بۆچی ژنان لەچکەکانیان فڕێ دەدەن؟
ژن ژیان ئازادی، تەنیا دروشمێک نییە بێت و بڕوات، بەڵکوو کۆی ئەو پرۆسەیە کە لە قوربانیی “ژینا ئەمینی”ـی خانمە کوردی ڕۆژهەڵاتەوە دەستی پێ کردووە و جگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێرانی گرتووەتەوە و لەسەر ئاستی هەموو دونیا دەنگی داوەتەوە و مانشێتی یەکەمە لەپاڵ شەڕی ئۆکرانیا، دەبێتە بەشێک لە مێژووی شۆڕشی ژنان بەسەر ستەمی پیاو لەژێر سێبەری ئاییندا.
لە ناوەندی مانگی بووری، مردنی ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن 22 ساڵ ڕاگەیەنرا، دوای ئەوەی “پۆلیسی ئەخلاق (گشت ارشاد)” بە تۆمەتی لەبەرنەکردنی باڵاپۆشیی ئیسلامی وەک پێویست، گرتبوویان. ماڵپەڕێکی ئێرانی وێنەی تیشکی ئێکسڕای بڵاوکردەوە کە لای ڕاستی کەلەسەری شکاوە و گوترا کە بەهۆی لێدانی پۆلیسەوە بووە. ئەم ڕووداوە، شەپۆلێکی فرەوانی خۆپیشاندانی لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا بەدوای خۆیدا هێنا و ژنانیش پێشەنگی ئەو خۆپیشاندانانە بوون و بە سەتانیان لەچکەکانیان لە سەریاندا فڕێ دا و لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا سووتانیاندن و هەندێکیش لەپێش چاوی کامێرادا بۆڕەتکردنەوەی لەچک، قژیان تراشی.
دوو مانگ پێش ئەو هەڵمەتی خۆپیشاندانانە، ڕژێمی ئێران “ڕۆژی نیشتمانیی باڵاپۆشی و پاکیزەیی” ڕاگەیاند و لە بەرپەرچدانەوەیدا، چەند کۆمەڵەیەک لە ژنانی ئێران، هەڵمەتێکیان بۆ هەڵماڵینی باڵاپۆشی بەرپا کرد و دژی هەڵمەتەکەی ڕژێم وەستانەوە کە پێیان وا بوو، بەشێکە لە چەوساندنەوەی نوێی ژنان. پاشان لەناو ئێران و دەرەوەی ئێرانیش، هاشتاگێک بۆ دژایەتیی باڵاپۆشی ڕاگەیەنرا. دەتوانین بڵێین ساڵ نییە بەسەر ئێراندا بڕوات، بەبێ ئەوەی هەڵمەتی جۆراوجۆ لە دژی باڵاپۆشی بەڕێوە نەبرێت، وێڕای ئەو یاسا توندانەی لەو وڵاتەدا هەن و سزای توند و گرتنی چەندان ساڵیشی پێوەیە. لەوەتەی کۆماری ئیسلامیی ئیران هەیە، بە یاساک هەموو کچێکی لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە ناچار کردووە باڵاپۆش بن و لەو کاتەوە لادانی لەم یاسایەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و بڵاوبوونەوەی ئاکاری ڕۆژئاوایی و بەڕەڵایی هەژمار کردووە.
لە ئەفغانستان، وێڕای ئەو ترسە زۆرەی بزووتنەوەی تاڵیبان دروستی کردووە و بە ئاسانی فیشەکێک بە سەری هەر کچێکەوە دەنێن کە بەرگەکەی بەپێی پێوەرەکانی ئەوان نەبێت، کەچی لە مانگی ئابی ڕابردوودا، ژنانی شاری کابوول خۆپیشاندانیان کرد و دروشمی “دادپەروەری دادپەروەری، لە جەهالەت بێزار بووین”یان بەرز کردەوە. هەروەها لە مانگی ئایاردا ناڕەزایییان دژی ڕووپۆشی زۆرلەملێ دەربڕی. لە سەرەتای ئەمساڵیشدا، ژنان بۆ ناڕەزایی لە بڕیارەکانی “وەزارەتی فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە” چوونە سەر شەقامەکان بەڵام هەر زوو سەرکوت کرا. یەکێک لە ژنان بە کورتی دۆخی ژنی لەو وڵاتە باس کرد: “وا هەست دەکەم تەنیا لەبەر ئەوەی ژنم، ئەمە خۆی لە ئەفغانستان تاوانێکە لە تاوانەکان.”
لە تورکیا دۆخەکە جیاوازە. پاش دوو دەیە لە دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی و کۆنتڕۆڵکردنی هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە لەلایەن گرووپە محافزکارەکانەوە و بەکارهێنانی لەچک وەک هێمایەک بۆ پێبەندکردنی ژن، ئەمساڵ شەپۆلێکی هەڵماڵینی باڵاپۆشی دەستی پێ کرد و لەسەر تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیدا ژنان گرووپێکیان بە ناوی “بەتەنێ نیت”یان دامەزراند، تێیدا هاوکاریی ئەو ژنانە دەکەن کە دەیانەوێت لەچکەکانیان لە سەریان لا ببەن. لە وتارێکی ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست”ـدا هاتووە: “ناتوانین بزانین ژمارەی ئەو ژنانەی دەیانەوێت لەچکەکانیان فڕێ بدەن چەندن، بەڵام وا دیارە ئەو ئامانجەی ئەردۆغان هەیبوو کە نەوەیەکی پێبەند دروست بکات، بە شێوەیەکی پێچەوانەی ویستی ئەو دەڕوات.” یەکێک لە خانمانی تورکیا دەڵێت: “کاتێک بۆ یەکەم جار لەچکەکەم فڕێ دا، وام هەست دەکرد لە هەموو لایەکەوە سەیر دەکرێم، بەڵام ئەو هەستەی کە هەوا یاری بە تاڵەکانی قژم دەکات، زۆر جوان بوو.” ئەو خانمە باسی لەو پەستانە خێزانییانە کرد کە ژنان ناچار دەکات بێ ویستی خۆیان لەچک بکەن، تەنانەت دایکان چەندان مانگ لەگەڵ کچەکەیان قسە ناکەن، تەنیا لەبەر ئەوەی لەچکەکەیان فڕێ داوە. باوکان کچەکانیان لە قوتابخانە دەهێننە دەرەوە و لە ماڵەوە بەندیان دەکەن و تەنانەت لێشیان دەدەن، تەنیا لەبەر ئەوەی بیریان لە فڕێدانی لەچک کردووەتەوە. هەر لە تورکیادا نموونەی کچێک هەیە کە بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەی ماڵباتەکەیەوە خراوەتە نەخۆشخانەی دەروونییەوە، ئیدی بە ناچاری دایبابی ڕازی بوون لەچکەکەی لا ببات.
“کاتێک بۆ یەکەم جار لەچکەکەم فڕێ دا، وام هەست دەکرد لە هەموو لایەکەوە سەیر دەکرێم، بەڵام ئەو هەستەی کە هەوا یاری بە تاڵەکانی قژم دەکات، زۆر جوان بوو.”
پاش بەهاری عەرەبی لە توونس، بە شێوەیەکی فڕەوان باڵاپۆشی بڵاو بووەوە، ئەویش وەک دژەڕەفتارێکی ڕژێمی پێشوو بوو، چونکە لەچکی قەدەغە کردبوو، بەڵام پاش ١٠ ساڵ، ئیدی دیاردەی لەچککردن کەوتە پاشەکشە و کچان بۆ دۆخی خۆیان دەگەڕێنەوە. خانمێک دەڵێت: “بەهۆی باڵاپۆشییەوە، نەمدەتوانی مێیەتی و جوانیم دەربخەم، هەستم دەکرد زۆر لە تەمەنی خۆم پیرترم، بەڵام کاتێک لەچکەکەم فڕێ دا، هەستم کرد لەکۆڵ قورسایییەکی گەورە بوومەوە کە خەریک بوو سینگمی دەتەقاند.” یەکێکی دیکەش دەبێژێ: “ئەو ویستەی بۆ باڵاپۆشی هەمبوو، ئیدی توایەوە، چونکە سروشتی خۆم لەدەست دابوو، ناچاری کۆمەڵێک کۆتی کردبووم کە بەهۆی باڵاپۆشییەکەوە نەدەبوو بۆ زۆر شوێن بڕۆم، بۆم نەبوو هەڵبپەڕم، یان تەنانەت بە قووڵی پێ بکەنم، چونکە پێکەنینی قاقا بۆ لەچکبەسەر نامۆیە، بۆیە بڕیارم دا خۆم ئازاد بکەم و بتوانم وەک هەر مرۆڤێک خۆم لەو شتە سروشتییە سادانە حەرام نەکەم. مامۆستایەکی زانکۆ لەو وڵاتە پێی وایە، دیاردەی باڵاپۆشی تەنیا بۆ ڕەتکردنەوەی ڕژێمی پێشوو بوو، ئێستەش دیاردەی هەڵماڵینی باڵاپۆشی بۆ ڕەتکردنەوەی ئەزموونی ئیسلامی سیاسییە.
کاتێک باشی ناڕەزاییدەبڕینی ژنان لەمەڕ باڵاپۆشیی بەزۆر دەکەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەتەی ڕابردوو، کاتێک ساڵی ١٩٢٣ سەفییە فەهمی، هاوسەری سەعد زەغلوول و هودا شەعراوی، پێشەنگی بزووتنەوەیەکی ژنانە بوون و یەکەم خۆپیشاندانی خانمانی میسریان لە گۆڕەپانی ئازادی بەرپا کرد و هەر لەوێدا لەچکەکانیان فڕێ دا و سووتانیان، کە وەک ڕەتکردنەوەی سەردەمی جەهالەت و تاریکی ئەم جووڵەیەیان بەکار هێنا، لەمەوە ڕەتی هەموو شتێکی ئەمپریالیزمی عوسمانییان کردەوە، ئیدی لەم چالاکییەوە ڕۆشنگەری سەری هەڵ دا و بۆ ماوەی دەیان ساڵ میسر لە گەشەی ڕابوونێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری و فیکری و هونەریدا بوو؛ تەنانەت لە ساڵی ١٩٥٨ ڕۆژنامەی یونایتد پرێس نووسیویەتی: وەک بڵێی چیتر باڵاپۆشی لە میسردا کۆتایی هاتبێت.
لە ساڵانی هەشتای سەتەی ڕابردوودا، جارێکی دیکە باڵاپۆشی بۆ میسر گەڕایەوە و خرایە ژێر بەرهەڵسکاریی ڕژێمی حوسنی موبارەکەوە. لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە: ڕێژەی باڵاپۆشی لە دەیەی یەکەمی ئەم ستەیە گەیشتووەتە ٩٠%، بەڵام لە ماوەی ساڵەکەی دەسەڵاتی ئیخوان موسلیمیندا، ڕێژەی باڵاپۆشی پاشەکشەی کرد، چونکە ڕێژەیەکی زۆری گەلی میسر دژی جۆری دەسەڵاتەکەیان بوون، کەچی جارێکی دیکە لە سەردەمی سیسیدا، شەپۆلی باڵاپۆشی دەستی پێ کردووەتەوە، بە تایبەتی لە گەڕەکە میللی و گوندەکاندا کە ئاستی بژێوی کزە. ئەمیش هەر بۆ بەرهەڵستیی حوکوومەتەکە دەگەڕێتەوە.
ئەم گەڕانەوە نوێیەی میسر بۆ باڵاپۆشی، بۆ بەرژەوەندیی ئیخوان موسلیمین ناگەڕێتەوە، بەڵکوو لە بەرژەوەندیی ئەزهەرە، چونکە ئیخوان جەماوەریان لەدەست داوە. ئێستە لەناو خەڵکیدا وا باوە، ئەزهەر بۆ داکۆکی لە بنەماکانی ئیسلام، لەگەڵ ڕژێمی سیسی، لە ڕکەبەرییەکی بەهێزدایە، تەنانەت خۆشیان دەیانەوێت ئەم بۆچوونە بڵاو ببێتەوە حەز دەکەن ڕۆڵی پۆلیسی ئەخلاق ببینن کە لە ئێراندا هەیە، واتە چاودێریی ئاکاری خەڵکی کۆمەڵگەی میسری بکەن.
لە ماوەی ئەزموونی دەیەکانی ڕابردوودا سەلماوە، ئەو هەوڵانەی دەگیرێنە بەر بۆ ئەوەی پیاوانی ئایینی تێ بگەیەنرێن کە باڵاپۆشی بنەمایەکی بنەڕەتیی ئایین نییە و داهێنراوە، سوودی نییە، هەروەها ئەوەش سەلماوە، ڕەوتە ئیسلامییەکان، میانڕۆ بن یان توندڕۆ، لەمەر بابەتەیلی ژناندا وەک یەک بیر دەکەنەوە؛ لە تێگەیشتنی هەمووشیاندا، ژن ئامێرێکە بۆ سێکس و بەخشینی چێژ بە پیاو، هەروەها هەموویان کۆکن کە پیاو دەبێت بەسەر ژندا زاڵ ببێت، پیاو وەلی ئەمری ژن، بەخێوکەر، پەروەردەکەر و چەتری سەری بێت و هەموو بڕیارێکش لای ئەوە. وێڕای ئەوەی دەشبینن، چەندان وڵات ژن بەڕێوەیان دەبات و زۆریش سەرکەوتوون. هەروەها ئەوەش سەلماوە، هەڵوێستی داعش، ئیخوان موسلیمین، ئەزهەر، ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێران، لە بابەتەکانی مامەڵە لەگەڵ ژناندا، کتومت وەک یەکن، ئەگەرچی لە شێوازەکانی ئەو مامەڵەیە گۆڕانیش هەبێت. بۆ نموونە، لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی زۆر سەرەتایی ئەو چەوسانەوانە دەکەن، لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە پەستانێکی جڤاکیی چڕ و فرەجۆر، لە میسریش بە شێوەی فەتوا و جۆری دیکە.
ڕەوتە ئیسلامییەکان، میانڕۆ بن یان توندڕۆ، لەمەر بابەتەیلی ژناندا وەک یەک بیر دەکەنەوە؛ لە تێگەیشتنی هەمووشیاندا، ژن ئامێرێکە بۆ سێکس و بەخشینی چێژ بە پیاو
هەموو ڕەوتە ئیسلامییەکان لە چوارچێوەی شەریعەتەوە دەڕواننە ژن و هیچیان ددان بەوەدا نانێن کە ئەو شەریعەتەی پێبەندین، لە گشت ڕوویەکەوە ستەم لە ژن دەکات. فرەژنی و نایەکسانی لە میرات و دوو شایەتی ژن بە پیاوێک، تەنیا چەند نموونەیەکی بچووکی ئەم ستەمەن. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری بکەین، دەزانین کە لەچک، تەنیا پارچە قوماشێک نییە بۆ سەر و داپۆشینی قژ، بەڵکوو قاوغی ئەو کولتوورە پڕاوپڕەیە لە بەکەمتر سەیرکردنی ژن لە هەموو ڕوویەکەوە.
هیچ ڕێگەیەک نییە ژنان بتوانن خۆیان لەم ستەمە پێ ڕزگار بکەن و ئازادی بگەڕێننەوە، جگە لە کاری پێکەوەیی و یەکگرتوویییان لە هەڵمەت و پرۆژەی ڕێکخراودا، هەر بۆیە نابێت پێمان سەیر بێت کە یەکەم هەنگاو دەیگرنە بەر، بریتی بێت لە داماڵینی لەچکەکەیان و سووتاندنی، ئاخر سەرەتا دەبێت ڕووکەشی ستەمەکە لەناو ببەیت، وەک چۆن ئێستە ژنانی ئێران لەژێر دروشمی ژن ژیان ئازادی، دەیگرنە بەر.
*تێبینی/ بە سوودوەرگرتن لە گوتارێکی “د. عیماد بوزۆ”