سەبارەت بەو قیژانەی کە تەواو نەبوون و تەواو نابن
ئەگەر تۆ ئارکیۆلۆژیک نەبیت، بەڵام خولیای شوێنەوارناسیت هەیە، یان خاوەن نیگایەکی ساردی وەک ئەوەی کە دکتۆرەکانی توێکاری (ئەنەتۆمی) لە لابۆرەکانی توێکاریی لاشەکاندا هەیانە، ئەوا بێگومان ئێسکی کەللەسەری مرۆڤ سەرنجت ڕائەکێشێت، وەک ئەم وێنەیەی خوارەوە:
لەم وێنەی ئێسکی کەللەسەرەدا ئەبینین کە ناوچەوانی پانە، حەوزی هەردوو چاوی لە یەک دوورن، هەرچەند بە پارچە پەڕۆیەک بەستراون، چاڵی لووتی ڕێکە لەگەڵ ئێسکەکوڵمی هەردوو لای ڕومەتیدا، ئینجا چاوت ئەکەوێتە سەر دوو ڕیز ددانی ڕێکی هاوتا کە هێند جوان ڕیز بوون، بەوەدا دەرئەکەوێت کە ئەوە ئێسکی کەللەسەری ژنێکە لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا.
ئەندازەی کەللەسەرەکە بەوەی کە درێژ و لاکێشەیییە، دەریدەخات کە ئەوە کەللەسەری نەژادی ئارییەکانە، ئەمەش واتە ئەمە کەللەسەری ژنێکی کوردە.
لە پێوانەی شوێنی کەللەسەرەکە بە ماوەی مانەوەی لەو شوێنەدا دەرکەوت شوێنی گۆڕێکی بەکۆمەڵی کوردەکانە کە لە هێرشەکانی ئەنفالدا ساڵی ١٩٨٧ کۆمەڵکوژ کراون و لە شاری (سەماوە) ژێرخاک کراون.
ئینجا دڵنیا ئەبین کە خاوەنی ئەو کەللەسەرە ژنێکی کوردە کە لەگەڵ مناڵەکانیدا گیراوە و دوای ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسی و زیندانکردن، فەرمانی کوشتنیان و گوللەبارانکردیان دەرچووە لەدوای جێبەجێکردنی فەرمانەکە فڕێدراونەتە گۆڕێکی بەکۆمەڵەوە.
لێرەوە چیتر مافی ئارکیۆلۆژیست و دکتۆرەکانی توێکاری نییە لەوێ بمێننەوە، دەبێت بڕۆن، چونکە لێرەدا نووسەر دێتە پێشەوە و باسەکە دەکەوێتە سەر(قیژە):
بەتەواوی ناتوانین تەمەنی ئەم قیژە تەواونەکراوە کە لە دەمی ئەم کەللەسەرەوە دێتە دەرەوە دیاری بکەین، چونکە تا ئێستاش دۆسیەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال دژ بە خرڵکی کورد دۆسیەیەکی نهێنیی سیادی بووە لە دەوڵەتی عێراقیدا..!
بەڵام دەتوانین وێنای ئەوکاتە بکەین کە چۆن گوللە گەرمەکان وەک پشکۆ جەستەی ئەم کوردە بێ چەک و بێدەسەڵاتانەیان بڕیوە و لە نیوەی قیژەکەدا فریشتەی مەرگ هاتۆتە لایان و پێی وتوون ئێوە دەمرن (نەسرین، شیرین، پەروین، پاکیزە، گوڵاڵە) ئیدی دەبێت ئێوە بمرن.
هەروەک چۆن فیشەکەکان ڕاوی جەستەیان دەکەن، ئیدی ئێوە ئامانجی خوداییی ستەمکارانن.
گەر سەرنجی وێنەکە بدەین ئەبینین ئەم قیژەیە بەرەو کەسێکی نادیارە، کە بەدروستی نازانین کێیە.
ڕەنگە بەرەو خودا بێت، چونکە هەمیشە گوندنشینەکان ئۆباڵی کارەساتە سروشتییەکان کە بە سەریاندا دێت و مافە خوراوەکانیان و ئەو ستەمانەی کە لەلایەن ئادەمیزادەکانی ترەوە لێیان ئەکرێت، دەخەنە ئەستۆی ئەو.
یان ڕەنگە ڕووی ئەو قیژەیە لە باوکێک یان دایکێک بێت کە داوای بەهاناچونییان لێ بکەن، چونکە کەسانی سادەی گوندنشین بۆ ئەبەد هەر ئەو مناڵە لە ناخیاندایە کە هەمیشە هاوار و فریادی دایک و باوکی دەکات.
یان ڕەنگە ئەو قیژەیە ڕووی لە پێغەمبەرێک یان قارەمانێکی وەک (کاوەی ئاسنگەر) بێت، کە وەک فریادڕەسێک بێت و ڕزگاریان بکات لەو کارەساتی ئازار و ئەشکەنجە و خوێن بەربوونەیان.
لە وێنەکەدا بۆشایییەکی بچووک لەو پەڕۆی چاوبەستەدا ئەبینین، کە پەڕۆکە کەمێک لە سەر چاوەکان لابراوە تا ڕێ بدات ترووسکایییەکی کەم بگاتە چاوەکان بەڕادەیەک بتوانێت بکوژەکەی ببینێت و قیژەی بەسەردا بکات، بەڵام بکوژەکە نەیهێشتووە قیژەکەی تەواو بکات.
لەم وێنەیەدا ئەبینین کە ئەم ڤیژە تەواو نەکراوە وەک دوا کارێکی مرۆڤانە دەرئەکەوێت کە بەبێ هیچ فەلسەفەیەکی ڕەتکردنەوە ناڕازییە.
ئەوە قیژەی ناڕەزایەتییەکی نەخەمڵیوە، ناڕەزایەتییەکی بێگەردی تێنەپەڕ، کە پشت بە هیچ هێزێکی دەرەوەی سنووری خۆی نابەستێت، نە پشت بە هێزی هیچ حیزبێک، نە پشت بە هێزی هیچ دەوڵەتێک، نە پشت بە هیچ هێزێکی دینی و غەیبی دەبەستێت بۆ خۆپاراستن. بەڵکوو ئەوە قیژەیەکی مرۆڤانەی منداڵانەیە، ئەوە قیژەیەکی شکست خواردووی تەواو نەکراوە.