۆ ئەویش دەهێنایەوە. لە ژوورەوە تەماتە سوور دەکرێتەوە، بۆنەکەى تێکەڵ بە بۆنى پیاز و دایبیی فڕێدراو دەبێت و دەگاتە قاتى سەرەوە. دەنگى گریانى کوڕەزاکەى دێتە حەوشە. کوڕە تاقانەکەیان کاتێک زانکۆ تەواو دەکات، لەگەڵ هاوڕێیەکى خۆیدا هاوسەرگیرى دەکات. دواى منداڵێک جیا دەبنەوە. خانووەکەى باوکى دەفرۆشێت و ڕێگەى ئەوروپا دەگرێت، منداڵە یەکساڵانەکەى لاى ئەمان جێ دەهێڵێت، ئەوە ساڵێکە کرێچیى ماڵى باوکى ئۆسکارن. «بۆنى تەماتە، پیاز و دایبیی فڕێدراو تەواو نابن لەم ماڵە کاولبووە.» بە کەمێک بێزارییەوە وا دەڵێت پیاوى سەر کورسییەکە. ژن بە «تۆ کەى لە جیاتى ئەو ڕۆژنامە بێسوودانە، شتى باشترت هێنایەوە، شەرت بێ منیش خواردنى خۆشترت بۆ ئامادە بکەم.» وەڵامى دەداتەوە. لەم دیمەنە دووبارە بێزار دەبم، دێمە ژوورەوە و پشوو دەدەم. بە دیوارەکەوە وێنەیەکى منداڵیم هەڵواسراوە، بەوەى هیی چەندین ساڵ پێش ئێستایە تۆزێک شوختى بەر کەوتووە، وێنەکە ڕەشوسپیى لێڵە و دەستێک لە پشتەوە گرتوومى، بەبێ بیرکردنەوە دەڵێم دەستى دایکمە.

جارێکى تر لەو دەستانە ورد دەبیتەوە.

بەڵێ، دەستى دایکمە.

ڕۆژێکی چوارشەممەیە و خۆر بەرەو ئاوابوون دەچێت، دایکى ئۆسکار لەناو حەوشەکەدا ئاوى گوڵەکان دەدات. سکى بەو کچە پێنجمانگییەوە هەیە، کە دواتر باوکى ناوى دەنێت لەیدى. لە مۆبیلەکەیەوە زەنگ لێ دەدرێت. هەڵیدەگرێت، ئۆسکارى حەوتساڵانە و «دایکە، خاڵە عەلی مرد.» مۆبیلەکە لە دەستى دەکەوێتە خوارەوە، یەک وشە نایەتە سەر زمانى و خێرا دەبوورێتەوە. چەند مانگێگ دواى ئەو ڕووداوە و بە دیاریکراوى یەک مانگ پێش هاتنەدونیاى لەیدى، لە شەوێکى سەرەتاکانى هاویندا، تۆ و ئەو لەناو چیمەنى حەوشەکە لە سەرپشت پاڵ دەکەون، لەو بەشەى هیى دایکى ئۆسکارە. تۆ بە دەستەکانت وێنەیەک دەکێشیت؛ دڵ، چەندین ئەستێرە دەکەونە ناو دڵەکەوە. ئەو پێدەکەنێت. ئەو گوێ دەگرێت و تۆ ئەم شیعرەى ‹خانی›ـی بۆ دەڵێیت:

مـــەم گوتی: بـۆت گەلێ بــەتاســەم            گیان بێنەوە بەر بـای ھەناسـەم

بۆی ژیاوە مەمۆ بــــە گفتی زینـــێ               بووژایەوە بەشـــــــــبڕاو لە ژیـنـێ

دەتەوێت بوەستیت و ئەو بە ئاماژە پێت دەڵێت بەردەوام ببە:

ھەر چاوی کەوت بە مەستی چاوی              تین ھاتەوە بەر دڵ و ھــــــەناوی

لەگەڵ پێکەنینێکى هێمندا، ئاهێکى ساردیش هەڵدەکێشێت، وەکوو ئەوەى بیەوێ بڵێت «زۆر جوانە و سەرسامت کردم.» بەڵام نایڵێت، دروستتر ناتوانێت بیڵێت. بۆ ڕۆژى دواتر، کاتێک لە خەو هەڵدەستیت، ئەو قاپ دەشوات، لە قاپشتندا بڕواى دەستکێش نییە «بە دەستکێشەوە ناتوانم قاپ بشۆم.» جارێکیان وا دەڵێت و داوات لێ دەکات بە شیعر ئەمەى بۆ دابڕێژیتەوە «چێژى قاپشتن لەوەدایە لەمسیان بکەیت. دەستکێش ئەم چێژە دەکوژێت.» ئەو پێدەکەنێت، چاوێکت لێ دادەگرێت و بە دەستى لایکت بۆ دەکات. وا خەریکە لە حەوشەکەوە ماچێکى بۆ هەڵدەدەیت، لەناکاو دەنگى زڕەى پیاڵە و شڵپەى پوولى دۆمینۆکان بەئاگات دەهێننەوە. چایخانەکە پڕە لە دووکەڵ؛ ئێرە بە گشتى پیاوانى بەتەمەن ڕووى لێ دەکەن. پیاوێک، بە سیمایدا وا دەردەکەوێت پەنجاى تێپەڕاندبێت، بە چاکێت و پانتەڵۆنێکى ڕەساسیى خەتخەتەوە خۆى بە ژووردا دەکات و تۆ پێت وایە لەسەر کورسییەکى نزیکى تۆ دادەنیشێت. لەسەر کورسییەکى نزیکى تۆ دادەنیشێت. تۆ دەڵێى ئێستا داواى ماست و چا و نانى گەرمیش دەکات. داواى ماست و چا و نانى گەرمیش دەکات. بیر دەکەیتەوە ئێستا ڕۆژنامە لوولکراوەکەى گیرفانى چاکێتەکەى دەردەهێنێت و دەیخوێنێتەوە. ڕۆژنامە لوولکراوەکەى گیرفانى چاکێتەکەى دەردەهێنێت و دەیخوێنێتەوە.

تا لەبەر ئەو بارانە منداڵە کلێنکسفرۆشەکە دەخەیتە ناو ئەو تاکسییەى کەمێک پێش ئێستا دوو کچ چوونە ناویەوە، ترافیکەکە چەندین جار سوورو چەندین جاریش سەوز دەبێت. دواتر بۆت ڕوون دەبێتەوە ئەوانە کچ و دایکن. هەرچۆنێک بێت دەیگەیەنیتە نەخۆشخانە، هەندێ لە ژنەکان جلەکانیان تەڕە و منداڵەکانیان لە باوەش کردوون. چاوت دەچێتە سەر منداڵێک، جووڵەى نییە، پێت وایە مردووە. نەمردووە. منداڵە کلێنکسفرۆشەکەت لە باوەشدایە، ڕێک دەڵێى ئەو ساتەیە لەیدى لەدایک دەبێت و دایکى بەسەریەوە دەمرێت.