وشەکان

ئەم یاداشتەی دەیخوێننەوە وۆلف یەکەمجار لە ٢٩/٤/١٩٣٧ لە ڕادیۆی bbc خوێندوویەتیوە، ئەوەش تەنیا دەنگێکە لە ڤیرجینیا وۆلف ماوەتەوە.

***

وشەکان، وشە ئینگلیزییەکان پرن لە زایەڵە، یادەوەری و هاونشینی. ئەم وشانە چەندین سەدە لەسەر لێو و زاری خەڵک، لە ماڵەکانیان، لە شەقامەکان، لە کێڵگەکاندا هەبوون. ئەمەش هۆیەکی گرنگە کە نووسینی ئەم وشانە ئەمڕۆ هێندە ئەستەمە. چونکە وشەکان لەگەڵ یادەوەرییەکانی ئەوی تر لە زەیندا هەڵکۆڵراون و لە ڕابردوودا تێکەڵاوی و پێوەندیی بەناوبانگی زۆریان بەستووە.

بۆ نموونە وشەی پڕشنگداری ” incarnadine”[1]، چ کەسێک دەتوانێ ئەم وشەیە بەکار ببات و “شەپۆلە بێبڕانەوەکان”[2]ی بیر نەکەوێتەوە؟ هەڵبەتە سەردەمێک کە ئینگلیزی، زمانێکی نوێ بوو، نووسەرەکان وشەگەلێکی نوێیان دادەهێنا و بەکاریان دەهێنا. ئەمڕۆش رێی تێدەچێ چێکردنی وشەی نوێ، دەشێ زۆر ئاسان بە بینینی دیمەنێک یان هەستێکی نوێ، وشەیەک خۆبەخۆ بێتە سەر لێومان، بەڵام چونکە ئینگلیزی زمانێکی کۆنە ناتوانین لەم داهێنانانە کەڵک وەربگرین. وشەیەکی نوێ ناتوانین لە زمانێکی کۆن بەکار بهێنین. هۆیەکەی دەزانین و هەڵبەتە هەمیشەش ڕەمزاوییە: ئەم ڕاستییە کە وشە بوونێکی سەربەخۆی نییە بەلكوو بەشێکە لە وشەکانی دیکە. یان بە دەربڕینێکی تر وشە لە ڕاستیدا وشە نییە مەگەر ئەوەیکە بەشێک بێت لە ڕستەیەک.

وشەکان پەیوەست و گرێدراوی یەکترن، هەرچەندە تەنیا نووسەریکی گەورە دەزانێ وشەی ” incarnadine ” سەر بە “شەپۆلە بێىرانەوەکان”ە… تێکەڵکردنی وشە نوێ و کۆن کوشندەیە بۆ بونیادی ڕستەکە. بۆ ئەوەی سوود لە وشەی نوێ وەربگرین، پێویستمان بە داهێنانی زمانێکی نوێیە. بە دڵنیایییەوە بەزوویی زمانێکی نوێمان دەبێ و، ئەمڕۆ کەڵکەڵەمان بیرکردنەوە لە زمانی نوێ نییە. پرسەکە ئەوەیە چۆن دەتوانرێ زمانی ئینگلیزیی ئێستا بەکار بهێنرێ. چۆن دەتوانرێ وشە کۆنەکان بە ڕێسای نوێ ئاوێتە بکەین بۆ ئەوەی گرەنتی مانەوەی وشەکان بکرێت و جوانی چی ببێت و وشەکان بتوانن هەقیقەت بڵێن؟ ئەمە پرسیارە بنەڕەتییەکەیە.

بە کەسێک کە بتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە شایەنی ئەوەیە خەڵاتی شانازیی مەزنی پێشکەش بکرێ. بیهێننە بەرچاوتان گەر بتوانرێ فێری هونەری نووسین-وانەوتنەوە و فێرکارییەکەی- بەدەست بهێنین. ئەوکات هەر کتێبێک یانژی رۆژنامەیەک کە بەدەستەوە بگرن هەقیقەتیان دەوت و جوانییان چێ دەکرد؛ بەڵام بەربەستگەلێک لەسەر ڕێگەی فێرکاریی وشەکاندا هەیە: لانی کەم بە سەدان پرۆفیسۆر لەسەر ئەدەبیاتی کۆن وانە دەڵێنەوە و سەدان ڕەخنەکار سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەسەر ئەدەبی نوێ. هەزاران ژن و پیاوی گەنجیش بە شانازییەوە لە تاقیکردنەوەکانی پێوەند بە ئەدەبی ئینگلیزییەوە دەردەچن؛ لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئایا ئێمە باشتر دەنووسین؟ لەچاو چوار سەد ساڵ پێش – کە وانە و ڕەخنە و فێرکاریمان نەبووە- باشتر دەنووسین و باشتر دەخوێنینەوە؟ ئایا ئەدەبیاتی مۆدێرنی سەردەمی جۆرج[3] تەنیا پینەیەکە لەسەر ئەدەبیاتی ئەلزابیت[4]؟ کێشەکە لە کوێدایە؟ سووچەکە لەئەستۆی پرۆفیسۆر یان رەخنەگر یانژی نووسەر نییە بەڵکوو لە ئەستۆی وشەکاندایە. وشەکان، وەحشیترین و ئازادترین و نابەرپرسیارترین شتەکانن؛ ناتوانرێ وشەکان فێر بکرێن. بەڵێ دەتوانرێ وشەکان بگری و ڕێکیان بخەی و لەسەر بنەمای ئەلفبێ لە فەرهەنگی زماندا ڕیزیان بکەی؛ بەڵام وشەکان لە زەیندا دەژین نەک فەرهەنگی وشەکان. بۆ نموونە لە ساتە هەستەوەرەکاندا واتە کاتێ کە پتر لە هەر کاتێکی تر پێویستمان بە وشەکانە ناتوانین وشەیەک بدۆزینەوە بەڵام فەرهەنگی زمان بە نزیکەی نیو ملیۆن وشەوە کە هەموویان لەسەر بنەمای ئەلفبێ ڕێک خراون لە بەردەستمانن. بەڵام ناتوانین بەکاریان بهێنین چونکە وشەکان لە فەرهەنگی زماندا ناژین لە زەینماندا دەژین.

وشەکان لە فەرهەنگی زماندا ناژین لە زەینمان دەژین

لە فەرهەنگی زماندا دەتوانرێ شانۆنامەیەکی پڕشکۆتر لە “ئانتۆنی و کیلۆپاترا”[5]؛ شیعرێکی جوانتر لە چامەی بولبول[6] و ڕۆمانێک بدۆزیتەوە کە “غرور و دەمارگرژی”[7] و “داڤید کاپرفیلد”[8] لە بەرانبەریاندا، بەرهەمگەلی ئەماتۆر بن. پرسەکە تەنیا دۆزینەوەی وشەی گونجاوە و ڕیزکردن و ڕێکخستنیانە، بەڵام ئەمە ناکرێ چونکە ژیانیان لە زەیندایە نەک فەرهەنگی زمان. وشەکان چۆن لە زەیندا دەژین؟ بە شێوەی جۆراوجۆری سەیر و سەمەرە، ڕێک بە هەمان شێواز کە مرۆڤەکان دەژین: لێرە و لەوێ پەراگەندەن، ئەوینداری یەک دەبن و جووت دەبن، هەڵبەتە ئەوان لە ئێمە کەمتر وابەستەی نەریت و ڕێوڕەسمەکانن. وشە شاهانەیییەکان لەگەڵ وشە ئاسایییەکاندا ئاوێتە دەبن. وشە ئینگلیزییەکان ئەگەر ئەندێشەیان هەبێ لەگەڵ وشە فەڕەنسی، ئەڵمانی، هیندی و ڕەشپێستەکان تێکەڵ دەبن. هەرچەند کەمتر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردووی زمانی ئینگلیزی بۆ ناوبانگیی زمان باشترە. چونکە دایکی ئێمە بووەتە کچە دەربەدەرێک. هیچ جۆرە ڕێسا و یاسایەک، سوودێکی بۆ حاڵی ئەم سەرگەردانە نابێت، ئەو چاک نابێ. تەنیا دەتوانین بە چەند یاسا و ڕێسایەکی ڕێزمانی و بژوەیی سنووردار بکرێ. لەگەڵ وشەکان لەسەر لێواری ئەشکەوتێکی قووڵ، تاریک و ترووسکایییەک کە تیایدا دەژین- کە هەمان زەینە- رادێین. وا پێدەچێت ئەوان لە خەڵکیان دەوێت بەر لە بەکارهێنانیان، تێرامێنن و هەست بکەن، بەڵام نەک لەبارەی ئەوانەوە بەڵکوو لەبارەی شتێکی جیاوازەوە. ئەوان بەقووڵی هەستیار و خود-ئاگان.

ئەوان پێیان خۆش نییە لەبارەی پەتی و ناپەتیی بوونیانەوە گەنگەشە بکرێت. ئەگەر ئەنجوومەنێک بە ناوی ئەنجوومەنی ئینگلیزیی پەتی دامەزرێنن، ناڕەزایەتیی خۆیان بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئینگلیزیی ناپەتی پیشان دەدەن – ئەنجامەکەشی دەبێتە توندوتیژییەکی ناسروشتی کە لە ئاخافتنی مۆدێردندا هەیە؛ ئەمەش ناڕەزایەتییەکە لە دژی پیوریتەنەکان[9]. وشەکان زۆر دیموکراتیکن، هەروەها لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەر وشەیەک لە ئاستی باشی وشەیەکی ترە، وشە نەخوێندەوارەکان هێندەی وشە خوێندەوار و ڕۆشنبیرەکان بەها و گرنگییان هەیە. لە کۆمەڵگاکەیاندا هیچ پلە و نازناوێک نییە. ئەوان حەزیان لەوە نییە بە نووکی قەڵەمێک لە جێ بەرز بکرێنەوە و بە جیا هەڵسەنگێنرێن. ئەوان لە ڕستە یان پەڕەگراف و هەندێ جار لە لاپەڕە بەدواییەکەکاندا لەپاڵ یەک دەمێننەوە. رقیان لە سوودمەندبوونیانە؛ بێزارن لە پارە پەیداکردن و هەروەها ئەوەش کە لە شوێنە گشتییەکان لەبارەیانەوە وتار بدەن؛ رقیان لە هەرچییەکە کە بیەوێت ئەوان لە مانایەکدا پێناسە بکات یان لە ڕوانگەیەک سنوورداریان بکات، چونکە گۆڕان سروشتی ئەوانە.

وشەکان خۆیان بە فرەڕەهەندی بوون هەوڵ بۆ تێگەیشتن و گەیاندنی هەقیقەتێک دەدەن کە فرەڕەهەندە.

ڕەنگە هەر ئەم پێویستییە بە گۆڕان، سەرنجڕاکێشترین تایبەتمەندیی ئەوان بێت. وشەکان خۆیان بە فرەڕەهەندی بوون هەوڵ بۆ تێگەیشتن و گەیاندنی هەقیقەتێک دەدەن کە فرەڕەهەندە. بەم پێیە مانای ئەوان بۆ کەسێ شتێکە بۆ ئەوی تر شتێکی ترە؛ بۆ نەوەیەک لەتێگەیشتن نەهاتوو و بێواتایە و بۆ نەوەی دواتر سادەیە وەک کۆپاڵێک. هەر ئەم ئاڵۆزییە- ئەو دەسەڵات و هێزەی کە وشەکان بۆ خەڵکی جیاواز مانای جیاوازیان هەبێت-هۆی مانەوەی ئەوانە.

ڕەنگە هۆی ئەوەی کە ئێمە ئەمڕۆ شاعیر، ڕۆماننووس یان ڕەخنەگری گەورەمان نییە ئەوەیە کە ئیزن نادەین بە وەدەستهێنانی ئازادییەک کە لە ئاستی شکۆی ئەواندایە. لە مانایەکدا ئەوان سنووردار دەکەین، مانایەک کە پێمان وایە سوودمەندە، ئەو مانایە کە بە بەکارهێنانی دەگەینە شەمەندەفەری دواتر یان لە تاقیکردنەوەکە دەردەچین…


[1] ئەرخەوانی کردن

[2] ئاماژەیە بە بڕگەیەک لە پەردەی دووەمی شانۆنامە مەکبێسی شکسپیر

[3] georgian literature قوتابخانەی ئەدەبی ئینگلیزی کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای پاشایەتی شا جۆرجی پێنجەم دامەزرا.

[4] Elizabethan literature ئەدەبیاتی ئەلیزابێت، کۆمەڵە بەرهەمێکی ئەدەبییە کە لە سەدەمی پاشایەتی ئەلیزابێتی یەکەمی ئینگلیز (١٥٥٨-١٦٠٣) نووسراون.

[5] شانۆنامەیەکی شکسپیرە

[6] چامەی شاعیری ناسراوی بەریتانی (جۆن کێتس١٧٩٥-١٨٢١)

[7] ڕۆمانێکی بەناوبانگی جان ئاسین(١٧٧٥-١٨١٧)ە

[8] ناوی ڕۆمانێکی چارلێس دیکێنز(١٨١٢-١٨٧٠)

[9] puritans پیوریتەنەکان لە سەدەی ١٦ و ١٧ کە دەیانویست بە وەژارتنی کەلیسای ئینگلیز، لە دەستی پەروەردە و فێرکردنی کاتۆلیک ڕزگاری بکەن.