کورتکردنەوەی ڕۆمان

دەکرێت بەم پرسیارە سادەیە دەست پێ بکەین: ئایا ڕۆمان کورت دەکرێتەوە؟ ئەم پرسیارە لانی کەم دوو پرسیاری دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت: یەکەم، چ جۆرە ڕۆمانێک کورت دەکرێتەوە؟ دووەم، کێ ڕۆمان کورت دەکاتەوە؟ ئەو (کێ)یە ئاماژە نییە بۆ کەس، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن.

لانی کەم لە (دۆستەیەڤسکی)یەوە تا ئەمڕۆ دوو جۆر ڕۆمان هەن: ڕۆمانی تاکدەنگ (homophony) و ڕۆمانی فرەدەنگ (polyphony). تا دەرکەوتنی چەمکی ڕۆمانی فرەدەنگ لەلایەن (میکایل باختین)ـەوە، شتێکمان نییە بە ناوی ڕۆمانی تاکدەنگ، بەڵکوو ڕۆمان ناوێکی گشتییە و هەر تێکستێک دەگرێتەوە، کە لە شێوەی گێڕانەوەدا نووسراوە و سنووری چیرۆکی درێژی تێپەڕاندووە. لەم نێوەدا (دۆنکیشۆت)ی (میگێل دی سێرڤانتس)، (سێ سوارچاکەکە)ی (ئەلیکساندەر دۆماس)، (ئۆلیڤەر تویست)ی (چارڵز دیکینز)، (مۆبی دیک)ی (هێرمان مێرڤڵ)، (تۆم سۆیەر)ی (مارک توەین) نموونەی زەقی ڕۆمانن. (باختین) لە ڕێی خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی (دۆستەیەڤسکی)یەوە چەمکی فرەدەنگی، یان پۆلیفۆنی دادەهێنێت و خەسڵەتەکانی دەردەخات، کە دواتر ئەو چەمکە لەلایەن ڕەخنەدۆزانی دیکەوە پتر بایەخی پێ دەدرێت و زیاتری لە بارەوە دەنووسرێت. واتە ڕۆمانەکانی (دۆستەیەڤسکی) لەگەڵ ئەوەیشدا فرەدەنگن، بەڵام تا (باختین) لە ڕووی تیۆرییەوە تایبەتمەندییەکانی دەرنەخستن، هەر بە ناوە گشتییەکەی ڕۆمان دەناسرانەوە.

کاتێ ئاماژە بەم دوو جۆرە دەدەین، ئەوە هاوکات لە بیریشمانە، کە نە سنووری کۆنکریتبەندیان لە نێواندایە و نە هیچ پێوەرێکی دیاریکراویش هەیە، تا بۆ ناسینەوەیان بیخەینە کار، بەڵکوو دەکرێت بێژمار جۆری ڕۆمان هەبن، بە ڕادەیەک هەر ڕۆمانێک چەندیش سادە بێت، جۆرێکی تایبەتی تاکدەنگ لە خۆی بگرێت. هەر ڕۆماننووسێکی داهێنەریش لەسەر شێوازی خۆی ڕۆمانی فرەدەنگ دەنووسێت.

*    *    *

ڕۆمانی تاکدەنگ لە پێناوی بیرۆکەیەکی دیاریکراودا دەنووسرێت، کە هەموو توخمەکانی وەک کارەکتەر، ڕووداو، گفتوگۆ، زمان، شێوازی گێڕانەوە و ئایدیۆلۆجیا بە دەوری ئەو بیرۆکەیەدا دەخولێنەوە. ڤیبێژەر (نارەتەر)ێکی هەمووشتزان تێکڕای ئەوانە هەڵدەسووڕێنێت. بە مانایەکی دی، یەک بیرۆکەی سەرەکی هەیە و ئەو بیرۆکەیش بە ڕوونی ئاماژە بە نووسەر دەدات. واتە نووسەر بابەتێکی دیاریکراو زەق دەکاتەوە و هەر لە سەرەتاوە دەزانێت بە کوێ دەگات. بەم شێوەیە نووسین نابێتە کەناڵی بیرکردنەوەی جیاواز و بە گومان بارگاوی ناکرێت، تا هۆشیاریی نووسەر بسووتێنێت و بەردەوام هیی دیکەی لێ بەرهەم بهێنێت، بەڵکوو نەخشەڕێگەی لە بەردەمدایە و دوای دەکەوێت. لەم جۆرە ڕۆمانەدا کارەکتەری سەرەکی و ناسەرەکی هەن، تەنانەت بە شێوەی هەرەمی کارەکتەرەکان ڕیز دەکرێن. کارەکتەری یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و هتد. کارەکتەری یەکەم لە دووەم و دووەم لە سێیەم و سێیەم لە چوارەم بە گرنگتر دادەنرێت و دەنگی نووسەریش بەسەر تێکڕایاندا زاڵە، بگرە هەر خۆی تاکە دەنگی ڕۆمانەکەیە. لێرەدا زۆریی دەرکەوتنی کارەکتەر لە بەرچاو دەگیرێت، نەوەک ئەو کارەکتەرە چ جیاوازییەک دەهێنێت و چۆن کاریگەریی خۆی دەردەخات.

دەکرێت بگوترێت خەسڵەتی زەقی ڕۆمانی تاکدەنگ، دەنگی نووسەرە، کە دەستەڵاتی بێسنووری هەیە، بۆیە تێکشکاندنی ئەو دەستەڵاتە زەمینە بۆ دەرکەوتنی دەنگی کارەکتەرەکان خۆش دەکات. لەم ڕووەوە (داڤید لۆج) لەو بەشەی لە ژێر ناونیشانی (نووسەری مشەخۆر: The Intrusive Author) لە کتێبی (هونەری ڕۆمان: دەرخستنی لە تێکستی کلاسیک و مۆدێرندا)دا نووسیویەتی، دەڵێت: لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە (مەبەستی سەدەی بیستەمە) دەنگی نووسەر بووە شتێکی نەخوازراو (disfavour)، بەوەی بانگەشەی جۆرێکی دەستەڵات دەکات، کە وەک خوداوەندێکی هەمووشتزان (a God-like omniscience) وایە، لە کاتێکدا سەردەمەکەمان، کە خاوەنی خەسڵەتی گومان و ڕێژەیییە، ناهێڵێت ئەو دەستەڵاتە بە هیچ کەسێک بدرێت، بۆیە لە ڕۆمانی مۆدێرندا دەنگی نووسەر کپ دەکرێت، بگرە بە لاوە دەنرێت.

کاتێ دەستەڵاتی ڕەها لە نووسەر دەستێنرێتەوە و بە کارەکتەرەکان دەدرێت، بێ ئەوەی یەکێکیان لەوەی دیکەی پتر بەر بکەوێت، دۆخەکەیش بە سروشتی خۆی لە تاکدەنگی(homophonic)یەوە بۆ فرەدەنگی (polyphonic) دەگۆڕێت. ئەوەی (لۆج) دەیڵێت، لە بەرهەمەکانی (دۆستەیەڤسکی)دا بە ڕوونی دەرکەوتووە و لە توێژینەوەکانی (باختین)یشدا وەک تیۆرییەکی کاریگەر دامەزراوە. 

دیارە کاتێ باسی ڕۆمانی پۆلیفۆنی لە لای (دۆستەیەڤسکی) دەکەین، ناکرێت بڵێین پێشتر بە هیچ شێوەیەک ئەو شێوازە نەبووە، بەڵکوو مەبەستمانە بڵێین لەسەر دەستی ئەودا چاکتر پێ دەگات، دەنا ڕەخنەدۆزان بۆ نموونە لە بەرهەمەکانی (ژان ژاک ڕۆسۆ)دا، کە سەدەیەک پێشتر ژیاوە، فرەدەنگی دەبینن، بە تایبەتی لە ڕۆمانی (جوولی، یان هێلۆیزی نوێدا)، کە بە شێوەی نامەئامێز (ئەپیستۆلەری) باس لە دڵدارییەکی قەدەغەکراو دەکات. ئەو شێوازەی (ڕۆسۆ)، واتە ئەوەی (هێلۆیزی نوێ)، لە سەدەی هەژدەدا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت. وەک (داڤید لۆج) لەو بەشەی لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمانی نامەئامێز: The Epistolary Novel) لە هەمان کتێبی ناوبراودا نووسیویەتی، دەڵێت (ساموێل ڕیچاردسەن) هەردوو ڕۆمانی (پامیلا: ١٧٤١) و (کلاریسا: ١٧٤٧)ی پێ دەنووسێت.

*    *    *

لە ڕۆمانی فرەدەنگدا ئەو هەرەمە تێک دەشکێت، کە نووسەری ڕۆمانی تاکدەنگ خۆیی لە سەرەوەی داناوە لەوێوە هەموو توخمەکان هەڵدەسووڕێنێت. بەم شێوەیە کارەکتەرەکان ئازادن و بۆچوونی دژبەیەک دەردەبڕن. کات و شوێن دەچنە ئاستی ئاماژەوە. واتە بایەخی گەورە بە کرۆنۆتۆپ (Chronotope) دەدرێت، کە وەک (تۆدۆرۆڤ) لە کتێبی (میکایل باختین و پرینسیپی گفتوگۆ)دا دەڵێت لە لای (باختین) کرۆنۆتۆپ بریتییە لە شوێنکات و بە شێوەیەک لە شێوەکان بە تیۆریی ڕێژەییی (ئاینیشاتین) دەگاتەوە، بۆیە ئەو شۆڕشەی (دۆستەیەڤسکی) لە بواری ڕۆماندا کردوویەتی، بەو شۆڕشە بەراورد دەکات، کە (ئاینیشتاین) لە بواری فیزیادا هەڵیگیرساندووە. ئەو گرفتانەی (دۆستەیەڤسکی) ڕووبەڕوویان بووەتەوە، زۆر لەوانە ئاڵۆزترن، کە لە ڕۆمانی تاکدەنگ (homophonic)، یان ڕۆمانی مۆنۆلۆگیک (monologic)دا هەن، بەو پێیەی جیهانی (ئاینیشتاین) زۆر لە جیهانی (نیوتن) ئاڵۆزترە.

لێرەدا (تۆدۆرۆڤ) لەسەر ئەم تێگەیشتنەی (باختین)دا دەوەستێت، بەوەی ڕۆمانی فرەدەنگ هیی دنیایەکی جیاوازترە لەو دنیایەی ڕۆمانی تاکدەنگ. دەکرێت بڵێین ئەو گرفتانەی ڕۆماننووسانی وەک (ڤێرجینا ولف)، (جیمس جۆیس)، (مارسێل پرۆست)، (ولیام فۆکنەر)، (فرانز کافکا) و دواتریش (ئالان ڕۆب گرێ)، (ئایرێس مەردۆک)، (گوینتەر گراس)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ)، (مێلان کۆندێرا) و زۆری دیکە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئاڵۆزترن لەوانەی (دیکینز)، (بەلزاک)، (ڤیکتۆر هیگۆ) و ئەوانەی دی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون، بۆیە دەبینین شێوازی دەربڕین و تەکنیکەکانی گێڕانەوە گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتوون. زمانیش ئاستێکی دیکەی هەیە، چونکێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دنیایەکی هەمەڕەنگ و هەمەئاڕاستە، زمان بەردەوام پێویستی بە هێزی دیکە هەیە. وەک (تۆدۆرۆڤ) لە کتێبی ناوبراودا پێی وایە ئەو بایەخی تایبەتی بە زمان داوە، کە ئەو بایەخە گۆکردن(utterance)یش دەگرێتەوە. واتە گۆکردنی مرۆڤانە لە لایەک بەرهەمی کارلێکی زمانە و لە لایەکی دی ڕایەڵی ئەو گۆکردنە (context of the utterance) بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە. لە گۆکردندا گفتوگۆگەرایی (dialogism) دێتە کایەوە. بە مانایەکی دی، دەقئاوێزان (Intertextual) بەرهەمی ئەو گۆکردنەیە. سەرجەم شتەکان ناویان هەیە و هیچ وشەیەک نییە، بە کار نەهێنرێت. هەر چەمکێک چ بە مەبەست و چ بێمەبەست بریتییە لە گفتوگۆ لەگەڵ چەمکەکانی پێشوودا، کە بە هەمان بابەتەوە پێوەستن. هەروەها لەگەڵ ئەو چەمکانەی لە دوای دێن، یان پێشبینی کراون. وەک گوترا لایەنێکی ئەو گۆکردنە بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە. واتە مێژوو دەردەبڕێت.

دۆستەیەڤسکی (١٨٢١-١٨٨١) ڕۆماننووسی ڕووسی

بەم پێیە هەر دەنگێک کاتێ لەلایەن خەڵکەوە گۆ دەکرێت، چ بە دەم و چ بە نووسین، لە توانایدایە ڕۆ بچێتە ناو قووڵاییی کۆمەڵگە و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بەر دەنگەکانی تر بکەوێت، کە لێرەدا جیاوازی و هەمەڕەنگی دێنە کایەوە. لەبەر ئەوەیشە ڕۆمان لە لای باختین دەبێتە شێوەیەک لە شێوەکانی ئەنترۆپۆلۆجیا. بوونی مرۆڤ بوونێکە لە گۆڕاندایە. واتە خەسڵەتی هەمەڕەنگی (heterogeneous)ی هەیە و ناکرێت کورت بکرێتەوە، بەڵکوو ئەو بوونە تەنیا لە دۆخی گفتوگۆدا بەرجەستەیە. لە گفتوگۆدا بوون دەردەکەوێت و لە بووندا ئەوەی تر دەدۆزرێتەوە، بەو مانایەی تا ئەو ساتەی گفتوگۆ بەردەوام ببێت، بوونی مرۆڤ پتر دەچیتە ئاستی جیاوازی و هەمەڕەنگییەوە.

ئەگەر ڕۆمانی فرەدەنگ لە لای (باختین) پشت بە گۆکردن دەبەستێت، ئەوە ئەو گۆکردنە کاتێ کاریگەریی هەیە، کە کارەکتەرەکان ئازادن و نووسەر سەرکوتیان ناکات. واتە ئەو گۆکردنە هیی کەسی سەربەخۆیە و بیرۆکەی جیاوازی لێ بار کراوە، بەو مانایەی ئەو جیاوازییانە بەر یەک دەکەون و شتی نوێ بە دەستەوە دەدەن، کە زمان توانای هەیە بە وردی ململانێی کۆمەڵایەتی دەرببڕێت و هەموو ئەو گۆڕانکارییانە دەربخات، کۆمەڵگە پێیاندا تێدەپەڕێت. وەک گوترا گفتوگۆ بەرهەمی ئەو گۆکردنەیە و تێیدا مرۆڤ نەک تەنیا جەستەی، بەڵکوو ڕۆحیشی بە کار دەهێنێت. زوبان، لێو، چاو، دەستەکان و ئەوانەی دیکەیش لەو پرۆسێسەدا بەشدار دەبن. پرسیاریش هەر لێرەدا دێتە کایەوە. مادام هەر کەسێک بۆچوونی جیاوازی هەیە، ئەوە لە ڕێی ئەو گفتوگۆیەوە دەیانخاتە ڕوو، بەو مەبەستەی لەوانەی دیکە بگات. بە مانایەکی دی، گفتوگۆ بزوێنەری پرسیارە، کە لە ڕێی پرسیارەوە هەم ئەو ئاسمان (سپەیس)ـە گەورەتر دەبێت و هەم زمانی دەربڕینی کارەکتەرەکان پتر قووڵ دەبێتەوە.

*    *    *

ڕۆمان بەوەدا خاوەنی خەسڵەتی شلکی(flexibility)یە، توانیویەتی لەگەڵ سەرجەم بوارەکانی فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، ئەنترۆپۆلۆجیا و هیی دیکەدا بکەوێتە گفتوگۆوە و لەگەڵ بوارەکانی وەک شیعر، شانۆ، هونەری شێوەکاری، میوزیک، میتۆلۆژیا و ئەوانەی دیکەیشدا پێوەندی ببەستێت، بە ڕادەیەک هەم شوێنی هەموویان لە لای خۆی بکاتەوە و هەم لە لای سەرجەمیشیان شوێنی پێ بدرێت. ئەو فرەدەنگییە بەرهەمی ئەو شلکییەیەتی. بەم شێوەیە ڕەخنەدۆزان لە ڕێی چەمکەکانی وەک دەقئاوێزان (ئەنتەرتێکستواڵیتی)، کەرنەڤاڵ، کرۆنۆتۆپ، ئاسمان، پارۆدی، شێوازگەرایی (Stylisation)، لەتلەتی (Fragmentation)، فرەڕەگی (Hybridization) و هیی دیکەوە ڕۆمانی فرەدەنگی دەناسنەوە و ئاستەکانی لێک دەدەنەوە.

ئاڕاستە فیکری و فەلسەفییەکان بە تایبەت لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمەوە ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ لەدایکبوونی ئەدەبی فرەدەنگ، کە بەرهەمەکانی هەر یەک لە (کارل مارکس)، (فرێردریک نیتشە)، (سیگمۆند فرۆید) و دواتر (هێنری برگسۆن)، (مارتین هایدیگەر)، (گاستۆن باشولار) و ئەوانەی دیکە لەو فرەیییەدا بەشدارن. بۆ نموونە کاریگەریی فەلسەفەی (نیتشە) بەسەر ڕۆمانی فردەنگەوە بە ڕوونی دیارە، کە من خۆم لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم و لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە، فرەدەنگیم بۆ ئەوێ گەڕاندووەتەوە، بەوەی ڕەخنەی دڵڕەقانەی ئەو فیلۆسۆفە لە مێتافیزیکا، وای کردووە چەمکەکان تێک بشکێن و هەر یەکەی کۆمەڵێک ئاڕاستەی دیکەی لێ ببنەوە. بە مانایەکی دی،  چەمکی هەڵگێڕانەوەی بەها (Transvaluation) بەر لە هەرچی وەستانەوەیە لە ئاستی حەقیقەتدا. کاتێ حەقیقەت تێک دەشكێت، ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەکەوێت. کتێبی (جینیالۆجیای ڕەوشت: On the Genealogy of Morality) سێ ساڵ بەر لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا چاپ کراوە و تێیدا ڕەخنە لە سیستەمی ڕەوشتی باو دەگرێت، کە نەک هەر لە وەهمدا نغرۆ بووە، بەڵکوو شێواوە و لە بنەمای ڕە‌سەنی خۆی دوور خراوەتەوە. لەم ڕووەوە دەنووسێت: ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەی بەهاکانی ڕەوشت(moral values)ـە و بەر لە هەر شتێکیش پێویستە لێیان بکۆڵینەوە. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت لەو هەلومەرج و بارودۆخانە بگەین، کە تێیاندا گەورە بوون. واتە جینیالۆجیا پرسیارە لە خودی بەها، کە لەو ڕێیەوە نەک خۆی، بەڵکوو ئەوانەیش تێک دەشکێنرێن، کە ڕایان گرتووە و هێشتوویانەتەوە.لە پارچەی (٦٢)ی کتێبی (زانستی هۆژی) لە ژێر ناونیشانی (ئەوەیە مرۆڤ: Ecce Homo)دا دەنووسێت: (بەڵێ، من دەزانم لە کوێوە هاتووم. هەمیشە وەک بڵێسە تینووم. خۆم دەخۆمەوە و دەدرەوشێمەوە. ڕووناک دەبێتەوە، هەر شتێ دەیهێنمە بەر چاو. ئەوەی جێی دەهێڵم، خۆڵەمێشە. من هەر بە دڵنیایی بڵێسەم). واتە مرۆڤی یاخی، کە لە لای ئەو بە مرۆڤی باڵا ناسراوە، لە ڕێی ئەو بەها ساختانەوە خۆی نابینێت، بەڵکوو وەک بڵێسەی ئاگر وایە، کە خۆراکی خۆی لە خودی خۆی وەردەگرێت و هەر بەوەیش دەدرەوشێتەوە. بەردەوامە و ئامانجی دیاریکراوی نییە.

*    *    *

پێوەری بەها بەو دابەشکارییەوە پێوەستە، کە دنیا دەکاتە بەشی چاکە و بەشی خراپە، جوان و ناشیرین، بەرز و نزم… هتد. لێرەدا ڕەوشت، دابونەریت، ئایین و شتی دیکە ڕۆڵ لەو دابەشکاری و دامەزراندنی ئەو هەرەمەدا دەبینن. جینیالۆجیا، کە هەم ڕەخنەیە و هەم لێکدانەوەی ئۆنتۆلۆجی، ئەو دابەشکارییە تێک دەشکێنێت و بەهاکان بە شێوەی دیکەی جیاواز ڕێک دەخاتەوە. بە مانایەکی دی، لە ڕێی ڕەخنەوە ماسکەکان، وەهمەکان و چینە پیرۆزەکان لا دەدرێن و بنەماکانی ئەو بەهایانە دەدۆزرێنەوە، کە ئەو پرۆسێسە بە سروشتی خۆی کرانەوەیییە. لێرەوەیە ئەو زمانەی بە جینیالۆجیاوە پێوەستە، زمانێکی ترازاوە و حەقیقەتی ناسراوی شتەکان دەرنابڕێت، بەڵکوو بەو هێزەی هەیەتی، حەقیقەتەکان تێک دەشکێنێت، تا لە ڕێی ئاماژەوە بدوێت، کە ناکرێت لە شتی دیاریکراودا بەرجەستەی بکەین.

blank
میکایل باختین (١٨٩٥-١٩٧٥) تیۆریسەنی ئەدەبیی رووسی

چەمکی (مەرگی خوداوەند)یش هەر لەمەوە چاو هەڵدێنێت، کە مەبەست لەو خوداوەندە نییە، لە خەیاڵی مرۆڤی باوەڕداردایە، بەڵکوو زۆر لەوە فرەوانترە، بە ڕادەیەک ئەو مەرگە لە بەردەوامیی خۆی نەکەوتووە. وەک (جیل دولووز) لە کتێبی (نیتشە و فەلسەفە)دا پێی وایە {مەرگی خواوەند، یاخود (خوداوەند مرد) بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکوو بابەتێکی درامیی (dramatic proposition)ـە زۆر بە چاکی، بگرە فرەیییە، بەوەی ناکرێت خوداوەند بکرێتە ئامانجی زانینێکی پێکەوەبەستراو (synthetic knowledge)، ئەگەر مەرگی تێ نەئاخنرێت. کاتێ خوداوەند دەمرێت، هەمیشە کۆمەڵێک جۆری مردنیش دەمرن}، کە ئەو گوتەیەی دوایییانی لە کتێبی (زەردەشت ئاوا دوا)وە وەرگرتووە: (When gods die, they always die many sorts of death). کۆمەڵێک مردن دەمرن و لە بەرانبەردا کۆمەڵێک ژیان لە دایک دەبن. مەرگی خوداوەند واتە مەرگی هەموو ئەو بەهایانەی پێوەی پێوەست بوون. بەکورتی مەرگی ڕەوشتی کریستیانیتییە، کە بە داخراوی و سنوورداری دەناسرێنەوە، تا لەوێوە ئەو بەهایانە لە دایک ببن، توانای بەردەوامی و نوێبوونەوەیان هەیە. ئەو بیرۆکەیە دەبێتە پرۆبلەماتیکێکی گەورەی فەلسەفی و بە مێژووی فیکردا تێدەپەڕێت، کە ئەدەب و هونەریش دەگرێتەوە. (مارتین هایدیگەر) دەیباتە ناو مێتافیزیکا و مەرگی کات ڕادەگەیەنێت. (مێشێل فۆکۆ) مەرگی مرۆڤ، (ڕۆڵان بارت) مەرگی نووسەر و(جاک دێریدا) مەرگی قسە. (واڵتەر بینیامێن)یش هەر زوو جاڕی مەرگی هونەری سەردەمی عەقڵی ئامێرگەرای دا. ڕێبازە هونەری و ئەدەبییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، لە دادائی و سوریالییەوە تا ئەمڕۆ مەرگی ئەو شێوازە ڕاستەوخۆیەیان ڕاگەیاند، کە تێیدا زمان یەکسان دەکرا بە شت، تا ئاماژەکان لە دایک ببن و لەمەوە هیچ تێگەیشتنێک نەتوانێت ماناکان بخاتە ناو چوارچێوەوە. لە لایەکی دیکەوە (مەرگی خوداوەند) مەرگی سێنترالیزمیشە، کە لەسەر دوالیزمەکاندا خۆی جێگیر کردووە، بەو مانایەی نموونەیەکی باڵا و سەرەکی هەیە، کە تێکڕای زانین و چالاکییەکان بە دەوریدا دەخولێنەوە. ئەو نموونە باڵایە وەک هێزێکی مێتافیزیکی مەبەستیەتی زمان سنووردار بکات و ماناکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بەم شێوەیە زمان تەنیا ئەوە دەردەبڕێت، کە ئەو نموونە باڵایە دەیەوێت. لێرەدا نووسەر ڕۆڵی بانگخوازی ئایینی (preacher) دەبینێت و ئەرکی خوێنەر تەنیا وەرگرتنی ئەو پەیامانەیە، لە دەمی ئەو بانگخوازەوە دەردەچن. لێی تێدەگات، چونکێ زانراون و پێشتر بیستوونی. دەکرێت بگوترێت زمان زیندانێکە و تێیدا ماناکان بەپێی یاساکانی خۆی هەڵدەسووڕێنێت، لە کاتێکدا بە شکاندنی زیندانەکە، ماناکان ئازاد دەبن و لێکدانەوەی جیاوازجیاواز هەڵدەگرن. ئەو تێگەیشتنە هێزێکی گەورە بە ئەدەب و هونەر دەبەخشێت و تەقینەوەی گەورەیان تێدا بەرپا دەکات، وەک چۆن خودی فەلسەفە وزەیەکی لەبننەهاتوو لە ئەدەب و هونەر وەردەگرێت، بە ڕادەیەک سنووری نێوانیان کاڵ بووەتەوە. ئەمڕۆ هەر ڕۆماننووسێکی داهێنەر فیلۆسۆفێک و هەر فیلۆسۆفێکیش ڕۆماننووسێکی فرەدەنگە. (کامۆ)، (ئایرێس مەردۆک)، (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ)، (مێلان کۆندێرا) و زۆری دیکە بەو ئەندازەیەی ڕۆماننووسن، فیلۆسۆفیشن.

زمان زیندانێکە و تێیدا ماناکان بەپێی یاساکانی خۆی هەڵدەسووڕێنێت، لە کاتێکدا بە شکاندنی زیندانەکە، ماناکان ئازاد دەبن و لێکدانەوەی جیاوازجیاواز هەڵدەگرن

بایەخی جەستەیش هەر لە تێکشکاندنی ئەو سێترالیتییەدا خۆی دەسەپێنێت، کە پێشتر بە هۆی میراتی (پلاتۆ) و (دێکارت)ـەوە بە لاوە نرابوو. لە لای ئەو بە هێزێکی گەورەوە دەردەکەوێتەوە. دواتر (مۆریس مێرلۆپۆنتی) و (فۆکۆ)یش بە شێوازی خۆیان ڕووبەڕووی ئەو چەمکە دەبنەوە، بگرە دەبێتە بابەتێکی گرنگی فەلسەفی و لە ئەدەب و هونەری ئەو چەند دەیەی ڕابردوو بە ئێستایشەوە شوێنی گرنگ دەگرێت. بایەخی (نیتشە) بە جەستە و بە هونەری سەمای ئەو جەستەیە، کردنەوەی دەنگەکانی ئەو جەستەیەیە وەک لە زمانی (زەردەشت)ـەوە دەریدەبڕێت: (جەستە بریتییە لە کۆمەڵێک ئامێری هاوبەشی عەقڵ. بۆ ئەوەی باوەڕی پێ بهێنم، پێویستە سەماکەر بێت). جەستەی سەماکەر جەستەیەکی ئازادە و توانای بەرهەمهێنانی ئاماژەی جیاوازجیاوازی هەیە، کە دەستەڵاتی هیچ تیۆرییەک ناتوانێت سنوورداری بکات و چوارچێوەی بۆ دابڕێژێت. بە مانایەکی دی، جەستەی بەهێز توانای بەرگریی هەیە و ڕێ نادات کورت بکرێتەوە.

 (نیتشە) تێکڕای ئەو تێگەیشتنانە قڵپ دەکاتەوە، کە پێشتر لەبارەی جەستەوە خرابوونە ڕوو، تا ئەو چەمکە لە ژێر دەستەڵاتی مەعریفەی زانستیدا دەربهێنێت و بە ژیانەوە گرێی بداتەوە، کە بەوەدا ژیان هەمەڕەنگ و هەمەئاڕاستەیە، جەستە دەبێتە کۆمەڵێک کەناڵی دەربڕین.

*    *    *

دەکرێت تێکڕای فەلسەفەی (نیتشە) لە کرانەوەییدا بەرجەستە بکەین، بەوەی ڕەخنەی ئەو لە مێتافیزیکا تەنیا کۆمەڵێک چەمکی وەک حەقیقەت، جەستە، مۆراڵ، بەها، زمان، کات و هیی دیکە ناگرێتەوە، بەڵکوو سەرجەم فەلسەفە لە (سۆکرات)ـەوە بۆ (دێکارت) و لەوێوە تا (کانت)، (هیگڵ) و ئەوانەی تر دەکەونە بەر زەبری ئەو ڕەخنەیە و تێک دەشکێنرێن، کە تێکشکاندن لە فەلسەفەدا هاوواتای کرانەوەیە. مێژووی فەلسەفە بریتییە لە پرۆسێسی تێکشکان و کرانەوە. لە ژێر زەبری ئەو ڕەخنەیەدا چەمکە جیاوازەکانی وەک مرۆڤی باڵا، گەڕانەوەی هەمیشەیی، نیهلیزم، ویستی هێز، ئێرەیی، هزری مێگەل (herd mentality) و زۆری دیکە ڕەوتی فەلسەفەیان گۆڕی و دەیان کەناڵی دیکەیان کردەوە، کە ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا توانیویەتی گفتوگۆی کاریگەر دابمەزرێنێت.

ئەو ڕەخنەیەی (نیتشە) لە سەدەی بیستەمدا ئاڕاستەی جۆراوجۆری لێ دەبنەوە، کە هەر یەک لە فیلۆسۆفانی وەک (هایدیگەر)، (ئادۆرنۆ)، (فۆکۆ)، (دولووز)، (دێریدا)، (لیوتار) و زۆری تر فەلسەفەی جیاوازیی خۆیان دادەمەزرێنن. بەم شێوەیە (فەلسەفەی جیاوازی) دەبێتە ناونیشانێکی فرەوان بۆ سەرجەم ئەو فەلسەفانەی ڕەخنە لە دۆخی مۆدێرنیتی دەگرن و تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە. دەرکەوتنی چەمکی (جیاوازی) بە هۆی ڕەخنەگرتن لە چەمکی (شوناس)ـەوە سەری هەڵدا، کە ئەوەیان ناوەرۆکی مۆدێرنیتییە. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی توانیویەتی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکات و ئەو هەرەمە تێک بشکێنێت، کە ڕۆماننووسی تاکدەنگ پەنای بۆ بردووە. بەوەدا ڕۆمانی فرەدەنگ ڕەگی لەناو هەموو کایەکاندا هەیە، بەرگەی ئەو هێزە دەرەکییانە دەگرێت، کە مەبەستیانە بیخەنە چوارچێوەوە و لە یەک گۆشەنیگاوە بیخوێننەوە. بە مانایەکی دی، لە ڕۆمانی فرەدەنگدا هەرەم ون دەبێت.

ئەو هەرەمە بەپێی پرینسیپی پێوەری بەهاکان دامەزراوە، کە دوالیزمی چاکە و خراپە نەخشاندوویەتی. چی پەسەندە و چی ناپەسەند؟ کارەکتەری چاکەخواز لایەنگری چاکە و کارەکتەری خراپەکار نوێنەری بەها ناپەسەندەکانە، کە وەک گوترا کاتێ ئەو بەهایانە جینیالۆجیایان بۆ دەکرێت، خودی هەرەمەکە هەرەس دێنێت، تا بە شێوەیەکی جیاواز ڕێک بخرێتەوە. لەمەوە چاکە چاکە و خراپە خراپە نییە. وەک گوترا ئەو کرانەوەیییەی (نیتشە) لە فیکری دوای خۆیدا کاریگەریی گەورەی دەبێت، کە ڕۆمانی فرەدەنگ تێیدا گەشەی کردووە. بۆ نموونە لە لای (فۆکۆ) چەمکی ئارکیۆلۆجیا دەردەکەوێت، کە ڕستەی (ئارکیۆلۆجیایەکی زانستە مرۆیییەکان: An archaeology of the human sciences) وەک ناونیشانێکی لۆکاڵی بۆ کتێبی (وشەکان و شتەکان) دادەنێت و لێیەوە بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز چەمکگەلی وەک (شێتی)، (سێکسواڵیتی)، (زمان)، (مەرگ)، (ئەشکەنجە)، (زیندان) و زۆری دیکە دەخوێنێتەوە. پێی وایە لە سەدەی نۆزدەوە پێوەر لە ڕێی دەستەڵاتە وردەکانەوە خرایە گەڕ، بەو مانایەی وەک شێوەیەکی چاودێری خۆی سەپاند. واتە خرایە ناو چوارچێوەی پەروەردەی کۆمەڵایەتییەوە، تا جەستە ملکەچی دامودەستگەکان بکات، کە لێرەدا پاداشت و سزا دەرکەوتن. ئەگەر لە کۆمەڵگە کلاسیکییەکاندا یاسا ئەو پاداشت و سزایەی جێبەجێ دەکرد، ئەوە لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا پێوەری بەهاکان شوێنی ئەو یاسایە دەگرێتەوە، بەوەی چی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ڕێی پێ دراوە و چی قەدەغەیە. لەمەوە بەو دوالیزمی (چاکە و خراپە)یە هەموو کردار و هەڵسوکەوتێکیان لێک دەدرێتەوە. چی ئەمیانە و چی ئەویان؟ کامیان پەسەند و کامیان ناپەسەندە؟ یاسای نووسراو دەتوانێت ئەوانە سزا بدات، کە بەپێی فڵان بەند لایان داوە، بەڵام هەرچی پێوەری بەهاکانە، ڕۆ دەچێتە ناو وردەکارییەکانی تاک و مەبەستیەتی بوونی داگیر بکات. لەمەوە ئەو پێوەرە دەچێتە ناو دامودەستگەی زانین (مەعریفی)ییەوە، کە ئەرکی ئەو دامودەستگایانە بریتییە لە برەودان بەو بەهایانە و بە حەقیقەتەوە پێوەستیان دەکەن، تا لەو ڕێیەوە هەر شتێکی دیکەی لەو پێوەرە جیاوازە، بدەنە دواوە. واتە ئەو پێوەرە شوناس دروست دەکات و ئەو شوناسە بۆ سەرکوت دەخرێتە گەڕ.

*    *    *

ڕۆمانی فرەدەنگ لەناو ئەو ئەتمۆسفێرەدا ڕووبەڕووی ئەو پێوەرانە دەبێتەوە، کە بۆ بەهاکان دانراون. بەوەدا توانای داهێنانی ڕێگە و تەکنیکی نوێی هەیە، ئەوە هەڵکۆڵین بۆ ئەو بەهایانە دەکات و ئاستە شاراوەکانیان دەردەخات، بە ڕادەیەک ئەوەی دەردەخرێت ئاستی ترازاوی بەهاکانە، نەوەک ئاستە زانراوەکانیان. لەم نێوەدا دەنگی جۆراوجۆر و ئاڕاستەی جۆراوجۆر لە بونیادی ڕۆماندا دەردەکەون. بەم شێوەیە ڤیبێژەری هەمووشتزان بە سروشتی خۆی گوم دەبێت، کە کۆڵەگەی پشتی ڕۆمانی تاکدەنگە، بگرە وەک گوترا خواوەندیەتی، چونکە سەرچاوەکانی زانیاری گۆڕاون. وەک (جیل دۆلۆز)  لە هەمان کتێبی ناوبراودا دەڵێت (نیتشە) لەسەر شێوازی (فرۆید) پێی وایە {هۆشیاری ناوچەی من (ئیگۆ) دەگرێتەوە، کە دنیای دەرەوە کاریگەریی لەسەر دادەنێت}. بەم شێوەیە هەر کارەکتەرێک خاوەنی (من)ی خۆیەتی و ئەو سێنتراڵیتییە کاریگەریی نامێنێت. لەمەیشەوە نووسەری تاکدەنگ، کە شوێنی خوداوەندی گرتووەتەوە، دەمرێت و ژیان بە کارەکتەرە جیاوازەکان دەبەخشرێت. مردنی نووسەری تاکدەنگ، واتە مەرگی بەها و ڕەوشتە باوەکان، تا کارەکتەرە جیاوازەکان بە ڕەوشتی جیاواز و بەهای جیاوازەوە شوێنی بگرنەوە. هەر لێرەوە لایەنی ڕۆحی ئەو بایەخەی نامێنێت، مادام کارەکتەر لە ڕێی جەستەیەوە پێوەندی بە واقیعەوە دەکات، بگرە جەستە دەبێتە زمانی کارەکتەر. وەک پێشتر گوترا جەستە ڕێ نادات کورتی بکەنەوە، بۆیە جەستەی ڕۆمانی فرەدەنگ بەرەو نەزانراو ئاڕاستەیە و ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەبڕێت، نەوەک شتێکی زانراوی دیاریکراو، تا کورت بکرێتەوە.

هەموو ئەو تەکنیک و فێڵانەی ڕۆمان لە (جۆیس)ـەوە تا ئەمڕۆ دایهێناون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێوەری بەها بووە، کە ئەوانە وایان کردووە زمان فرەڕەهەند، بگرە ئاڵۆز ببێت و بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدات.

ئاڕاستەی (نیتشە) و هیی ئەوانەی تریش وایان کرد ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی پشت لە ڕاستەوخۆیی بکات و بەرەو نەزانراو مل بنێت، بێ ئەوەی هیچ ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، کە هەر لێرەدا وێنە شوێنی وشەی گرتەوە. واتە بۆ لێکدانەوەی تێکستی ڕۆمانی فرەدەنگ، ناکرێت وشەیەک بگرین، تا جارێک لەگەڵ وشەکانی بەردەمی و جارێک لەگەڵ ئەوانەی دواوەیدا پێوەستی بکەین، بەو مەبەستەی مانایەکی دیاریکراوی لێ پێک بهێنین، بەڵکوو وێنەکان هەن، کە ناتەواو و تێکشکاون، بە ڕادەیەک هەر خوێنەرێک دەتوانێت لەسەر شێوازی خۆی پێکیان ببەستێتەوە. ڕاستییەکەی چەمکی خوێنەر بە مانا جیاوازەکانیەوە لێرەدا لە دایک بووە و پێ گەیشتووە، کە لەم شەشت حەفتا ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵێک تیۆریستی داهێنەر کاریان لەسەر کردووە و لە کرانەوەییی ڕۆماندا ڕۆڵی گرنگیان بینیوە. دەکرێت بگوترێت خودی ئەو تێکستە ڕێگرە لەوەی خوێنەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ بیخوێنێتەوە و مانای ئامادەکراوی لێ وەربگرێت. ئایا بۆ نموونە بەرهەمەکانی (جیمس جۆیس) ڕێی خوێنەر دەدەن بە شێوازی وشەبەوشە بیانخوێنێتەوە و تێیاندا ئەو مانا زانراوەی بە دوایاندا دەگەڕێت، بدۆزێتەوە؟ هەمان شت بۆ ڕۆمانەکانی (ئەندرێ جید)، (ئەلبێر کامۆ)، (کامیلۆ خۆزیە تێلا)،  (خۆزیە سەراماگوای)، (تۆنی مۆریسۆن) و زۆری دیکەیش دروستە. هەموو ئەو تەکنیک و فێڵانەی ڕۆمان لە (جۆیس)ـەوە تا ئەمڕۆ دایهێناون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێوەری بەها بووە، کە ئەوانە وایان کردووە زمان فرەڕەهەند، بگرە ئاڵۆز ببێت و بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدات.

ئەگەر ڕەخنەدۆزان ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، یان ڕۆمانی فرەدەنگ بە پەشێوی (Turbulent) ناو دەبەن، مەبەستیان ئەوەیە لە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز پێک هاتووە و ناکرێت گرێچنێک پێکەوەیان گرێ بدات. ئەو پەشێوییە بەرهەمی ئەو گومان و دڵەڕاوکێیەی مرۆڤی ئەمڕۆیە، کە لە جیهانێکی هەمەئاڕاستەدا دەژی و ڕووبەڕووی گرفتە ئاڵۆزەکان دەبێتەوە، بە ڕادەیەک زیاتر لە ڕەهەندێکی هەیە. هیچ ئاڕاستەیەک، هیچ هێڵێک، هیچ بیرۆکەیەک و هیچ وێنەیەک ناتوانێت لەناو ئەو پەشێوییەدا بە زەقی دەربکەوێت و ئەوانەی دیکە بسڕێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەر ئاڕاستەیەک گومان دەخاتە ئاڕاستەیەکی دیکەوە، هەر هێڵێک هێڵێکی دیکە تێک دەشکێنێت، هەر بیرۆکەیەک بیرۆکەیەکی دیکە ناتەواو پێشان دەدات و هەر وێنەیەک وێنەیەکی دیکە لەتلەت دەکات. بەم شێوەیە ڕۆمانی فرەدەنگ، فرەڕەنگ، فرەئاڕاستە، فرەوێنە و فرەڕوو کورت ناکرێتەوە. کام ئاڕاستەیە، کام هێڵە، کام بیرۆکەیە، کام وێنەیە کورت بکرێتەوە؟ وەک (داڤید لۆج) لە کتێبی ناوبراودا جەخت لەسەر هێزی ڕۆمان دەکاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ حوکمی مێژوودا.

blank
داڤید لۆچ (١٩٣٥- ) نوووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبیی بەریتانیایی

*    *    *

کورتکردنەوە تایبەتە بە ڕۆمانی تاکدەنگ، کە جۆرێکی سادەیە. بە زمانی ڕاستەوخۆ نووسراوە و تێیدا هۆشیاریی نووسەر لەسەر هێڵێکی ڕاستدا بە هۆشیاریی خوێنەر دەگاتەوە. بەهاکان هەڵکۆڵینیان بۆ نەکراوە، بەڵکوو بە هەمان قاڵب داڕێژراونەتەوە، چینەکانی سەریان لا نەدراون و دەستەڵاتەکانیان پارێزراون. خوێنەر بە ئاسانی دەیانناسێتەوە، بەوەی لەگەڵیان گەورە بووە و هێندەی نووسەریان لە بارەوە دەزانێت، بۆیە هەم دەتوانێت کورتیان بکاتەوە و هەم گوتەیان لێ وەربگرێت، کە ئەگەر بە دیدی ڕەخنەیییانە هەر کام لەو گوتانە بخوێنیتەوە، وەک پێشتر گوتوومە و کردوومە، لە سادەیی و ڕووکەشی بەولاوە، هیچی دی نابینیت. هەر لەبەر ئەوەیشە ئەو جەماوەرە لێیان تێگەیشتووە و هێندە پێیان سەرسامە. ئەمڕۆ ڕۆمانەکە دەرچووەوە و سبەی کورت کراوەتەوە، دەیان گوتەی لێ وەرگیراون و بێژمار خەڵک سەرسامییان لە ئاستدا دەربڕیوە.

ڕۆماننووسی تاکدەنگ ڕاستەوخۆ ڕووی لە جەماوەرە و هیی فرەدەنگ گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەری جیاواز دادەمەزرێنێت.

لە پێشەوە لە لای (نیتشە) گوترا ئەو زمانەی بە جینیالۆجیاوە پێوەستە، زمانێکی ترازاوە و حەقیقەتی ناسراوی شتەکان دەرنابڕێت، بەڵکوو بەو هێزەی هەیەتی، حەقیقەتەکان تێک دەشکێنێت، تا لە ڕێی ئاماژەوە بدوێت، کە ناکرێت لە شتی دیاریکراودا بەرجەستەی بکەین، لە کاتێکدا زمانی ڕۆمانی تاکدەنگ زمانێکی ناسراوی ڕۆژانەیە و ڕاستەوخۆ حەقیقەتی زانراوی شتەکان دەردەبڕێت، کە پێشتر جەماوەر ناسیویەتی. ڕۆمانی تاکدەنگ بابەتە زەقەکانی وەک شۆڕش، زیندان، ڕاونان، کۆچ و شتی دیکەی لەم بابەتە دەورووژێنێت و بە هەمان زمانی جەماوەر دەیانگوازێتەوە، لە کاتێکدا ڕۆمانی فرەدەنگ ئەو بابەتانە کاڵ دەکاتەوە، تا ڕووناکی بخاتە سەر وردەکارییە بەلاوەنراوەکانیان. واتە دیوە شاراوەکانیان دەردەخات و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە کۆمەڵێک وێنەی جیاوازدا پێشانیان دەداتەوە، بۆیە ڕۆماننووسی تاکدەنگ ڕاستەوخۆ ڕووی لە جەماوەرە و هیی فرەدەنگ گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەری جیاواز دادەمەزرێنێت. ئەوەی لە لای (فۆکۆ) بینیمان، کە پێی وایە پێوەری بەهاکان لە ڕێی دەستەڵاتە وردەکانەوە خراوەتە گەڕ و وەک شێوەیەکی چاودێری خۆی سەپاندووە، تا جەستە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ڕووبەڕووی سزای بکاتەوە، ئەوە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا دەردەکەوێت، بەوەی شتە زەقەکان بە لاوە دەنێت و شتە وردەکان لێک دەداتەوە. لەمەوە ڕۆ دەچێتە ناو کەناڵەکانی پەروەردەی کۆمەڵایەتی (socialization) لە چەشنی خێزان، فێرگە، حیزب، پەرستگە، بنکەی کەلتووری و ئەوانەی دیکە، تا نهێنییەکانیان دەربخات. ئەوە پێوەری بەهاکانە، کە دەستەڵاتەکان پاڵپشتین، ئەو بابەتانەی زەق کردوونەتەوە و ڕۆماننووسی سادەنووسیان پێ فریو دەدات، تا وێنەی دەرەوەیان بگرێت و لە ڕێی وەسفەوە چینی دیکەیان بخاتە سەر. ڕۆماننووسی فرەدەنگ پێچەوانەی ڕۆماننووسی تاکدەنگ وا لە دەستەڵات ناڕوانێت، لە شوێنی دیاریکراودا هەیە و بە زەقی دەردەکەوێت، بەڵکوو وەک (فۆکۆ) و (دولووز) لە گفتوگۆی (ڕۆشنبیر و دەستەڵات)دا پێی لەسەر دادەگرن لە هەموو شوێنێکدا بەرجەستەیە. یەکەمیان دەڵێت: (دەستەڵات تەنیا خۆی لە سانسۆرێکی ڕووندا مانیفێست ناکات، بەڵکوو بە قووڵی و لێزانانە ڕۆ دەچێتە نێو تەواوی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، بگرە خودی ڕۆشنبیران دەبنە بەشێکی ئەم دەستەڵاتە). هەرچی دووەمیانە پێی وایە (ئەوە هەر زیندانییەکان نین وەک منداڵ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵکوو منداڵیش وەک زیندانی لێی دەڕوانرێت. منداڵ منداڵییەک بە سەر دەبات، کە هیی خۆی نییە. بەم پێیە ناکرێت نکووڵی لەوە بکەین، کە فێرگە وەک زیندان وایە. خۆ ڕاستییەکەی کارگە هەر زۆر لە زیندان دەچێت). (ڕۆڵان بارت)یش هەر لەم ڕووەوە دەنووسێت: (دەستەڵات ئەمڕۆ لە زیاتر لە میکانیزمێکدا ئامادەیە و بە ناسکی ئاڵوێری کۆمەڵایەتی لە دەوڵەت و لە لای چینە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵدەسووڕێنێت، بەڵام بە هەمان شێوە لە مۆدێلەکان، بۆچوونە باوەکان، فێستیڤاڵەکان، یارییەکان، یانە وەرزشییەکان، هەواڵەکان، پێوەندییە تایبەتەکانی خێزان، تەنانەت لە لای بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانیشدا دەردەکەوێت). لە ڕێی خوێندنەوەی ئەو سێ بیرمەندەدا دەگەینە ئەوەی بڵێین ناکرێت ڕۆماننووس بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دەستەڵات ببێتەوە، لە بابەتە زەقەکاندا پێشانی بدات، ئەو بابەتانەی سۆزی جەماوەر دەورووژێنن، کە لەم دۆخەدا زمان شێوەی ڕاستەوخۆ وەردەگرێت، بەڵکوو پێویستە ڕۆ بچێتە ناو شتە وردەکانەوە، کە ئەو ڕۆچوونە تەنیا گۆڕینی ئاڕاستەی ڕەخنە نییە، بەڵکوو گۆڕینی سیستەمی زمانیشە. واتە گۆڕینە لە وشەی ڕووتەوە بۆ ئاماژە. گۆڕینە لە جەختکردنەوەی مانای پێشوەختەوە بۆ بەرهەمهێنانی مانای نوێ و کراوە.

*    *    *

ڕۆماننووس لە ڕۆمانی تاکدەنگدا پشت بە چەمکێکی زەق  دەدات و دژی چەمکێکی دیکەی زەق دەوەستێتەوە. بۆ نموونە وا خۆی دەردەخات لایەنگری ئازادییە و دژی چەوسانەوەیە، لە کاتێکدا ئەو چەمکە زەقانە هەر خۆیان لە ژێر گومانی گەورەدان و دەبێت هەڵبوەشرێنەوە، تا ڕەهەندی دیکە وەربگرن و ئاڕاستەی تری نەزانراویان لێ ببنەوە. چۆن دڵنیا ببین ئەوەی ئەو بە ئازادیی دەزانێت، ئازادییە و ئەوەی بە چەوسانەوەی دادەنێت، چەوسانەوەیە؟ ڕۆماننووسی ڕۆمانی فرەدەنگ بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز لە هەموو ئەو چەمکانە دەڕوانێت. با وای دابنێین ئەو چەمکانە کۆمەڵێک درەختن و بە شێوەی بازنەیی ڕوێنراون. منداڵێک لەناو بازنەکەدا یاری دەکات، بەڵام یاسای یارییەکە ئەوەیە، ئەگەر جەستەی بەر هەر یەکێ لەم درەختانە بکەوێت، دەدۆڕێت و یارییەکە کۆتاییی دێت. گوتمان هەموو درەختەکان وەک یەک کۆتاییی بە یارییەکە دەهێنن و نەمانگوت درەختێکی دیاریکراو. کەواتە بۆ ئەوەی یارییەکە بەردەوام ببێت، هەمیشە لەم ناوەڕاستەدا هەڵدەبەزێتەوە. ئەو بۆشایییە مەودای داهێنانی ڕۆماننووسە، کە مانای ئەوە نییە چەمکەکانیش نابینێت. دەیانبینێت، بەڵام بە گومانی زۆرەوە. ئەگەر درەختەکان نەبوونایە، منداڵەکە نەیدەتوانی یارییەکە بکات، وەک چۆن بەبێ ئەو چەمکانە ڕۆماننووس ناتوانێت بنووسێت. لەم دۆخەدا یاریی منداڵەکە تێپەڕاندنی ئاستی زانراوی درەختەکانە، وەک چۆن نووسینی ڕۆمانی فرەدەنگ تێپەڕاندنی ئاستی ناسراوی چەمکەکانە. کاتێک چەمکەکان بە زەقی لە لای ڕۆماننووسی تاکدەنگ هەن، ئەوە یاریی تێپەڕاندن لە ئارادا نییە، بەڵکوو لایەنگری پێشوەختی ئەمیانە و دژی ئەویان وەستاوەتەوە.

*    *    *

ڕۆمانی فرەدەنگ لە بێژمار چیرۆکی وردوردی جیاواز پێک دێت، کە بە دەربڕینی (دولووز) هاوڕەگن، بەڵام لە یەک جیاوازن، بە ڕادەیەک ناکرێت چیرۆکێک بەسەر ئەوەی دیکەیاندا زاڵ بکەیت، بەڵام لە ڕۆمانی تاکدەنگدا گوتەی ئامادەکراو هەن و بە زمانی ڕۆژانە دەربڕراون، کە وەک یەقین لە دەمی نووسەرەوە دەردەچن و بە خوێنەر دەگەن. لە ڕۆمانی فرەدەنگدا کۆمەڵێک ڤیبێژەری جیاواز دەردەکەون و هیچ یەکێکیان جێگەی باوەڕی تەواو نییە، بەوەی دەکرێت بە هەڵەدا بچن، یان تەنیا دیوێکی ئەو بابەتە ببینن، کە دەیگێڕنەوە، یان نەتوانن بە دروستی بیگڕێنەوە، یاخود هەر شتێکی دیکە، ئەوە خوێنەر بە گومانەوە لە هەموویان دەڕوانێت و بە لێکدانەوەی خۆی وێنەیەکی گشتی لە سەرجەمیان پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا ڕۆمانی تاکدەنگ، دەنگی نووسەری بەسەردا زاڵە، دروستتر تەنیا دەنگی نووسەری تێدا دەبیسترێت، کە هەمان دەنگی زانراوی جەماوەرە، بۆیە ئەو خوێنەرە بەبێ هیچ گومانێک باوەڕی پێ دەکات و لێی وەردەگرێت. بەپێی پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) داڕێژراون و پرینسیپی (هۆکار و ئەنجام) هەڵیاندەسووڕێنێت، کە فەلسەفە لانی کەم لە (نیتشە)وە ڕووبەڕووی ئەو دوو پرینسیپە بووەتەوە و هەوڵی تێکشکاندنی داون. جەماوەر لەو ڕۆمانەدا ئەوە دەدۆزێتەوە، کە بە دوایدا گەڕاوە. شاگەشکە دەبێت و دەتوانێت لە بەری بکات، یان بە دەربڕینی (هێنری برگسۆن) ڕاستەوخۆ دەچێتە یادەوەریی عادەتی (habits memory)ی ئەو جەماوەرەوە و بە ئاسانی دەیڵێتەوە. ڕەخنەگری میلـلییش، کە خاوەنی توانایەکی سنووردارە و لەسەر هەمان هێڵدا هەم بە ڕۆماننووسی تاکدەنگ و هەم بە جەماوەری ئەو ڕۆماننووسە دەگاتەوە، بە هەمان زمانی ڕۆژانە پێیدا هەڵدەڵێت. ڕۆمانەکە کورت دەکاتەوە، بەوەی لەسەر یەک بیرۆکەی زانراو دامەزراوە و بۆ کورتکردنەوە ئامادەیە، تا لەوێوە وەک داهێنانێکی مەزن پێشانی بدات. ئایا هەمان ڕەخنەگری میلـلی دەتوانێت ڕۆمانی یەکێ لەو ڕۆماننووسە فرەدەنگانەی ئاماژەیان پێ درا، کورت بکاتەوە؟ دیارە لێرەدا بە شێوەی ڕەها ناڵێین ڕۆمانی فرەدەنگ گوتەی لێ وەرناگیرێت، بەڵکوو دەڵێین کورت ناکرێتەوە و ئەو گوتانەی ڕەخنەدۆزانیش لێی وەردەگرن، زەق و زانراو نین، بەڵکوو لە ئاستی ئاماژەدان، لە کاتێکدا جەماوەر هەم دەتوانێت ڕۆمانی تاکدەنگی ڕۆماننووسە جەماوەرییەکان کورت بکاتەوە و هەم گوتەیشیان لێ وەربگرێت. ڕەخنەگری میلـلی جاڕی مۆیبەلایزەیشن بۆ نووسەری ڕۆمانی تاکدەنگ دەدات، تا جەماوەری بۆ کۆ بکاتەوە و بەرهەمەکانی بکڕن. بۆ ئەم مەبەستە مێدیای حیزبی و ناحیزبیی لە پێناودا دەخاتە گەڕ. بەم شێوەیە ڕۆمانی مەزن ئەوەیە، ئەو جەماوەرە زیاترین ژمارەی لێ کڕیوە و زۆرترین گوتەی لێ وەرگرتووە. ئەوەی ئەمڕۆ ڕۆمان هەڵدەسەنگێنێت، جەماوەرە، کە ڕۆمانی ڕۆماننووسی تاکدەنگ خۆی ڕێی داون هەڵیبسەنگێنن. لە گوتاری (لە ڕەخنەگر کێیەوە بۆ ڕەخنە چییە)دا هەوڵم داوە ئەوە پێشان بدەم، کە هەڵسەنگاندن بریتییە لە گۆڕینی نووسەر لە سەبجەیکتەوە بۆ ئۆبجەیکت. واتە نووسەر بە هۆی بەرهەمەکەیەوە دەکرێتە بابەتێک بۆ هەڵسەنگاندن. هەموو تواناکانی لێ دەسەنرێنەوە و لەم ساتەوە خاوەنی زمان نییە. ڕۆماننووسی تاکدەنگ هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنەدا نییە، بگرە هەوڵی زۆر دەدات ئەو جەماوەرە هەڵیبسەنگێنن.

بۆ نووسینی ئەم بابەتە، گفتوگۆ لەگەڵ ئەم کەناڵانەدا کراوە:

 _Lodge,David, The Art of Fiction, London, Penguin, 1992.

 _ Todorov, Tzvetan,Mikhail Bakhtin The Dialogical Principle, Translated by Wlad Godish, Manchester University Press, 1984.

_Nietzsche, Friedrich- On the Genealogy of Morals, Translated by Carol Diethe, Edited by Keith Ansell-Pearson, Cambridge Texts in the History of Political Thought, 2007.

_  Deleuze, Gilles,Nietzsche and Philosophy, Translated by Hugh Tomlinson, Continuum, LONDON – NEW YORK, 2002.

 _Foucault, Michel, The Order of Things, An archaeology of the human sciences, A translation of Les Mots et les choses, VINTAGE BOOKS, A Division of Random House, Inc. New York, 1994.

_Intellectuals and power: A conversation between Michel Foucault and Gilles Deleuze. Available at:

https://libcom.org/article/intellectuals-and-power-conversation-between-michel-foucault-and-gilles-deleuze

_ بارت، رولان: درس السيميولوجيا، ترجمة: عبد السلام بنعبد العالي، تقدیم: عبد الفتاح کیلیطو، دار توبقال للنشر،الدار البيضاء، الطبعة الثالثة، ١٩٩٣.

_ ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ، گفتوگۆی شاخەوان سدیق لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسووردا.

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات. (کتێبی ئەلیکترۆنی).

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، ڕاگەردان، پاشکۆی بەرهەمەکانم. (پێشەکییەکەی).

_ کاکەسوور، کاروان عومەر، لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە). (لە وەڵامی پرسیاری تەوەرەی ژنەفتندا).