پڕۆفیسۆر جەمال نەبەز و پرسی کورد
جەمال نەبەز (١٩٣٣-٢٠١٨) وەکوو یەکێک لە کۆڵەکەکان و دامەزرێنەرانی کوردۆلۆژیای مۆدێرن، زیاتر لە ٦٠ ساڵی ژیانی ٨٥ ساڵەی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە و نووسین لەسەر پرسی کورد و کوردستان تەرخان کردووە. جگە لە نووسینی چەندین کتێب بە زمانە جیاوازەکانی کوردی، عەرەبی، ئەڵمانی و ئینگلیزی سەبارەت بە پرسی کورد، ئەزموونی ژیانکراوی خۆی لە بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی سەد ساڵی ڕابردوو بە لێکۆڵینەوە هەمەلایەنە و فرەڕەھەندەکانی خۆی زیاد کرد و جومگەبەندی و داڕشتەیەکی تایبەتی لە بەرهەمەکانیدا سەبارەت بە پرسی کورد پێشکەشی کرد. بە باوەڕی جەمال نەبەز، کورد نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و سەرزەوین و جوگرافیا و زمان و کولتوور و لەوەش گرینگتر هەست و هۆشیاریی هاوبەشی تایبەت بە خۆیەتی، هەر بۆیەش وەک نەتەوەکانی دیکە مافی چارەی خۆنووسینی ھەیە، و وەک ئەوانی دیکە، و نەک زیاتر و نەک کەمتر، مافی ئەوەی هەیە سەروەری سیاسیی سەربەخۆی بەسەر خاکەکەیدا هەبێت. هەر بۆیە، لە ڕوانگەی جەمال نەبەزەوە “دیموکراسی”، کە لەبەر زێدەڕۆییی بەکارهێنانەوە، لەوس بووە و تووشی قەیرانی مانا ھاتووە، کێشەی سەرەکیی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتانی دیکەی وەک فارس و تورک و عەرەبدا نییە و ڤیرژێنە ڕاستڕەو و چەپڕەوکانی دیموکراسی کە تێیدا کورد، دەبێتە ئامرازێک بۆ دیموکراتیزەکردنی ئەو حکوومەتە دەسەڵاتدارانەی سەردەست، پرسی کورد دەشێوێنێت و بەلاڕێدا دەیبات. نەبەز باوەڕی بە دیموکراسی و سۆسیالیزم و یەکسانیی جێندەری و پاراستنی بێمەرج و بێئەملاوئەولای مافی کەمینەکان و لابردن و سڕینەوەی هەر جۆرە سۆڵتەیەک هەیە و ھەمووی ئەمانە ھاوڕێژ و لە ھەناوی کوردستانێکی سەربەخۆ و عەلمانیدا دەبینێت. ئەو لە ڕوانگەی مێژوویییەوە و هەروەها لە ڕوانگەی فیکری فەلسەفییەوە موناقەشە و بەڵگاندن دەکات و دەڵێت بۆچی دەوڵەتە ناسیۆنالیستییەکانی سەردەستی کوردستان، چ لە ئاستی سەرەوەدا، واتە ئەکتەرە سیاسییەکان (بەتایبەت تورکیای عوسمانی بە مێتافۆری گۆرگەبۆر بە فاشیستیترین سیستەم ناوی دەبات)، و نە لە ئاستی ناوەڕاست، واتە ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستەکانی فارس و تورک و عەرەب، و نە لە ئاستی خوارەوەی واتە جەماوەری خەڵکانی ئەو نەتەوانە، ملکەچی دیمۆکراسی نابن. بۆیە، هیچ لایەنێکی ئەخلاقی و فەلسەفی نییە بە چەمکی دیموکراسییەوە، میللەتی کورد لە سروشتیترین مافی خۆیان، واتە مافی دیاریکردنی چارەنووس بێبەش بکرێت.
نەبەز ڕەخنە لەو چەمک و تێگانە دەگرێت کە تەنانەت لە ناو نوخبەی کوردیشدا بە سروشتی و ناوەکی کراوە و بەدیھی فەرز دەکرێت، بۆ نموونە خۆیان بە ئیتنیک یان کەمینە ناو دەبەن و بە شێوەی ناھۆشیارانە ئیتنیک بوون و کەمینەبوونی خۆیان لە زمانی ئەوی دیکەی سەردەستەوە قبووڵ کردووە. لە کاتێکدا زەقکردنەوەی چەمکی ئیتنیک و کەمینە بە تەواوی یەکسانە و هاوتایە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی مافی سەروەری سیاسی بۆ ئەوانی دیکە. لەم پێوەندییەدا نەبەز ڕەخنە لە خوێندەوارانی وردەبورژوازی کورد دەگرێت، کە بەشێک لەم پڕۆسەی ژێردەستەیییە و قبووڵکردنی پێشدەستانەی ئەوە، لە ڕێگەی عەقڵی دیلکراو و دەستەمۆی بە ناو نوخبە و خەڵکی خوێندەواری کوردەوە ئەنجام دراوە، کە بیرکردنەوەکانیان لە ژێر کاریگەریی پارادایمی فیکریی کۆلۆنیالیستەکانی خۆیان سەروسامانی گرتووە. نەبەز پێشتر و زیاتر لە هەموو بیرمەندێکی تر، چەمکەکانی کۆلۆنیالیزم و داگیرکاری (بڕواننە کتێبی کفاح الکورد، ١٩٥٤)ی بۆ دۆخی کوردستان بەکار هێناوە. بە بڕوای ئەو، ڕزگاربوون لەم کۆلۆنیالیزم و داگیرکارییە بە دیموکراسی و جۆرە جیاوازەکانی، لە دیموکراسی ئیسلامییەوە بۆ دیموکراسیی لیبڕاڵ تا دیموکراسیی ڕادیکاڵ، مسۆگەڕ نابێت. (ئەمڕۆکە دیموکراسیی ڕادیکاڵ وەکوو ئارمانجەشار و یوتوپیایەکی سیاسی بووتە خولیای مێشک و بنێشتەخۆشەی سەرزاری بەشێک لە ڕۆشنبیرانی کورد و یەکێک لە حیزبە کوردییەکان خۆی بە بەرپرسیار و ئاڵاھەڵگری جێبەجێکردنی ئەم بەهەشتە گومبووە دەزانێت. لە کاتێکدا دیموکراسیی ڕادیکاڵیش کە ھێشتا لە ھیچ کوێیی جیھان بە کردەیی نەبووە بە هیچ شێوەیەک لە قووڵاییی ئەم جۆرە کۆلۆنیالیزمی سەرزەوین و خاک و کولتوور و زمانییە تێناگات).
بە کورتی و بە کوردی، بەرهەمەکانی جەمال نەبەز، وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کوردۆلۆژیای مۆدێرن (کە باوەڕم وایە هەموو ڕێگاکان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە جەمال نەبەزدا تێدەپەڕن) گێڕانەوەی کەرامەتی گەلی کوردە وەک نەتەوە و بەخشینی متمانە بەخۆبوونێکی فیکری بە ڕۆشنبیرانی کوردە، بۆ ئەوەی بتوانن دابڕانێکی مەعریفی لە ئەوانی دیکە بدۆزنەوە و بە گۆڕینی پارادایم، جیهان لە ئۆنتۆلۆژیای کوردییەوە بخوێننەوە و کێشەکەیان لە دونیای ئەوپەڕ ئاڵۆزی ئەمڕۆدا بە هەنگاونان لەسەر سەر زەمینی سفت و تۆکمەی خۆئاگاییی نەتەوەییی کوردی، پڕۆبلماتیزە بکەن و لە بەرامبەر شەپۆلە بزۆک و بگۆڕەکانی جیهان، نەبنە کۆیلەی خۆویستی ئەم یان ئەو تیۆری و ئەم یان ئەو جیهانبینییە. پێداویستییە پارادیمییەکانی جیهانی مۆدێرن و فۆرمە سیاسییەکەی کە هێشتا سفت و قایم لە جێی خۆی وەستاوە، واتە دەوڵەت- نەتەوە، گەڕانەوەی جەمال نەبەز و گەڕانەوە بۆ جەمال نەبەزیان کردووە بە بابەتێکی حەیاتی و گرینگ لە کەشوهەوا و بەستێن و سەردەمی ئەم ڕۆژانەدا.
تێبینی: ( ئەم نووسراوە بە پێنج زمانی: کوردی و ئینگلیسی و ئاڵمانی و فارسی و عەرەبی بڵاو دەکرێتەوە)