سلاڤۆی ژیژەک: لە خەڵکی ئێرانەوە فێر بین

وەرگێڕانی بۆ کوردی: یارا

ڕوونکردنەوە: پێش هەموو شتێک پێویستە ئەو ڕاستییە بڵێین کە ڕاپرسی لە ڕۆشنبیران یان فیلسووفان بە هیچ شێوەیەک بۆ واژۆکردنی حەقیقەتی دیاردەیەکی مێژوویی نییە. مێژوو خۆی لە خۆیدا پێشمەرجی هەموو مەرجەکانە، هەر بۆیە ئایدیا تەنها دەتوانێت هەوڵ بدات لە واقیع دوا نەکەوێت. لێرەشدا مەبەستم وەرگرتنی فتوا یان سەلماندن بۆ بزووتنەوەیەک نییە کە سەکۆی هەڵدانی خۆی لە ئێراندا دۆزیوەتەوە، بەڵکوو زۆر سانا و ساکار دەمویست بزانم بیچمبەندی و تێگەیشتنی کەسێکی بەستێنی فەلسەفە کە ئاشنام بە لۆژیکە فیکرییەکەی و لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئەندێشەیەکی بزۆز و زیندووی هەیە، سەبارەت بە ڕووداوێک کە تا ئەم ئاستە گرنگایەتیی نێونەتەوەیی وەرگرتووە، چییە و چۆنە؟ ئەڵبەت ئەوەی کە بزاڤێک خاوەنی ڕەسەنایەتیی خۆیەتی نابێتە ڕێگرێک بۆ ئەوەی هەرکەسێک لە مافی خۆی کەڵک وەربگرێت و هاوپشتیی خۆی لەگەڵ خەڵکدا ڕابگەیەنێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە سلاڤۆی ژیژەک، سەرەڕای ئەوەی نەخۆشە، دەیهەوێت بەم نزیکانە لە ڕێگای ڤیدیۆیەکەوە بۆچوونی خۆی ڕابگەیەنێت.
جیا لە هەڵوێستە گشتییەکە، نامەکەی ژیژەک هەڵگری سێ خاڵی سەرنجڕاکێشیشە. یەکەم ئەوەی کە بە بەراورد لەگەڵ فێمێنیزمی ڕۆژئاواییدا، بەو هۆیەوە ئەم بزاڤە بە پێشڕەوتر دەزانێت کە نەتەنها بە هیچ شێوەیەک خەسڵەتی دژەپیاوانەی نییە بەڵکوو مەیلی تێپەڕاندنی پرسی «نێر/مێ» دەنوێنێتەوە. هەروەها ئەوەی کە دژوازییەک لە ناوەرۆک و هەڵسوکەوتی «پۆلیسی ئەخلاق»دا هەیە کە ڕەنگە ئێرانییەکان لەبەر ئەوەی بەبێ ناوکۆ ئەزموونیان کردووە بە ئاسانی لە کەناریەوە تێپەڕن؛ لەو شوێنەدا کە دەبینین چلۆن دامەزراوەیەک کە بانگەشەی ئەخلاق دەکات هاوکێشە ئەخلاقییەکان تێک دەدات و دژ بە بانگەشەکەی خۆی دەست دەداتە ڕووخاندن.
سێهەم ئەوەی کە دەبێ خەسڵەتی جیهانیی ئەم ڕەوتە لە بەرچاو بگرین. هەروەها کە ئاوا جووڵەیەک دەتوانێت بە خێرایی دەروازەکانی کوردستان تێپەڕێنێت و بە هەموو شوێنێکدا بڵاو ببێتەوە، تا ئێرەیش ئەو توانستەی نیشان داوە کە دەشێت لە ئاستی جیهانییشدا ئایدیالێک بۆ داهاتوو پێناسە و دەستنیشان بکات. ئیدی ئەو وێنا کڵێشەییە کە هەموو جووڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە وڵاتە پەراوێزکەوتەکاندا دووبارەکردنەوەیەکی مێژووی بزاڤەکانی ئەورووپای ڕۆژئاوایە بۆ گەیشتن بە دۆخی ئێستاکەی ئەوێ، وەڵامدەر نییە و کار ناکات.
بزووتنەوەی ئەمڕۆ نەتەنها قسەیەکی جیهانگیری بۆ وتن پێیە، بەڵکوو دانیشتووانی وڵاتانی تریش بانگهێشت دەکات. هەر ئەوەی کە لە ئاستی راگەیاندنەکاندا یەک لەدوای یەک هەموو ژمارە پێوانەییەکان دەبەزێنێت، خۆی نیشاندەری ئەوەیە کە هەڵسوکەوتی کۆمەڵگای مەدەنیی ڕۆژئاوا ئەم جارە ئیدی تەنها هاوخەمییەکی پڕلەبەزەیی لەگەڵ خەڵکانێکی هەژار، بێدەرەتان و ئەسیری تۆتالیتاریزمدا نییە.
هەنووکە دانیشتووانی وڵاتانی دەوڵەمەندیش دەبینن کە «ژن، ژیان، ئازادی» دەتوانێت ببێتە «ڕەمز»ی ڕزگاریی ئەوان. بۆ مەگەر لەگەڵ سەرهەڵدانی هێزە پۆپۆلیستە دژەژنەکان لە ئەورووپای ڕۆژئاوا و ئامریکای باکووردا زۆرێک لە ئاشکراترین و سەرەتاییترین مافە مەدەنییەکان وەرنەگیراونەتەوە؟ مەگەر تێکدانی لەکۆنترۆڵ دەرچووی سروشت، هەموو دونیا بەرەو «مەرگ» نابات و ئایا خواستی «ژیان» قەت لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا قەتیس ماوەتەوە؟ مەگەر ئارمانەکانی سەردەمی نوێ کە بڕیار بوو مێژوو بەرەو «ئازادی» بەرن، تا ئێستاش بە ناتەواوی نەماوەتەوە؟ کە وایە ئایا سەیرە کە «دونیایەک» تینووی یەکگرتن بێ لەسەر ئاوا دروشمێک؟

نەوید گورگین

سلاڤۆ ژیژەک لەدایکبووی ٢١ی ئازاری ١٩٤٩ فەیلەسووف و ئابووریزان و ڕەخنەگری سلۆڤینیی

سلاڤۆیی خۆشەویست
هەروەها کە ڕەنگە ئاگادار بیت دوای مردنی ژینا (مەهسا) ئەمینی (#MahsaAmini) لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە لایەن پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقییەوە، بزووتنەوەیەکی سەرووپێشکەوتنخوازانە لە ئێراندا سەری هەڵداوە کە بە میلیۆنان کەس پشیوانیی لێ دەکەن. ئەم بزاڤە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی (بە فارسی زن، زندگی، آزادی)ی بۆ خۆی هەڵبژاردووە. کۆی هێزە پێشکەوتنخوازەکان بە تەواوی لەم تێگەیشتنە پشتیوانییان کردووە. دەتوانین ئەمە بە یەکەم بزووتنەوەی سیاسیی ژنانە بە درێژایی مێژوو بزانین کە لەسەر ئیرۆس و ژیان دژ بە تاناتوس و ئایدیۆلۆژیای مەرگ چڕ بووەتەوە. زۆرێک لە هاوڕێیان تامەزرۆ بوون ڕای تۆیش بزانن.
ڕێزم
نەوید

سلاڤۆی ژیژەک:
لەبەر نەخۆشی و ماندووێتی تەنها شتێک لە دەستم دێت جارێ هەر ئەم بۆچوونەیە.
ئەوەی لە ئێراندا ڕوو دەدات ڕۆڵێکی دیاریکەری لە مێژووی جیهانیدا هەیە: بزاڤێک کە کۆمەڵەخەباتێکی جیاواز لە یەکگرتووییەکی ئۆرگانیکدا تەڤلی یەک دەکات (خەباتی دژ بە سەرکوتکردنی ژنان، دژ بە فەندەمەنتالیزمی مەزهەبی و خەبات بۆ ئازادیی سیاسی لە بەرانبەر تیرۆری دەوڵەتیدا). ئێران بە بەشێک لە ڕۆژئاوای پەرەسەندوو نایەتە ئەژمار، هەر بۆیە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ بزووتنەوەی می‌توو ( (#metooلە وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا هەیە: ئەم بزاڤە ئێرانییە بە میلیۆنان ژن، کە ڕاستەوخۆ مامەڵەی هەموو دژوازییەکان دەکەن، هەروەها پیاوانیشی خستۆتە جووڵە- بگرە ئەم ڕەوتە بە پێچەوانەی ئەوەی کە زۆرجار لە فێمێنیزمی ڕۆژئاواییدا دەبینرێت، هیچ خەسڵەتێکی دژەپیاوانە یان دژەنێرانەی نییە. ژنان و پیاوان لە کەنار یەکتردا بەشداریی تێدا دەکەن و دژ بە دوژمنە هاوبەشەکەیان واتە فەندەمەنتالیزمی مەزهەبی، کە لە لایەن تۆقاندنی دەوڵەتییەوە پشتگیریی لێ دەکرێت، یەک دەگرن. ئەو پیاوانەی لە بزاڤی ژن، ژیان، ئازادیدا بەشداری دەکەن بە باشی دەزانن کە خەبات لە پێناوی مافەکانی ژناندا ڕێک خەباتە لە پێناو ئازادیی خۆیاندا: ستەمی دژ بە ژنان بە هیچ شێوەیەک بابەتێکی ئاوارتە نییە، بەڵکوو ئەمە هەمان ئەو چرکە و ساتەیە کە ئەو ستەمەی دزەی کردووەتە ناو هەموو ڕەهەندەکانی کۆمەڵگا، لە ئاشکراترین شێوەدا دێتە بینین.
لەم قۆناغەدا ئەو خۆپیشاندەرانەیش کە کورد نیین بە ڕوونی دەبینن کە ئەو ستەمەی لە کوردان دەکرێت بەشێکە لە هەمان ئەو ستەمەی کە ئازادییەکانی خۆیشیانی بەرکورت کردووەتەوە: هاوپشتی لەگەڵ کوردەکاندا تاکە ڕێگایە بەرەو ئازادی لە سەرتاسەری ئێراندا. جیا لەمە، خۆپیشاندەران بە ڕوونی دەبینن کە فەندەمەنتالیزمی مەزهەبی تەنها تا ئەو کاتە ئەتوانێت کۆنترۆڵی دەسەڵات بکات کە هێزی ئاشکرای دەوڵەتی بە کۆمەڵە کەرەستەیەکی وەک ئەوەی لە ئێراندا پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی پێ دەوترێت، پشتیوانی لە فەندەمەنتالیزم بکات- ئەوەی ناڕازییان و خۆپیشاندەران دەیبینن ئەوەیە کە حکوومەتێک کە بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆی پێویستی بە وەحشیگەریی پۆلیسی ئەخلاقییە، لە ڕاستیدا خەریکە خیانەت لەو ئەزموونە مەزهەبییە دەکات کە بۆ وەرگرتنی ڕەوایەتیی خۆی کەڵکی لێ وەردەگرت.
ئەوەی ئێستە لە ئێراندا ڕوو دەدات بە هیچ شێوەیەک شتێک نییە هیی ڕابردوو بێت، بەڵکوو هەمان ئەو شتەیە کە ئێمەیش لە دونیای وڵاتانی پەرەسەندووی ڕۆژئاواییدا (واتە ئەو شوێنەی هەنووکە توندوتیژیی سیاسی، فەندەمەنتالیزمی مەزهەبی و سەرکوتکردنی ژنان خەریکە وردەوردە پەرە دەستێنێت) چاوەڕێی دەکەین. ئێمە لە ڕۆژئاوادا هیچ مافێکمان نییە ئێران وەک وڵاتێک لە قەڵەم بدەین کە دەبێ دواکەوتووییەکانی خۆی لە ڕۆژئاوا [لە ڕووی ئابووری، سیاسی و کولتوورییەوە] قەرەبوو بکاتەوە. بە پێچەوانەوە، ئێمە دەبێ لە ئێرانەوە فێر بین، ئێمە بەم نزیکانە ئەوە دەبینین کە کۆمەڵێک بزووتنەوەی هاوشێوە لەگەڵ ئەوەی ئێراندا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە پۆڵۆنیا، لە ووسیا و لە زۆرێک لە وڵاتانی تردا سەر هەڵدەدەن.
دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم ناڕەزایەتییانە هەرچی کە بێت، گرنگ ئەوەیە کە ئەم بزاڤە زیندوو ڕابگیرێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ئەو دروست بکرێن و تەنانەت ئەگەر سەرکوتکاریی حکوومەت بتوانێت بە شێوەی کاتی پاشەکشەی پێ بکات، لەژێر پێستی کۆمەڵگادا درێژە بە ژیانی خۆی بدات و بناغەیەک بۆ ڤەژینێکی دووبارە ڕۆ بنێت.
ئیدی نابێ تەنها قەناعەت بەوە بکەین کە هاوخەمی و هاوپشتی خۆمان لەگەڵ چالاکانی ئێراندا ڕابگەیەنین؛ پرسی ئەوان بە هیچ شێوەیەک شتێکی دوور لە ئێمە و گرێدراوی کولتوورێکی جیاواز یان ئێگزۆتیک نییە. بە پێچەوانەوە، ئێستاکە هەموو درێژدادڕییە پێوەندیدارەکان بە تایبەتمەندیخوازیی کولتوورییەوە (کە زۆربەی کات لە لایەن هێزە پاشڤەڕۆکانەوە بۆ پاساودانەوەی ستەمە ئەتنیکی و مەزهەبییەکان بە کار دەبرێت) واتای خۆیان لەدەست داوە: بگرە ئێستاکە دەتوانین ببینین چلۆن خەباتی ئێرانییەکان خەباتی هەموو ئێمەیە.
ئاگات لە خۆت بێت
سلاڤۆی