ئەگەر دەنگت نەبێ، مردووی

پەردەی ئاخر:

تەق… تەق… شریخە… خرمەی شووشەیەک هات کە بووە هەزاران هەزار لەت. خەڵک پەنا دەگرن… پشت لە دەنگەکە دەکەن… سەر دادەخەن. تەواوی شەقامی مەجبوورئاوا دووکەڵێکی چڕ دایگرتووە. شەقام بووەتە کەلاوە… پڕە لە دار… لە بەرد… لە ئاسنەواڵە… لە نایلۆنی زبڵ و تگەری ئاور دراو. دوو کچ و کوڕێک وردە وردە خەریکن لەتە ئاسنێکی گەورە ڕادەکێشنە نێوەڕاستی شەقام. تەق… تەق… دەنگی گازدانی ماتۆڕ… قرچە قرچی سووتانی تگەر… فیکە فیک و دەنگی چەپڵە… تەواوی شەقام دادەگرێ.

زستان لە پاییزدا هاتووە. سەرما… کزەبا… نمە‌باران… دەست لە گیرفان…

_ شیلان شیلان بەڕێوە… جاشان دەگێین بەپێوە.

خەڵکە دەیکەنە فیکەلێدان، چەپڵەلێدان، عیوکێشان. لە ئاورەکان نزیکتر دەبنەوە… ساردە. دەنگێک لە دوورەوە دێ.

_ وەرن بچین دایکیان بگێین. دە نەفەرن… دە نەفەر. وەرن بچین بیان تۆپێنین.

دەنکێک لەپشتەوە بە دەنگێکی گڕ دەنەڕێنێ؛ جاشە ڕاوە، جاشەڕاو.

ژنێک لە کۆڵانێک دێتە سەرێ، تگەرێک دەخاتە سەر شەقام و دەگەڕێتەوە. خێرا دوو کوڕ دەیبەن و دەیخەنە سەر ئاورەکە… گڕ دەگرێ.

خش… خش… ئەحم… تەقەیەک… دەکۆخێ. دەنگێک لە بڵیندگۆی مزگەوت دێ. گەرووی ساف دەکات و هاوار دەکات.

_ خەڵکینە… خەڵکی بەشەڕەفی بۆکان…

وەک شێربەگی* قسە دەکات… دەنگێکی بەهێز… نە پیرە نە لاو… دەنگێکی قورس و قایم.

_ خەڵکی بەشەڕفی کوردستان… سەرنج بدەن… سەرنج بدەن.

خش… خش… خەڵک کۆ دەبوونەوە بەر مزگەوت. چەند کسێکیش لە پەنجەرەکانەوە مل دەکێشن.

_  خەڵکینە، ئێمە تۆڵەی خوێنی شەهیدەکان دەستێنین و ناهێڵین بە زایه بچێ.

عیو… چەپڵە… فیکەفیک و دەست هەڵێنان. چەند کەس هاوار دەکەن: ((شەهید نامرێ، شەهید نامرێ))

_ ئێمە نەوەی پێشەواین و سەر بۆ کەس داناخین. خەڵکینە… ئێمە ئێستا لەنێو جەرگەی شۆڕشداین…

لە بەر درگای مزگەوت چەند کەسێک بە چەقۆ و تێڵاوە ڕاوەستاون تا کەس نەچێتە ژوورێ. خەڵک تا دەهات زیاتر دەبوون لە بەر مزگەوت. کۆ تر دەبوونەوە.

_ شەقام شۆڕشە… کۆڵان شۆڕشە… شار شۆڕشە… ئاو شۆڕشە… کوردستان شۆڕشە… بۆکان شۆڕشە… کورد شۆڕشە… شۆڕش، شۆڕشە… خاک و ماڵ و دووکان و نامووس، هەموو شۆڕشە…

دەنگی ئاوا بەهێز! قورس و قایم… هەموو حەپەسابوون… بۆ ساتێک دەنگی هیچ نەدەهات، بێدەنگی. سەرما… کزەبا… تینی ئاور… خش… خش… دواتر چەپڵەلێدان و فیکە فیک… ئەحم…

_ ئەی شەهیدان… ئەی شەهیدان…

هەموو دەیانکوتەوە… هەموو پێکەوە: ((ئەی شەهیدان… ئەی شەهیدان…))

_ نامرێ ناو و نیشانتان… نامرێ ناو و نیشانتان…

تەق… تەق… هەموو… پیر… لاو… کوڕ… کچ … ژن… پیاو… منداڵ… هەموو پێکەوە: ((نامرێ ناو و نیشانتان…))

حاجی لەق لەقێک لەسەر منارەی مزگەوتەکە لەجێوە باڵی لێ دەدا. کوڕێک بەهەڵاتن هات و جەماعەت بەرەو ڕووی چوون. نەدەناسراوە. ڕوخساری داپۆشیبوو. هەناسەی دەرنەدەهات.

_ هاتن… ها…تن… دوو… سێ… ماشێنن… زۆرن…

هەر کەس لە لایەک پەنای دەگرت. خش… خش…

وێنەیەک لە شەقامێکی شاری بۆکان، شۆشی ژن ژیان ئازادی

*****

پەردەی دووهەم:

((مەترسە ژنەکە. مەترسە… ئێمەش وەک ئەو عالەمە. خودا کەریمە… ڕەحیمە….))

دۆینێ دەمەو کاتی بانگی عەسر… لەم پاییزە کورتەدا… دەنگی گۆرانییەکەم زۆر کرد… بەرەو مزگەوت چووم. شەقامەکان نیوەی گیرابوو. دووکەڵێکی چڕ لە چەند شوێنێکەوە بەرە ئاسمان دەچوو. شەقام زۆر قەڕەباڵغ بوو. پەنا بۆ خودا دەتکوت ڕۆژی حەشەرە… حەشرە ئەم ڕۆژانە. لەم لا شەڕ و لەولا شەڕ و لە هەموو لایەک شەڕە لە کوردستان. زانکۆ و قوتابخانەکان هەمووی داخراوە. دووکان و بازاڕ نیوەی داخراوە. خەڵک دەڵێن، شۆڕشە شۆڕش.

کەوتمە شەقامی ئینقلابی ئیسلامی. گەڵای دارەکانی شەقام هێواش هێواش دەوەرین و دەکەوتنە ژێر پێ و تگەری ماشێنەکان. لە قەراغ شەقامەکە لەنێوان هەر سەد متر دەستەیەک هێز وەستا بوون. دموچاویان دیار نەبوو، دەتکوت ڕوباتن.

((نابێ… نابێ چاو لە چاویان کەی دەنا دەتگرن و دەتبەن.))

ئاوا کە ڕاوەستاون وەک دەستەی گورگ دەهاتنە بەرچاوم. چاوەڕێی گرتن و خواردن. ناگەمێ… نەگیشتمە مزگەوت. گەڕامەوە. بیب… بیب… بـــــــــیب…. مەغزی سەرم چوو. کاسەی سەرم هاتە لەرزین.

کاکم دەیکوت؛ ((شەوانە کۆڵانەکانی سی میتری دەگەڕن و کەس ناوێرێ تەکان بخوات.)) دەیکوت؛ ((دوو سێ ماڵی جیرانم ماڵیان چۆڵ کردووە لە ترسا چوونەتەوە بۆ دێهات.)) دەیکوت؛ ((شووشە و پەنجێرە و ماشێنی خەڵک وەک ئاو خواردن دەشکێنن.)) دەیکوت… شتی سەیری دەکوت.

((هەموومان؟! ئا منیش وەک هەمووتان… ئێوەیان گرت با منیش بگرن… لەگەڵتانم… خودا کەریمە…))

((دەی بە ئومێدی خودا جومعە بەیانی کۆ دەبینەوە.))

((ئینشائەڵڵا. وەزعی لای ئێوە چۆنە!؟))

((فەلەکە پڕە لە خەڵک. لە ناشتنی تەرمی شەهید هەژارەوە بە درووشم و شوعارەوە بەرەو فەلەکە هاتوون)).

((چەند کەس شەهید بوون!؟))

((نازانم… یەک دەڵێ سێ، یەک دەڵێ چوار. کوڕێکێکیان ئاشنایە، نێوی میلادە، خەڵکی کۆسەیە. سوارکارە.))

دۆینێ شەو هەورێکی ڕەش و چڕ هات و بارانێکی بەخۆڕ شەقامە خوێناوییەکانی شوشتەوە. باری… تاکوو درەنگانێک. باری… گولە و ساچمە و گازی فرمێسکڕێژ. دەنگە دەنگ و تەقەتەق تاکوو نیوەشەو هەر دەبیسرا. درەنگانێک دوو کوڕ لە دیوارەکەی ڕووبەڕووی ماڵ ئێمە دەیاننووسی، #ژن_ژیان_ئازادی.

)) لە کوێیە؟!))

((کێ! سەدرا!؟ لەگەڵ محەممەد و شەهریار چوونەتە دەرێ.))

نازانم بۆ هێشتی بڕوات. شتێکی لێ بهاتبایە تا قیامەت قوڕی دەپێوا. باران لێی نەدەکردەوە. گرمەیەک تەواوی شووشەکانی لەرزاند. پەنجەرەکەم کردەوە. دەنگی تەقە تەق و خرمەی باران تێکڵاو بوو. خەڵک هەر دەنگەیان دەهات. سەدرا دیار نەبوو. کچ و کوڕێکی مێرمنداڵ بە کوڵاندا هەڵدەهاتن و زوو زوو ئاوڕیان دەداوە… بە دوایانەوە بوون.

((ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێهەم مانگی خۆیدا هەر بەردەوامە.))

((مۆبایلەکەی هەر خامۆشە!؟))

((بەپێی هەواڵەکان، دۆینێ شەو لە شاری بۆکان، چوار هاونیشتمانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان شەهید بوون.))

((زەنگ بۆ ئەو کوڕانە لێدە… خودا کەریمە…))

((ئەمە ڤیدیۆی دوایین دیداری دایکی میلادە کە لەسەر تەرمەکەی دەڵێ؛ میلاد کوڕی کوردستانە)).

((نیمە. من شومارەی ئەوانم لە کوێ بوو.))

((فواد حەقیقی، ڕووداو))

قەتم ئاوا زەبوون نەدیبوو. ڕەنگ پڕووکاو بوو. ئەمە فریشتەیە… فریشتەی خێزانم. کەی ئاوا کز ببوو!؟ کوا ئاوا تێک چەما بوو!؟ دەترسا… دەترسام… بۆ ساتێک وەک غەریبە هاتە بەرچاوم.

ئەم بەیانییە دوای بانگی بەیانی جا توانیم کەمێک بخەوم. سەدرا هێشتا نەهاتبووەوە ماڵێ.

((دەچمە ماڵی شەهریار بۆ خەوتن.))

((هیچت لێ نەهاتووە؟!))

((نا جارێ. منیش وەک کوڕی ئەو عالەمە…خەمی منت نەبێ. ئێوە چاک خۆتان بشارنەوە.))

نەدەبوایە پێم بکوتبایە، گونی دەوڵەتیش ناگرن چ بگات بیڕووخێنن. نەدبوایه ئاوم بە ئاوردا کردبایە. زڕا بوو… خەوم لە چاوم… درووشمی جاشەڕاو لە شار. کاکم دەیکوت؛ ((لای ماڵ ئێمە خەڵک ماڵی دوو جاشیان ئاور داوە.)) دەیکوت؛ ((دۆینێ شەو ئەوانش وێڕای پۆلیس هاتوون ماڵی کابرایەکی داماویان ئاور داوە و لەسەر دار و دیواری ماڵەکە جنێویان نووسیوە.)) دەیکوت؛ ((خەڵک ماڵی عەزیزی نانەوا و جەعفەرە ڕەشیان ئاور داوە و چەکیان لێ ستاندوون.)) دەیکوت… شتی عەجیب و غەریبی دەکوت.

((مەترسە… ناهێڵم بمناسنەوە… خودا کەریمە… مەترسە تۆ… لەبەر سەدرا دەچم. لەماڵێ بوون بەسە.))

کزەبایەکی ساردی دێ. ئەو شەقامە پڕە لە دار و بەرد. جەماعەتێکی زۆر بەسەر شەقامدا بڵاو بوونەتەوە. دەنگی گاز دانی ماتۆڕ و فیکە فیک تەواوی شەقامی ئاخنیوە. نمە‌بارانێک… کزە‌بایەک… تیشکی خۆر… بە نۆبە دێن. ماشێنەکەم لە دوور ڕاگرت و ئاوقێی جەماعەتی شەقام بووم.

((نا هیچم نییە… منیش وەک ئەو عالەمە. یان دەمرم یان دەمێنم.))

((ڕۆڵە… کوڕم… باوکت خەمی تۆیەتی… دەڵێ نەوەک…))

((خەمی من!؟ مەلا محەممەدیش ڕفیقی باوکمە مانگێکە گیراوە… من پێم عەیبە بڵێم ئەوە…))

لە بەر درگای مزگەوت ڕادەوەستم. خۆم داپۆشیوە. تەنیا گلێنەکانم بەدیارەوەیە. دوو کچ و کوڕێک ئاسنێکی کۆن ڕادەکێشن. چەقە دووکەڵ… دەنگی تەقە… ((شیلان شیلان بەڕێوە…)) تەواوی شەقام دەگرێتەوە. جەماعەت تاکوو دێ زۆرتر دەبن. زۆرن. کاکم دەیکوت؛ ((دوو ڕۆژە تەواوی دونیا باسی بۆکان دەکات.)) دەیکوت؛ ((ئەم بەیانییە دوو سێ تەیارە لەو بنکەی سەر کێوەکەی لای ماڵ ئێمە نیشتنەوە.)) دەیکوتت؛ ((دۆینێ خەڵک لە جادەحەسار دوو دووکانی دەوڵەتیان ئاور داوە.)) دەیکوت… شتی وای دەکوت.

((وەک سێڵاو وایە کوڕم… هەر کەسیان وەگیر کەوێ دەیبەن و مەیتەکەشی نادەنەوە.))

_ چۆن بچینە ژوورێ!؟

_ وەرن… لەگەڵ من وەرن… خێرا کەن.

_  ئەو کوڕە دێ. ئێمە لێرە ڕادەوەستین کەس نەیەتە ژوورێ.

_ باشە ئاگاتان لێ بێ… خودا کەریمە.

چووینە ژوورێ… میکڕۆفۆنەکەم بۆ هەڵکرد… دامە دەستی… هاتمەوە دەرێ.

خش…. خش… ئەحم… تەق… کۆخەیەک…

_ خەڵکینە…

*****

پەردەی هەوەڵ:

((هەناسەبڕکێم بوو. چاوەکانم دەبرژاوە. تەپەی پۆتینەکانیان لە پشت سەرمەوە دەهات. ماندوو ببووم. ئارەقە و خوێنم تێکەڵ ببوون. ئەو شەقامە تەنیا یەک گڵۆپی مابوو نەسووتێ. خەڵک لەسەر پەنجەرە و سەربانەوە چاویان لێ دەکردین. بەردەکەی نێو مشتم توند توند دەگووشی و ڕام دەکرد. لاقم بەرەو شل بوون دەچوو. چۆکم دەلەرزی. نمە‌بارانێک دەباری و تەواوی گیانم خوسابوو. تەنیا بووم و ئەوان زۆر…))

دوو سێ ڕۆژە هەر بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر ئەو شەوە یەکیان نەکەوتبا بەعەرزدا چم لێ دەهات؟! دەکوژرام!؟

دەستگیر دەکرام!؟ هەڵ دەهاتم لە دەستیان؟! نازانم… نازانم هیوا. جێگای ساچمەکەی سەریشم هەر دێشێ. هیوا بە شەوق و خۆشییەوە کوتی:

_ ئەی چۆن. ئاوایە. ئەمە شۆڕشە، شۆڕش. ڕۆڵەی دەوێ. وانێکە… شەڕ خوێنی دەوێ. هەر کەس تامی خوێنی نەچێژابێ بۆ شەڕ نابێ. ئەوەت قەت لەبیر نەچێ. شۆڕش ئاوایە. ئەلان شتێکت نیشان دەدەم… ڕاوەست…

خێرا دەستی کرد بە گیرفانی دا و مۆبایلەکەی دەرهێنا. کەمێک خەریکی بوو. دواتر کوتی:

_ ئەوەتا… چاوکە… وەرە چاوی لێکە.

مۆبایلەکەی هێنا بەرچاوم. ڕاوەستاین. وێنەی ڕوخساری پیاوێکی سمێڵ سووری چاوگەش بوو. پێچ و کڵاوێکی قاوەیی لەسەردایە و گۆشەی چاوی چەپی خاڵکی ڕەشی چکۆڵەی تێدایە. لەو وێنانەیە سەد ساڵی دیکەش چاوی لێکەی دەزانی هی کام سەردەمە.

_ دەزانی چۆن شەهید بوو؟

((سەرما وەک مار خۆی خزاندووەتە جەستەمەوە. هەر چاوم لە کولانجەکەیە  جارجار دەنگی قیژەی دایکم دەبیستم. پەیتا پەیتا دەنگی تەقە دێ. ئاوریان بەرداوەتە هۆڵەکەی ئەو بەرم و دووکەڵەکەی هێواش هێواش خۆی ئاوقێی ئەم دیوەش دەکات. دەنگیان دێ بە فارسی قسە دەکەن. یەک دوو نەفەریشیان کوردی و فارسی تێکڵاو دەکات. دەنگی مامم لە حەوشەوە دێ و پێم دەڵێ؛ ((حەوڵڵا منم. تەقە نەکەی.))

هەر چاوم لە کولانجەکەیە. سەرمامە. مامم خۆی بە هۆڵەکەدا دەکات. سپی سپی هەڵگەڕاوە. لێیان داوە وا دمی خوێناوییە. کوتم لێیان داوی مامە!؟ هات لە پەنام هەڵترووشکا.

_ نا… نا…. دایکت و گوڵاڵەی… خەریکە بۆت شێت بن. چ دەکەی؟! حەوڵڵا دەتهەوێ چی بکەی!؟ کوتیان نیروی دیکەش دە ڕێدایە…

دەنگی دایکم هات، هاوار دەکات: ((بیکەن بەخاتری ئەو قوڕحانەی… لێیگەڕێن، دەسگیران دارە… هاتووە لەگەڵ خۆی بیبات و بڕواتەوە… تکاتان لێ دەکەم… بیکەن بەخاتری ئەو قوڕحانەی…))

_ زۆریان لێ کوژراوە مامە؟

_  ئەرێ… ئەرێ… شەش حەوتێکیان بەلادا هاتن. خۆت چ دەکەی! حەوڵڵا منیان ناردووە تەسلیم بی؟! دایکت و گوڵاڵەی دەڵێن خۆت تەسلیم کە با نەکوژرێی!

_ بڕۆ مامە..با بیری لێ بکەمەوە. جارێ گولەم هەیە. بە گوڵاڵەی بڵێ خۆشم دەوێ… ئەتۆ بڕۆ مامه… بڕۆ

ژوورەکەم پڕ بووە لە دووکەڵ. سەرما پەنجەکانمی لەگۆ خستووە. یەک فیشەکم پێ ماوە… ))

_ ئەی چۆن. مامم ئاوا شەهید بوو. تەسلیم هەر نەبوو. نازانم من بکەومە ڕۆژێکی ئاوا چ دەکەم. بریا بمزانیبا.

هیچم نەکوت. هیوا تازە لە زانکۆ دەرکرابوو. لەبەر قسەی سیاسی دەریان کردبوو. چ بووە بەر دەستی باوکی مکانیکی دەکرد. وەڕێ کەوتین. جارجار نمە بارانێک دەباری. لە دڵی خۆمدا دەمکوت شکوور ئەو گازە فرمێسک ڕێژانە کار ناکەن. هیوا خەریک بوو دەمامکی لێ‌دەدا. بڕۆ پانەکانی زیاتر لە چاوی دەدا. لە هەموو کۆڵانەکانەوە خەڵک ئاوقێی شەقامەکە دەبوو. لە شەقامی سنە پۆلێک منداڵ بە دەوری ماشێنێکی سووتاودا سەمایان دەکرد. دواتر کوتیان ماشێنی عەزیزی نانەوایە خەڵک ئاوریان داوه.

_ ئەرێ دەڵێم ئەمشەو بچین بۆ سوعار نووسین؟

_ ئەگەر نەباری دەچین. لەبیرتە دۆینێ شەو لە دیواری ڕووبەڕووی ماڵ مەلا نووسیمان! لە دڵی داوم دیتوومانی. ئەم شەو ئەگەر چووینەوە دەچینە لای کانی باقر و ئەندیشە، باشە. نابێ هەڕەمەکی خۆی پێدا دەین.

_ کوڕە هەر زانیمان گوزارش و شت دەدا، دەیکەین بە قوربانی یەک کۆکتێل. مەترسە.

لە جەماعەتەکە نزیک دەبووینەوە. چەقە دووکەڵێکی ڕەش و بۆگەن بە تەواوی شەقامدا بڵاو بووەتەوە. لە پەنای دیوارێک کڵاوەکەم لەسەر کرد و بە ڕووسەری دموچاوم داپۆشی. دەنگی درووشمدانی خەڵک تا ئێرەش دەهات.

((کوردستان کوردستان… گۆڕستانی فاشیستان))

هیوا پەلەقاژەی بوو بچینە نێو جەماعەتەکەی لای مزگەوت. باران لێی کردەوە. کزەبایەکی سارد چەقە دووکەڵی تگەرە سووتاوێکی خول دا و بە چاومانی داکرد. هەڵاتینە ئەوبەری شەقامەکە. جارجار دەنگی تەقە دێ. هیوا لە پێشەوە دەڕوات. لە گیرفانی چەقۆیەکی زەلام دەردێنێ و لەحەوا ڕایدەوەشێنێ. خرمەی شکانی شووشەیەک بە باوە هات. هیوا لای دووسێ کوڕی دیکەی وەک خۆمان ڕاوەستا. نەچوومە پێشێ. حاجی لەق لەقێک لەسەر منارەی مزگەوتەکە چەقابوو.

((هەتا کوردێک بمێنێ… کوردستانش دەمێنێ))

لە بیرم نییە کام وڵات بوو، بەڵام لە ئەمریکای لاتین بوو. فیلمەکەی هەیە و زۆر کەسیش ئەو ڕۆژە گوێیان لە دەنگی بووە. پێشکەشکاری هەواڵەکانی ڕادیۆ دوای ئەوەی دەڵێ؛ ((من تەنیا دەنگم هەیە و لێرە دەنگم دەخنکێنن بۆ ئەوەی دەنگی خەڵک نەبم.)) کۆڵتێک دەردێنێ و گولەیەک لەسەری خۆی دەدا و خۆی دەکوژێ.

کەوتمە بیری قسەکانی خاڵم کاتێک زانی دەنگم خۆشە بەڵام ناوێرم هیچ بڵێم. دەیکوت؛ ((دەنگ شتێکی زۆر بەهێزە. دەتوانێ ئەو کەسانەی خەوتوون، بەخەبەریان بێنێ. دەنگی بەهێز وەک سوڕ وایە، مردوو زیندوو دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر دەنگ هەڵنەبڕی هیچ ناکرێ… ئەگەر دەنگت نەبێ مردووی. چاو لە دایکت کە، ڵاڵە، بۆیە وەک مردوو وایە…))

تەقەیەک هات. بە هەڵەداوان خۆم گەیاندە لای هیوا. قۆڵیم گرت و چووینە پێشتر. تاو دەرکەوت. چووینە بەر درگای مزگەوت.

((شیلان شیلان بەڕێوە… ))

_ دا وەرە بزانم چۆن دەتوانین بچینە نێو مزگەوت.

_ مزگەوت! شێت بووی! ئەوێ بۆ دەچی.

_ قسە دەکەم… لەو بڵیندگۆوە شتێک دەڵێم.

ئارەقەم کردووە لەو سەرمایەدا. دوو کچ و کوڕێک ئاسە کۆنێکیان دەکێشا. دیسان هەوری هێناوە.

_ ها! قسەی چی دەکەی؟! لەگەڵ تۆمە!؟

_ نازانم جارێ… تۆ بڵێ چۆن بچینە ژوورێ.

چاوم لە درگای مزگەوت کرد. لە دیوارەکەی. هیوا دەسووڕاوە. دەگەڕێ ۆ جێگایەک بچینە ژوورێ.

_ دەتانهەوێ بچنە نێو مزگەوت؟!

_ ئەو دەنگە تیژە لە پشت دەمامکی کابرایەکی باڵا بەرزەوە دەهات. تەنیا گلێنەی چاوی دیار بوو. هیوا لێی چووە پێشێ و لێی ورد بوەوە. کەمێک ترسام. هیوا دەستی لە نێو قەدی دا بزانێ هیچی پێ نییە. یەک دوو کوڕ لەوانەی کەمێک پێش لای هیوا ڕاوەستابوون، هاتنە لامان.

((جاشە ڕاوە، جاشەڕاو))

هیوا کوتی چۆن بچینە ژوورێ؟

کابرا خێرا کوتی:

_وەرن. لەگەڵ من وەرن. خێرا کەن.

هیوا پاڵی بەمنەوە نا و لەجێی خۆیەوە کوتی:

_ ئەو کوڕە لەگەڵت دێ. ئێمە لێرە ڕادەوەستین کەس نەیەتە ژوورێ.

بە دوای کابرا دا ڕۆیشتم. منی بە درگای پشتەوە بردە نێو مزگەوت. یەکمجار بوو دەچوومە مزگەوت. لە پێشەوە ڕۆیشت. میکڕۆفۆنەکەی دا دەستم و خۆی بە خێرایی هەڵاتە دەرێ. نەمدەزانی دەبێ چ بکەم.

خش… خش… تەق… دەنگم دەڕوات. تۆزێک گەروومی گرتبوو. کۆخەیەکم کرد.

_  خەڵکینە… خەڵکی بە شەڕەفی بۆکان….