کڵێشەی ڕەگەزیی «جیاییخوازی»

لە فارسییەوە: مەزهەر ئیبراهیمی

بەپێی توێژینەوەیەکی چەند ساڵ لەمەو پێش لە ئەمریکا، داوای ئەنجامدانی یارییەک لە چەند مامۆستایەک دەکرێت کە خۆیان وانەی پەیوەندییە ڕەگەزییەکانیان دەڵێنەوە و میکانیزمە ڕەگەزپەرستانەکانیان بە باشی دەناسن. لە یارییەکەدا وێنەی مرۆڤێک بەخێرایی لەسەر شاشەی کۆمپیۆتەر دەردەکەوت کە هەندێک جار چەکی پێ بوو و هەندێک جاریش نا. ئەو کەسەی بەشداری کایەکەی دەکرد (لێرەدا پرۆفیسۆری پەیوەندییە ڕەگەزییەکان)، دەبوو خێرا لەگەڵ دیتنی کابرای چەک‌بەدەست تەقەی لێ‌ بکات. وێنەکان هەم ڕەش‌پێستیان تێدا بوو هەم سپی‌پێست. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوە بوو کە تەنانەت مامۆستایانی پەیوەندییە ڕەگەزییەکان زیاتر تەقەیان لە ڕەش‌پێستەکان دەکرد. هۆی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە بۆ زۆرێک زانیاری و داتا دەگەڕێتەوە کە دەریدەخات ڕەش‌پێستە بێ‌چەکەکان بە ڕێژەیەکی زیاتر (نزیکەی سێ و نیو ئەوەندە) لەلایەن پۆلیسەوە دەکوژرێن. لەم ساڵانەی دواییشدا، گەر هەواڵەکان بشۆپێنن، بزووتنەوەیەک بە ناوی «ژیانی ڕەش‌پێستەکان گرنگە» دەستی پێ کراوە.

ئینجا چۆن لە کۆمەڵگەیەکدا کە بەردەوام لە دژی ڕەگەزپەرستی قسە دەکرێت و سەرکۆماری ڕەش‌پێستی هەبووە، ئاوا ڕووداوێک ڕێی ­تێدەچێت؟ چۆنە کە مامۆستایانی پەیوەندییە ڕەگەزییەکانیش فرەتر تەقە لە ڕەش‌پێستەکان دەکەن؟ بەرسڤی ئەم پرسیارە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە ڕەگەزییەکان نیشان دەدات. لە ڕاستیدا ئەوە نییە لە سەدەی بیست‌ویەکدا تاکی سپی‌پێست ڕقی لە ڕەش‌پێست بێ و بەو پێیە دەست بداتە چەک و بچێتە سەر جادە و بیکوژێت. هۆیەکەی ئاڵۆزترە. هۆی کوژرانی زیاتری ڕەش‌پێستەکان لەلایەن پۆلیسەوە ڕەگی لەنێو کڵێشە ڕەگەزییە مەترسیدارەکاندایە. کڵێشەگەلێک کە دەڵێت «ڕەشپێست مەترسیدار/ تاوانبار و توندوتیژە.» ئەم کڵێشە ڕەگەزییانە وێنەی «ڕەشی توندوتیژ و مەترسیداری» لە ناخی زەینی ئەو مامۆستا پسپۆڕەی پەیوەندییە ڕەگەزییەکانیشدا داکوتاوە و فۆرمی بە کرداری داوە؛ سەرەڕای ئەوەی لە خودئاگایشیدا بەرپەرچی ئەو کڵێشانە دەداتەوە. ئەم کڵێشە ڕەگەزییانە سەبارەت بە ڕەش‌پێستەکان دەبێتە هۆی ئەوەی مکانیزمی بەرگریی هەر تاکێک (پۆلیس یان مامۆستا) هاوکات لەگەڵ بینینی ڕەش‌پێستەکاندا بەخێرایی کارا ببێتەوە و هەڵاتن یان تەقەکردنی لێ ‌بکەوێتەوە. ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندی بە کەسانی ڕەگەزپەرستەوە نییە.

کڵێشەکان و نۆرماڵیزەکردنی چەوساندنەوە و هەڵاواردن

بەڵام کڵێشەکان چین و بۆچی دەخولقێن و بەرهەم دەهێنرێنەوە؟ کڵێشەکان بە پەرگال و سیستمێک لە باوەڕ و پیش‌داوەرییەکان دەگوترێن کە سەبارەت بە کۆمەڵێک خەڵک (لەسەر بنەمای جێندر، زمان، فەرهەنگ، ئێتنیک یان ئایین) لە مێشکماندایە و هەلی هەڵسەنگاندن و تێگەیینی کرداری ئەویدی و بەو پێیەش هەلی بڕیاردان لەمەڕ ئەو کۆمەڵە خەڵکە دەڕەخسێنێت. کڵێشەکان بەزۆری ڕووکەشیانە و دوور لە قووڵبوونەوەن؛ ساکارن و تاک بەخێرایی بەر مێشکیان دەخات و بە ئەستەمیش دەگۆڕدرێن. بەڵام هەموو ئەم هێمانانە بەتەنیا نابنە هۆی دروست‌بوونی کڵێشەیەکی جێندری یان ڕەگەزی (نەژادی). بۆ تێگەیینی کڵێشەیەکی ڕەگەزی یان جێندری دەبێت سەرنج بە هێمانێکی دیکەش بدەین: دەوری ئەو کڵێشەیە لە نۆرماڵیزەکردن و ئاساییکردنەوەی سیستمی هەڵاواردن و ڕەواییدان بە جۆرەکانی نایەکسانی.

هەڵاواردن و چەوسانەوە تەنیا بە زەخت و زۆر ناکرێ و داسەپاندن و ڕەوایی‌بەخشین بە سیستمە هەڵاواردن-تەوەرەکان پێویستی بە ئایدیۆلۆژی و هەندێ وێنایە تا لە ڕێگەیانەوە مرۆڤەکان بەو باوەڕە بگەن کە ئەوەی ڕوو دەدات نەک هەر نایەکسانی، نادادپەروەری و چەوساندنەوە نییە، بەڵکوو خودی دادپەروەری و مەنتق و ئاوەزمەندییە. تەنیا لە ڕێی نۆرماڵ و ئاسایی­نواندنەوەی دیاردەیەکی نانۆرماڵەوە ئامادەبوونی ئەو دیاردەیە درێژەی دەبێت و کڵێشەکان ڕێک لەم پێڤاژۆیەی بەرهەم­هێنان و بەرهەم­هێنانەوە و نۆرماڵیزە و هەڵاواردن و چەوساندنەوەدا دێنەئاراوە و پتەوتر دەبن و بەردەوام بەرهەم دێنەوە. لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کڵێشەیەکی گرێدراوی کۆمەڵێک لە کەمینەکاندا دەبێت بە دوای چۆنیەتیی نۆرماڵیزاسیۆنی ئەو کڵێشەیەدا بگەڕێین. بۆ نموونە وتەی «ژن هەستیارە»، کڵێشەیەکە ڕەهەندێکی کەسایەتیی ژن (هەستیاری) بەسەر سەرجەمبوونی ژنێکدا و لە ئاستێکی تردا بەسەر هەموو ژناندا دەگشتێنێت. بەڵام تێگەیینی ئەم کڵێشەیە بەبێ سەرنجدان بە ڕۆڵی خستنەپەراوێزی ژن لە ئاقاری گشتیدا ڕێی ­تێناچێت؛ کەوابوو ئەرکی ڕاستەقینەی ئەم کڵێشەیە بێبەشکردنی ژنانە لە گێڕانی ڕۆلی گرنگ لە کۆمەڵگەدا و هەروەها ڕەوایی‌دانە بە هەڵاواردنی سیستماتیکیان بەپێی جێندەر.

بە مەبەستی تێگەیینی ئەرکی کڵێشەکان بۆ هەڵاواردن، دەتوانین سەرنج بە فرەجۆرییان لە کۆمەڵگە جیاجیاکاندا بدەین. با سەیری چەند نموونەیەک بکەین:

«ڕەشی تەوەزەل»: ئەمە کڵێشەیەکی فرەباوی ئەمریکایە. بەڵام بۆ تێگەیینی ئەم کڵێشەیە دەبێت بپرسین ئەرکی «ڕەشی تەمبەڵ و تەوەزەل» چییە و بۆچی کۆمەڵگەی ئەمریکایی ئەم کڵێشەیە ساز دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە نایەکسانیی ئابووریدایە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە بانگەوازی دادپەروەری و بەسوودبوونی میکانیزمگەلی ئابووریی سەرمایەدارانە بۆ هەمووان دەکات، چۆن دەتوانین ناوەکیەکیی قووڵی چینایەتیی نێوان مرۆڤی ڕەش و سپی تێبگەین؟ پاساوەکەی پاکانەبۆکردنی سیستمێکی پڕ لە هەڵاواردن و تاوانبارکردنی مرۆڤی ڕەشپێست خۆیەتی. لەسەر ئەم بنەمایە «ڕەشی تەوەزەل» هۆکاری هەژاریی ڕەشپێستەکان بە تەمبەڵییانەوە گرێ دەدا و لەولاشەوە پاکانە بۆ سیستم دەکا و بێ­تاوانی پیشان دەدات.

«ئەفغانیی تاوانکار»: یەکێک لە کڵێشە باوەکان لە ئێراندا ئەوەیە کە پەنابەرانی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان وەک «تاوانکار» و «مەترسیدار» پێناسە دەکرێن. بۆچێ؟ لەبەر ئەم هۆیە سادەیە کە ئەوان بۆ کار ئاودیوی ئێران دەبن و زۆربەیان لە قەراخ شارەکان و گەڕەکە هەژارەکاندا نیشتەجێ دەبن و بە کرێکاری بژیوی ژیانیان دەستەبەر دەکەن. کەوابوو، جۆرێک بەربەرەکانێ دەکەوێتە نێوان دانیشتووانی هەژاری ئەو شارانە و پەنابەرانی ئەفغانستانی. بەڵام خەڵکانی خۆجێیی چۆن دەتوانن ئەوان لە گەڕەکەکانیان وەدەربنێن یان لەگەڵیاندا بە خراپی بجووڵێنەوە؟ لێرەدا ئیتر کڵێشەی «تەمبەڵی» کەڵکی وای نییە؛ کەچی نواندنەوەیان وەک کەسانی «مەترسیدار» یان «تاوانکار»، یارمەتییان دەدات تاوەکوو ڕێ لە نیشتەجێبوونیان بگرن و شاربەدەریان بکەن.

«پەرەستوو»: ئەمە کڵێشەیەکە لەم ساڵانەی دواییدا و پاش گەندەڵیی ئەخلاقیی هەندێک دەسەڵاتدار بووەتە باو. ئەڵبەت بنەڕەتی ئەم کڵێشەیە وێنەیەکە ژن بۆ ئۆبژەیەکی سێکسی دەگۆڕێت و دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو هەڵسوکەوتەکانی لە پێکەنین، شادی، هاوڕێیەتی و خۆڕازاندنەوەی بە گوێرەی زایەند فام بکرێت و بەم شێوەیە ژیانی کۆمەڵایەتییان بەرتەسک بکرێتەوە. بەڵام وشەی «پەرەستوو» [لە واتای سەرکیدا باڵندەی پەڕەسێلکەیە] هیچ ئەرکێکی نییە جگە لەوەی بە قوتکردنەوەی ژنێک، سەرنجی جڤاک لەسەر پەیوەندیی بێ‌ڕەوشتانەی پیاوێکی دەسەڵاتدار لا ببەن. لەم ساڵانەی دواییدا زۆر جار دیومانە کە چۆنچۆنی بە زەقکردنەوەی «پەرەستوو» ڕووداوێکی تاوانکارانە یان گەندەڵیی ئەخلاقیی بەرپرسێک دەخرێتە پەراوێزەوە و هەموو ڕووداوەکە دادەبەزێنرێ بۆ باسی بەسەرهاتی «ژنێک». سەرباری ئەمە، دەبینین کە سازکردنی ئاوەها کڵێشەیەک چلۆن دەبێتە هۆی وەلاوەنانی دووجارەی ژنان لە ئاقاری گشتیدا.

دەستەواژەی «جیاییخوازی»ش هاوڕەگەزی کڵێشەکانی سەرەوەیە. بەکارهێنانی زاراوەی «جیاییخواز» ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە. ئەم بەرچەسپە بۆ بەشێک لە خەڵک بەکار دەهێنرێت کە لە ڕووی جوگرافیشەوە بەزۆری لە قەراغی ئێراندا دەژین؛ بە دیاریکراوی بۆ تورک، کورد، عەرەب و بەلووچەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە فارسەکان و کۆمەڵە ئێتنیکییەکانی تر بەر ئەم ناو و بەرچەسپە ناکەون. بۆ نموونە ئەگەر ئەسفەهانییەک لەسەر کێشەکانی پەیوەست بە ئێنتیکەکانی وڵاتی ئێران بنووسێت، بۆ ئەو کڵێشەی جیاییخوازی کارا نابێتەوە. بەڵام کە تورک یان عەرەب یان کوردێک لەم بارەوە بنووسێت، زەینەکان بەخێرایی بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕۆن کە نەکوا ئامانجی جیابوونەوە بێت؛ ئینجا وەها پاشخانێکی زەینی، خێرا قەزاوەتی ئەویدی و شیکاریی کارەکانی ئەو کەسەی لێ دەکەوێتەوە.

کڵێشەی «جیاییخوازی» هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئێتنیکی، سانا و ڕێ تێچوو و ئاسایی دەکاتەوە. جیاییخوازی بە ڕێگرتن و بە شێوەی گوماناوی دەرخستن، یان بە تابۆکردنی هەلی گوتوبێژ سەبارەت بە نایەکسانییەکان -لە باری ئێتنیکیەوە- بەردەوامبوونی هەڵاواردن و چەوساندنەوە نۆرماڵیزە دەکەن. ئەمڕۆکە قسەوباس لەسەر نایەکسانیی ئێتنیکی لە ئێراندا -تەنانەت بەپێی ڕوانگەی پسپۆڕانەش-دژوار و بە جۆرێک سەر بە ئاقاری ڕێ پێنەدراوە. ناوەندی ئاماری ئێران، بۆ نموونە، لە سەرژمێرییەکاندا ڕێ بە پرسینی زمانی دایکی نادات، زۆربەی زۆری توێژینەوەکانی دیکەش ئاوڕی شێلگیرانە لەم بابەتە نادەنەوە؛ نەکوا باسی نایەکسانی و وێکگرتنەوەی ئەم بابەتە لەگەڵ کەلێنە ئێتنیکییەکاندا تاوتوێ بکرێ و هەڵبسەنگێنرێت. نموونەی بەرچاوی ئاوەها ترسێک لەلایەن زۆرێک لە هاوڕێیانی عەرەب، تورک، بەلووچ و کوردەوە، کە بەرپرسیارێتی یان پێگەیەکیان لە پێکهاتەی سیاسیدا هەبووە، هەستپێکراوە. بۆ نموونە برادەرێکی بەرپرس لە وەزارەتی پەروەردە، جارێکیان لە چاوپێکەوتنێکی دۆستانەدا بەگوڕ و تینەوە باسی فێرکاری بە زمانی دایکی و پێویستبوونی دەکرد؛ کە قسەکانی تەواو کرد، لێم پرسی ئایا لە دانیشتنە فەرمییەکانی وەزارەتخانەشدا باسی ئەم بابەتانەت کردووە؟ وەڵامی دایەوە: «ناکرێت، کە ئەم باسە بێنینە ئاراوە، بەرچەسپی جیاییخوازیمان لێ دەدەن و وەلاوە دەنرێین؛ بەڵام هەوڵ دەدەین بە ئاماژە قسەکانمان بگەیەنین.»

کڵێشەیەکی بکوژ خێرا مرۆڤەکان بە ئایدیۆلۆژییەک تەیار دەکات کە تێیدا کوشتنی ئەویدی بۆ ئامانجێکی گەورەتر، نەک هەر ڕەوایی پێ دەدرێت بەڵکوو دەبێتە پێویستییەکیش

ئەڵبەت لەوانەیە ئێوە بڵێن بەرچەسپی جیاییخوازی بە شێوەی زۆر ئاشکرا بۆ ئەو چالاکییانەوە بەکار دەهێنرێت کە هەندێک کەس بۆ جیاکردنەوەی پارچەیەکی ئێران دەیشۆپێنن و ئیتر تاکەکانی تری ئەو کۆمەڵە ئێتنیکییە ناگرێتەوە. وەڵامەکەی ئەوەیە کە کێشەی سەرەکی لە کڵێشەکاندا ئەوەیە کە زۆر خۆگونجێنن و ئەگەری ئەوەیان هەیە بەخێرایی بگشتێنرێن و ببنە بنەمای داوەری و شیکاریی کرداری ئەویدی. کاتێک کڵێشەی «موسوڵمانی تیرۆریست» جێگیر دەبێت، لێکەوتەکانی هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە وڵاتانی موسوڵمانەوە دێن، تەنانەت ئەگەر ئایین-باوەڕ یان موسوڵمانیش نەبن. زۆرێک سیک-ی هیندی تەنیا لەبەر پێچە و مێزەرێک کە دەیبەستن بەرەوڕووی هەڵاواردن و ڕەگەزپەرستی بوونەتەوە. بۆ نموونە، لە ئەنجامی پەرەگرتنی کڵێشەی «موسوڵمانی تیرۆریست» چەند ساڵ پێش ئێستا و لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەمریکادا مامۆستایەک گومان لە قوتابییەکی خۆی دەکات کە مێرمنداڵێکی موسوڵمان بوو؛ مامۆستاکە وەیزانی بۆمبێکی کاتداری لەگەڵ خۆیدا هێناوە. بەڵام نەک بۆمب، تەنیا کاتژمێرێک بوو کە وەک کاری‌دەستی بۆ قوتابخانەی دروست کردبوو. ئەم بابەتە بووە هۆی ئەوەی سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا داوای لێبوردن بکات. ئایا ئەو مامۆستایە تاوانبار بوو؟ بێگومان ئەرێ. بەڵام تاوانباری سەرەکی ئەو کڵێشە ڕەگەزییانەن کە مێشک و قەزاوەتەکانی ئەو مامۆستایەی پێکهێناوە تا بەو ئاکامەی بگەیەنێت. کڵێشە ڕەگەزی و ئێتنیکی و ئایینییەکان وەک چاویلکەیەکن، چ بمانەوێ و چ نەمانەوێت، جیهانی دەوروبەرمان بە ڕەنگێکی لەپێش­دیاریکراو دەنوێنێتەوە.

بۆ تێگەیینی تایبەتمەندیی نۆرماڵیزاسیۆنی کڵێشەی جیاییخوازی، سەرنج بدەنە کەلێنی نێوان بەکارهێنانی ئەم وشەیە و خۆبواردن لە هێنانەگۆڕی گەنگەشە و باسوخواسی ئێتنیکی. ئەوانەی زۆرتر لە هەمووان «مەترسیی جیاییخوازی» دەورووژێنن، کەسانێکن حەز ناکەن سەبارەت بە پرسە ئیتنیکییەکان تەنانەت قسەش بکەن. گەر مەترسیی جیاییخوازی، بەو جۆرەی بانگهێشتی بۆ دەکەن، ئاوەها جدی بێت، کەوابوو پێویستە قسەی لەبارەوە بکرێت. دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە کە بۆچی کۆمەڵانێک لە دانیشتووانی وڵات بەرەو «جیابوونەوە و دابڕان» داگەڕاون؟ بەستێنەکانی ئەم داگەڕانە چین؟ ئاخۆ پەیوەندییەک لەنێوان پەرەسەندنی «مەترسیی جیاییخوازی» و «نایەکسانی»دا هەیە؟ چ جۆرە لێکۆڵینەوەیەک لەم بوارەدا پێویستە؟ ئەمانە هەندێک پرسیاری سەرەتایین کە هەر تاکێکی بانگهێشتکەری «ترس و مەترسیی جیاییخوازی» دەبێ لێیان ڕابمێنێ و وەڵامیان بداتەوە. بەڵام کار و ئەرکی وشەی «جیاییخواز» لە ڕاستیدا پیچەوانەی ئەم ڕێکارانەیە. ئەم وشەیە مۆرێکە تەنانەت ڕێ بە گەنگەشە و باس‌وخواس لەسەر ئەم بوارانەش نادات. کەوابوو، کاری کڵێشەی «جیاییخوازی» نەک هەر «نۆرماڵیزەکردنی هەڵاواردن»، بەڵکوو زیاتر لەوە، «تابۆکردنی» ئاخافتن لەمەڕ چەشنێک هەڵاواردن و چەوساندنەوەی دیاریکراوە.

ئینجا سەرەڕای ئەم ڕۆڵە هەڵاواردن-خولقێنە، گرنگترین دەوری ئەم کڵێشە ڕەگەزییانە ئاسانکاری بۆ کوشتنی مرۆڤ و «کۆمەڵکوژییە»: کڵێشە ئێتنیکی و ڕەگەزییەکان دەتوانن بکوژ بن و لێکەوتەیان کوشندە و قەڵاچۆکەر بێت. کڵێشە بکوژەکان بەو کڵێشە ڕەگەزییانە دەگوترێن کە نەک هەر قەڵاچۆکردنی کۆمەڵێک مرۆڤ پاساو دەدەن، بەڵکوو بە شیاوی کوژران و لەنێوچوونیشیان دەزانن. ئەمانە ڕێ بۆ کوشتنی «ئەویدی» خۆش دەکەن.

ئێمە کۆمەڵکوژی و کوشتنی خەڵک بە بابەتێکی سەیروسەمەرە دەزانین. گەر ببیسین لە فڵان وڵاتدا کۆمەڵکوژییەکی ڕەگەزی یان ئایینی ڕووی داوە سەرمان دەسوڕمێت،کەچی ڕاستییەکەی ئەوەیە کوشتن و کۆمەڵکوژی بۆ مرۆڤەکان بابەتێکی سادە و سانایە، ئەڵبەت بەو مەرجەی ئایدیۆلۆژی و کڵێشەی کاریگەر لەگۆڕێدا بن.

کڵێشەیەکی بکوژ خێرا مرۆڤەکان بە ئایدیۆلۆژییەک تەیار دەکات کە تێیدا کوشتنی ئەویدی بۆ ئامانجێکی گەورەتر، نەک هەر ڕەوایی پێ دەدرێت بەڵکوو دەبێتە پێویستییەکیش. هەر لەم جیهانەی ئیمڕۆدا ئەوەی بەسەر موسوڵمانانی میانماردا دەهێنرێت بەبێ بوونی ئەم کڵێشانە ڕێی­ تێناچێت و ناکرێت. هەروەها بیر لە بارودۆخی موسوڵمانانی چین بکەنەوە. چۆن دەکرێت دەسەڵاتی چین توندوتیژی و کۆمەڵکوژییەکانی بگەیەنێتە ئەنجام، گەر کڵێشەی «موسوڵمانی تیرۆریست»ی لە باخەڵدا نەبێت؟ هەروەها لەوانەیە بڕوا نەکەن کە ڕووداوی هۆلۆکاست لە ئەڵمانیای نازیشدا بەبێ کڵێشەی ئێتنیکی و ڕەگەزی ڕێی‌ تێ نەدەچوو.

کڵێشەی «جیاییخواز» لە کاتی خۆپیشاندانی خەڵکی پارێزگا پەراوێزییەکاندا دەوری خۆی دەگێڕێت و بەو پێیە دەبێتە هۆی ئەوەی «خۆپیشاندەر» و «جیاییخواز» زۆر بە خێرایی لێک­گرێ‌ بدرێن و پەرچەکرداری زۆر توندوتیژانەی لە بەرانبەردا بگیرێتە بەر.

ئەڵبەت باسەکە هەر بەمەوە ناوەستێت. گەر لێکۆڵەر بن، ئەگەری زیاتر ئەوەیە سەبارەت بە شارەکانی دەوروبەری تاران بنووسن، بەڵام کاتێک دەگەنە ئازەربایجان یان کوردستان و خووزستان پێنووستان لەگۆ دەچێت: «نەک‌وا ئەمانە جیاییخواز بن و من بەم نووسینەم ئاو بە ئاشیاندا بکەم.» ئەگەر لەبارەی بەندکراوانەوە دەنووسن، کە دەگەنە [ناوچە و شارگەلی] پەراوێز جەڵتە لێتان دەدات و دیسانەوە ئەم کەڵکەڵانە بە سەر بیر و زەینتاندا دادەبارێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەداخەوە ئەوانەی پەرە بەم کڵێشەگەلە دەدەن وادەزانن کارەکەیان هەوڵێکی ئەخلاقییە لە پێناو بەرگرتن لە توندوتیژیی ئێتنیکی. ئەو کەسانەی پەرە بە بەکارهێنانی ئەم دەستەواژە کڵێشەیییە دەدەن، هەمیشە مەبەستەکەیان خێرخوازانە لە قەڵەم دەدەن، کە گوایە دەیانەوێت بەر بە «شەڕ و خوێنڕشتنی قەومی» بگرن، بەبێ ئەوەی تێبگەن کە بە چەندپاتکردنەوەی ئەم کڵێشە ڕەگەزییە، بە شێوەی زۆر کاریگەر ڕێی بۆ ڕوودانیان خۆش دەکەن و هەر خۆیان ڕێگەی ڕوودانی کارەسات و کۆمەڵکۆژی تەخت دەکەن. «جیاییخوازی» لەم واتایەدا کڵێشەیەکی تەواو ڕەگەزی و مەترسیدارە کە لەبەر نەبوونی ناسیاری و هەستیاری لەمەڕ باس و بابەتەکانی گرێدراوی پەیوەندییە ئێتیکی و ڕەگەزییەکان، هەلی بەکارهێنانی بەگۆترەی ئەم زاراوە ڕەگەزپەرستانەیە بەبێ هیچ ڕێگرییەکی یاسایی و ڕەوشتی درێژەی هەیە.

خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە خودی کڵێشەی «جیاییخوازی» هۆکاری پێکهێنان و گوڕپێدانی خواست و داگەڕانە بۆ جیابوونەوە. جیابوونەوە پێڤاژۆیەکی فیزیکی نییە، بەڵکوو زەینییە و کاتێک دەست پێ دەکات کە خەڵک و جەماوەری جیاجیا بۆ یەکتر وێنای خەیاڵاویی جیاواز دەخولقێنن و یەکتر لە بەلەمێکی هاوبەشدا نابینن. ئەم بابەتەی یەکتربینین لە لۆتکە و بەلەمێکی هاوبەشدا هەرگیز بە زەبر و زۆری چەک نایەتەدی، بەڵکوو پرسێکی کۆمەڵایەتییە. لەم کەشەدا جیاییخوازانەترین هەوڵ لەلایەن ئەوانەوە دەدرێت کە بە کەڵک‌وەرگرتن لە بەرچەسپی«جیاییخواز» تێدەکۆشن داخوازییەکانی [نەتەوەگەلی] پەراوێز بکەنە بڤە و تابۆ. بەڵام وێدەچێ بۆ خۆشیان بزانن کە ئەم بە تابۆکردنە، لەوانەیە داخوازی و گوتوبێژەکان لە ئاقاری گشتیدا بشارێتەوە، بەڵام بە تابۆکردنیان، هۆشیارانە یان ناهۆشیارانە، پێکهێنان و گەشەی پێڤاژۆکانی جیابوونەوەی زەینی لەو ناوچانەدا گوڕ پێ دەدەن.

*عەقیل دەغاقلە (چالاکوانی عەرەب و توێژەری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی ڕاتگێرز، و.ی. ئەمریکا)