توندوتیژین یان بەپەلەین؟

خەسارناسیی ڕاپەڕینی کوردستان لە قۆناغی دوای چلەی ژینا ئەمینی

ئەرکی ئەم نووسینە ناسینەوە و دەستنیشانکردنی قۆناغەکانی ڕاپەڕینی جەماوەری لە کوردستان و ئێران نییە، بەڵام بۆ تێگەیشتنی باشتر لە کاکڵی بابەتەکە، سەرەتا قۆناغبەندییەکی ڕاپەڕینەکە بە پێویست دەزانێت.

قۆناغی یەکەم، قۆناغی سەرهەڵدان و هاوپشتی بوو. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە گرتووخانەی پۆلیسی شەریعەت لە تاران، ئەگەرچی هاوکات کۆبوونەوەی ناڕەزاییی کۆمەڵێک چالاکوانی لە بەردەم نەخۆشخانە لێکەوتەوە، بەڵام یەکەم چەخماخەی شۆڕشی ژینا بریتی بوو لە بەشداریی هەزاران کەسیی خەڵکی سەقز لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی ژینا و خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەناو شار و دوابەدوای ئەو دەستپێکردنی خۆپیشاندانی پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ خۆپیشاندەرانی سەقز، لە سنە و دیواندەرە و شارەکانی دیکەی کوردستان و هاوکات تاران و ڕەشت و چەند شارێکی دیکەی ئێران.

مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و دوابەدوای ئەویش ڕێکخستنی خۆپیشاندانی بەرین لە هەموو شارەکانی کوردستان و چەندین شاری ئێران، لەگەڵ پەرەپێدانی خۆپیشاندانەکان، دیاردەیەکی نوێی خستەوە کە بریتی بوو لە پشتیوانی و هاودەنگییەکی چاوەڕواننەکراو کە لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە ڕوو لە کوردستان سەری هەڵدا.

قۆناغی دووهەم لەگەڵ بۆمبارانی بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستان لە باشوور دەستی پێ کرد کە بریتی بوو لە مانگرتن و خۆپیشاندانی بێوێنە لە کوردستان و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرین لە شارەکانی دیکەی ئێران و لەوانە تاران و مەشهەد و شیراز و ئیسفەهان و تەورێز، وەک شارە هەرە گەورەکانی ئێران. ئەم قۆناغە هاوکات قۆناغی پووچەڵکردنەوەی یەکجارەکیی سیناریۆی مێژووییی حکوومەت بوو لەژێر ناوی جیاییخواز و دژەئێرانی بوونی خەڵکی کوردستان، بۆ لەباربردنی ئەو هاوپشتییەی لەنێوان پێکهاتەی گەلانی ئێراندا پشکووتبوو. لەم قۆناغەدا جیا لە بەرینتربوونەوەی پانتاییی جوگرافیایی و پێکهاتەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان، سەرنجی میدیای جیهانی و دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوایی کەوتە سەر ئەوەی لە ئێران لە ئارادایە. گەورە بیرمەندانی وەک نوام چامسکی و سڵاڤۆی ژیژەک باسیان لە گرینگیی ڕۆڵی کورد لە ڕاپەڕینی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران کرد. لەم قۆناغەدا دەرکەوت هێزی سەرکوتگەری حکوومەت توانای کپکردن و کووژاندنەوەی شۆڕشەکەی نییە و ئیتر ناتوانێت دۆخەکە بگەڕێنێتەوە کاتی پێش گیانبەختکردنی ژینا.

قۆناغی سێهەم و نوێترین قۆناغی ئەم شۆڕشە، لەگەڵ چلەی ژینا دەستی پێ کرد و بەشداریی بەرین و دەیان هەزار کەسی لە ڕێوڕەسمەکە لە زۆر شار و ناوچەی جیاجیای کورددستان و ئێرانەوە، گوڕوتینێکی بێوێنەی بە خۆپیشاندانەکان لە هەموو ناوچەکانی ئێران بەخشی. هەر لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەراسیمی چلەی گیانبەختکردووان لە شارە جیاجیاکان بووەتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی بەرینتر و درێژماوەتر لە زۆربەی ناوچەکان. خۆپیشاندانەکان لە هەموو شارەکان، ئێستا بەرینتر و درێژماوەتر و بە بەشداریی جەماوەرێکی زیاترەوە بەردەوامە. بەڵام ئەوەی لێرەدا بەرچاوە، گۆڕانی زۆر خێرای ئاست و ڕێچکەی خۆپیشاندانەکانە لە کوردستان.

گرتەیەک لە مەراسیمی چلەی ژینا ٢٦/١٠/٢٠٢٢ سەقز

هەر لە ڕۆژی چلەی ژینا و دوابەدوای ڕێوڕەسمی سەر مەزار، بە هەزاران خۆپیشاندەر لە شارەکانی سەقز و مەهاباد و بۆکان و سنە و شارەکانی دیکە ڕژانە سەر شەقامەکان و لە ماوەیەکی کەمدا ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکان گۆڕا بۆ شەڕێکی نابەرابەری هێزی تەیار و پۆشتەی سەرکوتگەر و لاوانی دەست بەتاڵ بەڵام ورە بەرز و وەزاڵەهاتوو. ترۆپکی ئەم شەپۆلە چاوەڕواننەکراوە هێرشی خۆپیشاندەران بوو بۆ سەر بنکەکانی هێزە سەرکوتگەرەکان و لەوانە فەرمانداریی مەهاباد و چەند بانک و ناوەندی دیکەی سەر بە سپای پاسداران و جاش و خەیانەتکارەکان. ئەم هەڵچوونە لە ناکاوە لە لایەکەوە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە خۆپیشاندەران، بە بەراورد لەگەڵ ماوەی زەمەنیی دوو قۆناغەکەی پێشووتر، گیان بەخت بکەن و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بن. بەرزبوونەوەی لە ناکاوی ئاستی خۆپیشاندانەکان، بووە هۆی بەکارهێنانی زۆر زیاتری چەک و تفاقی شەڕ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە. لووتکەی ئەم حاڵەتە لە مەهاباد بینرا و ئەگەرچی بەخۆشحاڵییەوە هاتنە سەر شەقامی خەڵکی شارەکانی دەوروبەری مەهاباد و بەتایبەت میاندواو، بوونە لەمپەر لەسەر ڕێی ناردنی هێزی سەرکوت لەو شارانەوە بۆ مەهاباد، بەڵام گەیاندنی زۆر خێرای خۆپیشاندانەکان بەو ئاستە و ناهاوئاهەنگ لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران، زەنگی مەترسیی هەرە گەورەی لەسەر کوردستان لێ دا. لێرەوە خوێندنەوەی وردی هۆکار و لێکەوتەکانی ئەم پێشڤەچوونە چاوەرواننەکراوە، پێویستیی هەرە لەپێشی ئێستایە.

ئەم ئاستە لە خۆپیشاندان بەو خێرایییە بۆچی ڕووی دا؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەکرێت لە هەر گۆشەنیگایەکەوە کۆمەڵێک هۆکار بخرێتە بەرچاو و شرۆڤە بکرێت. من هەوڵ دەدەم لە دیدی خۆمەوە گرینگترین هۆکارەکان باس بکەم.

یەک- بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر: بۆ یەکەمجار خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران و کوردستان لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژی بێ بڕانەوە و پەرەسەندنی ڕۆژانەی بۆ شار و ناوچەی جیاجیا و تەنانەت تاڕادەیەک دوور لە باوەڕ، درێژەی کێشا (هەڵبەت هەتا ئێستاش درێژەی هەیە، بەڵام مەبەست تیشک خستنە سەر کاتی هەڵچوونی خێرای جەماوەرە لە ڕۆژی چلەی ژینا و چەند ڕۆژی دوای ئەو). توانای جەماوەری ڕاپەڕیو بۆ مانەوە و بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزی تەیار و دوور لە هەر بەهایەکی مرۆڤایەتی، هەستی ئەوەی لە کوردستان جووڵاند کە دەتوانن بە ڕۆیشتن بەرەو ناوەندە حکوومییەکانی ناو شارەکانی کوردستان، گورزی کاریگەر لە دەسەڵات بوەشێنن.

دوو- ماندوویی و داماویی هێزی سەرکوتگەر لە خەواندنەوەی ڕاپەڕینەکە: بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان و بڵاویی کۆبوونەوەکان هاوکات لە چەندین شوێن و گەرەکی جۆراوجۆر لە یەک شاردا، بووە هۆی ماندووبوون و لە کزیدانی توانای هێزەکانی حکوومەت بە جاشەکانیشەوە. ئەم لاوازی و ماندوویەتییە لە چاوی خەڵکی ڕاپەڕیو ون نەبوو و هەر ئەمە بووە هۆی بەرزبوونەوەی هەرچی زیاتری ورەی جەماوەر و گەیشتن بە بڕیاری دەستبردن بۆ ناوەندەکان و هێماکانی دەسەڵات.

سێ- ئەزموونی مێژوویی: بە درێژاییی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، کوردستان پێشەنگی بەگژداچوونەوە و تەنانەت ساڵانێکی زۆر تەنیا سەنگەری دژایەتیکردن و ملنەدان بە حکوومەتی ئیسلامی بوو لە هەموو ئێران. خاوەندارێتیی ئەم مێژووە و پێشەنگ و دەستپێکەربوونی کوردستان لە ڕاپەڕینی ژیناشدا، هەستی بڕوابەخۆییی خۆپیشاندەرانی کوردستانی بۆ نزیکبوونەوە و دەستبردن بۆ ناوەندە حکوومییەکان، بەهێزتر و کوورەی خەباتی زیاتر نێڵ دا.

چوار- ئاستی سەرکوت لە کوردستان: لەگەڵ پێشەنگایەتیی کوردستان لە مەیدانی خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامیدا، هاوکات ئاستی سەرکوت و قوربانیدان لە کوردستانیش هەمیشە زیاتر و توندتر و نامرۆڤانەتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بووە. ئەم حاڵەتە ڕاپەڕینی ئەمجارەش دەگرێتەوە و دیسانیش یەکەمین گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینەکە لە شارەکانی کوردستان بوون، سەرەڕای ئەوەی چەندین شاری دەرەوەی کوردستان و لەوانە تارانی پایتەختیش دەستیان دایە خۆپیشاندان. سەرکوتی بێبەزەییانە و دوور لە هەموو مرۆڤایەتییەک، هاوتەریب ئاستی دژکردەوە و پەرچەکرداری خۆپیشاندەرانیش دەگۆڕێت. هەر بۆیە لە کوردستانیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی سەرکوت و گیانبەختکردنی ١٦ کەس تەنیا لە ماوەی ٢ ڕۆژی دوای چلەی ژینا، کە ١١ کەسیان تەنیا لە دوو شاری سنە و مهاباد بوون، خۆپیشاندەرانی بەرەو گەمارۆدان و دەستبردن بۆ ناوەندە حکوومییەکان هاندا بەو زانیارییە پێشوەختەوە کە بەتایبەت فەرمانداری وەک ناوەندی دابینکردن و ناردنی هێزی سەرکوت بۆ کوشتنی خەڵک دەبینرێت و بانک وەک هێمای دەسەڵات و دابینکەری پێداویستیی مادیی ئەم سەرکوتە پێناسە دەکرێت.

پێنج- وەستانەوەی جاشەکان لە بەرانبەر خەڵک: قەرەبووکردنەوەی ماندوویەتی و کەمیی هێزی سەرکوت، یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە حکوومەتی هێنایە سەر ئەوەی لە ئاستێکی بەریندا جاشەکان بە چەک و تەقەمەنییەوە بەرەوڕووی خەڵک بکاتەوە. دیارە بەشداریی چەکدارانەی جاش لە سەرکوتی خۆپیشاندەراندا، بێگومان ئاگری تووڕەییی خەڵک چەند هێندە بەتین دەکات. بە وتەی شایەتحاڵەکان و بەشدارانی خۆپیشاندانەکان، گیانبەختکردنی بەشێکی بەرچاوی کوژراوەکانی چەند ڕۆژی دوای چلەی ژینا لە کوردستان لەسەر دەستی جاشەکان، تەشەنا بوونەوەی دووبارەی برینی کۆنی بزووتنەوەی کوردستان بوو بە خەنجەری خەیانەت و خۆفرۆشیی جاش. وتنەوەی دروشمەکانی ساڵانی سەرەتای بزووتنەوەی کوردستان لە دوای سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامی بۆ بەتاوانبارناسینی جاش لە بەفیڕۆدانی ڕەنجی خەباتی جەماوەری کوردستان، ئەوپەڕی بێزاریی خەڵک و کاریگەریی ئەم فاکتەرەیە لە هەڵچوونی چاوەڕواننەکراوی ڕۆژانی دوای چلەی ژینا.

شەش- نەبوونی ئەزموونی خەباتی هاوبەش: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینا، گشتگیربوونە لە ئاستی هەموو ئێراندا. ئەمە یەکەمجارە کە لە ئاستێکی بەرین بە پانتاییی هەموو ئێران، ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە دژی کۆماری ئیسلامی سەرهەڵدەدات. ئەگەرچی کوردستان خاوەنی ئەزموونی بەنرخ و مێژوویییە لە بەگژداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی و دژایەتیکردنی ستەم و چەوسانەوەی حکوومەتی ناوەندی، بەڵام لە بەشێکی هەرە زۆر و تەنانەت نزیک بە هەمووی ئەو ئەزموونەدا تەنیا بووە. ئەمە واتە نەبوونی ئەزموونی خەباتی هاوبەش و هاوئاهەنگ لەگەڵ ناوچە و پێکهاتەکانی دیکەی گەلانی ئێران. کوردستانی خاوەن ئەزموون لە خەباتدا، لەبەر نەبوونی ئەزموون لە خەباتی هاوبەش، لە سەرەتای ڕێگای ناسین و شیکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی خەباتی هاوبەش لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێراندایە و بۆیە بێ سەرنجدان بەو هاوخەباتییە کاڵ و کرچ بەڵام ڕوو لە گەشەیە، ئەسپی شۆڕشی لینگ دا و چەند مەنزڵ لە هاوخەباتە نوێ و کەم ئەزموونەکانی دوور کەوتەوە و لە ڕاستیدا چەند مەنزڵ لە پێشەوەی ئەوان بە تەنیا مایەوە. ئەم هەنگاوە بەپەلەیەی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی بووە هۆی گیانبەختکردنی کۆمەڵێک ڕۆڵەی ئازیز و خەباتکاری لاو، هاوکات هاوخەباتەکانیشی بەتایبەت لە پایتەخت و شارە گەورەکان تا ڕادەیەک تاساند و تووشی سەرلێشێواوی و جۆرێک لە ترسی کردن؛ ترسی ئەوەی کە ئەگەر بۆ گەیشتنەوە بە کوردستان، بازی گەورە بدەن، لەوانەیە نەگەن بە مەنزڵ.

چی بکرێت؟

وردبوونەوە لەو خاڵانەی سەرەوە، بەم ئەنجامانەی خوارەوەمان دەگەیەنێت:

یەک- بزووتنەوەی ئەمجارە نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو ئێران، جیاوازە لە هەموو خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی پێشوو. هاتنە سەر شەقامی ئەمجارەی جەماوەر هەم لە ڕووی ڕێژەی بەشداربووان و هەم لە ئاستی داخوازییەکان و هەم لە ڕووی پانتاییی جوگرافی و هەم ماوەی بەردەوامبوونەوە، فەیلەسووف و کۆمەڵناس و پسپۆڕانی هێناوەتە سەر ئەو بۆچوونەی کە خۆپیشاندانەکان لە بوون بە شۆڕشێکی گشتگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی نزیک بووەتەوە و تەنانەت هەندێک کەس بە شۆڕش ناوی دەبەن. شۆڕش لە دژی دەسەڵاتێکی ئایدیۆلۆژیکی تا سەر ئێسک تەیار بە چەک و ئامرازی سەرکوت، لە وڵاتێکی پان و بەرینی وەک ئێران و بە پێکهاتەیەکی جەماوەریی فرەڕەنگ و فرەجۆر لە هەموو ڕوویەکەوە، پێویستی بە پشوودرێژی و بەهێزکردنی ڕێکخستنەکان لەلایەن چالاکانی مەیدانی و خاوەن ئەزموون بۆ بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانەکان هەیە.

دوو- بەشێکی زۆری ئەو هێزەی ئێستا دەستی داوەتە سەرکوتی جەماوەر، ئەگەر هێزێکی باوەڕمەند بە ڕێبازی حکوومەتیش نەبێت، وەها ترسێندراوە کە پێی وایە لە ئەگەری ڕووخانی ڕژێم، بەبێ ئەملاولا بە دەستی خەڵک دەکوژرێت و لەناو دەچێت. بەکورتی دەسەڵات هەوڵ دەدات هەموو پردەکانی پشت سەری ئەو هێزە بڕووخینێت. لە وەها حاڵەتێکدا، ئەم هێزە هەرچەندەش ماندوو بێت، مان و نەمانی خۆی لە سەرکوتی ڕاپەڕینەکەدا دەبینێتەوە. بەرپەرچدانەوەی ئەم سیاسەتەی حکوومەت و هەوڵی بە بەرنامە بۆ دابڕان و هەڵوەرینی ئەم هێزە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خەساری گیانی و ماوەی بە ئەنجام گەیشتنی شۆڕشی ژینا هەیە.

سێ- ئەزموونی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو دەیسەلمێنێت کە کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی خوێناویی کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ئێرانی ترساندووە و هەمیشە هەوڵی داوە کوردستان وەک نموونە بۆ چاوترسێنکردنی گەلانی دیکەی ئێران بخاتە بەر دیدەی خەڵک. هۆکاری هەڵبژاردنی کوردستان بۆ ئەم مەبەستەش زۆر ئاشکرایە و لەوانەیە هەر ئەوەندە بەس بێت کە بڵێین کوردستان هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ناخی ئەو ڕژیمەی ناسی و دەنگی پێنەدا و دژی وەستایەوە و ڕێگای خەباتی دژی کۆماری ئیسلامیی نیشانی خەڵکی ئێران داوە.

چوار- کوردستان لە سەرهەڵدانی ئەمجارەیدا تەنیا نییە و هەموو گەلانی دیکەی ئێرانیش دوابەدوای خەڵکی کوردستان ڕژاونەتە سەر شەقام. ئەمە خاڵێکی بەهێزە بۆ بزووتنەوەی کوردستان و دەرفەتیکی زێڕینە بۆ ئەوەی کوردستان ئەزموونی خەباتکاریی خۆی لە مەیدانی خەباتی مەدەنی و سیاسی و ڕێکخراوەییدا بخاتە بەر دەست جەماوەری ڕاپەڕیوی هەموو ناوچەکانی ئێران. درووشمە سەرەکییەکانی ئەم شۆڕشە و هێما و ڕەمز و سیمبۆلەکانیشی هەر لە کوردستانەوە گشتگیر بوونەتەوە و ئێستا بە هەموو مانایەک کوردستان چرای ڕێنوێنی شۆڕشی ژینایە. ئەم تایبەتمەندییە نوێیە دەبێت بەرەو ئەوەمان ببات وردبینتر و پشوودرێژتر بڕوانین و خۆمان لە بەرگی پێشەنگایەتیدا ببینین و وەک سوارچاکی ئەم مەیدانە، پێ بە پێی تازەسواران بڕۆین و مەنزڵ بە مەنزڵ هەنگاو هەڵگرین و پەلە نەکەین لە گەیشتنی بە نیوە و ناتەواوی. بیرمان نەچێت ئەم هاودەنگی و پشتیوانییەی ئێستا لەگەڵ ساوابوونی، گەلێک نەیار و دوژمنی سوێندخواردووی هەیە، کە شەو و ڕۆژ بۆی لە بۆسە دان و لە دەرفەتێک دەگەڕێن لە باری ببەن.

پێنج- ئەگەرچی ڕووخانی حکوومەتی دیکتاتۆریی ناوەندگەرا، ئەگەر لە ناوەندەوە دەست پێ بکات زۆر خێراتر ڕوو دەدات، بەڵام من پێم وایە لە ئاستی زۆر پەرەگرتووی شۆڕشدا، دەکرێت ڕووخانی حکوومەت لە ناوچەکانی دیکەوە بەرەو ناوەند دەست پێ بکات و لە پایتەخت بە یەکجاری کۆتایی بێت. لە هەر دوو ئەگەرەکەدا خاڵی بێ ئەملاولا ئەوەیە کە حکوومەت بە تەنیا بە کوردستان ناڕووخێت. ئەمە بە مانای شلبوونەوە و ساردبوونەوە نییە، بەڵکوو بە مانای واقیعبینی و لە پێناو ڕێکخستنی هێزی خۆپیشاندەردایە لەگەڵ ڕاستییەکانی ناو مەیدانی شۆڕش. ئەگەر بڕوا بەو ڕاستییە بهێنین کە دەبێت لەگەڵ هاوخەباتە نوێیەکانمان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران پێ بە پێی یەکتر بەرەو ڕووخاندنی ڕژیم بڕۆین، بێگومان ناکەوینە پەلەی دەست بردن بۆ ناوەندەکانی حکوومەت لە شارەکانی کوردستان. هێزی سەرکوت هێشتا هێندە دانەڕووخاوە کە توانای توندوتیژی نواندنی نەمابێت لە کاتی بەرگریکردنی لە دامودەزگاکانی حکوومەت. هەربۆیە هەر پەلەیەک لەم حاڵەتەدا توندوتیژیی لێ دەکەوێتەوە. توندوتیژیش خەساری گیانی و ترسانی کاتی بەدواوەیە.

شۆڕشی ژینا شۆڕشی پاراستنی ژیانە.