ئایا کۆمەڵگای باشوور یەکسانە بە حکوومەتی هەرێم؟

وەڵامێک بۆ وتارێکی عەدنان حەسەنپوور بە ناوی ” بۆچی حکوومەت و کۆمەڵگای باشوور بوونەتە هاوکاری کۆماری ئیسلامی”، لە ماڵپەڕی ژنەفتن بڵاو کراوەتەوە.


 نزیک پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا، هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک، لە یەکێک لە تۆمارە دەنگییەکانیدا، کوردی باشوور بە کوردی ئێراقی ناو دەبات، بە هەمان شێوە باشوورییەکان، وەک کوردی ئێرانی، ڕۆژهەڵاتییەکانیان بانگ دەکرد.

ئەم پرسە، لانی کەم لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا، رەهەندێکی قووڵی کۆلۆنیالیستی هەیە.

دەبێت سوپاسی هەوڵە سەرکەوتووەکەی ئۆجەلان بکەین، کە شوناسە کۆلۆنیالیستەکەی لە کوردانی هەردوو لا کردەوە و لە جێی ئێراقی و ئێرانی، باشووری و ڕۆژهەڵاتی جێگیر کرد.

بەڵام گلەیی و گازندە و تۆمەتبارکردنی یەکتر لەنێوان بەشێک لە کوردانی هەردوو لا، بە دیاریکراوی لە چەند ساڵی ڕابردوو، تا کاتی نووسینەکەی کاک عەدنان، تەنها دەرهاویشتەی کۆلۆنیالیزم نییە، بەڵکوو ڕاستەخۆ پێچراوە بە ململانێی ناوخۆییی نێوان پارتی و یەکێتی و بێدەربەستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ساڵانێک پێش ئێستا، پارتی بە هاوکاری هەندێک کادر و ئەندامی بێهیوای حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان، وەک سیاسەتێکی داڕێژراو، بیرۆکەی دروستکردنی دووبەرەکی لە سۆسیال میدیا خستە گەڕ. لە قۆناغی یەکەمدا بە گلەیی و گازندەی کوردانی ڕۆژهەڵات لە باشوورییەکان دەستی پێ کرد. لە گەرمەی ململانێی نێوان نەوشیروان مستەفا و بنەماڵەی بارزانی، پرسەکە چووە قۆناغێکی نوێوە! ڕەنگە دیارترین پەرچەکرداری لایەنگرانی نەوشیروان مستەفا، لە بەرامبەر ڕۆژهەڵاتییەکانی نزیک لە پارتی، ناتۆرەی “فاسۆلیاخۆرەکان” بێت، وەک ئاماژەیەک بۆ کامپی کۆیە و هەردوو باڵی ئەوکاتی حیزبی دیموکرات.

دوای ڕووداوەکانی ڕیفراندۆم و شازدەی ئۆکتۆبەر، پرسەکە بە دیاریکراوی بۆ سەر کوردانی سلێمانی و دەوروبەری، لە ژێر ناوی دژایەتی “میحوەری مقاوەمەت” چڕ کرایەوە.

خراپ نییە لەم پەیوەندەدا، ئاماژە بە نووسینێکی خۆم بە ناوی “پارتییەکانی حیزبی دیموکرات” بکەم، کە لە دیسەمبەری ساڵی ٢٠٢١ لە سایتی ئاوێنە بڵاو بووەوە.

دوای مەرگی ژینا و بۆمببارانکردنی بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، لە کۆیە و زڕگوێز و هەندێک ناوچەی سنووری، خەڵکی باشوور بە پەرۆشێکی زۆرەوە، هاوکاری خێزانە دوو جار ئاواربووەکانی ڕۆژهەڵاتیان کرد. هاوسۆزی و هاوکاری کوردانی باشوور بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات، تەنها پەیامی پشتیوانی نەبوو، بەڵکوو پەیامێکیش بوو دژ بە دروستکردنی درزو کەلێنی زیاتر لەنێوان کوردانی هەردوو لا.

بۆ دەستخستنی بەڵگەی پەرۆش و هاوکاری باشوورییەکان بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات، دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ راگەیاندنی ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکانی ئێران، لە هەشتی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، بە ناوی:‌ سوپاسی بێ پایانی جەماوەری خەڵکی باشووری کوردستان دەکەین.

 حەسەنپوور نووسیویەتی “بە داخەوە، باشوور لەم دۆخە سەخت و پڕکارەساتەدا نەك تەنها هیچ یارمەتییەکی ڕۆژهەڵاتی نەداوە و نادات، بەڵکوو بووەتە مایەی شێواندنی مێشک و تووڕەکردنی جەماوەری ستەملێکراوی ئەو دیوەی کوردستانیش”

ڕوونە لەنێوان سوپاسنامەکەی ناوەندی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و نووسینەکەی کاک عەدناندا، دوو گەواهی و دوو دیدی دژ بە یەک هەن!

با بگەڕێینەوە پێش مەرگی ژینا و  دوو پرسیاری گریمانەیی، لەسەر  دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین!

ئایا ڕێژەی جاش و بەسیج و پاسداری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەندجار لە ژمارەی پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زیاترە؟

ئایا گونجاوە ڕۆژهەڵاتییەکان بە هاوکاری جمهوری ئیسلامی تۆمەتبار بکەین، لەبەر ئەوەی ژمارەی جاش لە پێشمەرگە زۆرترە؟

وەڵامەکە ڕوونە، بێگومان نەخێر.

بەڕێز حەسەنپور ساڵانێک باشووری کوردستانی وەک پەناگە و ویستگەی پەڕینەوە بۆ ئەوروپا هەڵبژاردووە. لەو ماوەیەی لە باشوور نیشتەجێ بووە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و چالاکوانییەکانی خۆی درێژە پێ داوە.

چۆن دەبێت کەسێک لە زەبروزەنگی جمهوری ئیسلامی هەڵاتبێت و باشووری کوردستان و خەڵکەکەی وەک پەناگەیەکی ئارام هەڵبژاردبێت، بەڵام لە یەکەم دەرفەتی گەیشتنی بە ئەوروپا، هێرش بکاتە سەر باشوورییەکان و بە هاوکاری جمهوری ئیسلامی تۆمەتباریان بکات!

دەبوا کاک عەدنان، بەر لەوەی حوکم بەسەر خەڵکی باشووردا بدات، کەمێک وردتر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئایدۆلۆجیا دژبەرەکان و کارکردی حیزبەکانی باشووری بڕوانیبا!

بوونی کەمینەیەکی چالاک، بە باکگراوینی ئایدۆلۆجیای ئایینی، لە تۆڕە کۆمەڵایەیەتییەکان، کە کەوتنی خۆی لە کەوتنی جمهوری ئیسلامیدا دەبینێت، هەرگیز یەکسان نییە بە کۆی کۆمەڵگای باشوور!

ساڵی ١٩٤٧ بۆ یەکەمجار فکری ئیسلامی سیاسی، لە حەسەن بەنای ڕابەری ئیخوانەکان لە میسرەوە، بۆ بەغداو دواتر بۆ هەڵەبجە گواستراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، تا پێش هاتنە سەرکاری جمهوری ئیسلامی، یەک حیزبی ئیسلامی لە باشووری کوردستان نەبووە، هەموو ئەو حیزبە ئیسلامییانەی ئێستا هەن، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەرهەمی هەناردەی شۆڕشی جمهوری ئیسلامین، ئەوانەش نزیکایەتییان لەگەڵ ئێران نییە، پەرچەکارداری سعودییەکانن دژ بە جمهوری ئیسلامی لە ناوچەکە!

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا عەدنان دەڵێت “ئەم هاونیشتمانییانە کە بەردەوام باس لە گەندەڵیییەکێتی و پارتی دەکەن، بۆ مەگەر نازانن دەسەڵاتدارانی باشوور لە دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە فێری دزیکردن و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی و لە تورکیاوە فێری کردنەوەی شوێنی لەشفرۆشی و بەکاڵاییکردنی هەموو سێکتەرە کولتوورییەکانی کۆمەڵگا بوون؟! “

ئەم  خوێندنەوەیە بۆ مێژووی پارتی و یەکێتی، گوایە ئەگەر ئێران و تورکیا نەبوونایە، ئەوان دەبوونە فریشتە، بێجگە لە خەونێکی ڕۆمانسی بەدینەهاتوو، شتێکی تر نییە!

لە سێ دەیەی حوکمڕانی کوردی لە باشووری کوردستان، بە هۆی بێدادی و نادادپەروەری و گەندەڵی و شەڕە ناوخۆیییەکان و پەیوەندییە گوماناوییەکانی حیزبەکانی باشوور، لەگەڵ دەزگا سیخوڕی و هەواڵگرییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ، گۆڕانکاریی بەرچاو بەسەر فکر و تێگەیشتنی باشوورییەکاندا هاتووە. لانی کەم سێ نەوە لەو دۆخە خراپەدا پەروەردە بوون.

لە باشوور، هەر گروپ و توێژێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایدۆلۆجی، بە گوێرەی تێگەشتن و بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵوێست وەردەگرێت. زۆربەی هەڵوێست وەرگرتنەکانیش لە دۆخی تایبەتدا وەک پەرچەکردار دەردەکەون، ڕەنگە هەر لەبەر ئەو هۆکارانە بێت، باشوورییەکان، تا ئاستێکی دیارکراو،  لەسەر پرسە هاوبەشەکان، کۆدەنگیان لە دەست داوە.

شۆڕشی ژینا و خەباتی دەیان ساڵە و نەپساوەی ڕۆژهەڵاتییەکان دژ بە دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی ئێرانی و پەیوەندیی ڕۆژهەڵاتییەکان لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان، قووڵبوونەوە و وردەکاری و شارەزایی گەرەکە! پرسێکی وا گرنگ و هەستیار، پێوستە بەرپرسیارانە تاووتوێ بکرێت! دەبوا کاک عەدنان کاتی زیاتر و توانای باشتری بۆ ئەم پرسە بڕەخسانایە، نەک بە وتارێکی گشتگیر و بێ وردەکاری، بە هەناسەیەکی پۆپۆلیستییەوە، دیوارێکی تر لەنێوان کوردانی ڕۆژهەڵات و باشوور هەڵچنێت.