بە چی دەتوانم ڕاتگرم؟
شەقامە لەڕولاوازەکانت پێشکەش دەکەم، ڕۆژئاوا بێچارەکان، مانگی
کۆڵانە بڕگەبڕگەکانی دەوروپشتی شار.
تاڵیی پیاوێکت پێشکەش دەکەم
کە ماوەیەکی دوورودرێژ چاوی بڕیوەتە مانگی تەنیا.
باب و باپیرانمت پێشکەش دەکەم، پیاوە مردووەکانم، ئەو ڕۆحانەی
پیاوە زینووەکان بە پەیکەری مەفرەخی ڕێزیان لێ گرتوون:
باوکی باوکم کە لە سنووری بوێنۆس ئایرێسدا، دوو گوللە بەنێو
سییەکانیدا تێپەڕی، ئەو پیاوە ڕدێندارە مردووەت پێشکەش دەکەم
کە سەربازەکانی لە پێستەی گادا پێچابوویانەوە؛ باوەگەورەی دایکمت پێشکەش دەکەم
کە بەس بە بیست و چوار ساڵی تەمەنەوە پێشەنگی هێرشی سوپایەکی سێسەدکەسی بوو لە پێروودا
سوپایەک کە ئێستا بوونەتە ڕۆحانێک بەسەر ئەسپە نادیارەکانەوە.
ئەو دەروونبینییەت پێشکەش دەکەم کە لەوانەیە کتێبەکانم لەخۆیان گرتبێت
و هەرچی پیاوەتی و گاڵتە و گەپێک کە لەوانەیە ژیانم لەخۆیی گرتبێت.
وەفاداریی پیاوێکت پێشکەش دەکەم
کە پێشتر هەرگیز وەفادار نەبووە.
کاکڵەی خۆمت پێشکەش دەکەم کە هەرچۆنێک بێ پاراستوومە
ئەو دڵە بنگەهییە کە مامەڵە لێل وشەدا ناکا، لەگەڵ خەون و خەیاڵ ناکەوێ، و
زەمان، شادی و چەرمەسەری کار ناکاتە سەری.
یادی گوڵەباخێکی زەردت پێشکەش دەکەم کە ساڵانێک
پێش لەدایکبوونت، لە زەردەپەڕدا چاوی لێکراوە.
ڕوونکردنەوەگەلێکت پێشکەش دەکەم لەسەر خۆت، بیردۆزگەلێک
لەمەڕ خۆت، هەنێ هەواڵی ڕاستەقینە و سەرسووڕهێنەری خۆت.
دەتوانم تەنیاییمت پێ بدەم، تاریکیم، برسێتیی ئەم دڵەم؛ هەوڵی چی دەدەم؟
کە بەرتیلت پێ بدەم. بەرتیلەکەشم دڕدۆنگییە و مەترسی و شکست.
١٩٣٤
بۆرخێس ئەم شیعرەی هەر بە ئینگلیزی نووسیوە، ئەو زمانەی بە منداڵی لە دایەگەورەیەوە فێری ببوو، و منیش لە ئینگلیزییەوە کردوومەتە کوردی.