ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

شەوار

دیوارەکان دووکەڵ دەمژن و

ڕایەخەکان موو دەخۆنەوە و

کۆلاش کحول دەردەدا.

لە هەوای شەوی تەماویدا

خۆر خۆی دەسوێتەوە.

مانگ و ئەستێران دەلاوێنەوە

بۆ دوورییەک

کە پێوانە ناکرێ.

هەرچی هەیە ڕووتە.

هەرچی هەیە خۆیەتی و

هەرچی هەیە ناڵەیەتی.

ئاوێنە ڕووبەرێک لە خۆی

لە ئەوانی تر کە بێدەنگ

خەریکی ئازارچەشتنن

دەداتەوە.

لەپێناو دروستکردنی سبێنێیەکی زوودا

درەنگنووستن دەشێ

ڕێگەیەکی خراپ نەبێ.

بۆ هەڵهاتنی خۆر

خۆخواردنەوە

وزەی زێڕینی ڕووناکایی

دەبەخشێتەوە.

ئەو تاریکییەی کە پێوانە ناکرێ

ئەو دوورییە

لە هەناوی سەرینێکی لاکێشەی بۆنخنکدا

دەتلێتەوە.

چایییەکی سەفەری و بوتڵێک ویسکی

مژدەی ڕۆژێکی نوێ

نادەن جگە لەوەی

هەنگاوێک بەرەو چیای سەرکەش

بتبەن.

خۆڵ و بەرد و بیابان

دەتخۆنەوە

هەوا دەخۆنەوە و

ئاو دەخۆنەوە.

لوتکەی هەوراویی مەرگ

دەتخۆنەوە

هەوا دەخۆنەوە و

بەفر دەخۆنەوە.

ڕۆچوون بەنێو تاوێردا

لە هەورازی هەنگاوی بوێردا؛

ئاوێنە

ئاوێنە کە ڕووبەرێک لە خۆی

لە ئەوانی تر

کە بێدەنگ ئازار دەچێژن

دەداتەوە؛

بۆ قووڵایییەک کە ئەژمار ناکرێ

تیشکی خۆر دەشکێنێتەوە.

blank
دەربارەی نووسەر
ڕەها ئەبوبەکر
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە