نووسین

یاداشتە ڕۆژانەیییەکانی شاعیرێک

ئەلێکساندرا پیزارنیک (alejandra pizarnik) لە ٢٩ی ئەپریلی ١٩٣٦ لە دەوروبەری شاری (بوینس ئایرێس)ی ئەرژەنتین لەدایک بووە، لە ٢٥ی سێپتەمبەری ١٩٧٢ لە شەقامێکی بوینس ئایرێس خۆی دەکوژێ.

لە ساڵی  ١٩٥٤ چووە کۆلیژی فەلسەفە و ئەدەبیات، هەر ئەو قۆناخەش دەچێتە کلاسێکی شیوەکاری بە سەرپەرشتی نیگارکێشی سوریالیست باتل پلاناس. هەروەها خولێکی ڕۆژنامەوانیشی خوێندووە.

لە ساڵی ١٩٥٥ نۆزدە ساڵە. یەکەمین کتێبی شیحری بە ناوی “دوورترین سەرزەمین” چاپ دەکات.

لە ساڵی ١٩٥٦ دووەمین کتێبی شیعری بە ناوی “دوایین بێگوناهی” بڵاو دەکاتەوە.

لە ساڵی ١٩٦٠ تا ١٩٦٤ لە شاری پاریس دەبێت و تێکەڵی مەحفەلی نووسەرانی ئەو شارە دەبێت، لەگەڵ کەسانی وەک هەنری میشو، ئاندرێ پییەر دۆ ماندیارگ و ئیڤ ژان بۆنێفۆی و هەروەها نووسەرانی وەک ئۆکتاڤیۆ پاز و خولیۆ کورتازار و یەکێ لە کتێبەکانی لە پاریس چاپ دەکرێت و ئۆکتاڤیۆ پاز پێشەکیی بۆ دەنووسی،  ئەلێکساندرا(یان ئەلێخاندرا) شیعری شاعیرانی وەک ڕامبۆ و ژان بۆنێفۆی و … وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئیسپانی. بۆ کتێبی (کارەکان و شەوەکان) چەندین خەڵاتی گرنگ دەباتەوە و لە ٢٨ ساڵیدا ناوبانگێکی فراوان پەیدا دەکات.

ساڵی ١٩٧٠ بە ئامفێتاین دەیەوێ خۆی بکوژێ بەڵام ناکام دەبێت و لە ٢٥ سێپتەمبەری ١٩٧٢ بە حەبی سێکۆباربیدال لە یەکێ شەقامەکان بوینس ئایرێس خۆی دەکوژێ.

ئەمەی خوارەوە وەرگێڕانی بەشێک لەو یاداشتانەیە کە ڕۆژانە پیزارنیک لە ساڵی ١٩٦٣ لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا تۆماری کردوون. هەموو یاداشتەکانی ناوبراو لەبارەی زمان و شیعر و کتێب و ڕەنج و خۆکوشتن و مەنفا و ئەو کتێبە و نووسەرانەوەیە کە خوێندوونیەتەوە. لە داهاتوودا بەشەکانی دیکەش وەردەگێڕین. ژنەفتن

ئەلێکساندرا پیزارنیک (alejandra pizarnik)

***

٢ی جانوییەر

بە دەست خۆت نییە ئەگەر شیعر لە شتێ دەدوێ کە نییە. ئەگەر شیعر لە شتێ بڵێ کە هەیە، یانی کەسێ کە دەبوایە بهاتایە نەهاتووە. ئێستا بۆچی خەریکم ئاوها بە فەرمانگەلێ قسە دەکەم کە کەس و کاتەکەیان ناسراوە، وەکبڵێی شمشێر بەدەست تەواوی شەو بەخەبەر بووبم؟

٣ی جانوییەر

ڕاستییەکەی، هیچ کەسێک پتر لە سێ-چوار شیعری بەڕاستی جوان و “گرنگ”ی نەنووسیوە. ئەوپەڕەکەشی دابنێین، دە شیعر. لە کۆڤێدۆ[1] تا ڕۆڤێردی[2] و لە کرێتیەن دۆ ترۆیێ[3] تا من، بەپێچەوانەی گەنجییەکەم، شیعرێکی باشم هەیە.

بارودۆخێکی پڕووکێنەر. دۆخی لەناکاو. بۆ کوێ بڕۆم؟ ئیدی لەبیرم نییە کێم خۆش دەوێ. تەنانەت بیرم ناکەوێتەوە چ کەسێکم خۆش ویستووە. جگە تینوویەتی هیچ شتێکم لەبیر نییە، جگە لە تەماتێکردنی بڕێک چنگگرتن لە خۆم، دەمێ دیدەنی لەگەڵ شتێک، لەگەڵ کەسێک. لە ڕاستیدا، ئیدی بۆم گرنگ نییە. دەکرا لەسەر شەقام میز بکەم. دەکرا بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێیم. دەکرا خۆم بە ڕووتی بخەمە بەرچاوی ئەوانی تر، لەسەر پایەی پەیکەرێک.

هیچ کەرامەتێکم نییە. بەس کەمێ بەزەییی غەریبم بۆ ماوەتەوە، بەزەیی بە خۆم و بە هەموو مرۆڤەکان. هەستگەلێکی زادەی دەرچوون. تۆفیریشی نییە. کاتێ سەیری ڕوخسارەکانی نێو شەقام دەکەم، دەدەمە قاقای پێکەنین. تەنیا کاتێ جیدی دەبمەوە کە منداڵەکان لە پێشمدا تێدەپەڕن، بەتایبەت گەر چاوانیان ڕۆشن بێت. ئەوەی لە بۆسەمدایە، تا جێیەک کە بیرم دێتەوە، دەرهەستە. تێمدەخزێ و داگیرم دەکات. هەرچی هەست دەکەم وەکبڵیی بە پیتی گەورەیە. دەرهەست لە ڕووداوکان و جووڵەکان دەرباز بووە. تیامدا ئاخافتە بە چاوگ دەوترێ (بێ شەخس، بێ کات).

ئەحمەقانەترین دەمەتەقێ لەبارەی ئەوین: کاتێ بەردەنگ هەر دێ و هەر “من” دەخاتە سەرەتای قسەکانی. هەر چەندە خۆم لەگەڵ ئا، لەگەڵ ئۆ، لەگەڵ س لە چەند ڕۆژ پێشترەوە خەریکم ئاوا قسە دەکەم. بەڵام وەک هەمیشە خەونم، ئارەزووم ئەوە بووە کە بیر لە خۆم نەکەمەوە. نموونەیەکی هەر ئەم میمە. کە تەنیا بیست و یەک ساڵیەتی. کاتێ لەگەڵ ئەم کچە دادەنیشم بۆ قسە، هەموو شتێک باشتر دەبێ. ئەسڵەن جیهان دەبێتە شوێنێکی تر. بێگوناهیەکەتی بە گریانم دەخات (ڕەنگە بێگوناحی خۆیشم).


چوارشەمە، ٩

زستانی ترسناک، نیگەرانیی ڕۆیشتنەکەی.

 هێندە بیر دەکەمەوە، هێندە هەست دەکەم، بوومەتە پەیکەر. شاعیرانەیە بەڵام درۆیشە چونکە من لە سەرەتاوە پەیکەرم. مەیلی هەستکردن و بیرکردنەوە پاشان سەروسەکوتیان دەرکەوت.

لە خۆم دەپرسم یانی شیعر هێندە ترسناک و ئاستەمە کە من بە وەها گوتنی راهاتووم. جگە لەمانەش، وێناگەلێکی تاڕادەیەک بەکەڵک کە بە مێشکمدا تێپەڕیون، جیا جیا دەنووسرێن. شتەکانی دیکە سووک و چرووکییەکی بێکەڵکن.


یەکشەممە ١٣ی جانوییەر

خەریکم تاوان و سزا دەخوێنمەوە. هەر جارێک کە لە نوێوە دەیخوێنمەوە، دۆستۆیڤسکی هەست و تێگەیشتنم بۆ ئەدەبیات ئاوەژوو دەکاتەوە. راستییەکەی، پێم خۆشە. بەڵام پتر جوانیی زمان هۆشم دەبات تا پەیامە گریمانەیی یان بەڵگەهێنانەوەکانی. بەڵام دۆستۆیڤسکی ڕێک کاتی بێئارامیم هات. ئەمڕۆ کاتێ چاوم کردەوە پاش خەو، ماندوو و تادار بووم وەکبڵێی من ئەو تاوانەم کردبێت. قۆڵەکانم ئازاریان هەیە چما بە تەور مرۆڤەکانم لە پێ خستبێت. وردتر بمەوێ بڵێم، بەدەست دەردێکی ڕەمزاوییەوە ئازار دەچێژم. نازانم کەسێکی تریش هەیە کە لە ڕوونبینی بگات بە دۆستویڤسکی. ناسینە جادووییەکەی لەسەر ئەوەی دەڕووخێ بە سەرماندا، ئەسڵەن لەسەر ئەوەی بەسەر خۆمدا دێت، تووشی سەرسوڕمانم دەکات. بە پێچەوانەی “میلەر”ەوە (کە زۆر قەرزاریەتی) دۆستۆیڤسکی ئەسڵەن پەلەی نییە تا ئەنجام و ئاکامەکان بخاتە ڕوو. میلەر، پاش ڕووداوەکان، دادەنیشێ قسە دەکات، بە شێوەیەکی سەیر ئامۆژگاری دەکات. بەڵام دۆستویڤسکی خۆراکی وردەکارییەکانە. وەها بەکەیف و بەگوڕ دەچێتە ناو وردەکارییەکانەوە کە حاڵم خراپ دەکات. دیمەنگەلێکی هەیە کە وەکوو ئۆرگازمی بێڤاچن: یەکەم جار وادەزانین زاوێر بووین، بەڵام دوایی، لە جێیەکی وروژێنەری دیکە سەر دەردەهێنێ، دەرگای دیکە بە ڕوومدا دەکاتەوە و سەرلەنوێ دەست دەکەمەوە بە ئۆرگازم. ئەوەش بڵێم گاڵتەچێتیی دۆستۆیڤسکی ڕەنگە نەویستراو بێت. هەڵبەتە نا؛ بەتەواویش ئاگایانەیە. بۆ نموونە ڕاسکۆڵنیکۆڤ تف و نەفرەت لە خۆی دەکات لەسەر ئەوەی کڵاوەکەی نەکڕیوە و ئێستا ناچارە بەو شەپقە بەڕاستی ترسناک و قەشمەرجارە پیاسە بکات.

بەڵام ئێستا بەردەوام خەریکم بیر لە تاوان دەکەمەوە. کەڵکەڵەمە بۆچی تاوان هێندە گرنگە. ئێمە کە ئاسان ئەوین لەبیر دەکەین. بۆچی بەو ئاسانییە تاوان لەبیر ناکەین؟ پێم وایە دەکرێ، بە مەرجێ کە خوایەک لەئارادا نەبێ.


١٧ جانوییەر

بەرگری لە خۆت بە هەموو ئەلکولەکان. مەستیی ڕەها. نەک بۆ لەبیربردنەوە، بەڵکوو بۆ بیرخستنەوە. نەک ئەوەیکە من ئازار دەکێشم، نا! لەبەر خۆم. بەگشتی، هەمیشە لەبەر خۆم بووە و، بۆ ئەوەی ڕیزم بگرن. لە کاتی سێکس ئیتر هەر کاتێ ببێ، لە کاتی تووڕەیی، پڕ دەبم لە حەزی لووراندن. بەرگری نەکردن لە هیچ کەسێک. بەرگریکردن لە خۆم و ئینجا مردن. بەڵێ. ڕێک مەبەستم ئەمەیە.


٢٤، پێنج شەممە

“ئەلکولەکان”[4] پاساودەری تەنیایین. تەنیاییی مرۆڤ دەخاتە کار. مەحکوومن بە تەنیایی. شیعر بیانوویەکی باشە بۆ تەنیایی. چما بۆ ئەوەی شایستەی تەنیابوونت هەبێ دەبێ بڵێی: تەنیام تا بنووسم.

بەڵگە: ئەگەر شیعر نەنووسم ئیدی تەنیایی بەشم نییە. ناچارین بە تەنیایی. پاشانیش، سووکایەتیی پیس. تاراندن. یان باشتر بڵێم دەرکردن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا من هێشتا گەنجم. شتێ لە مندا لەسەر وەها بەندیخانەیەک دەورووژێ. لەمەودوا چاو دادەخەی لە مرۆڤ؟ هانم دەدا بەڵام شتێکی دیکەش لە وەسوەسەمدایە: یاخی بوون لە بڕیاری دیدارێکی ئاڵۆز. چ کەسێ بەڵێنەکەی داوە؟ خۆم.

ئەگەر تەواوی ڕۆژ لە ژوورەکەم بمێنمەوە لەبەر ئەوەیە کە ئەو دیدارەم پشتگوێ خستووە.

ئەمرۆ دڵخۆش بووم. لەبەر پۆستەچییەکە. لە ئاست نیگایەکی تایبەت. حەزم لێ بوو “تەیار” بم. وەک هاوینی ئەمساڵ کە تەیار بووم، هەر ئەو کاتەی کە لەش و دەروونم لە ئاگالێبوونێکی بەردەوامدا بوو…

“چما لە هەر شتێ هەڵدەکەوێ مزگێنی دیدارێک بدا”. جاڕز بووم. لە ماوەی ئەو دوو-سێ مانگە، ئاگالێبوون و هوشیاری، دیدارێک ڕێک نەکەوت. پاشان خۆم ڕادەستی تاریکی کرد. دەستم لە خۆم هەڵگرت. ئیتر هەموو ڕۆژێ دەست و دەموچاوم نەدەشۆرد. ئیتر پرچەکانمم کورت نەدەکردەوە. وازم لە ڕاهێنانەکانی هەناسە هێنابوو.

ئەمڕۆ ڕوخساری ئەو پۆستەچییە، وای لێ کردم بۆ هەزارەمین جار سەرلەنوێ دەست پێ بکەمەوە. ئیدی لە ڕۆژێکدا نووسینی شیعرێک و لە شەوێکدا خوێندنەوەی کتێبێک گەڕام. دەڕۆمە دەرەوە. خۆم دەخەمە نێو تەنگ و چەڵەمە. خۆم گرفتاری جێیەکی نادیار دەکەم. جێیەک کە موستەهەقم بێت. دانیشتووم لە ژوورەکەم لەخۆرا خەفەت لەو چوار دێڕە شیعرە دەخۆم کە هیچ کاتیش ئەوە نییە کە دەمویست بیڵێم. ئەگەر حەزم کرد دەیڵێم، هەر چی بێت.

دیمەنی رووبەڕووم، بڵێی و نەڵێی، خۆکوشتنە. هەموو ساڵێ دوای دەخەم. ئەمڕۆ زۆر دوام خست: کاتێ ببمە سی ساڵان خۆم دەکوژم. چی بکەم تا ئەوکات؟ دەبێ هەڵبژێرم: یان لەنێو ژوورێکی داخراو. شیعر، بێ سەروبەری، تەنیاییی دژوار و بەسام، ئازار، “ئەلکولەکان” یانژی شتی دیکە: پەرسایییەک کە ئەمڕۆ لەگەڵ پۆستەچییەکە دەستی پێ کرد، لەبەر ڕوخساری کە ئەم وشانەی بیر خستمەوە: “من چۆن دەتوانم لە پەنجەرەوە ئەوین فڕی بدەم”[5]. بەڵام دەبێ خۆم تووڕ بدەم. پێشتر بیرم لێ کردبووەوە. هیچ ڕوو نادات. بەڵام روخسار (ڕوخساری ئەو پۆستەچییە) خستمیە داوەوە و ناچاری کردم لە شەقام کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە گۆرانی بڵێم و حاڵی سامناکم لەبیر ببەمەوە: یانی سەرگێژییەکان، تینوویەتیی نائاسایی، سەرما، هەژاری، “بێوازی پیس”، ئازاری جەستەیی… لە نیگەرانیی گشتی و تایبەتییەکانم ئیتر قسە ناکەم، هەم لەبەر تەمەڵی و هەم لێرە کە پەیڤیەلێ نییە کە دەربڕ و وێژەری بێت. بەڵام ئەو ڕوخسارە، دیمەنی ئاڵۆزی ڕووبەڕوومی لەنێو برد، هێندە جوان بوو کە دەبوایە خەویم بینیبێت. کاتی نووسین هەر ئەم شتانە بە زەینمدا تێدەپەڕن، جارێک خەوم بینی کە خەریکم زوو زوو و بەتووڕەیی دەڵێم “من چۆن دەتوانم لە پەنجەرەوە ئەوین فڕی بدەم”. بەدبەختانە، لە باقیی خەوەکەم هیچم بیر نەماوە، جگە لەوەی دەنگم بە ساعەت درێژەی کێشا و زۆر گڕ و زبر بوو. تەسەورم دەکرد شکسپیر هاتبووە خەوم. مەحاڵ نییە! تەنانەت بابە و دایەش لەوێ بوون.

ئەوەی نووسیبووم دووبارە خوێندمەوە دەبوایە ئەو کارانە یاداشت بکەم کە پێشنیاری جێبەجێکردنیانم بە خۆم دابوو (پێکەنینم دێ). ئەم یاداشتانە دەبێ پشتگیری و گوێرایەڵیم ببووژێننەوە. هەر کە ئەمەم نووسی زانیم هەناسەم دەرنایەت. چل جگەرە لە ڕۆژێکدا؟ نازانم. ئەو هەموو جگەرەیە ناهێڵێ لە پلیکانەکان سەرکەوم یان ڕابکەم. چل جگەرە هیی “ئەلکولییەکان” و تەنیاییی شیعرن. یانی خۆم ئاگادارم چیم دەوێ؟ هەستی ئەوەم هەیە. هەروەها ترسم لێ نیشتووە “بەرنامە”کەم لەبەر بەدمەستی بە کۆتا دەگات کە من بەرەو بەڵێنی نوێ و بەرنامەی نوێ دەبات (بەرنامەی تەندروستیی جەستەیی و ڕۆحی و ڕێوشوێنی دەروونی-جەستەیی(سایکۆسۆماتیک)). وەک خەڵاتێک بۆ ئەم قۆناخە نوێیە، لانی کەم دەبێ کەیف بکەی کە هێشتا زیندووی، کەیف و خۆشی منداڵانەی بیست ساڵ پێشت هەیە. بێهوودە خۆت شەش مانگی ڕێک لەگەڵ کتێبە تۆزلێنیشتوو و دژوارەکان خستووەتە قەفەسەوە. بە خۆت دەڵێی تۆ مردووی بەڵام ڕاست نییە. سەرەڕای ئەمەش، خۆخەریککردنە بەردەوامەکانت لەگەڵ خۆکوشتن تەنیا ورووژانی سێکسی بەرزی هەیە. ڕاستییەکەی هەر ئەمەیە، مەرگ لە نێوەڕاستی سێکسدا دێت. خەریکم دەڵێم ئەگەر بە مەرگی ویستراوی خۆم نەمرم، ڕەنگە لە نەخۆشیی سامناکی منداڵدان دەمرم. ئا؟ بێ گوێدانە فرۆید. ئاگام لە لێکدانەوەکانی هەیە. خەوشێک لە کارەکەدا هەیە. هەستی پێ دەکەم بەڵام نازانم چییە. بەس وەک سەگ بۆنی دەکەم کە خەریکم درۆ دەکەم. بۆ ئەو ڕوخسارە وای لێ کردم گۆرانی بڵێم و حاڵی خراپ و پەژارەم پشتگوێ بخەم؟ دەتوانم وێنای بکەم چ وڵامێکم هەیە. دەترسم بیڵێم. ڕەنگە شادییەکەم لە سنووری گەورەی خودی ژیانم لەدایک بووە کە لەگەڵمدا کۆکە. یانژی ڕەنگە لە “بەرنامە”کەمدا بەدی هاتبێ. هیچ شتێ هێندەی “پرۆژە”یەک خوشحاڵم ناکات. پرۆژەی ئەمڕۆ شووم و خەفەتاوییە چونکە بەتەواوی دەزانم بەستراوە بە بێتوانایی کەسیمەوە. ئەرخەیانم کە هەمووشتێ بە بەدمەستییەکی بێخەوش بە کۆتا دەگات، یان ڕەنگە خراپتر: لەسەر چرپا لەگەڵ یەکێ لەو هەموو پیاوەی بەدوامدا دێن و جێی یەکتر ئاڵوگۆڕ دەکەن.

ماندوو بووم هێندە وەکوو بەلزاک کورسیم شکاند. هێندە حەوت هەشت کاتژمێر بێوچان لەپشتی مێز دانیشتم. بەلام بەڕاستی، حەزم دەکرد بتوانم هەڤدە کاتژمێر لەسەر کورسییەکە بمێنمەوە. هەموو ئەمانە بە هۆی “چەوتی” بیری منەوەیە. مەبەستم حسێب و کتێبی کاتی لەسەر کورسی دانیشتنە. ڕامبۆ خۆ مێزی نووسینی نەبوو. لەبەر ئەمەیە کە ئێستا کەس وەک ئەو نییە. هەموو دەیانەوێ ڕامبۆ بن، بەڵام بە مێزێکی نووسینەوە. لەبارەی خۆمەوە، ئەوە بڵێم دەمەوێ بەرنامەکەم بە ئاکام بگەیەنم. بەتایبەت کە بوومە سی ساڵ.


یەکی فێبرییەر

شیعر فریام دەکەوێ؟ نا، نە نووسینی نە خوێندنەوەی. ئەمە ئەو شتەیە کە ساڵانێکە ناتەوێ دانی پیا بنێی. شیعر تەنیایییەکی زۆرجوان هەڵدەگیرسێنێ. بەڵام ڕاستییەکە بەگشتی شتێکی ترە: نابێت بنووسی. هێڵنجم دێت. نا. دەترسم. دەزانم دەبێ خۆم بکوژم. ئەم کارە دەکەم؟ نا. مەرگ لە هەر شتێکی تر زیاتر دەمترسێنێ. لە ئێستادا، حەزم لە کارەسات نییە. وشە گەورەکان. بێوازیم لە بەرانبەر شیعر لێرەوە دێت. شیعرەکانی ‘وایەهو’م  دووبارە خوێندنەوە و کتێبەکەم فڕێ دا. هەر زاراویەکی بێپێچوپەنا لەبارەی ڕەنج تێمدا هەستگەلی نەفرەتاوی دروست دەکات. وەكبڵێی مشکەکوێرە بخۆم. دڵم بەس یەک شتی دەوێ: بە ‘نەفی’بوونم وەفادار بم. بزانم دەگاتە کوێ. ببینم تێبگەم. ببمە هاودەم لەگەڵ خۆم.

بەرنامەکەمم بیر چووەوە. پێم وایە زۆر پووچ و بێجێیە.


[1] Quevedo  (١٥٨٠-١٦٤٥) شاعیر و نووسەری سەردەمی زێڕینی ئەسپانیایە

[2] Reverdy  (١٨٨٩-١٩٦٠) شاعیری فەڕەنسی

[3] Chretien de Troyes (سەدەی ١٢ی زایینی) شاعیری فەڕەنسی

[4] ئاماژەی بە کتێبی (گیۆم ئاپۆلینێر) شاعیر و نووسەری فەڕەنسی.

[5] بڕگەیەک لە شیعرێکی ڕامبۆیە