بنیادی کاره‌کته‌ر و ئێستاتێکای گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه‌ چه‌کداره‌کان”ی کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

بەشی دووەم (٢-٢)

⚝⚝⚝

هەڵبەت گێڕانەوە پێوەندیی بە چیرۆکخوانەوە هەیە. بەڵام ئایا دەکرێت بڵێین چیرۆکخوان وەکوو عەقڵێکی گشتی وایە بەسەر تەواوی ڕووداوەکاندا، ئەگەرنا ئەی پێوەندییان بە ڕووداوەکانەوە چییە؟ پاشان پێوەندیی نووسەر بەوانەوە چییە؟ دواجار، تا چەند ئەم چیرۆکخوانانە لە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” ڕاستگۆن و جێگەی متمانەن لە گێڕانەوەدا؟ گریمان هەموو ئەم پرسیارانە‌ بە هەر شێوەیەک بێت وەڵام درانەوه، ‌ئه‌ی مرۆڤ چۆن مەزەندەی هەڵوێستی خوێنەر دەکات‌؟

چیرۆکخوان لە ڕۆمانەکانی (کاروان)دا لە سەرووی هەموو کارەکتەرەکانەوەیە. ئەو ئاگاداریی هەڵسوکەوتیانە. دەزانێت چۆن بیر دەکەنەوە و ناخیان دەبینێت. لەگەڵ ئەوەشدا، وەکوو پرەنسیپێکی گشتی، پێویستە مرۆڤ لەوە بە گومان بێت، کە چیرۆکخوان به‌ هەموو شتێک دەزانێت. واتە نابێت بە ئاسانی هەموو بیرۆکەکان قبووڵ بکات، ئەگەر بەڵگەی بەدەستەوە نەبێت. (کاروان) سەبارەت بەم ڕاستییەیه، لە لایەک‌ زیاتر لە چیرۆکخوانێک بەکار دێنێت و لە لایەکی تریشەوە چیرۆکخوان دەکاتە پێکهاتەیەکی سەرەکیی ڕۆمانەکانی. بەکارهێنانی زیاتر لە چیرۆکخوانێک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، که ئەو، ‌وەکوو ڕۆماننووس، مه‌به‌ستی نییه‌ ئاکامی ناوەرۆکی ڕۆمانەکانی بەسەر بینەردا بسەپێنێت، کە ببێتە مایەی کوشتنی هەموو چێژێک. هەر بۆیە نایەوێ ئەو شتانەی، کە ڕایاندەگەیەنێت، ته‌نیا لە دیدی کارەکتەرێکەوە یان چیرۆکخوانێکەوە ببینێت. بەمەیش تەکنیکی ڕۆمانەکان سنووردار نا‌کات. خۆ ئەگەر شتەکان لە چاوی کارەکتەرێکەوە ببینێت، ئەو کاتە‌ هیچ شتێک لە دەرەوەی ئامادەبوونی ئەو کارەکتەرە یان بەبێ ئاگاداری ئەو ڕوو نادات. ئەمەیش حاڵەتێکە، کە نووسەر، لە ڕۆمانەکەدا خۆی لێ پاراستووە. بۆیە کاتێك تێڕوانینی هەر کارەکتەرێک دەخاتە ڕوو جۆرێک لە وردبینی به‌رامبه‌ر بە دۆخه ڕاستەقینە‌کانی ژیان جێبەجێ دەکات. ئەو کاتە‌ شتەکان لە چوارچێوەی هوشیارییەکی سنووردار دادەڕێژێت. بەمەیش بوارێک بۆ گۆڕینی باری سەرنجەکان دەڕەخسێنێت. نووسەر بەم گۆڕینە لە لایەک سنووری بینینی خۆی فراوانتر دەکات، لە لایەکی تریشەوە بینینی خۆی لەگەڵ بینینی خوێنەر بۆ ژیان هاوتەریب دەکات. ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ بەکارهێنانی زیاتر لە چیرۆکخوانێک‌ لە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”دا.

هەڵبەت لە هونەری ڕۆماننووسیندا، هەموو چیرۆکخوانێک جێگەی متمانە نییە. کاتێ ڕۆماننووس چیرۆکخوانێک بە ڕاناوی کەسی یەکەمەوە بەکار دێنێت، خوێنەر لە گۆشەنیگای ئەو چیرۆکخوانەوە شتەکان دەبینێت. دەکرێ ئەم چیرۆکخوانه گوزارشت لەو باری سەرنجە بکات، کە ڕۆمانەکه لە هەناوی خۆیدا هەڵی گرتووە‌، هەروەک ڕەنگە دەنگێکی بەهەڵەدابەر بێت. لە هەمان کاتدا دەکرێ جێگەی متمانە بێت. لە سەرێکی ترەوە، زۆرجار ئەم چیرۆکخوانە زانیاری لە کارەکتەرەکانی ترەوە وەردەگرێت بۆ ئەوەی بازنەی باری سەرنجەکان فراوانتر بکات، ئەو کاتە‌ خوێنەر شتەکان لە پانتایییەکی گەورەتر و بە متمانەترەوە دەبینێت. خۆ لە هەندێ ڕۆماندا، گێڕانەوەکە لە چیرۆکخوانێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ چیرۆکخوانێکی تر بە هەمان ڕاناوی کەسی یەکەمەوە. ئەمەیش بۆ ئەوەیە خوێنەر لە دیدگای زیاتر لە کارەکتەرێکەوە لە هەڵوێست و بیر و بۆچوون و ڕووداوەکان بگات، وەکوو لە ڕۆمانی “ژاوەژاو و توندوتیژی”ی “ولیەم فۆکنەر”دا‌ دەبینین. هەروەها لەم ڕۆمانەی، کە بووەتە بابەتی ئەم نووسینە. دەکرێ چیرۆکخوان بە ڕاناوی کەسی یەکەمی کۆ، واتە “ئێمە” شتەکان بگێڕێتەوە. لەم حاڵەتەدا دەبێت بە یەکێک‌ لەناو گرووپە کەسێکەوە، کە پێکەوە کار دەکەن. ئەگەرچی ئەم شێوەیە لە ڕۆماندا زۆرکەم بەکار دێت، بەڵام کاریگەرێتییەکەی لەوەدایە، زیاتر جەخت لەسەر کارەکتەرێک یان کۆمەڵە کارەکتەرێک دەکاتەوە، کە چیرۆکەکە دەربارەیەتی. نموونەیش بۆ ئەمە چیرۆکی “گوڵێک بۆ ئیمیلی” “ولیەم فۆکنەر”ە. بێجگە لەمەش، هه‌ندێك جار چیرۆکخوان، کە بە ڕاناوی کەسی یەکەمەوە شتەکان دەگێڕێتەوە، کارەکتەری سەرەکییە یان کەسێکی زۆر نزیک لە کارەکتەرە سەرە‌کییەکەیە‌ وەکوو لە ڕۆمانی “بەرزایییەکانی وەزەرینگ” بەرچاو دەکەوێت، کە “ئیمیلی برۆنتی” نووسیویەتی.

ئەگەر لە ڕوانگەی ئەم ڕوونکردنەوە کورتەی سەرەوە سەبارەت بە شوێنی چیرۆکخوان لە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” وردببینەوە، بۆمان دەردەکەوێت، کە چیرۆکخوانەکانی (کاروان) چیرۆکخوانی ڕاستگۆن لەبەر دوو هۆ: یەکەمیان، وەکوو پێشتر باسمان لێوە کرد، (کاروان) زیاتر لە چیرۆکخوانێک بەکار دێنێت و زانیارییەکانی یەکتر پشتڕاست دەکەنەوە بێئەوەی ئاگایان لە یەکتر بێت. “ئازادی هەمین مامان” هەندێک لەو شتانەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە “ئامانج” لە کەناڵی یەکەمدا بۆی گێڕاوینەتەوە، هەروەها ئەوەی “سۆزان” لە کەناڵی چوارەم دەربارەی “ئامانج” دەیگێڕێتەوە، پاشان “ئامانج”یش دەیانگێڕێتەوە. هەریەک لە “سۆزان” و ”ئامانج” ڕووداوی “ڕەفعەت حەمدی”ی مێردی “سامیە خان” دەگێڕنەوە، کە لە یەکێک لە شەقامەکانی بەغدا کوژراوە‌. ئەو زانیارییانەی، کە “سۆزان” دەربارەی “مام ئەنوەری باخەوان”ی باوکی و کارکردنی لە ڕۆژگارێکدا لە نەوتی کەرکووک لای ئینگلیزەکان، وەک شۆفێر و فێربوونی زمانی ئینگلیزی لەگەڵ زانیارییەکانی “ئازادی هەمین مامان”دا وەکوو یەکە. ئەمە بێجگە لە خۆکوشتنی “رەمزی ئازادی” و چه‌ندان شتی تر، کە گێڕانەوەی چیرۆکخوانەکان دەربارەیان هەمان شتە لە کاتی جیاجیادا. دیارە پشتڕاستکردنەوەی ئەم چیرۆکخوانەکانە بۆ گێڕانەوەی یەکتر بەهۆی تەکنیکی ڕۆمانەکە پاش و پێشی پێ کراوە. هۆی دووەم، سه‌باره‌ت به‌ ڕاستگۆییی چیرۆکخوانه‌کان ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌و چیرۆکخوانانه‌ شتەکان ڕاستەوخۆ یان بۆ خۆیان یان بۆ خوێنەر دەگێڕنەوە و گێڕانەوەکە بۆ هیچ کارەکتەرێکی ناو ڕۆمانەکە نییه. ئەو کاتەی ڕاستەوخۆ بۆ خۆیان دەگێڕنەوە، ناڕاستەوخۆیش بۆ خوێنەرە. ئەگەر گێڕانەوەکە بۆ کارەکتەرێکی تر بووایە، ئەگەری نەبوونی متمانە بە چیرۆکخوانەکە لە ئارادا دەبوو، سەبارەت بەوەی ئەو کاتە دوور نەبوو چیرۆکخوان شتەکان زیرەکانە بۆ سوودی خۆی بگێڕێتەوە. لە باری سایکۆلۆژییەوە، دیارە مرۆڤ لە قسەکردندا لەگەڵ کەسانی تردا‌ وەک ئەوە نییە، کە بۆ خۆی بیر دەکاتەوە یان خۆی دەدوێنێت، چونکه دەشێ لە ئاخاوتندا لەگەڵ خەڵکی تر بە پێچ و پەنا و پلارهاوێژ بێت، هه‌روه‌ها ئەو زمانەی، کە به ‌کاری دێنێت ئاماژەیەکی هەڵخەڵەتێنەری هەبێت، چونکە وشە و دەستەواژەی ئاوای تێدا بەکار دێنێت، کە زیاتر لە مانایەک هەڵدەگرن، وەک چۆن “هارۆڵد پینتەر” لە شانۆنامەکانیدا زۆر بە چڕی کاری لەسەر کردووە. خۆ ڕەنگه مرۆڤ لە ئاخاوتن لەگەڵ به‌رامبه‌رەکەیدا‌ ڕاستەوخۆ باسی مەسەلەی پێوەندیدار هەر نەکات. بۆیە، چیرۆکخوانەکانی ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” شتەکان زیاتر بۆ خۆیان دەگێڕنەوە. جێگەی ئاماژە بۆکردنە، کە ڕۆماننووسی بەناوبانگ “جۆزێف کۆنراد” لە نۆڤێلتە بەناوبانگەکەی “دڵی تاریکی”دا چیرۆکەکە لە زاری “مارلۆ” بە ڕاناوی کەسی یەکەمە‌وە دەگێڕێتەوە، کە بەشێکی زۆر لە چیرۆکەکە دەگرێته ‌‌خۆ، بەڵام دواتر، بۆ ئەوەی گێڕانەوەکە ڕاستگۆیی تێدا بەرجەستە ببێت، لە چوارچێوەی هەمان ئەم شێوازه گێڕانەوەیەدا چیرۆکخوانێکی تر دێتە پێشەوە بە ناوی “کۆرتز”. خوێنەر هیچ شتێک لەسەر زاری ئەم “کۆرتز”ەوە نابیسێت، بەڵکوو “مارلۆ”، کە بە ڕاناوی کەسی یەکەمەوە شتەکان دەگێڕێتەوە، شتەکانی “کۆرتز” بە ڕاناوی کەسی سێیەم دەگێڕێتەوە. لە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”دا، دەیان حاڵەتی وای تێدایە، کە چیرۆکخوانەکان لە زاری کەسانی ترەوە هەندێک لە چیرۆکەکانی پەیوەست به باسەکانیان دەگێڕنەوە. ئەمە بۆ ئەوەیە چیرۆکخوانەکان ڕاستی و ناڕاستیی چیرۆکەکە نەخەنە ئەستۆی خۆیانەوە، کە دواجار بەڵگەی ڕاستگۆییی ئەوانە. ئەوەی “ئازاد”ی چیرۆکخوان دەربارەی “مەرجان تیاترۆ” بیستبووی لە خەڵکی ترەوە‌ بوو. بە واتایەکی تر، چیرۆکخوان لە زاری کەسی سێیەمی نادیارەوه، کە جێگەی متمانە نییە،‌ چیرۆکی “مەرجان تیاترۆ”مان بۆ دەگێڕێتەوە نەک ڕاستەوخۆ، کەچی پاشان “دایە ڕوقیه”ی ژنی “مەلا عارەب عەبدولسەمەد” خۆی چیرۆکی سەروبەندی ڕاکردن یان ڕەدووکەوتنی “ئیمان”ی کچی لەگەڵ “عیماد”ی کوڕی “مەرجان تیاترۆ” بۆ “ئازاد”ی چیرۆکخوان دەگێڕێتەوە. مرۆڤ لە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە لە گێڕانەوەدا، هەست دەکات نووسەر خۆی ئاخنیوەتە گێڕانەوەی چیرۆکخوانەکەوە، هەروەها هەست دەکات نووسەر لەگەڵ ناوزڕاندنی “مەرجانی نوورەدین تەیارەچی”دا هاوڕا نییە، بۆیە گێڕانەوەکە لە بنچینەدا دەخاتە پاڵ خەڵک نەک کەسێکی دیار. لە کاتێکدا لەگەڵ چیرۆکەکەی “عیماد” و “ئیمان”دا هاوڕایە. بۆیە، تەنانەت لە گێڕانەوەشدا چیرۆکخوان جێگەی متمانەیە.‌ “ئازادی هەمین مامان” وەکوو چیرۆکخوان، چه‌ندان چیرۆکی ترمان لە چوارچێوەی گێڕانەوەکەی خۆیدا بۆ دەگێڕێتەوە، کە لە کارەکتەرەکانی ترەوە بیستوونی. ئیتر خوێنەر خۆی ئازادە لەوەی باوەڕ بە چیرۆکەکان بکات یان نا بەپێی هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ ئەو کارەکتەرانه‌. بۆ نموونە، “شێرزاد ناجی” چیرۆکی پێوەندیی نێوان “دایە ڕوقیە” و باوکی “ئازادی هەمین مامان” بۆ “ئازاد” دەگێڕێتەوە و ئەویش بۆ ئێمەی دەگێڕێتەوە‌. ئەمە ئەوپەڕی ڕاستگۆیی “ئازاد”، وەکوو چیرۆکخوان، بۆ ئێمە دەسەلمێنێت، چونک شتێک ناگێڕێتەوە، کە هیچی لەبارەوە نەزانێت. بە هەرحاڵ، دوور نییە‌ بیەوێت خوێنەر بخاتە حاڵەتی گومانەوە، سەبارەت بە ڕاستیی چیرۆکەکە. لە سەرێکی ترەوە، پیشانی دەدات، کە زانیارییەکانی ئەو سنووردارن. ئەگەر یەکێک پێی وا بێت، “ئازاد” ئەم شتەی زانیوە و خۆی نەیگێڕاوەتەوە، چونکە پێوەندی بە باوکییەوە هەبووە، بەڵام ئەوەتا خۆ دواجار زانیارییەکەی گەیاند. پاشان ئەی چۆن خۆی چیرۆکی پێوەندیی نێوان دایکی خۆی، واتە “هەمین مامان”مان لەگەڵ “ئەکرەمی نانەوا”دا بۆ دەگێڕێتەوە؟ کەواتە دەکرێ بڵێین زانییارییەکانی “ئازاد هەمین مامان”ی چیرۆکخوان تا ڕادەیەک سنووردارن، لەگەڵ ئەوەشدا، خوێنەر هیچ گومانێک لە ڕاستیی گێڕانەوەکەیان ناکات. بێجگە لە پێوەندیی نێوان “هەمین مامان” و “ئەکرەمی نانەوا”، کە “ئازاد”، وەکوو چیرۆکخوان، پێی نازانێت، ئەو بەو ڕاستییەیش نازانێت، کە “سامیه ‌خان” پووریەتی، واتە خوشکی باوکییەتی. “ئازاد” ئەم زانیارییانە لە “شێرزاد ناجی” وەردەگرێت. بە کورتی، “ئازاد”، وەکوو چیرۆکخوان، زانیارییەکانی لە هیی “ئامانج” کەمترن. ئەمە مانای ئەوە نییە، کە جێگەی متمانە نییە، بەپێچەوانەوە بەڵگەی ڕاستگۆیییە، چونکە وەکوو گوتمان شتێک ناگێڕێتەوە، کە نەیزانێت. لە لایەکی ترەوە، هه‌ندێك جارچیرۆکخوانەکان پشت بە ئەزموونی خۆیان دەبەستن لە بە‌‌دەستهێنانی زانیاریدا. “ئامانج” لە کەناڵی سێیەمدا زانی ئەو ژنەی لەگەڵ گەیشتنی تەرمەکەی “ماجیدی هەمزە قەڵاتێ”ی باوکیدا هەلهەلەی دەکێشا لە هەولێرییه کۆنەکانی دەوروبەری قەڵاتە، چونکە ئەوە نەریتێکی تایبەت بەوانە‌. “ئامانج”یش لە گێڕانەوەدا پشت بە چیرۆکخوانی تر دەبەستێت، کە ڕۆڵی سەرەکییان نییە لە گێڕانەوەدا. لەگەڵ ئه‌وه‌شدا، ئەوانەی “ئامانج” لە گێڕانەوەکەیدا پشتیان پێ دەبەستێت هەروا سەرپێی باسی کارەکتەرەکان ناکەن، بەڵکوو دەچنە بنجوبناوانیانەوە. بۆ نموونە، ئەو زانیارییه فەنتازیئامێزە‌ی، کە دەربارەی “عابید” برای “جاویدی شێخ موعتەسەم” لە کەناڵی سێیەمدا بۆمان دەگێڕێتەوە، گوایە دوای ئەوەی “له پۆلی شەشەمی سەرەتایی بۆ یەکەمجار لە وانەی مێژوو ژیاننامەی “ناپلیۆن بۆناپارت” دەخوێنێت و لە وێنەکەی دەڕوانێت، بڕیار دەدات بچێت لە نزیکەوە ئەو سەرکردەیە ببینێت”‌ و دواجار ونبوونەکەشی هەر لە “جاوید”ەوە وەرگرتووە و ئەویش ونبوونەکەی لە خەڵکەوە بیستووە و بۆ “ئامانج”ی گێڕاوەتەوە. دەتوانین هەمان شت بڵێین ده‌رباره‌ی مردنی “بوستان”ی ژنی “شێخ موعتەسەم”، هەروەها هەواڵی گرتنی “فەرەیدوون”ی مامی لەلایەن ژنێکی سلێمانییەوە بە “ست ڕووناک” و “دادە دلارام” و “هەتاو” ڕادەگەیەنرێت و ئەمانیش بە ئامانج و ئەویش بۆ ئێمەی دەگێڕێتەوە.

خەسڵەتێکی بەرچاوی چیرۆکخوانەکانی ئەم ڕۆمانە، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستگۆییی ئەوانە، ئەوەیە، هەرکاتێک لە گێڕانەوەی بەسەرهاتێکدا زانیارییەکی تەواویان نەبێت، ددانی پێدا دەنێن. بۆ پیشاندانی ئەم ددانپێدانانەش، وشە و دەستەواژەی جیاجیا بەکار دێنن، وەکوو “نەتدەزانی” و “لەوە تێنەگەیشتی” و “روون نییە” و “ڕەنگە” و… تاد. “ئامانج” لە کەناڵی سێیەمدا دەربارەی “جاویدی شێخ موعتەسەم” دەڵێ:

“لەوە تێنەگەیشتی، ئاخۆ ئەو کوڕە چۆن ئەو هەموو نهێنییە لەبارەی کەسانی دەوروبەرەوە دەزانێت… ئایا ئەو بەسەرهاتانەی بەو تامەزرۆیی و چێژەوە دەیگێڕانەوە، ڕاستی بوون یان خەیاڵچن؟”

لە سەرێکی ترەوە، هه‌ندێك جار چیرۆکخوان لە چوارچێوەی گێڕانەوەکەیدا خۆی هەندێک وێنە دروست دەکات، کە لەگەڵ دۆخی ئەوسایدا هاوتەریبن. زۆربەی ئەو وێنانه بە دەستەواژەی “وات دەهێنایە بەرچاو” یان “وات دەزانی” دەست پێ دەکات. کاتێکیش چیرۆکخوان دیالۆگێکی خۆی دەگێڕێتەوە، کە بۆ زەمەنێکی دوور دەگەڕێتەوە، نەک هەر قسەکانی ئەوسای خۆی بە وردی دەگێڕێتەوە، بەڵکوو بە پشتبەستن بە ئەنجامی گفتوگۆکە ناخی ئەوسای ئەو کەسەش بە ڕاستی دەخوێنێتەوە، کە قسەی لەگەڵدا کردووە. بۆ نموونە، “سۆزان” لە گێڕانەوەی ڕۆژگاری جارانی لەگەڵ “میدیا”ی دەستەخوشکی یان ڕاستتر بڵێین “عائشەی کچی سابیر پوولەکە” پێی گوتووە:

“- دەترسم ڕۆژێک ماڵمان لێرە بگوێزینەوە، چونکە من وام لێ هاتووە بە بێ تۆ نەتوانم بژیم”

بەڵام کاتێ [میدیا] لە دڵی خۆیدا مانای قسەکەی لێک دایەوە، شەرم دایگرت و بۆ لای قازەکانی ڕای کرد”

ئەوە شەرمداگرتنەکەی ئەوسای “میدیا”یە وای لە سۆزان کردووە تێگەیشتنەکەی ئەو بە ئاڕاستەیەکی سێکسیدا به‌رێت، لە کاتێکدا “میدیا”، بۆیە شەرم دایگرتووە، چونکە ئەوان ماڵی “سۆزان”یان داگیر کردووە. ئەگەر ئەوان لەوێ بگوێزنەوە، واتە ماڵی زەوتکراوی “سۆزان” دەدەنەوە. دداننان بە ڕاستییە سێکسییەکان لە زاری چیرۆکخوانەکان خۆیانەوە، چ تایبەت بن بە خۆیان و چ تایبەت بن بە کەسانی هەرە نزیکی خۆیان یان ته‌نیا وێناکردنی حاڵەتە سێکسییەکان و گێڕانەوەیان، که مرۆڤ‌ لە تەواوی ڕۆمانەکه دەیبینێت، هەڵبەت بەدەر لە وردبینیی چیرۆکخوانەکان، بەڵگەی ئەوپەڕی جورئەتیانە لە گێڕانەوەدا. بە گشتی چیرۆکخوانەکان هێندە ڕاستگۆن تەنانەت خەیاڵە ناوازە و سەیرەکانیشیان، کە ناکرێت بۆ کەسیان باس بکەن، دەگێڕنەوە، وەک خەیاڵەکەی “سۆزان” لە کەناڵی چوارەم، کە وای دەخستە ئەقڵی خۆیەوه “ست ڕووناک”ە و دایکی ”ئامانج”ە:

“لە کاتێکدا بەردەوام وام دەخستەوە ئەقڵی خۆمەوە من (ست ڕووناک)م و دایکی ”ئامانج”یشم… دەمزانی ئەمە خەیاڵێکی زۆر سەیرە و ناکرێت بۆ کەسی باس بکەم… لەوەش ڕوونتر بڵێم، وا چووبووە ئەقڵمەوە ئەو ماوە زەمەنییەی نێوانمان دەبڕم و دەبمە ئەو [مەبەستی ست ڕووناکە]… ئیتر ئێمە دەبینە یەک کەس و هەر لە بنەڕەتیشەوە یەک کەسین… پڕ بە دڵ دەمویست باوەشی پێدا بکەم، بگرە ئارەزووم دەکرد دەمم بخەمە ناو دەمی و تێرتێر گیانی هەڵمژم، هاوکات هێندەی بگوشم تا بە ڕاستی لەودا دەتوێمەوە …”

⚝⚝⚝

کاتێك مرۆڤێکی ئاسایی بە مانای چیرۆکێک سەرسام دەبێت سەبارەت بەوەی شێوازی گێڕانەوەکه چەند دیوێکی لەخۆ گرتووە. کۆمەڵێک پرسیاری له ‌لا دروست دەبێت. دەشێت پرسیارەکان لە ڕواڵەتدا کرچوکاڵ بن، چونکە پرسیارێکن بە خەیاڵی خوێنەرێکی ئاساییدا دێن بێئەوەی بینینێکی ئەکادیمیانەی هەبێت بۆ شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسێسی گێڕانەوە لە ڕووی هونەرییەوه، بۆ نموونە پرسیاری وەکوو: ئایا ئەم چیرۆکە چیرۆکێکی ڕاستە؟ چیی تێدا ڕوو دەدات؟ ئەوەی ڕوو دەدات باشە یان خراپە؟ ماناکەی چییە؟ لەگەڵ ئه‌وه‌شدا پرسیارەکان، لە ڕوانگەی هونەریی گێڕانەوەدا، پرسیاری قووڵن.

مرۆڤ پێویستە هەردەم پرسیاری ئاوا بکات و وەڵامیان بداتەوە ئەگەر بیەوێت لە ڕۆمانێکی وەکوو ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” بگات، دیارە هەریەک لەم پرسیارانه لە‌ ئەنجامی ئەو سەرسامییە تێکەڵ بە سەرلێشێواوییەوە دێت‌، کە خوێنەر تووشی دێت، کاتێك دەیەوێ بزانێت چیرۆکخوانەکان چۆن چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە. بەڵام ئەگەر پرسیارەکان بەم شێوەیە بکرێن، ڕوون نین. مەبەست و مەوداکانیان دیار نین‌ و ئاماژە و ڕەهەندەکانیان ڕوون نەکراونە‌تەوە. بۆ ئەوەی بە پشتبەستن بەم پرسیارانەوە چوارچێوەیەک بۆ گێڕانەوە لە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” ئامادە بکەین، پێویستە بە وردی بچینە بنجوبناوانی پرۆسێسی گێڕانەوەکە‌وە، کە نووسەر لە چەند ئاستێکدا بەڕێوەی دەبات و تایبەتمەندێتییەکانیان دەستنیشان بکەین. پاشان ڕوونی بکەینەوە چۆن هەموو ئاستەکان بەیەکەوە کار دەکەن. ئەو کاتە بۆمان دەردەکەوێت ئاخۆ چیرۆکەکە‌ ڕاستە یان نا، وەک لە پرسیاری یەکەمدا هاتووە. دیارە ئەمەش بەو مانایە نییە، کە ناکرێت ڕۆمانێک بخوێنینەوە بێئەوەی هوشیاریمان لەبارەیەوە‌ هەبێت. ڕاستی، کە مرۆڤ ڕۆمانێکی وەکوو ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە، هەست دەکات بە ئاسانی ئەمسەر و ئەوسەری پێ دەکرێت، سەبارەت بە هەندێک ڕستەی تایبەت و هەندێک پەرەگراف لە دونیای دروستکراوی چیرۆکخوانەکاندا، که پێوەندییان بە دونیای ڕاستەقینەوە هەیە و لەناو دونیا دروستکراوەکانی ”ئامانج” و “ئازادی هەمین مامان” و “سۆزان”دا جێگەیان بووەتەوە. دیارە ئەمەیش بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە، کە نووسەر بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی ئاخنیوەتە ناو گێڕانەوەی چیرۆکخوانەکان لەو شوێنانەی، کە ڕستەکان گوزارشت لە بیرۆکە گشتییەکان یان فاکتەکان دەکەن. مەبەستی نووسەر لەم شتە ئەوەیە، کە پێوەری ڕاستەقینە بداتە پاڵ ڕووداوەکانی چیرۆکە دروستکراوەکان لەوپەڕی وردەکارییەکاندا. ئێستا با بگەڕێینەوە لای ئەو پرسیارەی، کە دەڵێ: ئایا چیرۆکەکە چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە یان نا: هەڵبەت ئەم پرسیارە لەناو خۆیدا ئاماژە بۆ ڕستەکانی چیرۆکەکە دەکات، بۆیە دەکرێت پرسیارەکە بەم شێوەیە بێت: ئایا لە دونیای دروستکراوی چیرۆکخوانەکاندا هیچ ڕستەیەک یان باشتر بڵێین ئاخاوتنێک هەیە، کە گێڕانەوەکە بخرێتە پاڵ نووسەرەوە‌؟ یان ئایا ڕستەکان دونیایەک پیشان دەدەن، کە ئاماژە بە شتەکانی دونیای ڕاستەقینە بکات؟

گرنگترین جیاوازی لەنێوان پیشاندانی دونیای دروستکراو و دونیای ڕاستەقینەدا ئەوەیە، کە تۆ ناتوانیت “راستێتی” یان “ناڕاستێتی”ی ئەو دونیا دروستکراوە هەڵسەنگێنیت، کە نووسەر پیشانی دەدات، بە گەڕانەوە بۆ دونیای ڕاستەقینه. دیارە من مەبەستم دونیاکەیە نەک ئاماژەکانی، چونکە لەیەکچوونێکی زۆر لەمبارەیەوە لەنێوان گێڕانەوەی دونیای ڕاستەقینە و دونیای دروستکراودا هەیە. لە هەردوو حاڵەتدا، نووسەر لە ڕێگەی گێڕانەوەدا هەڵوێست دەربارەی بارودۆخەکان وەردەگرێت. ئەمە حاڵەتێکی زۆر هەستیارە و پێویست بەوە دەکات، کە‌ مرۆڤ تەنانەت لەڕووی ڕێزمانییشەوە ئاگاداری داڕشتنی ڕستەکانی بێت بەتایبەتی لە حاڵەتی دونیا دروستکراوەکەدا، ئەگەرنا هیچی دەست ناکەوێت. بێجگە لەمەش، نووسەر لە گێڕانەوەی چیرۆکێکی ڕاستەقینەدا مەبەستێکی تری هەیە جگە لەوەی، کە مەبەستەکە ڕاستێتیی چیرۆکەیە. بە واتایەکی تر، هەردوو دونیای دروستکراو و ڕاستەقینە ڕەهەندەکانی پیشاندان و دەربڕینی هەڵوێستەکان و مەبەستی نووسەرە‌کەیان تێدا بەرجەستە دەبێت. خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کاتێك ئێمە پرسیار لە ڕاستێتیی چیرۆکەکە دەکەین، مەبەستمان هەموو ئەو ڕاستییانە نییە، کە نووسەر دەیەوێ لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا ڕایان بگەیەنێت. بانگەشەکانی نووسەر لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە بە هەر شێوەیەک بێت دەبن بە بەشێک لە مەبەستی چیرۆکەکە.

 نموونەیش بۆ ئەو ڕستانەی، کە گێڕانەوەکەیان دەخرێتە پاڵ نووسەرەکەوه لەم ڕۆمانەی (کاروان)دا زۆرن. “ئامانج” لە کەناڵی یەکەمدا دەڵێت “کچ چەند لەگەڵ دایک و باوکی هاوڕێ بێت، هێشتا سەدان شتیان لێ‌ دەشارێتەوە”. “ئازاد”ی چیرۆکخوان لە کەناڵی دووەمدا دەڵێت: “لە نووسینیشدا شتێک نییە لە گۆڕینی ناو و سیمای کەسەکان و لە دروستکردنی خانوو و لە گوێزانەوەی ماڵ و لە کوشتن و زیندووکردنەوەی گیانەکان ئاسانتر”، هەروەها دەڵێت “یەکێک نەتوانێت کۆتی بچووکی خێزان لە گیانی خۆی داماڵێت، چاوەڕێی لێ ناکرێت سەرجەمی مرۆڤ لە کۆتی گەورەی سەرمایەداری ڕزگار بکات”. لە کەناڵی چوارەمیشدا، ئەوە نووسەرە خۆی ئاخنیوەتە گێڕانەوەکەی “سۆزان”، کە دەڵێت: “نازانم کامە چیرۆکنووس یان ڕۆماننووسی ئێمەیە گوتوویەتی: (چێژ لە ڕووداودا نییە، بەڵکوو لە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانەدایە). کەواتە، دەکرێ گوتاری کارەکتەری چیرۆکخوان یان نووسەر وەکوو چیرۆکخوان چه‌ندان بیروباوەڕ یان هەڵوێست دەربارەی دونیای ڕاستەقینە دەرببڕێت. ئەمە یەکێکە لە ئاسته‌کانی گێڕانەوە لە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”. لەسەر ئاستی ئەدەبی جیهانیشدا نموونە بۆ ئەم حاڵەتە زۆرە.”تۆلستۆی” دەستپێکی ڕۆمانی “ئانا کارنێنا” بە بیرۆکەیەکی گشتی دەربارەی دونیای ڕاستەقینە دەست پێ دەکات: “هەموو بنەماڵە بەختیارەکان وەکوو یەک وان، بەڵام بنەماڵەی بەدبەخت بەپێی شێوازی خۆی بەدبەختە”. پاشان یەکسەر جیهانێکی خەیاڵی ڕۆ دەنێت: “هەموو شتێک لە ماڵی ئۆبلۆنسکی بە خراپ کەوتەوە”. ئێمە بیرۆکە گشتییەکەی “تۆلستۆی” وەک‌ بیرۆکەیەکی بەجێ و ژیرانە وەردەگرین با لە هەموو شوێنێک یان بە شێوەیەکی گشتی ڕاستیش نەبێت. دیارە ئێمه ئەم بیرۆکە گشتییە‌ لە ڕوانگەی تەکنیکی گێڕانەوەدا ناخەینە پاڵ کارەکتەرێکی چیرۆکخوانەوە، بەڵکوو دەیخەینە پاڵ نووسەر وەکوو چیرۆکخوان. ئەوە “تۆلستۆی”یە نەک کارەکتەرێکی دروستکراو، کە شانبەشانی پرۆسێسی گێڕانەوەکە بە دڵنیایییەوە باسی دونیای ڕاستەقینەمان بۆ دەکات. بنەماڵەی “ئۆبلۆنسکی” بەشێکە لەو دونیا هەڵبەستراوه یا دروستکراوە، کە خەیاڵی ئەم نووسەرە چنیویەتی و بیرۆکە گشتییەکەی بەسەردا جێبەجێ دەکات وەکوو چۆن بەسەر دونیای ڕاستەقینەدا جێبەجێ دەبێت.

هەڵبەت چەمکی پیشاندان، هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە، کە لە دونیای دروستکراودا هەن و ئەوانەش، کە تیادا ڕوو دەدەن. دەکرێت هەر هەموو شتەکان، ڕووداوەکان باس بکرێن، بەڵام گرنگە ئاستی پیشاندانی دنیا دروستکراوەکە لەلایەن نووسەرەوە جیا بکەیتەوە لە باسکردنی ئەو شتانەی لەم دونیایەدا بەڕێوە دەچن، ئەگەر بمانەوێت لە سەروبەندی گێڕانەوەکە‌ بگەین، چونکە پیشاندانی شتەکان، دواجار، گوزارشت لە هەڵوێستی نووسەر دەکەن. بە واتایەکی تر گێڕانەوەی هەڵوێستی نووسەرە.

ئەوەی لە ڕۆمانەکانی (کاروان)دا، وەکوو دیوێکی کێشەئامێز دەردەکەوێت، دەربڕینی ئەو هەڵوێستەیە، کە لە ڕۆمانەکەدا بەرجەستە دەبێت. بە وردبوونەوە لە هەموو ئەو ڕستە و دەستەواژانەی، کە دەکەونە خانەی گێڕانەوە لەلایەن نووسەرەوە یان کە بۆ نووسەر دەگەڕێنەوە وەکوو چیرۆکخوان، ڕستەیەک نادۆزینەوە، کە هەڵوێستی خۆی بە ڕاشکاوییەوە دەربڕێت. لەگەڵ ئه‌وه‌شدا، هەڵوێستەکە لە کۆی ئەو دونیایەدا یان لە وردەکارییەکانی ئەو دونیایەدا بەرجەستە دەبێت، کە نووسەر ڕۆی دەنێت. چۆن؟

‌دەربڕینی هەڵوێست، وەکوو ڕەهەندێکی گێڕانەوە، دەکەوێتە سەر مانای ئاسایی چەمکەکە و لێیشی جیاوازە. “فرانسیس سپاشۆرت” لە کتێبی “تیۆرەکانی هونەر”دا مەسەلەکە بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو:

“لە ڕوواڵەتدا، جیاوازی لەنێوان قسەکردن و گۆرانیگوتندا وەکوو جیاوازیی نێوان قسەکردن و چرپەچرپکردن یان هاوارکردن وایە. جیاوازییەکە بە ئاستەم هەستی پێ دەکرێت. مرۆڤ لە ڕێگەی ئەمانەوە ئەوە دەگوازێتەوە، کە هەستی پێ دەکات یان ئەوەی، کە دەیەوێ خەڵکی تر هەستی پێ بکات دەربارەی ئەو شتەی کە دەیڵێت یان ئەو هەڵوێستە‌ی، دەیەوێ بیورووژێنێت و دواجار، خەڵک چۆن هەڵوێستەکەی وەردەگرن، بۆ نموونە بە توانجگرتن‌، بە جیددی یان بە هەڵوێستێکی تەوسئامێزی دەزانن‌. ئەوەی مۆسیقای گۆرانییەک دەیکات ئەوە نییە، کە تێکستەکە دەیکات، چونکە مۆسیقا هەموو ئەو شتانە ناگوازێتەوە، کە تێکستەکە مەبەستییەتی. مۆسیقاکە هیچ لەم مەبەستە ده‌رنابڕێت، بەڵام لە ڕێگەی تۆن و ئاوازەکە‌وە پیشانی دەدات. ئەم پیشاندانە بریتییە لە دەربڕینی هەڵوێست”۲

لە شانۆدا، قسەکەر له ڕێگەی‌ مەنەلۆژەکانەوە هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت و لە ڕۆمان و چیرۆکە دروستکراوەکانیشدا له ‌ڕێگەی دیالۆگ لە‌گەڵ کارەکتەرە چیرۆکخوانەکاندا، بەو شێوەیەی، کە “سپارشۆت” باسی لێوە دەکات، هەڵوێست و بیروڕای خۆی دەردەبڕێت. کەواتە ئێمە لە ئاخاوتن و شێوازی ئاخاوتنی کارەکتەرەکان دەگەین، وەک لەلایەن قسەکەرێکی ناو دونیای ڕاستەقینەدا بکرێن. ئەی نووسەر چۆن هەڵوێستی خۆی لە به‌رامبه‌ر بارودۆخەکانی ناو دونیا دروستکراوەکەدا دەردەبڕێت؟

دیارە کارەکتەری چیرۆکخوان یان نووسەر، وەکوو چیرۆکخوان، هەردەم هەڵوێست و بیروڕای خۆی به‌رامبه‌ر بە ڕووداوەکان یان کارەکتەرەکانی تری ناو دونیای دروستکراو پیشان دەدات و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات. دەشێ ئەم هەڵوێستە پیشاندانی خۆشەویستی، بێزاری، ڕقلێبوونەوە، سەرسامبوون، ڕیسواکردن، یان هاوسۆزیبوون بێت به‌رامبه‌ر بە کارەکتەرێک یان پێکهاتەیەکی کۆمەڵگە. ئەگەر دونیاکە تووندوتیژیی تێدا بێت، ڕه‌نگه‌ دڵخۆشی یان نیگەرانی پیشان بدات. بۆ نموونە قسەیەکی وەکوو “بڕۆ لەبەر چاوم ون بە!” لە لایەن کارەکتەرێکەوە نیشانەی تووڕەیییە. دوور نییه‌ نووسەر لەگەڵ کارەکتەرەکە هاوڕا نەبێت. بۆیە، لە وەسفکردنی ئەم کارەکتەرە یان پیشاندانی، هیچ وشەیەک، ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، بەکار ناهێنێت کە نیشانەی هاوسۆزیبوون بێت وەک دەربڕینێک بۆ هەڵوێستەکەی. ئێمه دەکرێت‌ لەم ڕوانگەیەوە، لێکدانەوەمان بۆ ئەم کارەکتەرە پۆزەتیڤ بێت یان نەگەتیڤ، هەروەک دەکرێت لەم ڕوانگەیەوە لە هەڵوێستی نووسەر بگەین. بە گشتی ئێمە نابێت مەبەستمان ئەوە بێت، ئاخۆ ئەم کارەکتەرانە بەپێی پێوەرەکانی جیهانی یان بەپێی پێوەری خۆمان، کارەکتەری باشن یان خراپ، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە نووسەر چۆن ئەم کارەکتەرانە دەبینێت. ئەم بینینەی نووسەر لە گێڕانەوەی چیرۆکخوانەکاندا بەرجەستە دەبێت. بۆیه، ‌چیرۆکخوانەکان ته‌نیا لە ڕێگەی پیشاندان تووڕەییی ئێمە به‌رامبه‌ر بە هەندێ کارەکتەری وەکوو “ماجیدی هەمزە قەڵاتێ” و “رەقە” و “سابیر پوولەکە”ەوە دەورووژێنن و هەستی هاوسۆزیبوونیش لای ئێمه به‌رامبه‌ر بە خۆیان، سەبارەت بە بوێرییان لە گێڕانەوەکەدا‌ بەو جورئەتەوە، هەروەها به‌رامبه‌ر بە‌‌ کارەکتەرەکانی وەکوو “ست ڕووناک”، “رەمزی ئازادی”، “گوڵدان” و… تاد دروست دەکەن. کەواتە ته‌نیا پیشاندانی دۆخەکان لە پرۆسەی گێڕانەوەدا، هەڵوێستی نووسەری تێدا بەرجەستە دەبێت. بۆ نموونە، “سابیر پوولەکە”ی باوکی “عائشە” یان “میدیا” وەک “سۆزان” بانگی دەکات، خانووەکەی ماڵی “سۆزان” داگیر دەکات ئەو کاتەی ماڵی “سۆزان” به‌هۆی هەرەسی حەفتا و پێنجەوە لە شاخ دەگەڕێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، “سۆزان” و “میدیا” دەبنە دەستەخوشک و دوو هاوڕێی زۆر نزیک لە یەکتر. پیشاندانی ئەم حاڵەته، وەکوو ڕەهەندێکی گێڕانەوە،‌ پەیامی خۆشەویستی و ناتوندوتیژیی تیادا بەرجەستە دەبێت‌، بەتایبەتی، کە حاڵەتەکە لە دوای هەرەسەکەوەیە. ئێمە ئەم هەڵوێستە، دواجار، دەخەینە پاڵ نووسەر ئەگەرچی لە چوارچێوەی دونیا دروستکراوەکەی “سۆزان”دایە.

کەواتە، ئەو مەبەستەی که نووسەر‌ دەیەوێ لە ڕێگەی دروستکردنی دونیایەکی ئەفرێندراوەوە ڕایبگەیەنێت، هەروەها مانای ئەو هەڵوێستەی، کە لە به‌رامبه‌ر ڕووداوەکانی ناو ئەم دونیایە و کارەکتەرەکاندا وەری دەگرێت، بە سەرچاوەکەوە بەستراوەتەوە، بەڵام بە دڵنیایییەوە سنووری سەرچاوەکە دەشکێنێت و پانتاییەکی فراوانتر لە سەرچاوەکە‌ دەگرێتە خۆ. ئەوەی “جۆرج ئۆروێڵ” لە دونیای دروستکراوی ناو ڕۆمانی “باخچەی ئاژه‌ڵان”دا دەیکات، ورووژاندنی تووڕەیی ئێمەیە به‌رامبه‌ر بە هەندێک لە ئاژەڵەکانی ناو ئەو دونیایە، بەڵام خۆ مەبەستی ئەو ته‌نیا لە سنورری ئەم دونیایەدا ناوەستێت. “ئۆروێڵ” دەیەوێ کۆمەڵگەی ئینگلیزی ئاگادار بکاتەوە لە شێوازی وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن پارتە کۆمۆنیستەکانەوە. ئەمەیش مەبەستێکە لە دەرەی ئەم دونیا دروستکراوەدایە. کاتێك (کاروان) لە ڕێگەی چیرۆکخوانەکانەوە تووڕەیی ئێمە به‌رامبه‌ر بە هەڵوێستی چه‌ند کارەکتەرێکی ناو دونیا دروستکراوەکانی “ئامانج”، “ئازادی هەمین مامان” و “سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان”دا دەورووژێنێت، مەبەستەکەی ته‌نیا لە چوارچێوەی ئەم دونیایەدا نییه. تەوزیفکردنی “ماڵەباجێنه”‌ لە دونیای دروستکراوی “ئامانج”دا لە کەناڵی یەکەمی ڕۆمانەکەدا دەچێتە ئەو خانەیەوە:

ـ ئایا ئەو کچ و کوڕانە پرس بە کەس دەکەن، کە دەیانەوێت ئەو ماڵە پێکەوە بنێن و چەند منداڵێکشیان ببێت ؟

ـ نهء.

ـ بۆ؟

ـ چونکە منداڵن و ئەو ماڵەیش ڕاستەقینە نییە.

ـ ئەگەر کچ و کوڕێکی گەورە بەبێ پرس و ڕەزامەندیی کەسوکاریان ماڵێک پێکەوە بنێن، چیان لێ دەکەن ؟

بە ترسەوە گوتت:

ـ دەیانکوژن.

بەدەر لەوەی، کە ئەم دیالۆگە ئاماژە بە دۆخێکی ترسئامێز دەکات لە ژیانی ”ئامانج”دا، ئەو پرسیارەی دەیورووژێنێت، هەر لە سنووری دونیا دروستکراوەکەدا ناوەستێت، بەڵکوو پرسیارێکە هەموو ”ئامانج”ەکانی دونیای ڕاستەقینە دەیکەن.

⚝⚝⚝

ئەمڕۆ زۆربەی ڕەخنەگرەکان بەوە دڵخۆشن، کە چیرۆکخوان بە بەشێکی سروشتیی چیرۆک بزانن،‌ بەڵام بەیەکەوه ‌گونجاندنی چیرۆکخوان لەگەڵ پێکهاتەکانی چیرۆک هێشتا هەر مەسەلەیەکی مشتومڕئامێزە. بەدەر لەوەی، کە چیرۆکخوان لە لای (کاروان)، لە ڕوانگەی لێکۆڵینەوە لە فۆرم و چەمکی چیرۆک، وەکوو بەرهەمێکی هونەری، ڕەگەزێکی بنچینەیییە، ڕاستییەکەی بۆ تێگەیشتن لە ڕۆمانەکانیشی هەر ڕەگەزێکی بنچینەیییە، له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و ڕاستییەی، کە چیرۆکخوان دەچێتە ناو پێکهاتەکانی ڕۆمان. ئەمەش وەکوو کاردانەوەیەک بۆ تایبەتمەندێتییەکانی ڕۆمان، بۆ قووڵکردنەوەی تەکنیکی گێڕانەوە ڕوو دەدات نەک وەکوو کاردانەوەیەک بۆ خودی چیرۆکەکە. چیرۆکخوان لای (کاروان)، ئەو بەکارهێنانە ڕووکەشەی نییە، کە کار بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەک بکات بۆ چیرۆکەکە بۆ ئەوەی هەرچی بابەتە یان ئاخاوتن و دەمەتەقێیە وەکوو ڕاپۆرتێک ڕایبگەیەنێت، چونکە لە پاڵ گێڕانەوەکەدا، خوێنەر، لێره ‌و لەوێ، له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگەکانی ناو گێڕانەوەکەوە هەست دەکات لە بەردەم شانۆنامەیەک دایه، کە زۆر نەخشەکاریی بۆ کراوە.‌

دیارە یەکێک لە وەزیفەکانی چیرۆکخوان ئەوەیە، کە لەیەک کاتدا لە هەموو شوێنێک یان زۆربەی شوێنەکاندا ئامادەبوونی هەبێت‌. لە ڕۆماندا، ئەم وەزیفەیە بەهۆی تەکنیکی شەپۆڵی هۆشەوە جێبەجێ دەبێت. هەموو زەمەنەکانیش لەیەک کاتدا لە یادەوەریی چیرۆکخوانەکەوە ئامادەبوونیان هەیە. چیرۆکخوانەکان لە یەک کاتدا ڕابردوویان لەناو مێشکی خۆیاندا هەڵگرتووە و ئاگاداری “ئێستا”شن و ئەگەری داهاتووشیان لەبەرچاوە، بەڵام بۆ ئەوەی چیرۆکەکە ڕێک بخەن، ڕێژەی کاتەکانیش دەگۆڕن. هەندێ ڕوو‌داو کاتێکی زیاتری پێ دەدرێت لە هەندێکی تر، بەپێی گرنگیی ڕووداوەکە بۆ بیرۆکە گشتییەکەی چیرۆکەکە.

وەکوو لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” لەسەر ڕ‌ەگەزی زەمەن و سروشتی ئەو زەمەنه ‌و کاریگەرێتیی بەسەر ڕووداوەکان و دروستکردنی کارەکتەر بونیاد نراوە. نووسەر ئەگەرەکان و هەنگاوەکانی گەیشتن بە ڕاستییەکان لە دیوی ناوەوەی ”ئامانج”دا بەڕێوەدەبات لە کەناڵی یەکەم و لە کەناڵی دووەمیش لە دیوی ناوەوەی کارەکتەری “ئازاد هەمین مامان”دا‌ بەڕێوە دەچێت و لە کەناڵی سێیەمیشدا دیسان لە گێڕانەوەی “ئامانج” و لە کەناڵی چوارەمیشدا لە یادەوەریی “سۆزان” بەڕێوە دەچن. هەڵبژاردنی هەر یەک لەم کارەکتەرانە وەکوو چیرۆکخوان، هەروا لەخۆڕا نەهاتووە. هەر یەک لەم کارەکتەرانە ناتوانن ڕاستییەکان بۆ هیچ کەسێک دەرببڕن. بۆیە، پرۆسەکە ته‌نیا لە دەرووندا جێبەجێ دەبێت. ته‌نیا خوێنەر پێیان دەزانێت. کارەکتەرەکانی تر هیچ ئاگاداری ئەم پرۆسێسی گێڕانەوەیە نین، کە چیرۆکخوانەکان، دواجار، بۆ خوێنەر دەیگێڕنەوە با لە ڕوواڵەتدا لە ڕووی تەکنیکییەوە لەگەڵ خۆیان بدوێن. ڕاستە زۆر لە کارەکتەرەکان بەشدارییەکی کارایان لە ڕووداوەکاندا هەیە، بەڵام هیچکام لەمانە وەکوو خوێنەر ئاگاداری هەست و نەستی کارەکتەکان نین. ئەم حاڵەتە ڕێک وەکوو حاڵەتی خۆدواندنی ئەکتەرە لەسەر تەختەی شانۆ کاتێ بەلاوە شتەکان بۆ بینەران دەردەبڕێت بێ ئەوەی ئەکتەرەکانی تر هیچی لەبارەیەوە بزانن. (کاروان) بەم تەکنیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە گرنگترین شت لە ژیانی مرۆڤدا ئەو گەڕان و پشکنینەیە، کە دەیکات بە مەبەستی گەیشتن بە واتای شتەکان و هۆکارە ڕاستەقینەکان. لە چوارچێوەی ئەم بۆچوونەدا، ”ئامانج” و”ئازاد” و “سۆزان” خەمڵاون یان گەیشتوونەتە ئەم ڕاستییانە‌. بۆیە، بۆ ئێمەی دەگێڕنەوە. دیارە کارەکتەر لای (کاروان) ئەو کاتە دەخەمڵێت، کە خۆی “واتە کاروان” هەست بکات کارەکتەرەکە ئامادەیە‌ ئەم تێگەیشتنە لە ڕێگەی بینینەوە قبووڵ بکات، ئەگەرنا ئەو ئەرکەی پێ ناسپێرێت، کە ببێتە چیرۆکخوان.

ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”، دواجار، بریتییە لە تۆمارێک بۆ ئامادەکردنی کارەکتەر‌ بۆ گەیشتن بە دوایین تێگەیشتن لە شتەکان. ئەم ئامادەکردنەش لە فۆرمی گواستنەوەیەکی خێراوە دێت بۆ دیوی ناوەوەی کارەکتەرەکانی تریش و لێکدانەوەی سیمبۆڵە تایبەتییەکانی ئێستا و ڕابردوو

کەواتە دەکرێت بڵێین ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”، دواجار، بریتییە لە تۆمارێک بۆ ئامادەکردنی کارەکتەر‌ بۆ گەیشتن بە دواین تێگەیشتن لە شتەکان. ئەم ئامادەکردنەش لە فۆرمی گواستنەوەیەکی خێراوە دێت بۆ دیوی ناوەوەی کارەکتەرەکانی تریش و لێکدانەوەی سیمبۆڵە تایبەتییەکانی ئێستا و ڕابردوو، کە دواجار، لە منداڵدانی ئەم پرۆسەیە بینینی کارەکتەرەکە به‌رامبه‌ر بە واقیع، بە ژیان دروست دەبێت. پرۆسەکە، ڕاستییەکەی، چالاکییەکی دەروونی و هزرییە، زیاتر لەوەی جەستەیی بێت. هەڵبەت، زۆر کەس بەم گەڕان و پشکنینەی، کە باسمان لێوە کرد سەرقاڵن، بەڵام دیاره زۆربەیان وەکوو “ئامانج” و “ئازادی هەمین مامان” و “سۆزان” لە چالاکییە دەروونییەکان بەئاگا نین. (کاروان) ئەم کارەکتەرانە هەڵدەبژێرێت، چونکە بە گشتی، وەکوو چیرۆکخوان، لەڕادەبەدەر هەستیارن سەرەڕای ئەو جیاوازییەی نێوانیان سەبارەت بە ڕادەی زانیارییەکان یان بە خودی کارەکتەرەکانیان‌. بێجگە لەمەش، نووسەر لە ڕێگای بەکارهێنانی تەکنیکی شەپۆڵی هۆشەوە هەوڵ دەدات نهێنییەکانی دیوی ناوەوەی کارەکتەرەکان لەگەڵ دونیای فراوانی دەرەوە هاوتەریب بکات. بە واتایەکی تر دیوی ناوەوەی کارەکتەرەکان دەبن بە وێنەیەکی بچووکی دونیای دەرەوه. ئەم هاوتەریبوونەش بەوە جێبەجێ نابێت، کە بینینەکه ته‌نیا‌ له منداڵدانی‌ قۆناغێکی‌ دیاریکراو لە مێژوودا دروست بێت، چونکە (کاروان) مامەڵە لەگەڵ قۆناغی جیا جیا دەکات لە مێژوو. بۆیه، دواین بینینی کارەکتەرەکه ‌لە بەیەکەوه‌بەستنەوەی کۆمەڵێ قۆناغی جیا جیای سەر بەزەمەنی جیاجیاوە دروست دەبێت لە چوارچێوەی تەکنیکی شەپۆڵی هۆشدا. بنەمای ئەم تەکنیکە لای (کاروان) لەسەر هێزی ئەو درامایە بونیادنراوە، کە لە مێشکی “ئامانج” و”ئازادی هەمین مامان” و “سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان” دابەڕێوە دەچێت، کە هەریەکەیان وردەکارییەکانی قۆناغێکی جیا یان دیوێکی جیا لە ئەوە‌کەی تر دەگێڕێتەوە و لەگەڵ یەک تێککهەڵکێش کراون.

دوور نییه‌ هەندێ خوێنەری ڕاستەقینە، ئەم شێوازە گێڕانەوەیەی (کاروان) لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە بە بچووککردنەوەی خودی کارەکتەرەکانی وەکوو “ئامانج”، “ئازادی هەمین مامان”، هه‌روه‌ها “سۆزان” بزانن بەو پێیەی ئەوان ته‌نیا لە پانتایی بێسنووری خەیاڵدا خاڵەکان دەخەنە سەر پیتەکان. دیارە بیرکردنەوە بەم‌ ئاڕاستەیە پێچەوانەی ڕاستییەکانە، چونکە ڕاستگۆترین واقیع ئەوەیە، کە مرۆڤ بەوپەڕی سەربەستییەوە پیشانی بدات.‌ ئەمەش ته‌نیا لە پانتایی خەیاڵدا جێبەجێ دەبێت. ئەوەی لە پرۆسێسی بیرکردنەوەی ”ئامانج”، “ئازادی هەمین مامان” و “سۆزان”دا ڕوو دەدات لە واقیعە بەرچاوەکە ڕاستەقینەترە، چونکە دۆزینەوەی ئەو پاڵنەرە ڕاستەقینانە لەخۆ دەگرێت، کە واقیعەکەی هێناوەتە کایەوە. لە سەرێکی ترەوە، بە گشتی، لە پشت هەر پرۆسەیەکی فەنتازیادا، کە لە خەیاڵی هەر کەسێکدا‌ بەڕێوە دەچێت، هێزێک هەیە، کاری تێ دەکات، تەکانی پێ دەدات تا زیاتر پرۆسەکە بەرەو قووڵایی ببات. ئەو هێزەش هێزی ئەو خواست و ئارەزووانەیە، کە جێبەجێ نەبوونە. دیارە ئەمە پاڵنەری ڕاستەقینەی ئەو فەنتازیایەیە، کە لە خەیاڵی چیرۆکخوانەکاندا بەڕێوە دەچێت. هیچ سانسۆرێک لەبەردەم سەرنجەکانی ”ئامانج” یان هی “ئازادی هەمین مامان” یاخود هی “سۆزان”دا نییە، کاتێك بە ناخی خەڵکانی تریشدا شۆڕ دەبنەوە و دەیانپشکنن. تا ئەو جێیەی پێوەندی بە خوێنەریشەوە هەیە، مەبەستی نووسەر لە دروستکردنی ئەو بینینەی، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، بە تەواوی لەوەدایە، کە خوێنەر هەست بکات پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو ژیانە بەردەوامەوە هەیە، کە لە چوارچێوەی ڕۆمانەکەدا دروست دەبێت بەبێ هیچ هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەوخۆ یان لایەنگیرییەکی کوێرانە یاخود پێشەکی بڕیاردان لەلایەن نووسەرەوە. ‌بۆیە، وێنەکە بە تەواوی لەلای خوێنەر دروست نابێت هەتا ڕۆمانەکە بە تەواوی نەخوێنێتەوە.

ئەگەرچی (کاروان) وردەکارییەکان لەسەر زاری ئەو چیرۆکخوانانه و بە ڕاناوی کەسی یەکەمەوە دەگێڕێتەوه، بەڵام هەر لە چوارچێوەی ئەم گێڕانەوەیەدا دەیان دیالۆگی تێدایه لەنێوان کارەکتەرەکانی تر، کە چیرۆکخوان لێیانەوە نزیکە. هەر لەم دەرگایەشەوە هەموو پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری پێش هەرەسی حەفتا و پێنج و دوای هەرەسەوە دەخاتە ڕوو. لەم بارەیەوە، ناوی “کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان” وەکوو ڕێکخراوێکی شۆڕشگێر بۆ تێکشکاندنی ئەو بێئومێدییەی، کە دوای هەرەس دووچاری خەڵک بووبوو، یەکەمجار لە ڕێگەی کارەکتەری “دەرسیم کوردۆ”وە دەکەوێتە سەر زاری خەڵک. “دەرسیم کوردۆ” لە بنچینەدا ناوی “عومەر”ە و کوڕی “مەلا عارەب عبدولسەمەد”ه و “دەرسیم کوردۆ” نازناوی نووسینییەتی‌. نووسەر بە ڕوونی ئاماژە به ئاستی ڕۆشنبیریی‌ کارەکتەرەکانی ئەو ڕێکخراوە ‌دەکات. “دەرسیم کوردۆ” بەر لەوەی بچێتە شاخ، نووسەر بووە و لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەوسا بابەتی ئەدەبیی بڵاو کردووەتەوە و لایەنگیریی ڕەوتی پێشکەوتووخواز و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانە لە کۆمەڵگە و عەقڵی باودا. بوونی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بە هیچ شیوەیەک بۆ ئەوە نییە ڕۆمانەکە بە لای ئایدۆلۆژیادا بشکێنێتەوە، بەڵکوو لە لایەک بۆ دەرخستنی جیاوازیی کارەکتەرە گەنجەکان و پیرەکانە و لە لایەکی ترەوە دەیەوێت تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغە مێژوویییە پیشان بدات. ئەگەر “شێرزاد ناجی” زۆر پابەندی ئەو ڕێکخراوەیە و دەیخاتە سەرووی هەموو گومانێکەوە، ئەوا “ئازادی هەمین مامان” دنیایەک گومان و ترسی لە ئاستیدا پیشان دەدات. نووسەر لە ڕێگەی کارەکتەرەکانی سەر بەم ڕێکخراوەوە ڕەهەندێکی فیکریی هەمەلایەنە دەخاتە پاڵ ڕێکخراوەکه ئەگەرچی وەکوو گوتمان ڕۆماننووس کار لەسەر جیاوازییەکانی نێوان کارەکتەرەکانی ئەم ڕێکخراوەش دەکات. دیارە “دەرسیم” هاوڕێی “ئازادی هەمین مامان”ە و شەوێک بەر لەوەی “دەرسیم” بچێتە شاخ، لە ماڵی خۆیان داڵدەی داوە. ئەم داڵدەدانە گوزارشت لە بوێریی “ئازادی هەمین مامان” دەکات لەو هەلومەرجانەی، کە پێویست بە لەخۆبووردەیی و بوێری دەکات. ئەگەرنا ئەو، بەپێی تێگەیشتنی “شێرزاد ناجی” به ‌گشتی کارەکتەرێکی بوێر و چاونەترس نییە، بە بەراورد لەگەڵ خۆی و “دەرسیم کوردۆ”. دیارە “ئازاد” زۆر بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات لە کاتێکدا “شێرزاد ناجی” زیاد لە پێویست سەرەڕۆ و ڕادیکاڵە.

بەهەرحاڵ، “ئازاد هەمین مامان”ی چیرۆکخوان‌ وەکوو چاودێرێک سەیری هەڵسوکەوتی ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەکات، ئەگەرچی “شێرزاد ناجی” وەکوو ئەندامێکی “کۆمەلە” سەیری ئەمی دەکرد و تەنانەت ڕەخنەشی لێ دەگرت. لەگەڵ ئەوەشدا، کاریگەریی کۆمەڵەی بەسەرەوە دیارە. باشترین نموونەش بۆ ئەمە فرۆشتنی تەزبێحە گرانبەهاکەی باوکییەتی بۆ ئەوه‌ی پارەکەی بداته ‌”مەرجان”ی دایکی عیماد تا ساڵۆنی پێ دابنێت. ئەو “مەرجان”ەی خەڵک بە سووک‌ سەیریان دەکرد و بە “مەرجانی تیاترۆ” ناویان دەبرد. ئەم ڕەفتاره‌ی “ئازاد” سەمبوڵئامێزە و ڕەهەندێکی فیکریی سەردەمانەی هەیە. بە دیوێکی تردا، هەڵوێستی نووسەری تێدا بەرجەستە دەبێت لە ڕێگەی پیشاندان وەکوو ڕەهەندێکی گێڕانەوە، ڕێک وەک لە مەسەلەی “سۆزان” و “میدیا” باسمان کرد. لە چوارچێوەیەکی شاراوەدا. نووسەر لە ڕێگەی کارەکتەری “شێرزاد ناجی”یەوە پیشانی دەدات، کە “کۆمەڵە” چووەته ناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەوە، چونکە “شێرزاد” ئاگاداری هەموو کێشەیەک بوو و هەوڵی چارەسەرکردنی هەموو کێشەیەکی دەدا. بۆ نموونە هەر “شێرزاد ناجی” کێشەی سکپڕییەکەی “دلارام”ی چارەسەر کرد و “ئازادی هەمین مامان”ی لەم تەنگوچەڵەمەیە ڕزگار کرد. یەکێک لە خەسڵەتە باشەکانی ئەوەیە، کە شەرمن نییه، بەتایبەتی لەگەڵ ئافرەتان. “ئازادی هەمین مامان” بەم شێوەیە باسی شەرمنیی خۆی و بوێریی “شێرزاد ناجی” دەکات:

“هەتا تۆ خەریکی فرۆشتنی هەندێک شت بوویت، ئەو [واتە شێرزاد] خۆی لە (گوڵدان) نزیک کردبووەوە… بە شێوەیەک لە گەڵی دەدوا، وەک بڵێی چەندین ساڵ بێت بیناسێت… هێندەی دیکە ترسەکەی گیانت [واتە هیی ئازاد] تاوی دەسەند… لەوە دڵنیا بوویت بەم زمانە سیحرییەی لە خشتەی دەبات… [… ] تۆ کاتێ دەچیتە ماڵیان و کەلوپەلەکانی لێ وەردەگری [واتە لە گوڵدان]، لە شەرمان هەموو گیانت دەلەرزێت و زمانت تەتەڵە دەکات، کەچی ئەوەتا ئەم خەریکە لەناو بازاڕ لە باوەشی دەگرێت.

“شێرزاد ناجی” کارەکتەرێکی بە کردوکۆش و پڕ جووڵەیە. مرۆڤێکی ڕۆشنبیرە. لە شیعر، هونەر، سیاسەت هەروەها فەلسەفه ‌و بوارە کۆمەڵاتییەکاندا شارەزاییەکی باشی هەیە. خێرا دەچێتە ناو کێشەکان. بە گفت و لفتە. هەست بە هەموو شتێک دەکات. لە هەموو شتێک دەکۆڵێتەوه. بۆ نموونە، کاتێك دەزانێت، کە “گوڵدان” کچی “فەوزی داود”ی نیگارکێشە، پێی دەڵێت:

‌”- فەوزی داودی نیگارکێش؟ ئەو هونەرمەندە بەوە ناسرابوو، کە ته‌نیا نیوەی شتەکانی دەکێشا… نیوەی باخچەیەک، نیوەی ئەسپێک، نیوەی ڕۆژ، نیوەی ئاسمان، نیوەی کچێک و نیوەی کوڕێک… جارێکیان لێیان پرسی: ئەی کوا نیوەکەی دیکەی هەر یەک لەوانە؟ گوتی: ئەم نیوانە خۆیان نیوەکانی دیکەی خۆیان دەدۆزنەوە… ئینجا لێیان پرسی: ئەی ئەگەر نەیاندۆزیەوە؟ گوتی: هەر نیوەیەک، کە نیوەکەی خۆی نەدۆزێتەوە، خۆی لەناو دەبات… لە هونەردا جوانترین شت خۆلەناو بردنە.”

له ‌سەرێکی ترەوە، هەڵوێستی “شێرزاد ناجی”به‌رامبه‌ر بە کێشەی “عیماد” و “ئیمان”ی کچی “مەلا عارەب عەبدولسەمەد” هەڵوێستێکی سەردەمانەیە. “مەلا عارەب” ئامادە نییە کچەکەی خۆی بداتە “عیماد”، چونکە کوڕی “مەرجان” و “نوورەددین تەیارەچییە” و لە ڕووی کۆمەڵایەتییە‌وە بە نزم سەیر دەکرێت و بە “مەرجان تیاترۆ” ناسراوە. بۆیە،”ئیمان” ڕەدووی “عیماد” دەکەوێت. نووسەر لێرەدا، لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی شێرزاد ناجی” لە هەڵوێستی “عیماد‌” و “ئیمان”ەوە پیشانی دەدات، کە “کۆمەڵە” ڕووبەڕووی نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە بووەتەوە و پەنجە لەسەر نەخۆشییە کۆمەڵاتییەکان دادەنێت. “شێرزاد” دەڵێ:

“من کاتێک دەڵێم خەڵک با بزانن ئیمان و عیماد ئاوایان کردووە، مەبەستم ئەوە نییە ئەوانە بشکێنم، بەڵکوو ئافەرینیان لێ دەکەم و هەتا لە توانامدا بێت پشتیان دەگرم، بەڵام دەشمەوێ خەڵک بزانن ئەو پەروەردەیەی مەلا بۆ ئەم سەردەمە دەست نادات… “

“ئیمان” و “عیماد” وا لە شاخ دەڕوانن، کە پانتاییە‌کی فراوانە بۆ ئازادی لە کاتێکدا ”ئامانج” وەک لە کەناڵی یەکەمدا بینیمان نا‌یەوێت “جارێکی دیکە بە مەبەستی سەیرانیش بۆ ئەم شاخوداخە [بگەڕێتەوه]”. عیماد دەڵێ:

“… ئێمە لەبەرئەوە نییە شار جێ دەهێڵین و دەچین لەم شاخە چەک هەڵدەگرین، کە ڕقمان لە ژیانی شارە و حەز بە هەڵگرتنی چەک دەکەین، بەڵکوو ته‌نیا لەبەرئەوەیە ڕێگەمان نادرێت بەئازادی ببینە هاوسەری یەکتر… حەز ناکەم سبەینێ کەس وا بزانێت ئێمە دوای ئەوەی هیچ ڕێگەیەکمان لە بەردەمدا نەمایەوە، ئینجا بەناچاری‌ چووین بووینە پێشمەرگە”

بەدەر لە بەدواداچوونی ڕێکوپێک بۆ ڕووداوەکان و کارەکتەرەکان، وردبینیی نووسەر لەو خەسڵەتانەدا دەردەکەوێت، کە دەیانخاتە پاڵ کارەکتەرەکان بێئەوەی لەم بارەیەوە تووشی غەفڵەت بێت. بۆ نموونە هەر لەو کاتەوە، کە خوێنەر ئاشنای “شێرزاد ناجی” دەبێ، سەرنج دەدا ئەم کارەکتەرە لەگەڵ بیستنی هەر هەواڵێکی گرنگ یان ناخۆش یان تازە بۆکسێکی قایم به ڕانی خۆی، بە دیوار یان بە هەرشتێکی تردا دەکێشێت. نووسەر هیچ کاتێک ئەم خەسڵەتەی “شێرزاد” لەبیر ناکات. ئێمە لە زاری “ئازاد هەمین مامان”ەوە دەبیسین، “دلێر”یش، کە یەکێکە لە ئەندامانی ڕێکخستی کۆمەڵەیه‌ لەناو شار، “دەقاودەق قسەکانی (شێرزاد) دەڵێتەوە… تەنانەت وەکوو ئەویش لەکاتی گفتوگۆدا بۆکس بە دیوار و ستوونی کارەبا و پشتی مانگا و شتی دیکەدا دەکێشێت”. ئەگەر ئەم خەسڵەتە بە دیوێکیدا ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕیی تێدا بێت، بەڵام دوور نییە‌ وەک ڕەنگدانەوەیەکیش بێت بۆ دیوێکی توندوتیژیی ڕێکخراوەکە. “ئازادی هەمین مامان”یش ئەو هەستەی لا دروست دەبێت، کە “هەتا (شێرزاد ناجی) لەناو ژیانی [ئەو]دا بێت، دەست بۆ هەرچی [بەرێت] بەرەو ناو ئاگر [ئاڕاستەی] دەکات”، چونکە “شێرزاد دەستی لە ئیش و کارە تازەکەی لەگەڵ “گوڵدان” وەردەدا بۆ بەرژەوەندیی بیروباوەڕی کۆمەڵە. نووسەر لەم ڕێگەیەوە جیاوازیی نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵە پیشان دەدات.

ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” لەڕووی تەکنیکەوه لەسەر بنەمای دروستکردنی حاڵەتێکی لۆژیکی “هۆ” و ئەنجامەکاندا داڕێژراوە. بۆیە‌، هیچ بۆشایی یا حاڵە‌تی پچڕپچڕبوون لە گێڕانەوە‌دا نییه.

⚝⚝⚝

ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” لەڕووی تەکنیکەوه لەسەر بنەمای دروستکردنی حاڵەتێکی لۆژیکی “هۆ” و ئەنجامەکاندا داڕێژراوە. بۆیە‌، هیچ بۆشایی یا حاڵە‌تی پچڕپچڕبوون لە گێڕانەوە‌دا نییه. دیارە مەبەستم لە نەبوونی پچڕپچڕبوون ئەوە نییە، کە گێڕانەوەکە هەر شێوازی ڕیزبەندیی کلاسیکییانە لەخۆ دەگرێت، بە پێچەوانەوە، سەرەڕای یاریکردن بە زەمەنەکە و پاشوپێشکردنی ڕووداوەکان، مرۆڤ هەست دەکات بۆشاییەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان پڕ کراونەتەوە. دیارە ئەمەش بۆ تۆکمەیی داڕشتنی پلانی ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوه. کاتێ ڕۆماننووسێک لە سەرەتاوە داڕشتنی پلانی ڕۆمانەکەی له ‌لا گرنگتر بێت له گەڕان بەدوای‌ ڕستەی جوان جوان، کە پێویستە دوای داڕشتنی پلانەکە بێت، هەڵبەت بونیادی ڕۆمانەکە تۆکمه ‌و بەهێز و بێدرز دەبێت. بە واتایەکی تر، داڕشتنی نەخشەی چیرۆکەکە وەکوو هەنگاوی بەرایی گرنگتره لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان و ئەو زمانەی، کە نووسەر بەکاری دێنێت. بۆیە حاڵەتە پچڕپچڕەکان، ئەگەر هەبن، هەر لە سەرەتاوە پڕ کراونەتەوه ‌و ڕۆمانەکەیش وەکوو تەلارێکی جوان و ڕێک بونیادنراوه، چونکە پێوەندییەکی لۆژیکی هەموو پێکهاتەکانی ڕۆمانەکە به ‌یەکتر دەبەستێتەوە‌. نووسەر ‌بە تەنگ خستنەڕووی کرۆنۆلۆژیای ڕووداوەکاندا نییه، بەڵکوو ئەوەی لەلای ئەو گرنگە دروستکردنی حاڵەتێکی لۆژیکی هۆ و ئەنجامەکانە. ئەم حاڵەتە لای ڕۆماننووسی سەرکەوتوو هەر لە سەرەتاوە، لە داڕشتنی پلانی چیرۆکەکەوە، بیری لێ دەکرێتەوە و مەسەلە تەکنیکییەکان له سەرەتادا ناکاتە مەبەست. واتە لە سەرەتاوە بیر لەوە ناکاتەوە چ تەکنیکێک بەکار بێنێت بۆ پیشاندانی‌ باڵای کارەکتەرەکان و شێوەی دەموچاویان یاخود فیسار شوێن وەکوو چی وایه و وردەکاریی پێوەندییەکانیان چۆنە. جوانکارییەکانی زمان دواتر دێن. گریمان ڕۆماننووس هەر لە سەرەتاوە بیری لەم شتانە کردەوە، بەڵام خۆ دواجار هەر دەبێت هێڵە سەرەکییەکانی چیرۆکەکە بکێشێت و پاشان بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە. ئەگەر وا نەکات ڕۆمانەکە تۆکمەییی خۆی لەدەست دەدات. (کاروان) تەنانەت لە چیرۆکە کورتەکانیشیدا ئەم نەخشەداڕێژییه تۆکمەیە‌ جێبەجێ دەکات، بۆیە دەکرێ‌ هەریەک لەم چیرۆکە کورتانە ببێت بە ڕۆمانێکی دوورودرێژی تۆکمه ‌و بەهێز، کە کەم چیرۆکی کورت هەیە ئەم نەخشەداڕێژییەی تێدا بەدی بکرێت. جێگەی ئاماژەپێکردنە زۆر لە چیرۆکە کورتەکانی “شێرزاد حەسەن” و “سەڵاح عومەر”یش هەمان ئەو نەخشەداڕێژییەیان تێدایە و دەکرێت لە چوارچێوەی ڕۆمانی تۆکمە و بەهێز دابڕێژرێنەوە. بێگومان نەبوونی بۆشایی‌ بەو مانایە نییە، کە دەقەکە لە ڕووی فیکرییەوە هیچ بۆشاییەک بۆ خوێنەر بەجێ ناهێڵێت تا لە پرۆسەی خوێندنەوەدا‌ پڕی بکاتەوه. بێگومان‌‌ هیچ سنوورێک نە لە بەردەم بۆچوونەکانی ناو دەقەکە و نە لە بەردەم پڕکردنەوەی بۆشایییەکان لەلایەن خوێنەرەوە نییە، چونکە ئەو واتایەی، کە (کاروان)، وەکوو ڕۆماننووس، مەبەستییەتی ته‌نیا ئەو پرۆسێسە فیکرییە نییە، کە لە لای خۆیەوە بەڕێوە دەچێت له ‌کاتی ڕۆماننووسیندا. ئەگەر وا بێت، ڕۆمانەکە وەکوو دەق‌ دەبێتە دەقێکی مردوو و دواجار دیاریکردنی واتای بابەتیانەی دەقەکه هیچ ئەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە.‌

ئاشکرایه‌ هەموو نووسەرێک هەوڵی ئەوه ‌دەدات کاریگەرێتیی خۆی بەسەر شێوازی بیرکردنەوەی خوێنەردا بەجێ بێڵێت، بەڵام هیچ نووسەرێکی داهێنەر نایەوێت دەقەکە بۆ خوێنەر ئاشکرا بکات، چونکە نووسەر ته‌نیا لە ڕێگەی ئەکتیڤکردنی خەیاڵی خوێنەرەوە ئومێدی ئەوەی هەیە خوێنەرەکە گیرۆدەی بەرهەمەکەی خۆی بکات. ئەمەیش ڕێک ئەو پلانەیە، کە (کاروان) کاری لەسەر دەکات، بۆیە، فاکتەرێکی گرنگ، کە (کاروان) لە ڕۆمانەکانیدا بایەخی پێ دەدا، هەرەسپێهێنانی ئەو ڕێککەوتنه نادیارە‌‌یە، کە لەنێوان نووسەر و خوێنەردا هەیە سەبارەت بە هەندێ پرس، کە دەبێتە بابەتی ڕۆمان.‌ جێگەی ئاماژە‌پێکردنە جاران ئەم ڕێککەوتنە یاخود هاوتەریبییە پێوەر بوو بۆ هەڵبژاردنی هەر بابەتێک لە بەسەرهاتەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕۆماننووسەوە. لە ئەدەبی ئینگلیزیدا، هەر لە “دانیال دیفۆ”وە بگرە تا دەگاتە “تۆماس هاردی” ئەم ڕێککەوتنە له ‌بەرچاو دەگیرا. ڕۆماننووس لەم ڕوانگەیەوە بابەتەکانی هەڵدەبژارد، بۆیە تێبینیی ئەوە دەکەین، کە ئەوەی بۆ بابەتی ڕۆمان بە گرنگ دەزانرا بریتی بوون لە هەڵوەستەکردن لەسەر پێکهاتە چینایەتییەکانی کۆمەڵگە. هەرچییەک، کە پێکهاتەیەک لەو پێکهاتانەی بەرز کردبا یان بەپێچەوانەوە یاخود دەبوو بە هۆکار بۆ گۆڕینی بارودۆخی مرۆڤ لە ڕووی شارستانییەوە بە گرنگ دەزانرا. “تۆماس هاردی” ڕۆمانەکانی خۆی لەسەر بنەمای چینایەتی، هاوسەرگیری، هەروەها سامان داڕشت. ئەمە مامەڵەکردن بوو لەگەڵ‌ واقیعێک، کە پێی دەگوترا “واقیعی بابەتییانە” و بۆ خوێنەر سەرنجڕاکێش بوو. ئەم واقیعە لەلای (کاروان) بوونی نییە. ئەوەی هەیە هەستکردنە به تێگەیشتن لە‌ واقیع. دیارە ئەمەش دەوەستێتە سەر مێژووی هوشیاریی مرۆڤ، تا چەند مرۆڤ لەو مێژووە هوشیارە، کە لە نەستی دایە و پشت بەو گریمانەیە دەبەستێت، کە دەڵێت ڕۆمان گوزارشت لە گەڕان بەدوای واقیعێکی نەزانراو دەکات، کە خوێنەر تێیدا بەشداری دەکات بێ ئەوەی بینینی بۆ هەبێت و بەهۆیەوە بینینیی دەگۆڕێت. لەم بارەیەوە، ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە هێندە بە وردی لەگەڵ شارەزاییەکانی نووسەر دەربارەی مێژوو بەریەک دەکەون، کە هەندێ جار ئاڵۆزیی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام ئەم ئاوێتەبوونەی مێژوو لەگەڵ ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”، تێکستە‌کە، وەکوو هونەری ئەدەبی، لەناو نابات، بەپێچەوانەوە ڕۆمانەکە هەر لەناو پانتاییی مەجاز و سیمبۆڵ و ڕۆمانسییەتدا جووڵانەوەیەکی فراوانی هەیە و خۆی لە هەموو ئەو چەمکە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە دادەشۆرێت، کە دەبنە مایەی کەمکردنەوەی بەها ئەدەبییەکەی. بە واتایەکی تر، (کاروان) لە ڕێگەی فۆرمێکی هونەرییەوە شارەزاییەکانی خۆی دەربارەی مێژوو پێشکەش دەکات و هەر لە چوارچێوەی ئەم فۆرمە هونەرییەوە شارەزاییەکانی خۆی ڕێکدەخات بێ ئەوەی ئەڵقەکانی بە شێوەیەکی ڕیزبەندی بە یەکتر ببەستێتەوە بە هەمان ئەو ڕێگەیەی، کە مێژوونووس باسی لێوە دەکات. بۆیە خوێنەر هەردەم لە چاوەڕوانی پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودایە تەنانەت ئەگەر بە ڕاستی لە هەموو قۆناغە مێژووییەکانیش ژیابێت. ئەم واقیعە نەزانراوەی، کە لە سەرەوە باسمان کرد،‌ لە زۆر ڕووداوی ئاسایی پێک هاتووە و بە شێوەیەک خراونەتە پاڵ یەکتر، بۆ خوێنەر واقیعێکی تازە دروست دەکەن. فاکتەری زەمەن گرنگترین ڕۆڵ دەگێڕێت لە ڕێکخستنی ئەم ڕووداوە ئاسایییانەدا. چەمکی هوشیاری لەیەک کاتدا لەسەر ئاستی جیا جیا هەستی پێ دەکرێت. پیشاندانی ئەم هوشیارییە بە شێوەیەکی بەهێز لەسەر ئاستی دیوی دەرەوە‌ پەیوەستە بە ئاستە قووڵەکانی دیوی ناوەوە، کە دەرئەنجامی هەموو مێژووی پێشتری مرۆڤە وەکوو تاک.ڕاستییەکەی ئەمە تا ڕادەیەک کێشەی پێوەندیکردن لەنێوان کارەکتەرەکان دروست دەکات، نەک هەر لەلای (کاروان)، بەڵکوو لە لای ڕۆماننووسەکانی تریش وەکوو (بەختیار عەلی)، لەو شوێنانەی، کە بەم ئاڕاستەیە مامەڵە لەگەڵ کارەکتەرەکانیان دەکەن. دیارە ئەمەش سەبارەت بەوەیە، کە مرۆڤ لە کاتی پێوەندیکردنیشدا بە ڕابردووی خۆی بەستراوەتەوە. کاتێ هێما و جووڵە‌ و ئەندامەکانی جەسته و تەنانەت دیالۆگیش‌ نابێتە هۆی پێوەندیکردنێکی ڕاستەقینە، کاتێك گرنگیی بەسەرهاتەکانی مرۆڤ ناوەستێتە سەر ئەوەی تاچەند لەسەر ئاستی گشتی، لە لایەن هەموو کەسێکەوە، ڕێککەوتنی لەسەرە، بەڵکوو پشت بە سەلیقە دەبەستێت، کاتێك لێکدانەوەی هێما و ئاماژەکانی مرۆڤ دەوە‌ستێتە سەر خوێندنەوەی مرۆڤەکە خۆی، لەبەر ڕۆشنایی ئاستی ئەو هوشیارییەی، کە لە ڕابردووەوە تا ئەو چرکەساتەی ئێستا لەلای گەڵاڵە بووە، کاتێك مێژووی کەسێنیی مرۆڤ بەردەوام لەسەر ئاستی نەستیدا ئامادەیە بۆ بەهێزکردنی کاردانەوەکانی به‌رامبه‌ر بە هەر ڕووداوێک، ئەو کاتە مرۆڤ بە ڕابردووی خۆیەوە بەند دەبێت‌ و دەشێ تەنانەت لەناو قەرەباڵغییشدا تەنیاترین کەس بێت و بە پێچەوانەیشەوە، کاتێ تەنیایە، هەموو ڕابردووی خۆی لە خە‌یاڵی خۆیدا هەڵگرتووە وەک لە کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانەی (کاروان)دا دیارە.

یەکێک لە بنەماکانی ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” ئەوەیە، کە “راستێتی”ی تێدا بەرجەستە دەبێت. دوور نییە‌ هەندێ لە خوێنەران یان ڕەخنەگران پێیان وا بێت، کە ئەم “راستێتی”یە ‌لای ئەو بەوە جێبەجێ دەبێت، کە مامەڵە لەگەڵ ئەو شوێنانە یان ئەو کەسانە دەکات، کە بۆ خوێنەر حەقیقین، بۆیە‌، ڕۆمانەکە ناوی زۆر لەو شوێنانەی لەخۆ گرتووە، کە لە دەرەوەی دەقەکە بوونیان هەیە. بۆ نموونە، گەڕەکەکانی سەیداوە، تەیراوە، تەعجیل، گردی “قالینج ئاغا”… تاد. دیارە دەکرێ ئەم مەسەلەیە لە دوو ڕوانگەوە سەیر بکرێت. بەڵام، بەر لەمە، حەز دەکەم ئاماژە بەوە بکەم، کە زۆر لە ڕۆماننووسەکانی دونیا ئەم شێوە “راستێتی”یەیان لە ڕۆمانەکانیاندا بەرجەستە کردووە. بۆ نموونە “جیمس جۆیس” زۆر مامەڵە لەگەڵ “دەبلن” دەکا. مرۆڤ نابێت بە شێوەیەکی ساکارانە‌ سەیری ئەم مەسەلەیە بکات. ئەگەر ئێمە وەکوو چیرۆک سەیری چیرۆکی ئەدەبی و وەکوو ڕۆمان سەیری ڕۆمان بکەین دەبێ ته‌نیا ئەوە لەبەرچاو بگرین و بە گرنگی بزانین، کە تا چەند ئەو چیرۆکە یان ڕۆمانە لە ڕاستی دەچێت واتە تا چەند بڕواپێکراوە. کەواتە شوێنی دونیای ڕاستەقینە لە ڕۆماندا هەر ئەمەیەو هیچی تر، بۆیە کاتێ کاروان ناوی شوێنێکی وەکوو گەڕەکی “سەیداوە” یان “تەیراوە” یان کاتێ “جیمس جۆیس” ناوی “دەبلن” بەکار دێنێت، کە ناوی ڕاستەقینەن و له دەرەوەی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە بوونیان هەیه ‌ئەو کاتە ڕۆمانەکە ته‌نیا لە ناوەکان‌ لەگەڵ دونیای ڕاستەقینە هاوبەشن‌، بەڵام ئەمانە هەرگیز نابن بە دونیای ڕاستەقینە بەڵکوو “سەیداوە” یان “تەیراوە” یاخود “دەبلن”ەکەی “جۆیس” لەم حاڵەتەدا دەبن بە‌ “سەیداوە” یان “تەیراوە” یاخود “دەبلن”ی ناو چیرۆکەکه،‌ نەک ڕاستەقینەکە. لە لایەکی ترەوە، ئەو فەنتازییایەی، کە کاروان لە ڕۆماندا بەکاری دێنێت ڕەنگدانەوەی حاڵەتێکی “راستی”یە، چونکە لە ڕێگەی ئەو فەنتازییایەوە جیهانێک ڕۆ دەنێت، کە بڕواپێکراوە. هەتا ڕووبەری ئەو فانتازییایە فراوانتر بێت، بڕوانەکردن بە “راستێتی” ڕۆمانەکە بەرتەسکتر دەبێتەوە. کەم ڕۆماننووس هەیە وەکوو “ئەلەکساندەر پۆ” پەنای بردبێتە بەر فەنتازیا. چیرۆکی ناو هەموو ڕۆمانەکانی فەنتازین و لە سروشت بەدەرن، بەڵام ڕەنگدانەوەی “راستێتی”ین. نموونەیەکی تر‌یش ڕۆمانی “باخچەی ئاژەڵان”ی “جۆرج ئۆروێڵ”ه(۱٩٠٣−۱٩٥٠)، کە هەموو کارەکتەرەکانی ئاژەڵن، بەڵام “ئۆروێڵ” لەم ڕۆمانەدا جیهانێک دروست دەکات کتومت لە “راستی” دەچێت. دەشێ لەیەکچوونێک لەنێوان ئەو دونیایەی، که نووسەر لە ڕێگەی چیرۆکخوانەکانەوە ڕۆی دەنێت لەگەڵ دونیای ڕاستەقینە‌دا هەبێت. ئەگەر گرتەیەک یان بڕگەیەک لە دونیای ڕاستەقینە لە دونیا دروستکراوەکەدا هەبێت، ئینجا نووسەرەکە مەبەستی بێت یان نا، ئەم گرتە یان بڕگەیە لە دونیای ڕاستەقینە، دواجار نابێتە بەشێک لە چیرۆکەکە. بۆیە نووسەر هەرچییەک له ‌ناوی خەڵک و شوێن و ڕووداو لە دونیا ڕاستەقینە بخوازێت، ڕۆمانەکە ئەو دەرئەنجامە گشتییەی لێ ناکەوێتەوە وەک ئەوەی لە دونیای ڕاستەقینەدا هەیە، بەڵکوو دەرئەنجامەکان هەر لە چوارچێوەی ئەو ڕووداو و کەشوهەوایە دەکەوێتەوە، کە ئەو بە شێوەیەکی هونەری لە ڕێگەی بەکارهێنانی نائاسایی زمانەکەوە دەیچنێت. مرۆڤ ته‌نیا لەناو ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە دەتوانێ جەخت لەسەر حەقیقەتی شتەکان بکاتەوە. جەختکردن لەسەر حەقیقەتی کارەکتەری “هاملێت” ته‌نیا بە پشتبەستن بە دەقە ئەدەبییه نووسراوەکە دەبێت، نەک بە پشتبەستن بەو سەرچاوە مێژووییەی، کە “شەکسپیر” بۆ شانۆنامەکە سوودی لێ وەرگرتووە.

سەرەڕای ئەمەش کارەکتەرەکان تەنانەت لەم حاڵەتانە‌شدا هەوڵ دەدەن ژیان بە دیوەکەی دەرەوە لەگەڵ دیوی ناوەوە هاوسەنگ بکەن. “جیمس جۆیس” لە بەشی “سایکلۆپس” لە ڕۆمانی “یۆلیسیس”دا دیمەنی باڕەکان لە “دەبلن” دەخاتە ڕوو، کە زۆر کاریگەرن نەک هەر لەسەر ئاستی واقیع، سەبارەت بەوەی، کە خەڵکی “دەبلن” زۆر هامشۆی باڕەکان دەکەن، بەڵکوو لەسەر ئاستێکی سەمبولئامێزی پڕ ماناش، چونکە خواردنەوە بە یەکەوە یەکێکە لە نەریتە کۆنەکانی مرۆڤ، بەڵام “جۆیس” وا پیشان دەدات، کە مرۆڤەکان خەریکی جووڵانەوەی ئەندامەکانی جەستەیانن، بەتایبەتی دەموچاویان بێئەوەی بتوانن پێوەندییکردنە ڕاستەقینەکە ئەنجام بدەن. هەمان شێوە لە ڕۆمانی “خاتوو دالاوای”، کە “ڤرجینیا وۆ‌ڵف” نووسیویەتی. “خاتوو کلاریسا دالاوای” دەیەوێ ئاهەنگێک ساز بکات، چونکە ئاهەنگ هۆیەکە بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، بەڵام جۆرێک لە پێوەندیکردنی ڕووکەشی (سطحی)ی لێ دەکەوێتەوە، چونکە وەکوو گوتم مرۆڤ دەشێت تەنیاترین کەس بێت لەناو قەرەباڵغیدا. “خاتوو داڵاوای” پێشتر داواکەی “پیتەر واڵش”یی بۆ هاوسەرگیری ڕەتکردووەتەوە، سەبارەت بەوەی کەسێکی شەڕانگێز و دەسەڵاتخوازە و مایەی هەڕەشەکردنە بۆ کەسایەتیی ئەو، بەڵام پاشان مێرد بە “ریچارد داڵاوای” دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، هەست بە دابڕان دەکات. هەست دەکات لەناو تاوەرێکی چۆڵ زیندانی کراوە، لە کاتێکدا خەڵک لە دەرەوە خەریکی کۆکردنەوەی تووتڕکن. “کلاریسا” بەردەوام هەوڵ دەدا ژیانی ناو دونیای ناوەوەی لەگەڵ ژیانی ناو دونیای دەرەوە‌ هاوسەنگ بکات. ئەوەی ”ئامانج” و”ئازادی هەمین مامان” و “سۆزان” لەم ڕۆمانەدا دەیکەن هەمان شتە. ئەوان لە به‌رامبه‌ر خۆیاندا وەکوو کەسێکی ڕووکەش دەرناکەون. ڕاستە دونیای دەرەوه، لە ڕوواڵەتدا،‌ بریتییە لە دیوە ڕازاوە و ڕەونەقدارەکان، لە نەریتە شۆڕشگێڕ و بەها جوانەکان، بەڵام کاتێك به ‌ناو ئەم دونیایەدا دەچن، هەوڵی پشکنینی ژێرەوەی ئەم دیوە ڕەونەقدارانە دە‌دەن بە مەبەستی دۆزینەی مانای قووڵتر، ئارەزووی ئەوە دەکەن بە هەست و نەستی خۆیاندا بچنەوە، زیاتر بە جۆش و خرۆشییان بێنن. کارەکتەرەکانی تر ئەم خەسڵەتەیان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەردەم هەوڵ دەدەن هێمن و ئاسوودە بن. بە دەگمەن هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی تر پیشان دەدەن، وەک لە پێوەندیی نێوان “ئازادی هەمین مامان” و “شێرزاد ناجی”دا دەیبینین. “ئازاد” لە به‌رامبه‌ر”شێرزاد”دا وەکوو کەسێکی ڕووکەش (سطحی) دەردەکەوێت هەوڵ دەدات ئاسوودەیی دەروونی لە ڕێگەی ئاخاوتن بە ڕوویەکی خۆش بپارێزێ، چونکە “ئێستا” و “ڕابردوو” بەردەوام باری قوڕس دەکەن، فشاری بۆ دێنن، بەڵام ئەو هەوڵ دەدات خۆی لەگەڵ ژیاندا بگونجێنێت:

“- بە ڕاست، من ئەوسایش چەند جارێک لێم پرسییت، کە تۆ کام کارەکتەرەی ناو ئەو کتێبەیت، بەڵام وەڵامت نەدامەوە.

– ئاسان نییە وەڵامی ئەو پرسیارەت بدەمەوە، ژالین، چونکە من هەموویانم و کەسیشیان نیم… ئەو کاتەی بە ناوی یەکێکیانەوە قسە دەکەم، ئینجا گرنگ نییە، ئەو کەسە مێیە، یان نێر، بێتاوانە، یان تاوانبار، یان هەر شتێکی دیکە، ئەوە خۆمم، ئەگینا ناتوانم بە ڕاستی هەستەکانی ئەو دەرببڕم، بەڵام بۆ ئەوەی ببمە یەکێکی تر، دەبێت ئەوەی پێشوو بە تەواوی لە ناخی خۆم دەربهێنم… ناخی نووسەر سکی ژن نییە، بە جارێ دوو کەس، یان زیاتر لە خۆی بگرێت.”


۲. بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ ٨٥ له‌:

Francis Sparshott, The Theory ofArts (Princeton, 1982)