فەزاى گشتیى ئایینی لە کۆمەڵگە ئیسلامییە بەرایییەکاندا

لە ئینگلیزییەوە: ناودار زیاد

توێژینەوە لەبارەى ئاشکراکردن و خستنەڕووى پانتایییە گشتییەکان لە کۆمەڵگە زۆرینە موسڵمانەکانى پێش مۆدێرنەدا “premodern societies”، تاڕاددەیەک کارێکى نوێیە. تاکوو ئەم دواییانە، مێژوونووسان و تیۆرسێنە کۆمەڵایەتییەکان ئەو تێڕوانینەیان نەبوو کە دەشێت پێبەپێى نەریتی و کۆنینەیى و تەقلیدییەکەى گریمانەى تایبەتمەندى و خاسیەتەکانى کۆمەڵگە نەریتی و کۆنەکان بەگشتى و، کۆمەڵگە موسڵمانەکان بەتایبەتى بکەین. لە کاتێکدا پانتایییە گشتییەکان لە کۆمەڵگە موسڵمانە نەریتییەکاندا فرەچەشن و هەمەجۆرن و گۆڕانکاریشیان بەسەردا هاتووە، بەجۆرێک ئەدگار و دەرکەوتەکانى مەودایەکى دوورى هەبووە لەگەڵ ئایدیا و بیرۆکە و گوتەزاکانى خودى شارستانییەتى ئیسلامیدا.

داڕشتنەوەى کلاسیکى یاخود بەراییى تیۆرەى مۆدێرنیتە لە ساڵانى پەنجاکانى سەدەى بیستەمدا تاکوو حەفتاکانى هەمان سەدە (١٩٥٠ ـ ١٩٧٠) کاریگەرییەکى بەربڵاوى هەبوو، چونکە ئەوان بەریان بە هزرە کۆمەڵایەتى و مێژوویییە زۆر ورد و دەقیقەکان گرت دەربارەى سروشتى بونیادە ئایینی و پەروەردەیى و کۆمەڵایەتى و ئابوورییەکان لە کۆمەڵگەکانى پێش مۆدێرنەدا. بەم شێوەیە، یەکێک لە پێشەنگانى تیۆرسێنەکانى مۆدێرنیتە لە ساڵانى شەستەکانى سەدەى بیستەمدا (١٩٦٠) وای دەبینى کە جیهانى موسڵمان ڕووبەڕووى دوو بژاردە بووەتەوە لەنێوان تۆتالیتاریزمى ئیسلامییە نوێیەکان کە ئامانجیان زیندووکردنەوەى ڕابردووى ئیسلامە، یاخود ڕیفۆرمخوازە ئیسلامییەکان کە دەروازەیەکى پۆڵایین دەکەنەوە و لەو زەلکاوەى ئیسلام تێیکەوتووە دەرباز دەبن. لە کۆتایییەکانى ساڵانى حەفتاکانى سەدەى بیستەمدا (١٩٧٠)، گریمانەکان دەربارەى ڕۆڵى ئیسلام لە پڕۆسەى گەشەسەندن و بەرەوپێشچووندا هەروەکوو خۆى بە پەرشوبڵاوى مایەوە لە بوارەکانى: دروستکردنى نەتەوە یاخود نەتەوەسازی و، بۆشایى و شەقڵى گەورەى نێوان دەسەڵاتى ئایینى و دەسەڵاتى سیاسی… ئەمانە وردە وردە گەورەتر دەبوون کاتێک کاریگەرى و هەژموونى ئیسلام لە درێژەدان و پارێزگاریکردن لە دۆخى ئارا لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بە گەورەیى و بەهێزى مایەوە، هەروەکوو ئەو ئایدیا و بیرۆکانەى کە بە گوڕوتینەوە لە هەندێک بازنەدا پارێزگارى لێ دەکەن و دەستیان پێوەگرتووە. (ئێرنست گالنێر، Ernet Gallner) لەو کتێبەیدا کە هێشتا لە ژیاندا مابوو بڵاوی کردەوە بە ناونیشانى (مەرجەکانى ئازادى، Conditions of Liberty)، پێداگربوو لەسەر باوەڕە دوورمەوداکانى لەبارەى کۆمەڵگەى موسڵمانەوە: (گالنێر) لە نووسینەکانیدا دەربارەى ئیسلام تاکڕەویى و کۆمەڵگەى بەسەر فرەیى و کۆمەڵگەکاندا فەزڵکرد، چونکە (گالنێر) وای دەبینى ئیسلام سنوور و ئاستەنگى جەوهەرى و بنەڕەتى داناوە لەسەر هزر و ڕەفتارى ئەو کەسانەى پابەندن پێوەى.

تیۆرەى مۆدێرنیتە چوارچێوەى بۆ کارى تیۆرسێنە کۆمەڵایەتییەکان و، تەنانەت بۆ مێژوونووسانیش داناوە لەو ڕووەوەى کە هەرگیز پێشبینى و شیمانەى ئەوە نەکەن کە پێکهاتە ئایینی و کۆمەڵایەتى و ئیمپڕاتۆریەتە ترادیشیۆناڵەکان هاوشانى گریمانە مۆدێرنەکانیان دینامیکى بن و بگۆڕێن. بەم جۆرە، هەم لە هزرە گشتى و باوەکاندا، هەم لە زۆربەى شیکردنەوە مێژوویییەکاندا، تێڕوانینى نەرێنى زاڵ لەبارەى نەرمى و شیاوێتى گەشەسەندن و پێشکەوتنى ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانیى هانى لێکۆڵینەوە و بەهەندوەرگرتنى شیمانەى بەردەوامێتى لەنێوان ئیمپڕاتۆرییەتە ئایینییەکە و دروستبوون و شێوەگرتنى کۆمارە سێکیولارەکەدا ـ تورکیا ـ نەداوە. هەندێک شیمانەى ئەوە دەکەن کە پێشینەکان لەلایەن مۆدێرنخوازە بەرایییەکانەوە بەشەیتانکراون، کە ئەمە دەکرێت چەندین تۆوى گەشەسەندنى لەخۆیدا بۆ دواتر هەڵگرتبێت. بۆ نموونە، توێژینەوە نوێیەکان دەربارەى دینامیکییەت و دیمۆگرافیاى خێزان و بنەماڵەى عوسمانى، گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونى بەردەوامى پلە بە پلە و گرنگ نیشان دەدەن لە گواستنەوە و تێپەڕین لە ئیمپراتۆرییەتەوە بەرەو نەتەوە. هەرچەندە لەلایەن ڕیفۆرمیستەکان لە نموونەى (مستەفا کەما ئەتاتورک) (١٨٨١ ـ ١٩٣٨) و ئەوانەى کاریگەر بوون بە ناوەڕۆک و گریمانە ڕوون و ئاشکرا یاخود شاراوە و ناڕاستەوخۆکانى تیۆریى مۆدێرنیتە هیچ دابڕانێکى یەکلاکەرەوە بەدی ناکرێت.

بیرۆکەى فەزاى گشتى زیاتر لە چەمکێکى بەربڵاوى کۆمەڵگەى مەدەنیدا قەتیس دەبێت، بەڵام وەک چەمکێکى سەرەکى لەم چەند دەیەى ڕابردوودا دەرکەوتووە. هەندێک تیۆرسێنى کۆمەڵایەتى ڕەگ و ڕیشە و بنەچەى پانتاییى گشتى بۆ سەدەى هەژدەیەم دەگەڕێننەوە. بۆ نموونە، لە وتارەکەى (ئیمانوێڵ کانت، Immanuel Kant)دا لەبارەى ڕۆشنگەرییەوە، فکرەى “گشتى” نوێنەرایەتیى دەرکەوتنى وشەکانى نووسەرێک دەکات لە بەردەم خوێنەرانى سەربەخۆى نێوەندەکانى دەسەڵاتدارێتى وەکوو بانگخواز و دادوەر و فەرمانڕەوایاندا. بەم شێوەیە، دەرکەوتنى هزر و ئایدیاکانى “گشتى” لەسەر بنەماى پێوەر یاخود بەهاکانیان بڕیاریان لەسەر دەدرێت. بەشێوەیەکى خۆبەخۆ و ناوکۆیى بیرۆکەى ئایدیاى پانتاییى گشتى هەم لە پێکهاتە و بونیادى فەرمى دەستەڵاتى ئایینی و سیاسی جیاوازە هەم لە ڕووبەرى ماڵ و خێزان و خزم و خوێش. بیرۆکەى پانتاییى گشتى بە شێوەیەکى توندوتۆڵ وابەستەیە بە کارەکانى (یۆرگن هابرماس، Habermas Jürgen)ـەوە، کە پێی وابوو گەشەسەندنى ئایدیاى پانتاییى گشتى پشت بە کۆمەڵگەکانى ئەوروپا دەبەستێ و، لە تێڕوانینى زۆرینەشەوە گرێدراوەتەوە بە دەرکەوتنى فۆڕمێکى دیاریکراوى کۆمەڵگەى بۆرژوازی و، گوتارێکى عەقڵانى ڕەخنەیى.

میتۆدەکەى (هابرماس) بۆ تێگەیشتن و پەیبردن بە ئایدیاى پانتاییى گشتى بەتوندى بەستراوەتەوە بە پێشکەوتنەکانى ئەوروپا لە دەستپێکى سەدەى شازدەیەمدا. ئەم میتۆدە ڕاستەوخۆ سوودبەخش و یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە پانتاییى گشتى لە ناوچەکانى دیکەى جیهاندا ـ کە لەنێویاندا کۆمەڵگە موسڵمانەکانى پێش مۆدێرنەش لەخۆ دەگرێت ـ کە میتۆد و ڕێبازى کارکردنى (ئایزنشتات، Eisenstadt) و (شلوختەر، Schluchter)ە. لە پڕۆسەى گەشەسەندنى بیرۆکەى بەراییى مۆدێرنیتەدا، (ئایزنشتات) و (شلوختەر) جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کولتوور دروست کراوە و، لە ناکۆکى و ململانێدایە و، لە کۆمەڵگە مۆدێرن و تەقلیدییەکانیشدا لە حاڵەتى گۆڕانى بەردەوامدایە. هەروەها شارستانییەت و کۆمەڵگەکان بە شێوەیەکى سەربەخۆ گەشە ناکەن، بەڵکوو لە میانەى کارلێککردنى بەردەوامى نێوان کۆد و هێما و شەفرە کولتوورییەکانى ئەم کۆمەڵگەیانە و ڕووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییە ناوخۆ و دەرەکییە نوێیەکانیانەوە گەشە دەکەن.

ئیمانوێڵ کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) فەیلەسووفی ئەڵمانی

ئەم بیرۆکەیە بەتەواوەتى نوێ نییە، (ئایزنشتات) و (شلوختەر) سەرنجى ئەوەیان داوە کە (ماکس ڤیبەر، Max Weber) گفتوگۆى ڕۆڵى مەزهەبەکان دەکات لە دروستبوونى بزووتنەوە دژە ئەرسۆدۆکسى یاخود ناتەقلیدی و بەرهەڵستکارەکاندا کە لە بارگرژییە ناوخۆیى و دەرەکییەکاندا ئیعتیباریان وەرگرتووە، دواتر بارودۆخ و ڕێکخستنێکى کۆمەڵایەتییان نیشان داوە، کە پراکتیک و ڕاڤە کولتوورییە نوێیەکانی پێشخستووە. ئەم تێگەیشتنە بۆ دینامیکییەتى کۆمەڵگە تەقلیدییەکان بە باشى لەگەڵ تێگەشتنى هاوچەرخى شارستانییەتى موسڵمانى کلاسیکیدا دەگونجێت. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوەکانى ئەم دواییانە لەبارەى فۆڕمەکانى شارستانی لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا گفتوگۆى ئەوە دەکەن کە لە ماوەى چوار سەدەى یەکەمى ئیسلامدا پڕۆسەى شارستانی لەجیاتى ئەوەى بە دروستکردن و بونیادنانەوە سەرقاڵ بێ کەچى خەریکى خۆگونجاندن و کەڵەکەبوون بووە. ئەم پڕۆسەیە دەرئەنجامى فۆڕمە ئاڵۆز و هەمەجۆرەکان بوو کە لە پێش بوونى بێزەنتییە-هێلینییەکان و ئێرانى و تەقالیدەکانى تردا خۆى گونجاندبوو. (نەمرود هێرڤتز، Nimrod Hurvitz) وەک شیکردنەوەى هێڵە گشتییەکانى بەردەم پانتاییى گشتى ئایینی، شیکردنەوەیەکى مێژووییى بەهێز بۆ دادگاى پشکنین (فیتنە، میحنەت، mihna)[1] (٨٣٣-٨٤٨) دەکات، کە دەروازە و کلیلى ڕووداوەکانى مێژووى بەراییى ئیسلامە. (هێرڤتز) بە بیرمان دێنێتەوە کە پانتاییى گشتىی ئایینی تەنها ناکۆکى و ململانێى وێنا و ڕوانگەکانى خەڵکى لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو ناکۆکى و ململانێ لەبارەى سنوورەکانى نێوان فەرمانڕەوا و مەملەکەت یاخود ڕەعییەت و دارودەستەکەیشى لەخۆ دەگرێت. لە ماوەى نیو سەدەى گوزەرکردن بە سەردەمى فیتنەدا، چوار خەلیفە یەک لە دواى یەک پشتگیریى گروپى زانایانى ئایینیی سکولاستییان دەکرد لەنێو زانایانى ئایینیدا، کە بڕیاریان لەبارەى ئەوەوەدا موسڵمانان دەبوایە ڕازى بن بەو باوەڕەى کە قورئان خەڵق کراوە، سەرەڕاى ئەوەى خەڵکى بە چڕوپڕى پشتگیریى ئەو تێڕوانینە تەقلیدییەى دەکرد کە قورئان هەمیشە بوونى هەبووە. دەوڵەتى عەباسی بۆ سەپاندنى بەزۆریى ئەم بیروباوەڕە لە ساڵى (٨٤٨)ـەوە، بە زەبرى هێز و توندوتیژى و ئازاردان ڕووبەڕووى هەر هەوڵ و پێداگرییەک دەبووەوە کە دژى ئەم بیروباوەڕە بووایە، کە لە دەرئەنجامدا بووە هۆى بەرفراوانبوونى ڕووبەرى ئەو زانایانەى کە پێناسە و ڕاڤەی بیروباوەڕە ئایینییەکانیان کرد و کۆمەڵێک سنووریان بۆ بوار و پانتایىی کارى گشتى دانا کە خەلیفە و فەرمانڕەوا کاتییەکانى دواتر بە تەنها و بە ئاگادارییەوە دەستێوەردانیان تێدا دەکرد، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى خەلیفە و فەرمانڕەواکان بە تەنها بەجێهێڵران و بەرپرسیارییەتییەکە هەر لە ئەستۆى ئەواندا بوو. (هێرڤتز) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پانتاییى گشتیى ئایینی مەودایەکى فراوانى بەلێشاو کردەى کۆمەڵایەتیى گوتاری لە هەموو ئەندامانى کۆمەڵگەوە نیشان دەدات کە بە بەردەوامى چاودێریى یەکترى دەکەن و، کار لەسەر سەپاندنى ئەرسۆدۆکسییەت و فەندەمێنتاڵیزم دەکەن لە میانەى کۆدەنگییە نافەڕمییەکان و هەڕەمییەتێکى هاوبەشى نافەرمى کە سەرکردە و پێشەنگە کاریگەرەکان لوتکەکەى دەگرن. فیتنە هەوڵى تێکشکاندنى پێشبینى و تێگەیشتنە هاوبەشەکانى ئەم پانتایییە گشتییە ئایینییەیدا، بەڵام لەم هەوڵەیدا شکستى هێنا. هەروەکوو لە سەدەکانى دەیەم و یازدەیەمدا بنەماڵەى فەرمانڕەوایى بوەیهییەکان لە ئێران و عێراقدا لەگەڵ قەیرانە دووبارەکانى دەسەڵاتى پاشایەتى و بووژانەوە ئابوورییەکاندا ڕاهاتبوون، هەروەها ژیانێکى کۆمەڵایەتیى ڕێکخراو بە شیمانەى تێگەیشتنى هاوبەش لە ڕێگەى متمانە و دڵسۆزى و چاودێرییەوە دروست کرابوو. ئەم تێگەیشتنانە و تۆڕەکانى پابەندبوونەکان دەریخستبوو کە سیستەم و ڕێکخستنى مۆڕاڵیى جیاوازە لە دەوڵەت یاخود لە دەسەڵاتى پاشایەتی کە لە پشتى وابەستەیییە خێزانی و خێڵەکی و دڵسۆزییەکانەوە درێژ بووەتەوە. ئەم تۆڕانەى پابەندبوونەکان و پەیوەندییەکانیان، سیستەمێکى مۆڕاڵی نیشان دەدات کە سەلمێنەرى هەبوونى پانتایییەکى گشتییە. ئەم پانتایىی گشتییە سەقامگیرە، بەڵام جێگیر و نەگۆڕ نییە. ئەم پانتاییى گشتییە چوارچێوەیەک بۆ گوتار و پراکتیک پێشکەش دەکات لە پشتى خێزانە هاوبەشەکان و، ناوچەکان و، ئاسانکاریکردن بۆ گفتوگۆکان لەبارەى چاکەى گشتى و ئەو سنوورانەى کە لەگەڵیدا ئاوێتە دەبیت و لەخۆت دەگرێت یاخود دوورت دەخاتەوە و لەخۆت ناگرێت. دەشێت گفتوگۆ و ئەرگیومێنتى هاوشێوە بۆ قاهیرە دروست بکرێت، هەروەکوو لە بەڵگەنامەکانى (جێنیزا، Geniza)دا[2] وەسفى کراوە، بە هەمان شێوە لەبارەى تێگەیشتنە نافەرمییەکان و هەستى هاوبەشى کۆمەڵگە لەسەر بنەماى فێربوونى ئایینی لەلایەن (مایکڵ تشامبرلن، MichaelChamberlain)ەوە بۆ پۆرترەیتى دیمەشقى سەدەکانى ناوەڕاست.

لە باسکردنى بەغداى سەلجوقیدا، (دەفنا ئەفرات، Daphna Ephrat) ئاماژە بە بوونى پانتاییى گشتیى ئایینی دەکات کە ئەم پانتایییە بە چەندین شێوە بەشدارى کۆمەڵگە دەکات. ئەم پانتایییە گشتییە لە میانەى بەشداریکردنى تەریقەتەکانى سۆفیگەرى و خانەقاکان و تۆڕە بەناویەکداچووەکانى مەدرەسە و مەزهەبەکان لە ژیانى ئایینی و سیاسى و کۆمەڵایەتیدا دیارى دەکرێت، کە جیاوازییەکى گەورەى هەیە لە ژیانى فەرمى، چونکە دامەزراوەکانى دەوڵەت بەسەر ژیانى فەرمیدا باڵکێشن و، توانستى بەردەوامیدان بە سیستەمى کۆمەڵایەتى و پاراستنى سەقامگیرییەکەیان هەیە.

مۆرکى نافەرمى نەریتەکانى فێربوون و بەردەوامى پەیوەندییەکانى نێوان ڕابەران و شوێنکەوتووانیان لە هەردوو دامەزراوەکەدا، هەم مەزهەبەکان، هەم تەریقەتە سۆفیگەرییەکان، دەروازەیەکن بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتىی شەرعیەتوەرگرتنى کردە کۆمەڵایەتییەکان

(ئەفرات) تۆڕەکانى تێگەیشتنەکانى وا پێناسە کردووە کە لە بونیاد یاخود هەیکەلى گشتیدا جێگیر و بەردەوامن، بەڵام بەبێ ئەو گرژییانەى کە هەندێکجار وێرانکەرن و هەندێکجاریش بونیادنەرن. مەزهەبەکان لە پەیوەستى و ڕێکخستنە ناوخۆیییەکانیان و پەیوەندییان بە دەسەڵاتى سیاسییەوە جیاوازییان هەیە. هەرچەندە، (ئەفرات) گفتوگۆى ئەوە دەکات کە فەرمانڕەواکان خۆیان لە وەرگرتنى هەڵوێست بەرانبەر ناکۆکییە ئایینییەکان لەناو مەدرەسە و گروپە هەمەجۆرە ئایینییەکاندا دەپارێزن، تەنها کاتێک دەستوەردان دەکەن کە ئەم ناکۆکییانە ببنە هۆى ئاژاوە و پشێوى گشتى. بە کۆتاییهاتنى سەدەى یازدەیەم دژایەتیکردنى مەزهەبەکان بۆ یەکتر بەرەو لاوازى ڕۆیشت، هەروەها دەستەبژێرى ئایینی بە شێوەیەکى نافەرمى بوو بە بەشێک لە سیستەمى گشتى. هەرچەندە، بە کۆتاییهاتنى سەدەى دوازدەیەم، ڕێبازى سۆفیگەری وردە وردە لە بەخشینى چوارچێوەیەکى بەربڵاو بۆ لایەنگرییە کۆمەڵایەتى و کردە دەستەجەمعییەکان جێگەى مەزهەبەکانى گرتەوە، چونکە سۆفیگەری زۆرجار ڕایەڵە و پەیوەندییەکانى زمان و کۆمەڵ و چینەکان تێدەپەڕینێت.

مەزهەب و تەریقەتە سۆفیگەرییەکان ڕەگەز و توخمى هاوبەشیان هەیە. (ئەفرات) لەم بارەیەوە دەڵێت: مۆرکى نافەرمى نەریتەکانى فێربوون و بەردەوامى پەیوەندییەکانى نێوان ڕابەران و شوێنکەوتووانیان لە هەردوو دامەزراوەکەدا، هەم مەزهەبەکان، هەم تەریقەتە سۆفیگەرییەکان، دەروازەیەکن بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتىی شەرعیەتوەرگرتنى کردە کۆمەڵایەتییەکان. بە شێوەیەکى هاوتەریب (دانێلا تالمۆن هێلەر، Talmon-Heller Daniella) شێوازەکانى سەرکردایەتى لە کۆمەڵگەى حەنبەلی لە سوریادا لەژێر فەرمانڕەوایىی زەنگییەکان و ئەیوبییەکاندا دەخاتە ڕوو. لە نموونەکەى (تالمۆن هێلەر)دا، بەڵگەى ڕاستەوخۆ لەبارەى تێگەیشتنە ئایینییەکانى عەوام و مەوداى تێگەیشتن و پراکتیکەکان لە پانتاییى گشتیدا نامسۆگەر و نادڵنیایە. تەنانەت (ئەفرات) لە ڕێگەى دۆزینەوەى بەڵگەى تازەوە بۆى دەردەکەوێت کۆمەڵگەى حەنبەلى زیاتر داینامیک و جووڵاو و زیندوو بووە.

blank
ماکس ڤێبەر (١٨٦٤-١٩٢٠) کۆمەڵناس و فەیلەسووفی ئەڵمانی

گرنگى پەیوەندییە نافەرمییەکان بۆ دروستکردنى پانتایییەکى گشتىی ئایینی جێگیر کاتێک دەرکەوتووە کە چەمکى دامەزراوە واتایەکى ڕیشەیى وەرگرتووە ـ واتایەکى ڕەواى کۆمەڵایەتى و قبوڵکراو بۆ بەرجەستەکردنى ئەرکێک ـ نەک ئەوەى کە گروپێکى فەرمى و باوەڕپێکراوى ڕێگەپێدراو بێت لەلایەن هەندێک لایەنى ناوەندى دەسەڵاتەوە. لەژێر ڕۆشناییى ئەمەدا دەبینین پەیوەندییەکانى نێوان ڕابەر و شوێنکەوتوو ناوەڕۆک و واقیعێکى کۆنکرێتى وەردەگرێت وەک بناغەیەک کە لەلایەن دامەزراوە باوەڕپێکراوە یاسایییەکانى وەک ئەوقاف یاخود مەدرەسەکانەوە بەرجەستە دەبێت. لەم بوارەدا، (عەبدیڵڵا حەمودى، Abdellah Hammoudi)ى ئەنترۆپۆلۆژیست گفتوگۆى ئەوە دەکات کە پەیوەندیى قوتابى و مامۆستا لە سۆفیزمدا وەک میتافۆڕێک و پراکتیکێک کار دەکات لە ڕێگەى ئەو دەسەڵاتەى کە شەرعییەتى هەیە لە سەرانسەرى جیهانى عەرەب بەگشتى و مەغریب بەتایبەتى، هەتاکوو ئێستا، سەرەڕاى دیکۆراتە فەرمییەکانى پەرلەمان و دامەزراوە نوێنەرایەتییەکانى تر.

هەموارکردن و زیادکردن بۆ ئەو بابەتانەى کە گوایە نەگۆڕ و شەریعەتى تەواون بە درێژاییی مێژووی ئیسلامی ڕووی داوە، بەتایبەت لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە. فوقەها موسڵمانەکان بەتوندی ئەو خەیاڵە خوداناسییەیان پاراستووە کە ناکرێت هیچ گۆڕانکارییەک لە یاسای وەحی خوداییدا ڕووبدات، تەنانەت کاتێک ئەوان دەلالەتى سەربەخۆى خۆیان ـ ئیجتیهاد ـ بەکار هێناوە بۆ خوڵقاندنى جۆرێک لە یاساى دیفاکتۆ. بەڵام لە پراکتیکدا ئەم حوکمە “سەربەخۆیە” ڕایەڵەیەک بوو بە کۆمەڵگە یاسایییە هاوتا و هاوشێوەکانیان و، نۆرم و تێگەیشتنە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەکەوە. وەک (حەیم گێربەر، Haim Gerber) لەبارەی کایەی گشتی لە کۆمەڵگەی عوسمانیدا دەڵێت، شەریعەت وەک ئەوەی کە پراکتیزە دەکرا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازییەکی بەرچاوی هەبوو بەهۆی ئەم تێگەیشتنە ناوخۆیی و دادوەرییانەوە، هەرچەندە لەلایەن فەرمانڕەواوە دامەزرابوون، بەڵام بە شێوەیەک کاریان دەکرد کە دوور بوو لە دەستێوەردانی حکوومەتی ناوەندی. جگە لەوەش، قازییەکان کاریگەرییەکیان هەبوو کە لە خودی شەریعەت زیاتر بوو، وە دەیانتوانی پێداچوونەوە بکەن بۆ تەواوی مێژووی ئیسلامی و بەکارهێنانی باو بۆ مەبەستى سەپاندنی نەزمێکی ئەخلاقی ئیسلامی وەک تێگەیشتنێکى ناوخۆیى. ڕابیتەکان، هەرچەندە لەلایەن ئیدارەی عوسمانییەوە دانیان پێدانراوە، بەڵام بە هەمان شێوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاریان دەکرد، ئەندامەکانیان سزاى سەرپێچییەکانیان دەدا و، پیادەى پەسەندکراوەکانیان دەکرد و، ناکۆکییەکانیان یەکلایى دەکردەوە. بناغەکانی خوداناسی ـ ئەوقاف ـ خاوەن ئۆتۆنۆمییەکی هاوشێوە بوون.

وەسفکردنی ڕۆڵی قازی لە پڕۆسەی دانیشتن و نیشتەجێبوون لە لیبیای مۆدێرن و بیابانی جوودا لەلایەن (ئاهارۆن لایش، Aharon Layish)ـەوە، بە شێوەیەکى بونیادى هاوتەریبە لەگەڵ باسەکەی (گێربەر، Gerber)دا. دیسانەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە شەریعەت وەک ئەوەی کە پراکتیزە دەکرێت لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی فەرمانڕەوا گەشەی کردووە. قازییەکان تەکلیف دەکران بەوەى کە یاسایەکی وەزعى دەربکەن ـ لە بیابانەکانی جوودا: یاسای مافی خێزانی عوسمانی لە ساڵی (١٩١٧)، یاساکانی بنەماڵەی ئوردن لە ساڵی (١٩٥١) و (١٩٧٦)؛ و لە لیبیا لە ساڵی (١٩٧٢) بەدواوە، کاتێک یەکەم ڕەشنووسى یاسای باری کەسێتی دەرچوو. سەرەڕای ئەوەش، قازییەکان هێشتا ڕێژەیەک لە ئۆتۆنۆمییان هەبوو سەبارەت بە ڕەگەزە بە یاسایینەکراوەکانى شەریعەت، بەتایبەت لە بابەتی هاوسەرگیری و تەڵاقدا. ئەو کۆنتێکستانەی کە (لایش) باسی کردووە، ئەوانەن کە گریمانە پەنهانەکە ئەوەیە کە پراکتیکى خێڵەکی بە شێوەیەکی بەرچاو لە شەریعەتەکەدا لابراوە. قازییەکان لە پراکتیکدا ئازادى تەسەڕوفیان هەبوو بۆ بەستنەوەى شەریعەت و واقیعی کۆمەڵایەتی بە یەکترەوە. هەرچەندە ئەم بەستنەوەیە لە شوێنە خێڵەکییەکانی وەک لیبیا و ناوچەى جووەکاندا زیاتر بەرچاو دەکەوێت، بەڵام قازییەکان لە شوێنە جیاوازەکانی وەک شارەکانی سعودیە و ئێراندا (کە دادوەرەکان یاسایەکی خێزانی بەیاساییکراو پیادە دەکەن) ئیختیار و پێوەرێکى هاوشێوە بەکار دەهێنن. (لایش) پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕۆڵى قازی ڕۆڵێکى مەرکەزى و سەنتڕاڵییە لە دروستکردنی ڕووبەری گشتی لە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکیدا و، ڕووبەری گشتیش لەگەڵ پڕۆسەى بەئیسلامبووندا لە سەدەی نۆزدەهەمەوە فراوانتر بووە. قازییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە دیاری دەکرێن، بەڵام خاوەن ئۆتۆنۆمییەکی ئەخلاقین و شەرعیەتیان لە چاوی خەڵکدا لەسەر ئەو تێڕوانینە ڕاوەستاوە کە ئەوان لە فەزایەکى ئۆتۆنۆمدا کار دەکەن.

(نەحیمیا لێڤتزیۆن، Nehemia Levtzion) لەسەر تەریقەتەکانی سۆفی و (میریام هۆکستەر، Miriam Hoexter) لەسەر وەقف ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ڕێگا نوێیانەى بەڵگە مێژوویییەکان شی دەکەنەوە لەژێر ڕۆشناییی چەمکەکانی وەک کایەی گشتیدان. (لێڤتزیۆن) دەڵێت لە سەدەی یازدەهەمدا ڕۆڵی شێخی سۆفی و زانای شەریعە وردە وردە وەکوو یەکترى سەیر دەکران. (لێڤتزیۆن) ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە بیروباوەڕی نوخبەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن بیروباوەڕی باو و زاڵەوە سنووردار دەکرێت ـ خاڵێک کە (هورڤیتز، Hurvitz) وروژاندوویەتى لەبارەی سەردەمى فیتنە یاخود میحنەت و بەتایبەتیتر لە وەسفەکانى (تالمۆن هێلەر)دا دەربارەى ئەو ڕۆڵەی خەڵکى گشتى لە داڕشتنی پراکتیزە ئایینییەکان دەیگێڕێت.

لە گێڕانەوەیەکی وەستایانەدا کە شوێنپێی گۆڕانی فۆڕمی سۆفیگەریی بە درێژاییی سەدەکان نیشان دەدات، (لێڤتزیۆن) ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن شێخەکانی سۆفی و تەریقەتە سۆفیگەرییەکان پشتگیریی جەماوەرییان کۆکردووەتەوە، کە بە شێوەیەکی جۆراوجۆر وەک سەرچاوەی سەقامگیری، وەک دەرچەیەک بۆ ناڕەزایەتییە کەسی و دەستەجەمعییەکان و، وەک ئامڕازێک بۆ ڕەنگڕێژکردنى نۆرمە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان کاریان کردووە. بۆ هەندێک کەس ئەم جەماوەرییە بەربڵاوە خیانەتێک بوو لە بەڵێنی ڕۆحی سۆفیگەری. (فەزڵور ڕەحمانی، Fazlur Rahman) تا ئەو ڕادەیە ڕۆیشت کە وتی تێگەیشتنە عیرفانییە باوەکانی سەدەی دوازدە و سێزدەهەم، ساختەکار و “تاوانبارانی ڕۆحی” بەو سەدانە بەخشى. (لێڤتزیۆن) باس لە گۆڕانکارییە گەورەکانی هەندێک لە تەریقەتە سۆفیگەرییەکان دەکات بەرەو ڕێکخستنی فەرمی و پلەبەندیتر لە سەدەی هەژدەهەمدا، کە ڕێگە بە هەندێک فەرمان دەدات تاکوو وەک مەکینەیەک خزمەت بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بکەن.

blank
مزگەوتی قوبا یەکەمین وەقف لە ئیسلامدا

سەرباری ئەم گۆڕانکارییانە، ڕەگەزى هاوبەشى ڕێکخراوە سۆفییەکانى پێش و دوای گۆڕانکارییەکانی “حەوزە”ی سەدەی هەژدەهەم، بریتی بوو لە تۆکمەیى پەیوەندیی قوتابى و مامۆستا، لەگەڵ توانستی فۆڕمە هەمەجۆرەکانى شەرعییەتى دەسەڵاتە ئایینی و سیاسییەکەى. وەک (لێڤتزیۆن) جەختی لەسەر دەکاتەوە، تەریقەتە سۆفیگەرییەکان گەیشتنە چەندین بازنەی دەوڵەت ـ بازرگانان، خەڵکانی شار، جووتیاران، خەڵکە جیاوازەکانى چینە کۆمەڵایەتییەکان و ناوچە جیاوازەکان و سەر بە چینە ئابوورییە جیاوازەکان- کە نەک تەنها زمانی عەرەبی مەدرەسەیان بەکار دەهێنا بەڵکوو زمانى میللى و خۆماڵیی ناوچەکەشیان بەکار دەهێنا. زۆر جار دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا بە قووڵی گومانیان لە فەرمانەکانیان هەبوو بەهۆی ئۆتۆنۆمی و توانای کارکردنی سەربەخۆیان، کە سنوورى خۆجێییان بە ڕووبەرە کاریگەرە فراوانەکانەوە دەبەستەوە. بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێشى هاوتەریب، (ڤینسێنت کۆرنێل، Vincent Cornell) کارى لەسەر قەداسییەت لە مەغریب کردووە، بە هەمان شێوە ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن قەدیسەکان یان خوداپەرستەکان (صاڵحەکان) نەک تەنها لە بوونی خودایی (وەلى) نزیکبوونەتەوە، بەڵکوو مومارەسەى دەسەڵاتێکی جیهانییان (ویلایەت) کردووە. قەدیسەکان نەزمێکی ئەخلاقی دادپەروەرانەیان بەرجەستە دەکرد و چ بە کردار و چ وەک میتافۆری کولتووری سنوورێکیان بۆ خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دانا و بەشدارییان لە دروستکردنی دەوڵەتی شەریفی مەغریبدا کرد.

شیکارییەکانی (میریام هۆکستەر) بۆ وەقف پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەم دامەزراوە بەربڵاو و گشتگیرە فرەلایەن و خۆبەخشانە فەزایەکى گشتی دروست کردووە کە سەربەخۆ بووە لە دەسەڵاتی دەوڵەت. پێداچوونەوە بەسوودەکانى (هۆکستەر) بە ڕەوتی توێژینەوەکانی وەقف لە ساڵانی ڕابردوودا ئاماژە بە هەمەلایەنبینییەکەیان دەکات بۆ تێگەیشتن لە هەموو شتێک لە ڕۆڵی جێندەرەوە تا دروستکردنی فەزای گشتی و، دووپاتکردنەوەی فەزایەک بۆ کردەى کۆمەڵایەتی و ئابووری کە بە هەمان شێوە دەکەوێتە نێوان خێزانەکان و ڕووبەرى فەرمانڕەوا و دەسەڵاتەوە، لەگەڵ دابینکردنى داهات بۆ بەردەوامبوون و پشتگیریکردنى دامەزراوە سەربەخۆکان.

لێرەدا پرسێکى سەرنجڕاکێش هەیە ئەویش بەربڵاوی موزایەدەیەکی بێدەنگە لەنێوان فەرمانڕەواکان و کۆمەڵگەدا، ئەمە لەسەر ئاستێکى گشتى هەیە نەک تەنها لە ڕێگەی ‘عولەماکانى ئیسلامەوە’. لەم حاڵەتەدا “موزایەدەی بێدەنگ” بە مانای کێبڕکێی ڕاستەوخۆی بەردەوامی نێوان فەرمانڕەواکان و فەرمانڕەواییلەسەرکراوەکان نییە، بەڵکوو بە مانای داننان دێت بە پشتیوانی بەرفراوانی جەماوەری بۆ وەقف وەک دامەزراوەیەک و سنوورە شاراوەکانى کە خستوویەتییە سەر بازنەی دەسەڵاتی پاشایەتى. وەک (هۆکستەر) ڕوونی دەکاتەوە، فەرمانڕەواکان بەخشەری سەرەکی بوون و ئەوقافیان وەک ئامڕازێک بۆ سیاسەتی گشتی بەکار دەهێنا. هەرچەندە، بەهۆی پەیڕەوی ناوخۆی دامەزراوەکە خاوەندارێتیی سەروەت و سامانی وەقف لە بەخشەر وەرگیرا و (بەپێی حەنەفییەکان) خرایە سەر خودا. یاسای بێبەشنەبوون و ڕێگرینەکردن لە تەسەڕوفکردن و، پێویستی دەستەبەرکردنی سەڵاحیاتەکانى قازییەک بۆ هەر مامەڵەیەک لە موڵکی وەقفدا (وەک ئاڵوگۆڕکردن یان مامەڵەی درێژخایەن) و، بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتیی بەدەستهاتوو لەو دامەزراوانەی کە لەلایەن وەقفەکانەوە دروست کرا بووە هۆى سەرهەڵدانى گوتارێکی بەردەوام یاخود موزایەدەیەکى بێدەنگ لە نێوان فەرمانڕەواکان و کۆمەڵگەدا. ئیدارەدانى گەورەترین وەقفەکان لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام تەنانەت دەوڵەتیش لەژێر لێکۆڵینەوە و پەسەندکردنی ئەخلاقیدا بوو.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی وەقفەکان و دیاربوون و باڵکێشبوونیان لە فەزای گشتیدا، ئەم گوتارە ناڕاستەوخۆیە یاخود موزایەدە بێدەنگە ڕەگەز و پایەیەکى سەرەکیی کایەی گشتی پێکهێنا. زۆربەی ئەم گوتارە لەلایەن کۆمەڵگەوە هاندرابوو، وە چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەوڵی هاوبەشی کۆمەڵگە و عولەما و فەرمانڕەواکان پێک هاتبوو. ئەم گوتارە بەردەوامە و ئەو ڕاستییەی کە فەرمانڕەواکان ژمارەیەکی زۆر وەقفیان بە پارەی خۆیان دروست کرد، لەبرى ئەوەى تەنها داهاتی دەوڵەت بۆ دروستکردنی مزگەوت یان بینای گشتی دیکە بەکار بهێنن، پەیوەندی و گرێبەستێکى هاوبەشیى بەهایى لەنێوان فەرمانڕەواکان و کۆمەڵگەدا دروست کرد. ئەم پەیوەندی و گرێبەستە لەسەر ئایدۆلۆژیا و پراکتیکی وەقف دامەزرابوو ـ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانى ئوممەت و پێناسەکردنی نەزمی کۆمەڵایەتیی دروست. هەروەها بەشدارى کرد لە شەرعیەتدان بە فەرمانڕەوا لە چاوی کۆمەڵگەدا. بەم شێوەیە (هۆکستەر) تەحەدای چەمکێکی بەربڵاوی پێشووتر دەکات سەبارەت بە جیابوونەوە و دوورکەوتنەوەیەکی تەواو لەنێوان فەرمانڕەواکان و کۆمەڵگەدا ـ وەک ئەوەی لە ئایدیای “دیسپۆتیزمی ڕۆژهەڵاتی”دا چەسپاوە. دروستکردن و ڕێزگرتنى موڵکەکانی وەقف بە واتاى سەلماندنى گرنگیدانى فەرمانڕەوایە بە پێداویستییەکان و خۆشگوزەرانی ئوممەت.

کایەی گشتیی ئایینی لە کۆمەڵگە موسڵمانەکانی پێش مۆدێرنەدا نە لە ناوەڕۆکدا جێگیر بووە و نە لە سنوورەکاندا، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەرچاو لە قۆناغە مێژوویییە جیاوازەکاندا گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە. ئەکتەرەکانی ئەم کایە گشتییە ئایینییانە هەمیشە یەکگرتوو نەبوون و زۆر جار سنوورەکانی ئەم کایە گشتییە ئایینییانە درزیان تێکەوتووە، بەڵام ئەمە لە کایەی دەسەڵاتی پاشایەتى جیاکراوەتەوە و لە یەک ماڵ یان خێزانێکی فراوان، یاخود گروپێکی خزمایەتی هەمەچەشنتر بووە. لە زۆربەی کۆنتێکستەکانی ڕۆژئاوادا ئایین بە فەرمی خراوەتە سەر کایەی تایبەت. بەڵام، لە کۆمەڵگە زۆرینە موسڵمانەکاندا زۆرجار سنووری نێوان گشتی و تایبەت لە کۆمەڵگە ڕۆژئاوایییەکان کاڵترە و بە دەگمەن جێگیر دەبێت.

بەم شێوەیە کاڵبوونەوەی هێڵەکان ـ یان ئەو فەزا نێوانگیر و بەستەرە ـ مەحاڵێتى جیاکردنەوەی نێوان گشتی و تایبەتمان بیر دەخاتەوە و ئاماژە بە بەردەوامییە گرنگترەکانی نێوان کایەیەک و کایەکی دیکە دەکات. دەرئەنجامەکەش پێشنیارکردنی تێگەیشتنێکی نوێی ڕۆڵی ئایینە لە کۆمەڵگەدا. نەریتێکی درێژخایەنی زانستی ڕۆژئاوا ڕۆڵی `عولەما’ی لە کۆمەڵگە زۆرینە موسڵمانەکاندا وەک ناوەندێکی نێوان دەسەڵاتدارانی پاشایەتى و ناوچەکان ناسیوە. لە کاتێکدا ئایدیای کایەی گشتی ئایینی ئەم وێنەیە فراوانتر و تەواوتر دەکات و پێشنیارى بنەمای دەسەڵاتی ئەخلاقیى ئۆتۆنۆم دەکات کە ئەم کایە گشتییە لەسەری بنیات نراوە. هەروەها پێشنیاری ئەو ڕێگایانە دەکات کە ئەم کایە گشتییە ئایینییە جیاوازانە بە تێپەڕبوونی کات دەبەستێتەوە بە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان لە خەیاڵێکی کۆمەڵایەتی هاوبەشدا.

سەرچاوە:

Miriam Hoexter and others, The public sphere in Muslim societies, The Van Leer Jerusalim Institute, State University of New York, 2002.


[1] فیتنە یان میحنەت بە واتای “دادگایى، ئازار، تاقیکردنەوە” دێت. ئەم زاراوەیە لەلایەن مێژوونووسە عەرەبییەکانی سەدەی ناوەڕاستەوە بۆ وەسفکردنی ئەو ڕووداوانە داتاشراوە کە لەنێوان ساڵانی (٨٣٣ بۆ ٨٤٨)ی زایینی ڕوویان داوە، کە لەلایەن خەلیفەی حەوتەمی عەبباسی (ئەلمەئمون)ـەوە دەستی پێ کردووە. ئەو ڕووداوانەش خۆى لە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتنى ئەو زانایانەدا دەبینێتەوە کە دژایەتى عەقیدەى موعتەزیلەیان دەکرد. (وەرگێڕ).

[2] بەڵگەنامەکانى جێنیزاى قاهیرە کۆمەڵێک پارچە دەستنووسى جووەکان و بەڵگەنامەى ئیداریى فاتیمییەکانە کە لە کەنیسەى بن عەزراى میسر هەڵگیرابوون، بەڵام ئێستا پەرتبوونە و کەوتوونەتە چەند شوێنێکەوە. ئەم دەقانە بە زمانەکانى عیبرى و ئارامى و عەرەبى نووسراون. ئەم بەڵگەنامانە بەشێکى زۆرى مێژووى جووەکان و بارودۆخى کارگێڕى و کولتوورى و ئابورى و کۆمەڵایەتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقاى تێدا تۆمار کراوە لە نێوان سەدەکانى (٦ تا ١٩)ى زایینیی. (وەرگێڕ).